هەواڵ

کچی یاقوب شیمشەک: جارێکی تر ئەوەمان بینی جگە لە خوا کەسمان نیە، ئۆخەی کە وایە، ئەو باشترین بریکارە

بوشرا شیمشەک کچی یاقوب شیمشەکی بەڕێوەبەری پێشووی بە مارکەکردنی ڕۆژنامەی زەمان، لە دوای ئازادکردنی ڕۆژنامەنوسان نازلی ئلیجاک و ئەحمەد ئاڵتان وتی” جارێکی تر ئەوەمان بینیەوە کە جگە لە خوا کەسمان نیە، ئۆخەی کە وایە، ئەو باشترین بریکارە”.

شیمشەک کە لە هەمان دۆسیەی ئاڵتان و ئلیجاک بە تۆمەتی ئەندامێتی لە گروپی تیرۆرستی دادگایی دەکرا، سزای ١٠ ساڵ و ٥ مانگی بەسەردا سەپێندرا. بەڵام شەوی ڕابردوو هەریەک لە ئلیجاک و ئاڵتان ئازاد کران.
کچەکەی شیمشەک کە لە هەمان کاتدا پارێزەری باوکێتی، باس لەوە دەکات کە دادوەری دادگاکە تەنانەت بە زەردەخەنەی سەر ڕوخساری نیگەران بووە و وتوویەتی” لەبەرچی پێدەکەنیت؟ شتێک ڕوویداوە؟”.

کچەکەی بەم شێوەیە باسی ڕووداوەکانی دانیشتنی دادگا دەکات.

یاقوب شیمشەک: شانازی دەکەم بەوەی لە ڕۆژنامەی زەمان کارم کردووە

شیمشەک کە لە زیندانی سلیڤری زینداییە، لە ڕێگای بەرنامەی سەگبیسەوە، بەرگری خۆی پێشکەش بە دادگا کرد. شیمشەک لە بەشێکی قسەکانیدا وتی: من ئەحمەد ئاڵتانم لێرە بینی، کتێبەکانیم لێرە خوێندەوە، شانازی بەوەوە دەکەم کە لە هەمان دۆسیەی ئەحمەد ئاڵتاندا دادگایی کراوم. گوناحە نوسەرێکی وەها گەورە لەسەر ئاستی هەموو دونیا، لە دۆسیەیەکی لەم شێوەیەدا دادگایی بکرێت. بانگەشەی کۆتایی داواکاری گشتی ڕۆژی هەینی بە دەستم گەشت. لە ڕاستیدا هیچ جیاوازیەکی لەو دۆسیەیە نیە کە پێش ٣ ساڵ خرایە بەردەمم. داواکاری گشتی سەبارەت بە ئەنجامدانی کودەتا دۆسیەی نوسیوە، بەڵام داوای ئەوە دەکات بە تۆمەتی ئەندامیتی لە گروپی تیرۆرستی سزا بدرێم. بە حساب ٥ بەڵگەشیان لە دژی من پشانداوە بۆ سەلماندنی بانگەشەکانیان. یەکەم بەڵگەی پشانیان داوە ئەوەیە کە لە ڕۆژنامەی زەمان کارم کردووە. من لەو ڕۆژنامەیە کارم کردووە و شانازیشی پێوە دەکەم. من پشکەکانی ڕۆژنامەی زەمانم لە دوای بەرواری ١٧ ی کانونی یەکەمی ٢٠١٣ کڕیوە. کارێکی لەم شێوەیەش نەک شایەنی ئەوە نیە کە ئەنجامدەرەکەی دەستبەسەر بکەیت، بەڵکو دادگایی کردنیشی جێگەی باس نیە.
دووهەم بەڵگەش بریتیە لەوەی لە بانکی ئاسیا ئەژماری بانکیم هەبووە. ئایا منم ئەو کەسەی مۆڵەتی کاری بە بانکی ئاسیا داوە و لە مەراسیمی کردنەوەیدا بەشداری کردووە؟ سێهەم بەڵگەش بریتیە لە تۆمارە تەلەفۆنیەکان. گوایە قسەم لەگەڵ ٧ کەسدا کردووە کە ئەندامی ڕێکخراوەکەن. ئایا لە کەیەوە قسە کردن لەگەڵ مرۆڤەکان بە تاوان ئەژمار کراوە؟ ئایا ئەو ٧ کەسە لە کەیەوە وەک ئەندامی ڕێکخراو تاوانبار کراون، ئەگەر ئەم کارەی من تاوانە، ئەوا ڕاشکاوانە دەڵێم ڕووبەڕووش قسەم لەگەڵدا کردوون. بەڵگەی چوارەمیش ئەوراقی تایبەت بە گروپی تیرۆرستی. کاتێک لە ترابزۆن لە ماڵی باوکم دەستگیر کرام، دەستیان بەسەر ٥ کتێبی سەعیدی نورسیدا گرت. هەرچەندە ئەوانە کتیبی من نین، بەڵام ئەم کتێبانە ئێستاش لە ناو بازاڕەکانی تورکیا دەفرۆشرێن و لەسەر مۆڵەی کاربەدەستانیش هێناومەتە ناو زیندان و لە ژوورەکەم دامناوە. پێنجەم بەڵگەش بریتیە لەو گرتە ڤیدیۆیانەی لە ڕێکلامی ڕۆژنامەی زەماندا بەکارمان هێناوە. خۆ هەرکەسێک زەحمەت بکێشێت و سەیریان بکات، لەوە تێدەگات کە هیچ توخمێکی تاوانیان تێدا نیە. واتە ئەو بەڵگانەی وەک ئەندامێتی من لە ڕێکخراوی تیرۆرستیدا پشانیان داوە بریتیە لەم ٥ پەرەگرافە. جارێکی تر لە حزوری ئێوەدا ئەم بانگەشە ڕزیوانە ڕەت دەکەمەوە. داواتان لێدەکەم وەک کەسێکی بێ تاوان ئازادم بکەن، داوای بەزەییتان لێناکەم، داوای دادپەروەری دەکەم.

22 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە