بیروڕاهەواڵ

زۆر بە دوای ئەو مرۆڤە ڕاستگۆیانەدا دەگەڕێن!

فیکرەت کاپلان

 

 

 

سەرەتا بە لای ڕاستدا، دواتر بە لای چەپدا سەلامی دایەوە، بۆ ئەو فریشتانەی کە یەکە بە یەکەی کارە چاک و خراپەکانی مرۆڤ تۆمار دەکەن.

 

دەستەکانی هەڵبڕی و دەیویست خواستە شاراوەکانی ناو دڵی پێشکەش بە سوڵتانی ئەزەلی و ئەبەدی بکات.

بەڵام لە ڕۆحیدا گیرانێک هەبوو، کە بە هیچ شێوەیەک نەیدەزانی هۆکارەکەی چیە.

سەری داخست و، دەستی بە بیرکردنەوە کرد. ئەم حاڵی بێ تاقەتیە بەرامبەر ئەنجامدانی عیبادەت لە چیەوە سەرچاوەی گرتبوو؟ چۆن لە دڵێکەوە کەوا بە خشوعەوە هەنگاوی هەڵدەگرت، بەم شێوەیە گۆڕا بە لاشەیەکی بێ گیان!

ماوەیەکی دوور و درێژە، نە کتێبێکی گرتووە بە دەستیەوە نە بە گوێگرتن لە وتارێک زاخاوی دڵی کردبوو.

 

تەسبیحەکەی گرت بە دەستیەوە و، لە ڕێگەی جوڵاندنی ئەو موروانەی بە پەتێکەوە گرێ دراببون، نیەتی ئەوەی هەبوو کە گەورەیی بۆ پەروەردگاری دەرببڕێت، بەڵام لە پڕێکدا بە هۆی دەنگی کرانەوەی دەرگای دەرەوە، دڵی داخورپا.

بە شێوەیەکی کتوپڕ سەری بۆ ئەو لایە سوڕاند کە دەنگەکەی لێوە بیست. تەسبیحاتەکەی لە ناوەڕاستدا پچڕاند و بەرەو ئەو لایە هاواری کرد:

 

کوڕم!.. بۆ کوێ دەڕۆیت؟

بێ ئەوەی چاوەڕێی وەڵامەکەی بکات، بە شێوەیەکی خێرا بەرەو دەرگاکە ڕۆشت،  چاوی بە دەستی گەنجەکە کەوت، کە لەسەر دەسکی دەرگاکە داینابوو، دەستەکانی بردەوە ناو خۆی.

کوڕم! وامزانی بۆ هیچ شوێنێک ناڕۆیت؟!

لە دەنگیدا هەست بە شوێنەواری نیگەرانیەکی داخورپێنەر دەکرا.

دڵی دایکەکە، چەند ڕۆژێک بوو لەگەڵ ئەو هەڵدەستا و لەگەڵ ئەو دادەنیشت، حاڵی وەک ئەوەی بەسەر دڕکەوە دانیشتبێت، وەها بوو…

 

گەنجەکە وەک حاڵی توڕەیی کەسێک، کە بەسەر تاوانێکەوە گیرابێت، وەڵامی دایکی دایەوە:

لەگەڵ کەسێک… هین… لەگەڵ هاوڕێیەکمدا… لە چایخانەکەی عەزیز یەکتر دەبینین و قسە دەکەین.

لەوێشەوە نیازی شوێنێکمان هەیە، دەمانەوێت بڕۆین بۆ سەردانی یەکێک لە هاوڕێکانمان.

دەنگی گەنجەکە کەمێک زبر بوو، حاڵی وەک ئەوەی توڕە بێت وەها بوو.

شڵەژاوی، هەیەجان و دوودڵی بە سەر دەست و چاوی گەنجەکەوە، دیار بوو. دەستەکانی دەلەرزین. زۆر مشەوەش بوو، وەک ئەوەی لە چاوەکانیەوە ئاگر ببارێت، سەیرێکی دایکی کرد.

  • دایکە! خۆ من چیدی منداڵ نیم…

ئەوە چەند ڕۆژێکە زۆر خۆت شڵەژاندووە، خەریکە ناهێڵیت بشڕۆمە دەرەوە.

کاتێک چاوە سوور بووەکانی دایکی بینی، بێ ئەوەی لە دەستی خۆیدا بێت، دڵی نەرم بوو.

  • دەی دایکە گیان، خەم لەم دەموچاوەی تۆ نایەت، دەی پێبکەنە با بتبینم…دەی… دەی… ئەم قسانەی کرد و بۆ هاندانی دایکی، بە چاوە خەمناکەکانی خۆیەوە بە ڕووی دایکیدا پێکەنی.

 

دایکی یەکەم جاری بوو، ڕۆڵەکەی بەم شێوەیە ببینێت، کاتێک ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کوڕەکەی دەبینی کە وەک غەریبەیەکی لێدەهات، لە ناخەوە قەهرێکی گەورە دایدەگرت.

 

وەک ئەوەی دەست و قۆڵی بەسرا بێت، نەیدەزانی لە بەرامبەر حاڵێکی لەو شێوەیە چی بکات.

ڕۆڵەکەم! تۆ گوێ لە من ناگریت! نە نوێژت ماوە، نە خۆشەویستیەکەی جارانت بۆ الله و پێغەمبەرەکەی، هیچ پەیوەندیت بە کتێب، خوێندن و مەکتەبەکەتەوە نەماوە…

 

دایکی خۆشەویستم، ئێوە خۆتان واتان لە من نەکرد! سەرەڕای ئەوەی هێندە لێتان پاڕامەوە، خۆتان شکاتتان لە مامۆستا و برا گەورەکانی من نەکرد؟ خۆتان نەبوون پێتان دەوتن ئەمانە تیرۆرست و چەتەن؟

من هەرچیەک فێربووبێتم، لەوانەوە فێر بووم. ئێوە کەی لەگەڵ مندا دانیشتن و باسی نوێژتان بۆ کردووم؟ لەم ماڵەی ئێمەدا کەی باسی خودا و پێغەمبەرەکەی کراوە؟

ئێستا بۆ هێندە شتەکەت گەورە کردووە؟

هیچ شتێک ڕووینەداوە، تۆ تەنیا خەفەت بۆ حاڵی جارانم دەخۆیت، خۆت خەفەتبار مەکە…

گەر هەر دەتەوێت خەفەت بخۆیت، خەفەت بۆ ئەو هەواڵە بخۆ کە پێش کەمێک بیستت، ئەو مرۆڤانە بە هۆی ئێوەوە لە ناو ئاوی دەریادا دەخنکێن.

ئەو منداڵە ساوایانە چی گوناحێکیان هەیە؟

  • کوڕم ئەم قسانە لە کوێوە دەهێنیت، گەردنت ئازاد ناکەم، نابێت بۆ هیچ شوێنێک بڕۆیت. نە بۆ خوێندنگە نە بۆ لای هاوڕێکەت!…

چیە وەها بەردەوام خەریکی شەڕ و سەرسەرییەتی کردنیت؟

 

  • دایکە! تۆ نەبوویت لەگەڵ باوکمدا قسەت دەکرد و دەتوت “وابزانم هەڵەی زۆرمان کرد”.
  • من ئێستا گەورە بووم، ماوەی ٥ ساڵە هیچ کاتێک لە منتان پرسیوەتەوە کە حاڵی ڕۆحی من لە کوێدایە؟
  • قەت پرسیوتانە ئەم کوڕە چی دەکات، لەگەڵ کێدا دەسوڕێتەوە، لە ڕۆحیدا کام گەردەلول هەستاوە؟

کاک فاتیحی جاران نەبێت، زۆر زیاتر لە ئێوە ئاگای لێم بوو.

کاتێک سەیری دەموچاوی دەکردم، یەکسەر تێدەگەشت لەو کێچانەی کەوتونەتە ناو کەوڵم.

یاخود ئەو ژەنگانەی بەری دڵی گرتووم، بەڵام ئێوە هەرگیز هەستان بەو بۆشاییە گەورەیە نەکرد، کە منی تێکەوتووم. مادام ئەوەی ئەوان ئەنجامیان دەدا هەڵە بوو. مادام ئەوان تیرۆرست بوون. ئێستا شتە ڕاستەکانی ئێوە ئەنجام دەدەم!

گەنجەکە بە تەواوی سەری لێ شێوا بوو. دەستەکانی لە نێوان دەستی دایکی دەرهێنا و ڕۆشت.

  • دایکە! خەمت نەبێت، پاش یەک دوو کاتژمێری تر لە ماڵەوە دەبم، بە هیوای دیدار.

وەک ئەوەی پشانی بدات کەوا تەحەمولی بیستنی قسەیەکی تری نیە، دەگاکەی بە توندی لە دوای خۆیوە پێوەدا و ڕۆشت.

ژنەکە بە شڵەژاویەوە، هەرچیەکی بەردەست کەوت لە پێی کرد و بە پەلە دەرگاکەی کردەوە، لە قاتی سێهەمی شوقەکەیانەوە، بە خێرایەکی دەراسا بە دوای کوڕەکەیدا ڕایکرد، بەڵام نەیتوانی بە خێرایی کوڕەکەی بگاتەوە.

لەبەر ئەوەی جل و بەرگێکی شیاوی بۆ کۆڵان لەبەردا نەبوو، لە دەرگای دەروەی شوقەکە زیاتر نەچووە دەرەوە، هەتا سەری کۆڵانەکە سەیری کوڕەکەی کرد و پاشان لەوێوە پێچی کردەوە.

هەرچەندە لە دوای کوڕەکەیەوە هاواری ئەوەی کرد کە نەڕوات و بگەڕێتەوە، بەڵام کوڕەکەی وەک ئەوەی نەیبیستێت، بێ ئاوڕدانەوە بە ڕێگای خۆیدا ڕۆشت.

بە ڕاکردنێکی خێرا، هەر زوو لە چاوی دایکی ون بوو، پاشان لە تاریکیدا بە تەواوی دیار نەما…

دایکی حەزی بەوە دەکرد کە فرمێسکی چاوەکانی بڕژێنێتە دەرەوە، بەڵام جگە لە کەمێک تەڕ بوونی چاوەکانی هیچی تر لە دڵ نەدەهاتە دەرەوە. هەربۆیە خەمی ناو دڵی، تا دەهات پەنگی دەخواردەوە و وەک بەردێکی ڕەق لەسەر دڵی توند بوو بوو. هەربۆیە هەوڵدان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکەی ناو دڵی بە فرمێسکی چاوەکانی، کارێکی بێ هودە بوو.

کانیاوی فرمێسکی چاوەکانی وشکیان کردبوو، شتێک لە ناو دڵیدا خنکابوو نەدەهاتە دەرەوە، هەربۆیە خۆیشی سەری دەسوڕما لەو حاڵەی تێیکەتووە.

بەو تەسلیمیەتەی لە بێ چارەییەوە توشت دەبێت، بە دەموچاوێکی خەمگینەوە گەڕایەوە. لەگەڵ سەرکەوتنی بەسەر هەر پلیکانەیەکدا، قورسایی قاچەکانی زیاتر دەبوون، بە هەڵنەشەلێ و خۆ گرتن بە دیوارەکانەوە سەرکەوتەوە. ئەژنۆکانی بڕستیان لێ بڕابوو، دەستی بۆ چاوەکانی برد و بە تەواوی وشکیان کردبوو.

لەبەر خۆیەوە وتی خودایە ئەم بێ هەستیە چیە ڕووی تێکردووم، ئەو دڵە نەرمەی جارانم چی لێبەسەر هات!

ئەو هەستی بەزەییەی جارانم چییان لێ بەسەر هات؟ کاتێک لەو دەرگا کراوەیەی لە دوای خۆی جێیهیشتبوو هەنگاوی هەڵنایە ژوورەوە، حەزی نەدەکرد ئەم حاڵە نوێیەی خۆی قبوڵ بکات.

بە خۆی دەوت نەخێر هەستەکانی لە دەست نەداوە.

کاتێک بیری لە قسەکانی ڕۆڵەکەی دەکردەوە، توڕەیی دایدەگرت،” ئەو مرۆڤانە بە هۆی ئێوەوە لە ناو ئەو ئاوەدا دەخنکێن، ئەو منداڵە ساوایانە چی گوناحێکیان هەیە”، بەم هەستانەوە هەتا ناوەڕاستی ساڵۆنەکە هات. بەم شێوەیە وەستا و نەیدەزانی چی بکات. لە پڕێکدا لەو زەمانەی تێیدا بوو، ئاوڕی لە ڕابردوو دایەوە.

بیری لەو کاتە کردەوە کە ڕۆڵەکەی لە سکیدا بوو، لەو ٩ مانگەی بە ئازارەوە بە ڕێی کرد، لەو فرمێسکانەی چاوی کە دەیڕشتن…

لەو شەوانەی کە خەویان لێدەزڕا و بەو شێوەیە بەسەری دەبردن.

 بە تامەزرۆییەوە بەرگەی تەواوی ئەمانەی گرت، بیری لەو ساتانە دەکردەوە کە لاشەی بچوکی ڕۆڵەکەی لە ئامێز دەگرێت.

 بیرکردنەوە لەوەی ڕۆڵەکەی بە تەندروستیەکەی باشەوە دێتە دونیاوە، سورمەی بەختەوەری لە چاوەکانی دابوو.

لەو ساتەدا، ئەم بیرکردنەوەیە تەواوی ناڕەحەتیەکانی ژیانی لە بیر دەبردەوە. لەو کاتەدا بە خۆی دەوت” لە دونیادا هیچ شتێک لەمە زیاتر بەختەوەری بە مرۆڤ نادات”.

بەردەوام دەستە بچکۆلانەکانی ماچ دەکرد و ماچی دەکردەوە، بۆنی پێوە دەکرد و چەندین سەری هەڵدەبڕی و تەماشای جگەرگۆشە خنجیلانەکەی دەکرد.

چاوەکانی دادەخست و پاشان بە سەیرکردنی ئەو مرواریانەی بە برژانگەکانیەوە هەڵدەواسران، چەندین خولیا و خەیاڵ دەیبردەوە.

 بیری لەو ساتە دەکردەوە کە ڕۆڵەکەی گاگۆڵکێ دەکات و یەکەم هەنگاوی دەنێت، هەروەها ئەو ساتەی یەکەم وشەی لە دەم دێتە دەرەوە.

بە تایبەتیش هەرگیز ئەو ڕۆژەی لە بیر نەدەچوو کە ناوی لە ڕۆڵەکەی نا.

ئەو ساتەی پیرۆزەی کە بانگیان بە گوێی ڕاستیدا دا، پاشان قامەتیان بە گوێی چەپیدا خوێند.

 

ناوی “ساڵح” یان لەو منداڵەیان نا کە وەک پارچەیەک نور وەهابوو.

 

خۆزگەی ئەوەیان دەخواست کە خودای گەورە بناسێت و بەندایەتیەکی باشی بۆ بکات.

تەنانە بەم ناوەوە دەستی هەڵنەگرت و بۆ ئەوەی ناوێکی ڕاستگۆیانە تری هەبێت، لە پێشدا ناوی عەبدوڵای لێنا.

 

بەڵام ئەو… لەو ساتەی پێی نایە قۆناغی هەرزەکاری، وەک مرۆڤێکی زۆر جیاوازی لێهات. وەک ئەوەی لە شەوێکدا گۆڕانکاری بەسەردا هاتبێت، لە پڕێکدا مرۆڤێکی خراپی لێدەرچوو.

بە پێچەوانەوەی ئامانجی ئەفراندنیەوە، مرۆڤێکی سەرکەشی لێدەرچوو. سەرکەشی دەکرد بەرامبەر پیرۆزی، ئەمانەت و فەرمانەکانی ئاسمان؛ هەروەها بەرامبەر دایک و باوکی…

 

ڕێک لەم کاتەدا، خودا برا گەورەیەکی وەک فاتیحی هێنایە سەر ڕێگایان. وەک فریشتەیەک سەیریان دەکرد، کە لە بەرگی مرۆڤدا خۆی دەنوێنێت.

تەنیا بۆ کوڕەکەیان نا، بەڵکو پزیشکی لایەنی مەعنەوی هەموو خێزانەکە بوو.  نوێژ، ڕۆژوو، پێکەوە دانیشتن و کەرمەس… ژیانی هاوەڵانی سەرداریان هەر لە دەمی ئەوەوە فێربوون. باشە چۆن لە شەوێکدا ئەم مرۆڤە ڕاستگۆیانە بوونە تیرۆرست؟

 

قەت ئەمەی بە خەیاڵدا هاتبوو؟

هیچ ئەگەرێکی لەو شێوەیە بە خەیاڵدانیدا هاتبوو؟

بەڵام باوەڕیان بە درۆیەک کرد! بێ ئەوەی هیچ کاتێک بیریان لە شتێکی لەو شێوەیە کردبێتەوە و بە خەیاڵیاندا هاتبێت، فیتنەیەکی لەو شێوەیەیان بەسەر خۆیاندا هێنا.

چۆنی خۆیان توشی هەڵەیەکی لەو شێوەیە کرد، هەتا ئێستاش لێپرسینەوەی کارێکی لەو شێوەیەیان لەگەڵ خۆیاندا نەکردبوو.

لە دەریای ئیجە، لە مەریچ، لە زیندان، لەگەڵ لە دەستدانی هەر گیانێکدا، دونیای ڕۆحی خۆیان و منداڵەکانی خۆشیان لە دەست دەدا و ئەمەیان بە چاوی خۆیان نەدەبینی.

لە شاشەی تەلەڤیزیۆنەکانەوە، وەک ئەوەی سەیری فیلمێک بکەن، تەماشای ئەو زوڵمەیان دەکرد کە ئەنجام دەدرا.

“ئەو مرۆڤانە بە هۆی ئێوەوە دەمرن لە ئاوی دەریادا، ئەو منداڵە ساوایانە چی گوناحێکیان هەیە؟”، نەخێر، نەخێر، بە توڕەییەوە هاواری کرد.

 

چەشنی ئەم خانمە، زۆر دایک و باوکی تریش هەبوون کە لە حاڵی منداڵەکانیان ڕازی نەبوون. بەڵام چارەیان چی بوو، تازە کار لە کار ترازابوو. خۆیان بە دەم شەپۆلێکی تۆقێنەرەوە دابوو، شوێنێک نەمابوو کەوا دەستی پێوە بگرن.

چونکە چیدی ئەو مرۆڤە ڕاستگۆیانەی خزمەت لە ناو ژیانیاندا نەمابوون. لە کۆڵانەکان و شەوانی قەندیلدا، لە دڵی منداڵەکانیاندا نەمابوون.

کەسانێکی خۆشباوەڕ، کە لە جیاتی لۆجیک زیاتر لە ڕێگەی هەستەکانیانەوە هەنگاویان هەڵدەگرت، ئەو دینامیکە مەعنەویانەی بە ئاگای دەهێنانەوە، لە بەرامبەر نیەتی کەسانێکی خراپەکاردا، ئیفلیج بوو بوون.

گەنجەکان تەنیا لە ڕێگەی خێزانەکانیانەوە شتانێک فێر دەبوون کە بتوانن خۆیانی پێ کۆنتڕۆڵ بکەن. ئەگەر ئەم شتانە فێر نەبوونایە، ئەوا لە هیچ شوێنێکی تر فێر نەدەبوون. چونکە ئەو بەها ئیمانیانەی چەندین سەدە بوو کۆمەڵگای بە پێوە هێشتبوویەوە، بە تەواوی خرانە دەرەوەی کۆمەڵگا، یان لە پەڕەکانی کتێبێکدا هەڵگیران و خرانە سەر ڕەفەی کتێبخانەکان.

ئەمەش لە کاتێکدا بوو، فیداکاران و خەمخۆرانی ناو خزمەت، ئەم کەموکورتیانەی ناو کۆمەڵگایان دەڕەواندەوە.

هەڵمەتی چاکسازی و بونیادنانیان، بەوپەڕی دڵ و گیانەوە ئەنجام دەدا.

بەڵام چیدی ئەو مرۆڤە ڕاستگۆیانە خزمەت لە ناو کۆمەڵگادا نەمابوون. دایکان و باوکانیش لە دوای ئەوان، هەر هێندەیان بۆ مابوویەوە، لە سنگ و بەرۆکی خۆیان بدەن و بڵێن” تۆ بڵێیت لە کوێدا هەڵەمان کردبێت”.

 

لە دوای ئەم ساتەوە، گەنجەکان چیدی حاڵی ئەوەیان نەمابوو، گوێ لە ئامۆژگاری و هەستە مەعنەویەکانی ئەوان بگرن.

 

ڕۆحی سەرپێچیکەرانی گەنجەکان، سەرکەشی، ئارەزوە شەهوانیەکان، خوو گرتن بە شەهوەت و سەروەتەوە، بە قازانجی ئەو کەسانە دەکەوتەوە، کە نیەتی خراپیان هەبوو.

کەسانێکیش کەوا خۆیان بە ئیمادار ناو دەبرد، ئەم لایەنە لاوازەی گەنجانیان بە ئیسلامی سیاسی ژەهراوی کرد و، ئەوانیان بە نیعمەتەکانی دونیا نەزانراوەکان فریو دەدا. لە ڕێگەی بەڵگە و زانیاریگەلێکی زۆر دوور لە لۆجیکەوە، هەوڵی قەناعەت پێکردنیان دەدان.

لە ڕێگەی دوورخستنەوەی گەنجەکان لە بەندایەتی کردن بۆ الله، خۆیان لە نزمترین کاری نائەخلاقی نەدەگێڕایەوە و – حاشا- ئەمەشیان بە ئیسلام ناودەبرد.

گەنجان دەبوون بە پەروانەی هەوا و ئارەزوویانەوە و مێشکە ناوازەکانیان دەکردە قوربانی ئارەزوە نزمەکانیان.

ئیدی ئاگایان لە خۆیان بێت یاخود نا، بە دوای سوڵتان مەهلیکاکانەوە چەندین جار ڕۆحیان دەکردە قوربانی و بە ڕسواترین شێوازی کوشتن دەکوژران.

زۆر دایک و باوکی تریش چەشنی ئەو دایکەی باسمان کرد، لە بەرامبەر لە دەستدانی دونیای ڕۆحی کچ و کوڕەکانیان، هەموو ڕۆژێک خۆیان لە قەهر و خەمخواردن پێنەدەگیرایەوە و، جارێکی تر سەیری ڕابردوویان دەکردە و بیری ئەو خوێندکار، مامۆستا، کاسپکار و فەرمانبەرە ڕاستگۆیانەی خزمەتیان دەکرد، کە لە ژیانیاندا بوون.

ئەو مرڤانەی کە شەوانە دەیانگریەنن و موحتاجیان کردوون بە پارچە نانێک، خۆیان لەو پارچە نانە زیاتر پێویستیان پێیان دەبێت. بەڵام لەو شوێنانەی بە دوایاندا دەگەڕێن، جارێکی تر نایاندۆزنەوە.

 

هەمیشە خەیاڵی ئەو کەسە بێ تاوانەیان دێتەوە پیش چاو کە خۆیان بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی تەرخان کردبوو، بە خۆیان دەڵێن” ئاخ خۆزگە ئەم کارە ناڕەوایانەمان بەرامبەر ئەوان نەکردایە”.

جارێکی تر دەچنەوە بەردەمی ئەو خوێندنگە و بەشە ناوخۆییانەی، کە وەک بەنداو لە بەردەم ئەو پیساییانەدا وەستابوون، کە دەیانویست بێنە ناو وڵاتەوە.

لە شەرماندا جارێکی تر ڕوویان نایەت سەریان هەڵبڕن و سەیریان بکەنەوە، خۆ گەر سەیریشی بکەن ئەوا دەبینن هەموویان ڕووخاون و قفڵ لە دەرگاکانیان دراوە و وێرانەیەک دەبینن.

ئەو  دامودەزگایانەی شەو و ڕۆژیان خستبوویە سەر یەک هەتا خوێندکاری جوان پێبگەیەنن، ئیدی ئەو ماڵە نورانیانە نابینن کە هەوڵی گەیاندنی ناوی جەلیلی محمدیان بە هەموو دونیا دەدا و بە حەسرەتەوە بیریان دەکەن.

لە پاڵ ئەمانەشدا، تەواوی ئەو کارە خراپانەی بەرامبەر ئەوان ئەنجامدرا، هەم لەم دونیا و هەم لەو دادگا گەورەیەی ئەو دونیا دێتەوە بەردەمیان.

هەمیشە لەلایەن ڕۆڵەکانیانەوە پرسیاری ئەوەیان لێدەکرێت، کە بۆچی لە بەرامبەر ناحەقیەکاندا وەک شەیتانی لاڵیان لێهات و بێدەنگیان هەڵبژارد، چەپڵەیان بۆ زوڵم و زۆرداری لێدەدا و پشتگیریان لێدەکرد.

ئەو کەسانەی بە تیرۆرست ناویان دەبردن، کەسانێک بوون کەوا لەبەر هەژاری، ٣ خانەوادە پێکەوە لە ماڵێکدا دەژیان،  هەندێکیشیان هەر هێندەی ئاهەنگی هاوسەرگیریان ئەنجام دەدا، یەکسەر بۆ خوێندنگەکانیان ڕایاندەکردەوە و، هەندێکیشیان بۆ ماوەی ٦ مانگ جگە لە پەتاتە هیچ نابێت بیخۆن و، ژیانی هەریەکێک لەوان بۆ خۆی داستانێکی لێ دروست دەبێت و، لە داهاتوودا زۆر بیری ئەم کەسە مەردانە دەکەن.

بەڵێ، لەوە دەچێت لەو دادگا گەورەیەی کە دادپەروەری تێیدا بە تەواوی درەوشانەوەی دەبێت، چاویان بەم کەسە ڕاستگۆیانە خزمەت بکەوێتەوە. بەڵام ئەوەی بە داخەوە دەبن بۆی ئەوەیە، پێش ئەوەی بمرن نەیانتوانی ئەم غەریبانە بدۆزنەوە کە بە دەستی خۆیان تیاچوونیانیان نادیدە گرت و، لەو ساتەدا هەلی ئەوەی بچنەوە بەردەمیان و بڵێن”گەردنمان ئازاد بکەن”، لە دەستداوە.

 

 

 

 

 

 

 

43 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە