بیروڕاهەواڵ

ئەو حەقیقەتانەی دەکرێنە قوربانی شێواز!. ڕاگرتنی خاتری حەق لەسەرو هەموو خاترەکانەوە!

بەشی دووهەم

بە تایبەت ئەو کەسانەی نوێنەرایەتی داواکەی پێغەمبەری خودا دەکەن، بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر دوێنراوەکانی خۆیان دابنێنن، بێ گومان پێویستیان بەوە هەیە کە لە حاڵ و هەڵسوکەتیاندا نەرمونیان بن.

دەبێت بە شێوەیەک بن، تەنانەت ئەو تەنە ئاسمانیە ئاگرینانەی لە ڕاست-چەپەوە بەسەرماندا دەبارێن، کاتێک دەگەنە ناو هەرێمی ئەوان، ورد و خاش ببن و، چێژی خۆشی تەماشاکردنی هەڵدانی فیشەکی هەوایی(طلقة تنویر)، بە دڵی بینەرانیاندا بهێنن. پێویستە ئەوان خاتری حەق لەسەرو هەموو خاترەکانەوە بگرن و، هەمیشە بە بەرزی ڕایبگرن و هەرگیز نەیکەن بە قوربانی شێواز و ئسلوبیان.

بەڵکو بە پێچەوانەوە، تەنانەت دەبێت ئسولبێکیش بەکاربهێنن، کە لایەنی دوێنراو ڕیز لەویش بگرێت.

 

ئیدی کەسانی تر چەندە ڕق و ناشرینانە مامەڵە بکەن، گەر ئەوان توانی شکاندنی ئەو حاڵ و هەڵسوکەوتە ڕەق و توندوتیژانەیان هەبێت کە ڕوویان تێدەکات،یاخود ئەو کەسانەی دوژمنایەتیان دەکەن، تەنانەت گەر ئەمڕۆش نەبێت، سبەینێ هەر بە قۆڵ و باڵی شکاوەوە دێنە لایان و داوای لێبوردنیان لێدەکەن و، دان بەوەدا دەنێن کە پێشتر نەیانناسیون”.

 

بە تایبەت ئەوانەی خۆشەویستکردنی الله و پێغەمبەرەکەیان وەک ئامانجی میسالی خۆیان لێکردووە، ئەو خۆ بەخشانەی سەری خۆیان لە ڕێگەی پێغەمبەری خودادا داناوە، لە بەرامبەر ڕووداوگەلێکدا کە سەریان سپی دەکات، پشتیان دەشکێنێت، ئۆقرەیان لێدەبرێت و خەویان لەلا حەرام دەکات، ئەوە چاک دەزانن کە لەبەر خاتری حەق گازێک لە زمانی خۆیان بگرن و لەبەر خۆیانەوە بڵێن ” لا حول”، پاشان چاک دەزانن چۆن ئەو ڕووداوانە لە ناخیاندا هەزم دەکەن و تەنانەت دەرگیر بوون لەگەڵ شێتیەکانی خۆشیاندا بە باشی دەزانن.

ئیدی هەر هەوڵێک کەوا مرۆڤ لەم کاتانەدا بە خەرجی دەدا، لەلای خوا بە عیبادەت ئەژمار دەکرێت. چونکە ئەمە هەوڵێکە بە ئاڕاستەی مرۆڤی کامڵدا. دەتوانن ئەمە بەسەرکەوتن بەسەر پەیژەشدا بشوبهێنن، مرۆڤ لەگەڵ سەرکەوتنی بەسەر هەر پلیکانەیەکدا، پاداشتێکی جیاوازی بۆ دەنوسرێت.

 

بە هەمان شێوە، کاتێک مرۆڤێک بە هۆی ئەو بەهایانەی باوەڕی پێیەتی شەڕی پێ دەفرۆشرێت، سەرەڕای ئەوەی بە هۆی ناسۆری کێشانی ئەو بابەتەوە لول و پێچ بخوات، ببێت بە دوو کەرتەوە و بناڵێنێت، لە ئازاردا ژانە سەر بیگرێت و بە دەستەکانی توند بیگوشێت، لە بەرامبەر تەواوی ئەمانەدا کۆنتڕۆڵ کردنی کردار و هەڵسوکەوتی، خۆ دوور گرتن لە پەرچەکردار و کاردانەوەی توند -چەشنی ئەوەی ئوستاد نەجیب فازڵ  دەیوت: وەک ئەوەی مێشکی لە کونی لوتیەوە بڕشێنێتەوە – بیرکردنەوەی ورد لەوەی کە چۆن تەواوی ئەم شتانە بە شێوەیەکی ماقوڵ و هێمنانە چارەسەر بکەیت، عیبادەتێکی زۆر گرنگە کەوا مرۆڤ لە الله نزیک دەکاتەوە.

 

“عەزم و خۆڕاگریەکی پێغەمبەرانە”

تەنانەت لە بەردەم پێشێلکاری سەرەکیترین مافەکان، مانەوە لەسەر ڕیزگرتنی بەها مرۆیەکان و بەجێگەیاندنی حەق، تەنانەت لە بەرامبەر پوچەڵترین و بڵحترین هزر و فکرەکانیشدا، بابەتی ئەوەی بە حەزەرێکی پێغەمبەرانەوە مامەڵە بکەیت و توشی هەڵچوون نەبیت، هەر بە ڕاستی ئەمانە تایبەتمەندیگەلێکن کە بوون بە خاوەنیان کارێکی هەروا ئاسان نیە.

مرۆڤ بۆ ئەوەی بەسەر ئەم جۆرە بارە سەختانەدا سەر بکەوێت، پێویستە لە پێش هەموو شتێکەوە، لە ڕوانگەی هەست و هزرەوە، خاوەنی ئاکار، ئیرادە، عەزم و خۆڕاگریەکی پێغەمبەرانە بێت.

 

گەر سەیری ئەو چیرۆکانە بکەین کەوا قورئانی کەریم بۆ ئێمەیان گواستۆتەوە، تەواوی پێغەمبەران لەم بابەتەدا بە نیسبەت ئێمەوە نمونەیەکی جوانن کە دەبێت چاویان لێ بکەین.

لە ڕاستیشدا ئەوان، ئەگەرچی بە شێوەیەکی بەردەوام دووچاری هێرش، سوکایەتی و ئەشکەنجەی قەومەکەی خۆیان دەبوونەوە، هەرگیز ڕێچکەی خۆیان نەگۆڕیوە و سازشیان لەسەر کەسایەتی خۆیان نەکردووە، بەردەوام بوون لەسەر نوێنەرایەتی کردنی ئەو داوایەی کە بانگەوازیان بۆ کردووە.

کاتێک سەیری گفتوگۆی نێوان ئەوان و قەومەکانیان دەکەین، ئەوە بەدی دەکەین کە هەریەکێک لەوان لە شێواز و ئسلوبی جواندا، لە خودی خۆیاندا قارەمانێک بوون.

بۆ نمونە کەسێکی وەک حەزرەتی نوح، وەک لە قورئانی کەریمیشدا ئاماژەی پێکراوە، ماوەی ٩٥٠ ساڵ لە نێو گەلەکەیدا ماوەتەوە و، چەندین ساڵ بانگەشەی ئەوانی بۆ ڕێگەی حەق و حەقیقەت کردووە. سوکایەتی پێکراوە، سەغڵەت کراوە، لێیدراوە، بەڵام هەموو کاتێک خاتری حەقی بەرز ڕاگرتووە و، بێ ئەوەی توشی توڕەیی و هەڵچون بێت، بە شێوەیەکی بەردەوام لە دەرگای ئەوانی داوە.

ئیدی هەوڵ و کۆشش و تەقەلای ئەو لەلایەک و، بەردەوامیدانی کەسانێک بە سەرلێشێواوی خۆیان، بۆتە هۆکاری ئەوەی “غیرة الله” ببزوێنێت.

 

بەڵێ، زوڵم و ناحەقی ئاستێکی هەیە کەوا دەبێتە هۆکاری غەزەب لێگرتنی ئیلاهی(غیرة الله). کاتێک ئەو سنورە بەزێندرا، ئیدی الله لێ خۆشبوونی نیە.

هەربۆیە کاتێک زوڵم و ناحەقی گەلەکەی بووە هۆکاری ئەوەی خودا غەزەبیان لێبگرێت، خودا فەرمانی پێکرد کەوا کەشتیەک دروست بکات.

تەنانەت ئەو کاتەی حەزرەتی نوح خەریکی دروستکردنی کەشتیەکەی بووە، کەسانی سەرەڕۆی قەومەکەی دەهاتن و شەڕیان پێدەفرۆشت و گاڵتەیان پێدەکرد.

 

قورئانی کەریم بەم شێوەیە باسی ئەم حاڵەی قەومەکەی دەکات:

وَيَصْنَعُ الْفُلْكَ وَكُلَّمَا مَرَّ عَلَيْهِ مَلَأٌ مِنْ قَوْمِهِ سَخِرُوا مِنْهُ قَالَ إِنْ تَسْخَرُوا مِنَّا فَإِنَّا نَسْخَرُ مِنْكُمْ كَمَا تَسْخَرُونَ * فَسَوْفَ تَعْلَمُونَ مَنْ يَأْتِيهِ عَذَابٌ يُخْزِيهِ وَيَحِلُّ عَلَيْهِ عَذَابٌ مُقِيمٌ

واتە” لە کاتێکدا نوح خەریکی دروستکردنی کەشتیەکەی بوو، کەسانێکی دیاری ناو قەومەکەی دەهاتن و گاڵتەیان پێدەکرد. ئەویش لە وەڵامدا وتی: ئێستا ئێوە گاڵتە بە ئێمە دەکەن، بێ گومان ڕۆژێک دێت کە ئێمەش گاڵتە بە ئێوە دەکەین. بەم نزیکانە بە چاوی خۆمان ئەو سزا ڕسواکەرە دەبینین کە بەڕێوەیە و، پاشان سزای هەمیشەیی ڕۆژی دوایش دەبینین کە بەسەر کێدا دەسەپێندرێت”.

 

تەنانەت لەو کاتەی سزای گەلەکەی نزیک بوو بوویەوە و، قەومەکەشی هێشتا دەستیان لە کوفر، ئیلحاد، عینادی و سەرکەشی هەڵنەگرتبوو، هەروەها گاڵتە پێکردنیان لە هەموو فرسەتێکدا، وای لە حەزرەتی نوح نەکرد کەوا شێوازی مامەڵەی خۆی لەگەڵ ئەواندا بگۆڕێت.

کاتێک لە دروستکردنی کەشتیەکەش تەواو بوو، کەسانی ئیمانداری بانگهێشتی ناو کەشتیەکە کرد و دەستی بە چاوەڕوانی بڕیاری ئیلاهی کرد.

 

تەنانەت لەو کاتەی لە ئاسمانەوە چەشنی ئەوەی بە سەتڵ ئاو بکەیتە خوارەوە باران دەباری و، لە بنی زەویشەوە چەشنی کانی ئاو هەڵدەقوڵا، ڕووی نەکردە قەومەکەیی و پێیان بڵێت ” دە بخۆن دەردتان بێت، ئێوە نەبوون دەتانوت لافاو هەڵناستێت”.

تەنانەت لەو کاتەی ئاوەکە بە تەواوی بەرز بوویەوە، ڕووی لەو کوڕەی کرد کە ئیمانی پێنەهێناوە و وتی:

 يَابُنَيَّ ارْكَبْ مَعَنَا وَلَا تَكُنْ مَعَ الْكَافِرِينَ

 

کوڕم لەگەڵ کافران مەمێنەرەوە و لەگەڵ ئێمە وەرە!…

کاتێک سەیری ئەم گفتوگۆیەی نێوانیان دەکەین، ئەوە دەبینین کە لەو کاتەشدا دەستبەرداری وتەی شیرین، حاڵ و هەڵسوکەوتی جوانی خۆی نەبووە.

 

ئارامگری و لێبوردەیی فەزیلەتە

ئاشكرایە قورئانی کەریم فەرموویەتی:

 

وَإِنْ عَاقَبْتُمْ فَعَاقِبُوا بِمِثْلِ مَا عُوقِبْتُمْ بِهِ

 

واتە گەر سزای کەسێکتان دا، ئەوا بە ڕادەی ئەو زیانەی بەر ئێوە کەوتووە، سزای کەسەکە بدەن.

بەم شێوەیە ئەم ئایەتە ڕێگەی داوە بە شێوەیەکی هاوتا وەڵامی کەسەکان بدەینەوە. بەڵام لە درێژەی هەمان ئایەتدا خودای گەورە دەفەرموێت:

وَلَئِنْ صَبَرْتُمْ لَهُوَ خَيْرٌ لِلصَّابِرِينَ

واتە گەر ئارامبگرن و تۆڵە نەکەنەوە، ئەوا ئارامگری خێری زیاتری تێدایە بۆتان و فەزیلەتە؛ بەم شێوەیە هەڵسوکەوتێکی کامڵترانەمان پشان دەدا.

 

هەروەها لەم ڕوانگەیەشەوە دەبێت ئاماژە بەوە بکەین، کە ڕەفتارگەلێکی ناشرین، قێزەون و سوک، یاخود ئەزیەت و ئەشکەنجەدانی کەسانی تر، بە هەمان شێوە وەڵامدانەوەیان ڕێگە پێدراو نیە. دەبێت دان بە خۆتدا بگریت و، دیسان فرێکانسی خۆت ڕێک دەخەیتەوە و، بە ناوی دۆزینەوەی دەنگێکی گونجاو ، خۆت بە ناوی عەیاردانێکی جددیدا ببەیت، جارێکی تر هەستی دوێنراوەکانت دەخوێنیتەوە، بە باشی حسابی ئەوە دەکەیت کە هەموو هەنگاوێکت چۆنی ڕەنگدانەوەی دەبێت، پاشان بە گوێرەی ئەمە دروستترین هەنگاو هەڵدەگریت و، تەنیا لەم کاتەشدا ئەو کارە ئەنجام دەدەیت کە قورئان بە باشی داناوە.

خۆ گەر زیاتر بابەتەکە بکەینەوە، کاتێک قورئانی کەریم ڕێگە بە تۆڵەی هاوشێوە دەدات، ئەم مۆڵەتە تەنیا بۆ کەسانی لاواز ڕێگە دراوە و پێویستە ئەم مۆڵەتە بەم شێوەیە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت.

چونکە لە درێژەی ئایەتەکەدا، سەبارەت بەو کەسانەی هیمەتێکی بەرزیان هەیە و خۆیان لە ئاستێکی بەرزدا دەبیننەوە، ڕێگای ئارامگری پشان داون.

هەربۆیە ئەوەی لەسەر شانی کەسانی ئیماندارە، بریتیە لەوەی هەوڵی بوونە خاوەنی هیمەت و ئارامگریەکی پێغەمبەرانە، بدەن.

 

بە سیفەتێکیش کەوا دەرگای وەحی داخراوە،  لەمەو دوا بوونی کەسێک بە پێغەمبەر مومکین نیە. بەڵام هەموو مرۆڤێک دەتوانێت هەوڵی ئەوە بدات کە خۆی بکات بە خاوەنی ئەخلاق و سیفاتی بەرزی پێغەمبەرئاسایانە.

 

“دوو قات نەکردنی موسیبەتەکان”

لایەنێکی تری بابەتەەش ئەوەیە:

هەندێک کەس بە هۆی ئەوەی لە ڕوانگەی بنەماکان و ئسلوبیشەوە هەڵەیان کردووە، لەوە دەچێت هەندێک وێرانە لە دوای خۆیان بەجێبهێڵن. بابەتی ئەوەی کە چۆن هەڵسوکەوتێک لەگەڵ ئەم جۆرە مرۆڤانەدا ئەنجام دەدەیت، دیسان بابەتێکە پەیوەندی بە ئسلوبەوە هەیە.

 

گەر  بە هۆی هەندێک لەو ناڕەحەتیانەی بەسەرمان  هاتووە، ڕێگەی تاوانبارکردنی ئەوان بگرین و بڵێین” بە هۆی تۆوە ئەم شتانەمان بەسەر هات، تۆ گەر فڵان شتت نەکردایە و فڵان شتت نەگووتایە، ئەوا هیچ کام لەم شتانەمان بەسەر نەدەهات”، دیسان لە ڕوانگەی ئسلوبەوە کارێکی هەڵەیە. ئەم جۆرە تاوان دانە پاڵ کەسانی تر، موسیبەتەکان دوو هێند زیاد دەکەن، ئازار و کارەساتەکان گەورەتر دەکەن.

 

دەشێت هەندێک کەس لە ڕوانگەی شێوازەوە هەڵەیان کردبێت، تەنانەت دەشێت ئەمە هەڵەیەشی زیانی بە بنەماکانیش گەیاندبێت، ئەوەی لەم بابەتەدا پێویستە ئەنجامی بدەین ئەوەیە:

پەند و وانەیەکی لێ وەربگرین و جارێکی تر هەمان هەڵە ئەنجام نەدەینەوە.

ئەگینا گەر بە هۆی هەندێک هەڵەوە کە ڕوویانداوە و زیانیان پێگەیاندووین، دەست بکەین بەوەی تانە و تەشەر لە بەرامبەرەکەمان بدەین، مرۆڤەکان زویر دەکەین و دۆستەکانمان دەتۆرێنین و هێزی مەعنەوی خۆمان لەق دەکەین.

لەم بابەتەشدا ئەو ئایەتە کەریمەی لە دوای جەنگی ئوحود دابەزی و مامەڵەی سەردارمان لەگەڵ هاوەڵانی خۆی، زۆر شت بە ئێمە دەڵێن.

 

وەک دەزانن سەردارمان لە پێش دەستپێکردنی جەنگەکەدا، چەند تیرهاوێژێک لەسەر شاخەکەی پشتیانەوە دادەنێت و چەند جارێک هۆشدارییان دەداتێ کە بە هیچ شێوەیەک شوێنی خۆیان جێنەهێڵن.

بەڵام ئەوان لەبەر ئەوەی بە تەواوی لە وردەکاری بابەتی گوێڕایەڵی فەرمانی پێغەمبەری خودا تێنەگەشتبوون، کاتیک بینییان دوژمن شکاوە و ڕادەکات، هەر زوو وایانزانیوە جەنگەکە کۆتایی هاتووە و بە هۆی ئەم هەڵەیەوە لەو ئیجتیهادەی ئەنجامیاندا، بە مەبەستی کۆکردنەوەی غەنیمەت لە شوێنی خۆیان هاتنە خوارەوە. بەڵام شتێک لەو نێوەندەدا هەبوو کە حسابیان بۆ نەکردبوو، کەسێکی وەک حەزرەتی خالید کە خاوەنی بلیمەتیەکی سەربازی بێ وێنە بوو، زۆر بە باشی  ئەم هەلەی قۆستەوە و لە پشتەوە هێرشی کردە سەر سوپای موسوڵمانان و پشتی لێگرتن. پاشان ٧٠ هاوەڵی پێغەمبەری خودا لەوێدا شەهید بوون و، کەسێک نەما لەو نێوەندەدا بریندار نەبووبێت و تەنانەت دەموچاوی تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی بریندار کرا و ددانەکانی شکێندران.

لە بەرامبەر تابلۆیەکی لەم شێوەیەدا، دەشێت هەندێک ڕەخنە بە ئەقڵی هەموو کەسێکدا بێت. لە ڕاستیشدا لەم بابەتەدا شتێک ڕوویداوە کە دەتوانیت تاوانەکەی بخەیتە ملی چەند کەسێک. دەیتوانی لە بەرامبەر ئەم ڕووداوەدا بڵێت ” تەواوی ئەم شتانە خەتای فڵان و فیسار بوو”.

دەیتوانی گلەیی لە هاوەڵانی خۆی بکات.

دەیتوانی بەسەر حەزرەتی ئەبوبەکر، عومەر، عوسمان و عەلیدا بقیڕێنێت و هەر لەوێدا ئاژاوە و پشێویەکی گەورە ڕووی بدایە.

 

سەرئەنجامی تەواوی ئەمانە، جەنگی ئوحود کە بە نیوە دۆڕان و نیوە سەرکەوتن کۆتایی هات، کارەساتێکی گەورەتری لێدەکەوتەوە.

بەڵام جەنابی حەق لە ڕێگەی دابەزاندنی ئەم چەند ئایەتەوە، بەری بە ئەگەری ڕوودانی کێشەیەکی لەو شێوەیە گرت و پاشان بۆ داهاتووش پەیامێکی لەم شێوەیەی پێدان:

 

فَبِمَا رَحْمَةٍ مِنَ اللَّهِ لِنْتَ لَهُمْ وَلَوْ كُنْتَ فَظًّا غَلِيظَ الْقَلْبِ لَانْفَضُّوا مِنْ حَوْلِكَ فَاعْفُ عَنْهُمْ وَاسْتَغْفِرْ لَهُمْ وَشَاوِرْهُمْ فِي الْأَمْرِ فَإِذَا عَزَمْتَ فَتَوَكَّلْ عَلَى اللَّهِ إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ الْمُتَوَكِّلِينَ

 

بە هۆی ڕەحمەتێکەوە کە لەلایەن پەروەردگارتەوە هاتبوو، بە شێوەیەکی نەرنمونیانانە مامەڵەت لەگەڵ کردن، خۆ گەر کەسێکی قسە ڕەق و دڵ ڕەق بوویتایە، بێ گومان لە چواردەورت بڵاوەیان دەکرد. هەربۆیە لێیان ببورەو داوای لێخۆشبوونیان بۆ بکە. لە کاروباری گشتیشدا ڕاوێژیان پێبکە. هەرکاتێک بڕیارت لەسەر شتێک دا، پشت بە الله ببەستە، چونکە الله کەسانی پشتبەستوو بە خۆی، خۆش دەوێت”.

جەنابی حەق دوای ئەوەی سەردارمان بە کەسێکی دڵ نەرم پێناسە دەکات، ئاماژە بە حەقیقەتێکی تر دەکات و دەفەرموێت” خۆ گەر تۆ کەسێکی دڵ ڕەق بوویتایە، ئەوا لە چواردەورت بڵاوەیان دەکرد”.

بەم شێوەیە هەم سەرنجمان بۆ گرنگی مامەڵەی نەرمونیانانە ڕادەکێشت و لەلایەکی ترەوە سەرنجمان بۆ ئەگەرەکانی سەرئەنجامی مامەڵەی ڕەق و توندوتیژانە ڕادەکێشێت.

هەر بە هێندەشەوە ناوەستێت، بەڵکو فەرمان بە سەردارمان دەکات کەوا لە هاوەڵانی خۆش ببێت و چاوپۆشی لە کەموکورتیەکانیان بکات و، داوای لێخۆشبوونی پەروەردگاریشیان بۆ بکات.

هەروەها سێهەم فەرمانیش کە بە سەردارمانی دەکات ئەوەیە هەموو کاتێک لە کاروباری گشتیدا ڕاوێژیان پێبکات.

واتە پێغەمبەری خودا کە سەرئەنجامی ڕاوێژکردن بە هاوەڵانی ڕازی بوو بەوەی لە ئوحود بەرەنگاری کافران ببێتەوە، لە دوای تەواوی ئەو کارەساتەی بەسەریان هات، دیسان فەرمانی ڕاوێژکردن بە هاوەڵانی پێدەکرێتەوە.

لە ڕاستیشدا الله بە گەورەیی خۆی، لە ڕێگەی ئەم ئایەتەوە وانەیەکی زۆر جوانی ئسلوبمان پێدەڵێتەوە.

لەم ڕێگەوە ئەو وانەیەمان پێدەدات، لە کاتی ڕوودانی هەڵە و کەموکورتی لەلایەن هەندێک کەسەوە کە ببێتە هۆی ڕوودانی فیاسکۆیەک، بە چی شێوازێک مامەڵە بکەین.

ئەو  وانەیەمان پێدەدات، لە ڕێگەی تاوانبارکردنی مرۆڤەکانی چواردەورمانەوە، ئەو موسیبەتەی بەسەرمان دێت، دوو هێندی نەکەین.

 

پەنا بردن بۆ نزا:

لەوە دەچێت ئەو تایبەتمەندیەی کە دەبێت لە سەرەتاوە ئاماژەی پێبدەین ئەمە بێت:

ئەگەر ئێوە خوازیاری ئەوە بن، کەسێک بە بەهاکانی خۆتان بناسێنن و بیهێننە سەر ڕێگا ڕاستەکە، پێش هەموو شتێک دەبێت داوای ئەمە لە پەروەردگارتان بکەن.

گەر شەوانە لەبەر خاتری ئەوان ٥ تا ١٠ جار هەڵنەستن و سەرتان نەخەنە سەر زەوی و نەڵێن” پەروەردگارا لێت دەپارێمەوە، هیدایەتی فڵان و فیسار بدە”، ئەمە واتای ئەوە دەگەیەنێت لەو بابەتەدا وەک پێویست سەمیمی و ڕاستگۆ نین.

هەربۆیە الله لە کەلامە ئەزەلیەکەی خۆیدا دەفەرموێت:

لَوْ أَنْفَقْتَ مَا فِي الْأَرْضِ جَمِيعًا مَا أَلَّفْتَ بَيْنَ قُلُوبِهِمْ وَلَكِنَّ اللَّهَ أَلَّفَ بَيْنَهُمْ

 

گەر تۆ هەرچی لەسەر زەویدا هەیە بتبەخشییایە لە پێناو ئەوەی دڵەکانیان ڕێک بخەیتەوە، ئەوا توانای ئەنجامدانی کارێکی لەو شێوەیەت نەبوو، بەڵام الله بە گەورەیی خۆی دڵەکانی یەکخستن”.

 

مادام دڵەکان لە دەستی خودادان، ئەوەی ڕێکیان دەخات و بەرەو هیدایەتیان دەبات، هەر الله یە.

لەم ڕوانگەیەشەوە پێویستە نزای وتەیی فەرامۆش نەکەین و، پاشان ئەو شتانەی لە الله داوای دەکەین، وەک مرۆڤێک ئەوەی لە دەستمان دێت، لە ڕووی کردەییەوە ئەنجامی بدەین.

بە دەربڕینێکی تر:

بابەتی شێواز و ئسلوب کە بابەتێکی لاوەکیە، لە پێناو ئەوەی نەیکەینە هۆکاری ڕوخاندنی بنەما سەرەکیەکان، پێویستە زۆر بە حەزەر و دیقەتەوە هەنگاو هەڵبگرین، وەک چۆن پێویستە بەوە دەکات ئەقڵ و لۆجیک هەتا دوا ڕادە بەکاربهێنین، لە هەمان کاتدا پێویستە بەوەش دەکات لە ڕوانگەی دڵ و ڕۆحەوە ڕوومان لە الله بێت و، پەنابردن بۆ ئەو و داواکردنی یارمەتی لەو فەرامۆش نەکەین.

پێویستە هەمیشە لە نزاکانتدا بڵێیت” پەروەردگارا دەمەوێت باسی تۆ و خۆشەویستەکەی تۆ بۆ مرۆڤەکان بکەم، مەهێڵە بکەومە ناو هەڵەوە”.

 

 

 

 

 

 

 

 

39 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە