بیروڕاهەواڵ

وەزارەتی پەروەردەی ئەمەریکا ڕێگری لە بڕینی یارمەتی خوێندنگەکانی خزمەت دەکات


وزارەتی پەروەردەی ئەمەریکا، ڕێگری دەکات لەوەی یارمەتی خوێندنگەکانی بزاڤی خزمەت لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا ببڕدرێت.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەوە ئاشکرا بوو، کە کابینەکەی ترەمپ لە ساڵی ٢٠١٧، هەوڵی بڕینی یارمەتی خوێندنگەکانی بزاڤی خزمەتیان داوە لە وڵاتەکەیان؛ کە بە خوێندنگەکانی چارتەر ناو دەبرێن.
بەڵام وەزارەتی پەروەردەی ئەمەریکا، بە هۆی نەبوونی هیچ کارێکی خراپ و نایاسایی لەلایەن خوێندنگەکانەوە، داوایەکی لەو شێوەیەی ڕەتکردەوە.

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی بلومبێرگ، کابینەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا، لە ساڵی ٢٠١٧ بەدواداچوونیان کردووە بۆ بڕینی ئەو فۆنانەی یارمەتی خوێندنگەکانی بزاڤی خزمەت دەدەن.

بە گوێرەی زانیاریەکانی هەواڵەکە کە لە دوو کەسی شارەزای کاروباری ناو کۆشکی سپی وەریگرتووە، ترەمپ لە سەرەتاکانی دەستبەکاربوونیدا لە ساڵی ٢٠١٧، لە مانگی ئایاری هەمان ساڵدا، لە پێش ئەنجامدانی یەکەم دیداری لەگەڵ ڕەجەب تەییب ئێردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا، بە دواداچوونی بۆ چۆنیەتی بڕینی فۆنەکانی خوێندنگەکانی خزمەت کردووە و، پێش سازدانی سەردانەکە ڕێکارەکان خێراییەکی بەرچاویان بە خۆیانەوە بینیوە.
لە هەواڵکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە رودی جولیانی پارێزەری شەخسی ترەمپ و سەرۆک شارەوانی نیویۆرک، بە شێوەیەکی تایبەتی بە دواداچوونی بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە کردووە.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە، جولیانی لە مانگی شوباتی ٢٠١٧ سەردانی تورکیای کرد و، لە میانەی سەردانەکەیدا چاوی بە هەریەک لە وەزیری دادی تورکیا و سەرۆک کۆماری تورکیا کەوت. پاشان لە مانگی ئازاری هەمان ساڵدا وەک پاریزەری ڕەزا زەراب دەستبەکار بوو، کە لەگەڵ چەند وەزیرێکی ئاکەپە لە دۆسیەیەکی گەندەڵیەوە تێوەگلاوبوو. دواتر زەراب لە بەردەم دادگایەکی ئەمەریکاشدا دانی بە تاوانەکانی نا.

یاساناسان: ناتوانین هۆکارەکەی ڕوون بکەینەوە

بە گوێرەی هەواڵەکەی بلومبێرگ، یاساناسانی ئەو کاتەی کۆشکی سپی، لە دوای لێکۆڵینەوەیەکی زۆر گەشتوونەتە ئەو قەناعەتەی کە توانای بڕینی فۆنەکانیان نیە، بە هۆی ئەوەی لە ڕووی یاساییەوە ناتوانن پاساوی کارێکی لەو شێوەیە بهێننەوە.

“کۆشکی سپی پرسیاری لە وەزارەتی پەروەردە کردووە”

لە سەرەتاکانی ساڵی ٢٠١٧، هەریەک لە کاربەدەستانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی و کاروباری ناوخۆی ئەمەریکا، داوایان لە وەزارەتی پەروەردەی وڵاتەکەیان کردووە، کە ئایا بڕینی ئەو یارمەتیانەی لە چوارچێوەی پرۆگرامی فیدڕالی ئەمەریکادا پێشکەش بە خوێندنگەکانی چارتەر دەکرێت، کارێکی گونجاوە یاخود نا.
بە گوێرەی یاساکانی ئەمەریکا، حکومەتی فیدڕاڵی بڕێک پارە وەک یارمەتی بەسەر ویلایەتە جیاوازەکاندا دابەش دەکات و، پاشان کاربەدەستانی ویلایەتەکانیش بەسەر خوێندگەکانی خۆیاندا دابەشی دەکەن.

“ئایا خوێندنگەکان پارەیان سپی کردۆتەوە؟”
کاربەدەستانی کۆشکی سپی داوایان لە وەزارەتی پەروەردەی ئەمەریکا کردووە، کە ئایا بە پاساوی پارە سپی کردنەوە و هەبوونی پەیوەندی دینی لە نێوان خوێندنگەکان و بزاڤی خزمەتدا، دەتوانن یارمەتیەکان ببڕن یاخود نا، لەم بابەتەدا داوای توێژینەوەیان لێکردوون.

“وەزارەتی پەروەردە بانگەشەکانی ڕەت کردەوە”

بلومبێرگ لە درێژەی هەواڵکەیدا باس لەوە دەکات کە وەزارەتی پەروەردە، هەردوو بانگەشەکەی ڕەت کردۆتەوە.
ڕاوێژکارانی وەزارەتی پەروەردەی ئەمەریکا، بە کاربەدەستانی کۆشکی سپییان ڕاگەیاندووە، کە بڕینی یارمەتی خوێندنگە موسوڵمانەکانی وڵاتەکەیان و سزادانیان، لەلایەکی ترەوە بەردەوامیدان بە یارمەتی خوێندنگەی چارتەری مەسیحیەکان، حکومەتی ئەمەریکا وەک “دووڕوو” و “جیاکار” پشان دەدات.

هەروەها لە هەواڵەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە زۆرێک لە کاربەدەستانی وەزارەتی پەروەردە ناڕەزاییان بەرامبەر بڕینی یارمەتیەکانی ئەو خوێندنگانە داوە، چونکە زۆرینەی خوێندکارەکانیان لە چینی هەژارانن.

“هیچ قۆرغکاری و فەرامۆشییەکیان نیە”

هەروەها وەزارەتی پەروەردە ئەوەشی پێ ڕاگەیاندوون، کە یارمەتیەکان تایبەت بە خوێندنگەکانی بزاڤەکە نیە و، هەتا ئەو کاتە چاویان بە هیچ جۆرە قۆرغکاری و فەرامۆشیەک نەکەتووە کە یاساکانی بەخشینی یارمەتیەکەی پێشێل کردبێت و، ناتوانن بە بێ پشاندانی هیچ بەڵگەیەک یارمەتیەکانیان لێ ببڕن.
هەروەها کاربەدەستانی وەزارەتی پەروەردە دەگەنە ئەو دەرئەنجامەی کە بڕینی یارمەتی خوێندنگەکان بە بێ هیچ پاساوێک، دەبێتە پێشێلکردنی یاساکانی ئەمەریکا.
لە هەواڵەکەی بلومبێرگدا ئاماژە بەوەش کراوە کە خوێندنگەکان هەتا ئێستا هەر سوودمەندن لە وەرگرتنی یارمەتیەکان.

“جولیانی فشاری بۆ ڕادەستکردنەوەی گولەن ئەنجامداوە”

لە هەواڵەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە لە ٤ لایەنی جیاوازی سەرچاوەی هەواڵەوە، لەوە دڵنیا بوونەتەوە، کە جولیانی هەر بە هەوڵدان بۆ بڕینی یارمەتی خوێندنگەکانی خزمەت نەوەستاوە و، لە هەمان کاتدا فشارێکی زۆری بۆ ڕادەستکردنەوەی م.فەتحوڵڵا گولەن بە تورکیا ئەنجامداوە.

شایەنی باسە ئەم هەوڵانەی جولیانی هاوکاتە لەگەڵ دەستبەکاربوونی وەک پارێزەری ڕەزا زەراب، کە لەلایەن تورکیاوە هەوڵی ڕزگارکردنی دەدرا.

ئێردۆغان لە ساڵی ٢٠١٧، زۆری هەوڵی ئەوەیدا رەزا زەراب لە دەستی دادگای ئەمەریکا ڕزگار بکات، کە بە تۆمەتی شکاندنی ئابڵوقەی ئابوری سەر ئێران و بەرتیلدان بە وەزیرەکانی ئاکەپە و کاربەدەستانی بانکی هەڵک، دادگایی دەکرا.
جولیانیش لە دوای ئەنجامدانی چاوپێکەوتنێک لەگەڵ ئێردۆغان، وەک پارێزەری ڕەزا دەستی بەکار کرد و، هاوکات پەیوەندیە دیپلۆماسیەکانیشی بۆ ڕزگار کردنی زەراب بەکاردەهێنا.
جولیانی پاش دەستبەکاربوونیشی وەک پارێزەری زەراب، سەبارەت بەوەی لە خوێندنگەکانی خزمەتدا کاری هەڵە ئەنجام دەدرێت، چەند بروشۆرێک دەدات بە ریک تیلەرسۆنی وەزیری دەرەوەی ئەو کاتەی ئەمەریکا. بەڵام تیلەرسۆن بروشۆرەکە دەدڕێنێت و، بە جولیانی ڕادەگەیەنێت، کە لە بروشۆرەکەدا جگە لە ڕێکلام، هیچ بەڵگەیەک بوونی نیە.
لە هەواڵەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە حکومەتی تورکیا لە ساڵی ٢٠١٥، بڕی ١.٣ ملیۆن دۆلاری بە کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاری یاسایی ئەمەریکی بە ناوی Amsterdam & Partners داوە، هەتا هەوڵ بۆ داخستنی خوێندنگەکان بدات. هەروەها کاربەدەستانی تورکیا هەوڵیان داوە لە ڕێگەی دروستکردنی لۆبییەوە کار بۆ داخستنی خوێندنگەکان بکەن و، بۆ ئەو مەبەستەش چاویان بە چەند ڕاوێژکار و سیناتۆرێکی ئەمەریکی کەوتووە.

32 جار بینراوە 2 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە