بیروڕا

دادپەروەری هێندەی دەستەسڕێک!

 

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە میانەی کۆبوونەوەی سەرۆکی وڵاتانی دونیا لە بینای گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان، چەند هاوڵاتیەک بە مەبەستی ڕاکێشانی سەرنجی سەرۆکی وڵاتانی دونیا، لە شەقامەکانی نیویۆرک، پانکارتی ئازادی بۆ ٨٦٤ منداڵی ناو زیندانەکانی تورکیایان بەرز کردەوە.

لە هەمان کاتدا لە شەقامە سەرەکیەکانی ئەڵمانیاش، خۆپشاندانێکی هاوشێوە ئەنجامدرا.

هاوکات لە ناوخۆی تورکیاش چەند ڕووداوێکی ناخهەژێن ڕوویاندا کە ڕاستی ئەو داواکاریانەی هاوڵاتیەکانیان پشت ڕاست دەکردەوە.

دوای ئەوەی مەریەم حەیدەرئۆغلو بە خۆیی و منداڵە ساواکەیەوە لە زیندان ئازاد کرا، ژنانی ناو زیندان دەستەسڕێکی پێدەدەن و، تێیدا باسی حاڵی خراپی ناو زیندانەکان دەکەن.

ئەو شتانەی لە دەستەسڕەکەدا نوسراوە، وەک بەڵگەی نا دادپەروەریەکانی سەردەمی حوکمڕانی ئاکەپە، لە مێژوودا تۆمار دەکرێت.

مەریەم حەیدەرئۆغلو کە لە منداڵیدا لە لانەی بێ سەرپەرشتیاران گەورە بووە، لەگەڵ منداڵە تەمەن یەک مانگەکەی زیندانی کرا.

ئەو خانمانەی لە هەمان قاوشی مەریەمدا دەمانەوە، بۆ گەیاندنی دەنگی خۆیان بە دەرەوەی زیندان، لە دەستەسڕێکدا باس لە حاڵی خراپی خۆیان دەکەن و، داوا لە مەریەم دەکەن بیگەیەنێت بە ڕای گشتی تورکیا.

لە دەستەسڕەکەدا ناوی ژنێکی ماڵەوە، پزیشکێکی ددان، ١٠ مامۆستای تێدایە و، باسی نەخۆشیەکان و ماوەی زیندانی کردنیان و دەستبەسەرکردنیان دەکەن.

دوای ئەوەی خانمەکانی زیندانی شانلیئورفا هەواڵی ئازاد کردنی مەریەم دەبیستن، لە دەستەسڕێکدا باس لە حاڵی خراپی خۆیان دەکەن و داوا لە مەریەم دەکەن کە حاڵی خراپیان بگەیەنێتە ڕای گشتی تورکیا.

مەریەم بەم شێوەیە باسی ڕووداوەکە دەکاتدوای ئەوەی هەواڵی ئازادکردنی منیان بیست، لە دەستەسڕێکدا باسی حاڵی خۆیان نوسی و خستیانە ناو دەستی منەوە. بە تایبەت سیان لە ژنەکانی ناو زیندان زۆر نەخۆشن. ئەو سیانەی کە نەخۆشیەکانیان زۆر سەختە، بریتیە لە پەمبە ئێرگوڤان، نیلگون تەسەلی، فاتمە دوراکەربە تایبەت حاڵی فاتمە دوراکەر زۆر خراپە کە نەخۆشی سەر گێژخواردنی لەگەڵدایە، گەر لەگەڵ منداڵەکەمدا زیندانی نەبوومایە، حەزم دەکرد لە جیاتی خۆم ئەو ئازاد بوایە“.

مەریەم لە هەمان کاتدا باس لە خراپی حاڵی دەرونی نیلگون تەسەلی دەکات و دەڵیتنیلگون تەسەلی دەرمانی زۆر قورسی باری دەرونی بەکاردەهێنێت، بە شێوەیەکی بەردەوام دەبورێتەوە، هەمیشە لەبەر خۆیەوە دەڵێت لە دەرەوەی کێ ئاگای لە منداڵەکانم دەبێت. ئێمەش دەمانوت خەمت نەبێت لەلای نەنک و باپیریان دەمێننەوە. بەڵام ئەو لە وەڵامدا دەیوت ئەوانە زۆر پیرن ناتوانن ئاگایان لێیان بێت“.

ئەو دەسڕەی وەک بەڵگەی نا دادپەروەریەکانی ئاکەپە دەچێتە ناو مێژوەوە

یەکەم: هاندان تونچ، ماوەی ساڵێکە لە زیندانە، کچێکی تەمەن دوو ساڵی لە دەرەوە جێهێشتووە، مامۆستای منداڵانی بیرکۆڵە، حوکمدراوە و هێشتا دۆسیەکەی لە دادگای باڵا یەکلایی نەبۆتەوە.

دووەم: ئۆزلەم ئوغورلو، ماوەی ساڵ و نیوێکە لە زینداندایە، مامۆستای زمانی تورکیە، لە زینداندا جەڵتەی دڵ لێیداوە، منداڵێکیشی هەیە، هاوسەرەکەشی بە ڕێژەی ٪٥٠ کەمئەندامە، ئەویش بە هەمان شێوە لە زیندانە.

سێهەم: ئەسەنگول بیلگین، ماوەی ٢ ساڵە لە زیندانە، حوکمدراوە و دۆسەکەی هێشتا لە دادگای باڵا یەکلایی نەبۆتەوە، هاوسەرەکەشی بە هەمان شێوە لە زیندانە.

چوارەم: هەدیە کەزان مامۆستای وانەی کەلتوری ئاینیە، دۆسیەکەی لە دادگای باڵا یەکلایی نەبۆتەوە و، ماوەی دوو ساڵە لە زیندانە.

پێنجهەم: پەمبە ئێرگوڤان، پزیشکی ددانە، ماوەی ١٠ مانگە لە زیندانە، نەخۆشی دەرونی لەگەڵدایە و دەرمانی زۆر قورس بەکاردەهێنێت، هاوسەرەکەشی بە هەمان شێوە لە زیندانە، دوو منداڵی لە دەرەوەی زیندان جێهێشتووە.

شەشەم: رومەیسا گیونگۆر، دوو ساڵە لە ناو زینداندایە و مامۆستا پەروەردەکردنی منداڵە.

حەوتەم : بەتول ئارگا، مامۆستای سەرەتاییە، ماوەی مانگێکە زیندانیە و هاوسەری نیە.

هەشتەم: نیلگون تەسەلی، خاوەنی ٣ منداڵە، تەمەنیان (٦،١٤، ١٦) ساڵانە، بە شێوەیەکی بەردەوام دەبورێتەوە، دایک و باوکێکی بە ساڵاچووی هەیە، منداڵەکانی ناتوانن بێنە زیندان و سەردانی بکەن، هاوسەرەکەشی زیندانیە و یەکێک لە منداڵەکانی کاتی تۆمارکردنی ناوی لە خوێندنگە هاتووە، بەڵام بە هۆی نەبوونی دایک و باوکیەوە دەستی پێنەکردووە.

نۆیەم: فاتمە دوراکەر، بە شێوەیەکی بەردەوام دەبورێتەوە و ژنی ماڵەوە بووە. لە زیندان جارێک لە کاتی بوورانەوەدا سەری کێشاوێتی بە زەویدا و لە مردن نزیک بۆتەوە، منداڵێکی تەمەن ٦ ساڵانیشی هەیە.

دەیەم: دەریا بۆزکورت، خاوەنی ٦ منداڵە و مامۆستای زمانی تورکیە، هاوسەرەکەشی بە هەمان شێوە زیندانیە.

یانزەهەم: لەیلا ئاڵتن، مامۆستای بایەلۆجیە، خاوەنی ٣ منداڵە، بە ناچاری منداڵە تەمەن ٤ ساڵانەکەی هێناوەتە لای خۆی لە زیندان، چونکە لە دەرەوە هیچ کەسێکی نیە چاودیری بکات.

دوانزەهەم: عائیشە تۆلای، مامۆستای مێژوو، خۆیی و هاوسەرەکەی حوکمی زیندانی دراون، ماوەی ٢ ساڵە لە زیندانن و هێشتا دۆسیەکەیان لە دادگای باڵا یەکلایی نەبۆتەوە. دوو منداڵی تەمەن ٦،٨ ساڵانیشیان لە دەرەوەی زیندان جێهێشتووە.

38 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە