بیروڕاهەواڵ

” هەموو ژیانم بۆ بەرگرتن بە دووبەرەکی نێوان گەلەکەم خەرج کرد”

 

بە تایبەتی لە دوای کودەتا دەستکردەکەی ١٥ ی تەموزی ٢٠١٦ ، زوڵم و زۆرداری پارتی دەسەڵاتی تورکیا، بەرامبەر هاوسۆزانی خزمەت، گەشتە لوتکەی خۆی.

ئیدی لە منداڵی ناو سکی دایکەوە، هەتا دەگاتە ژنانی زەیستان و دووگیان، لە کەسانی بەساڵاچوەوە هەتا دەگاتە نەخۆش و پەکەوتە، زیندانەکانیان لە دەیان هەزار مرۆڤی بێ گوناح، پڕ کرد.

هێندەی ئەم هاوڵاتیانەش، مرۆڤگەلێکی زۆر ناچار بە جێهێشتنی وڵاتەکەیان کران. سەدان هەزار مرۆڤیش دەستگیر کران و خرانە ناو زیندانەکانەوە.

لە کاتێکدا ئازار و زوڵمەکان گەشتوونەتە دوای ڕادەی خۆیان، لە کەناڵە مێدیاییە جیاوازەکانیشەوە، پڕوپاگەندەی ڕەش لە دژی هاوسۆزانی خزمەت ئەنجام دەدرێت و، هەڵمەتی بە شەیتانکردن ئەنجام دەدرێت/ دراوە.

 

بابەتی ئەوەی کەوا ئابیەکانی خزمەت لە دەرەوەی وڵات خەریکی کەیف و سەفای خۆیانن، یەکێکە لە ڕۆژە نەگۆڕەکانی مێدیای سەر بە دەسەڵات.

 ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕاستیەکان بە تەواوی پێچەوانەوەی ئەو شتانەیە کە لەو جۆرە مێدیانەوە باسی لێوە دەکرێت.

بۆ ئەم مەبەستەش ڕووی پرسیارەکانمان لە کەسایەتیەکی وەک بەهادین کەرەتاش کرد، کە کەسایەتیەکی دیاری بواری پەروەردە و زانستە شەرعیەکانە لەناو خزمەتدا.

کەرەتاش لە بەرامبەر بوختانی ئەوەی لە دەرەوەی وڵات خەریکی کەیف و سەفای خۆیانن، بە فرمێسکی چاوەکانیەوە وەڵامی دایەوە” بە چی دەژین؟ من خۆم خەڵکی ئورفام، تەشتێکی لاستیکم کڕی و ١٠ کیلۆ بولغورم تێکرد. دۆشاو و بیبەرم تێکەڵ کرد و چیغ کۆفتەم لێ دروست کرد. تەمەنم ٧٠ ساڵە و نەخۆشی دڵم لەگەڵدایە، سەرەڕای ئەوەش بەو تەمەنەوە، هەوڵی فرۆشتنی چیغ کۆفتەم دا. یەکێک لە هاوڕێکانی منیش کە ناوی مامۆستا هارونە، شوشە و پلاستیکی ناو زبڵخانەکان کۆ دەکاتەوە و هەوڵی فرۆشتنیان دەدا. بەم شێوەیە بژێوی ژیانی خۆی پەیدا دەکات”.

 

“ماوەی ١٠ ساڵ فەرمانبەری دەوڵەت بووم”

من لە ئورفا لە دایک بووم. ئێستا نزیکەی ٧٠ ساڵ تەمەنم هەیە.   خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیم لە بەشی زانستە ئیسلامیەکانی ئورفا تەواو کرد. پاشان لە ساڵی ١٩٧٠- ١٩٧١، لە بەشی پەیمانگای باڵای زانستە ئیسلامیەکانی ئیزمیر وەرگیرام. لە راستیدا لە ساڵی ١٩٦٩-١٩٧٠ وەرگیرابووم، بەڵام بە هۆی خراپی باری ماددی باوکمەوە، نەمتوانی لەو ساڵەدا بخوێنم. لەو کاتەدا بە دوو قۆناغی جیاوازی تاقیکردنەوەدا تێدەپەڕیت. یەکەم جار بە تاقیکردنەوەی تەحریری، پاشان تاقیکردنەوەی ڕوو بە ڕوویان ئەنجام دەدا. منیش دوای بڕینی هەردوو تاقیکردنەوەکە، ئیزمیرم هەڵبژارد.

پێش ئەوەی بڕۆم بۆ ئیزمیریش، ماوەی دوو ساڵ لە دەرسخانەی ئابرا  عەبدولقادر بادڵی مامەوە. واتە لە حوجرەی زەهاریە مامەوە، پاشان چوومە ئیزمیر.

لەگەڵ مامۆستامان پێکەوە لە ئیزمیر ماینەوە. لەو کاتەدا کودەتای ١٢ ی ئازاری ١٩٧١ ڕوویدا بوو. منیش جار جار دەچوومە دانیشتنەکانی دادگایی کردنی و وەک گوێگر بەشداریم تێدا دەکرد. هەروەها چەند ساتێکم لەگەڵ رامیز ئەفەندی ڕەحمەتی کە باوکی مامۆستایە، بەسەر برد. لەگەڵ مامۆستا بەشداریمان لە پرۆسەی دادگایی کردنی ٥٤ کەس کرد و پاشان چوومە پەیمانگای باڵای ئیزمیر بۆ خوێندنی زانستە ئیسلامیەکان.

 

نزیکەی ١٠ ساڵ وەک کارمەندێکی دەوڵەتی سەر بە وەزارەتی پەروەردە کارم کردووە.

لە ژیانمدا ماوەی ٢ ساڵ مامۆستایەتیم کردووە و، ئەوەی تریشی وەک سەرپەرشتیار دەست بەکار بووم. پاشان چوومە خوێندنگە تایبەتەکانی سەر بە خزمەت.  ماوەی ٦ ساڵ لە بینگۆل کارم کرد.

لە کاتی ڕاگەیاندنی باری نائاسایدا،  بە گوێرەی ماددەی ١٤٥٢ زیندانی کرام و لەناو زینداندا ئەشکەنجە دراین. هەروەها یەکێکم لەوانەی ئەشکەنجەکانی سەردەمی کەنان ئێڤرەنیشم بینیوە.

 

پاشان لە خوێندنگەی دواناوەندی چایرئالان چاندر لە یۆزگات دامەزرێندرام و، دوای ئەوەی ساڵێکیش لەوێ مامەوە، دیسان لە خوێندنگە تایبەتەکانی خزمەت دەست بەکار بوومەوە.

ئەو کاتەی من بەڕێوەبەری خوێندنگە بووم، بە پاساوی ئەوەی بۆیە کراوە بەسەر یەکێک لە پەیکەرەکانی خوێندنگەی مندا، زیندانی کرام. واتە لەو کاتەشدا هەمان گەمەی ئێستا بوونی هەبوو.

لە کاتی لێپرسینەوەش پرسیاری ئەوەیان لێدەکردم کە بۆچی خەڵک منیان خۆش دەوێت و بە گەرمی سڵاوم لێدەکەن. لەبەرچی کاتێک بە بەردەم دوکانی کەسانی کاسپکاردا دەڕۆم، لەبەرم هەڵدەستن؟ لەبەرچی لەبەردەم تۆدا ڕێز و حورمەت پشان دەدەن  و دەست بە سنگیانەوە دەگرن؟

ئیدی لەسەر ئەم جۆرە شتانە لێپرسینەوەم لەگەڵدا ئەنجام دەدرا.

هەروەها لە کاتی ئەشکەنجەداندا دەیانوت” تۆ کێیت؟ کارت چیە؟ چی ئەرکێکیان پێ سپاردویت؟” بە داخەوە بەم شێوەیە ئەشکەنجەیان دەداین.

هەر بە ڕاستیش ئەشکەنجەی ڕاستەقینەمان بینی. هەروەها لە ڕێگەی قسە پێ وتنیشەوە ئەشکەنجەیان دەداین و دەیانوت ” ئێمە ئێوەمان بە نیەتی کوشتن هێناوە” و هەتا ڕادەی کوشتن ئەشکەنجە دەدراین.

پاش ئەوەی ساڵێک لە یۆزگات مامەوە، ئەمجارەیان چوومە کرکلارەلی و بە شێوەیەکی ڕاستەقینە لە دامودەزگاکانی خزمەتدا دەست بەکاربووم.

هەروەها بە یەکێک لەوانە ئەژمار دەکرێم کە بۆ یەکەم جار لە ئەنقەرە دەرسخانەیان بونیاد ناوە.

 

پاشان لە ساڵی ١٩٩٠ چوومە ڤان.  کۆلێجی سەرهاد یاخود ئەوەی بەڕێز مامۆستا بە “مدرسة الزهراء” ناوی دەبرد، وتی بڕۆن بیکەنەوە و منیش چوومە ئەوێ و کردمەوە.

پاشان یەکەم داوای فەرمی بۆ کردنەوەی خوێندنگەکە، قەدەر وەهابوو بە نسیبی منی هەژار بێت. ماوەی ٦ ساڵیش لەوێ مامەوە.  پاشان لە ڤانەوە بەرەو دیاربەکر کەوتمە ڕێ. لە دیاربەکریشەوە بۆ عەنتەب و بەم شێوەیە لەو ناوچەیەدا خەریکی سوڕانەوە بووین. پاشان ڕێکخراوە مەدەنیەکانیشمان لە دوای دامەزراندنی خوێندنگەکانمانەوە دەست بەکار بوون.

 

مامۆستا وتی “بڕۆ”

 

بۆچی ڕۆشتم بۆ ناوچە  کوردیەکانی تورکیا؟ چونکە مامۆستا پێی وتم بڕۆ… وتی هەموو کەسێک دەچێتە ئەو ناوچەیە و موزایەدەیان پێوە دەکات. مامۆستا وتی زۆر گوناحە، گەلێکی مەزڵوم لەوێ دەژین. مامۆستا وتی تۆ بڕۆ، چونکە تۆ خەڵکی ئەو ناوچەیەیت؛ زمان، خوو، ڕەوشت و نەریتیان باشتر تێدەگەیت.

 

وتی ئوستادیش ئاماژەی بەوە کردووە کە دوژمنە سەرەکیەکانی گەلەکەمان بریتیە لە جەهالەت، هەژار و دووبەرەکی، پرۆژەی بەرەنگاربوونەوەی ئەم ٣ دەردە کوشندەیەش لەسەر شانی ئێمەیە و لەو بابەتەدا هەرچیەک بە ئێمە بکرێت، پاڵپشتیت لێدەکەین.

بەم نیەتەوە منی ڕەوانەی ئەو ناوچانە کرد. لە کاتی ناردنی منیشدا، ئەم قسانەی پێ وتم کە ئاماژەم پێدان. واتە جگە لەم شتانە، بە هیچ نیەت و ئامانجێکی ترەوە منی نەنارد.

من هەمیشە لە ناوچەکانی هەکاری، یوکسەکئۆڤا، شەمدینلی، جیزرە، سلۆپی دەسوڕامەوە و، هەمیشە ڕوو بە ڕووی ئەو جۆرە قسانە دەبوومەوە.

هەمیشە دەیانوت: تۆهاتوویتە ئەم ناوچەیە هەتا خەڵکەکەی بکەیت بە تورک؟ یاخود دەیانوت ئێوە کارمەندی میتن و لەلایەن ئەوانەوە ڕەوانە کراون!

دیارە لەو سەردەمەدا بەو شێوەیە لە ئێمەیان دەڕوانی…

ئیدی هەمیشە ئەم جۆرە قسانەیان پێدەوتین. منیش هەمیشە دەموت نەخێر شتی وەها نیە. یاخود دەموت: ئێوە ئارامتان هەبێت، با کۆمەڵێک مرۆڤ پێبگەیەنین، با کارەکانمان بکەین و خزمەت بکەین. ئێمە بە نیەتێکی ڕاستگۆیانەوە بۆ ئەم ناوچەیە هاتووین. گەر کەسێک هەوڵی ئەوەیدا ئێوە بکاتە تورک، وەرن بە من بڵێن. وتم گەر کەسێک هەوڵی شتێکی لەو شێوەیە دا، بە دەستی خۆم خوێندنگەکان دەتەقێنمەوە. کەمێک ئارام بگرن و ئێمە بە نیەتی خزمەت کردنی ئەم ناوچەیە هاتووین. گەر ئێمە پیاوی دەوڵەت بووینایە، وەک پیاوانی دەوڵەت داوای مۆڵەتمان دەکرد و خۆمان لەم ناوچەیە دوور دەخستەوە. واستەمان دەکرد و بەهانەیەکمان دەدۆزیەوە و لێرە نەدەماین. سەیرکەن ئێمە هەمیشە لەگەڵ ئیوەداین، شەممە، یەکشەممە، هەموو جەژن و سەیرانێکمان هەر پێکەوەیە.

سەیری پیاوەکانی دەوڵەت بکەن، کەسیان ژن و منداڵەکانیان ناهێنن بۆ ئەم ناوچەیە، بەڵام ئێمە بە ماڵ و منداڵەوە هاتووین. منداڵەکانمان لە هەمان خوێندنگەی منداڵەکانی ئێوە دەخوێنن. دەمانوت ئێمەش یەکێکین لە ئێوە، پیاوی دەوڵەت نین و پیاوی ناو ئێوەین. ماوەی ٢٥-٣٠ ساڵ لەو ناوچانە مامەوە، سوپاس بۆ خودا، خزمەت متمانەی خەڵکی ئەو ناوچەیەی بەدەست هێنا. پاشان خەڵک خۆیان یارمەتیان پێشکەش دەکرد و پاڵپشتیان لێدەکردین.

واتە گەر لەو ماوەیەدا شتێکی لەو شێوەیەمان بکردایە کە ئەوان بە تورک کردنی خەڵکەکە ناویان دەبرد، ئەوا بێگومان شتێکیان لێبەسەر دەهێناین.

 

“کام بە تورک کردن؟”

کەسێک بە ناوی ئیلهامی، ماوەیەک وەک سەرۆکی شارەوانی ئێدرەمیت هەڵبژێردرابوو. ئێمەش بە مەبەستی پیرۆزبایی لێکردنی، چەند پاکەتێک شیرینیمان گرت بە دەستمانەوە و ڕۆشتین بۆ لای. لە ناوەڕاستی قسەکانیدا وتی: مامۆستا دەتەوێت قسەکانی ناو دڵمت پێبڵێم؟ منیش وتم بیڵێ. وتی مامۆستا گەر لە دەست مندا بووایە، شۆفڵێکم بە دەستمەوە دەگرت و تەواوی خوێندنگەکانی ئێوەم دەڕوخاند و دارم بەسەر بەردیەوە نەدەهێشت.

 منیش وتم کاک ئیلهامی تۆ ئەم قسانەمان پێ دەڵێیت، لە کاتێکدا ئێمە میوانی تۆین و تۆش دابونەریتی میوانداری ئەم ناوچانەی خۆمان دەزانیت!

 

وتی مامۆستا هەڵە لێم تێمەگە، من تەنیا هەستەکانی ناو ناخی خۆمم پێ وتیت. پاشان وتی: بەڵام دەمەوێت پەسنی شتێکی ئێوەش بکەم. منیش وتم چیە ئەو شتە؟

لە وەڵامدا وتی: ئێرە سەدان ساڵە فەرامۆش کراوە، سەدان کێشەی کەڵەکە بوومان هەیە. بۆ یەکەم جار لەسەر دەستی ئێوە، سیستەمێکی پەروەردە لەسەر ئاستی ئیستەنبول، ئیزمیر و ئەنقەرە، هاتە ئەم ناوچانە. لەو بوارەدا خزمەتێکتان کردووە بە ناوی چارەسەری کێشەی ئەم ناوچەیە. هەموو کەس لەلای خۆیەوە قسەیەک دەکات، بەڵام ئێوە لەم بابەتەدا هەنگاوێکتان هەڵناوە.

ئەم قسەکانی ئەو پیاوە بوو، پاشان ئەم کاک ئیلهامیە، چووە شاخ و لە شەڕێکدا کوژرا.  ئەو کاتەی ئەم قسانەی کرد، سەرۆکی شارەوانی بوو.

ئەندامێکی پەکەکە بوو. پاشان هەر هەمان کەسایەتی پێی وتم” من سوپاسی ئێوە و مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن دەکەم”.

لێرەدا پێویستە ئاماژە بە چەند شتێک بکەم. کاتێک کەسانێک دەیانوت ئەمانە بۆ بە تورک کردنی خەڵکی ئەم ناوچەیە هاتوون… ئایا خەڵکی ئەو ناوچانە هیچ فەراسەت و زیرەکیەکی نیە کە هەست بە شتێکی لەو شێوەیە بکەن؟ ماوەی ٣٠ تا ٤٠ ساڵ لەو ناوچانە بووین، تێنەگەشتن لەوەی کە نیەت و ئامانجی ئێمە چییە؟ ئایا ماوەی ٥، ١٠، ١٥ ساڵ بەس نیە بۆ ئەوەی بزانن کە ئێمە چی بەرهەمێکمان هەیە و نیەتمان چییە؟

نمونەیەکی سەرنج ڕاکێشتر…

منداڵی خوێندنگەکانی ئێمە پێگەشتن و بوونە سەرپەرشتیاری پزیشکانی نەخۆشخانەی هەکاری سەر بە دەوڵەت. ئیدی لەسەر ئاستی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا، دادوەر و داواکاری گشتی، قائیمقام پێگەشت. هەروەها پارێزگاری شرناخ کە بە کوردی قسەی دەکرد. هەریەک لەمانە نمونەیەکی خزمەتە کە پێشکەشی هاوڵاتیانی ئەو ناوچەیەی کردووە و، کەسیان نەبوون بە تورک.

خوێندنیان تەواو کرد و پاشان گەڕانەوە و خزمەتی خەڵکی ناوچەکەی خۆیان کرد.

مامۆستا پێی وتم ” ئەم گەلە ئەمانەتی سەردارە لە دەستی مندا”…

 

پاش چەندین ساڵ شتێکم لە مامۆستا بیست. بۆ یەکەم جار گوێم لەو قسەیە بوو، لە هیچ کتێبێکدا بەرچاوم نەکەوتبوو. لە تەفسیری ئالوسی و بە تایبەت لە کاتی راڤەی سورەتی فەتحدا ئەو قسانەم گوێ لێبوو.

 

پێش ساڵێک لە وەفاتی سەردارمان، هەندێک لە کوردانی ناوچەکە دەچنە لای سەردارمان و موسوڵمان بوونی خۆیان ڕادەگەیەنن. ئەم قسانەم لە مامۆستاوە بیست و وتی: “ئەو گەلە ئەمانەتی سەردارمانە لە دەستی مندا”. هەر بۆیە ئەو فەلسەفەیەی لە پشتی ئەم کارەوە ئەوە بوو، وتمان مادام بە ڕووی تەواوی دونیادا کراوینەتەوە، ئەو ناوچانەش جوگرافیای خۆمانن و پێویستە لەوێش بکرێینەوە. وتمان ئەوانیش مرۆڤی خۆمانن و پێویستە خزمەتیان بکەین، ئیدی گەر لەو بابەتەدا کەموکورتیەکمان هەبوو بێت، ئەوە شتێکی ترە.

 

سەبارەت بە بابەتی بە تورک کردن، با نمونەیەکی تریشتان عەرز بکەم:

ڕۆژێکیان لە دیاربەکر بووین، لەلای یەکێک لە سەرۆک شارەوانی شارۆچکەکانی سەر بە دیاربەکر بووین و پێی وتین” ئێوە بۆ بە تورک کردنی خەڵکی ئەم ناوچەیە هاتوون، ئێوە پیاوی دەوڵەتن، پیاوی ئەمەریکان، ئێوە سازش لەسەر دینەکەشتان دەکەن”…

 

بەم شێوەیە بەردەوام هێرشی دەکردە سەرمان. تەنانەت لەو کاتەدا لە ئۆفیسی کاک موجاهید بووین کە بریکاری ئۆتۆمبیلی ئۆپڵی هەبوو…

منیش وتم باشە تۆ پێش ئەوەی لێپرسینەوەمان لەگەڵدا بکەیت، بۆچی بەم شێوەیە هێرشمان بۆ دەهێنیت، تۆ جارێ دانپێدانانمان لێ وەربگرە، ئینجا هێرشمان بۆ بهێنە.

ئەویش وتی فەرموو قسەکانت بکە…

منیش وتم: سەیرکە، گەر ئێمە پیاوی دەوڵەت بوویانەیە، نەماندەتوانی بڕۆینە هەموو شوێنێک. ئێمە لە ئەفەریقاین، لە ئاسیان، لە ئەوروپاین، لە ئەمەریکاین. شوێنێکی دونیامان پێ بڵێ کە ئێمە لەوێ نەبین. گەر ئێمە پیاوی سەر بە یەک شوێن بووینایە، نەماندەتوانی سەر بە هەموو شوێنێک بین و  بە هەموو دونیادا بڵاو ببینەوە. لە ڕووی لۆجیکەوە دەبێت بەم شێوەیە بێت.

مادام دەتوانین ڕوو لە هەموو شوێنەکانی دونیا بکەین، کەواتە سەر بە هیچ شوێنێک نین، سەیرکە ئێمە ئێستا لە ناوچە کوردیەکانیشدا بوونمان هەیە، ئایا ئەمە دەمانکاتە ئەوەی سەر بە ئێوەش بین؟

گەر چوویتە تورکیا ببیتە تورک، چوویتە عەرەبستان ببیتە عەرەب، ئەوا ئێمە لە هەموو دونیادا هەین و سەر بە هەموو دونیایین. ئێمە وەک مامۆستا دەڵێت: ڕەنگ کوێرین. لای ئێمە هیچ ڕەنگ و بژاردەیەکی جیاوازی بەردەممان بوونی نیە. ئامانجمان گەیاندنی ناوی جەلیلی محمدیە بە هەموو کەسێک. ئامانجێکی گەردوونیمان هەیە…

**

ڕۆژێکیان سەبارەت بە ساڵۆنەکانی خوێندنمان پڕۆژەیەکمان هەبوو. شارەکانی دراوسێی شارەکەشی خۆشمان داخڵی پڕۆژەکە کردبوو. لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە، موختارەکان،  سەرۆک شارەوانیەکان، پارێزگارەکان قسەمان کرد و وتمان ئێوە بە دڵی خۆتان کۆمەڵێک خوێندکاری زیرەک هەڵببژێرن، با بیاننێرین بەرەو ڕۆژئاوا و لەوێ بخوێنن. ئیدی خەڵکی ناوچەکە خۆیان ئامێزیان بۆ کردینەوە و وتیان  بۆ پاڵپشتی کردنی ئێمە، ئەوەی لە دەستیان بێت ئەنجامی دەدەن.

 

بەڕای من باشترین پشکنەر و هەڵسەنگێنەر لەم بابەتانەدا خەڵکە. ئیدی باشترین هەڵسەنگێنەریش کە خەڵکە، پڕۆژەکەیان قبوڵ کرد و خۆیان بە خاوەنی کرد.

لەوە دەچێت کەسانێک بپرسن: ئایا ئەمانەتان لە بەرامبەر پارە نەدەکرد؟

با وەڵامێکی ئەمەش بدەمەوە.

خزمەت لەو شوێنانە کەسە بە تواناکانی دەدۆزیەوە و، ئامادەی ژیانی دەکردن و سیفاتێکی بۆ دەدۆزینەوە. کاتێک کەسەکان پیشە و سیفاتێکی تایبەت بە لێوەشاوەیەتی خۆیان دۆزیەوە، ئیدی بوارەکانی بەردەمیان ئاوەڵا دەبێت.

بەم شێوەیە هەم جەهالەت و هەم پێداویستیە سەرەکیەکانیان دەڕەوێتەوە.  ئیدی دوای ئەوەش کێشەی دووبەرەکی دەمێنێتەوە، ئەمەش شتێک نیە لە نێوان کەسە خوێندەوار و پێگەشتووەکاندا ڕوو بدات. کەسە خوێندەوار و پێگەشتووەکان لەبەرچی پەلاماری یەکتری بدەن. ئەو شتانەی دەبوو لەو ناوچانە ئەنجام بدرێن، زۆر ئاشکرایە. پێش هەموو شتێک، با قسەیەکی تری مامۆستا لێرەدا دووبارە بکەمەوە، هەرگیز نەهێڵیت ناموسی پاراستنی یەکڕیزی وڵاتەکەت لەکەدار ببێت. ئەم قسەیەش بە نیسبەت منەوە وەک فەلسەفەی ژیانمی لێهاتبوو. هەمیشە بۆ یەک ڕیزی و تەبایی وڵاتەکەمان کارمان دەکرد. بۆ یەکپارچەیی وڵاتەکەمان کارمان کرد.

من لە ئەوروپادا زانیاریم لەسەر سویسرا هەیە. ١٦ کانتۆنی جیاوازی تێدایە لەو وڵاتەدا. چەند زمانێک لەو ناوچانەدا بوونیان هەیە و، دەوڵەتی چەند زمانێکی فەرمی خۆی هەیە. هەموو کەس بە گوێرەی زمانی دایکی خۆی، لە خوێندنگەکاندا پەروەردە وەردەگرێت. هیچ کێشەیەکیش دروست نەبووە، لە نێو خەڵکدا کێشە و شەڕ بوونی نیە. بەڵام لەبەرچیە شەڕ کردن وەک قەدەری نێوان خەڵکی ئێمەی لێکراوە، لەبەرچی؟ لەبەرچی ئەم جلکە شێتانەیان بە بەری ئێمەدا بڕیوە؟

مامۆستا هەوڵی ڕەواندنەوەی ئەم حاڵەی دا. خوێندنگە، خوێندنگە، خوێندنگە، پاشان دەرسخانە، بەشی ناوخۆیی، ماڵ و زانکۆکان…

ئێمەش وەک پێوانەی کارەکانمان، هەرکەسێک توانای خوێندن و لێوەشاوەیەتی هەبووبێت، لەو خزمەتانەی ئەنجاممان دەدا بێبەشمان نەکرد. ئەم خاڵی بزاڤی کارەکانی ئێمە بوو.  بەڵام ئایا چەندە لەم کارەماندا سەرکەوتوو بووین یاخود نا، ئەوەیان شتێک نیە کە من بیزانم.

کەسانێک کەوا لێوەشاوەیەتی و شیاوێتی ئەوەیان تێدا بوو خزمەت بە وڵاتی خۆیان بکەن، بە شێوەیەک لە شێوەکان پاڵپشتی کران و ڕەوانەی شوێنە جیاوازەکانی دونیا کران.

گەر توانای خەڵکی دیاربەکر و ڤان هێندەی ئەوە نەبووبێت کە بە هانای کەسانێکی لەو شێوەیەوە بچن، ئەوا ئیمکانیەتی خەڵکی ئەنەدۆڵومان دەخستە گەڕ. ئیدی ئەوانیش یارمەتیان پێشکەش دەکردین و گەنجانی ناوچەکانی ئێمەش، دەبوونە خاوەنی خوێندنێکی باشتر.

لە ساڵۆنەکانی خوێندندا نزیکەی ١٣٠ هەتا ١٤٠ هەزار خوێندکارمان هەبوو.(ساڵۆنەکانی خوێندن بریتی بوون لەو ناوەندانەی لەلایەن مامۆستای خۆ بەخشەوە بەڕێوە دەبران، وانە بە خوێندکارەکانی دەوترایەوە و زیاتر خزمەتی خوێندکارە هەژارەکانی ئەو ناوچانەی دەکرد). ئەمەش ژمارەیەکی زۆر جددیە. تەنیا لە دیاربەکر ٣٥ هەزار خوێندکاری ساڵۆنەکانی خوێندمان هەبوو. لە غازیعەنتەب ١٨ هەزار خوێندکارمان هەبوو. ژمارەی هەموو ویلایەتەکان ئاشكرا بوو. هەر بەم خزمەتەشەوە نەوەستابووین. ئەم خوێندکارانە لە ماڵەوەش برا  و خوشکیان هەبوو. خزمەت پێشکەشی ئەوانیش دەکرا.

لەگەڵ شارەوانی عەنتەب هەماهەنگیمان دەکرد، کۆرسی پیشەییمان بۆ گەنجانی خاوەن توانا دەکردەوە. پاشان لەگەڵ ناوچەی پیشەسازی هەماهەنگیمان دەکرد و، لە ماوەی ٨ مانگا بڕوانامەمان پێدەدان و بەم شێوە دەبوونە خاوەنی کار.

 

” ماوەی ٦ مانگ گریام”

لە کاتی ١٥ ی تەموزدا ئێمە لە تورکیا نەبووین. من نزیکەی ساڵێک بەر لەو بەروارە، تورکیام بەجێهێشت بوو. هەر زوو دۆسیەیان لەسەر ئێمە دروست کرد و ئێمەش بەو هۆیەوە چووینە دەرەوە.

لەوێ چیمان کرد؟ چۆن دەژیاین و چیمان دەخوارد؟

لە هەورەبانی بینایەک ژیانم بەسەر برد. هەموو ژیانم لە پێناوی ئەوە خەرج کرد، کە گەلەکەم بە یەکدا نەدەن و پارچە پارچە نەبن. هەموو ژیانم بۆ ئەم خەبات و تێکۆشانە تەرخان کرد.  ژیانم بۆ ئەمە دانا، لە پێناو گەلەکەم ژیانم بەسەر برد. کاتێک ئێمە ٣٠ ساڵ لەو ناوچانە خەریکی ئەم کارانە بووین، بمبورن کە وا دەڵێم، کەسێک بە شۆرتێکەوە بە دوای تۆپێکدا ڕایدەکرد، ئیدی نازانم چۆن لە پڕێکدا بووە نیشتیمانپەروەر و چۆن ئەم پەیوەندیەی پەیدا کرد؟

 کەس نەیزانی لە کوێوە پەیدا بوو… من مێزێکم هەبوو، ماوەی ٦ مانگ سەرم دەکردە سەر ئەو مێزە و دەگریام. هەمیشە لێپرسینەوەم لەگەڵ خۆمدا ئەنجام دەدا و دەمپرسی ئێمە لەبەرچی کراینە تیرۆرست؟ لەبەرچی ناوی ئانارشیست و خائینی نیشتیمانمان بەسەردا بڕا؟…

وەک چۆن ئوستاد بەدیعوزەمان لە کاتی وەفاتیدا دێتە ئورفا، یەکێک لە خوێندکارەکانی بۆی گێڕامەوە، دەڵێت لە ڕێگەی ئەدەنە بەرەو ئورفا وتی:

باشە من چیم لەمانە کردووە، من تەنیا لە پێناوی ئەوەی خۆیان و منداڵەکانیان ئیمانیان سەلامەت بێت، هەموو ژیانم  بۆیان تەرخان کرد. کەچی ئەمانە ئەم شتانەیان بەرامبەر من کرد.

ئیدی کەسێکی گەورەی هاوشێوەی ئەو ئەم قسەیە بکات، کەسێکی هیچی وەکو من چی بلێت.  ئیدی ماوەی ٦ مانگ سەرم دەکردە سەر ئەو مێزە و، دەگریام، دەگریام و دەگریام…

 

“چیغ کۆفتەم دەکرد و دوکان بە دوکان دەمفرۆشت”

بە چی دەژین؟

 

ئەوانەی دەڵێن کۆشک و تەلاریان هەیە، فەرموو با سەردانی بکەن. نازانم هەتا ئێستا چەند ساڵە ئەم درۆ و بوختانەیان بەردەوامی هەیە. ئەوە عەرز و ئەوە گەز، تەحەدای هەموویان دەکەم. تەنیا یەک بست زەوی، ماڵێک، خانوویەک، ڤیلایەکی ئێمە لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات ئاشکرا بکەن.

هێندەی ئاگادارم، ٦٠٠ هەزار مرۆڤ لێپرسینەوەی لەگەڵدا ئەنجامدراوە. بزانە یەکێکیان سەرپێچیەک و تاوانێکی ئەنجام داوە کە ئاسایشی وڵاتی تێک دابێت.

بەڵێ ئەمەیە کارتی خزمەت، ئەمەش کارتێکە زەمانە پێیداوە. ئەم خزمەتەیان تۆمەتبار کرد، بەڵام ڕۆژێک دێت خۆیان وەک ئەنارشیست و تیرۆرست دادگایی دەکرێن، ئەو کاتە هەموو دونیا تفیان لێدەکات.

لەوە دەچێت گەلی ئێمەش بەو شێوەیە قەرەبووی بێ وەفاییەکانی خۆی بکاتەوە.

بە چی دەژین؟ من خۆم خەڵکی ئورفام، تەشتێکی لاستیکم کڕی و ١٠ کیلۆ بولغورم تێکرد. دۆشاو و بیبەرم تێکەڵ کرد و چیغ کۆفتەم لێ دروست کرد. تەمەنم ٧٠ ساڵە و نەخۆشی دڵم لەگەڵدایە، سەرەڕای ئەوەش بەو تەمەنەوە، هەوڵی فرۆشتنی چیغ کۆفتەم دا. یەکێک لە هاوڕێکانی منیش کە ناوی مامۆستا هارونە، شوشە و پلاستیکی ناو زبڵخانەکان کۆ دەکاتەوە و هەوڵی فرۆشتنیان دەدا. بەم شێوەیە بژێوی ژیانی خۆی پەیدا دەکات.

 

ئەم قسانەی لێرەشدا کردم تەنیا بۆ مێژوو باسیان دەکەم. من دەتوانم بە فرۆشتنی چیغ کۆفتە یاخود کۆکردنەوەی شوشەی ناو زبڵخانەکان بژێوی ژیانم پەیدا بکەم، بەڵام کەس ناتوانێت پێم بڵێت و فڵان و فیسار شتت دزیوە و حەقی تۆ نەبووە، هەتا ئێستا کەس وەهای پێنەوتووم و ناشتوانن وەهام پێبڵێن…

 

 

 

 

70 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە