گۆشەی م.فتحوڵڵا گولەنهەواڵ

ئەو نامۆیەی لە بەرامبەر هەوڵی  وێرانکارانەدا، بەردەوامی بە چاکسازی و نۆژەنکردنەوە دەدا

” ئەم دینە لەناو کۆمەڵگایەکدا سەری هەڵدا کە نەیاندەناسی و لە زمان و حاڵی تێنەدەگەشتن.  ڕۆژێک دێت دیسان توشی نامۆیی سەرەتای دەبێتەوە و لە ناو خەڵکدا نامۆ دەکەوێت. مژدە بێت لە کەسە نامۆ و غەریبەکان، ئەوانەی لەو کاتەدا خەریکی چاکسازین کە کەسانی تر خەریکی کاری تێکدەرانەن”. (مسلم، ایمان).

 

“تورکیای پەلکێشکراو بۆ ناو ئاژاوە و هەوڵە جددیەکانی مامۆستا”

 

لە بەرواری ١ ی ئایاری ١٩٧٧، لە میانەی ئەو گردبوونەوەیەی لەلایەن سەندیکای کرێکارانی تورکیا ئەنجامدرا، کە بە (دیسک) ناسراوە، تەقە لە خۆپشاندەران و کرێکاران کرا. ٣٤ هاوڵاتی گیانیان لە دەستدا و سەدان هاوڵاتیش بریندار بوون، هەر بەم وەحشەتەوە دەستیان هەڵنەگرت و لە دوای ئەم بەروارەوە، پەنجەیان بە دوگمەی تاوانە بکەر نادیارەکانی ناوخۆی تورکیاشدا نا.

لە پاڵ ئەم کارە ئەنارشیستیانە کە کۆمەڵگایان بەرەو گێژاو پەلکێش دەکرد، لە چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگاشدا بایکۆت و خۆپشاندان دەستی پێکرد و، هەوڵی زۆردارانەش بۆ سەرکوت کردنی کۆمەڵگا لەلایەکی ترەوە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕووی لە زیاد بوون دەکرد.

لە کاتێکی ئاوەهادا کە مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن خۆی بۆ کاری ئەرێنی تەرخان کردبوو، زۆر ئەرکی گرانی کەوتبووە سەرشان.

“شکاندنی بایکۆتی پەیمانگاکان لەلایەن مامۆستاوە”

لە ساڵی ١٩٧٧، بایکۆتی پەیمانگا ئیسلامیەکان لە ناوخۆی تورکیادا تەشەنەی سەندبوو. بایکۆتکەران داوای ئەوەیان دەکرد کە خوێندنی پەیمانگاکانیان بۆ ئاستی ئەکادیمی بەرز بکرێتەوە.

بە گوێرەی هەندێک دەنگۆی ئەو کاتە، تورکیا کە لەو کاتەدا لە هەڵبژاردنەکان نزیک بوو بوویەوە، سیاسیەکان بۆ کۆکردنەوەی دەنگ، هەتا ناو گوندەکانیش دەڕۆشتن و، داواکاری خوێندکارانی پەیمانگاکانیش بە نیسبەت ئەوانەوە، هەلێکی مەزن بوو. ئیدی بەم هۆیەوە دەیانتوانی خوێندکاران ڕەوانەی گوندەکان بکەن، هەتا لە ڕێگەی ئەوانەوە دەنگ بۆ خۆیان کۆ بکەنەوە.

بە گوێرەی هەندێک دەنگۆش، ڕێکخستنی ئەم بایکۆتەی پەیمانگە ئیسلامیەکان، بە مەبەستی ئەوە بوو کە بەهانەی داخستنیان  بدەن بە دەستەوە.

چونکە بایکۆتکردنی پەیمانگا ئیسلامیەکان بۆ ماوەی ساڵێک، کە لەو کاتەدا لە ناوخۆی تورکیادا ژمارەیان ١٠ پەیمانگا بوو، بە واتای ئەوە دەهات کە ئەو ساڵە هیچ خوێندکارێکی دەرچوویان نەبێت.

ئیدی بەم شێوەیە هەم بەهانەیەک بۆ داخستنیان دروست دەبوو، هەم خوێندنی زانستە ئیسلامیەکان کە لەو کاتەی تورکیادا پێویستیەکی حەتمی بوو، پەکی دەکەوت.

مامۆستا لە وتارەکانیدا ئاماژەی بەوە دەکرد کە کاری بایکۆت کردنی خوێندن دروست نیە و، داوای لە خوێندکارەکان دەکرد بچنەوە ناو وانەکانیان.

بەم شێوەیە بایکۆتی شاری ئیزمیر، بە هۆی پەیامی توندی مامۆستا کە دەیوت” لە ئیسلامدا بایکۆت نیە” شکێنرا.

 

ئیدی ئەم بایکۆتە بە هەر هۆیەک ئەنجام درابێت، سەرەتا لە شاری ئیزمیرەوە کۆتایی پێهێنرا و، هاوڵاتیانیش کە لەو کاتەدا چواردەوری پەیمانگاکانیان گرتبوو، یارمەتی ئەو خوێندکارانەیان دا، کە دەیانویست بایکۆتەکە بشکێنن و بچنەوە ناو وانەکانیان.  هەربۆیە ڕێگایان بۆ کردنەوە بۆ کردنەوە و ئەوانیش چوونەوە ناو خوێندنگەکانیان.

 

مامۆستاش لەو ڕۆژەدا چووە سەر گردێکی نزیک پەیمانگاکەی ئیزمیر و بە شێوەیەکی شەخسی پشتگیری لە شکاندنی بایکۆتەکە کرد.

 

بەڵام ئەو خوێندکارانەی سوور بوون لەسەر ئەوە کە بەردەوامی بە بایکۆتەکەیان بدەن، بە شێوەیەک کەوا لەگەڵ ئاستی خوێندکارانی پەیمانگای ئیسلامیدا نەگونجێت، سوکایەتیان بەو خوێندکارانە کرد، کە دەیانویست بایکۆتەکە بشکێنن و ئەو خوێندکارانەشی بایکۆتەکەیان شکاند، بە هیچ شێوەیەک وەڵامیان نەدانەوە.

مامۆستا پێی وتن” گەر بشتانکوژن و دەست بکەن بەوەی شەپازڵەشتان لێبدەن، ئێوە بە هیچ شێوەیەک وەڵامیان نەدەنەوە”.

ئەوەی بە لای ئەم خوێندکارانەشەوە گرنگ بوو کە گوێڕایەڵی مامۆستایان دەکرد، بریتی بوو لەوەی خوێندنگەکانیان بکرێتەوە.

تەنانەت لەو کاتەدا ٣ خوێندکاری سەر بە بایکۆتکەران هاتنە نزیک مامۆستا و لە نزیکەوە کاردانەوەیان بەرامبەر مامۆستا پشاندا.

یەکێک لە خوێندکارەکان وتی ” چەندین ساڵ گوێم لە وتارەکانی ئێوە گرت، چاوەڕێی شتێکی لەو شێوەیەم لە ئێوە نەدەکرد”.

لەو کاتەدا ئیسماعیل بیوکچەلەبیش لەوێدا بوونی دەبێت، لە ڕێگەی هۆشداریدانەکانی ئەوەوە، خوێندکارەکان لەو شوێنە دوور دەکەونەوە.

 

ئەو بایکۆتەی لە ساڵی ١٩٧٧ ڕوویدا، سێهەمین بایکۆت بوو کە ناو بە ناو لە ساڵی ١٩٦٩ دەستی پێکردبوو، هەروەها دەشێت گەورەتری بایکۆتیش بێت کە هەتا ئەو کاتە ئەنجام درابێت. بە گوێرەی مامۆستا،  خۆپشاندانی سەر شەقامەکان و وتنەوەی دروشم و بایکۆت کردنی دەوامی فەرمی، هیچ کام لە چارەسەری کێشەکانی پێناکرێت و، هیچ ئاسانکاریەکیش لە ژیانی کەسانی دینداری ناوخۆی تورکیا ناهێنێتە مەیدانەوە.

بە تایبەت لەو کاتەی خوێندنگەکانی پەیمانگە ئیسلامیەکان خوێندنیان بایکۆت کردبوو، پەڕلەمانی تورکیا لە کاتی پشوودا بوو. لە کاتێکی لەو شێوەیەدا کە کێشە سەرەکیەکانی وڵاتیش چاوەڕێی چارەسەرکردنیان دەکرد، دەرچوونی یاسایەک بۆ گۆڕینی پەیمانگاکان بە خوێندنی ئەکادیمی، کارێکی ئەستەم بوو.

 

ساڵانی دواتر پەیمانگاکان گۆڕان بە کۆلیژی ئیسلامی، کە زۆر لەسەرو ئاستی خوێندنی ئەکادیمیەوە بوو. خۆ گەر بایکۆتکەران سەرکەوتوو بووانەیە  لە داواکەیان، ئەوا پەیمانگاکان نەدەگەشتن بەو ئاستە بەرزە.

 

مامۆستا لەو کاتەدا وەک ڕێگری لە نوێژخوێنانی مزگەوتەکە کرد، کە بچن بە گژ ئەو خوێندکارانەی لە دەرەوەی مزگەوتەکەی هوتافیان لە دژی مامۆستا دەکێشا، لە هەمان کاتدا ڕێگری لە شەڕ و بە گژ یەکدا چوونی نێوان خوێندکارانی بایکۆتکەر و بایکۆتشکێندا کرد.

هەروەها مامۆستا لەو ڕۆژگارەدا، هەڵوێستێکی جددی تری بەرامبەر ئەو ڕێکخراوانە پشاندا، کە لە ڕێگەی هەڕەشەوە دەرابەی دوکانەکانیان بە هاوڵاتیانی کاسپکار دادەخست.

مامۆستا لە وتارەکانیدا دەیوت” نابێت خۆتان ڕادەستی مشتێک مشەخۆر بکەن، بڕۆن دەرابەی دوکانەکانتان بکەنەوە، گەر بتانکوژن شەهید دەبن”.

 

چونکە لەم بابەتەدا هەندێک گروپی چەکدار، لە ڕێگەی هەڕەشەوە دوکانیان بە هاوڵاتیان دادەخست. ڕادەست بوونی کەسانی کاسپکار بە گروپە تیرۆرستیەکان، بە واتای ڕادەستکردنی تورکیا دەهات.

بە گوێرەی تێڕوانینی مامۆستا، هاوڵاتیانی تورکیا دەبوو لە بەرامبەر کەسانی دەستدرێژیکەری ناوخۆ کە هەوڵی ئاژاوە و پشێوییان دەدا، وەک تیمسالی پۆڵا لە بەردەمیاندا بوەستن و، تەنانەت گەر مردنی خۆیشی لەبەرچاو گرتبێت، لە بەرامبەر هەموو دەستدرێژیەکدا شورایەکی پتەو دروست بکات.

چونکە کەسانێک کە وەک جانەوەریان لێهاتووە و سیفاتە مرۆییەکانی خۆیان لەلایەک داناوە، گەر ئەمڕۆ بچوکترین سازشیان بۆ بکەیت، ئەوا بە واتای کردنەوەی دەرگایە بە ڕووی ئەو داوکاریە نەبڕاوانەی، کە سبەینێ لێتی دەخوازن.

بۆ نمونە گەر ئەمڕۆ کەسانی ئەنارشی داوای ئەوەت لێ بکەن کە دەرابەی دوکانەکان دابخەیت، کەسی کاسپکار گەر خۆیشی لەو ڕۆژەدا هۆکارێکی هەبێت بۆ داخستنی دوکانەکەی، پێویستە لە دژی ئەوان، هۆکارەکەی خۆی بخاتە لاوە و، هەستێت بە کردنەوەی دوکانەکەیی  و تابلۆیەکی وەها پشان نەدات کە سازشکردنی پێوە دیار بێت.

 

یاخود مامۆستا دەیوت” گەر بە چەکەوە هاتنە بەردەم دەرگای دوکانەکەت و داوای دەنکە جۆیەکیان لێکردیت، ئەوا لە بەردەمیاندا خۆڕاگرانە دەوەستیت و تەنانەت گەر ژیانیشت بکەوێتە مەترسیەوە، نابێت سەر بۆ داواکەیان شۆڕ بکەیت. چونکە گەر یەک جار داوای کەسێکی ئەنارشیت بەجێگەیاند، ئیدی ڕۆژێکی تریش دیسان لە دەرگاکەت دەداتەوە و، ئەم جارەیان داوای شتێکت لێدەکات، کە بە درێژایی ژیانیت لە شەرماندا سەرت شۆڕ بکەیت. ئیدی لەو کاتەدا لەوە پەشیمان دەبیتەوە کە هەر لە سەرەتاوە بەرەنگاری نەبوویتەوە و هەزار جار خۆزگەی مەرگ دەخوازیت.

 

وتارەکانی مامۆستا لە ئیستەنبول…

مامۆستا لە پێناو ڕەواندنەوەی گێژاوی ناوخۆی وڵات و بەدیهێنانی ئامانجی میسالی خۆی کە خزمەتکردنە بە دین، هەوڵ و کۆششێکی زۆری خستبوویە گەڕ.

ئیدی بۆ ئەم مەبەستەش هەمیشە بەڕێوە بوو، بۆ ئەم مەبەستەش دووهەم وتاری خۆی لە ئیستەنبول، لە بەرواری ٢٦ ی ئابی ١٩٧٧ ، لە مزگەوتە تازەکەی ناوچەی ئینۆنو پێشکەش کرد.

 

وتارەکەی مامۆستاش لە ژێر ناوی ” پێشینەی کاری موسوڵمان چاکسازیە لە خودی خۆیدا”.

سێهەم وتاریشی لە بەرواری ٩ ی ئەیلولی ١٩٧٧ لە مزگەوتی سوڵتان ئەحمەد بوو.

لەو کاتەدا هەریەک سولەیمان دەمیرەل سەرۆکی وەزیرانی ئەو کاتەی تورکیا و ئیحسان سەبری چاغلەیانگیل وەزیری دەرەوەی تورکیاش لە وتارەکەدا ئامادە بوون.

لەو کاتەی مامۆستا بە مەبەستی وتاردان لە ئیستەنبول لە ئیزمیرەوە کەوت بوویە ڕێ، هەندێک لە هاوڕێیانی کە بە “ئەشرەفپاشاییەکان” ناسراو بوون، هاوڕێیەتیان کرد.

ئۆزجان هاسیگیتی و هاوڕێکانی کە لە نزیکەوە مامۆستایان دەناسی و خۆشیان دەویست، ئامانجیان لەم کارەیان پاراستنی مامۆستا بوو بە شێوازی خۆیان.

پاراستنی مامۆستایان لەو سەردەمەدا کە پڕ بوو لە ئاژاوە، بە ئەرکی سەرشانی خۆیان دەزانی.

ئۆزجان و مونیر لەو کاتەی مامۆستا لە ژوورەوە وتاری دەدا، لە حەوشەی مزگەت دەسوڕانەوە و کۆنتڕۆلی ئەو ئۆتۆمبیلانەیان دەکرد کە لە مزگەوت نزیک دەبوونەوە.

هەرچەندە مامۆستا دەیوت ” من پێویستم بە پاسەوان نیە”، بەڵام ئەوان دەستیان لەم کارەی خۆیان هەڵنەدەگرت.

هاوڕێیەکی تریشیان بە ناوی سەبری تراڤاش، لە پێش دەستپێکردنی وتارەکەی مامۆستا، کۆنتڕۆڵی مینبەر و چواردەوری مینبەرەکەی دەکرد و، پاشان  لە بەرامبەر ئەگەری هەموو ڕووداوێکدا، لە نزیکترین شوێنی مامۆستاوە دادەنیشت.

هەروەها یەکێکی تر لەوانەی تەگبیریان بۆ پاراستنی مامۆستا دەکرد، بریتی بوو لە پیاوێکی تەمەن ٧٥ ساڵی سەر و ڕیش سپی، کە بە حەلیم بابە ناسراو بوو.

ئەم پیاوە کە ماڵ و فڕنەکەی بە وەقفی ئاکیازیلی بەخشیبوو، مامۆستا بۆ هەر شوێنێک بڕۆشتایە، خۆی دەچووە پێشی ئۆتۆمبیلەکەیی و مامۆستای لە دواوە دادەنا. ئەمەش لە کاتێکدا بوو مامۆستا هەمیشە حەزی لە پێشی ئۆتۆمبیلەکە بوو.

 

مامۆستا هەرکاتێکی هەوڵی ئەوەی بدایە لە پێشەوە دابنیشێت، حەلیم بابە بە نیەتی پاراستنی مامۆستا، پێشی دەکەوت و نەیدەهێشت لە پێشەوە دابنیشێت.

مامۆستاش ڕۆژێکیان خۆی پێناگیرێت و دەپرسێت” لەبەرچی هێندە مەراقی چوونە پێشەوەت هەیە؟”.

حەلیم بابەش لە وەڵامدا دەڵێت” مامۆستا کەسانێکی نیەت خراپ هەیە، گەر ویستیان زیانێک بە تۆ بگەیەنن، با لە پێشەوە من ببینن و بەم سەر و ڕیشەوە سپیەوە وا دەزانن من مامۆستام، گەر تەقەیان لێکردی، با لە پێشدا من بەرکەوم”.

لە ساڵی ١٩٧٧، دوو کەسی زۆر خۆشەویستی مامۆستا، کە ئەوانیش مامۆستا یەشار توناگۆر و تورگوت ئۆزاڵ بوون، لە سەر لیستی پارتی سەلامەت،  وەک کاندیدی ئیزمیر بۆ ئەندامێتی پەڕلەمان، بەشداریان لە هەڵبژاردنەکاندا کرد.

بڕیار بوو لە بەرواری ٥ ی حوزەیرانی ١٩٧٧هەڵبژاردنەکان ئەنجام بدرێن و ئۆزال یەکەمی لیستەکە بوو، مامۆستا یەشاریش دووهەمی هەمان لیست بوو.

ئۆزاڵ چەندین ساڵ بوو لە ناو بیرۆکراسیدا لەگەڵ کەسانی سیاسی کاری دەکرد، بۆیە چوونی ئۆزاڵ بۆ ناو سیاسەت، کارێکی ئاسایی بوو، بەڵام مامۆستا حەزی نەدەکرد بەوەی مامۆستا یەشار خۆی لە قەرەی سیاسەت بدات.

بەم شێوەیە پارتی سەلامەت لە ئیزمیر ٢١ هەزار دەنگی بەدەستهێنا و کەسیان نەیانتوانی ببنە ئەندام پەڕلەمان.

مامۆستا بۆ یەکەم جار لە ژیانیدا لە هەڵبژاردنێکدا دەنگی بە کەسێک دا، بەڵام لەبەر ئەوەی ڕێکخراوەکانی پارتی سەلامەت کاریان بۆ ئۆزاڵ و مامۆستا یەشار نەدەکرد، کەسیان نەیانتوانی دەنگی پێویست بەدەست بهێنن. ئەمەش لەبەر ئەوە بوو کە ئەو دوو کەسایەتیە، لە بنەڕەتەوە سەر بەو پارتە سیاسیە نەبوون.

“ساڵی ١٩٨١ چی ڕوودەدات؟”

 

لە ساڵی ١٩٧٧ پرسیاری ئەوەیان لە مامۆستا دەکرد کە لە ساڵی ١٩٨١ چی ڕوو دەدات؟

چونکە لەو کاتەدا دەنگۆی ئەوە هەبوو، کە لە ساڵی ١٩٨١، ڕووداوێکی وەها ڕوودەدات، ئەگەر هەیە مێژووی هەموو مرۆڤایەتی بگۆڕێت.

 

مامۆستاش بە نیەتی بە ئاگا هێنانەوەی ئەو کەسانەی نیازی ڕوودانی کەرامەتێکیان هەبوو، هەمیشە لەگەڵ ڕاستیەکانی تورکیادا ڕووبەڕووی دەکردنەوە.

سەبارەت بە وەڵامی ئەو کەسانەی کە چاوەڕێی ڕوودانی موعجیزەیەکیان دەکرد لە ساڵی ١٩٨١ دا، هەمیشە دەیوت” لە ساڵی ١٩٨١، ٨١ بەشی ناوخۆیی دەکرێتەوە!”، واتە بە گوێرەی مامۆستا گرنگترین ڕووداو بریتی بوو لەوەی نەوەیەکی نوێ پێبگەیەندرێت و گەنجەکان بێ خاوەن نەمێننەوە، ئەم نەوەیەشی بە “نەوەی ئاڵتونی” ناو دەبرد.

لە نێوان ساڵانی ١٩٧٧-١٩٧٨، ژمارەی ئەو بەشە ناوخۆیانەی لەلایەن وەقفی ئاکیازیلیەوە لە ناوخۆی تورکیا سەرپەرشتی دروستکردنی دەدرا، خۆی لە ٨٠ بینا دەدا.

هاوڵاتیانیش لە یارمەتیدانی چالاکیەکانی ئەم وەقفە، کە دوای چەندین ساڵ زنجیرە خوێندنگەکانی بە هەر چوار دەوری دونیادا بڵاو دەبوونەوە، فیداکاریەکی گەورەیان پشاندا. بە شێوەیەک بوون دەتوانین بڵێین کە سنوری جوامێری و بەخشندەییان بۆ نەبوو.

 

مامۆستا لە ڕێگەی ئەو خوێندکارانەی لە ئیزمیر لەلای خۆی پەروەردەی کردبوون، هەروەها لە ڕێگەی ئەو کاسپکارانەی گوێیان لە وتارەکانی دەگرت، دینامیکی خێرخوازی لە ناوچەی ئەنەدۆڵو خستبوویە گەڕ.

لە ساڵی ١٩٧٨ ڕووداوێکی زۆر سەرنجراکێش ڕوویدا، کە پشانی دەدا شێوازی بیرکردنەوەی مامۆستا لە کۆمەڵگادا چۆن وەرچەرخانێکی دروستکردووە:

پیاوێکی کاری دەوڵەمەندی ئەو کاتە بە ناوی عەلی کاترجیئۆغلو، نیازی ئەوەی هەبوو لە شوێنێکی زۆر گرانبەهای ئیستەنبول بە ناوی گردی چاملیجا، کە بەسەر ئاوی دەریادا دەڕوانێت، مزگەوتێکی گەورە دروست بکات و لە ژێریشەوە شوێنێک بۆ کفن و شۆردنی مردووانی تێدا بێت.

بەڵام ئیسماعیل بیوکچەلەبی کە یەکێکە لە خوێندکارەکانی مامۆستا، بەم شێوەیە قسە لەگەڵ عەلی کاترجیئۆغلو دەکات، هەتا لە جیاتی شوێنی مردووشۆر، بەشی ناوخۆیی بۆ خوێندکارە هەژارەکان دروست بکات:

ئابرا لە کاتێکدا ئەم هەموو ڕۆڵەیەی ئەم وڵاتە بێ شوێن و بێ حاڵن و شەڕی مانەوە لە شوێنێک دەکەن، هەتا بتوانن خوێندنەکەیان تەواو بکەن، خۆ خەریک کردن بە مردووی خەڵکەوە چی سوودێکی هەیە؟  دەتوانرێت مردووان لە هەموو شوێنێک بشۆردرێن، بەڵام خوێندکاران ناتوانن لە هەموو شوێنێک بەردەوامی بە خوێندکەیان بدەن”.

عەلی کاترجیئۆغلو خۆی باسی درێژەی ڕووداوەکە دەکات:

” لەو کاتەدا نەمتوانی وەڵامی بدەمەوە، مامۆستا و هاوڕێکانیم دەناسی، هەروەها خزمەتیشم دەناسی و کارەکانیانم بە دڵ بوو،  بەڵام هەر شێوازێک لە دوو دڵیم تێدا بوو. لەو شەوەدا خەوێکی زۆر سەیرم بینی، دەنگێکی وەک ئاگادارکردنەوە بانگی کردم. هێشتا ئەو دەنگەم لە بیرە و قەت لەبیری ناکەم، ئیدی دوای ئەوە بڕیاری ئەوەمدا شوێنی مردووشۆردنەکە، بکەم بە بەشی ناوخۆیی. پاشان مامۆستا لە ساڵی ١٩٨٦ مزگەوتەکەی بۆ خزمەت کردەوە. خوێندکارەکانی وەجبەی سەرەتا، زۆر هەوڵ و کۆششیان دەدا. ئەو عەشق و شەوقەی لەواندا بەدیمان کرد، وای لێکردین کە بیناکەی پەنا مزگەوتیش بکەین بە بەشی ناوخۆیی”.

ئەم بەشە ناوخۆییەی کە عەلی کاترجیئۆغلو ناوی ” بەشی ناوخۆیی بیوک چاملیجا” ی لێنا، هەتا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان، سەدان خوێندکاری سەرکەوتووی پێگەیاندووە.

هەروەها لە کۆتایی شوێنی ئەم مزگەوتەدا، چەندین ناوەندی تری کردەوە، کە خەریکی کاری توێژینەوە لەسەر زانستە ئیسلامیەکان و بڵاوکردنەوەیان بوون.

بەڵام لەم چەند ساڵەی دوایدا تەواوی ئەم دامودەزگایانە دەستی بەسەردا گیرا و، چەشنی ئەوانەی تر وێران کران.

 

ئیماژی مامۆستا و ژیانی هەستیارانە”

مامۆستا کاتێک لە ڕێگەی ژیانی خۆیەوە مۆدێلی مامۆستای ڕاستەقینەی دەخستە ڕوو، لە هەمان کاتدا هۆشداری گرنگی بە کۆمەڵگاش دەدا:

” مامۆستایان لە ڕوانگەی ئەو کارەی ئەنجامی دەدەن، وەک چۆن لە پێگەی واریسی پێغەمبەرانن، لە هەمان کاتدا گاڵتە کردن بەوان گوناحێکی گەورەیە”.

 

مامۆستا لەو کاتەدا وەک چۆن هۆشداری بە خەڵک دەدا کە ڕێز لە مامۆستایان بگرن، لە هەمان کاتدا باسی لە قورسایی ئەرکی مامۆستایان دەکرد، لە نۆژەنکردنەوەی ئەو ئیماژەی لەو کاتەدا هەیانبوو.

 

هەمیشە ئاماژەی بەوە دەدا کە پێویستە مامۆستایان بە شێوەیەکی خاکی ژیانیان ببەنە سەر و داوای هیچ شتێک لە کۆمەڵگا نەکەن، کە پێیان بدەن.

مادام مامۆستایان لە پێگەی واریسانی پێغەمبەری خودان، کەواتە لە کاتی ئەنجامدانی هەر خزمەتێک بە کۆمەڵگا بە ناوی دینەوە، نابێت بە هیچ شێوەیەک داوای هیچ بەرامبەرێک بکەن و لە چاوەڕوانیەکی لەو شێوەیەدا نەبن. چونکە لە پیشەی پێغەمبەراندا داواکردنی بەرامبەر لە پای ئەو کارانەی ئەنجامی دەدەن، جێگەی باس نیە.

مامۆستا پێشنیاری ئەوەی بۆ مامۆستایان دەکرد، کە بە مەبەستی دەستخستنی شەخسیەتێکی لەو شێوەیە، پێویستە بە شێوەیەکی لە خۆبردوانە(مستغنی) ژیان بەسەر ببەن.

ژیانی لە خۆبوردوانەش بریتیە لەوەی ژیانێکی دەروێشانەت هەبێت، واتە بە پارچە جل و لەتە نانێک قەناعەت بکەیت. ئەمەش مامۆستایانی لەو تۆمەتە ڕزگار دەکرد، کە هەمیشە تۆمەتباریان دەکردن بەوەی دینیان کردووە بە ئامرازی دەستیان، هەتا خۆیانی پێ بژیەنن.

مامۆستا خۆیشی لە پێش هەموویانەوە، هەوڵی ئەوەی دەدا بەم شێوەیە ژیان بباتە سەر. هەمیشە لە بەردەم پەنجەرەی مزگەوت دەخەوت، کەمی دەخوارد، کەمی دەخواردەوە، ریازەی ڕۆحی ئەنجام دەدا، بە هیچ شێوەیەک سوودی لەو ئیمکانیاتانە نەدەبینی کە لەلایەن وەقفی مزگەوتەکەوە بۆ خوێندکارانی بەشی ناوخۆیی دابین کرابوو. هێندەی ئەوەی تاڵێک موو بکات بە ٤٠ پارچەوە، بە هەستیاریەوە ژیانی بەسەر دەبرد. تەنانەت گەر لە بابەتێکدا بچوکترین گومانی بەدی بکردایە، خۆی لە قەرەی ئەو شتە نەدەدا.

ڕەمەزانی شەریف، لە ساڵی ١٩٧٨ لە مانگەکانی هاویندا بوو. مامۆستا بانگهێشتی مەراسیمی بناغەدانانی بەشێکی ناوخۆیی کرابوو لە ئیزمیت. دوای ئەوەی وتارێکی درێژی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد، لەوێوە بەرو بورسا بەڕێکەوت. کاتێک بانگی ئێوارەی دا، مامۆستا بە هاوڕێکانی وت کە هیچ شتێک ناخوات، چونکە دەبوو لە دوای بەربانگ وتار بدات و، چەندین ساڵیش بوو، بە هیچ شیوەیەک لە پێش کاتی وتارداندا نانی نەدەخوارد.

چەندین ساڵ کە وتاری ڕۆژی هەینی پێشکەش دەکرد، هەر لە بەیانی زوەوە نانی نەدەخوارد. تەنیا ڕۆژی پێش هەینی، ئێوارەکەی نانێکی کەمی دەخوارد.

 

ئەو ڕۆژە پاش ئەوەی لە بورسا وتارێکی دوور و درێژی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد، پاشان بەشداری لە کۆبوونەوەی کۆکردنەوەی هیممەت بۆ دروستکردنی بەشێکی ناوخۆیی کرد، کە دواتر گۆڕا بە خوێندنگە و، پاشان نوێژی تەراویحیشی ئەنجامدا. هەموو کەس بڵاوی لێکردبوو، بەڵام ئەو هێشتا هیچی نەخواردبوو.

بۆ ئەوەی مامۆستا شتێک بخوات، هەندێک خواردنیان هێنا. بەڵام مامۆستا دیسان ئەوەی دووپات کردەوە کە هیچ شتێک ناخوات و وتی:

فەرموو ئێوە بخۆن، من هیچم بۆ ناخورێت!

وەهبی یڵدز بە مامۆستای وت” مامۆستا شتی وا چۆن دەبێت، لە وەرزی هاویندا ڕۆژووت گرتووە و هێندە ماندوو بوویت، چۆن دەبێت شتێک نەخۆیت”. مامۆستا دیسان ئەوەی ڕەت کردەوە شتێک بخاتە دەمیەوە.

لەو کاتەدا وەهبی یڵدز وتی” مامۆستا ئەم شتانەی دەیبینی هەموویم بە پارەی خۆم کڕیوە، هیچ شتێکی تێدا نیە کە هی خوێندکارەکان بێت”. ئینجا مامۆستا وتی” ئەها بەو شێوەیە؟ کەواتە با شتێک بخۆم”.

مامۆستا لە کاتی گەشتەکانیدا، گەر بەسەر پردێک یان ڕێگایەکدا بڕۆشتایە کە پێویستی بە پارەدان بکردایە، نەیدەهێشت کەس پارەی بۆ بدات و لە گیرفانی خۆی پارەی دەدا. بۆ نمونە کاتێک بەسەر پردی بۆغازئیچیدا تێدەپەڕی دەیوت” من هێندەی ئەوەی پارەی پەڕینەوە بەسەر پردێکدا بدەم، پارەم هەیە، خۆم پارەی خۆم دەدەم”.

(کابینەی ئەجەوید -٢ کانونی دووهەمی ١٩٧٨)

بولەنت ئەجەوید لە ڕێگەی ئەو ١١ وەزیرەی لە پارتی عەدالەتەوە هێنابووی، لە بەرواری ٢ کانونی دووهەمی ١٩٧٨، کابینەی حکومەتەکەی ڕاگەیاند.

لەم ساڵانەدا، ئەوانەی دەیانویست لە ناوخۆی وڵاتدا پشێوی بنێنەوە، دیسان  دەستیان بە کاری خۆیان کردبوویەوە. بۆ نمونە لە بەرواری ١٦ ی ئازاری ١٩٧٨، لە ڕێگەی فڕێدانی بۆمب بۆ ناو خوێندکارانی زانکۆی ئیستەنبول، ٥ کەس گیانی لە دەستدا و ٤٧ کەسیش بریندار بوون.

لە ٢٣ ی کانونی یەکەمی ١٩٧٨، دوای ئەوەی دوو بنەماڵەی کەهرەمانماراش چەند کەسێک لە یەک دەکوژن و تەرمەکانیان بە خاک دەسپێرن، چەند پیلانێک بۆ بە یەکدادانەوەی هەردوولا ساز دەکرێت و، لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانی نێوان هەردوولا، ٣٣ کەس کە لە نێوانیاندا منداڵی سەر بێشکەش هەبوو، گیانیان لە دەستدا و سەدان کەسیش بریندار بوون. جگە لەوەش چەندین دوکان و ماڵ سوتێنرا.

ئیدی وڵات هەنگاو بە هەنگاو بەرەو کودەتاکەی ١٢ ی ئەیلول دەبردرا.

ئیدی لە ناوخۆی تورکیادا دووبەرەکی نێو تاکەکانی کۆمەڵگا، بە ڕادەیەک تەشەنەی سەندبوو، مامۆستا لە ساڵی ١٩٧٩ کاتێک لە مزگەوتەکەی بۆرنۆڤا وتاری دەدا، کەسانێکی چەپڕەو بە بەردەم مزگەوتدا دەڕۆشتن و هاواریان دەکرد ” بژی لێنین، بژی کۆمۆنیزم”.

هەروەها لە دەستیاندا ئاڵایەکی سوریان دەشەکاندەوە کە چەکوش و داسێکی لەسەر بوو، ئامانجیشیان لەم کارە ئەوە بوو کە نوێژخوێنانی مزگەوتەکە هان بدەن  بۆ شەڕ کردن. کەسانێک بە تایبەت ڕۆژی هەینیان بۆ کارێکی لەو شێوەیە هەڵبژاردبوو، چونکە لەو ڕۆژەدا بەردەمی مزگەوتەکان قەرەباڵغ دەبوو. کەسانێکیش لە دەرەوە هاواریان دەکرد ” بژی مارکسیزم، بژی چەپڕەوی”، ئەمەش ئەگەری کاردانەوەی نوێژخوێنانی ناو مزگەوتەکەی لێدەکەوتەوە.

مامۆستا بەم شێوەیە باسی ئەو ڕۆژگارە دەکات:

” تەنانەت لە حەوشەی مزگەوتەکانیشدا، لەلایەن گەنجانی کۆمۆنیستەوە هەڕەشەمان لێدەکرا. دەهاتنە حەوشەی  مزگەوت و بە ڕووی مندا دەیانوت” بژی، بژی، بژی کۆمۆنیزم”.

 

مامۆستاش لەو کاتەدا بە بەسیرەتەوە مامەڵەی لەگەڵ ئەو گەنجانە دەکرد کە خۆیان بە چەپڕەو یان دیندار و ڕاستڕەو ناو دەبرد، مەسافەی خۆی لەگەڵ هەموویاندا یەکسان رادەگرت.

بۆ نمونە کاتێک گەنجە کۆمۆنیستەکان دەهاتنە حەوشەی مزگەوت و ئەم جۆرە هوتافانەیان دەکێشا، هەرگیز ڕازی نەدەبوو بەوەی گەنجانی نوێژخوێنی ناو مزگەوتەکە وەڵامیان بدەنەوە و پەلاماریان بدەن.

 

هەروەها بە تێڕوانینی مامۆستا، نوسینی دروشم لەسەر دیوارەکان یاخود سڕینەوەی دروشمی دەستە و تاقمەکانی تر  و نوسینی دروشمی نوێ، بە کارێکی بێ هودە دەزانی.

هەمیشە بە گەنجانی سەر بە هەردوو تاقمی چەپڕەو و ڕاستڕەوی دەوت” وانەیەک لە کودەتاکەی ١٢ ی ئازارەوە وەربگرن، واز لە ڕزگارکردنی وڵات بهێنن، خوێندنەکەتان تەواو بکەن”.

 

ڕۆژێکیان یەکێک لە هاوڕێکانی بە مامۆستا دەڵێت” مامۆستا من هەر کاتێک تۆ لەسەر مینبەری وتاردان دەبینم، دیمەنی ئەوەی فیشەکێک دەنێن بەسەرتەوە و لەناو خوێنی خۆتدا ڕاکشاویت، دێتە پێش چاوم”.

مامۆستاش لە وەڵامدا دەڵیت” منیش هەمیشە ئەگەری ئەو مەترسیەم لەبەرچاو گرتووە کاتێک دەچمە سەر مینبەری مزگەوت”.

هەربۆیە مامۆستا ڕۆژێکیان لە یەکێک لە وتارەکانیدا دەڵێت” گەر ڕۆژێک منیان لە کاتی وتارداندا کوشت، لاشەکەم بنێژن و وەک نوێنەرانی ئاشتی و سەقامگیری، ڕێگەی ماڵەکانتان بگرن. گەر لە کاتێکی ئاوەهادا ئێوەش هەستن و وەڵامی ئەوانە بدەنەوە کە منیان کوشتووە، ئەوا گەردنی کەستان ئازاد ناکەم. لە حزوری الله ش، دەستم لە یەخەی هەمووتان گیر دەکەم”.

لەو سەردەمەدا، کۆمەڵێک گەنجی سەر بە چەپەکان، سەری یەکێک لە خوێندکارەکانی مامۆستایان بریندار کردبوو، کە ناوی عەلادین بوو.  ئەویش هاتە لای مامۆستا و وتی” مامۆستا منیان بەم حاڵە برد و منیش هیچ وەڵامم نەدانەوە”. مامۆستاش وەک دڵدانەوەی خوێندکارەکەی وتی ” تۆ ئەوەت کردووە کە شایەنی خۆتە”.

پاشان مامۆستا وتی” گەر بە چەقۆوە هێرشیان بۆ هێنان، ئێوە قۆڵەکانتانیان بۆ بکەنەوە هەتا لە ئامێزیان بگرن. بۆ ئەوەی گوڵێک لە گیرفانی یەخەیان دابنێنن، گوڵ بکەن بەسەری تیرەکانتانەوە”.

ئەم گەنجە چەپڕەوانەی لەم خوێندکارەی مامۆستایان دابوو، وایانزانی بوو سەر بە تاقمی ڕاستڕەوەکانە و بەو هۆیەوە لێیان دابوو. دوای ئەوەی زانییان کە ئەمە خوێندکاری مامۆستا بووە، وەک داوای لیبوردن، چەپڵە گوڵێکیان لەگەڵ خۆیان هێنا و سەردانی مامۆستایان کرد.

لەو سەردەمەدا چەندین ناوچەی تورکیا بە “ناوچە ڕزگارکراو” ناو دەبرا. بۆ نمونە زانکۆی ئەگەی ئیزمیر لە دەستی گەنجە چەپڕەوەکاندا بوو، ئولکوجوە نەتەوەپەرستەکان نەیاندەتوانی لەو زانکۆیە وانە بخوێنن.

زانکۆی ئەتاتورکیش لە ئێرزروم لە دەستی گەنجانی ئولکوجودا بوو، چەپڕەوەکان نەیاندەتوانی لەو زانکۆیە بخوێنن.

لە هەندێک شوێن مامۆستای زانکۆکانیش نەیاندەوێرا بچنەوە بۆ شوێنی کارەکانیان.

هەروەها دەستەی چەپڕەو و ڕاستڕەوەکانیش لە نێوانیان خۆیاندا یەکگرتوو نەبوون.

بۆ نمونە دەستەی ماهۆچیەکان لەگەڵ دەستەی لینینیەکانی، کە هەردووکیان سەر بە تاقمی چەپڕەوەکانن، لەگەڵ یەکتردا جۆر نەبوون.

ئەم بەوی دەوت “ڕوسی” و ئەویش بەمی دەوت” فاشیستی سۆسیاڵ”.

هەموو گەنجێک هێندەی ئەم خوێندکارەی مامۆستا خاوەن بەخت نەبوو. چونکە ڕۆژانە ٢٠ هەتا ٣٠ کەس لە خۆڕا دەکوژران. لەگەڵ مردنی هەر گەنجێکی ناو زانکۆکان، جەرگی دایک و باوکێکی تر دەسوتا.

 هەمووان لەو نێوەندەدا بێ چارە مابوونەوە.

بۆ نمونە دوای ئەوەی لە ڕووداوەکانی شیشلی لە ئیستەنبول، دوو گەنج گیانیان لە دەستدا، کە یەکێیان ناوی جەزمی یڵماز بوو، هاوڕێکانی دەچنە لای باوکی گەنجە کوژراوەکە و دەڵێن” تەرمەکەی بدە بە ئێمە چونکە هاوڕێی ئێمە بوو، با ئێمە بینێژین”. بەڵام باوکی لە وەڵامدا دەڵێت ” نەخێر ناهێڵم ئێوە بینێژن، ئێوە بوونە هۆی ئەوەی گیان لە دەست بدات”. دیسان لەسەر ئەم قسانە، لە نێوان خوێندکارەکاندا  بەزم دروست دەبێتەوە.

تورکیا چۆن ڕاستە ڕێ دەگرێتەوە؟

لە ساڵی ١٩٧٩، لە ماڵی پیاوێکی کار بە ناوی موستەفا ئولکەر کە بەسەر ئاوی بۆغازدا دەیڕوانی، کەسانێکی زۆر بانگهێشتی خواردن کرابوون.     لە خوانەکەدا تورگوت ئۆزاڵی سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتە، تەحسین بانگوئۆغلو وەزیری پەروەردەی سەردەمی عیسمەت ئینۆنو، بوونی هەبوو. مامۆستا لە هەمان ئێوارە خواندا ئامادە بوو. ئۆزاڵیش لە دوای ئێوارە خوانەکە بە مامۆستای وت” مامۆستا دەتوانی کەمێک باسی چالاکیەکانی بواری پەروەردە بکەیت؟”.

مامۆستاش لەو کاتەدا ئاماژەی بە ئەرکی سەرشانی هەموو لایەک کرد لە بواری پەروەردەدا، هەتا وڵات ڕاستەڕیی خۆی بگرێتەوە.

باسی لە گرنگی کردنەوەی خوێندنگە کرد لە پاڵ ئەو بەشە ناوخۆیانەی لە سەرتاسەری وڵات کراونەتەوە.

دوای ئەوەی مامۆستا ئەم قسانەی کرد، هەندێک لە ئامادەبووان پرسیاری ئەوەیان دەکرد کە سەرچاوەی ماددی کارێکی لەو شێوەیە چۆنی پەیدا دەکرێت.

مامۆستاش لە وەڵامدا وتی:

لەم کارەدا گرنگ سەمیمیەت و ڕاستگۆییە، سەیرکەن پیاوێکی کاری ئیزمیر، دێتە ئیستەنبول و بەشی ناوخۆیی دەکاتەوە.

لە دوای ئێوارە خوانەکە، مامۆستا و تورگوت ئۆزاڵ، نزیکەی یەک کاتژمێر پێکەوە قسەیان کرد.

پاشان مامۆستا سەبارەت بە ئۆزاڵ وتی” ئۆزاڵ هەر لەو ساتەوە، بناغە و گەورەیی ئەو کارەی بۆ دەرکەوت”.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

35 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە