گۆشەی م.فتحوڵڵا گولەنهەواڵ

ئەو ٧ تاقمەی لە ڕۆژی قیامەتدا لە ژێر سێبەری عەرشدا دەبن!

 

پرسیار: لە حەدیسێکی شەریفدا ئاماژە بەوە دەکات کە لە ڕۆژی قیامەتدا هیچ کەسێک لە ژێر سێبەردا نیە، جگە لەو ٧ تاقمەی لە ژێر سێبەری عەرشدان، ئایا تایبەتمەندی هاوبەشی نێوان ئەم ٧ تاقمە چیە؟

 

وەڵام:

دوو تایبەتمەندی گرنگ هەیە، کە وەها لە مرۆڤ دەکات لە بەندایەتیکردنیدا ئاستی بەرزتر بەدەستبهێنێت و گەشتنی بەو لوتکانە فەراهەم بکات, کە لە بەدیهێنانیدا بە ئامانج گیراوە، ئەویش ئەوەیە هەرچەندە توشی ناڕەحەتی و سەختی ببێت، عیبادەت و گوێڕایەڵی پەروەردگاری ئەنجام بدات، لەلایەکی ترەوە هەرچەندە بە لایەوە سەخت و گران بێت، خۆی لە گوناح و سەرپێچیەکان بە دوور بگرێت.

چونکە ئەو کارەی مرۆڤ ئەنجامی دەدات، چەندە سەخت بێت، پاداشتەکەی هێندەی ئەو گرانیە دەبێت کە توشی دەبێت. بە هەمان شێوە چەندە خۆی لەو گوناحانە بە دوور بگرێت کە بە لایەوە سەخت و گرانە، گەشتن بە لوتکەکانی بەندایەتیش، بە هەمان ڕادە مومکین دەبێت.

 

لەو حەدیسەشی ئاماژەتان پێدا، یەکێک لەو تایبەتمەندیانەی سەرنجمان ڕادەکێشێت، بریتیە لەوەی مرۆڤ لە ڕووی ئەو تایبەتمەندیە فیتریانەی هەیەتی و، ئەو هەلومەرجانەی چواردەوریان داوە، هەندێک کار هەیە کە ئەنجامدانیان بە لایەوە زۆر گرانە و، ئەم ٧ تاقمەشی ئاماژەی پێداون، هەڵدەستن بە ئەنجامدانی ئەو کارە سەختانە.

ئەو حەدیسەی ئاماژەتان پێدا بەم شێوەیەیە:

“لە ڕۆژی قیامەتدا کە هیچ سێبەرێک بوونی نیە، جەنابی حەق، ٧ تاقم لە مرۆڤەکان لە ژێر سێبەری عەرشی خۆیدا دەحەوێنیتەوە، ئەوانیش بریتین لە: کاربەدەستێکی دادپەروەر، گەنجێک کە بە خۆشەویستی عیبادەت کردن بۆ پەروەردگاری پێگەشتووە، ئەو پیاوەی دڵی بە مزگەوتەوە وابەستەیە، ئەو مرۆڤانەی لەبەر خاتری خودا یەکتریان خۆش دەوێت و لەبەر خاتری خوداش لە یەکتری جودا دەبنەوە. ئەو پیاوەی لەلایەن ژنێکی جوان و خانەدانەوە داوای کاری خراپی لێدەکرێت و لەبەر ترسی خودا ڕەتی دەکاتەوە. ئەو کەسەی لە پێناوی ڕێگەی خودادا دەبەخشێت و دەستی چەپی بەوە نازانێت کە دەستی ڕاستی دەیبەخشێت. ئەو کەسەی لە کاتی تەنیاییدا بیر لە خودا دەکاتەوە و چاوەکانی پڕ فرمێسک دەبن”.(بخاری، مسلم).

 

ئێستا با لە نزیکەوە بە ڕیز لەو کەسانە ورد ببینەوە کە لە حەدیسە شەریفەکەدا ئاماژەی پێکراوە:

 

یەکەم: کاربەدەستێکی دادپەروەر

سەردارمان لەم حەدیسەدا ئاماژە بەوە دەکات کە کاربەدەستێکی دادپەروەر، یەکێکە لەوانەی لە پێش هەمووانەوە لە ژێر سێبەری عەرشدا دەحەوێتەوە.

 

دەتوانن لە قائیمقامی شارۆچکەیەکی بچوکەوە هەتا سەرۆکی دەوڵەتێکی گەورە، تەواوی فەرمانبەر و کارمەندانی ناو دامودەزگا بەرپرسەکان لەم پۆلێنەدا هەڵبسەنگێنن. ئیدی هەریەکێک لەم کەسانە، گەر هێندەی ئەوەی تاڵە موویەک بکات بە ٤٠ پارچەوە، بە هەستیاریەوە مامەڵە بکات و، هەوڵی فەراهەمکردنی دادپەروەری بدات، تەنانەت هێندەی دەنکە جۆیەکیش زوڵم و کاری ناحەق ئەنجام نەدات، بەر موژدەی ئەم حەدیسە دەکەوێت.

ئەو مرۆڤانەی لە هیچ کام لە پلەکانی کاربەدەستیدا بوونیان نیە، دەتوانن بە شێوەیەکی ئاسان دادپەروەرانە مامەڵە بکەن. بەڵام هێندەی ئەوەی ئەرک و پلەکانی بەرپرسیارێتیت گەورەتر دەبێت، ڕەچاوکردنی دادپەروەری و خۆڕاگری لەو ئاڕاستەیەدا، سەخت و گران دەبێت.

 

بۆ نمونە وەک چۆن دادپەروەر بوونی موختاری گوندێک بە گوێرەی هاوڵاتیە ئاساییەکان سەختترە، کەسانێکیش کەوا ئاستی سوڵتان یاوز و یاخود سوڵتان سولەیمانیان هەیە و، کاروباری دەوڵەتێکی گەورەیان لە ژێر دەستدایە، بەو ڕادەیە سەختتر دەبێت.

چونکە کەسانێک کاتێک دەگەنە پلە و ئاستێکی لەو شێوەیە، دەبنە خاوەنی توانا و هێزێکی لە ڕادە بەدەر. لە چواردەوری ئەوان کۆمەڵێک مرۆڤی زۆر هەیە، کە هەمیشە دەستیان لەسەر سنگیان داناوە و بە ” جەنابی گەورەم” بانگی دەکەن.  هەروەها کاتێک قسەیەکی کرد، ئیدی باش بێت یاخود خراپ، چواردەورەکەی  ئامادەی چەپڵەڕێزان کردنی هەموو قسەیەکین و سەیری ناو چاوی دەکەن.

 

ئیدی کەسێک لە پێگەیەکی لەم شێوەیەدا، بابەتی ئەوەی بە هۆی هێز و تواناکانیەوە ژەهراوی نەبێت و، خۆی نەدات بە دەست لایەنی سەرنجڕاکێشی چەپڵەڕێزان و ستایشی چواردەورەکەیەوە، خراپ بەکارنەهێنانی ئەو ئیمکانیەتە فراوانەی لە ژێر دەستیدایە، لە بەرامبەر تەواوی ئەم کارکردە گومڕاکەر و بەلاڕێدابەدەرانەی بە چواردەوریەوەن و، ڕەچاوکردنی دادپەروەری و حەقانیەت، هەر بە ڕاستی کارێکی سەخت و دژوارە.

ئیدی کەسانێک کەوا لەم کارە سەختەدا سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە و، هێندەی دەنکەی جۆیەک شتی ناحەقی بە لای خۆیدا ڕانەکێشابێت و، تەواوی ئەو هێز و ئیمکانەی پێی بەخشراوە لە بەرژەوەندی و خزمەتی خەڵکی خۆی بەکارهێنابێت، کاتێک دەڕواتەوە بۆ ژیانی ئەو دونیا، چاوی بە زۆر سوپرایزی جەنابی حەق دەکەوێت.

 

بە دەربڕینێکی تر، هەتا پۆست و پلەو پایەی مرۆڤەکان بەرز ببێتەوە، خۆڕاگری لەسەر ڕێگای ڕاست سەختتر دەبێت، سەرکەوتن لەم کارە سەختەشدا، یاریدەدەری دەبێت لەوەی بگات بە پلەکانی مرۆڤی کامڵ.

 

دووهەم: ئەو گەنجەی عاشقی عیبادەتکردنی پەروەردگارێتی

 

پەروەردگارمان لە قورئاندا دەفەرموێت:

وَمَا خَلَقْتُ الْجِنَّ وَالإِنْسَ إِلاَّ لِيَعْبُدُونِ

 

واتە ” من مرۆڤ و پەریەکانم تەنیا بۆ پەرستشی خۆم ئەفراندووە”. بە گوێرەی ئەم ئایەتە، ئامانجی سەرەکی مرۆڤەکان بریتیە لەوەی تەنیا عیبادەت بۆ پەروەردگاریان بکەن. بە گوێرەی ڕاڤەی ئیبن عەباسیش، ئامانجی خەلقی مرۆڤەکان بریتیە لەوەی بگەن بە ناسین و مەعریفەتی پەروەردگاریان. هەربۆیە ڕێگەی ئەوەی لە تاقیکردنەوەی ژیانی دونیا بە سەرکەوتوویی دەربچین، بریتیە لەوەی خودا بزانین، بناسین، خۆشمان بوێت و بەندایەتیەکی شایستەی بۆ ئەنجام بدەین.

هیچ گومان نیە لەوەی، گەر چەند فاکتەرێکی وەک نەفس و شەیتان لەبەرچاو بگرین کە مرۆڤ لە خشتە دەبەن، لەوە تێدەگەین کە تاقیکردنەوەیەکی لەو شێوەیە، لایەنی سەخت و دژواری خۆی هەیە.

ئەگەرچی ئەنجامدانی بەندایەتی بە شێوەیەکی شایستە بۆ پەروەردگار، بە نیسبەت هەموو کەسێکەوە لایەنی سەخت و دژواری خۆی هەیە، بەڵام بە نیسبەت مرۆڤەوە لە تافی لاوێتیدا، کە هەر چواردەوری بە هەوا و ئارەزوو تەنراوە، ئەنجامدانی عیبادەتێکی بێ کەموکورتی و بێ وچان، لایەنێکی دژوارتری هەیە.

هەربۆیە سەردارمان لە دوای ئاماژەدان بەو کاربەدەستەی کە بە دادپەروەرانە مامەڵە دەکات و لە ژێر سێبەری عەرشی خودا دەحەوێتەوە، ئاماژە بەو گەنجە دەکات، کە خۆی بۆ عیبادەت تەرخان کردووە، لە ڕێگای بەندایەتی بۆ خودا پێگەشتووە، پاشان باڵای گرتووە و بەرەو کامڵێتی هەنگاوی هەڵگرتووە…

بابەتی ئەوەی گەنجێک سەرپێچی نەفس، هەوا و ئارەزوەکانی بکات و، بە “نەخێر” وەڵامی فشار و زۆرلێکردنەکانیان بداتەوە، واتە ئەوەی لەم بابەتەدا سەرکەوتوو دەبێت و لە جیاتی نەفسی، پەیڕەوی لە ڕێگەی هیدایەت دەکات، لە ڕیزی دووهەمی ئەو کەسانەدایە کە سەردارمان لەم حەدیسەدا پەسنی دەکات.

کەواتە بابەتی ئەوەی گەنجێک بە “نەخێر” وەڵامی داواکاری و ئارەزووە حەرامەکانی چاو، گوێ، زمانی بداتەوە، بەرەو لوتکەی کەمالاتی مرۆیی بەرزی دەکاتەوە.

 

سێهەم: ئەو کەسەی دڵی بە مزگەوتەوە وابەستەیە

لە حەدیسەکەدا سێهەم تاقم کەوا ئاماژەیان پێکراوە، بریتیە لەو کەسانەی کە دڵیان هەمیشە وابەستەی مزگەوتە، کەسێکی لەو شێوەیە کاتێک دێتە مزگەوت و نوێژەکەشی ئەنجام دەدا، لە کاتی چوونە دەرەوەشیدا هەر لە دڵی لە مزگەوت بەجێدەمێنێت. بە چوار چاو چاوەڕیی نوێژی داهاتووی دەکات.

جوانیە سەرنجڕاکێشەکانی دونیا، دەردی پەیداکردنی بژیوی ژیان، هەڵپەی پەیداکردنی ماڵی دونیا، بیرکردنەوە لەوەی چێژ لە خۆشیەکانی دونیا ببات، لە دڵی ئەودا جێگەی نیە. بە پێچەوانەوە ئەو کاتێک لە مزگەوت دێتە دەرەوە، چەشنی ئەوەی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن هەڵبمژێت، هەست بە خنکان دەکات. هەر بۆیە بە ناوی ئەوەی جارێکی تر ئۆکسیجین هەڵبمژیتەوە، دیسان چاوەڕێی چوونەوە ناو مزگەوت دەکات.

بۆ نمونە کاتێک نوێژی نیوەڕۆ ئەنجام دەدات و دەچێتە دەرەوەی مزگەوت، لە دڵی خۆیدا دەڵێت” خۆزگە ساتێک زووتر بانگی نوێژی عەسری دەدا و، جارێکی تر  بانگی “الله اکبر” ی بانگخوێنەکەم لە ویژدانمدا هەست پێبکردایەتەوە”.

دەتوانین ئەم فەرمودەیە لەگەڵ فەرمودەیەکی تری سەردارمان بە یەکەوە ببەستینەوە کە دەفەرموێت:

مَنْ أَتَى فِرَاشَهُ وَهُوَ يَنْوِي أَنْ يَقُومَ يُصَلِّي مِنَ اللَّيْلِ فَغَلَبَتْهُ عَيْنَاهُ حَتَّى أَصْبَحَ كُتِبَ لَهُ مَا نَوَى وَكَانَ نَوْمُهُ صَدَقَةً عَلَيْهِ مِنْ رَبِّهِ عَزَّ وَجَلَّ

 

واتە ئەوەی بە نیەتی ئەنجامدانی عیبادەتەوە ماندوویەتی دەیگرێت و خەوی لیدەکەوێت، بە هۆی نیەتەکەیەوە هەتا ئەو کاتەی بێدار دەبێتەوە پاداشتی بۆ دەنوسرێت. تەنانەت کاتی خەوتنەکەشی لەلای پەروەردگاری بە سەدەقە ئەژمار دەکرێت”.

واتە سەردارمان لێرەدا ئاماژە بەوە دەکات، کە هەرکەسێک دڵی بە عیبادەتی شەوانەوە وابەستە بێت، تەنیا لەبەر ئەم نیەتەی، هەناسەکانیشی وەک تەسبیحاتی پەروەردگاری ئەژمار دەکرێت.

 

بێگومان پێگەی کەسێک بەم ڕادەیە وابەستەی چوونە مزگەوت و ئەنجامدانی عیبادەتەکان بێت، پێگەیەک نیە کەوا هەموو کەسێک بتوانێت پێی بگات. هەر بۆیە ئەوانەی توانای کارێکی لەو شێوەیەیان هەیە، بە شێوەیەکی ستونی بۆ لای پەروەردگاریان بەرز دەبنەوە.

 

چوارەم: ئەوانەی لەبەر خاتری پەروەردگاریان یەکتریان خۆش دەوێت

 

تاقمی چوارەمیش کەوا لە فەرمودەکەدا ئاماژەی پێکراوە، ئەو مرۆڤانەن کە لەبەر خاتری خودا یەکتریان خۆش دەوێت و گەر لە یەکتریش جودا بوونەوە، هەر لەبەر خاتری خودا ئەم کارە ئەنجام دەدەن.

لە ڕاستیشدا بنەمای” خۆشەویستی لەبەر خودا، ڕق لێبوونەوە لەبەر خودا” یەکێکە لە بنەما سەرەکیەکانی دین. بەڵام ئەمە هەرگیز کارێکی هەروا ئاسان نیە.

بابەتی ئەوەی کەسێک بەرژەوەندی و زەوقی خۆی پەراوێز بخات، مرۆڤێکی تری تەنیا لەبەر دین، دیانەت، ئیمان، نزیکی لە خودا، ئەو خزمەتانەی لە پێناو دین و گەلەکەی ئەنجامی دەدات، خۆش بوێت و بەم هۆیەوە پەیوەندی لەگەڵدا دروست بکات، هەر بە ڕاستی کارێکی گرانە.

 

ئایا لە بنەڕەتیشەوە، خۆشەویستی قوڵی ئێمە بۆ پێغەمبەری خودا لە پێش هەموو کەسێکەوە و، پاشان خەلیفە ڕاشیدەکان و هاوەڵانی تر، حەزکردنمان بەوەی لەگەڵ ئەوان بین، هەر لەبەر ڕەزامەندی الله نیە؟

بە دەربڕینێکی ڕاشکاوانەتر، ئایا خۆشەویستیمان بە هۆی ئەو پەیامە ئیلاهیەوە نیە کە بە بێ کەموکورتی بە ئێمەیان گەیاندووە و، جوانیەکانی ئیسلامیان لە خۆیاندا دەرخستووە و بە شێوەیەکی بێ کەموکورتی نوێنەرایەتیان کردووە، پاشان لە پێناو دینەکەیاندا قارەمانێتی زۆر جددیان ئەنجامداوە؟

ئەوان لە بابەتی ژیاندنی دینەکەیان و نوێنەرایەتی کردنی لەسەر ئاستێکی باڵا و دەرخستنی جوانیەکانی، هیچ تەراوزوویەکی دونیایی نیە کەوا بتوانێت کێشانەی بکات.

تەنانەت پێموایە تەرازووەکەی ڕۆژی قیامەتیش بەرگەی قورسایی کارەکانی ئەوان ناگرێت و لەبەردەم فەزیڵەتی ئەواندا لەت دەبێت.

لە پاڵ خۆشەویستیەکی لەم شێوەیەشدا، پەیوەندیگەلێک هەیە کەوا لەبەر خاتری بەرژەوەندیە دونیایەکان ڕێکخراوە. پەیوەندی و خۆشویستنی نێوان ئەم جۆرە مرۆڤانە، وابەستەی ئەو سوود و قازانجەیە کەوا لە یەکتریەوە دەستیان دەکەوێت.

هەر لەبەر لەدەستنەدانی ئەم بەرژەوەندیانەیەشە کەوا واز لە کەسێک ناهێنن و بەجێیناهێڵن.

هەروەک ئەوەی “کلک” ی ئەوان بن، هەمیشە و هەردەم بە دوایانەوەن. هەندێک جار وەک پەروانە بە چواردەوری کەسێکدا کۆ دەبنەوە و، هەندێک جاریش ماستاوی بۆ دەکەن، هەندێک جاریش لە پێناو شاردنەوە و پەردەپۆشکردنی کەموکورتیەکانی ئەو کەسە، لەگەڵ یەکتریدا پێشبڕکێ دەکەن.

ئەگەرچی وەها پشان دەدەن کە ئەو زاتەی شوێنی کەوتوون لە دڵەوە خۆشیان دەوێت، بەڵام لە ڕاستیدا تەنیا بەرژەوەندیەکانی خۆیانیان خۆش دەوێت.

تەواوی ئەم جۆرە پەیوەندی و خۆشەویتیانە هیچیان لەبەر خاتری الله نیە.

کەسانێک کەوا لەبەر خاتری خودا یەکتریان خۆش دەوێت، بە ڕەچاوکردنی ڕەزامەندی ئەو بەردەوامی بە پەیوەندیەکانیان دەدەن، لە جیاتی ئەوەی ماستاو بۆ یەکتری بکەن، چاکی یەکتریان دەوێت.

کاتێک یەکتری دەبینن، زۆر بە ئاسانی هەڵە و کەموکورتیەکانی بەرامبەرەکەیان، بۆ یەکتری ئاشکرا دەکەن. بە شێوەیەکی بەردەوام یەکتری بۆ ڕێگا ڕاستەکە بانگهێشت دەکەن.

تەنانەت لە یەک زویر و بوون و دڵشکانی ئەو کەسانە لە بەرامبەر یەکتریش، هەر لەبەر خاتری خودایە.

پەیوەندی بە زوڵم یاخود هەڵەیەکی براکەیەوە هەیە، کە دەیەوێت  لێی دووری بخاتەوە.

بەڵێ، خۆشەویستی دوو کەس لە بۆ یەکتری بە بێ هیچ بەرژەوەندیەکی دونیایی، هەروەها دیسان بەردەوامیدان بەو پەیوەندیە لە پێناو ڕەزامەندی پەروەردگار، هێندە کارێکی مەزنە، لەو ڕۆژی حەشرەی کەوا هیچ سێبەرێک بوونی نیە، ڕایاندەکێشتە بەر سێبەری عەرشی خودا.

 

پێنجهەم: قارەمانانی داوێن پاکی

 

سەردارمان ئاماژە بە کەسێکی داوێن پاک دەکات، لەو کاتەی خانمێکی جوان و خاوەن پێگە و سەروەت و سامان کە توانای ڕاکێشانی سەرنجی مرۆڤەکانی هەیە، داوای کاری خراپی لێدەکات، لە وەڵامیدا بڵێت” من لە خودا دەترسم و کارێکی لەو شێوەیە ناکەم”.

ئەمەش یەکێک دەبێت لەوانەی سوود لەو سێبەرەی عەرشی خودا دەبینێت.

بێگومان کەسێک کەوا لە حاڵێکی لەو شێوەیەدا، ئارام دەگرێت و بەسەر هەوا و ئارەزوەکانیدا زاڵ دەبێت، کارێکی هەروا ئاسان نیە.

هەربۆیە ئەوەی لەم کاتەشدا سەرکەوتوو دەبێت، بەسە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ستونی بەرەو عەرشی کەمالاتی مرۆیی بەرز ببێتەوە.

 سەبارەت بەم بابەتە، چیرۆکێک هەیە کەوا دەڵێن لە سەردەمی حەزرەتی عومەردا ڕوویداوە. دەڵێن لەو سەردەمەدا گەنجێکی وابەستەی مزگەوت دەبێت، کە هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی جەماعەت ئامادە بووە. لەو کۆڵانەی ئەوی پێدا تێدەپەڕێت، ژنێک گەنجەکەی بە دڵدا دەچێت. ڕۆژێکیان بە هەر شێوەیەک بێت، پەلکێشی ژوورەوەی دەکات. کاتێک گەنجەکە دەچێتە ژوورەوە، ڕووبەڕووی تەکلیفێکی نەشیاو دەبێتەوە. گەنجەکە ڕێک لەو کاتەدا ئەم ئایەتە دێتە سەر زاری کە دەفەرموێت:

إِنَّ الَّذِينَ اتَّقَوْا إِذَا مَسَّهُمْ طَائِفٌ مِنَ الشَّيْطَانِ تَذَكَّرُوا فَإِذَا هُمْ مُبْصِرُونَ

واتە ئەو کەسانەی هەمیشە لە بازنەی پارێزگاریدا ژیانیان بەسەر دەبەن، کاتێک شەبەنگی وەسوەسەکانی شەیتان ڕوویان تێدەکات، یەکسەری بیری الله یان دەکەوێتەوە و چاویان بە ڕاستیەکاندا هەڵدێنن.

هەربۆیە گەنجەکە لەوێدا بەرگەی ئەم ڕووداوە ناگرێت و هەر لەوێدا گیانی دەردەچێت و ڕۆحی تەسلیمی الله دەکاتەوە.

لەبەر ئەوەی گەنجەکە لە ماڵی کەسێکی تردا وەفات دەکات، هاوەڵان بە بێ ئەوەی حەزرەتی عومەر ئاگادار بکەنەوە، تەرمی گەنجەکە هەڵدەگرن و دەینێژن.

بەڵام مومکین نیە کەسێکی خاوەن دووربینی وەک حەزرەتی عومەر، هەست بە نەبوونی کەسێکی لەو شێوەیە نەکات.

هەربۆیە کاتێک لە ناو جەماعەتدا نایبینێت، یەکسەر پرسیاری ئەوەی کە فڵان کەس لە کوێیە، دەکات ؟

هاوەڵانیش باسی درێژەی ڕووداوەکەی بۆ دەکەن.

 

حەزرەتی عومەریش لە دوای ئەمە دەچێتە سەر گۆڕی گەنجەکە و ئەم ئایەتە دەخوێنێتەوە:

وَلِمَنْ خَافَ مَقَامَ رَبِّهِ جَنَّتَانِ…

واتە دوو بەهەشت بۆ ئەو کەسانە هەیە کە لە بازنەی پارێزگاریدا ژیانیان بەسەر دەبەن.

 

شەشەم: قارەمانەکانی ڕێگەی خێرخوازی

یەکێکی تر لەو کارە قورسانەی لە فەرمودەکەدا ئاماژەی پێکراوە، بریتیە لە ئەنجامدانی خێر و سەدەقە بە شێوەیەکی نهێنی، کەوا دەستی ڕاست و چەپت ئاگایان لەو خێرانە نەبێت کە دەستەکەی تر ئەنجامی دەدات.

لە بابەتی ئەوەی دەستی چەپ بە دەستی ڕاستت نەزانێت لە کاری خێردا، گوزارشتلێکردنێکی لێکچواندنانە هەیە.

کاتێک بەم شێوەیە خێر و سەدەقەت ئەنجامدا، خۆت لە بچوکترین ڕیا و ڕووپامایی دەپارێزیت. هەروەها ئەو کەسەشی خێر و سەدەقە وەردەگرێت، ڕزگاری دەبێت لەوەی فیز و منەتی بەسەردا بکرێت. هەروەها ئیخلاسی کەسەکەش زیانی بەر ناکەوێت.

ئاشکرایە لە سەردەمی عوسمانیەکاندا، لەسەر بنەمای ئەم خاڵە، بەردی سەدەقە دروست کردن پەیدا بووە.

واتە چەند شوێنێکیان دیاری دەکرد کە خەڵکی دەوڵەمەند سەدەقەی خۆی لێ دادەنا بە شێوەیەکی شاراوە و کەسانی لێقەوماویش دەچوونە ئەو شوێنانە و پێداویستیەکانی خۆیان هەڵدەگرتەوە.

 

لە ڕاستیشدا دروست بوونی سیستەمێکی لەو شێوەیە، ئەوە پشان دەدات کە کۆمەڵگا تا چی ڕادەیەک لەسەر ڕێگای ڕاست بووە و، کەسانی دز و داگیرکەر و دەستبڕ، لەناو ئەو کۆمەڵگایەدا شوێنێکیان نەبووە.

پێچەوانەی ئەم کارەش بریتیە لەوەی بە بەرچاوی خەڵکەوە خێر و سەدەقە ئەنجام بدەیت، هەندێک جار لە ڕێگەی قسەیەک یاخود پێکەنینێکەوە، تەواوی کارەکەت پوچەڵ بکەیتەوە.

لە ڕاستیشدا ئامانجی ئەم جۆرە کەسانەیە ئەوەیە لە ناو خەڵکدا وەک کەسانێکی خێرکەر و چاکەکار ناو دەربکەن، هەتا لەم ڕێگەیەوە چەپڵە و ستایشی خەڵک چنگ خۆیان بخەن.

 

قورئانی کەریمیش دەفەرموێت:

قَوْلٌ مَعْرُوفٌ وَمَغْفِرَةٌ خَيْرٌ مِنْ صَدَقَةٍ يَتْبَعُهَا أَذًى وَاللَّهُ غَنِيٌّ حَلِيمٌ

واتە قسەیەکی جوان و چاوپۆشی لە هەڵەیەک، زۆر باشترە لە سەدەقەیەک کە ئازاردانی بە دواوە بێت.

 

حەوتەم: ئەو کەسەی لەبەر خاتری خودا فرمێسکی چاوەکانی دەڕژێت

پاشان لە حەدیسەکەدا ئااژە بەو کەسانە کراوە، کە لە کاتی تەنیاییدا یادی خودا دەکەنەوە و فرمێسک بە چاوەکانیاندا دێتە خوارەوە.

 

هەر بە ڕاستیش، کەسێک لە شوێنێکدا کەوا کەسی تری لێ ئامادە نیە، بۆ نمونە کاتێک لە تاریکی شەودا سەری دەخاتە سوجدەوە و، بیر لە پێگەی خۆی دەکاتەوە بەرامبەر پەروەردگاری، پاشان بیر لە گەورەیی خودا و بچوکی خۆی دەکاتەوە و فرمێسک بە چاوەکانیدا دێتە خوارەوە، یەکێکە لەو کردارانەی کە بە شێوەیەکی ستونی مرۆڤ بەرەو الله بەرز دەکاتەوە.

تەواوی ئەو تایبەتمەندیانیەی لەسەرەوە ئاماژەیان پێدرا، شتانێکن کەوا بە هەموو کەسێک ئەنجام نادرێن و، کارگەلێکن کە پێویستی بە سەبر، تەحەمول، عەزم و خۆڕاگری هەیە.

هەربۆیە ئەوانەی لە ئەنجامدانی ئەم کارە سەختانە سەرکەوتوو دەبن، لەلایەن الله وە بە لوتفی زیاد لە حەد پاداشت دەدرێنەوە.

دەتوانرێت کارگەلێکی زۆری تریش بەم کارانە بەراورد بکرێن و، تەواوی ئەم عیبادەت و گوێڕایەڵیانەی لە پێناو الله ئەنجام دەدرێن، لەسەر هەمان بنەما هەڵبسەنگێدرێن.

هەربۆیە مرۆڤێک کەوا کارگەلێکی سەختی لەو شێوەیەی سەرەوە ئەنجام دەدا، یاخود خۆی لە حەرامگەلێک دەپارێزێت کە دوورکەوتنەوە لێیان زۆر سەختە، الله پێگەگەلێکی وەهایان بە نیسب دەکات کە چاوەکان نەیانبینیوە و گوێکان نەیانبیستووە و بە خەیاڵی هیچ مرۆڤێکدا نەهاتوون.

الله هێز و  توانای سەرکەوتن لەم جۆرە کارانە بە تەواوی ئیمانداران و بە تایبەت  ئەوانەی خزمەتی دینی خودا دەکەن، ببەخشێت.

پشتیوان بە خودا، ئەو جۆرە کەسانە لە بەرامبەر تەواوی کارە سەختەکاندا ئارام دەگرن و لە دوورکەوتنەوە لە کارە خراپە سەختەکانیشدا خۆڕاگر و دان بە خۆداگرتوو دەبن.

بەم شێوەیە شەرەفی حەوانەوە لە ژێر سێبەری عەرشی خودایان بە نسیب دەبێت، دەبنە جێگەی ئەوەی لوتفی زیادەی پەروەردگاریان بە نسیب ببێت.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

108 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە