بیروڕاهەواڵ

ئەو کەسانەی هیجرەتیان بەرەو هۆڵاندا کردووە

ڕۆژنامەنوس بەسری دۆغان، لە ڕێگەی ئەنجامدانی ڕێپۆرتاژ لەگەڵ ئەو کەسانەی بە ناچاری هیجرەتیان بەرەو وڵاتی هۆڵاندا کردووە، هەوڵی ئەوە دەدا ئەو زوڵم و غەدرەی لە تورکیا ئەنجام دەدرێت، بخاتە بەرچاوی ڕای گشتی دونیا.
ئێمرا پێکتاش کە لە پێش ئەنجامدانی هیجرەتدا یاریدەدەری مفەوەز دەبێت دەڵێت” پێش ١٥ ڕۆژ بەر لە ڕوودانی کودەتاکەی ١٥ ی تەموز مۆڵەتی ساڵانەم وەرگرت. ڕێک شەوی ١٥ ی تەموز دەبوو بچمەوە سەر کار. بەیانیەکەی لە ڕێگەی فڕۆکەوە گەشتم کرد. شەویش ئەو کاتەی گەشتمەوە شوێنی کارەکەم، کودەتاکە ڕوویدا. پردی ئیستەنبول گیرا، هەواڵی ئەوە بڵاو بوویەوە کە سەربازەکان سەر پردی ئیستەنبولیان گرتووە. لەو کاتەدا کە هەوڵی تێگەشتنمان لە ڕووداوەکان دەدا، گوێمان لە دەنگی تەقینەوە بوو. دواتر لە چەند دادگایەک ئەرکم پێ سپێردرا کە زیاتر لە شانۆگەری دەچوون.
دادوەران بە بێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەکیان لەبەردەستدا بێت، سەرەڕای ئەوەی دەیانزانی مرۆڤەکانی بەردەمیان هیچ تاوانێکیان نیە، بەڵام لە ترسی ئەوەی خۆیشیان بە تۆمەتی ئەندامبوون لە بزاڤی خزمەتدا تاوانبار نەکرێن، فەرمانی دەستبەسەرکردنیان بۆ هاوڵاتیان دەردەکرد. کاتێک منداڵەکانم دەبینی بە گریانەوە باوەشیان بە باوکیاندا دەکرد، ناخی منیش ئاگری تێبەردەبوو. ناچار دەچوومە تەوالێتەکانی دادگا و فرمێسکی چاوەکانم دەسڕی. چونکە وەها پێویست دەکات کە ناخۆشحاڵی خۆت ئاشکرا نەکەیت. تەنانەت گەر سڵاو لە کەسێکی ئەوانیش بکەیت، دواتر وەک تیرۆرست مامەڵەت لەگەڵدا دەکەن.
لە ٢٢ ی تشرینی دووهەمی ٢٠١٦، کاتێک خۆشم بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران کە لە چوارچێوەی باری نائاسای وڵاتدا دەردەکرا(KHK) لە کارەکەم دوور خرامەوە، خۆشم هەمان شتی ئەو مرۆڤانەم بەسەر هات کە بەزەییم پێیاندا دەهاتەوە.

دوای ئەوەی لە پیشە فەرمیەکەم دوور خرامەوە، باوکیشم کە وەستایەکی دروستکردنی بینایە، بە هۆی منەوە لە کارەکەی دەرکرا.
لە ڕووی ئابوریەوە بە تەواوی حاڵمان پەرێشان بوو، هەربۆیە تەنیا چارەی بەردەممان ئەوە بوو کە ڕوو لە وڵاتانی ئەوروپا بکەین. مەترسیەکی گەورەمان لەبەرچاو گرت و لە ڕووباری مەریچەوە خۆمان گەیاندە وڵاتی یۆنان.
لە ڕێگا سەگ پەلاماریاندام، دوای ئەوەی هەرچۆنێک بێت خۆم لەوان ڕزگار کرد، ٢٢ کیلۆمەترم بە پێ بڕی، لەو ماوەیەدا خێزانەکەم وایانزانیوە لە ئاوی مەریچدا خنکاوم. ماوەی یەک مانگ لە ئەسینا مامەوە، کاربەدەستانی هۆڵاندا سەرەتا باوەڕیان بەو شتانە نەکرد کە باسم دەکردن. وتیان ئەو شتانەمان بۆ بنوسە و بینێرە.
لە کاتی ئاسایدا ئەم جۆرە چاوپێکەوتنانە ١٥ خولەک دەخایەنێت، بەڵام چاوپێکەوتنەکەی من کاتژمێرێک و نیوی خایاند. هەروەها ئەو هاوڕێیەی کە لەگەڵمدا دەمایەوە، ئێستا لە هۆڵاندایە. ئەگەرچی ئەو لە کەمپێکی تردایە، بەڵام لێرە دیسان چاومان بە یەک کەوتەوە. ئێستا چاوەڕێی وەڵامی کاربەدەستانی هۆڵاندا دەکەین”.

ئێمرا بەم شێوەیە باسی خۆیی و ئەو هاوڕێیەی دەکات:
” هاوڕێکەم دوای ئەوەی ٢٢ مانگ زیندانی کرا، ئازاد کرا. خزمەکانی هەموویان پشتیان لێکردووە و، هەموویان پەیوەندیان پێکەوە کردووە و ترسی خۆیان لەوەی چاویان پێیبکەوێت پێ ڕاگەیاندووە. هەریەک لە ئێمە لە وڵاتی خۆماندا وەک کەسێکی بیانیمان لێهات. ٦ کەس بووین، هەموومان پێکەوە بڕیارمان لەسەر ئەوەدا کە تورکیا جێبهێڵین. شەوێک کاتژمێر ٣:٤٥ گەشتینە کەناری مەریچ. لە بەردەمماندا بەربەسێک هەبوو، منیش چوومە پشتیەوە و هەوڵی ئەوەمدا کە لەناو بەلەمەکەدا، شوێنێکی باش بۆ خۆم بدۆزمەوە، لەو کاتەدا هاوڕێکانم بینی کە بە پەلە لە بەرزاییەکەوە خلۆر دەبوونەوە، ئۆتۆمبیلێک بە تیشکێکی سوورەوە لێمان نزیک بوویەوە، دیاربوو ئۆتۆمبیلەکە سەربازیەوە و پاش ئەوەی هاتم بۆ ئێرە ئەوەم بۆ دەرکەوت کە بە هەڵۆکانی سنور ناویان دەبەن. ئێمەش خۆمان بە ناو گژوگیای ئەو ناوچەیەدا کرد و هەرکەسە و بە لایەکدا ڕایدەکرد، وەک ڕۆژی مەحشەری لێهاتبوو، شەوقە سوورەکەی سەربازەکان بەسەر سەرمانەوە دەسوڕایەوە، کەسمان نەماندەزانی بەرەو کوێ ڕابکەین، تەنانەت ئێستاش کە باسی ئەو ساتەتان بۆ دەکەم، ناتوانم بە دروستی بیر بکەمەوە، من جانتایەکم بە پشتەوە بوو، لە نێوان من و سەربازەکاندا تەنیا ١٠ مەتر مەسافە هەبوو، لەو کاتەدا خۆمم فڕێدایە ناو ئاوەکەوە، بە دوای مندا یەکێک لە هاوڕێکانیشم خۆی فڕێدا. وابزانم برادەرانی تر لەبەر ئەوەی هاوسەری خۆیان هێنابوو، نەیانتوانی خۆیان فڕێ بدەن. هەروەها مەلەشیان بە باشی نەدەزانی، لەو کاتەی خۆم هەڵدەدا و هەوڵی خۆ شاردنەوەم دەدا، دڕکی ناو گژوگیاکان بە لاشەمدا دەچەقین، هەموو لایەکی لاشەم پارچە پارچە بوو، دەتوانیت لە دەریادا مەلە بکەیت، بەڵا مەلەی ناو ئاوی ڕوبار زۆر جیاوازە، چونکە نازانی لە ناوەوە توشی چی تیایە. دەڵێن لە هەندێک شوێندا ئاوەکە ڕاتدەکێشێت بەرەو خوارەوە. واتە نازانیت لە کوێدا قاچت گیر دەبێت و بە دەم شەپۆلی ئاوەکەوە دەڕۆیت بۆ خوارەوە. من لەو کاتەی خۆمم فڕێدایە ناو ئاوەکەوە، پۆلیسەکان لە دوا هاواریان دەکرد و دەیانوت: ڕامەکەن بێ شەرەفینا، لەناو ئەو ئاوەدا دەتۆپێن، دەخنکێن، خائینانی نیشتیمان. ئیدی هەرچیەک لە جوێن بە دەمایاندا هاتبێت، پێیانداین. بە جانتایەکەوە هەوڵی مەلەکردنم دەدا و لەلایەکی ترەوە بیرم دەکردەوە. وتم تۆ بڵێیت لە دواوە تەقەمان لێبکەن، چونکە کەسی زۆر نەزانیان تێدایە، وتم گەر یەکێک لەوان تەقەم لێبکەن، چۆنی خۆمیان لێ بپارێزم، پاشان بیرم لەو کەسانە دەکردەوە کە لە دوای خۆم بەجێمهێشتوون. لەو کاتەدا هەلی ئەوەت لەبەردەمدا نەماوە کە سەیری دواوە بکەیت، چونکە لەو کاتەدا هەناسەبڕکێت پێکەوتووە، بە هۆی ئەو ترس و ڕاکردنەوە هەناسەت بۆ نادرێت…
منیش دەمویست ساتێک زووتر خۆم بگەیەنمە کەناری ئەوبەر، نزیکەی ١٠٠ مەترمان مابوو، من بە باشی مەلەم دەکرد، بەڵام هاوڕێکانی ترم ١٠ مەتر لە دوای منەوە بوون، ئاوەکەش بە ڕووی ئێمەدا دەهات. یەکێک لە دواوە هاواری کرد ” فریام بکەون یارمەتیم بدەن”، کاتێک بەرەو ڕووی ڕۆشتم هیچم پێنەدەکرا، ئاوەکە لەگەڵ خۆیدا بردی، لەو کاتەدا هەموو کەس خەمی گیانی خۆی بوو، وەک ڕۆژی مەحشەری لێهاتبوو، پاشان جانتاکەم کردە قۆڵێکم، بە پشتە مەلە هەوڵی ئەوەمدا خۆم بگەیەنمە ئەوبەر ئاوەکە. لە پڕێکدا تیشکی مانگی چواردە لەسەر دەموچاوم درەوشایەوە. بیری فیلمەکەی شەنەرشەنم کەوتەوە، ئەویش پۆلیسەکان لە شوێنێکدا کە وەک سەربانی شوقەیەک وەهایە چواردەوری دەگرن، ئەویش بە ناچاری سەیری مانگی چواردە دەکات. ڕێک لەو کاتەدا منیش هەمان شتی ئەوم بەسەر هاتبوو. جار جارەش بیرم لەوە دەکردەوە کە تۆ بڵێیت لە دواوە تەقەمان لێبکەن…”

بەڵێ ئەمەیە چیرۆکی یەکێک لە هاوڵاتیە مەغدورانەی تورکیا. چیرۆکێک لە نێو هەزاران چیرۆکدا…

41 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە