هەواڵ

 چاوەڕێی ڕۆژی لێپرسینەوەی ئەوانە دەکەم کە ئەم کارانەیان بەرامبەرمان بە ڕەوا بینی

 

ڕۆژنامەنوس تونجەر چەتینکەیا، یەکێکە لەو دەیان هەزار هاوڵاتیەی بەر هەڵمەتی ڕەشبگیریەکەی دوای کودەتا دەستکردەکەی ١٥ ی تەموز کەوتووە و، لە دوای ئازاد بوونی بە شێوەیەکی مەرجدار، نامەیەک ئاڕاستەی ڕای گشتی هاوڵاتیانی تورکیا دەکات.

 

ناوبراو سەرەڕای ئەوەی چەندین نەخۆشی لەگەڵدا بوو، بەڵام بە دەستبەسەکراوی لە زیندان هێڵدرایەوە و، لە ماوەی ڕابردوودا سزای ٧ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، دوای ئەوەی نەخۆشیەکانی بە تەواوی پەرێشانیان کرد، بە شێوەیەکی مەرجدار ئازاد کرا.

 

چەتین کەیا لە دوای ئازاد بوونی لە زیندان، لە وتارێکدا ڕۆژەکانی زیندان و چەندین زانیاری نەزانراوی ئاشكرا کرد.

ئەمەش بەشێکە لە وتارەکەی چەتین کەیا:

لە پڕێکدا لێشاوی پاسەوان و جەندەرمەکان خۆیان دەکات بە ژووری زینداندا و لە دیواری زیندانەکانەوە دەنگی:

بڕۆن! بڕۆن! هەموو کەس بۆ حەوشە! خێرا بکەن! خێرا! دەی بۆ دەرەوە، دەی بۆ دەرەوە. حۆل حۆل سەیرمان مەکەن. دەی هەمووتان بۆ حەوشە، کەس لێرە نەمێنێتەوە” دەزرنگێتەوە.

ئیدی هەموو لایەک بەم جۆرە دەنگانە دەلەرێتەوە و هەندێک جار سوکایەتیش دەکەن.

لە چوارچێوەی دیسپلینی سەربازیدا هەموو کەس لە حەوشەی زیندان ڕیز دەکەن و سەرژمێری زیندانیەکان دەکەن.

ئیدی خوا نەکات دەستت لە گیرفاندا بێت، یاخود بە هەڵە تەسبیحێکت بەدەستەوە بێت، یەک تەن قسەی ناشرینت پێدەڵێن.

پاشان دەچنە ناو جێگا و شوێنی مانەوەمان و، تەواوی کەلوپەل و شتە تایبەتیەکانمان ژێراو ژور دەکەن و، لەبەر ئەوەی نوسینی نامەیان بۆ هاوسەر و کەسە نزیکەکانیشمان قەدەغە کردووە، ناچار لە دەفتەری یادەوەریدا هەستەکانمان دەنوسین و، ئەوانیش چاو بە تەواوی ئەم شتانەدا دەخشێنن و، تەنانەت ئەو خواردنانە لە کافتریای زیندان کڕیومانە، پارچەیەکی لێ دەپچڕێنن، لەبەر ئەوەی ناهێڵن لەناو زینداندا تەناف بۆ هەڵواسینی جلەکانمان هەڵبخەین، نایلۆنی سەر دەبەی ئاو لێدەکەینەوە و پێکەوەیان دەبەستین و لە نێوان ڕەنزەکاندا وەک تەنافی لێدەکەین، ئەوانیش دێن و ئەمانەشمان بۆ دەقرتێنن…

هەروەها بۆ بینینی هەندێک سەوزایی،  لە ناو پاکەتی چای سەفەریدا هەندێک پیاز و سیر دەچێنین و، زۆری پێناچێت ئەوانەش دەشکێنن و هەڵیدەکەنن، پاشان ئەو بەتانیانەی بۆ نوێژ کردن لە ناوەڕاستی ژوورەکەدا دایدەخەین، کۆ دەکەنەوە و لەگەڵ خۆیاندا دەیبەن.

بە کورتی لە دوای هەموو پشکنینێکی ئەوان، دیمەنی ناو قاوشەکەمان وەک مەیدانی جەنگی لێدیت.

“لە زیندان شتی خراپ بەرامبەر ئێوە دەکەن”

ئیدی لە زەمانێکی لەم شێوەیەدا، هەفتەی جارێک هاوسەر و منداڵەکانمان دێنە سەردانمان و، لەودیو دیوارێکی شوشەییەوە، بە ئاماژەی دەست و دەموچاو، هەوڵی باسکردنی حاڵی یەکتری دەدەین.

لە ڕێگەی ئەو تەلەفۆنەی لە نێوانماندا دانراوە، قسە لەگەڵ یەکتریدا دەکەین و لەو کاتەشدا هاوسەر و منداڵەکانمان بە حەزەرەوە قسە دەکەن و ناوێرن قسەی دڵیان بکەن، چونکە هەموو قسەکان تۆمار دەکرێن و دەشێت وەک بەڵگە لە دۆسیەکەتدا لە دژت بەکاری بهێنن.

 

تەنانەت ئەو چاوپێکەوتنانەی لەگەڵ پاریزەرەکانماندا ئەنجامی دەدەین، لە ڕێگەی ئامێرێکەوە تۆمار دەکرێت و، لە هەمان کاتدا پاسەوانێک لەلامان دادەنیشێت و قسەکانمان بۆ سەرپەرشتیارانی زیندانەکە دەگوازێتەوە.

 کاتێک بەم شێوەیە بوو، هاوسەرەکەم لە ڕێگەی ئاماژەی دەست و دەموچاوەوە، هەوڵی دەدا بە ئیشارەت چەند شتێکم تێبگەیەنێت. منیش هەندێک جار، هیچ شتێک تێنەدەگەشتم. ڕۆژێکیان کاتێک هیچ شتێک تێنەگەشتم، خۆم پێنەگیرا و وتم: بە ئاشکرا بێڵێ. ئەویش وتی نیازی ئەوەیان هەیە لە زیندان شتێکی خراپ بەرامبەر ئێوە بکەن، ئاگاتان لە خۆتان بێت!

منیش وتم خراپەیەکی چۆنی ئەنجام دەدەن؟

لە وەڵامدا وتی” ئەم قسانەم لە کەسوکاری زیندانیەکانی ترەوە بیستووە. نیازی ئەوەیان هەیە، دەرگای زیندانەکانتان بۆ بکەنەوە، گەر ئێوەش هەوڵی ڕاکردن بدەن، ئەوا بە بیانوی ئەوەی لە زیندان ڕاتان کردووە، هەوڵی کوشتنتان دەدەن. لە دەرەوە هەموو کەس باسی ئەم شتە دەکات”.

“ئێمە لە زینداندا سەرکەشیمان ئەنجام دەدا؟ بە ڕاستی شتێکی سەیرە!”

کاتێک چاوپێکەوتن تەواو دەبێت و هەموو کەس دەگەڕێتەوە بۆ ناو قاوشەکان، هاوڕێیان لە ناو خۆیاندا زانیاریە نوێکان باس دەکەن. ئیدی گەر شتێکی نوێ هەبێت، هەموو قاوشەکانی زیندان دەیبیستنەوە.

لە ڕاستیدا زیندانەکان وەها ناسراون کە زانیاریان تێدا بڵاو نابێتەوە و پێیان ناگات. بەڵام بە پێچەوانەوە، چەشنی خێرایی تیشک، زانیاریان پێدەگات و تێیاندا بڵاو دەبیتەوە.

خۆشم لە چۆنیەتی ئەمە تێنەگەشتووم. ئیدی هەندێک زانیاری بە پاریزەرەکەی دەڵێت، یاخود لە کاتی بردنیدا بۆ دادگا بە زیندانیەکی تری قاوشەکانی تر دەڵێت. یان لە کاتی چوونیدا بۆ نەخۆشخانە، لەوێ چاوێ بە زیندانیەکی تر دەکەوێت و پێی دەڵیت. تەنانەت هەواڵ دەگاتەوە بەو کەسانەی لە ژووری تاکە کەسیدا زیندانین و کەسانێک لە ڕێگەی هاوار کردنەوە هەواڵیان پێدەدات.

واتە لە زیندان، زۆر زیاتر لە دەرەوە زانیاریت پێدەگاتەوە. بەڵام چەندێک لەو زانیاریانە درۆن و چەندیان ڕاستە، ئەوەیان ئاشکرا نیە. منیش ئەم زانیاریەی بیستم، بە هاوڕێکانی ناو زیندانم وتەوە.

بە هەمان شێوە هەندێک لە هاوڕێ زیندانیەکانی تریش لە کەسوکاریانەوە ئەوەیان بیست بوو کە لە رۆژنامەکاندا باسی ئەوە کراوە، گوایە لە زیندانەکاندا پیلان بۆ ئەنجامدانی سەرکەشی داڕێژراوە و، نیازی ئەوەیان هەیە دەیان کەس بەو هۆیەوە لەناو ببەن.

ئێمەش گاڵتەمان بەم جۆرە قسانە دەهات. تەنانەت هەندێک جار لە حەوشەی زیندان و ژوورەکانمان، قالۆنچە و مێروومان دەبینی و نەماندەکوشتن، ئێستا نیازی ئەوەیان هەبوو لەسەر دەستی ئێمە پشێوی و ئاژاوە ڕوو بدات؟

تەنانەت بیرمە بە هاوڕێکانم وت:

گەر دەرگای زیندانەکانمان بۆ بکەنەوە و بڵێن فەرموون بڕۆنەوە دەرەوە، هەتا ئەو کاتەی نوسراوێکی فەرمیمان بە دەست ناگات، یەک هەنگاو نانێمە دەرەوە.

“ئێوە کێن و لەبەرچی منتان هێناوە بۆ ئێرە”

 

بەڵێ، کاتێک ڕووداوەکان بەم شێوەیە دەڕۆشتن بەڕێوە، لە پڕێکدا پاسەوان و جەندەرمەکان هەڵیانکوتایە سەر قاوشەکەی ئێمە. هەموو شتێکیان ژێراوژور کرد و لەو ژوورەی منی تێدا بووم، کۆبوونەوە، لە نێو خۆیاندا باسی شتێکیان دەکرد و، پرسیاری ئەوەیان دەکرد کە کێ و کێ لەم ژوورەدا دەمێنێتەوە، ئێمەش هەوڵی ئەوەماندا لە قسەکانیان تێبگەین، بەڵام پاسەوانەکان هیچیان پێنەوتین.

ئێوارەی ڕۆژی هەینی بوو، کاتێک ئەو پشکنینەیان ئەنجامدا. پاشان ڕۆژی شەممە و یەکشەممە لە زیندانەکاندا، کەشوهەوایەکی هێمنانە هەیە.

ڕۆژەکانی تر لەبەر چالاکی تەلەفۆن کردن، هاتنی پارێزەران، سەردانی کەسوکاری زیندایەکان، بە شێوەیەک لە شێوەکان گەرموگوڕیەکی تری هەیە.

هەربۆیە ئەو دوو ڕۆژەی کۆتایی هەفتە، زۆر بێزارکەرانەیە.

سەر لە بەیانی ڕۆژی دووشەممە،لە دوای ئەنجامدانی سەرژمێری، لەسەر جێگاکەی خۆم پاڵکەوتبووم. لە پڕێکدا شەقەیان لە دەرگای ژوورەکەی ئێمە هەستاند و دەلاقەکەیان کردەوە، پاسەوانەکە هاواری دەکرد:

تونجەر چەتینکەیا با بێتە دەرەوە، منیش یەکسەر چوومە بەر دەرگا و پرسیم چیە؟

ئەویش وتی خۆت ئامادە بکە، دەبێت هەر ئیستا بڕۆین.

پێش ئەوەی پرسیاری ئەوەی لێ بکەم کە بۆ کوێ دەڕۆین؟ یەکسەر قاپیەکەی پێوە دایەوە و ڕۆشت.

 

پاشان لەگەڵ دوو پاسەواندا، بە چەند داڵانێکدا تێپەڕیم کە چوار دەرگای کلیلدراوی لەسەر بوو، لە کۆاتایدا گەشتینە ژوورێک کە پەنجەرەکانی ڕەش کرا بوویەوە.

ژوورەکە زۆر گەورە بوو، لە ساڵۆنی ژوورەکە ٣ کەس لەسەر مێزێک دانیشتبوون و چاوەڕێی منیان دەکرد. دوو پاسەوانەکەش چاوەڕێیان دەکردم.

لەسەر قەنەفەکەی ناوەڕاستی ژوورەکە، کەسێک دانیشتبوو. هەر لە دەرگاکەوە چوومە ژوورەوە، یەکسەر ئاماژەی بۆ کردم و وتی هەر لەوێدا بوەستە. لە نیوانماندا ١٠ مەترێک مەسافە هەبوو. ئاماژەی بە پارچە کاغەزەکەی ناو دەستی کرد و وتی” ئەمە هی تۆیە؟”.

منیش وتم بە داخەوە هێندە دوورە ناتوانم بیبینم.

ئیدی ئاماژەی بە دوو پاسەوانەکە کرد و لەگەڵ ئەواندا لێی چوومە پێشەوە.

منیش وتم بەڵێ هی منە. ئەویش وتی: سەبارەت بەو شتانەی لە ناویدا نوسراوە چی دەڵێیت؟

منیش بە کەسەکەی بەرامبەرم وت: سەرەتا ئێوە خۆتانم پێ بناسێنن و لەبەرچی من لێرەم و، بە چی سیفاتێک لێرە بوونم هەیە؟

ئەویش وتی بەڕێوەبەری زیندانە و لە پشکنینەکەی ڕۆژی هەینیدا، نەخشەیەکی بە دەست کێشراوی زیندانیان دۆزیوەتەوە کە پیلانی ڕاکردن لە زیندانی تێدایە و داواکاری گشتی بەو هۆیەوە، دۆسیەیەکی نوێی لەسەر من کردۆتەوە.

 

“پیلانی ڕاکردن لە زیندان، بریتی بوو لە دۆزینەوەی قیبلە هەتا نوێژ بکەین”

لە کاتێکدا لە زیندان ئەم شتانە ڕوویان دەدا، لە ڕۆژنامەکانی سەر بە ئەرگەنەکۆن و ئێردۆغانەوە باس لە پیلانی ڕاکردنی زیندانیەکان دەدرا.

هەربۆیە ئەو وێنەیەی لە دەفتەرەکەی مندا کێشرابوو، ئەوانی شڵەژاندبوو. ئینجا لێرەدا با بێینە سەر چیرۆکی ئەو وێنەیەی بە دەستی خۆم کێشا بووم.

کاتێک لە ٢٣ تەموز دەستگیر کراین، من و هاوڕێ ڕۆژنامەنوسەکانم، خراینە قاوشێکەوە کە زۆر لەسەرو ئاستی قەبارەی قاوشەکەوە بوو.

پاش ئەوەی ماوەی ٣ مانگ لەوێ ماینەوە، لە پڕێکدا فەرمانی وەزارەتی داد هات و ئێمەیان گواستەوە بۆ ژوورێک کە هەندێک گومانلێکراوی سەر بە پەکەکە و داعشیشی تێدا بوو.

 

بەڵام لەم شوێنە تازەیە نەماندەزای قیبلە لە کوێیە هەتا ڕووی تێبکەین لە کاتی نوێژەکانماندا. منیش بۆ ئەوەی وێنەی زیندانەکە بکێشم هەتا لە ڕێگەی ژوورەکەی پێشوومانەوە قیبلە بدۆزمەوە، وێنەی چەند ژوورێکم کێشە کە لە ڕێگەیەوە گەشتین بەو شوێنە تازەیە و، بەم شێوەیە قیبلم دیاری کرد. ئیدی لە ڕێگەی ئەمەوە نەخشەیەکی بچوکی زیندانەکەشم کێشابوو.

” چاوەڕێی ڕۆژی لێپرسینەوەی ئەوانەم کە ئەم شتانەیان بەرامبەر ئێمە بە ڕەوا زانی”

عەزیز نەسین لە پێشەکی یەکێک لەو کتێبانەیدا کە باسی ژیانی نەفی کرانەکەی دەکات دەڵیت” تەنانەت ناخۆشترین ڕۆژەکانیش، کاتێک چەندین ساڵیان بەسەردا تێدەپەڕێت و بیریان لێدەکەمەوە، چەشنی ئەو میوانەی ماوەیەکی زۆر لەسەر لقەکانیان دەمێننەوە شیرین شیرین دەبن، لەلای منیش وەهایان لێدێت. ئێستا کاتێک باسی ڕۆژانی تاراوگەم دەکەم پێدەکەنم، کاتێک بۆخەڵکیشیان دەگێڕمەوە، ئەوانیش دەست بە پێکەنین دەکەن”.

پاشان عەزیز نەسین دەڵیت” ئێستا کاتێک بیر لەو کەسانە دەکەمەوە کە منیان توشی ئەو ڕۆژە ناخۆشانە کرد، لە کەسیان توڕە نیم”.

لە پاش ٣٧ ساڵ، کاتێک کتێبەکەی بۆ جاری ١٣ لە چاپ دەدرێتەوە، قسەی پێشەکیەکەی دەگۆڕێت و دەڵێت:

ئەمڕۆ هەمان بیرکردنەوەم نیە. لەوە دەچێت زەمانە منی گۆڕیبێت، یاخود لە دوورەوە باشتر ڕووداوەکان ببینم. ئێستا زۆر توڕەم لەو کەسانەی ئەو ڕۆژە ناخۆشانەیان توشی من کرد. هیوادارم هەموو کەسێکیش بە توڕەییەوە لییان بڕوانێت”.

 

ئەم ڕووداوە کۆمێدیەی بەسەرم هات و لێرەدا گێڕامەوە، با بۆ مێژوو بمێنێت، هەروەها  بە ئارامگریەکی چالاکانەوە، چاوەڕێی ڕۆژی لێپرسینەوەی ئەو کەسانە دەکەم، کە ئەم شتانەیان بەرامبەر ئێمە بە ڕەوا بینی.

 

 

 

 

26 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە