بیروڕاگۆشەی م.فتحوڵڵا گولەنهەواڵ

گۆزەی شکاو: ڕاستگۆیی


پرسیار: کاتێک لە بەدیعوزەمان دەپرسن “پێش هەموو شتێک پێویستمان بە چیە؟”، لە وەڵامدا دەڵێت صدق(ڕاستگۆیی). هۆکاری ئەم قسەیەشی بەوە لێکدەدرێتەوە کە چیەتی کوفر بریتیە لە درۆ کردن و، چیەتی ئیمانیش بریتیە لە ڕاستگۆیی. لەم تێڕوانینەی ئوستادەوە دەتوانن باسی شوێنی ڕاستگۆیی لە ژیانی کەسی موسوڵماندا بکەن؟

وەڵام: ڕاستگۆیی یەکێکە لە ٥ سیفاتە سەرەکیەکەی پێغەمبەران و تەنانەت گرنگترینیانە.
جەنابی حەق سەبارەت بە هەریەک لە حەزرەتی موسا و ئیبراهیم دەفەرموێت إِنَّهُ كَانَ صِدِّيقًا نَبِيًّا.
واتە ئەوان پێغەمبەرێکی ڕاستگۆ بوون.

هەروەها سەبارەت بە حەزرەری ئیسماعیلیش دەفەرموێت: إِنَّهُ كَانَ صَادِقَ الْوَعْدِ
واتە لە قسە و پەیمانەکانیدا کەسێکی ڕاستگۆ بوو.

هەربۆیە بە درێژایی ژیانی هەریەک لەوان، چی لە کردەوە و ڕەفتاریاندا، چی لە قسەکانیاندا، شتێک بە پێچەوانەی واقعەوە نابینیت.
چونکە ئەو پەیامەی ئەوان لەسەرو ئاسمانەکانەوە هێناوبوویان، پشتڕاسکرندەوە و قبوڵکردنی ئەو پەیامە، وابەستەی ئەوە بوو کە ئەوان لە ڕوانگەی حاڵ، کردار و وتەوە نوێنەری ڕاستگۆیی بن.
بە هەمان شێوە تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی لە پێش ئەوەی بشبێت بە پێغەمبەر، نازناوی “الامین” یان پێدابوو. تەنانەت ئەو کاتەی بوو بە پێغەمبەریش، کەسانی دوژمنی هەر شایەتیان لەسەر ڕاستگۆ بوونی ئەو دەدا. چونکە بە درێژایی ژیانی، تەنانەت چاویان بە بچوکترین درۆی ئەو نەکەوتبوو. بەڵام بە هۆی کیبر و سەرکەشی خۆیانەوە نکوڵییان لە پەیامەکەی ئەو دەکرد.

پێناسەی درۆ:
درۆ بە دوو جۆر پێناسەی کراوە. یەکەمیان بریتیە لەوەی مرۆڤ بە پێچەوانەی قەناعەت، باوەڕ، هەست و بینینیەکانیەوە قسەیەک بکات. بۆ نمونە گەر کەسێکی بینیبێت و لە کاتی قسەدا ئاماژە بەوە بدات کە نەیدوە، ئەوا بە هۆی پێچەوانەوە بوونی لەگەڵ واقعدا، قسەکەی بە درۆ ئەژمار دەکرێت.

پێناسەی دووهەمیش بریتیە لەوەی شتێک بە شێوەیەکی جیاواز لە چیەتی خودی شتەکە، یاخود لە ڕێگەی شێواندنی حەقیقەتیەوە گوزارشتی لێبکرێت.
بۆ نمونە نکوڵی کردنی مرۆڤێک لە الله درۆیە. ئەمەش لە کاتێکدایە یاسا و ڕێساکانی بوون بە سەدان هەزار زمان پاڵپشتی بوونی جەنابی حەق دەکەن. چەشنی ئەو شیعرەی کە رەجائیزادە ئەکرەمیش ئاماژەی پێداوە:
کتێبێکی گەورەیە سەرتاسەری کائینات
بە دوای هەر وشەیەکدا بچیت واتاکەی الله دەکات

کەسێک کەوا نکوڵی لە بوونی الله دەکات، وەک چۆن لە قسەکەیدا درۆ دەکات، لە هەمان کاتدا تەواوی ئەو شتانەی لە گەردووندا ئاماژە بە بوونی الله دەکەن، بە درۆ لە قەڵەم دەدات.
هەر لەبەر ئەم هۆیەشە لە ژیانی ئاخیرەتدا دووچاری سزایەکی زۆر سەخت دەبێتەوە.
بە پێچەوانەی ئەمەوە، کەسێک کەوا ڕێساکانی بوون بە باشی بخوێنێتەوە، پەیامە ئاسمانیەکان بە باشی هەڵبسەنگێنێت، وەک چۆن ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی ئیمان بە بوونی الله بهێنێت، لە هەمان کاتدا گوزارشتە لە ڕاستگۆیی کەسەکە، چونکە ئەوەی هەستی پێکردووە و بینیوێتی، بە ڕاست و دروستی وەک خۆی گوزارشتی لێدەکات.

لەم ڕوانگەیەشەوە ڕاستگۆیی وەک چۆن ئاکارێکی زۆر گرنگی کەسی ئیماندارە، لە هەمان کاتدا گرنگترین ئامرازی متمانە بەخشینە بە کەسانی چواردەوری.
لە هەمان کاتدا خودی خۆیشی دەبێتە شێوازێک لە گوزارشتکردن لە ڕاستگۆیی.
هەروەها لە بناغەشەوە ڕاستگۆیی بریتیە لە واتا و کرۆکی دڵی مرۆڤ. کەسێک کەوا لە دڵیدا ڕاستگۆیی هەبێت، زمانی بە شێوەیەکی بەردەوام گوزارشتی لێدەکات و ئەندامەکانی تری لاشەشی بە هەمان ئاراستەدا هەنگاو هەڵدەگرن.

هەر قسەیەک کە بیەوێت لە زاری بێتە دەرەوە، بە حەساسیەتەوە هەڵیدەبژێرێت، تەنانەت ڕێگە نادات یەک وشەش کەوا پێچەوانەی حەقیقەتە لە زاری بێتە دەرەوە. خۆ گەر بە هەڵە یەک وشەی پێچەوانە بە واقع لە زاری بێتە دەرەوە، بە شێوەیەکی زۆر جددی ناڕەحەت دەبێت، لەوە دەچێت ٥٠ جار لەبەر خۆیەوە بڵێت “استغفرالله”. لەم ڕوانگەیەوە ئەوەی بابەتی سەرەکیە بریتیە لەوەی ڕاستگۆیی ببێتە بەشێک لە سروشتی کەسەکە.

درۆش بریتیە لە خیانەتکردن لە ڕاستگۆیی، کەسێک کەوا تەنیا یەک هەنگاو بەرەو درۆ هەڵدەگرێت، بە دەستی خۆی، تەلاری ڕاستگۆیی خۆی دەڕوخێنیت.

لە دونیای ئەمڕۆماندا کە درۆ ڕەواجی پەیدا کردووە و لە هەوو شوێنێکدا باڵادەستی خۆی ڕاگەیاندووە، زۆر سەختە مرۆڤ ملیم بە ملیم نوێنەرایەتی ڕاستگۆیی بکات. بەڵام دەبێت بە باشیش ئەوە بزانین کە لای خودا بە نرخترینی کارەکان، ئەوەیانە کە ئەنجامدانی زۆر سەختە!

“پێگەی ڕاستگۆیی”
لە ئیسلامدا لە دوای پێگە و مەقامی پێغەمبەرایەتی، بەرزترین مەقام بریتیە لە صدق(ڕاستگۆیی). هەربۆیە دەفەرموێت:
وَمَنْ يُطِعِ اللَّهَ وَالرَّسُولَ فَأُولَئِكَ مَعَ الَّذِينَ أَنْعَمَ اللَّهُ عَلَيْهِمْ مِنَ النَّبِيِّينَ وَالصِّدِّيقِينَ وَالشُّهَدَاءِ وَالصَّالِحِينَ وَحَسُنَ أُولَئِكَ رَفِيقًا

هەرکەسێک کەوا گوێڕایەڵی الله و پێغەمبەرەکەی بکات، ئیدی لەو کەسانە دەبێت کە بەر لوتفی گەورەی خودا کەوتوون لە پێغەمبەران، ڕاستگۆیان، شەهیدان و کەسانی چاکەکار. وای ئەوانە چ دۆستگەلێکی جوانن!(النساء)
بەم شێوەیە لە دوای پێغەمبەران ڕاستەوخۆ ناوی کەسە ڕاستگۆکان هاتووە.
هەربۆیە ئەم پێگەیە، زۆر لەسەرو پێگەکانی ئیحسان، عەشق و مەعریفەتەوەیە. چونکە ئەم پێگەیە ناونیشانی ئەو مەقامەیە کە بێ هیچ شەرت و مەرجێک وابەستەی ئەو شوێنەیە کە پێویستە وابەستەی بێت و، تەنانەت ئامادەیی ئەوەی تێدایە شتانێک کەوا لە ژیانیدا ڕۆڵی شادەماریشیان پێدەدا، لە پێناویدا بەختی بکات.
کەسێک کەوا نوێنەرایەتی ئەم پێگەیە دەکات، شتانێک کەوا ئەقڵی دەیبڕێت و نایبڕێت، یاخود بێ ئەوەی سەیری بەرژەوەندیە تایبەتەکانی خۆی بکات، هەرچی فەرمان و ستایشێک کەوا لەلایەن جەنابی حەقەوە هاتبێت، ماچی دەکات و دەیخاتە سەر سەری. بە شێوەیەکی بەردەوام چەشنی ئیبراهیم حەقی دەڵێت:

مەڵێ ئەمە بۆ وایە
ئەوە لە شوێنی خۆیدایە
تۆ سەیری سەرئەنجامی بکە
بزانین مەولا چی دەکا
مەولا هەرچیکا جوان دەیکا!
لە ڕاستیشدا دەتوانی تفویضنامەکەی ئیبراهیم حەقی بە تەصدیقنامە ناو ببەین.
قورئانی کەریمیش لە ئایەتە جیاوازەکانیدا، بە چەمکگەلێکی جیاوازی وەک “مدخل الصدق”، “مخرج الصدق”، “قدم الصدق”، “لسان الصدق” و “مقعد الصدق” بە شێوەیەکی بەردەوام لەسەر ڕاستگۆیی و صدق وەستاوە.
کەواتە لە گەشتی ئەو دونیایە کە ئەوسەری لە ژیانی ئەولاوە دەردەچێت، گەورەترین ئازوخەی کەسی ئیماندار بریتیە لە ڕاستگۆیی.
ئەو کاتێک دەست بە کارێک دەکات، کاتێک وازی لێدەهێنێت، هەڵدەستێت، دادەنیشێت، قسە دەکات، پێویستە لە هەموویاندا هەر نوێنەرایەتی ڕاستگۆیی بکات.
دەبێت سەری بە هەر شوێنێکدا کرد، ڕەنگەکانی ڕاستگۆیی شکۆفە بکەن و، کاتێک شوێنێکیشی بەجێهێشت لە دوای خۆی هیچ هزرێکی نەرێنی بەجێنەهێڵیت. پێویستە هەموو هەنگاوێکی بە ڕاستی و بە ئاڕاستەی ڕاستیدا هەڵبگرێت.

لەوە دەچێت ئیمکانی ئەوەی نەبێت کە هەموو ساتێک ڕاستیەکان بهێنێتە سەر زاری. لەوە دەچیت لە هەندێک حاڵەتدا پێویست بە بێدەنگی بکات. ئەو بۆشاییەی کە لە بێدەنگیشەوە دروست دەبێت، پێویستە بە بیرکردنەوە پڕی بکاتەوە. چونکە بێدەنگی خۆی لە خۆیدا داناییە. بەڵام داناییەکە کە لە دونیادا زۆر دانای کەمی هەیە! بە داخەوە زۆرێک لە مرۆڤەکان لە جیاتی ئەمە، چەنەبازی بەسەر بێدەنگیدا پێش دەخەن. لە کاتێکی لەم شێوەیەشدا، کە قسەکردن زیانی هەبێت و، دوێنراوەکەمان لە قسەکانمان تێنەگات، لە بابەتگەلێکدا کە بە تەواوی نازانرێن و، ناتوانرێت بە تەواوی گوزارشت لە دەنگی دڵ بکرێت، بێدەنگی باشترە.
مرۆڤێک کەوا لە قوڵترین خاڵی دڵی، هەستەکانی بە بێ هیچ بیرکردنەوەیەک لە پڕێکدا بکاتە دەرەوە، ئاماژەیە بەوەی کە تەربیەتێکی تەواوی وەرنەگرتووە. قسەگەلێکی لەم شێوەیە لەبەر ئەوەی بێ ئەندازە و ناتەواو دەبێت، هەم بۆ قسەکەر و گوێگرانیشی شتێکی بێ سوود دەبێت و، تەنانەت لەوە دەچێت زیانیشی بە دواوە بێت.

لەلایەکی ترەوە، کاریگەربوونی ئەو قسانەی دەکرێن لەسەر ویژدانە پاکەکان، وابەستەی ئەوەی کە تا چەندە ڕاستن. ڕاستیە ئیمانی و قورئانیەکان، کاتێک بە شێویەکی ڕاست و دروست نوێنەرایەتی کران و بڵاوکرانەوە، کرانەوەی چاوی زۆرێک لە مرۆڤەکانی بەدوادا دێت.
بە تایبەت کەسانی ئیماندار، گەر لە ڕووی کردار و هەڵسوکەوت، پاشان قسەکانیان بە شێوەیەکی ڕاست و دروست مامەڵەیان کرد، ئەمە وەک نزا و عەرزوحاڵێکی لێدێت لە بەرامبەر جەنابی حەقدا، کە سەرکەوتوویان بکات لە ڕۆشتن لەسەر ڕێگا ڕاستەکەی خۆی.

ئەوان گەر ڕاستگۆییان کرد بە دروشمی خۆیان و بێ هیچ زیکزاک و پێچکردنەوەیەک، هەر لە سەرەتای ڕێگاوە بە ڕاست و دروستی هێنایان، ئەوا جەنابی حەقیش ناهێڵێت لەسەر ڕێگا ڕاستەکە جیا ببنەوە.
بە تایبەت لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا کە درۆ وەک ئامرازێکی خواست لەسەری لێهاتووە، بابەتی ئەوەی زمان خۆی خوار و خێچ نەکات، گرنگیەکی زیاتری هەیە. کەسی موسوڵمان پێویستە لە هەموو جۆرێکی درۆ، بە جۆری بچوک و گەرەیەوە، خۆی بە دوور بگرێت.
تێڕوانین و ئاماژەکانی سەر ڕوخساریان، هەموو حاڵ و جوڵەیەکیان پێویستە هەر ڕاستی بێت. بە تایبەت شتانێکی وەک غەیبەت، بوختان و درۆ پێویستە هەر سەر بە کۆڵانی ئەویشدا نەکەن. لە ڕاستیشدا یەکخستنەوەی ئەم جۆرە سیفەتانە لەگەڵ کەسی موسوڵماندا، کاری نەکردەیە.

هەندێک جار لە کاتی قسەکردندا، دەشێت بە هۆی لەسەرپێی بوونی قسەکانەوە، هەندێک قسەمان لە زار دەربچێت کە خۆشمان خوازیاری دەربڕینیان نین. دەشێت هیوای ئەوە بخوازین کە ئەم قسانەمان لە پۆلینی ئیجتیهادە هەڵەکان ئەژمار بکرێن. بەڵام ئەو قسانەی بە ئەنقەست دەریدەبڕین و، بەرهەمی ئیرادەی مرۆڤن، شتانێک کەوا پێچەوانەی واقعن و مرۆڤەکان بەلاڕێدا دەبەن و فریویان دەدەن، یەکێکن لە نیشانەکانی کوفر.

هەربۆیە قورئانی کەریمیش دەربارەی ئەو کەسانە فەرموویەتی:
وَلَهُمْ عَذَابٌ أَلِيمٌ بِمَا كَانُوا يَكْذِبُونَ

واتە ئەو کەسانە توشی سزایەکی سەخت دەبن بە هۆی ئەو درۆیانەی ئەنجامیان دەدا. لە ڕوانگەی ئەم ئایەتەوە یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی توشبوونی کەسانی دووڕوو بە ئاگری دۆزەخ، بریتیە لەوەی درۆیان کردووە.
ئوستاد بەدیعوزەمانیش سەبارەتی بەوەی کە درۆ بە ناوی ژیانی تاک، کۆمەڵگا و دینەوە چی جرە ژەهرێکە دەڵیت:
درۆ بناغەی کوفرە. هەروەها یەکەم نیشانەی دووڕوو بوونە. درۆ بوختانێکە بە دەم قودرەتی ئیلاهیەوە. درۆ دژی حیکمەتی ڕەببانی ئەوە. ئەوەی ئاکارە باڵاکانیش وێران دەکات هەر درۆیە. ئەو شتەی حاڵی هەموو مرۆڤەکانی بەرەو خراپە بردووە هەر درۆیە. ئەوەی مرۆڤەکانی لە کامڵێتی دوور خستۆتەوە هەر درۆیە. ئەوەی موسەیلەمەی کەزاب و هاوشێوەیەکانی لەم دونیایەدا ڕسوا کردووە هەر درۆیە. لەبەر تەواوی ئەم هۆکارانەیە، ئەو گوناحەی لە تەواوی جینایەتەکاندا بە نەفرەت و هەڕەشە ناوی دەبرێت، هەر درۆیە”.
لە بەرامبەر ئەمەشدا، سەبارەت بە ڕاستگۆیی دەڵێت:
بناغەی ئیسلامیەت بریتیە لە ڕاستگۆیی. هەستیارترین لایەنی ئیمان بریتیە لە ڕاستگۆیی. ئەوەی ئامرازی گەیاندنە بە تەواوی کەمالیاتەکان هەر ڕاستگۆییە. تەوەر و میحوەری پێشکەوتن هەر ڕاستگۆییە. یاسا و ڕێسای جیهانی ئیسلام هەر لەسەر بنەمای ڕاستگۆیی بونیادنراوە. ئەوەی هاوەڵانی بەسەر تەواوی مرۆڤایەتیدا پێش خستووە هەر ڕاستگۆییە. ئەو سیفاتەی محمدی هاشمی بە بەرزترین پلەی مرۆڤایەتی گەیاند هەر ڕاستگۆییە”.

نەخۆشی دووڕوویی(نفاق)

هۆکاری ئەوەی ئوستاد بەدیعوزەمان زۆر پێداگری لەسەر ڕاستگۆیی دەکات و ڕزگاری و پێشکەوتنی جیهانی ئیسلام بە ڕاستگۆییەوە دەبەستێتەوە، بریتیە لەوەی دونیا ئیسلام لەمڕۆدا گیرۆدەی نەخۆشی دووڕووی بووە.

هەتا ئێستا، ئەو لادان و بەلاڕێداچونەی لە دینە جیاواز و نەتەوە جیاوازەکاندا بینراوە، خۆیان لەسەر شێوازی کوفر و ئیلحاد پشانداوە. بە ناوی ڕەوت و ئایدۆلۆژیای جیاوازەوە گوزارشتیان لە نکوڵی خۆیان بۆ دین کردوە و، لە هەندێک شوێنیشدا ئەمە وەک سیستەمی دەوڵەتی لێهات. پاشان بۆ سەپاندنی ئەم سیستەمە بەسەر خەڵکدا، فشار و زوڵمێکی گەورەیان ئەنجامدا و تەنانەت دەستیان بە خوێنی ملیۆنان مرۆڤ سوور بووە. بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم جۆرە هزرانە دژی سروشتی ئاسایی مرۆڤەکان بوون، لە نێو خۆیشیدا هەڵگری زۆر توخمی دژیەک بوو، تەمەنێکی درێژیان نەبوو. دوای ئەوەی هەموویان لەبەریەک هەڵوەشان، مرۆڤەکان دیسان گەڕانەوە سەر دین و بیروباوەڕی خۆیان.
بەڵام ڕووداوەکانی جیهانی ئیسلام بە شێوەیەکی زۆر جیاواز هاتنە مەیدان، کەسانی دوژمن بە ئیسلام، لە جیاتی ئەوەی بە شێوەیەکی ئاشکرا ئەم تایبەتمەندیەی خۆیان بهێننە سەر زاریان، لە ژێر پەردەی نیفاقەوە، پیلان و پڕۆژەی جیاوازیان لە دژی ئیسلام دادەڕشت، هەتا موسوڵمانان لە دینەکەیان دوور بخەنەوە.
گومانیش لەوەدا نیە کە ئەو زەرەر و زیانەی لەلایەن ئەم کەسە دووڕووانەوە بە ئیسلام موسوڵمانان گەشتووە لە شوێنە جیاوازەکانی جیهانی ئیسلام، بە بەراورد لەگەڵ ئەو کەسانەی بە شێوەیەکی ئاشکرا لە دژی دین وەستاونەتەوە، زێدە ڕووخێنەرتر و گەورە بووە.

قورئانی کەریمیش سەبارەت بە سزای کەسانی دووڕوو لە ڕۆژی قیامەت دەفەرموێت:
إِنَّ الْمُنَافِقِينَ فِي الدَّرْكِ الأَسْفَلِ مِنَ النَّارِ

بە ڕاستی کەسانی دووڕوو لە خوارترین شوێنی ئاگردا خۆیان دەبیننەوە. بەم شێوەیە ئەوان لە ژێر کەسانێکی وەک فیرعەون و ئەبوجەهلیش خۆیان دەبیننەوە. حەزرەتی پیریش لە شوێنێکدا بەم شێوەیە گوزارشت لە واتای ئایەتەکە دەکات” کەسی مونافیق لە کافر زۆر خراپترە”.
کەسانی دووڕوو لە مزگەوتدا لەگەڵ ئێوە نوێژ دەکەن، بەڵام لە ڕاستیدا دەستنوێژیان نیە. هەندێک جار باس لە پیرۆزیەکان و سەربەرزی دین دەکەن، بەڵام لە پشتەوە پیلانی لە دژ دەگێڕن. کاتێک قسە دەکەن درۆ دەکەن، هەروەک سەرداریشمان فەرموویەتی:
آيَةُ الْمُنَافِقِ ثَلاَثٌ إِذَا حَدَّثَ كَذَبَ وَإِذَا وَعَدَ أَخْلَفَ وَإِذَا اؤْتُمِنَ خَانَ

واتە نیشانی کەسی دووڕوو ٣ شتە:
کە قسەی کرد درۆ دەکات، کە بەڵێنیدا نایباتە سەر، کە ئەمانەتی لەلا دانرا خیانەتی لێدەکات.
واتە لە کاتی بژاردنی نیشانەکانی کەسی دووڕوودا درۆی لە پێش هەموویانەوە داناوە. کەواتە یەکێک لە گرنگترین توخمەکانی نیفاق بریتیە لە درۆ.
بە داخەوە کەسانێکی دووڕووش لە جیهانی ئیسلامدا کە پۆست و پێگە جیاوازەکانیان داگیر کردووە، لە ڕێگەی درۆ و فریودان و خیانەتەوە، شیرازەی کۆمەڵگایان پچڕاندووە و، بوونەتە هۆکاری ئەوەی توشی تێکچوونی یەک لە دوا یەک ببن.
گەر ئێوە داوا لە وێنەکێشێکی شارەزا بکەن کەوا وێنەی ئەو فەرمودەیەی سەرەوە بکێشێت، ئەوا وێنەکەی جیهانی ئەمڕۆی موسوڵمانان دەردەچێت. هەربۆیە گێڕانەوە کۆمەڵگاکانی ئیسلام بۆ ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆی، پێدەچێت لە هێنانی کۆمەڵگا بێ دینەکان بۆ ناو ئیسلام، کارێکی سەختتر بێت.
هەربۆیە پێویستە لە بناغەوە دەست بە بونیادنانەوەی بابەتەکان بکرێت و، هەموو شتێک لە ڕێگەی ئیمان، مەعریفەت، موحیبەتەوە بە الله وە ببەسترێتەوە، هەتا لە سایەی ئەمەوە لە کۆمەڵگایەکی لە شیرازە دەرچوودا، نۆژەنکاری ئەنجام بدرێت.

“تقیة”
مادام قسەکانمان هەتا ئێرە هاتن، پێویستە کەمێک لەسەر بابەتی تەقیەش بدوێین. وەک ئێوەش دەزانن، کۆمەڵێکی دیاریکراو ئەمەیان وەک بناغەی دین وەرگرتووە و، چەشنی پایەیەکی دین مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن. ئەو دوژمنانەی کە نەیانتوانیوە ڕووبەڕوو لەناویان ببەن، لە ڕێگەی ئەو سیستەمی تەقیەیەی دایانهێناوە، ژێراوژووریان کردووە.
بە داخەوە ئەم شەبەکەی ئەنجامدانی تەقیەیە، بە ناوی فرویدانی کەسانی ترەوە، شێوازی جۆرا و جۆریان بەکارهێناوە و توانیویانە خۆیان بخزێننە ناو ملولەکانی خوێنی هەندێک وڵاتەوە و، پێگەی زۆر شادەمارییان لەو وڵاتانەدا داگیر کردووە. کەسانێک کەوا خۆیانیان لێ نزیک کردۆتەوە، دواتر وەک خزمەتکارێکی خۆیان لێکردووە و، سەرئەنجام کارگەلێکی وەها قێزەون و سوکیان پێ ئەنجام داون کە موچڕکە بە لەشی مرۆڤدا دەهێنن.
بە داخەوە لە کۆمەڵگای ئێمە و زۆر وڵاتی تری ئیسلامیشدا، کەسانێک لە بێ ئاگاییدا نغرۆ بوون، بە گوێرەی هەوا و ئارەزوویان دەڕۆن و زۆر گوناحیان ئەنجامداوە، بوون بە داوی ئەم شەبەکەی تەقیەبازانەوە و بە دیل گیراون و لە ژێر فەرمانی ئەواندا کار دەکەن.

هەر کۆمەڵگایەک کەوا سیستەمی نیفاق و تەقیە خۆی پێدا کردبێت، چەشنی بۆمبی ئەتۆمی کاریگەری لەسەر دادەنێت.
هەربۆیە کەسانێک بەر شەپۆلی ئالفای ئەو بۆمبە کەوتوون و گیانیان لە دەستداوە. کەسانێکیش بەر شەپۆلی بێتای کەوتوون و توشی شڵەژانێکی زۆر جددی بوون. کەسانێکیش بەر شەپۆلی گاماکەی کەوتوون و لەگەڵ خوێنبەربوونی لوتیان، توشی سەر گێژخواردن و ئەبڵەق بوونی دیدەیان بوون.
تەقیە بریتیە لە دەرکەوتێکی زۆر جددی درۆ و فریودان، هەروەها لەبەر ئەوەی چەکێکی زۆر گرنگی سیستەمی نیفاقیشە، بە ڕێگای شەیتان ئەژمار دەکرێت.

هەربۆیە کەسێک کەوا بە ئەنجامدانی تەقیە هەڵدەستێت، مومکین نیە کەوا ئیمانداری ڕاستەقینە بێت. هەر بەم هۆیەشەوە کەسانی تەقیەباز، مومکین نیە بە سەلامەتی لە پرسیارەکانی مونکەر و نەکیر ڕزگاری ببێت. ناتوانێت بە ئاسانی لە ڕۆژی تەرازوو و پردی سیرات ڕزگاری ببێت. سەرداریشمان دەفەرموێت مَنْ غَشَّنَا فَلَيْسَ مِنَّا واتە ئەوەی غەشمان لێبکات، لە ئێمە نیە. بەم شێوەیە ئەوەمان پێڕادەگەیەنێت کە درۆ و فریودان بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ موسوڵمانێتیدا یەک نایەتەوە.

47 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە