هەواڵ

پێشەنگای ‘مۆزەخانەی ستەملێکراوان’ لە بەلجیکا کرایەوە

 

مۆزەخانەی ستەملێکراوان کە لە “شایەتە بێدەنگەکان”ی ئەو مرۆڤانە پێکهاتووە کە لە ڕێگەی ئەشکەنجە و کوشتن و بەندکردنی بێتاوان و ڕفاندنەوە دەچەوسێندرێنەوە و ستەمیان لێدەکرێت، ئەمجارەیان پێشەنگایەکی نوێی لە شاری هاسڵت لە بەلجیکا کردەوە.

لە پێشەنگاکەدا ئەو چیرۆک و کەلوپەلانە نمایش دەکرێت کە بوونەتە هێمایەک بۆ چەوساندنەوە و ستەملێکردن. پێشەنگاکە لە ڕۆژی هەینی، یەکی تشرینی دووەمەوە کراوەتەوە و تا ڕۆژی ١٠ ی تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت.

مۆزەخانەکە لە لایەن ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییەکان لەگەڵ ڕۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی پێکهێنراوە و لە چوارچێوەی پێشەنگاکەی بەلجیکادا جگە لە چالاکییەکان دوو پانێڵ بەڕێوە دەچێت. جگە لەوە بە هاوکاری ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ چەوساوە و ستەملێکراوانی تورکیا دەستپێدەکرێت. کاتێک لە دەستپێکردنی چالاکییەکانی پێشەنگاکەدا باس لەو ڕووداوانە کرا کە بەسەر چەوسێندراوەکاندا هاتبوو، بەشداربووانی پێشەنگاکە نەیانتوانی فرمێسکەکانییان ڕابگرن.

 

 

یەکێک لەو کەسانەی لە پێشەنگاکەدا چەند وتەیەکی پێشکەشکرد کچێک بوو بە ناوی زەینەب کە کچێکی خاوەن پێداویستی تایبەتە و قاچێکی نییە بەڵام بە قاچە دەستکردەکەیەوە توانی ١٢ کیلۆمەتر بە پێ بڕوات و خۆی بگەیەنێتە نێو خاکی یۆنان. زەینەب ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەو ورەی دایک و باوکی بەرز کردووەتەوە و بە باوەڕی ئەوەی کە هیجرەت دەکات توانی سەربکەوێت لە بڕینی ئەو ڕێگە سەخت و پڕ لە نەهامەتییەدا.

دواتر مامۆستا ڕانا باسی لە ڕۆژانی ناو گرتووخانەکانی تورکیا کرد کە لەو کاتەی منداڵەکەی تەنها یەک مانگ بوو لەگەڵ خۆی خرایە نێو زیندانەوە. مامۆستا ڕانا لە قسەکانیدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەوان جگە لە پێگەیاندنی مرۆڤێکی نموونەیی و خزمەتکردن بە مرۆڤایەتی هیچ ئامانجێکی دیکەیان نەبووە.

دواتر پارێزەر عەلی یڵدز بە ناوی پارێزەرانەوە چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە لە پێناو ئەوەی پارێزگاری لەو مرۆڤانە و لە دەیان هەزار مرۆڤی دیکەی وەک ئەوان نەکەن، پارێزەران بە شێوەیەکی تایبەت کراونەتە ئامانج.

 

 

لە کۆتایی پانێڵەکەدا ڕۆژنامەنووس زافەر ئۆزسۆی چەند وتەیەکی پێشکەش کرد و وتی: “من بە هۆی پیشەکەمەوە لە چەندین مەیدانی جەنگ و شوێنی سەختدا کارم کردووە. لە میسر و لە عێراق و لە چەند شوێنی دیکە. بەڵام سەختترین ٩ ڕۆژی ژیانم ئەو ٩ ڕۆژە بوو کە لە بنکەی پۆلیس دەستبەسەر بووم. بیر لەوە بکەنەوە کە مرۆڤە ناوازەکانی ئەم وڵاتە لە ژوورێکی تەنگ و بچووکدا کۆکراونەتەوە. کەسێکی وەک حیلمی یاڤوزی تەمەن ٨٠ ساڵ لە بەر چاوتا دەبوورێتەوە. بێچارەیت و ناتوانیت هیچ بکەیت. دواتر دەستگیرت دەکەن. دوای ٢٢ مانگ دەڵێن ‘ببوورە’ و ئازادت دەکەن. ئەو کارەیان لەگەڵ چەندین کەسی دیکەدا کردووە. لەبەر ئەوەی گوێ لە بەرگری لەخۆکردنی ئێمە ناگرن. دەتوانن لەوێوە لە دادپەروەری ئەو وڵاتە تێبگەن. لە دوای دەرچوونم لە زیندان ئەو کارەم کرد کە بەردەوام ڕەخنەم لێ دەگرت؛ من هەمیشە دەمووت ‘باش مرۆڤ چۆن وڵاتی خۆی بەجێ دەهێڵێت؟’، بەڵام بۆم دەرکەوت کە مرۆڤ هەندێک جار بڕیاری لەو شێوەیە دەدات. دەمگوت ئایا مردنی کۆمەڵایەتی یان ئازادی، بیرم کردەوە و دواجار وڵاتم بەجێهێشت.”

 

https://www.tr724.com/tenkilin-sessiz-sahitleri-hasseltte/

15 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە