بیروڕاهەواڵ

ڕۆژنامەنوسێکی ئەفەریقای باشور بە تەواوی کاکڵەی ناوەڕۆکی ڕووداوەکانی تورکیا دەخاتە ڕوو


ڕۆژنامەی Sunday Independent کە ماوەی ١٣٠ ساڵە لە ئەفەریقای باشور لە چاپ دەدرێت، بە شێوەیەکی پوخت باس لەو پاکتاوە ڕەگەزیە دەکات، کە لە تورکیادا بەرامبەر بزاڤی خزمەت ئەنجام دەدرێت.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە هەوڵەکانی ئێردۆغان کراوە، کە بە مەستی تۆڵە سەندنەوە لەو پۆلیسانەی ئۆپەراسیۆنی دژە گەندەڵی ١٧ ی کانونی یەکەمی ٢٠١٣ ئەنجامداوە. هەروەها ئاماژە بە کودەتا دەستکردەکەی ١٥ ی تەموزی ٢٠١٦ دەکات، کەوا لیستی ناوی ئەو هاوڵاتیانەی لە کارەکانیان دوور خرانەوە، لە پێشتردا دیاری کراوە و، هەوڵی کودەتاکەیان کردووە بە بیانوویەک بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە.
شانۆن ئیبراهیم وەک سەرنوسەری هەواڵەکانی دەرەوەی ڕۆژنامەکە، لە بەشێکی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دەکات کە حکومەتی ئاکەپە، بەرتیلیان بە زۆرێک لە کاربەدەستانی وڵاتانی دەرەوە داوە، هەتا هاوسۆزانی خزمەتی ناو وڵاتەکەیان ڕادەست بکەنەوە. پاشان ئاماژە بە ڕفاندنی نایاسایی زۆرێک لە هاوسۆزانی خزمەت دەکات، لە وڵاتانی دەرەوەی تورکیا.

ڕاپۆرتەکەی شانۆن ئیبراهیم بەم شێوەیەیە:

م.فەتحوڵڵا گولەن، ناسنامەی ئەو پیاوە دینیەیە، کە تورکیادا زیاتر لە هەموو کەسێک بە دوایدا دەگەڕێت و، رەجەب تەییب ئێردۆغان فشارێکی زۆری لەسەر کۆشکی سپی دروست کردووە، هەتا ڕادەستی بکەنەوە.
لە ماوەی ڕابردووشدا کەسایەتیەکی وەک رودی جولیانی پارێزەری شەخسی دۆناڵد ترەمپ، گولەنی بە “کەسێکی مەترسیداری زۆر ڕیزپەڕ” ناوبرد و، پاشان کەسایەتیەکی وەک مایکڵ فلین کە ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی دۆناڵد ترەمپ بوو، لە وتارێکدا کە لە ڕۆژنامەی “The Hill” بڵاوی کردەوە گولەنی بە “ئیسلامیەکی ڕادیکاڵ” پێناسە کرد.

دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا هەڵبژێردرا، پۆلیسی فیدراڵی ئەو وڵاتە، بەدواداچوونیان بۆ پەیوەندیەکانی فلین لەگەڵ تورکیا ئەنجامدا و، ئەوەیان ئاشکرا کرد کە فلین هەوڵی بە زۆر ڕفاندنی گولەن و ڕادەستکردنەوەی بە تورکیا داوە.

فلین دوای ٢٤ ڕۆژ لە دەستبەکاربوونی وەک ڕاوێژکاری کاروباری ئاسایشی نەتەوەیی دۆناڵد ترەمپ و، ئاشكرا بوونی درۆیەکی سەبارەت بە پەیوەندیەکانی لەگەڵ باڵیۆزی ڕوسیا لە واشنگتۆن، بە ناچاری دەستی لە کار کێشایەوە. هەروەها درۆیەکی تریشی ئاشکرا بوو، کە بریتی لەوەی بە ناوی تورکیاوە کاری لۆبیچیتی بۆ ڕادەستکردنەوەی گولەن ئەنجامدابوو.
کاربەدەستانی باڵای ئەمەریکا، دوای ئەوەی پێداگری زۆری جولیانیان سەبارەت بە ڕادەستکردنەوەی گولەن بەدی کرد، گومانیان لەسەر پەیوەندی جولیانی بە تورکیاوە بۆ دروست بوو.

جێف سێشن داواکاری گشتی ئەمەریکا، لە دوای ماوەیەک لێکۆڵینەوە، ئەوەی بۆ دەرکەوت کە ڕێگایەکی یاسایی بۆ ڕادەستکردنەوەی گولەن بە تورکیا بوونی نیە. پاشان هەوڵی زۆری جولیانی بۆ ڕادەستکردنەوەی گولەن و ناوهێنانی لە مێدیاکاندا، تەواوی فێڵ و تەڵەکە و ڕێکەوتننامەکانی جولیانی لەگەڵ تورکیا ئاشکرا کرد.
بەڵام ئەمەریکیەکان، زانیارییەکی زۆر کەمیان سەبارەت بەو پیاوە دینیە هەیە، کە بە خواستی خۆی لە ویلایەتی پەنسیلڤانیا ژیانی تاراوگە بەسەر دەبات و، لە هەمان کاتدا نزیکەی نیو سەدەیە لە سەرتاسەری دونیادا بزاڤێکی دینی بەڕێوە دەبات.

هەفتەی ڕابردوو ڕێکەوتننامە نهێنیەکانی جولیانی لە مانشێتی ڕۆژنامەکانی ئەمەریکا بڵاو بوویەوە.
لە بانگەشەی ڕۆژنامەکاندا تەنیا ئاماژە بە هەوڵەکانی جولیانی بۆ فشارخستنە سەر ئۆکرانیا نەکراوە ، بە مەبەستی کردنەوەی دۆسیەی لێپرسینەوە لەسەر ڕکابەرە سیاسیەکانی ترەمپ و، لە هەمان کاتدا ئاماژە بە فشارەکانی جولیانی کراوە بۆ سەر ترەمپ، هەتا م.فەتحوڵڵا گولەن لەسەر خواستی ڕەجەب تەییب ئێردۆغان ڕادەستی تورکیا بکاتەوە.

ئێستا ئێردۆغان گولەن بە هەوڵی کودەتایەکی ٢٠١٦ تۆمەتبار دەکات و، بە مەبەستی تۆڵەسەندنەوە لە گولەنیش فشاری خستۆتە سەر کاربەدەستانی کۆشکی سپی…

هەروەها زۆرێک لە ئەمەریکیەکان ئەوەش نازانن کە بۆچی پەیوەندیەکانی نێوان گولەن و ئێردۆغان لە دوای ساڵی ٢٠١٣ ڕووی لە خراپی کردووە.
ئێردۆغان لە پێش دامەزراندنی پارتەکەیدا، سەردانی گولەنی کرد و داوای پاڵپشتی لێکرد، وتارە ئازادیخواز و دیموکراسیخوازەکانی ئێردۆغان لە سەرەتای ژیانی سیاسی خۆیدا، بە هۆی پێشنیارەکانی گولەنەوە بوو.

ئێردۆغان خوازیاری ئەوە بوو تورکیا لە دەوڵەتێکی عەلمانیەوە، بەرەو دەوڵەتێکی دیندارتر و نەریتپارێزتر ببات. ئێردۆغان لە سەرەتادا ڕۆژنامەی زەمانی سەر بە بزاڤی خزمەتی بە “گوڵی دیموکراسی” ناودەبرد، کە پڕ فرۆشترین ڕۆژنامەی ئەو کاتەی تورکیا بوو.

بەڵام ئەوەش ئاشکرا کە بە نیسبەت ئێردۆغانەوە دیموکراسیەت و داخوازەکانی ئەو سیستەمە تەنیا ئامرازێک بوون نەک ئامانج. چونکە هەمیشە دەیوت” دیموکراسی وەک پاسێک وەهایە، کە گەشتیتە ئامانجی خۆت، دەتوانیت لێی دابەزیت”.
ئەگەرچی لەناو بزاڤی خزمەتدا شتێک بە ناوی ئەندام بوونەوە بوونی نیە، بەڵام پێشبینی ئەوە دەکرێت کە ژمارەی شوێنکەوتووانی لە نێوان ٢-٥ ملیۆن کەسدا بێت. گولەن هەتا ئێستا نزیکەی ٥٠ کتێبی بڵاوکردۆتەوە، بزاڤەکەی بایەخ بە فەلسەفەی بایەخدان بە مرۆڤ، پەروەردە و فێرکردن دەدەن و زیاتر نەریتێکی سۆفیگەرانەیان هەیە.
وەک بزاڤێکی نێودەوڵەتی، بایەخ بە خوێندنەوە و نوسین، چالاکی کۆمەڵایەتی و دیالۆگی نێوان دینەکان دەدەن و ژیانی خۆیان بۆ ئەم کارانە تەرخان کردووە. هەروەها هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی کێشە و ئازارەکانی دونیای ئەمڕۆش یەکێکە لە پاڵنەری پشت کارەکانیان. شوێنکەوتووانی لە تورکیا هەوڵی ئەوەیاندا کە ئیسلام و دیموکراسی دونیای مۆدێرن پێکەوە بژین.

بزاڤی خزمەت هەتا ماوەیەک بەر لە ئێستا، لە ١٧٠ وڵاتی جیهان، نزیکەی ٢ هەزار خوێندنگەیان دامەزراندووە؛ کە ٩ خوێندنگەیان لە باشوری ئەفەریقایە.
ئێردۆغان لە ساڵی ٢٠٠٢ کاتێک هاتە سەر دەسەڵات، گولەن لە ویلایەتی پەنسیلڤانیا ژیانی تاراوگەی بەسەر دەبرد. گولەن بە درێژایی دەسەڵاتە سەربازیەکانی تورکیا، ٣ جار بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ ڕوخاندنی سیستەمی عەلمانی و دامەزراندنی دەوڵەتی دینی، دادگایی کراوە.
لە دوای کودەتاکانی ١٩٧١ و ١٩٨٠، پاشان لە ساڵی ١٩٩٠ تۆمەتبار کراوە. گولەن ٣ جار لە بەردەم دادگادا لەم تۆمەتانە ئازاد کراوە.
لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠٠٨، سەرەڕای ئەوەی داواکاری گشتی تانەی لە بڕیاری دادگا سەبارەت بە بێ گوناحی گولەن دا، بەڵام دەستەی گشتی دادگای باڵای تورکیا، بڕیاری بێ تاوانی گولەنیان پەسەند کرد.
گولەن لە ساڵی ١٩٩٩ بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕووی لە وڵاتی ئەمەریکا کرد و، دوای ئەوەی لەلایەن دادگایەکی تورکیاوە دۆسیەیەکی لە دژ جوڵێندرا، لە ویلایەتی پەنسیلڤانیا نیشتەجێبووە و، لەو کاتەوە نەگەڕاوەتەوە بۆ تورکیا.
لەو کاتەی ئێردۆغان هاتە سەر دەسەڵات، داوای گەڕانەوەی گولەنی کرد، بەڵام گولەن داواکەی ئێردۆغانی ڕەتکردەوە و کێشە تەندروستیەکانی وەک هۆکاری نەگەڕانەوەکەی پشاندا.
ئێردۆغان لە ساڵی ٢٠١٢ بە شێوەیەکی ئاشکرا بانگهێشتی گولەنی کرد بۆ گەڕانەوە. هەروەها سیاسەتمەدارانی ئەو کاتەی تورکیا، بۆ زیادکردنی ناوبانگی خۆیان لە نێو خەڵکدا، بە شێوەیەکی بەردەوام سەردانی گولەنیان دەکرد لە پەنسیلڤانیا.
کاریگەری بزاڤی خزمەت لە ساڵی ٢٠٠٩ گەشتە لوتکەی خۆی، بانکێک، ٦ کەناڵی تەلەڤیزیۆنی، دوو ڕادیۆ و ژمارەیەکی زۆر ڕۆژنامە و گۆڤاریان بەڕێوە دەبرد.
بۆ نمونە ڕۆژنامەی زەمان، ٦ قاتی ڕۆژنامەی ستاری ویلایەتی جۆهانسبێرگی ئەفەریقای باشور تیراژی هەبوو.
لە ساڵی ٢٠١٣، گۆڤاری تایمز گولەنی بە یەکێک لەو ١٠٠ کەسایەتیە ئەژمار کرد کە کاریگەریەکی زۆریان لەسەر جیهان هەیە.
بزاڤەکە لەو کاتەی لە تورکیادا ناسراویەکی زۆری هەبوو، هەروەها شوێنکەوتوانی لە پێگە باڵاکانی پۆلیس، سوپا و دادگا شوێنیان بۆ خۆیان گرتبوو، کەسانێکیش ڕەخنەی ئەوەیان لێدەگرتن کە ئەمانە دەیانەوێت دەوڵەتێکی سێبەر بۆ خۆیان دروست بکەن.
هەتا کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٣، باڵیۆزی تورکیا لە ئەفەریقای باشور، شانازی بە خوێندنگە و مزگەوتە گەورەکەی بزاڤی خزمەت دەکرد کە لە ئەفەریقای باشور کردوویانەتەوە و، لە مەراسیمی کردنەوەی خوێندنگە نوێکانی بزاڤەکەدا قردێلەی دەبڕی. هەروەها بەشداری لە خواردنی نانی بەیانی دەکرد، کە لە ڕۆژانی جەژندا لە مزگەوتی نیزامیەی ئەفەریقای باشور ساز دەکرا.

پەیوەندیەکانی نێوان خزمەت و ئێردۆغان، لە دوای خۆپشاندەکانی پارکی گێزیەوە – کە دواتر توندوتیژی لێکەوتەوە- بە هۆی ڕەخنەکردنی شێوازی مامەڵەی ئێردۆغان لەگەڵ خۆپشاندەران، بە تەواوی ڕووی لە تێکچوون کرد.
لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٣، هەندێک لە پۆلیس و داواکارە گشتیەکانی ناوخۆی تورکیا، دۆسیەیەکی گەندەڵییان لە دژی هەندێک وەزیر و منداڵی وەزیرەکانی سەر بە حکومەتی ئاکەپە جوڵاند.

ئێردۆغانیش نزیکەی ١٠٠ بەڕێوەبەری پۆلیسی لەسەر کارەکانیان لادا و بەم شێوەیە وەڵامی ئۆپەراسیۆنەکەی دایەوە. پاشان ئێردۆغان جەنگی لە دژی بزاڤەکە ڕاگەیاند و، هەڵمەتێکی سیاسی بەرفراوانی بە مەبەستی پلیشاندنەوەی بزاڤی خزمەت دەستپێکرد.
لە ساڵی ٢٠١٦، حکومەتی تورکیا دەستی بەسەر ڕۆژنامە و کەناڵە تەلەڤیزیۆنیەکانی بزاڤەکە گرت و، لەلایەکی ترەوە دەستی کرد بە داخستنی خوێندنگە و دامودەزگاکانی خزمەت و، پاشان دەستی بەسەر سەروەت و سامانی هەرکەسێکدا دەگرت کە لەگەڵ بزاڤەکەدا پەیوەندی هەبێت.
مانگێک بەر لە ڕوودانی کودەتاکەی مانگی تەموزی ٢٠١٦، ئێردۆغان بڕیاری لە کار دوورخستنەوەی ئەو سەربازانەی دەرکرد کە زیاتر لە نێو هێزەکانی ناتۆدا ئەرکیان پێسپێردرابوو. ئەو سەربازانە لە هەمان کاتدا دژایەتی ئەوەشیان دەکرد سوپای تورکیا هێرشی زەمینی بۆ سەر خاکی سوریا ئەنجام بدات.
جوڵەی هەندێک لە فەرماندەکانی سوپا لە ڕێکەوتی ١٥ ی تەموز، زەمینەی ئەوەیان بۆ ئێردۆغان خۆش کرد کە باری نائاسایی لە وڵاتدا رابگەیەنێت و شوێنکەوتووانی گولەن بە کۆمەڵ زیندانی بکات و لە زیندانەکاندا بیانخاتە ژێر ئەشكەنجەوە.
ئیدی هەرکەسێک پەیوەندی بە بزاڤەکەوە هەبووایە بە تیرۆرست ناوزەندیان دەکرد و، بزاڤەکەشیان بە “فەتۆ” ناوزەند کرد.

پاشان ئەو باڵیۆزەی تورکیا لە ئەفەریقای باشور کە لە مەراسیمی کردنەوەی خوێندنگەکانیاندا قردێلەی دەبڕی، ئەمجارەیان ڕۆژنامەنوسە نزیکەکانی خزمەتی بە تیرۆرست ناودەبرد.
سەرئەنجام نزیکەی ٢١٧ هەزار و ٩٧١ هاوسۆزی خزمەت لە تورکیادا دەستگیرکران. هەروەها ٨٢ هەزار ٨٤٢ کەس دەستبەسەر کران. نزیکەی ١٦٠ هەزار فەرمانبەری میریش لە کارەکانیان دوور خرانەوە. هەزار و ٥٠٠ ڕێکخراوی مەدەنیش مۆڵەتی کارکردنیان لێسەندراوە و مافی ڕێکخراوەییان لێ زەوت کرا.
زۆرێک لەوانەی دەستبەسەرکران بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە بزاڤی خزمەتەوە نەبوو. تەنانەت زۆرێک لەو خانمانەی دەستبەسەرکران، لەگەڵ منداڵەکانیان خرانە زیندانەوە.
هەروەها دەوڵەتی تورکیا دەستی بەسەر ملیۆنان دۆلاری پیاوانی کاری ناوخۆی تورکیا گرت، بە پاساوی ئەوەی یارمەتی ڕێکخراوەکەیان داوە.
بۆ نمونە دەست بەسەر ٤ ملیار دۆلاری کەسایەتیەکی وەک عەلی کاترجیئۆغلو گیرا، کە مزگەوتی نیزامیە و نەخۆشخانەکەی ئەفەریقای باشوری کردۆتەوە؛ کە وەختی خۆی لەسەر داوای نیلسۆن ماندێلا کردیەوە.
لە هەمووشی خراپتر مامەڵە هێزە ئەمنیەکانی تورکیا بوو لە کاتی دەستبەسەر کردنی هاوڵاتیان، ئەویش لە ڕێگەی پەیڕوکردنی ئەشکەنجەدانیانەوە.
لە نێوان ئەو پێشێلکاریانەی دەرحەق بە هاوڵاتیان ئەنجامدراوە، بریتیە لە دەستدرێژی سێکسی، برسی کردن، ڕێگری لە خەوتن، کارەبا لێدان، نینۆک دەرهێنان، خنکاندن، توانەوەی پلاستیک بەسەر لاشە، سەرکردن بە ناو ئاودا، پیاکردنی ئاوی زۆر سارد و گەرم، تێبڕینی هەندێک ماددە لە شوێنە جیاوازەکانی لاشەی مرۆڤەوە…

هەروەها حکومەتی تورکیا، فشاری بۆ زۆرێک لە دەوڵەتانی دونیا دروستکردووە هەتا هاوسۆزانی خزمەتیان ڕادەست بکاتەوە و لە هەندێک شوێنیش بەرتیلیان بە کاربەدەستانی ئەو وڵاتانە داوە.
ئەو وڵاتانەی کە ملیان بۆ ئەم داواکاریانەی ئێردۆغان کەچ کردووە بریتیە لە مالیزیا، سۆماڵ، تایلەند، نێجیریا، پاکستان، سودان، ئەفغانستان و کامبۆچیا.
هەروەها دەزگای هەواڵگری تورکیا، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای هەواڵگری ئەو وڵاتانەدا، هەوڵی ڕفاندنی مامۆستایانی بزاڤەکەیان داوە. هەندێک لە مامۆستاکانیان لە نێو ماڵەکانی خۆیان ڕفاندووە و لە ڕێگەی هێڵی ئاسمانی تورکیاوە، بەرەو تورکیا گواستراونەتەوە. پاشان لە تورکیا فەرمانی دەستبەسەکردنیان بۆ دەرکراوە و خرانە ژێر ئەشکەنجەوە. ئێستاش حکومەتی تورکیا، بە مەبەستی داخستنی خوێندنگەکانی بزاڤەکە کە یەکێکن لە باشترین خوێندنگەکانی ئەم وڵاتە، فشارێکی زۆری بۆ سەر کاربەدەستانی ئەفەریقای باشور دروست کردووە.
ئەوەی خاڵەی کە تورکیا دەبێت بە باشی لێی تێبگات ئەوەیە، لە ئەفەریقای باشور سەروەری یاسا بە شێوەیەکی باش و زیندووانە لە کاردایە و، کاربەدەستانی هەواڵگری ئەم وڵاتەش بە ئاسانی بە پارە ناکڕدرێن و ڕێگە نادەن هاوڵاتیانی دنایشتووی ئەم وڵاتە، بە نایاسایی بڕفێندرێن و لە تورکیا بخرێنە ژێر ئەشکەنجەوە.
دەستور، حکومەت و داگای ئەم وڵاتە هەرگیز ڕێگە بە کارێکی لەو شێوەیە نادەن.

30 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە