بیروڕاهەواڵ

تورکیا هاوڵاتیەکی تری لە وڵاتی کامبۆچیا ڕفاند


لە درێژەی ئەو هەڵمەتی پاکتاوی ڕەگەزیەی دەسەڵاتدارانی تورکیا بەرامبەر هاوسۆزانی خزمەت دەستیان پێکردووە، دەزگای هەواڵگری تورکیا، ئەمجارەیان هاوسۆزێکی خزمەتی لە وڵاتی کامبۆچیا ڕفاند.

عوسمان کەرەجا یەکێک لە هاوسۆزانی خزمەت کە لە هەمان کاتدا هەڵگری پاسپۆرتی وڵاتی مەکسیکە، بە هۆی چەند بەڵگەیەکی ساختەی باڵیۆزی تورکیا لە کامبۆچیا، لە چەند رۆژی ڕابردوودا دەستگیر کرا.
دوای ئەوەی باڵیۆزی تورکیا حکومەتی کامبۆچیای ئاگادار کردەوە لەوەی، کە گوایە عوسمان کەرەجا هەڵگری پاسپۆرتی مەکسیک نیە و بەڵگەنامەکانی ساختەیە، پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری پنۆمپنێهتی پایتەختی کامبۆچیا، ناوبراویان ڕادەستی تورکیا کرد.
بەڵام هەر زوو باڵیۆزی مەکسیک لە ڤیەتنام کە لە وڵاتی کامبۆچیاش مامەڵەی فەرمی لەگەڵ دەکرێت، ئەوەی ئاشکرا کرد کە قسەکانی باڵیۆزی تورکیا درۆیە و، بە شێوەیەکی فەرمی کامبۆچیایان لە ڕاستی پاسپۆرتەکەی کەرەجا ئاگادار کردەوە.

بەڵام تەواوی ئەم هەوڵانەی کەسوکاری کەرەجا و باڵیۆزی مەکسیک لە ڤیەتنام بێ هوودە بوو، چونکە کاربەدەستانی تورکیا هەر زوو ناوبراویان ڕەوانەی تورکیا کردبوویەوە.
دەزگای هەواڵگری تورکیا، هەتا ئێستا نزیکەی ١٠٠ هاوسۆزی خزمەت لە وڵاتە جیاوازەکانی دونیا بە شێوەیەکی نایاسایی ڕفاندووە و، لە زیندانەکانی تورکیادا خراونەتە ژێر ئەشکەنجەوە.

30 جار بینراوە 2 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە