گۆشەی م.فتحوڵڵا گولەنهەواڵ

خۆشەویستی مرۆڤ

گۆزەی شکاو

پرسیار: کەسێکی ئیماندار، چۆن دەتوانێت ئاسۆی بەرەوپێشبردنی پەیوەندیەکی بونیادنراو لەسەر بنەماکانی خۆشەویستی، ڕێز و حورمەت لەگەڵ چواردەورەکەی بەدەستبهێنێت؟

وەڵام:
خۆشەویستی کرۆکی بوونە. جەنابی حەق وەک گوزارشت لە خۆشەویستی زاتی خۆی، ئەم بوونەی ئەفراندووە و، پاشان مرۆڤیشی وەک پێڕست و کاکڵەی ناوەڕۆکی ئەم گەردونە زەبەلاحە هێناوەتە بوون. بەڵام ئەمە خۆشەویستیەکی پیرۆز و پاکوبێگەردە.

ئەمە خۆشەویستیەک نیە کەوا لە خۆشەویستی ئێمە بچێت. چونکە خۆشەویستی ئێمە یان بە هۆی خاڵێکی لاوازمانەوەیە، یاخود بە هۆی مەیلی شتانێکەوەیە کە لە دەستماندا بوونیان نیە، یاخود بە هۆی دووبارەکردنەوەی شتانێکە کە دواتر وەک قوڵایی سروشتی هەستەکانمانی لێهاتووە.
بەڵام هیچ کام لەمانەی ئاماژەمان پێدا ناتوانین بیدەینە پاڵ زاتی ئولوهیەتی ئەو. هەر لەم ڕوانگەیەشەوە، بە ناوی پاکڕاگرتنی جەنابی حەق لەم سیفاتانەی باسمان کرد، دەڵێین خۆشەویستی جەنابی حەق پیرۆز، پاکوبێگەرد و دوور لە هەموو خەوشێکە و، بوونی(وجود) بە هۆی ئەم خۆشەویستیەوە ئەفراندووە.
هەر لەم ڕوانگەیەشەوەیە لە حەدیسێکی قودسیشدا هاتووە:
كُنْتُ كَنْزاً لاَ أُعْرَفُ فَأَحْبَبْتُ أَنْ أُعْرَفَ، فَخَلَقْتُ خَلْقاَ فَعَرَّفْتُهُمْ بِي فَعَرَفُونِي

من گەنجینەیەکی شاراوە بووم، خواستی ئەوەم هەبوو کە بناسرێم و بەو هۆیەوە بوونم دروست کرد، خۆمم بەوان ناساند و ئەوانیش منیان ناسی.

ئەگەر چی ئەم حەدیسە لە ڕووی ڕشتەوە(سند) تەندروستیش نیە، بەڵام لە ڕوانگەی واتاکەیەوە دروستە و دەتوانین لە پاڵ لێکدانەوەی واتای ئەم ئایەتە دایبنێین کە دەفەرموێت:
وَمَا خَلَقْتُ الْجِنَّ وَالْإِنْسَ إِلَّا لِيَعْبُدُونِ

واتە من مرۆڤ و پەریەکانم ئەفراندووە، کە تەنیا پەرستشی من بکەن”.
ئیبنی عەباسیش لە ڕاڤەی (لیعبدون؛ هەتا عیبادەت بکەن)، دەڵێت لێرەدا “یعبدون” بە واتای “یعرفون”: هەتا بمناسن) دێت.
بەم شێوەیە واتای ئایەتەکە دەبێت بە ” من مرۆڤ و پەریەکانم ئەفراندووە تەنیا بۆ ئەوەی من بناسن”.
لە ڕاستیشدا هەوڵدان بۆ ناسینی چیەتی جەنابی حەق بە تەواوی، پەیبردن بە نهێنیەکانی پەروەردگار(ربوبیة)، واتە پەیبردن بە مامەڵە و کردارە فراوانەکانی لە گەردوندا، مرۆڤ ئاڕاستەی عبودیەت(پەرستش) و محبة(خۆشەویستی) دەکات.
ئوستاد بەدیعوزەمانیش ئاماژە بەوە دەکات کە ئیمان ، ناسینی و خۆشەویستی خودا، بریتین لە گەورەترین ئامانجەکانی ئەفراندن.
بەڵێ، خۆشەویستی وەک کرۆک و چاوگی بوونە، لە هەمان کاتدا ڕۆڵێکی شادەماری لە ژیانی مرۆڤیشدا هەیە.
لە نێوان مرۆڤەکاندا هیچ شتێک هێندەی هێزی خۆشەویستی رۆڵی توخمێکی پێکەوەبەستەر نابینێت.
مرۆڤێکی بێبەش لە خۆشەویستی و بەزەیی، بابەتی ئەوەی لە ڕووی ڕۆحیەوە بەرز ببێتەوە و بگات بە کەماڵ کارێکی مومکین نیە.
بە تایبەت بۆ ئەوانەی وارسی ڕێگەی پێغەمبەرن، ئەمە بنەمایەکی شادەماریە. چونکە بە ناوی فەتح کردنی دڵی مرۆڤەکانە، هیچ ڕێگایەک هێندەی خۆشەویستی کورت نیە!

خۆشەویستی لۆجیکی!
بەڵام خۆشەویستیش هەروا کارێکی ئاسان نیە. مرۆڤ لەبەر ئەوەی بوونەوەرێکی خاوەن ئیرادەیە، لەم بابەتەدا پێویستی بە ڕاهێنان و سەرلەنوێ گۆشکردنەوە هەیە. پێویستە لە پێش هەموو شتێکدا بە دوای ئەو ئامرازانەدا بگەڕێت کە وا دەکەن دڵی بەرامبەر مرۆڤەکانی تر بکرێتەوە و، ئیدی ئەوانەش هەرچیەک بن، پێویستە بیاندۆزێتەوە و بە قوڵی بیریان لێبکاتەوە.
بە دەربڕینێکی تر، ئەو خۆشەویستیەی لە نێوان بوونەوەرەکانی تردا بە شێوەیەکی جەبری(زۆرلێکردنانە) بوونی هەیە، بڵاوکردنەوەی لە نێوان مرۆڤەکاندا وابەستەی هەوڵ و کۆششێکی زۆرە. گەر لەم بابەتەدا پێداگری پشان بدرێت و، ئەو پەیوەندیەی لە ڕێگەی خۆشەویستیەوە بونیادنراوە بەردەوامی پێبدرێت، لەگەڵ تێپەڕینی کاتدا دەبێتە بەشێک لە قوڵایی سروشتی مرۆڤ. ئیدی دوای ئەوە هەڵکێشان و توڕدانی ئەو خۆشەویستیە لە دڵیدا کارێکی ئەستەم دەبێت. ئیدی ئەو مرۆڤانەی خۆشمان دەوێن، نرخێکی وەهایان لەلامان دروست دەبێت، کە وەک پێویستی و تەنانەت زەرورەتیان لێدێت.
کاتێک لە ئێمە جودا دەبنەوە، بە شێوەیەکی زۆر قوڵ هەست بە جودایی ئەوان دەکەین. خۆشی ئەوان دەبێتە خۆشی ئێمەش و لەگەڵ خەمیشیاندا خەمبار دەبین. ئیدی وەک ئەوەی لێدێت ژیانمان لەگەڵ ئەوان دابەش کردبێت.
ئیدی لە دوای ئەمەشەوە ئەو خۆشەویستیەی بەرامبەر مرۆڤەکان هەیە، چۆنیەتیەکی لۆجیکیانە وەردەگرێت و حاڵێکی تەندروستی دەبێت.

خۆشەویستیەکی مەجازی و هەستیاری لەم شێوەیە، زۆر جیاوازە لەو خۆشەویستیە ڕوکەشگەرایانەی کە مەبەستی ئیدارەکردن و خۆ شیرین کردن لە بەرچاوی مرۆڤەکان، پشان دەدرێت.
بەڵێ، ئەو خۆشەویستیەی لە هەستەکانماندا بوونی هەیە، بۆ ئەوەی لەسەر زەمینەیەکی لۆجیکی دایبنیشێنین، پێویستە بەرەو بناغەی هۆکارەکانی دابەزین و، بیر لەو هۆکارانە بکەینەوە و لەسەر بنەمایەکی ئەقڵی دایانمەزرێنین.
بۆ نمونە؛ دۆزینەوە و کۆبوونەوە لەسەر بنەمای سوودی هاوبەشی هەموو مرۆڤەکان، گرنگترین و گشتیترین هۆکارە، کە پێویستە لە خۆشەویستی و موحیبەتی نێوان مرۆڤەکاندا بوونی هەبێت.

گەر مرۆڤ بوون و پێکەوەژیان لەسەر هەمان زەوی وەک بابەتێک نەبینرێت کەوا داخوازی خۆشەویستیە و چۆنیەتی گرنگی ئەم پەیوەندیە نادیدە بگیرێت، مرۆڤەکان تەنیا بە هۆی ئەوە کە هەموویان مرۆڤن، یەکیان خۆشنەوێت و پەیوەندی لەگەڵ یەکتردا دروست نەکەن، لە جیاتی ئەمە برەو بە کینە و دوژمنایەتی بدەن، بە تایبەت لە دونیای ئەمڕۆدا کە گۆی زەوی وەک گوندێکی بچوکی لێهاتووە، سەرئەنجامی زۆر کارەساتباری دەبێت.

بۆ ئەوەی دونیای ئەمڕۆمان ببێت بە شوێنێکی گونجاوتر بۆ ژیان، باڵادەستکردنی سوڵح و ئاشتی لە نێوان تەواوی مرۆڤەکان، بونیادنانی پردی دیالۆگ و لێبوردەیی لە نێوان تەواوی گەل و دینە جیاوازەکاندا، وەک کارێکی پێویست و زەروری لێهاتووە.
هیچ گومانیش لەوەدا نیە کە بۆ هێنانەدی ئەم ئامانجەش، پێویست بە یارمەتی و پاڵپشی مرۆڤەکان بۆ یەکتری، هەیە.
لە دونیایەکدا کە لە جیاتی خۆشەویستی، ڕق و کینە شوێنی گرتبێتەوە، بەدیهێنانی ئەم ئامانجە هاوبەشە کارێکی مومکین نیە.
هەربۆیە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆشماندا مرۆڤایەتی بە حەسرەتی ساتێکی لەو شێوەیەوە دەژین. لە هەموو شوێنێک دڕندایەتی تا بینەقاقا گەشتووە.
لە شوێنە جیاوازەکانی دونیا پاکتاوی ڕەگەزی ئەنجام دەدرێت و کاری قێزەون و سوک بەدی دەکرێت. ئەوەی لە ڕاست و چەپ گوێت لێدەبێت، هەر هاتوهاواری زاڵمان و، نرکە و ناڵەی کەسانی مەزڵوم و غەدرلێکراوە.
مرۆڤەکان هەر بیر لە خوێن دەکەنەوە و خوێن دەڕژن و بۆنی خوێن دەکەن. چەشنی ئەوەی هەموو لایەک بە پیاوکوژەکان سپێردرابێت وەهایە.
لە دێر زەمانەوە هەتا ئێستا، ئاگری ڕق و کینەکان خۆش کراوە، مرۆڤەکانیان کردووە بە دوژمنی یەکتری. هەموو کەس لایە خۆیەوە بۆ زاڵ بوون بەسەر ئەویدی و بەهێزکردنی قەڵەمڕەوی خۆی، بە دوای بەهانەیەکدا دەگەڕێت.
لە دونیایەکی لەم شێوەیەدا بۆ سەرلەنوێ زیندووکردنەوەی خۆشەویستی کە حەقیقەتێکی زۆر گرنگە، فەراهەمکردنی ئەوەی جارێکی تر مرۆڤەکان دەستیان لە نێو دەستی یەکتری بنێن، پێم وایە ئەمە بە نرخترین دیاریەکە کەوا پێشکەشی مرۆڤایەتی بکەیت.
گەر ئێوەش خوازیاری خۆشەویستی بن، پێویستە ویژدانتان بۆ هەموو کەسێک بکەنەوە و تەواوی مرۆڤایەتی لە ئامێز بگرن. پێویستە هەوڵی ئەوە بدەن کە لە سەرتاسەری دونیا و، لە نێو هەموو مرۆڤەکاندا سازان و ڕێکەوتن فەراهەم ببێت. بەڵام پێویستە هەر لە سەرەتاوە ئەوە قبوڵ بکەیت کە ئەم کارە کاتی دەوێت و شتێک نیە هەروا لە پڕێکدا ڕووبدات.

بۆ چارەسەری کێشە درێژخایەنەکان و هەڵکێشانیان لە ڕەگەوە، پێویستە بە ئارامگری، شەفەقەت و حەزەرەوە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە هەوڵ و کۆششدا بین.
بە هەمان شێوە باوەڕ بوون بە بوونی خودا و تاکێتی ئەو، بوونە ئومەتی محمد و وابەستە بوون بە هەمان فەلسەفەی خزمەتەوە، کارکردێکی زۆر گرنگن و هەریەکەیان بۆ خۆیان ئامرازی خۆشەویستین.
بۆ نمونە کەسێکی ئیماندار کاتێک سەیری برا ئیماندارەکەی خۆی دەکات پێویستە بیر لەم شتانە بکاتەوە” ئەمانە لەو دونیا براکانی منن، لە ڕۆژی مەحشەر و تەرازوودا پێکەوە دەبین، پێکەوە پردی سیرات دەبڕین. پێکەوە دەچینە بەهەشت، کێ دەزانێت لەوە دەچێت ئەوان دەستی من بگرن، لەوە دەچێت لە شوێنێکدا کەوا تەنگم پێهەڵچنرابێت، ئەوان شەفاعەتم بۆ بکەن”…
پێویستی برایەتی و خۆشەویستی لەبەر هۆکارگەلێکی لەو شێوەیەی ئاماژەمان پێدا، هەروەها گرنگی هەڵوێستەکردن لەسەر ئەم شتانە و بیرکردنەوە لێیان، وەک چۆن کارێکی گرنگە، لە هەمان کاتدا دەبنە ئامرازی خۆشەویستی.

کەسانێک کەوا بە هەمان ڕێچکەدا ملی ڕێگەیان گرتووە و لە هەمان فەلسەفەی خزمەتدا هاوبەشییان هەیە، کاتێک سەیریان دەکات پێویستە بڵێت” ئێمە هەتا ئەو کاتەی دەستمان لە ناو دەستی یەکدا بێت، پارێزگاریمان لە تەبایی و ڕێکەوتنی نێوان خۆمان کرد، بە پشتیوانی خودا دەتوانین بەسەر زۆر کێشەدا زاڵ ببین. لە ڕێگەی ئەوەی ببینە پاڵپشتی یەکتری، بە شێوەیەکی خێراتر دەتوانین بگەین بە ئامانجەکانمان”، پێویستە بە شێوەیە لە بابەتەکە بڕوانێت، بوونی براکانی بە لەسەروی پێویستی، وەک زەرورەتێک بیبینێت و، ئەمەش وەها دەکات وابەستەییەکی زیاتری بە براکانیەوە هەبێت و خۆشەویستی نیوانیان بەهێزتر ببێت.
لە ڕاستیشدا ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی خۆشەویستی نێوان مرۆڤەکان، هەتا ڕوو لە زیاد بوون بکات، پەیوەندی و خۆشەویستی نێوان ئەوانیش بە هەمان ڕادە قوڵتر دەبێتەوە.
بێگومان ئەوانەی سەریان لەسەر هەمان ڕێگە داناوە و دەردەداری هەمان بیرۆکە یاخود مەفکورەن، بە پەیوەندیەکی مەحکەمتر پێکەوە وابەستە دەبن.
مرۆڤێک کاتێک لەسەر ئەم هۆکارانە هەڵوێستە دەکات کە داخوازی خۆشەویستی و برایەتین و، پەی بە وردەکاریەکانی دەبات، ئید براکانی بە دڵ و گیان خۆش دەوێت و دەڵێت” گەر براکانم نەبێت منیش ناتوانم ببم”.
خۆ گەر بەم شێوەیە لەسەر هۆکارەکانی خۆشەویستی ڕانەوەستن و سەرنج لە وردەکاریەکانی نەدەن، خۆشەویستیتان تەنیا لە ڕوانگەی هەستەکانەوە دەبێت. ئەو پەیوەندی و خۆشەویستیەشی کە مرۆڤەکان تەنیا لە ڕوانگەی هەستەکانیانەوە بەرامبەر کەسانی تر هەیانە، هەتا شوێنێکی دیاریکراو بڕ دەکات. چونکە خۆشەویست لە ڕوانگەی هەستەوە(حسی) هەرچەندە لە ڕواڵەتیشدا بەهێز دیاربێت، کاتێک بەر هەستێکی لەو بەهێزتر دەکەوێت، یەکسەر وردوخاش دەبێت.

لەم ڕوانگەیەشەوە ئەوەی دەتوانین بەو خۆشەویستیە ڕەسەن و سەرەکیە ناوی ببەین کە ئاماژەمان پێدا، بریتیە لەو خۆشەویستی، عەشق و تامەزرۆییە لۆجیکیە.
هەربۆیە ئەو خۆشەویستیەی وابەستەی لۆجیکێکی دیاریکراوە، هەروا بە ئاسانی لەناوناچێت. لەم قسانەشەوە نابێت ئەو خوێندنەوەیە بکرێت کە گوایە خۆشەویستی لە ڕوانگەی هەستەکانەوە هیچ بایەخێکی نیە. بێگومان ئەویش بە گوێرەی خۆی نرخ و بەهای هەیە. بەڵام ئەوەی لیرەدا گرنگە ئەوەیە، خۆشەویستی ناو هەستەکانمان لە ڕێگەی ئەقڵ و لۆجیکەوە پاڵپشتی بکەین و بەهێزتری بکەین.

“نزیک بوونەوە لە بابەتەکان بە ئینسافەوە”

دەتوانین بە پێچەوانەشەوە لە بابەتەکان نزیک ببینەوە. وەک لە بابەتی خۆشەویستی نێوان مرۆڤەکاندا دەتوانین دەیان و سەدان هۆکار بدۆزینەوە، کاتێک بە وردی لە دوژمنایەتی و پێکدادانی نێوان مرۆڤەکان دەڕوانین، ئەوە دەبینین کە لە بناغەوە هیچیان هۆکارێکی جددیان لە پشتەوە نیە.
دەشێت مرۆڤ بە هۆیەک لە هۆیەکان، ڕق و توڕەیی و نەفرەت لە کەسێک و گروپێک بکات.
دەشێت لە ڕوانگەی حاڵ و ڕەفتارەوە لە بەرامبەر هەندێک کەس بوەستێتەوە، یاخود ناحەزی بەرامبەریان دەرببڕێت. بەڵام کاتێک بە وردی لە دوژمنایەتی ئەم کەسە دەکۆڵینەوە، دەبینین کەوا هێندەی ئەوەی قاوغە گوێزێک پڕ بکات، هۆکاری جددی نادۆزینەوە.

دەکرێت بپرسین ئایا ئەو کەسانەی کەوا هەستی نەرێنیمان بەرامبەریان هەیە، هیچ ڕەفتارێکیان هەیە کەوا دژی ڕۆحی ڕەوانی ئاینی ئیسلام بێت؟

ئایا کارێکی حەرام ئەنجام دەدەن؟ یاخود لەو بەرپرسیارێتیانەی هەیانە کەموکورتی پشان دەدەن؟ لە بەرامبەر الله کارێکی سەرکەشیانەیان هەیە؟ لە بابەتی خۆشەویستی سەردارماندا لایەنێکیان هەیە کەوا نیگەرانی دروست بکات؟ یاخود بێ ڕێزییەک بەرامبەر شتە پیرۆزەکان ئەنجام دەدەن؟
کاتێک بابەتەکان بەم شێوەیە ورد دەکرێنەوە، دەبینین لە زۆریاندا، ئەو ڕق و نەفرەتەی لە نێوان مرۆڤەکاندا بوونی هەیە هیچیان بۆ ئەم هۆکارانە ناگەڕێنەوە؛ بە پێچەوانەوە بە هۆی جیاوازی لە مەزاج، جیاوازی لە تێبینی، چاوەڕوانی و بژاردەکانیانەوە سەرچاوەی گرتووە.
بۆ نمونە حەزمان بە ڕەفتار و حاڵی کەسێک نیە، لەوە دەچێت کێشەیەک لەویشدا نەبێت و خۆمان بە هەڵەدا چووبێتین. خۆ گەر بە هۆی چەند شتێکی پوچ و ناگرنگەوە هەڵوێست بەرامبەر مرۆڤەکانی چواردەورمان وەربگرین، ئەمە بە واتای ئەوە دێت کە بێ ئینسافی و ناحەقی بەرامبەر ئەوان ئەنجام دەدەین. لەوە دەچێت هەندێک جار چاومان بە شتانێکی مرۆڤەکانی چواردەورمان بکەوێت، کە پێویست بێت ئەنجامی نەدەن، یاخود شتانێک پێویستە ئەنجامی بدەن و بەڵام ئەوان بەو کارە هەڵناستن.
لەم جۆرە حاڵانەدا، دەشێت هەندێک لە مرۆڤەکان لە ڕوانگەی هەست و سروشتیانەوە هەموو کاتێک ڕێگەی ڕاست نەگرن وهەندێک جار توشی لادان ببن، لەم حاڵەتەشدا پێویستە هەتا ئەو شوێنەی گونجاوە چاوپۆشی لەم کەمتەرخەمیانەیان بکەین و چاو لە هەموو کەموکورتیەکانیان زەق نەکەینەوە.
پێویستە مۆڵەتی ئەوەی پێبدەین کە چاوێک بە خۆیاندا بخشێننەوە و جارێکی تر خۆیان کۆ بکەنەوە و قەرەبووی هەڵەکانیان بکەنەوە.
تەنانەت لەم کاتەشدا پێویستە بە زمان، دەست و قاچی خۆشەویستیەوە لە بابەتەکە نزیک ببینەوە.
تەنانەت من لەو باوەڕەدام گرێکوێرەگەلێک کەوا هەزاران ساڵە ژەنگیان هەڵهێناوە، هەر لە ڕێگەی خۆشەویستیەوە دەتوانرێت بکرێنەوە.

لە ڕاستیشدا کەسێک کەوا هەندێک هەڵەی وردەواڵەی هاوڕێکانی گەورە دەکات و بەم هۆیەوە خۆیان لێ زویر دەکات، پێویستە پێش هەموو شتێک چاوێک بە خۆیدا بخشێنێتەوە. زۆرێکیش لە ئێمە گەر بە هەستێکی جددی لەخۆپرسینەوە بە هەڵسوکەوت و ڕەفتارەکانماندا چووینەوە، زۆرێک لەو ڕەفتارە نیگەرانکەرانەی لە کەسانی تردا بەدیدەکەین، بە هەمان شێوە لە خۆشماندا چاوەمان پێیدەکەوێت و بەم هۆیەوە دەتوانین فێری ئەوە بین، کە بە لێبوردەیی و چاولێپۆشینەوە سەیری هەڵە و کەموکورتیەکانی ئەوانیش بکەین.

ئیدی دوای ئەوە گەر بە هۆی هەندێک هەڵە و کەموکورتی کەوا لە خۆشماندا بوونیان هەیە کەسانی تر مەحکوم بکەین و هەڵوێست بەرامبەریان وەربگرین، ئەوا کارێکی نامۆ ئەنجام دەدەین.

“پێویستە پەرە بە خۆشەویستی نێوانمان بدەین”
ڕۆژێکیان یەکێک لە هاوەڵان لەگەڵ سەردارمان دادەنیشێت و، کەسێکیان بە بەردەمدا تێدەپەڕێت. هاوەڵەکەش بە سەردارمان دەلێت کەوا ئەو کەسەی لە دڵەوە خۆش دەوێت. سەرداریشمان فەرمان بەو هاوەڵەی دەکات کە بڕوات و ئەم قسەیە بە خودی ئەو کەسە بڵێت کە خۆشی دەوێت.
چونکە بابەتی ئەوەی لەلایەن هاوڕێکەتەوە خۆش بویسترێیت و بەمەش بزانیت، شتێکی خۆشە بە لای هەموو کەسێکەوە. دەربڕینی خۆشەویستی بەو شێوەیە، پەیوەندی دۆستایەتی بەهێزتر دەکات و تاج لەسەری خۆشەویستی دەنێت.
هەروەها نزاکردن بۆ کەسانەی خۆشمان دەوێن، یەکێکی ترن لەو فاکتەرانەی کە خۆشەویستی نێوانمان زیاتر دەکەن.
مرۆڤێک وەک داخوازی خۆشەویستی و وەفای بەرامبەر کەسێکی تر پێویستە دەستەکانی بەرز بکاتەوە و بڵێت” پەروەردگارا فڵان کەس بە فیردەوسەکەی خۆت شاد بکە، ژیانی دونیاشی وەک بەهەشت لێبکە”.
هەروەها سەرداریشمان فەرموویەتی” نزیکترین نزا لە قبوڵ بوونەوە بریتیە لەوەی کە کەسێک لە کاتی غیابی کەسەکەدا نزای بۆ بکات”.
بەم شێوەیە گوزارشت لەوە دەکات کە ئەم نزایانە لەلای خودا چەندە بە گرنگیەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

لەلایەکی ترەوە، گوزارشت کردن لە خۆشەویستی و گومانی باشمان بەو کەسانەی خۆشمان دەوێن لەلای کەسانی تر، کارێکی زۆر گرنگە.
بۆ نمونە بڵێین ” فڵان کەس زۆر ڕاستگۆیە و هەمیشە لە دڵەوە کار دەکات. پێم وایە لە بەرزکردنەوەی وشەی الله دا، دەنگێکی زۆر کاریگەرە”.
بەم شێوەیە ئەوە پشانی کەسانی تریش دەدەین کە ئەو کەسە شایەنی خۆشەویستی و ستایشکردنە.
گەر ئەم شتانەی دەیڵێن ڕاستی بن و هیچ درۆیەکمان تێکەڵ نەکردبێت، ئەوا لە وتنیاندا هیچ کێشەیەک بوونی نیە. جگە لەوەی لە وتنیاندا هیچ کێشەیەک بوونی نیە، لە هەمان کاتدا دڵەکان پێکەوە دەبەستێتەوە و ڕێگایەکە بۆ زیادکردنی خۆشەویستی ناو دڵەکان.
واتە ئەگەر براکانمان بە هەستێکی جددی فیداکارانەی خۆبەخشانە بە هەر چواردەوری دونیادا بڵاو بووبێتنەوە و، بە دەنگێکی زوڵاڵ بە ئەنجامدانی خزمەتی مرۆڤەکان هەستابێتن، ئیدی بۆ ئێمە گوزارشت لەمە نەکەین!
بە پێچەوانەوە پێویستە گوزارشتی لێبکەین، چونکە لەم ڕێگەیەوە ئەم مرۆڤە جوانانە بە کەسانی تریش دەناسێنین و لەلایان خۆشەویست دەبن. هەروەک دەڵێن دیواریش گوێی هەیە، لەوە دەچێت ئەم قسانەی ئێمە بە شێوەیەک لە شێوەکان، لە ڕێگەی فرێکانسێکی جیاوازەوە بە دەمی خۆیشیان بگاتەوە و، لەم ڕێگەیەوە پەیوەندی و خۆشەویستی نێوانمان ڕوو لە زیاد بوون دەکات.

بەڵێ، گەر مرۆڤێک دڵی بە داوایەک دابێت، سەری لەسەر ئەو ڕێگایە دانابێت و ماوەی ٣٠ تا ٤٠ ساڵ سەری لەسەر ئەو ڕێگایە هەڵنەگرتبێت، ئەوا ئەو سەرە شایەنی ماچکردنە.
وەفا و ڕاستگۆییەکی لەو شێوەیە زۆر گرنگە، فەزیڵەتێکی گەورەیە کە پێویستە ستایش بکرێت و بۆ کەسانی تریش باس بکرێت.
هەربۆیە ئەو ئەرکەی لەسەرشانی ئێمەیە، لە پێناوی ئەوە فریشتەکانیش ماچی ئەو سەرە بکەن، نزای خێری بۆ بکەین و، شایەنی هەر نرخ و بەهایەک بێت، پێیبدەین.
هەروەها گەر ئێمە بەردەوام سەنای هاوڕێکانمان کرد، ئاماژەمان بە فەزیڵەتەکانی ئەوان کرد چەشنی ئەوەی غەزەل و شانامەیان بەسەردا بخوێنینەوە، دیسان نابێت چاوەڕوانی هەمان شت لەوا بکەین.

لە ڕاستیشدا پێویست بەوە دەکات کە خاتری حەق لەسەرو هەموو شتێکەوە بگرین، ئەو شتانەی بە ڕاستی دەزانین و تێبینی سوودمان تێیاندا بینیوە، پێویستە لەلای کەسانی تریش باسی بکەین.
کەسانێک کەوا خزمەت بە بەهاکانمان و بیرۆکەکەمان دەکەن، کەسانێک کەوا باسی الله دەکەن و سەردارمان لەلای کەسانی تریش خۆشەویست دەکەن، پێویستە ستایشییان بکەین.

چونکە ئەمانە شتانێکن کەوا ئێمەش دەمانەوێت، بەڵام بابەتی ئەوەی ئەوانیش هەمان شت بەرامبەر ئێمە ئەنجام دەدەنەوە یاخود نا، هەمان پێزانین پشان دەدەن بەرامبەر ئێمە یاخود نا، ئەمە شتێکە پەیوەندی بەوانەوە هەیە، پەیوەندی بە ئێمەوە نیە…

“هاوسەنگی لە خۆشەویستیدا”
خۆشەویستی لەلایەک چەندە گرنگە، ڕاگرتنی هاوسەنگیش لە خۆشەویستیدا بە هەمان ڕادە گرنگە. کەسێکی ئیماندار دەشێت جەنابی حەقی لە چوارچێوەی تەواوی ئەو واتایانەی ناوە جوانەکانی گوزارشتی لێدەکەن، شێتانە خۆشبوێت و پێویستە خۆشیشی بوێت. دەشێت بە خۆشەویستی ئەوەوە قرچە قرچی سوتانی بێت. بەڵام پێویستە لە خۆشەویستی شتانی دەرەوەی خودا هاوسەنگی بپارێزێت. لە بوونەوەراندا تەنانەت پێغەمبەرانیش ناکرێت هێندەی الله خۆش بویسترێن.
هەربۆیە موشریکان، لەبەر ئەوەی بتەکانیان چەشنی خۆشەویستیان بۆ الله خۆش دەویست، لە قورئاندا سەرکۆنە و ئیدانە کراون.
الله کە چواردەوری هەموو شتێکی گرتووە و سنوری نیە، پێویستە بە خۆشەویستیەکی بان-خۆشەویستی و بێ سنور خۆش بویسترێت. ئیدی جگە لەو، هەموو بوونەوەرەکان بە گوێرەی ئاستی خۆیان خۆش دەویسترێن.
بۆ نمونە بە نیسبەت کەسێکی ئیماندارەوە، شێتانە خۆش نەویستنی تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی، کە جێگەی تێڕوانینی الله بووە و ئاوێنەیەکی دەرخەری ناوە جوانەکانی بووە، واتە ئەو کەسەی یاسا و ڕێساکانی بوون و فەرمانە شەرعیەکانی بە شێوەیەکی بێ کەموکورتی بە ئێمە گەیاندووە، کارێکی مومکین نیە. بە هەمان شێوەیە، خۆشەویستیەکی تایبەتیشی بەرامبەر خەلیفە ڕاشیدەکان دەبێت.

لە دوای ئەمانیشەوە ئەو موسوڵمانانەی کە ڕوویان لە هەمان قیبلەیە و لەگەڵ تەواوی مرۆڤەکان کە هەریەکەیان بە شاکارێکی الله دەزانێت، لە دڵی کەسی ئیماندار شوێنێکی جیاواز و تایبەتی خۆی هەیە.

بەڵام پێویستە کانگای تەواوی ئەم خۆشەویستیانە لە الله وە سەرچاوەی گرتبێت و لە نێوانیاندا هاوسەنگی بپارێزرێت. بە پێچەوانەوە ئەگەری مەترسی شەپازلە خواردن جێگەی باس دەبێت.
بەداخەوە هەندێک جار مرۆڤەکان، لە ڕووی مامەڵە و ڕەفتارەوە لەگەڵ هەندێک کەس، دەشێت زێدەڕۆیی بکەن و خۆشەویستیەکی بێ سنوریان بەرامبەر دەرببڕن.
زۆرجار لە ڕوانگەی حاڵەتی ڕۆحی کۆمەڵگاوە، دەشێت کەسێک ببەنە ئاسمان، یاخود وەک ئەوەی لە ئاسمانەوە دابەزیبێت، مامەڵەی لەگەڵدا بکەن.

بەڵام دەبێت هەرگیز ئەوەمان لە یاد نەچێت، کاتێک مرۆڤ لە خۆشەویستی کەسێکدا زێدەڕۆیی کرد، جەنابی حەق لە ڕێگەی ئەو کەسانەوە شەپازلەی لێدەدات!

بەم شێوەیە وەک ئەوەی سزای دەدات بە هۆی ئەو خۆشەویستیە لە ڕادە بەدەرەوە، لە هەمان کاتدا ئەوەشی پشان دەدات کە ئەو کەسانەی زێدەڕۆیی دەکرد لە خۆشویستنیاندا، شایەنی ئەوە نەبوون!

سەرداریشمان لەم بابەتەدا پێودانگێک دەخاتە بەردەستمان کە گرنگیەکی زۆر هەیە:
أَحْبِبْ حَبِيبَكَ هَوْنًا مَا عَسَى أَنْ يَكُونَ بَغِيضَكَ يَوْمًا مَا، وَأَبْغِضْ بَغِيضَكَ هَوْنًا مَا عَسَى أَنْ يَكُونَ حَبِيبَكَ يَوْمًا مَا

گەر کەسێکت خۆشویست بە شێوەیەکی هاوسەنگانە خۆشت بوێت، چونکە ئەگەر هەیە ببێتە دوژمنت. گەر ڕقیشت لە کەسێک بوو دیسان هاوسەنگی بپارێزە، چونکە ئەگەر هەیە ڕۆژێک خۆشت بوێت.

ئەو مرۆڤەی کەسێکی خۆش دەوێت، بۆ ئەوەی لە کاتی هەر گۆڕانێکدا خەجاڵەت نەبێت، سەری پێ دانەنەوێنێت و لۆمەی خۆی نەکات، پێویستە لە خۆشەویستیەکەیدا پێودانگ و هاوسەنگی خۆی نەدۆڕێنێت.

هەروەها کاتێك بە هۆی چەند سیفاتێکی خراپەوە ڕقی لە کەسێکیش دەبێت، یاخود خۆیانی لێ بە دوور دەگرێت، دیسان پێویستە تەواوی پردەکانی نێوانیان نەڕوخێنێت و بە تەواوی پەیوەندی لەگەڵدا نەپچڕێت. چونکە ئەگەر هەیە ئەو کەسە سبەینێ لە کارەکانی پەشیمان ببێتەوە و، لەبەر بوونی ئەگەرێکی لەم شێوەیە، پێویستە کارێک نەکات کەوا هەردوولایان خەجاڵەت ببن.
لەلایەکی ترەوە گەر لە خۆشەویستیدا هەموو سنورەکانت بەزاند و لە ستایشی کەسێکدا موبالەغەی زۆرت کرد، ئەوا ملی براکەی خۆتت شکاندووە.
هەروەها وەک حەزرەتی پیریش ئاماژەی پێداوە” من منم بە دڵ نیە، ئەوەی منیشی بە دڵ بێت، بە دڵم نیە”.
چونکە ئەگەر هەیە هەموو کەسێک خاوەنی سروشتێکی پڕی لەم شێوەیە نەبێت. بە تایبەت ئەوانەی پەیوەندیەکی بەهێزیان بە الله وە نیە، پێدەچێت سیستەمی بەرگرییان، بەرگەی پەسن و ستایشێکی لەو شێوەیە نەگرێت. هەربۆیە ئەگەر زۆرە بە “منێتی” خۆیان بدۆڕێن و توشی کیبر و خۆبەزلزانین ببن.

هەر لەم ڕوانگەیەشەوەیە حەزرەتی پیریش لە جیاتی “پێدانی پێگەی دەراسا لەلایەن خۆشەویستانیەوە”، داوای دەستوری “ڕاستگۆیی دەراسا” ی لێدەکردن.
واتای ئەمەش بەم شێوەیەیە:
کەسانێک کەوا ملی ڕێگەت لەگەڵیاندا گرتووە، تەنانەت گەر ٥٠ کەموکورتیشیان لێ ببینیت نابێت بە تەنیا جێیان بهێڵیت. کاتێک دەبینیت هاوڕێکەت لە دواوە بەجێماوە، پێویستە دەستیان بۆ درێژ بکەیت و یارمەتیان بدەیت. گەر ئەو نەیدەتوانی بە ڕادەی ئێوە خێرا بە ڕێگادا بڕوات و هەمیشە لە دوای ئێوەوە جێدەما، ئەوا پێویستە لە کۆڵیان بگرن.
بە هەمان شێوە کەسی ئیماندار، کاتێک دەیەوێت گوزارشت لە ڕێز و خۆشەویستی خۆی بەرامبەر کەسێک بکات کە بە گەورەی دەزانێت، پێویستە زۆر بەدیقەت بێت.
ئیدی ڕێز، خۆشەویستی و منەتداربوونی بەرامبەر ئەو کەسە چەندە قوڵ بێت، لە هزری خۆیدا ئەوی لە هەر شوێنێکدا دانابێت، کاتێک لەلای کەسانی تر باسی دەکات، پێویستە زۆر بە دیقەتەوە باسی بکات و هەرگیز لەو بابەتەدا موبالەغە نەکات.
لە ڕێگەی پێدانی چەند نازناوێکی وەک “غوص” یان “قطب”، نابێت کەسانی تر ئاڕاستەی حەسودی و هەستی ڕکابەری بکرێت. چونکە هەموو کەسێک ڕێز لە پیری موغان و شەمعی تابانی خۆی دەگرێت و لە یەکێک لە پلە بەرزەکاندا دایدەنێت.

خۆ گەر ئێوەش لە بەرامبەر کەسەکەی ئەودا، یەکێکی تر بەرز بکەنەوە و پێیدا هەڵبدەن، کەسی بەرامبەر دەخەنە ناو هەستی ڕکابەریەوە و وەهای لێدێت بڵێت “نەخێر ئەوەی ئێمە گەورەترە”.
تەنانەت گەر لە ڕووی خۆشتاندا ئەم قسەیە نەکات، دەبێتە هۆی ئەوەی لە پشتە ملە غەیبەتتان بکات. هەربۆیە لە ڕوانگەی ئەم مامەڵەیەوە، کەسی بەرامبەر دەخەنە ناو گوناحەوە. هەربۆیە لە جیاتی ئەوەی پایەی بەرز بدەن بەو کەسانەی کە خۆتان بە شوێنکەوتەیان دەزانن، پێویستە وەفا و ڕاستگۆییتان بەرامبەریان وەک بناغەی کارەکانتان وەربگرن.

33 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە