بیروڕاهەواڵ

ئەو حەقیقەتانەی دەکرێنە قوربانی شێواز!

 

 

پرسیار: لە زۆرێک لە وتارەکاندا ئاماژە بەوە دەکەن کە ” نابێت بنەماکان بکرێنە قوربانی شێواز”، دەتوانن ڕوونکردنەوەی زیاتر لەسەر ئەم بابەتە بدەن؟

 

وەڵام: زاراوە ئصول(بنەماکان)، لە زمانی عەرەبیدا وەک سیغەی کۆی زاراوە بنەما(اصل) بەکار دێت. ئەم زاراوەیەش لە هەریەک لە زانستەکانی ئیسلامیەکانی چەشنی حەدیس، فیقه، کەلام، تەسەوف، بە گوێرەی ئەو کایە زانستیەی تێیدا بەکار هاتووە، واتای زاراوە و چەمکەکانی جیاوازیان بە خۆیانەوە بینیوە.

بەڵام لە ڕوانگەی واتای گشتیەوە، بە واتای بنەماکانی باوەڕ، حوکمە چەسپاوەکانی دین، بنەما سەرەکیەکانی ئاینی ئیسلام، دێت.  

گەر ئێمە لێرەدا سەیری ئەو وشەی “ئصول” ە بکەین کە لەسەرەوە ئاماژەی پێدراوە و چوارچێوەکەی فراوانتر بکەین، ئەوا بریتیە لە بنەما سەرەکیەکانی ئیمان لە ئیسلامدا و، ئەو شتانەی فەرمانی بە ئەنجامدانیان کراوە لەگەڵ ئەو شتانەی کە ئەنجامدانیانی قەدەغە کراوە.

 

ئسلوبیش بریتیە لە شێوازی ئەو حاڵ، قسە، ڕەفتار و مامەڵەیەی ئێمە ئەنجامی دەدەین، لە کاتی پێشکەش کردنی ئەم بابەتە بە مرۆڤەکان.

هەربۆیە ئەمە، بە تایبەتی لەلای ئەو کەسانەی دڵیان بە خزمەتی ئیمان و قورئان بەخشیوە، پێویستە لە هەموو کردەوە و چالاکییەکیاندا سەرنجی لێبدەن و، ڕاستگۆیانە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن و، چونکە ئەم بنەما و دیسپلینێکی زۆر گرنگی چۆنیەتی ئەنجامدانی کارەکانیانە.

بۆ نمونە حەقیقەتی “لا اله الا الله، محمد رسول الله” لە ڕوانگەی کەسانی ئیماندارەوە بنەمایەکی سەرەکیە کە پێویستە هەردەم پێوەی وابەستە بن و هەرگیز سازشی لەسەر نەکەن.

لە ڕاستیشدا ئەوە یەکەم ڕوکنی ئیسلامە.

ئایا ئەم حەقیقەتە کە پێویستە لە دڵماندا جێگیری بکەین و وەک بەشێک لە قوڵایی سروشتمانی لێبکەین، کاتێک دەمانەوێت بە کەسانی تری بگەیەنین، چۆنی پێیان بگەیەنین؟

 

ئا لێرەدا شێواز یاخود ئسلوب دێتە کایەکەوە. گەر ئێمە لەم بابەتەدا، شێوازێکی گونجاو بەکارنەهێنین، بە پێچەوانەوەی ئەو ئامانجەی هەمانە، لەوە دەچێت شەپازلە بخۆین.

تەنانەت گەر ئامانجی ئێمە ئەوەش بێت کە الله و پێغەمبەرەکەی لەلای مرۆڤەکان خۆشەویست بکەین و پێیان بناسێنین، بەڵام بە هۆی شێوازی هەڵەوە، دەشێت بیانکەین بە دوژمنی خودا و پێغەمبەر.

هەربۆیە دەشێت بە ناوی بونیادنانەوە زۆر وێرانکاری بێتە مەیدانەوە و، ئەنجامدانی یەک هەڵە لەو شێوازەی دەیگرینە بەر، لەوە دەچێت بنەمایەکی زۆر گرنگ تەختی زەوی بکات.

 

تەنانەت گەر ئێوە بە عەشق و هەیەجانی الله و پێغەمبەرەکەیەوە ئاگرتان گرتبێت و بسوتێن، یاخود ئامادەیی قڵیش تێبوونتان تێدا بێت، هێندەی ئەوەی شەوانە خەوتان لێ بزڕێت عەوداڵی ناساندنی ناوی ئەوان بن بە مرۆڤەکان، تەنانەت گەر هەست و هزرێکی لەم شێوەیەشتان هەبێت، بەڵام لە ڕێگەی سیستەمێکی دیاری کراو و لۆجیکێکی ڕاستەوە نەتوانن ئەمەیان پێ بگەیەنن، خۆ پەرۆشکردنتان لەم بابەتەدا هەروا بە بەلاش دەڕوات و، بێ هودە خۆتان توشی ئەو هەموو ناسۆری کێشانە دەکەن.

تەنانەت ئەم حەقیقەتە گرنگەی ئامادەن لە پێناویدا بەوپەڕی خۆشحاڵیەوە گیانتان فیدا بکەن، دەبینن نرخ و بەهای لە دەستداوە و، نەک هەر هێندە، تەنانەت دەبینن خراوەتە ژێر پێکان و، دواتر بە ئازارەوە قوم لە دڵشکاوی ئەو بابەتە دەدەن.

 

 

ناسینی دوێنراو:

بە هەمان شێوە خستنە ڕووی کارە چاکەکان(معروف) و، ئاگادارکردنەوەیان لەو شتانەی نەرێنین(منکر)، لە زۆر ئایەت و حەدیسدا ئاماژەی پێکراوە و بەرپرسیارێتیەکی گەورەی دینە کە فەرمانی پێکراوە.

بۆ نمونە لە یەکێک لە حەدیسەکانی سەردارماندا، فەرمایشتی بەم شێوەیەیە:

مَنْ رَأَى مِنْكُمْ مُنْكَرًا فَلْيُغَيِّرْهُ بِيَدِهِ، فَإِنْ لَمْ يَسْتَطِعْ فبِلِسَانِهِ، فَإِنْ لَمْ يَسْتَطِعْ فَبِقَلْبِهِ وَذٰلِكَ أَضْعَفُ الْإِيمَانِ

واتە هەرکام لە ئێوە کارێکی خراپی بینی، ئەوا با بە دەستەکانی چاکی بکاتەوە، خۆ گەر توانای کارێکی لەو شێوەیە نەبوو، ئەوا با ڕێنمویی و هۆشداری بدات، خۆ گەر تەنانەت دەسەڵاتی ئەمەشی نەبوو، ئەوا با لە دڵیەوە پێی ناخۆش بێت، ئەمەش لاوازترین ئاستی ئیمانە”.

کەواتە بانگهێشتکردنی مرۆڤەکان بۆ ئەو کارانەی لەلای پەروەردگاریان پەسەندە و، ڕێگری لەو کارانەی لە زانستی ئیلاهیدا بە شتی خراپ باس کراون، بە دەربڕینێکی تر هەڵگرتنی ئەو کۆسپانەی لە نێوان بەندەکان و الله دا هەیە، فەراهەمکردنی گەشتنی دڵیان بە الله، لە ئیسلامدا بنەمایەکی گرنگە و،  یەکێکە لە ڕیزی ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتیانەی کە پێویستە ئەنجام بدرێن.  

گەر هەموو بابەتێکی پەیوەندیدات بە دینەوە وەک “بنەما” وەربگرین، بۆ ئەوەی ئەم بنمایانەش لەلایەن دوێنراوەکانمانەوە قبوڵ بکرێن، ئەوا پێویستە بە شێوازێکی دروست لەسەریان بوەستین. بۆ ئەم مەبەستەش لە پێش هەموو شتێکدا پێویستە ئەو کەلتورەی کە دوێنراوەکەی تێدا گەورە بووە و جیهانی بیرکردنەوەی، بە باشی بزانین و بە دیقەتەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەین.

پاشان بە شێوەیەک بابەتەکە بخەینە ڕوو کە لایەنی هەستیاری و دەماری دوێنراوەکەمان بریندار نەکات، هەتا بکرێت بە شێواز و ئسلوبێکی نەرمونیان بابەتەکە بخەینە ڕوو.

بە تایبەتیش لە کاتی هەوڵدان بۆ بردنەوەی دڵی ئەو مرۆڤانەی کە بۆ جاری یەکەم دەبنە دوێنراوی تۆ، پێویستە زۆر بە حەزەر و دیقەتەوە مامەڵەیان لەگەڵ بکەین و، دانایانە هەنگاویان لەگەڵدا هەڵبگرین. چونکە گەر شێوازی دروست نەگریتە بەر، ناتوانیت بەو ئامانجە بگەیت کە دەتەوێت پێی بگەیت.

دوای ئەوەی لە دوێنراوەکەتدا هەستی نەرێنیت بەرامبەر خۆت وروژاند، ئیدی ڕاست کردنەوەی ئەم جۆرە هەستانە، کارێکی زۆر سەختە.

 

گەر لە یەکەم تێڕوانیندا، هەڵسوکەوت و ڕەفتارێکی چەشنی “مس” ت خستە ڕوو، ئیدی دوای ئەوەی وشەگەلێکی چەشنی لەعل و گەوهەریشیان پێ بڵێیت، لە گۆڕینی تێڕوانینی ئەواندا توشی ناڕەحەتی دەبیت.

گەر دەتانەوێت ئەو گەوهەرەی لە دەستاندایە وەک مس سەیری نەکرێت، ئەوا بێ گومان دەبێت هەوڵی پەیداکردنی ئسلوبێکی گونجاو بدەن.

 

ئیدی حاڵی مرۆڤەکەی بەردەممان هەر چۆنێک بێت، حەز دەکەیت با کەسێک بێت کەوا دیلی هەوا و ئارەزوەکانی بوو بێت، هەروەها یەکێک بێت کە بە هیچ شێوەیەک هەوڵی خۆ ڕزگارکردن لەو پەلەقاژەکردنە نەدات کە تێیکەوتووە، بە هیچ شێوەیەک نابێت هەڵە و کەموکورتیەکانی لە دەموچاوی بدرێتەوە.

بۆ نمونە گەر بڵێیت” تۆ بە گوێرەی هەوا و ئارەزوت مامەڵە دەکەیت و زۆر لە الله دوور کەوتویتەوە، ناکرێت دەست لەمانە هەڵبگریت و ڕوو لە الله بکەیتەوە؟”، گەر هەڵەیەکی لەم شێوەیەت لە ئسلوبدا ئەنجامدا، ئەوا ئەو بنەمایەی دەتەوێ بیگەیەنیت، بە دەستی خۆت ڕووخاندوتە.

 

تەنانەت ئسلوبێکی لەو شێوەیە، تەواوی دەرگە و پەنجەرەکانت بەسەردا دادەخات و، دەبێتە هۆکاری ئەوەی ڕێگری لە هەر هەنگاوێکیشدا بکات، کە لە داهاتوودا دەتەوێت هەڵیبگریت.

بەم شێوەیە مەوداوی هەنگاو هەڵگرتنی خۆتان بەرتەسک دەکەنەوە و، ئەو ڕێگایەی دەتانەوێت بیگرنە بەر، بە شێوەیەکی لێدەکەن کە چیدی بۆ ڕۆشتن بەردەست نەبێت.

 

با لە ڕێگەی نمونەیەکی ترەوە بابەتەکە زیاتر ڕوون بکەینەوە، بۆ نمونە لە دادگایت  و لە بەردەمتدا دادوەرێکی کوێر هەیە، گەر بەو دادوەرە بڵێیت” ئەی دادوەری کوێر، بێ ئەوەی گوێ لە ئێمەش بگریت، لە بارەی ئێمەوە حوکم مەدە، گەر حەقیقەتەکان لەلایەن تۆشەوە نادیدە بگیرێن، ئێمە هەر دەیانبینین و چاومان لەسەریانە”، ئەوا بە پێچەوانەی ئەو ئامانجەی هەتە، شەپازلە دەخۆیت. تەنانەت گەر دادوەرەکە لە کاتی ئاسایدا بەرامبەر ئێوە بڕیارێکی دادپەروەرانە و حەقانیەتیش پەیڕەو بکات، ئەمجارەیان سوود لە مەتاتی بوونی یاساکان دەبینێت و بە شێوەیەک بریار دەدات کە گیانی ئێوە دەربکێشێت.

دەشێت هەندێک جار ڕوو بە ڕووی هەندێک کەسی مولحید ببنەوە کە حەق و حەقیقەت بە تەواوی ڕەت دەکەنەوە، یاخود ڕوو بە ڕووی هەندێک کەسی مورتەد و دوردونگ ببنەوە، هەندێک جاریش ڕوو بەرووی کۆمەڵێک کەسی ئیماندار ببنەوە کە دەیانەوێت لە ڕێچکەیەکی جیاوازدا پەیڕەوی لە دینەکەیان بکەن.

 

هەربۆیە پێویستە هەر لە سەرەتاوە، کەسی دوێنراوی خۆمان بە باشی بزانین، لە ڕووی ئەو مەزاج و مەشرەبەی هەیەتی بە باشی بیناسین، ئەو کەشوهەوا کەلتوریەی تێیدا گەورە بووە بە باشی بیخوێنینەوە و لە کاتی بیرکردنەوەدا خۆمان بخەینە شوێنی ئەو و بەم شێوەیە لێی نزیک ببینەوە.

دوای ئەوەی بە باشی کێشانە و پێوانەی تەواوی ئەم بابەتانە دەکەیت، پێویستە بڕیار لەسەر ئەوەش بدەیت کە بە چی شێوەیەک دەست بە قسەکانت دەکەیت، کام ئارگومێنت بەکار دەهێنیت، بەکارهێنانی کام زمان کارێکی گونجاوە.

بۆ نمونە گەر لەگەڵ کەسێکی نکوڵیکاردا قسە بکەیت و بڵێیت” کورە ئەم هەموو بەڵگە ئاشکرا و ڕوونە لەسەر بوونی الله و تاکێتی ئەو هەیە، تۆ لەبەرچی نکوڵی لێدەکەیت، واز لە ئینکاری و گومڕایی بهێنە و بڵێ لا اله الا الله” گەر بەم شێوەیە دەستت بە قسەکانت کرد، ئیدی دوێنراوەکەتان گوێکانی بە ڕووی قسەکانی ئێوەدا دادەخات، پاشان هەر قسەیەکی تری بۆ بکەیت، بەرامبەریان کوێر، کەڕ و ناحاڵی دەبێت.

تەنانەت نان خواردنیش لەسەر سفرە و خوانێک، پێویستی بە ئسلوبی تایبەت بە خۆی هەیە. بە هەمان شێوە، کاتێک دەتەوێت بابەتێک لە دوێنراوەکەی بەرامبەرت بگەیەنیت، گەر ئاداب و ئەرکانی ئەو بابەتە ڕەچاو نەکەن، ئەوا دەبنە هۆکاری ئەوەی پەنجەرەکانیان بە ڕووی وتە لەعل و گەوهەرئاساکانی دواتریشتاندا دابخەن.

جەنابی حەقیش فەرموویەتی:

وَلاَ تَسُبُّوا الَّذِينَ يَدْعُونَ مِنْ دُونِ اللهِ فَيَسُبُّوا اللهَ عَدْوًا بِغَيْرِ عِلْمٍ

 

ئێوە جوێن بە بتی کافران مەدەن، دواتر ئەوانیش نەزانانە و دوژمنانە جوێن بە الله دەدەنەوە…

 

واتە گەر ئێوە جوێن بە بتەکانی چەشنی لات، مەنات، عوزا، نائیلە و ئیساف بدەن، ئەوا دەرگای هێرش  و سوکایەتی بەرامبەر ئەو بەهایانەی خۆت باوەڕت پێیەتی، دەکەیتەوە.

سەرئەنجام ئەوانیش بە گوێرەی ئەو هەلومەرجە کەلتوریەی تێیدا گەورە بوون، بەهاکانیان پەسەند کردووە و بە ئاسانیش دەستبەرداری نابن.

 

گەر ئێوە لە پاڵ ئەوەی باوەڕی ئەوان بە پوچەڵ بزانن و لە هەمان کاتیشدا بێ ڕێزیان بەرامبەر ئەنجام بدەن، ئەوا ناتوانن ڕیزی ئەوانیش لە بۆ بەهاکانی خۆتان بپارێزن. واتە زۆر گرنگە بە گوێرەی پێگەی دوێنراوەکەت شێوازی پێشکەش کردنی بیروڕای خۆت هەڵبژێریت.

دەبێت زۆر بە باشی ئەوە بزانن کە ئەوان بە چی جۆرە دەربڕین، وشە و چەمکگەلێک ناڕەحەت دەبن، پاشان بزانن کە چۆن دەست بە قسە دەکەن و بەردەوامی پێدەدەن و چۆنی بیرکردنەوەتان دەهۆننەوە و هتد… لە پێش دەستکردندا بە قسە حسابتان بۆ تەواوی ئەمانە کردبێت.

 

دەتوانین تەواوی ئەمانەی سەرەوە بەم قسەیەی حەزرەتی پیرەوە ببەستینەوە کە دەفەرموێت:

” ئەوەی تۆی لەسەریت حەقە و، با هەمووقسەکانت هەر حەق بێت، بەڵام ئەوەش بزانە کە حەقی کردنی هەموو قسەیەکی حەقت نیە! دەبێت هەرچیەکت وت حەق بێت، بەڵام ئەمە واتای ئەوە نیە کە هەموو حەقێک بڵێیت”.

کەواتە کەسی ئیماندار دەبێت هەموو قسەیەکی حەق بێت، واتە ملیم بە ملیمی قسەکانی لەگەڵ حەقیقەتدا یەک بێتەوە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت، لە هەموو شوێنێکدا و لە بەرامبەر هەوو جۆرە کەسێکدا، ئەوەی بە حەقی دەزانێت، دەریبڕێت!

بە تایبەت ئەو کاتەی حەقیقەت لایەنی بەرامبەر توشی کاردانەوە بکات، وەهای لێبکات بەرامبەر ئێوە پەرچەکردار پشان بدات، واتە ئەو حەقیقەتانەی ئێوە کە نرخیان چەشنی مرواریەکی ناسکە و دەشێت وتەکانتان دایبەزێنێت بۆ ئاستی مس و فافۆن، باشتر وەهایە هەر لە هەگبەی خۆتاندا بمێنێتەوە و نەیخەینە ڕوو.

دەبێت مرۆڤ بڵێت” هەموو شتێک کاتی دیاری کراوی خۆی هەیە” و لە بەرامبەر ڕووداوە شێتکەرەکانی زەمانەدا دان بە خۆیا بگرێت و ئارامگر بێت. لە ڕاستیشدا زۆرێک لەو ڕاستیانەی وتنیان لە سەرەتاوە دەبێتە هۆی ڕەد کردنەوەیان، لە کاتی خۆیدا بە خۆشحاڵیەوە قبوڵ دەکرێن.

مرۆڤ؛ دەشێت هەموو کاتێک ئەوە نەزانێت لە کوێدا چۆنی قسە بکات و بەرامبەر فڵان کەس کام شێواز بەکار بهێنێت.

 

بە تایبەت ئەو کەسانەی خاوەنی سروشتێکی شپرزەن، ئارامگرتنیان لە بەرامبەر ئەو هەڵسوکەوتانەی ناڕەحەتیان دەکات و، پارێزگارییان لەسەر نەرمونیانیان، کارێکی زۆر سەختە. بەڵام خۆ ڕاهێنان لەسەر ئەم شتانە و کردنی بە بەشێک لە قوڵایی سروشت، وابەستەی ئەوەیە حەقی ئیرادە بدەیت. تەنانەت گەر مرۆڤ لە سەرەتاوە توشی بارگرانیش ببێت، بە تێپەڕینی کات دەتوانیت خۆی لەسەر ڕابهێنێت. مرۆڤ ئەو هەڵسوکەتانەی لەسەرەتاوە زەخت لە خۆی دەکات بۆ ئەنجامدانیان، بە تێپەڕینی کات دەبێتە بەشێکە لە قوڵایی سروشتی.

پاشان مرۆڤ لەم بابەتەدا ڕۆح و هەستی مومارەسە پەیدا دەکات و،  چەشنی ئەو خاوەن پیشانەی کە بێ کێشانی هیچ زەحمەتێک، کاری زۆر سەخت و دژوار ئەنجام دەدەن، ئەو مرۆڤانەش سەرئەنجامی پەیداکردنی مومارەسە، لە سەختترین و دژوارترین کاتەکاندا، بێ ئەوەی هیچ سازشێک لەسەر ئسلوبیان بکەن، کاری خۆیان بە ئەنجام دەگەیەنن.

 

” فەراهەمکردنی یەکێتی و تەبایی”

ئاشکرایە کەوا جەنابی حەق هەموو کەسانی ئیمانداری بە برای یەکتری داناوە، لە زۆر ئایەتیشدا ئاماژەی بە گرنگی پاراستنی یەکێتی و تەبایی کردووە.

 

کەواتە فەراهەمکردنی یەکێتی و تەبایی لە ئیسلامدا یەکێکە لە بنەما زۆر گرنگەکان.

 

بەڵام کاتێک سەیری حاڵی گشتی موسوڵمانانی ئەمڕۆ دەکەیت، بە داخەوە ئەوە بەدی دەکەیت کە دووبەرەکی و ناکۆکیەکی زۆر جددی لە نێوانیاندا باڵادەستە.

هەربۆیە ئەو ئیماندارانەی بە نیەتی نۆژەنکردنەوەی ئەم حاڵەتە ملی ڕێگەیان گرتووە، پێویستە بۆ گەشتن بەو ئامانجەی هەیانە، زۆر سەرنجی ئەو ئسلوبە بدەن کە بەکاری دەهێنن.

لەوە دەچێت هەندێکیان بە هۆکاری جیا جیا لە ئێوە دوور بکەونەوە. بەڵام ئەوان بەرامبەر ئێوە هەر جۆرە هەڵوێستێکیان هەبێت، ئێوە نابێت دەستبەرداری ئەوان ببن.

چونکە کەسی موسوڵمان نابێت دەستبەرداری کەسی موسوڵمان ببێت. هەربۆیە کاتێک ئەوان لە ئێوە هەڵدێن، پێویستە بە دوایاندا ڕابکەن. بەڵام لەم کاتەدا شێوازی لێک نزیک بوونەوەی ئێوە لەوان زۆر گرنگە.

بۆ نمونە گەر پێیان بڵێن” ئەو ڕێگایەی ئێمە گرتومانە دروستترینیانە، ڕێگاکەی ئێمە بەرهەمی زیاتری هەیە،  سوودی زیاتری هەیە و داهاتوویەکی پرشنگدارتری دەبێت، ئێوەش ئەقڵتان بهێننەوە سەر خۆتان و وەرن یارمەتی ئێمە بدەن”، بەم شێوەیە زیاتر لە خۆتانیان دوور دەخەنەوە.

لە جیاتی ئەم شێوازە، پێویستە ڕێگایەکی نەرمتر، ماقوڵتر، مرۆڤانەتر بەکاربهێنن.

بۆ نمونە دەتوانن بڵێن” ئێمە لە ڕێگەی کردنەوەی خوێندنگە، ئەنجامدانی کاری خێرخوازی، زەمینەسازی بۆ دروست بوونی دیالۆگ لە نێوان مرۆڤەکان،  هەوڵی ئەوەوە دەدەین کە بەرەنگاری نەزانی، هەژاری و دووبەرەکی ببینەوە. بەڵام دڵنیاش نین لەوەی ئەو کارانەی ئەنجامی دەدەین تا چەندە لە شوێنی خۆیدایە یاخود نیە. هەربۆیە گەر سوود لە هزر و ئەزمونەکانی ئێوەش ببینین و، لەوەش زیاتر دەمانەوێت لە دڵتاندا جێگەیەک بۆ خۆمان بگرین و ئێمەش داخڵی نزا خێرەکانت بکەن. پاڵپشتیەکی لەو شێوەیەی ئێوە بۆ کارەکانی ئێمە، بەرەکەتێکی زیاتر دەخاتە ناو کارەکانمانەوە”.

گەر لەم چوارچیوەیەدا لە بابەتە نزیک ببنەوە و، ڕێز و بایەخێکی زۆر جددی پشانی مرۆڤەکان بدەن، ئەوا ئەوانیش بە هەمان شێوە وەڵام دەدەنەوە.

تەنانەت گەر ئەمڕۆش پشانی نەدەن، ئەوا بەیانی بە چاوی خۆتان دەیبینن. تەنانەت گەر ٥٠ جاریش دەرتان بکەن، پێویست دەکات دیسان دەست بخەنەوە سەر زەنگی دەرگاکەیان و پەنجەکانتان ژمارەی تەلەفۆنەکانی ئەوان لێبداتەوە، بە ناوی فەراهەمکردنی یەکێتی و تەبایی نێوانتانەوە بە دوای ڕێگای نوێدا بگەڕێن.

پێویستە لەو کاتەدا بە خۆت بڵێیت” ئەگەرچی من لەلای خۆمەوە پێموایە شتی زۆر جوانم وتووە، بەڵام لەوە دەچیت بە ڕەقی مامەڵەم لەگەڵدا کردبێت. کەواتە پێویستە بەو جۆرە قسەم لەگەڵدا نەکردایە و ئسلوبێکی ترم بەکاربهێنایە، هێندەی ئەوەی کە نازانم چۆنی قسە لەگەڵ مرۆڤێکدا بکەم، کەسێکی جاهیلم”.

ئینجا پێویستە دیسان بڕۆنەوە بەردەمی ئەو کەسە و ئەمجارەیان پێی دەڵێن” تکایە ئێمە بە تەنیا جێمەهڵێن، ئێوە پشت و پەنای ئێمەن، بە تێڕوانینە ناوازەکانی خۆتان ئاسۆی ئێمەش ڕووناک بکەنەوە. لە لوتفی خۆتان بێ بەشمان مەکەن”.

خۆ گەر دیسان دەرگا یاخود تەلەفۆنیان بەسەردا داخستنەوە، دیسان بە قوڵی بیر دەکەنەوە و، بە ئامانجی چوونە ناو دڵی دوێنراوەکەتان، بە دوای ڕیگای جیاواز و نوێدا دەگەڕێن.

ئیدی لەم بابەتەدا بە دوای ڕێگەی جیاوازدا دەگەڕێیت و، لە دەماری جیاوازەوە دەچیتە ژوورەوە.

خۆ گەر دیسان چارەسەری نەبوو، ئەوا پەنا بۆ ئەقڵی دەستەجەمعی دەبەیت، هەوڵ دەدەیت لە تێڕوانین، جیهانی ڕۆح، پەیوەندی کەسەکە بە دینەوە، جیهانی بینی کەسەکە باشتر تێبگەیت و، پاشان ڕێگەی نوێی پەیوەندی لەگەڵدا دەگریتە بەر.

 

لەلایەکی ترەوە، مەرج نیە هەموو مرۆڤەکان بێنە سەر ڕێچکەی ئێوە و بە هەمان ڕێگای ئێوەدا بڕۆن. ئێوە دەتوانن بە خۆشەویستی کارەکەی خۆتانەوە بەردەوامی بە ڕێگاکەتان بدەن. بەڵام ئەمە پێویست بەوە ناکات، ڕکابەری و حەسودی و دوژمنایەتی لەلای بەرامبەرەکەت دروست بکات. لەلایەکەوە ڕێچکە و شێواز و پیشەی خۆتان شێتانە خۆش بوێت و، تا دوا ڕادە بەرامبەری بە وەفا و ڕاستگۆ بن.

 

بەڵام ئەوەش لە بیر مەکەن کە کەسانی تریش بە گوێرەی خۆیان کەسانێکیان هەیە  ڕیزی دەگرن، بنەماگەلێکیان هەیە کە بایەخی پێدەدەن و، ڕێگایەکیان هەیە لەسەری دەڕۆن.

ئەوەی لەسەرشانی ئێوەیە ئەوەیە دڵتان بۆ هەموو کەسێک بکەنەوە، بچوکترین بێ ڕێزیش بەرامبەر بەهای کەسانی تر ئەنجام نەدەن، ستایشی هەموو کەسێک بکەن کە خزمەتی دین دەکات و، هەمیشە دەرگاکانی ئێوە بە ڕوویاندا ئاوەڵا بێت.

لە ڕاستیشدا فەراهەمکردنی سەلامەتی ڕێگاکەتان و ڕێگە نەدان بەوەی لە کاتی ڕۆشتندا توشی کارەساتی هاتوچۆ ببن، هەر لەم ڕێگایەوە تێدەپەڕێت.

بە پێچەوانەوە لەسەری هەموو کۆڵانێکدا ڕووبەڕووی لۆریەکی بارهەڵگر دەبنەوە و، توشی زۆر کارەساتی پێکدادان دەبن و دەبنە هۆکاری گیان لە دەستدانی زۆرێک لە مرۆڤەکان.

“تەنانەت بەرامبەر فیرعەونیش نابێت دەستبەرداری  ئسلوبی نەرمونیان ببین”

وەک پێشتریش لە بۆنەی جیاوازدا ئاماژەمان بەو بابەتە داوە، الله بە گەورەیی خۆی، کاتێک دوو کەس لە خۆشەویسترین بەندەکانی خۆی ڕەوانەی فیرعەون دەکات، پێیان دەفەرموێت” فَقُولَا لَهُ قَوْلًا لَيِّنًا لَعَلَّهُ يَتَذَكَّرُ أَوْ يَخْشٰى”.

واتە ” بە نەرمونیانی قسەی لەگەڵدا بکەن، هیچ نەبێت بیرێک بکاتەوە یاخود ڕاچڵەکێت”.

 

فیرعەونیش ئەو کەسە بوو لە کاتی کۆکردنەوەی هاوڵاتیانی ژێر دەستیدا وتی “ أَنَا رَبُّكُمُ الْأَعْلَى”، واتە ” من پەروەردگاری باڵای ئێوەم”.

لە ڕاستیدا ئەم ڕەفتارەی فیرعەون کە بەم شێوەیە ناوی خۆی دەبات، لە مرۆڤدا شێوازێک لە هەڵچوون دروست دەکات و، وای لێدەکات بەرامبەری بوەستێتەوە و هاواری بەسەردا بکات.

 

بەڵام الله بە گەورەیی خۆی، تەنانەت لە بەردەم کەسێکی خۆبەزلزانی لەم شێوەیە کە بانگەشەی خودایی دەکات، کاتێک دووان لە پێغەمبەرانی خۆی ڕەوانەی دەکات، فەرمانی قسە و هەڵسوکەوتی نەمونیانەیان پێدەکات.

واتە دەفەرموێت” لەبەر ئەوەی کەسێکی خراپە، ئێوە خراپەکانی مەدەنەوە بە ڕوودا”.

 

لە هەلومەرجی ئاساییدا، کەسایەتیەکی وەک فیرعەون، کاتێک لە دەرەوە پەیامێکی لەو شێوەیەی بەدەست دەگات، وەها دیارە کە یەکسەر توڕە ببێت و دەستی بچێتە گیانی ئەو کەسانەی پەیامێکی لەو شێوەیان بۆ هێناوە. ئەگەرچی خودا ڕێگەی بە کارێکی لەو شێوەیە نەدەدا، بەڵام فیرعەونیش لە بەرامبەر ئەم هەڵسوکەوتە نەرمونیانەی حەزرەتی موسا و هارون، ئەگەرچی باوەڕیشی پێنەهێنان، بەڵام ڕێگەی گفتوگۆی گرتە بەر و پاشان ڕیگەی بەوەدا لە نێوان حەزرەتی موسا و جادوگەرەکانیدا پێشبڕکێیەکی لەو شێوەیە ئەنجام بدەن؛ کە لای هەمووان ئاشکرایە.

 

کەواتە قسە نەرم و کاریگەرەکانی حەزرەتی موسا و هارون، حاڵ و هەڵسوکەتیان و هزرەکانیان، ناچاری کارێکی لەو شێوەیەیان کرد.

هەروەها کاتێک حەزرەتی موسا جادوگەرەکانی دەبەزێنێت، دیسان پەنا بۆ ڕێگەی دیالیکتیکی دەبات و، بۆ ئەوەی ئیمان نەهێنێت، ئەوەی لە دەستی دێت ئەنجامی دەدات.

بەڵام ئەو مرۆڤانەی لەوێدا کۆ بوونەتەوە و شاهیدی موعجیزەکانی حەزرەتی موسا دەبن، لە دڵیاندا پزیسکی ئیمان دەست بە درەوشانەوە دەکات. لایەنی کەم زۆربەیان لە کوفری ڕەها ڕزگاریان دەبێت و، شێوازێک لە دوودڵیان تێدا دروست دەبێت. پاشان هەریەک لەم مرۆڤانە کە هەنگاوێکیان بەرەو ئیمان هێنان هەڵناوە، دواتر لە ڕێگەی چەند هەگاوێکی نوێوە، دەتوانن زۆر بە ئاسانی ڕێگەی ئیمان بدۆزنەوە.

پێویستە لێرەدا سەرنج لەوە بدەن کە قسەی نەرمونیان(قول لین) و، حاڵی  نەرمونیان، چۆن سەرکەوتنێک بە دوای خۆیدا دەهێنێت.

 

لێرەدا پێویستە لە کەوانەیەکدا قسەیەکی تریش بکەم. تابلۆی شانازی مرۆڤایەتیش چەشنی حەزرەتی موسا، چەندین جار ڕووبەڕووی ئەبوجەهل، ئیبن موغیرە، عوتبەی کوڕی موغیرە بۆتەوە و، ئەو وەحیەی لە پەروەردگاریەوە وەریگرتبوو، پێیانی ڕاگەیاند.

 

لە بەرامبەر ئەمەشدا ئەوان چەندە خراپەیان کردبێت و  ئابڵوقەی ئابوریان خستبێتە سەریان، هەوڵی کوشتنی سەردارمان و هاوەڵانی چواردەوریان نەداوە.

ئەگەرچی هەوڵی کارێکی لەو شێوەیەشیان بدایە، الله ڕێگەی نەدەدان، بەڵام لێرەدا خاڵێکی گرنگ هەیە کە دەبێت سەرنجی بدەین ئەویش ئەوەیە:

پێغەمبەری خودا زۆر بە نەرمونیانی مامەڵەی لەگەڵدا دەکردن و قسەیەکی بەرامبەر نەکردوون کە پێ بە دەماریاندا بنێت.

لە ڕێگەی هەڵسوکەت و حاڵیەوە شتێکی ئەنجام نەدەدا، کە هانی ئەوان بۆ کارێکی لەو شێوە بدات. زۆرینەی کاتەکان لە ڕێگەی فکرەکانیەوە ئەوانی دەهێنایە سەربار و تەختی زەوی دەکردن. ئەگەرچی دوێنراوەکانی بە هۆی کیبر و  عینادی خۆیانەوە ڕوویان لێ وەردەگیڕا، بەڵام پێغەمبەری خودا لە ویژدانی کۆمەڵدا بە براوە ئەژمار دەکرا.

لەلایەکی ترەوە الله لە ڕێگەی ئەوەی فەرمانی قسەی نەرمونیانی کردووە بەرامبەر فیرعەون، هەموو بەهانە و پۆزشێکی لە دەست دەرهێناوە، کە بتوانێت لە ڕۆژی دوایدا بەکاری بهێنێت.

بۆ ئەوەی نەڵێت” بەڵێ پەیامنێرەکانی تۆ هاتن و پەیامی تۆیان پێ ڕاگەیاندم، بەڵام بە شێوەیەکی ناشریان گەیاندیان، پێیان بە دەماری مندا نا و لەلای قەومەکەم منیان شکاند”.

هەربۆیە الله بە مەبەستی ئەوەی بچوکترین بەهانەی لەم شێوەیە نەدات بە دەستی فیرعەونەوە، فەرمانی قسە و هەڵسوکەوتی نەرمونیانی پێکردن.

 

ئیدی نازانم، لەم سەردەمە کە بانگەشەی ئەوە دەکرێت مەدەنیەت باڵا دەستە و بەها مرۆیەکان لە برەودان، بە تەواوی لە وردەکاری نێو ئەم ئایەتانە تێگەشتووین یاخود نا؟ ئایا لەو بەرژەوەندی و حیکمەتانەی لە ژێر قسە و وتاری نەرمونیاندا هەیە، بە تەواوی تێگەشتووین؟

 

هەروەها قورئانی کەریم سەبارەت بە ئەهلی کیتاب لە یەکێک لە ئایەتەکانیدا دەفەرموێت:

وَلَا تُجَادِلُوا أَهْلَ الْكِتَابِ إِلَّا بِالَّتِي هِيَ أَحْسَنُ

 

واتە هەرگیز مشتومڕیان لەگەڵدا مەکەن، مەگەر بە جوانترین شێوە و ئسلوب نەبێت.

 

کەواتە ئەو کاتەی دەمانەوێت لەگەڵ ئەواندا دیبەیت یان گفتوگۆیەک ئەنجام بدەین، پێویستە بە دوای جوانترینی شێوازەکاندا بگەڕێین و قسەیەک نەکەین کە دڵیان لێمان زویر ببێت. هەربۆیە پێویستە بە گوێرەی ئاستی دوێنراوەکەتان خۆتان عەیار بدەن و، بەم شێوەیە دەتوانن دڵیان فەتح بکەن و بە ئامانجی خۆتان بگەن.

بەڵام گەر سەیری حاڵ و هەڵسوکەوتی موسوڵمانی ئەم سەردەمە بکەین، ئەوەیان لێ بەدی دەکەین کە هێشتا بە ئاسۆیەکی لەو شێوەیە نەگەشتوون.

گەر بەرامبەر فیرعەون و ئەهلی کیتابیش پێویست بە قسەی نەرمونیان(قول لین) بکات، ئەوا ئەو ئسلوب و شێوازەی لە نێوان خۆماندا بەکاری دەهێنین، پێویستە ٥ تا ١٠ جار چاوی پێدا بخشێنینەوە.

پێویستە دڵی کەس نەشکێنین، چونکە دڵ ماڵی خودایە. ڕوخاندنی دڵی کەسێک بە واتای ڕوخاندنی ماڵی خودا دێت. کەسی ئیماندار لە جیاتی ئەوەی دڵی برا ئیماندارەکەی بشکێنێت، پێویستە بونیادی بنێت.

ئەمەش لە هەموو هەڵسوکەتێکیدا ڕەنگ بداتەوە، لە کاتی خۆشی و ناخۆشی، لە ساتی شیرین و تاڵ، تا جێگەی باوەڕ بێت.

لێرەدا دەبێت ئاماژە بەوەش بکەم، بۆ نەرمونیان بوونی قسەکانمان، پێویستمان بەوە دەبێت کە هەڵسوکەت و سروشتی خۆشمان نەرمونیان بێت. چونکە گەر مرۆڤ لە ڕووی هەڵسوکەوت و سروشتیەوە نەرمونیان نەبێت، ناتوانێت بیرکردنەوە و قسەکانیشی بەو شێوەیە بێت.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

30 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە