بیروڕا

فلوتێک لە کاغەز

بەخامەی: ئەحمەد ئاڵتان

 

ترسناکترین شت لە جیهاندا ئەوەیە، ڕووبەڕووی کەسێک ببیتەوە کە چارەنووسی تۆ لە دەستی ئەودا بێت و خاوەنی هێزێکی مەترسیدار بێت. دەکرێت تۆ بکوژێت، دەکرێت تۆ بخاتە زیندانەوە، دەکرێت دوورت بخاتەوە بۆ شوێنە دوورە دەستەکان، یاخود دەکرێت ئازادت بکات. کەسێکی لەو شێوەیە گەر ئازادت بکات یاخود بتخاتە زیندانەوە، ئەگەرچی ئەنجامەکەشی زۆر جیاوازە بەڵام بە هەمان ڕێژە ئازاردەرە. چونکە تۆ هیچ مافێکی قسەکردنت نییە. ئەو کەسانەی دەتوانن ئەم جۆرە کارانە بکەن، بە شێوەیەکی گشتی جوببەیەک لەبەر دەکەن و لەسەر کورسییەکی بەرز دادەنیشن. کەسانێکن پێیان دەوترێت دادوەر.

تەنیا خاڵێکیش کەوا دەکات چاوپۆشی لە کەسێکی خاوەن ئەم هەموو هێز و دەسەڵاتە لە ڕادەبەرە بکەیت، بریتیە لەوەی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەکاری بهێنێت. بەڵام ئەی چی دەبێت ئەگەر کەسێک خاوەن ئەو هەموو هێز و دەسەڵاتە بێت و، هیچ بە لای دادپەروەریدا نەڕوات؟

 

 

هیمینگوای  لە کتێبی “ماڵئاوایی لە چەکەکان” دا ، لە یەکێک لە بەشەکانیدا باس لە دیمەنی دادگایی کردنی کۆمەڵێک سەربازی سوپای ئیتاڵیا دەکات، کە لەلایەن چەند دادوەرێکی دادگای سەربازیەوە لەناو ئەشکەوتێکدا دادگایی دەکرێن، لەو سەردەمەی سوپای ئیتاڵیا شکستی هێنابوو. ئەو دادوەرانە کاتێک بڕیاریان دەدا دڵنیا دەبوونەوە لەوەی ئەو بڕیارەی دەیدەن هیچ کاریگەرییەکی لەسەر چارەنووسی خۆیان نابێت و دواتر لە کاتی هەموو بڕیارێکدا شەپقەکانییان لەسەر دەکرد و بە سڵاوکردنەوە خەڵکیان بەرەو مردن دەنارد. هەروەها لەو فیلمەی کە لەلایەن Rock Hudson و Vittorio de Sica ڕۆڵی تێدا گێڕدراوە، ئەم دیمەنە زۆر کاریگەرە، دادوەرەکان بڕیار دەدەن و مرۆڤەکان لەبەردەم پەتی قەنارەدا ڕیز دەکرێن.

لە دوای ماوەیەکی دوور و درێژی زیندانی کردنم، چەندین جار چوومە بەردەم دادوەر، بەڵام هەر گوێشیان لە قسەکانم نەدەگرت. من کاتێک خەریک بووم ئەو بەڵگانەم ڕیز دەکرد کە بێتاوانییان دەسەلماندم، ئەوان وەک ئەوەی من هیچ شتێکم نەوتبێت تۆمەتەکانی خۆیان دووبارە دەکردەوە. سەرەتا سزای زیندانی هەتاهەتاییان بەسەر مندا سەپاند، دواتر ئەوە هەڵوەشایەوە و سزای ١٠ ساڵ و نیو زیندانیان بەسەر مندا سەپاند و ئازادیان کردم.

لە کاتێکدا ئێستا ئەم شتانە دەنووسم، چاوەڕێی بڕیاری دادوەرێکم کە لەلایەن داواکاری گشتیەوە تانە لە بڕیاری ئازادکردنم دراوە، ڕەنگە دووبارە بمخاتەوە زیندان.

من هەم بڕیاری زیندانی هەتاهەتایی و بڕیاری ئازادکردنم لە زاری هەمان دادوەر و لە کاتی جیاجیادا بیست. بڕیاری ئازادکردنم هێندەی بڕیاری سەپاندنی سزای هەتاهەتایی بەسەرمدا شێتی کردم، چونکە دەمزانی  بڕیاری ئازادکردنەکەم لەلایەن کەسانێکەوە دراوە، کە نەدەبوو مافی توانای بڕیارێکی لەو شێوەیەیان هەبێت.

من لە زیندان هاتمە دەرەوە بەڵام هەزاران کەسی بێتاوان لە زیندانەکاندا مانەوە.

کاتێک لە نێو جەنگەڵ و دیوارە ئاسنینەکانی زیندان هاتمە دەرەوە، چەندین مرۆڤی بێ چارەم لە دوای خۆم جێهێشتبوو.

بۆ ماوەی زیاتر لە سێ ساڵ لەگەڵ دوو بەندکراوی دیکەدا لە زیندانێکی تاکەکەسیی بچووکدا دەماینەوە، هیچ تاوانێکیان نەبوو، بەڵام هەرچییان دەوت کەس گوێی لێ نەدەگرتن، سەرەڕای ئەوەی چەندین جار باسیان لە بێتاوانی خۆیان کردبوو بەڵام دادوەرەکان هاوشێوەی دادوەرەکانی کتێبی “ماڵئاوایی لە چەکەکان” زیندانییەکانیان مەحکوم کرد.

یەکێک لەوان لە تەمەنی کوڕەکەمدا بوو، کاتێک دەستگیر کرابوو تازە هاوسەرگیری کردبوو، کەسێکی دیندار بوو بەڵام لە هەمان کاتدا لە فەلسەفە و توێژینەوەی زانستییدا شارەزایی هەبوو.

دەست ڕەنگینییەکی  بێوێنەی هەبوو، لە شوێنێکی وەک زیندان کە هەموو ئیمکانیەتێک تێیدا سنوردارە، شتی زۆر ناوازەی لە کەلوپەلی وەها دروست دەکرد، کە بە ئەقڵی مرۆڤدا نایەت. چەند شتێک دەکردە ناو خواردنەکەی زیندانەوە و خواردنێکی تەواو نوێی لێ بەرهەم دەهێنا، ناوی سەلمان بوو. سکاڵا کردنی بە دژایەتی کردنی قەدەری دیاریکراوی خودا ئەژمار دەکرد و هەربۆیە هیچ کات سکاڵای نەدەکرد.

بە هۆی چەند هۆکارێکی جیاواز هیچ سەردانکەرێکی نەبوو.

هەرگیز سکاڵاشی لەوە نەدەکرد.

ڕۆژێکیان کاتێک لەسەر مێزە پلاستیکییەکە دانیشتبووم و سەرقاڵی نووسینی ڕۆمانە نوێیەکەم بووم بە ناوی “حەیات خانم”، لە حەوشەی زیندانەکەوە گوێم لە دەنگی مۆسیقایەک بوو. دەنگی فلوتێک بوو. بەرەو حەوشەکە ڕۆشتم. سەلمان پاڵی بە دیوارەکەوە دابووەوە و چاوەکانی داخستبوو و فلوتەکەی دەستی دەژەند. هەموو دەنگەکان لە زیندانە تاکەکەسییەکانی دیکەش ڕاوەستان. هەمووان گوێیان لەو میوزیکە چاوەڕوان نەکراوە گرتبوو. کاتێک میوزیکەکە تەواوبوو دەنگی تەقەتەقێکی بەهێز بیسترا. بەندییەکانی ناو زیندانە تاکەکەسییەکانی دیکە ئەو شیرینی و شەکلەمانەی لە کافتریا کڕیبوویان هەڵیاندەدایە حەوشەکە. ئەوەش بە واتای چەپڵە و دەستخۆشی دەهات. سەلمان چەندین کاتژمێر فلوتەکەی ژەند.

کاتێک دەرگای حەوشەکە داخرا وتم “ئەم فلوتەت لە کوێ دۆزییەوە؟”. ئەوەی لە هەندێک کاغەز و مقەبای زیادە درووست کردبوو. لەبەر ئەوەی ڕاستەی پێ نەبوو کونەکانی سەر فلوتەکەی، بە قیاسی پەنجەکانی درووست کردبوو. سەرە دەمی دەبەیەکی سۆدەی بڕی بوو،  وەک دەمەوان لە فلوتەکەی بەست بوو.

ئەو فلوتە دەنگێکی لێوە دەردەهات، کە لە هیچ ئامێرێکی میوزیکی لەسەر زەوی نابیسترێت، دەنگێکی زۆر جیاوازبوو، کاتێک فلوتەکەی دەژەند هیچ نۆتەیەکی هەڵەی لە دەست دەرنەدەچوو.

ئەو تەنها سروودە غەمگینەکانی نەدەژەنی بەڵکو هەندێکجار ئاوازی کەیف و خۆشیی دەژەند، بەڵام زۆرینەی کاتەکان بە لای دەنگێکی غەمگیندا دەڕۆشت.

وەک کوڕی خۆم وەهابوو.

هیچ کەسێکی نەدەهات بۆ لای.

تەنانەت بۆ یەکجاریش سکاڵایەکی دەرنەبڕی و گلەییەکی لە بەختی خۆی نەکرد.

لە کاغەز و مقەبا فلوتێکی درووست کرد و، پاڵی دەدایەوە بە دیوارەکەوە و دەیژەنی.

کاتێک نیوەشەوێک لە زیندان هاتمە دەرەوە لێیان پرسیم هەست بە چی دەکەیت، دەیانویست گوێیان لە دەربڕینی خۆشحاڵی کەسێک بێت کە چەندین ساڵە لە زینداندایە، من پێم وتن کەمێک غەمبارم.

هەزاران کەسی بێتاوان و سەلمان و فلوتە لە کاغەز دروستکراوەکەیم لە پشت ئەو دیوارانەی زیندانەوە بەجێهێشت.

دەمزانی کە ئەوانە بێتاوانن بەڵام هێندە دەسەڵاتم نەبوو کە ئەوان ئازاد بکەم، هیچ کەسێک گوێی لەو شتانە نەدەگرت کە ئەوان دەیانوت. تەنها دادوەران نا بەڵکو بەشێکی زۆری کۆمەڵگاش، بوو بوون بەو کەسانەی لە ئەشکەوتەکەدا سزای لەسێدارەدانییان بەسەر کەسانی بێتاوان دەسەپاند. کڵاوەکانیان لەسەر دەکرد و، سڵاوێکیان دەکرد و مرۆڤەکانیان بەرەو بەردەم پەتی سێدارە دەنارد، پاشان ئاوڕیان لە قوربانیە نوێکانیان دەدایەوە.

لە دوای ئەوەی ئەو ئەشکەوتە دەبینیت و لە نزیکەوە شاهێدی ئەو ئازار و ناڕەحەتییانە دەبیت، کە کەسانی بێتاوان دەیچێژن و، گوێت لە دەنگی ئەو فلوتە دەبێت کە لە کاغەز درووست کراوە، چیتر ناتوانیت بە دڵخۆشی بێیتە دەرەوە. ئەوکات مرۆڤ هەست دەکات هاوبەشە لەو تاوانەدا. کاتێک لە زینداندایت قوربانییەکی ناحەقییەکانیت، بەڵام کاتێکدا دێیتە دەرەوە هەست دەکەیت لەو تاوان و ناحەقییەدا هاوبەشیت.

دەزانم ترسناکترین شت لە جیهاندا ئەوەیە  ڕووبەڕووی کەسێک ببیتەوە کە چارەنووسی تۆ لە دەستی ئەودا بێت و خاوەنی هێزێکی مەترسیدار بێت. دەزانم کە کەسێکی هێندە خاوەن دەسەڵات کاتێک گوێ لە هیچ وتەیەکی تۆ نەگریت چ ئازارێکت پێ دەبەخشێت، چ هەستێکی سووکایەتی پێکردنت لە لا درووست دەکات.

دەشزانم کە فلوتێکی لە کاغەز درووست کراو چۆن دەنگێکی لێوە دێتە دەر و، چۆن دەبێتە زمانحاڵی حەسرەتێک کە ڕەوانەوەی بۆ نەبێت.

دەشزانم کە دووبارە ئەگەری دەستبەسەرکردنم لە ئارادایە.

بەڵام دەستبەسەرکردن بۆ سەلمان لە ئارادا نییە، چونکە ئەو خۆی دەستبەسەرە.

ئەو هاوتەمەنە لەگەڵ کوڕەکەی مندا، لە خوێدان دومبەڵەک دروست دەکات و لە کاغەز فلوت…

هیچ کەسێکی نییە سەردانی بکات.

هیچ سکاڵا و گلەییەکیش ناکات.

تەنها پاڵ دەداتەوە بە دیوارەکەوە و فلوتەکەی دەژەنێت…

 

https://t24.com.tr/k24/yazi/kagit-flut,2455

 

53 جار بینراوە 3 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە