هەواڵ

نامەی ئەو دادوەرەی لە دەریای ئیجەدا کۆرپەکەی لەدەستدا

 

فاتمە ئشک ئەو دادوەرەی لە پێناو ڕزگاربوون لە ستەم و چەوساندنەوەکانی حکومەتی تورکیا ناچاربوو لە تورکیا هەڵبێت و بەرەو یۆنان بەڕێ بکەوێت، بەڵام لە ئەنجامی زۆری شەپۆل و زریاندا لە دەریای ئیجەدا بەلەمەکەیان نقووم بوو، وە کۆرپەکەی لەدەستدا، لەو کاتەی لە گرتووخانەدا بوو نامەیەکی ئاراستەی ئەمین چۆلاشان ڕۆژنامەنووسی دیاری تورکیا کردووە و تێیدا هەموو کارە نایاساییانەی خستووەتەڕوو کە بەرامبەریان ئەنجام دراوە.

ڕۆژی ٢٧ی ئەیلولی ٢٠١٩ لە کەناراوەکانی دوورگەی چیۆس لە دەریای ئیجەدا بەلەمێک نقووم بوو کە ١٩ کەسی تێدابوو، وە بەو هۆیەوە منداڵێکی ساوا و ٤ منداڵی دیکە و ٢ کەسی پێگەیشتوو گیانیان لەدەستدا.

شایانی باسە پێشتر فاتمە ئشک لەگەڵ هاوسەرەکەی بە بڕیارێکی نایاسایی لە لایەن حکومەتی تورکیاوە لە کارەکانیان دوورخرابوونەوە و کار و چالاکییە ئاساییەکانییان بە تاوان هەژمار کرابوو.

ئەمین چۆڵاشان لە نووسینێکیدا بەم شێوەیە نامەکەی فاتمە ئشک دەگێرێتەوە:

“دادوەرێک لە گرتووخانەی ژنانی تارسوسەوە نامەیەکی بۆ نووسیوم. لە ڕاستیدا ئەو نامەیە هێندە دوور و درێژە کە دەکرێت بکرێت بە کتێبێک. بەڵام ئێستا زۆر بە کورتی بۆتان پوخت دەکەمەوە:

‘ئێمە بە قۆنا‌غێکی زۆر سەختدا تێپەڕین. من دووگیان بووم و کۆرپەکەی ناو سکم ١٦ هەفتە بوو. هەموو ئەو قۆناغە سەختەم لەگەڵ کۆرپە لەدایک نەبووەکەمدا بەسەر برد. (کاتێک هەلومەرجی ناو زیندان دەگێڕێتەوە هێندە سەختە کە باوەڕ ناکرێت). ئێمە ١٤ دادوەر و داواکاری گشتی کە لە کارەکانمان دوور خرابووینەوە پێکەوە لە قاوشێکدا دەماینەوە.

زیاتر لە دوو مانگ بەو شێوەیە بە بەندکراوی لە زیندان مامەوە.

لە کاتێکدا سەدان بەندکراو لە گرتووخانەکەدا هەبوو تەنها یەک پزیشک هەبوو کە هەموو ئەو کەسانە ببینێت. ئەویش تەنها ڕۆژانی پێنجشەمە دوای نیوەڕۆ.

لە ئێستادا کۆرپەکەی ناو سکم تەمەنی بووە بە ٢٧ مانگ، وە ئەوە یەکەم دووگیان بوونی منە.

بە کەلەپچەی ئاسنەوە دەچووینە ناو گرتووخانەکانەوە. تەنانەت ئەوەندە بەس بوو بۆ من کە پزیشکەکە پێم بڵێم بارودۆخی کۆرپەکەت باشە. جگە لەوە هیچ شتێکی دیکە بە خەیاڵمدا نەدەهات. ئەوەی لە هەموو شتێک زیاتر خورپەی بە دڵی مندا دەهێنا بریتیی بوو لە گەورەبوونی منداڵەکەم بەو شێوەیە. هەردووکمان بە قۆناغێکی زۆر سەختدا تێپەڕ دەبین.

کاتی واش هەیە کە ناتوانم فرمێسکەکانم ڕابگرم.

لە ڕاستیدا من یەکێک بووم لە ژنە خاوەن بەختەکانی ناو قاوشەکەمان چونکە هاوسەرەکەم دەستگیر نەکرابوو.

هۆکاری نووسینی ئەم نامەیەم بۆ ئێوە تەنها بۆ ئەوەیە کە کەمێک دەنگی خۆمان بە دەرەوە بگەیەنین.’

ئەمین چۆڵاشانی ڕۆژنامەنووس لە درێژەی نووسینەکەیدا دەڵێت

“لەم قۆناغە سەختەدا هەوڵ دەدەم هەم کاری ڕۆژنامەنووسی و هەم ئەرکی مرۆڤایەتی خۆم بەجێ بهێنم. ویژدانم زۆر ئاسوودەیە. خوێنەرانی خۆشەویست هەموو ڕۆژێک ژمارەیەک نامەی زۆرم لە لایەن ئێوەوە پێ دەگات. وەک خۆتان دەزانن کات بەشی ئەوە ناکات وەڵامی هەموو ئەو نامانە بدەمەوە. کاتێک لە دوای هەوڵی کودەتاکەوە ژمارەی ئەو کەسانەی لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە یاخود دەستگیر کراون زۆر زیادی کرد ئەوان دەستیان بە نووسین کرد. لە نووسینەکانیان باس لەوە دەکەن کە چۆن خۆیان یان هاوسەرەکانیان یاخود کەسە نزیکەکانیان چۆن تووشی ناحەقی و ستەم لێکردن بوونەتەوە. من هیچ کام لەوانە ناناسم کە ئەو بابەتانەیان نووسیوە… ئەو کەسە بێتاوانانە چ گوناهێکیان هەیە کە مافی بەرگری لەخۆکردنیان پێ نادرێت؟ زۆرێک لە نووسەرانیش دەترس و دەڵێن ‘با ناوەکانمان ئاشکرا نەبێت’.”

https://kronos28.news/tr/egede-bebegini-kaybeden-hakim-fatma-isik-colasana-mektup-yazmis/

39 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە