هەواڵ

چیرۆکی مامۆستا سەمرا

ڕای گشتی تورکیا، مامۆستا سەمرا پۆڵاتی لە ڕیگەی فۆتۆگرافێکەوە ناسی. کەلەپچە لە دەستەکانیدایە، بەڵام پێدەکەنێت و سەری نەوی نەکردووە.
سەمرا پۆڵات لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی بۆڵد مێدیا، باسی لە قۆناغەکانی ژیانی خۆی کرد لە ٢٨ ی شوبات، ١٥ ی تەموز و پاشان جێهێشتنی وڵات لە ڕێگەی بەلەمێکی چووپەوە.

مامۆستا سەمرا سەرەتا ئەو خوێندنگەیەی کاری تێدا دەکات، دادەخرێت. پاشان خۆیی و مێردەکەی وەک کرێکار لە هەندێک کێڵگەی کشتوکاڵی دەست بەکار دەبن.
پاشان هاوسەرەکەی کە کەسێکی ئەکادیمیە، وەک کرێکاری بیناسازی دەست بەکار دەکات.

مامۆستا سەمرا لە بەشێک لە قسەکانیدا دەڵێت” ئەو کاتەی ئەو فۆتۆگرافە گیرا، هاوسەرەکم لە زیندان بوو. لە کاتێکدا چاوەڕێی ئازادکردنی ئەومان دەکرد. منیشیان دەستگیر کرد. کەسێکم نەبوو بتوانیت ئاگای لە منداڵەکانم بێت. کزە لە ناخمەوە دەهات، بەڵام جوانترین جلەکانم لەبەر کرد و بەو شێوەیە لە ماڵ هاتمە دەرەوە. ئامانجیشم لەو کارە ئەوە بوو کە بزانن منیان بە ناوی ئەو ڕێکخراوەوە دەستگیر کردووە کە نامەوێت لێرەدا ناوی ببەم. پاشان بە پێکەنینەوە ڕۆشتم، چونکە ترسم لە هیچ شتێک نەبوو”.

مامۆستا سەمرا کەسێکە لە سەردەمی دەسەڵاتی سوپا واتە لە سەردەمی ٢٨ ی شوباتەوە، لەسەر فشاری دەوڵەت ڕاهاتووە.
کاتێک دەرگای ماڵەکەی دەکاتەوە و پۆلیسێکی لەچک بەسەر دەبینێت، کەمێک دڵی ئاسودە دەبێت. بەڵام دواتر زۆرترین ناڕەحەتی لەلایەن ئەو پۆلیسەوە توش دەبێت و بەم شێوەیە باسی ڕووداوەکانی ئەو ڕۆژە دەکات:
“دڵنیام ئەو پۆلیسە لەچک بەسەرەش دایکە. لە کاتێکدا من دڵنەوایی منداڵەکانم دەدایەوە پێی وتم:
لەبەرچی هیوا بە منداڵەکانت دەدەیت، لە کوێ دەزانیت ئێوارە دەگەڕێیتەوە. هیوایان پێمەدە. بەم شێوەیە لە بەرچاوی منداڵەکانمدا ئازاری دەدام.
من پێم وایە لەچک شتێکە مرۆڤەکان بە خواستی خۆیان هەڵیدەبژێرن. کەسێکیش لەچکی بەسەرەوە بوو من نایخەمە قاڵبێکی دیاری کراوەوە، بەڵام ئەو کاتەی دەرگای ماڵەکەمم کردەوە و ئەو خانمە لەچک بەسەرەم بینی، هەستم بە متمانە کرد. خۆ گەر پۆلیسێکی بێ لەچکیش بهاتایە هەر هەستم بە متمانە دەکرد، بەڵام وتم ئەمە لە حاڵی من تێدەگات. بەڵام هەڵسوکەتی زۆر توندی پشاندام. ئیدی لەوێدا لەوە تێگەشتم کەسانێک کەوا هەمیشە لە ڕێگەی وتنەوەی ئەدەبیاتی زوڵم لە خانمانی باڵاپۆشەوە، دونیایان هێناوەتە سەر چۆک، ئەو زوڵمە نابینن کە بەرامبەر ئێمە ئەنجام دەدرێت و خانمێکی باڵاپۆش دێت و دەستگیرم دەکات و قسەی ناخۆشم پێدەڵێت.

” لە سەردەمی ٢٨ ی شوباتیش زوڵممان بینی و ئێستاش دەیبینین”
لە دوو ساڵی کۆتایی زانکۆدا، فشارێکی زۆری ٢٨ ی شوباتم بینی. ئەو کاتەی قەدەغە بوو بە لەچکەوە بچینە ناو زانکۆکان. هەوڵی ئەوەمان دەدا لە ڕێگەی شتانێکەوە بچینە ناو زانکۆ کە لە لەچک دەچێت، بەڵام لە ڕێگەی بڵندگۆی ناو زانکۆکانەوە هاواریان بەسەرماندا دەکرد و، لەناو ئەو هەموو خەڵکەدا لەچکەکانیان پێدەکردینەوە. واتە لەو سەردەمە زوڵممان بینی و ئێستاش بە هەمان شیوە زوڵم دەبینین.
لەو سەردەمە گروپێکی دیاریکراو زوڵمیان لە خانمانی باڵاپۆش دەکرد. ئێستاش کەسانێک کەوا لەو سەردەمەدا زوڵمیان لێکراوە، ئێستا خۆیان هاتوون بە پێچەوانەوە، زوڵم لە کەسانێکی باڵاپۆشی تر دەکەن. هەروەها کەسیش بەرامبەر ئەم زوڵمەیان دەنگی هەڵنابڕێت.
باڵاپۆشی بە لای منەوە شتێکی زۆر بە نرخە. شتێک وەها لە من دەکات کە لە نێو خانماندا خۆم بە کەم نەزانم و هاوتای ئەوان بم، بریتیە لە باڵاپۆشی. ئەو کاتەی قەدەغەی سەر لەسەرکردنی لەچک هەڵگیرا، هێندە دەستی نزام بۆ ئێردۆغان بەرز کردۆتەوە مەپرسە. بەڵام ئەو کاتەی دەستم بە کارکردن کرد، ئەوەم بۆ دەرکەوت کە یاسایەکی لەو شێوەیە بوونی نەبووە. واتە لەسەر کاغەز یاسایەک بە ناوی قەدەغەکردنی لەچکەوە بوونی نیە.

پاشان کەسێکی باڵاپۆشی وەک من، لەلایەن فەرمانبەرێکەوە کەوا ڕێگەی لەسەرکردنی لەچکی پێدراوە، بە شێوەیەکی ناشرین کەلەپچە لە دەستم دەکات و، کەسیش بەرامبەر ئەمە دەنگی دەرنایەت.

“بەرد بارانی ماڵی هاوڕێکەمیان کرد”
دوای ئەوەی زانکۆی هاوسەرەکەیی و خوێندنگەکەی خۆی دادەخرێت، ڕۆژانێکی سەخت بۆ سەمرا پۆڵات و منداڵەکانی دەست پێدەکات. یەکەم ناڕەحەتیش کە توشیان دەبێت، لە ڕووی ماددیەوە دەبێت. پاشان ناڕەحەتیەکانی تریشی بەدوادا دێت.
سەمرا لە بەشێکی قسەکانیدا دەڵیت” ناڕەحەتیەکانی ژیانی ئێمە لە پێش ١٥ ی تەموزەوە دەستی پێکردبوو. دوای ڕووداوەکانی ١٧/٢٥ ی کانونی یەکەم، فشارێکی زۆریان بۆ سەر ئێمە دەست پێکرد. قەیومیان لەسەر خوێندنگەکانی ئێمە دانا و پاشان بە هیچ شێوەیەک موچەی ئێمەیان نەدەدا. ئەو هاوێنە کاتێک خوێندنگەکان داخران، ئێمەش چووین بۆ پشووی هاوینە.
هەفتەیەک پێش ١٥ ی تەموز بۆ ماڵەوە گەڕاینەوە. لە ماوەی ئەو هەفتەیەدا هەوڵی ئەوەمدا، پلانی ساڵی نوێ بۆ خۆم دابنێم. شەوێکیان لە ڕیگەی سەڵای مزگەوتەکانەوە بە ئاگا هاتینەوە.
بەیانی کاتێک تەلەفۆن بۆ یەکێک لە هاوڕێکانم کرد کە بزانم چۆنن. بیستم ماڵەکەیان بەردەباران کردووە و شوشەیان پێوە نەهیشتبوو. منداڵەکەشی نەخۆش بوو. شێرپەنجەی قوڕگی هەبوو. وتی نەیانوێراوە بڕۆنە دەرەوە و خۆیان دوور لە کەناری پەنجەرەکان گرتبوو.
لە ڕێکەوتی ٢٣ ی تەموزیش ئەوەمان بیست کە خوێندنگەکەی ئێمە داخراوە و مۆڵەتی کارکردنی ئێمەشیان هەڵوەشاندەوە.
من ئەو کاتەی تەمەنم ٧ ساڵان بوو بڕیارم لەسەر ئەوە دا کە ببمە مامۆستا. لە کاتەوە هەتا ئێستا هەموو شتێکم، تەنانەت ژیانی خۆم بەو پیشەیە دابوو. لە پڕێکدا تەواو بوو. لەو کاتەدا لە خۆم پرسی ئێستا هەست بە چی دەکەیت؟ منیش وتم هەرچیەک ڕوویداوە با ڕوویدابێت، من هیچ کارێکی هەڵەم نەکردووە. پاش ٣-٤ ڕۆژ زانکۆی هاوسەرەکەشم داخراو ئێمەو لەو نێوەندەدا بە بێ پارە ماینەوە. چونکە ئێمە لە دوای دانانی قەیومەکانەوە، هەر بێ وەرگرتنی موچە کارمان دەکرد. پارەکانیشمان هەموویان لە بانک مانەوە. کاتێک لە پشووی هاوین گەڕاینەوە، ٢٥ لیرە جەژنانەی منداڵەکانمان لە دەستدا مابوو، ئەوشمان لە کڕینی بەنزیندا خەرج کرد. لەناو سەلاجەکەشماندا کۆمەڵێک خواردنی وەرزی زستانی تێدا هەڵگیرابوو. لەگەڵ هاوسەرەکەمان بڕیاری ئەوەماندا بگەڕێینەوە ئەو شوێنەی لێوەی هاتبووین، چونکە لەو شوێنە کاری کشتیاری دەکرا. وەک کرێکاری ناو کێڵگەیەکی کشتیاری دەستمان بە کار کرد. بەیانیان هەر زوو دەڕۆشتین و دەستمان بە چاندنی شلک دەکرد، ئەویش کارێک بوو هیچمان لێنەدەزانی. بۆ ئەوەی لەبەر گەرمای خۆردا کار نەکەین، شەوانە کاتژمێر ٢ هەڵدەستاین و دەڕۆشتینە سەر کار، پێش ئەوەی خۆر هەڵبێت دەگەڕاینەوە ماڵەوە.
ڕۆژێکیان بۆ یەکەم جار لە ژیانمدا سواری پاسی کرێکارانی ناو کێڵگەکان بووم. لە کێڵگەیەکی چەڵتوک و چاندنی برنج دابەزیم. لە پڕێکدا سەدان مێشوولە هێرشیان بۆ هێنام. هەر وێرانیان کردم، هەموو کرێکارەکان دەرمانێکی تایبەتیان لە دەموچاویان دابوو، هەتا مێشوولە نزیکیان نەکەوێت. من هەتا ئەو کاتە شتێکی لەو شێوەیەم نەدەزانی. ئیدی چەشنی ئەوەی هەنگ پێوە دابێتم، هەموو گیانم بوو بە شوێنی گازی مێشوولە. لەبەر ئەوەی ئەو کارەم نەدەزانی، لەناو قوڕاوی ئەو شوێنەدا، بە هەڵبەز و دابەز دەڕۆشتم. قەرزی سەر کرێدی کارتەکەمان لە ڕێگەی پارەی ئەو کێڵگەیە دا. ڕۆژانە بە ٣٠ لیرە کارمان دەکرد.

پاشان کاری دارمان کرد. لەو شاخانەوە بە کۆڵەپشت دارمان دەگواستەوە.

“کاتێک لەو کێڵگانە کارمان دەکرد، پێیان دەوتین ئۆخەی”
ڕۆژێکیان لە هەورەبانەکەمان نوستبووین. لە ژێر تیشکی مانگدا نوێژم کرد. ئیدی وردە وردە کەسە نزیکەکانی ئێمەش دەستگیر دەکران. ئاگام لە هاوسەر و منداڵەکانیشم بوو. نزام کرد و وتم خودایە گەر من و هاوسەرەکەم دەستگیر بکەن، کەس نیە ئاگای لە منداڵەکانم بێت و ئەمانەتی دەستیان بکەم. ئێستا زۆر شەرم دەکەم لەوەی ئەو قسەیەم کردووە. دەموت خودایە کاتێک سەیری دونیا دەکەم، تەنیا شوێنێک کەوا منداڵەکانمی تێدا پارێزراو بێت، ژێر خاکە. گەر ڕۆژێک شتێکم بەسەر هات، ئەوا ئەمانەتی دەستی تۆیان دەکەم. چونکە هەموو کەسێک ڕقی لێمان بوو. تەنانەت کاتێک ئەوەیان بیست لە کارەکانمان دەرکراوین و لە کێڵگەدا کار دەکەین، هەندێکیان وتبوویان” ئۆخەی هەتا ئێستا لە ژیاندا ماون و ئەم شتانەشتان بینی”.

پاشان خوێندنگەکان کرانەوە. بە نیسبەت منەوە یەکێک لە ڕۆژە سەختەکان بوو. منداڵەکانم هەڵگرت و بردمن بۆ خوێندنگە. لەوێ گوێم لە دەنگی زەنگی خوێندنگەکە بوو. ئاخر منیش سەردەمانێکی زۆر مامۆستا بووم. ژمارەیەکی زۆر لە پۆلی خوێندنگەکان مامۆستایان بەسەرەوە نەبوو. هەموویان ئەو مامۆستایانە بوون کە لەکارەکانیان دەرکرابوون. ئیدی نەماندەتوانی لە هیچ شوێنێک کار بکەین کەوا بیمەی کۆمەڵایەتی و بێ کاری هەبێت. کەس کاری پێنەدەدایت، واتە بە تەواوی مافی ژیانیان لێ زەوت کردبووین.
ڕۆژێکیان لە سەری کۆڵانەکەی خۆمان، دووکانێکی ئاسنگەرم بینی. لەبەردەمیدا کۆمەڵێک کرێکار دانیشتبوون. بە هاوسەرەکەم وت، حەز دەکەیت تۆش بڕۆ و خۆتیان پێ بناسێنە. دەتوانیت لەگەڵ ئەواندا کار بکەیت. مێردەکەشم کەسێکە لە هەموو ژیانیدا پاچ و خاکەنازی نەگرتووە بە دەستیەوە. بە هیچ شێوەیەک ئەو کارانەی نەدەزانی، بەڵام بێ ئەوەی هیچ دوودڵیەکی هەبێت، وتی زۆر چاکە دەڕۆم و کار دەکەم. ڕۆشت و لەسەر بینایەک دەستی بە کارکردن کرد. شوێنێکی زۆر دوور بوو، بەڵام بە پێ دەهات و دەڕۆشت. پاشان بنی پێی تەقی، ئاوی تێدا کۆ بوویەوە، ئەوەی لەوێ پەیدای کردبوو، هەموویمان لە قاچی خۆیدا سەرف کردەوە. شەوانە خەریکی دەرهێنانی کێمی بنی پێی مێردەکەم دەبووم…

32 جار بینراوە 3 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە