بیروڕاهەواڵ

بەستەیەکی بێ کۆتا!

محمد عاکیف سوو

بێدەنگی شەو بەسەر هەوو لایەکدا باڵی کێشا بوو. ڕووباری مەریچ، چەشنی ئەوەی بیەوێت لەو تاریکیە ڕاچڵەکێ و قورتاری ببێت کە وەک دێوەزمە ئامبازی بوو بوو، شاهانە خوڕەی دەهات. لە دوورەوە جار جارە دەنگی پڕ نیگەرانی و پەشۆکاوی مرۆڤگەلێک دەهات. ئەم مرۆڤانە کەوا لە ڕووباری مەریچ نزیک دەبوونەوە، چەشنی خۆی کە هەوڵی تێپەڕاندنی ئەو تاریکیەی دەدا، هەوڵی تێپەڕاندنی ئەو سنورەیان دەدا کە ئەو بۆی کێشابوون. جگە لە شەوقی ئەو مۆبایلانەی چەشنی گوڵەستێرە دەدرەوشایەوە، لەو چواردەورە چاوت بە هیچ ڕوناکیەکی تر نەدەکەوت. دەنگەکان نزیکتر بوونەوە و لە کەناری دەریاچەی مەریچ زیاتر خۆیان دەرخست. ئەمانەش مرۆڤگەلێک بوون کە لە ڕێگەی بەلەمی چووپەوە دەیانویست ئەو ئاوە تێپەڕێنن. پێدەچێت ئەو مرۆڤانە بن کە چەشنی مەریچ دەیانویست لە تاریکیەکان ڕزگاریان ببێت.
تاریکی شەو چۆن باڵای بەسەر مەریچدا کێشابوو، تاریکیەکی هەمان شێوە باڵی بەسەر گەل و نیشتیمانی ئەوانیشدا کێشابوو. ئازادی و دادپەروەریەکان هەڵگیرابوونە سەر ڕەفەکان، زنجیریان لە هزرەکان کردبوو، هەستەکانیش چەشنی ئەوەی مەحکومی کۆت و پێوەندکرابێتن، بە هۆی حەسودی و ناحەزیەوە لە زیندانەکان قەتیس کرابوون.
ئیدی ئەم مرۆڤانە چۆن وەک مەریچ خوڕەی ڕاچڵەکینیان نەیەت و هەوڵی پساندنی زنجیرەکانیان نەدەن؟!
ئەم مرۆڤانە کەوا لە کرۆکیاندا دەریاگەلێکی نورانی هەبوو، دەیانویست ئەو وروژمە نورانیانەی لەو دەریای نورەوە لە قەڵەم و هەناسەکانیان پرژاندبوو، بە هەر چواردەوری دونیا و بە زەریای دڵی مرۆڤەکانی تردا، خۆری بەختیاری و ئەستێرەی ئاسودەیی و ئاینی هیوا بهۆننەوە و نەخش و نیگاریان لەسەر بکێشن. ئەوان شەویان بە باشی دەناسی، هیچ شتێک هێندەی مانەوە لە تاریکیدا سەخت نیە.

ئیدی بۆ ڕەواندنەوەی ئەم ئازارە هەناسەبڕە لە دڵی کەسانی تر و هێورکردنەوەی ناسۆریەکانیان، بۆ ڕزگاری مرۆڤەکانی تر کە لە ترسی ئەم تاریکیە پەرێشان بوو بوون و دەرهێنانیان لە چنگی ئەم ئیلحاد و کوفرە زاڵمە، هەڵدەستان بە ئەنجامدانی ئەم شەوڕەویە.
بۆ ئەوەی لە شەقەی باڵ بدەن بەرەو ئازادی، ئەم هیجرەتە پڕ ناسۆر و کۆچە پیرۆزەیان ئەنجام دەدا.

مەریچ لە شاخی ریلاوە دەردەچێت، لە ناوی ماریتساوە هەڵهێنجنراوە، بە ئاڕاستەی کەناری سارۆزی دەریا ئیجە ملی ڕێگە دەگرێت و، پاشان لەگەڵ ئەویشدا یەکدەگرێت و، هەموو کاتێک بە شێوەیەک کەوا شایستە بە شانوشکۆی خۆی بێت، خوڕەی دێت و دەڕژێتە ناو ئاوی دەریاوە.
حاڵی ئەو لەم شەوە تاریکەدا، چەشنی حاڵی ئەسپێکی ڕەشی کێویە لەو کاتەی خۆی بۆ غاردان ئامادە دەکات. وەک ئەسپێکی کێوی کە لە حەیبەتاندا کەف لە دەمی دێتە خوار.

لە شەوێکی وەک ئێستادا، لەم بەلەمە چوپەدا ٩ کەس هەبوو کە پێنجیان سەر بە خانەوادەی ئاکچەبای بوون.
کاتێک سواری بەلەمەکە بوون، نیگای پڕ ترس و دڵخۆشی لەسەر ڕووخساری هەموویان بەدی دەکرا.
دەموچاوەکان بە هۆی ڕوناکی هیواوە دەگەشانەوە و لەلایەکی ترەوە بە هۆی سێبەری ترسێکەوە، تاڵ تاڵ خەم و پەژارە لەسەر ڕوخساریان دەنیشتەوە.
یەکەم کەس کە سواری بەلەمەکە بوو، قەد و باڵا بەرز، ئەسمەر، قژەکانی زەردێکی تۆخ، چاوەکانی شین و لوتێکی کەمێک گەورە، بیری مرۆڤی بە لای شێرێکی بە ویقاردا دەبرد، ئەویش ناوی مورات بوو.
پاشان منداڵێکی کەمێک ئەسمەر کەوا دەستی باوکی گرتووە و، بە قژە زەرد و تۆخەکەیەوە کە لە خوداییەوە لەلای بەشی سەرەوەی لای ڕاستی لول بووە، ئەویش کەس نەبوو جگە لە منداڵێکی تەمەن ٧ ساڵانە بە ناوی ئەحمەد ئەسەد.
پاشان منداڵێکی تر، کە دەموچاوی بە بەراورد لەگەڵ برا گەورەکەی کەمێک پانتر، بەڵام لوتێکی بچوکتر و زێدە دڵگیرتر، هێندەی ئەوەی قژە قاوەییەکەی لە ناوەڕاستدا بکات بە دوو کەرتەوە، حەزی دەکرد خۆی بە گەورە پشان بدات و لاساییان بکاتەوە، ئەویش مەسودی تەمەن ٥ ساڵ بوو، کە دەموچاوێکی سپی و قژێکی نزیک لە زەردی هەبوو.

لە دوای ئەوانەوە ژنێک کە بە یارمەتی مێردەکەی سواری بەلەمەکە بوو، برۆیەکی ڕەش، دوو چاوی ڕەش، لە پشتی دوو جامی چاویلکەیەکی گەورەوە دوو چاوی پڕ لە هیوا و، چەناگەیەکی خڕی هەبوو، ژنێکی خانومان بە ناوی مامۆستا عائیشەوە بوو.
لە باوەشی ئەویشدا منداڵێکی دەموچاو خڕتر بە گوێرەی براکانی و، چاوی گەورە، قژێکی زەردی تۆخی درێژ، منداڵێکی تەمەن یەک ساڵی بۆن خۆشی چەشنی گورزەی نور، کە ناوی بەکر ئاراس بوو…
کاتێک تەواوی سەرنشینەکان سواری بەلەمەکە بوون، ئەویش جوڵەی کرد.
لە تاریکایی قەقنەزئاسای شەو و، لە نێو کەفی دەریاچەی مەریچدا، هەریەک بە شەوقی مۆبایلێکەوە کە وێنەی چرا کزەکانی بە بیری مرۆڤدا دەهێنایەوە، دەستیان کرد بەوەی بڕۆن بەرەو پێشەوە.

لە نیشتیمان، ماڵ و حاڵی خۆیان ڕایاندەکرد. لە زوڵم، نادادی، کۆیلەیی ڕایاندەکرد. لە جیاتی ئەوەی تۆوەکانی دڵیان، نێونەمامەکانی خۆشەویستیان، ناوکی لێبوردەیان لە دڵە مس و فافۆنەکاندا بڕوێنن، ڕاستەوخۆ بەرەو دڵە ڕاستەقینەلان ملی ڕێگایان گرتبوو. مورات لەو کاتەدا، زەمانی داگیرکاری جەنگیزخانی بیرهاتەوە، کە جەلالەدین حەرزەمشاه و خانمەکەی بە ناوی نەیرییە و کوڕەکەی بە ناوی قوتبەدین هەوڵی ڕاکردنیان دەدا.
جەلالەدین حەزرەمشاه کە تەمەنێکی بۆ بڵاوکردنەوەی حەق و حەقیقەت تەرخانکردبوو، دوای ئەوەی جەنگیزخان وەک شێت وڵاتەکەی داگیرکرد و، پەلاماری ناموس و حەیسییەتی هەموو کەسێکی دەدا، لە دەست زوڵمی جەنگیز و سوپا هاربووەکەی ڕایاندەکرد.

وای لەو کاتەدا ڕوباری سیند چەندە لە ڕوباری مەریچی ئێستا دەچوو. بەڵێ ئەویش بەو شێوەیە خوڕەی دەهات. کاتێک بەرەو ئەوبەر دەپەڕینەوە ڕەشەبایەکی توند هەڵیکردبوو، دوای ئەوەی ئاوی ڕووبارەکە جۆشی سەند، بەلەمەکەیان هەڵگەڕایەوە و، پشکۆیەکی خستە ناو جەرگی جەلالەدینەوە کە هەتا کۆتایی تەمەنی خامۆش بوونی بۆ نەبێت، ڕوباری سیند هەریەک لە نەیریە و قوتبەدینی لەگەڵ خۆی برد و جارێکی دی بۆی نەگەڕاندەوە. ئاوەکە کە بە خێرایی خوڕەی دەهات، هەر زوو دایک و منداڵەکەی بەرەو لایەکی دوور توڕدا و، جەلالەدین هەرچەندە هەوڵێکی زۆریشی بە خەرج دا، بەڵام نەیتوانی ڕزگاریان بکات.

موراتیش لەم ساتە ئەم شتانەی بە ئەقڵدا هاتەوە. وتی پشتیوان بە خودا کۆتاییان بەو شێوەیە نابێت و، ڕزگاریان دەبێت و، هیوا و عەشقی ڕاستەقینە پێشکەشی هەموو مرۆڤایەتی دەکەن.
لێوەکانی خۆیی و هاوسەرەکەی بەم نزایانەوە دەلەرینەوە و، دڵەکانیشیان بەم هیوای ڕزگاریەوە لێیان دەدا، لەم ساتەشدا بەلەمە چووپەکەیان لە نێو قوڵایی ئاوی مەریچدا دەهات و دەچوو…
وەک قازێکی سپی ٣ تا ٥ خولەک بەسەر ئاوەکەدا خشان، لە پڕێکدا بەلەمەکەیان خۆی بە بەردێکدا کێشا، بە چواردەوری خۆیدا خولایەوە و دواتر خۆی ڕێک کردەوە…
بەڵام چی ڕوویدا خودایە!!!
بەلەمەکە ئاوی لێدەهاتە ژوورەوە، دوای ئەوەی خۆی کێشان بە بەردەکە، کونێکی تێبوو بوو، هەتا نیوەی پڕ بوو لە ئاو. ئەوان کاتێک خەریکی ئەوە بوون ئاوی ناو بەلەمەکە دەربکەن، دیسان گورزێکی تریان بەرکەوت، ئەمجارەیان بەلەمەکەیان هەڵگەڕایەوە، هەموویان بۆ ناو ئاوەکە قوڵپ بوونەوە.

بە هۆی ئەو گورزەی بەریان کەوت، مورات دەستەکانی لە دەستی ئەحمەد و مەسوت بەربوو کە بە توندی گوشی بوونی، لە ناو تاریکایی ئاوەکەدا لەبەرچاوی ون بوون. لەبەر ئەوەی هەموو کەسێک لە دەردی گیانی خۆیدا بوو، دەنگەکان بە ناو یەکدا تێکەڵ دەبوون. دەنگ و قیژەی منداڵەکان لەو هەرێمە خنکێنەرەدا ئەگەر یەک دوو جاریش بەرز بوویەوە، بەڵام دواجار بڕا. موڕات وەک شێت بە دوای دوو منداڵەکەیدا دەگەڕا لەناو ئەو ئاوە تاریکەدا. جلە تەڕەکانی بە شێوەیەکی بەردەوام ئەویان بەرەو قوڵایی ئاوەکە ڕادەکێشا، بەڵام ئەو هەر هەوڵی ئەوەی دەدا مەلە بکات و منداڵەکانی بدۆزێتەوە. چەشنی مەجنونی لێهات کە لە بیابانی چۆڵدا بە دوای لەیلادا دەگەڕا. مامۆستا خەدیجەش لەگەڵ بەکر کە توندی بە سنگیەوە گوشی بووی، بەردەوام نقومی ئاوەکە دەبوون ودیسان دەهاتنەوە دەرەوە، لەلایەکی تریشەوە هاواری دەکرد “فریای منداڵەکانم بکەون”.

شەوێکی تاریک، سارد، ئاوی دەریا، بەلەمێکی هەڵگەڕاوە و منداڵە ونبووەکان، چاوانی پڕ فرمێسک و دەموچاوی زەردهەڵگەڕاو، هەموویان پێکەوە کۆ بوو بوونەوە و چەشنی هاوارێک، خانەیەکی پڕ سوێ، وەک هاواری گیان دەچوون بە ئاسماندا.
پاش کەمێک لە نێو ئەو ٥ کەسەی گەشتنە کەناری دەریا، موراتیشیان لەگەڵدا بوو. بەڵام وەک هاوسەرێکی دەردەدار و باوکێکی بریندار، لەناو قوڕی کەنار دەریادا، بە فرمێسکی چاوەکانیەوە چەشنی دایکە هاجەرمان ڕایدەکرد و، هەر هاواری خەدیجە، ئەسەد، مەسوت، بەکری دەکرد…
بەڵام کەس نەبوو وەڵامی بداتەوە. مەریچ ئەوانەی لەگەڵ خۆیدا بردبوو، لە ئامێزی گرتبوون؛ چەشنی نەیریە و قوتبەدین کە ڕووباری سیند لە ئامیزی گرتن.

مەریچ جارێکی تر دەستی لێهەڵنەدەگرتن و پێی نەدەدایەوە، مورات ئەمەی باش دەزانی. دەیزانی ئەوان بۆ لای الله گەڕاونەتەوە، بەڵام مورات شتێکی تریشی باش دەزانی، چەشنی ئەو ئاوازەی بە هۆی چیلکەیەکی شکاوەوە لە تەلی سازێک بەرز دەبێتەوە، ئەو ئاواز و بەستەی خزمەتە کە بە هەموو دونیای تەنی بوو، تەواو نابێت و نابڕێتەوە و بە نیوەناچڵی نامێنێتەوە.
ئەگەرچی زاڵمەکان زوڵمیان زیاد بکەن، دۆزەخیان لەم دونیا بۆ ساز بکەن، هەزار ئەحمەد، خەدیجە، مەسوت، بەکریش لە ئاوی دەریادا نقوم ببێت، ئەم خزمەتە هەتا قیامەت هەر بەردەوام دەبێت.

ئەمەی دەزانی. لە خەیاڵی هاوسەرەکەیەوە دەیزانی، ئەو ساتەی لە ئاویش دەریانهێنا هێشتا منداڵەکە لە باوەشیدا بوو. لە دەنگ و هەناسەی دڵدانەوەی کۆرپەکەیەوە دەیزانی، کاتێک پەیامی ئاڕاستەی ویژدانی باوکی دەکرد و دەیوت” باوکە خەفەت مەخۆ، ئێمە بە ڕەحمەتی خودا گەشتینەوە”.

لە دەموچاوە زەرده شێرئاساکەیەوە، کە بە نیگا پشکۆئاساکەیەوە لەسەر ئاوەکە عەکس دەبوویەوە و سەیری دەکرد، بە دەنگی پڕ نەڕە و ناڵینیەوە دوا سوێندی خۆی دووبارە دەکردەوە و دەیوت” قالو بلی، بلی، بلی…”.

کاتێک سەریشی هەڵدەبڕی و سەیری ئاسمانی دەکرد، ئەو دەنگەی دەبیست کە پێش هەزار و ٤٠٠ ساڵ لە عەسری سەعادەتەوە، چەشنی پەلکە زێڕینە بەرەو عەرش بەرز بوو بوویەوە و لەوێشەوە هەتا ئەم ساتە دەهات ” طوبی للغرباء”، مژدە بێت لە کەسە غەریب و نامۆکان!..

35 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە