بیروڕاگۆشەی م.فتحوڵڵا گولەنهەواڵ

وەرگرتنی هاوەڵانی سەردارمان وەک نمونەیەکی باڵا

 

پرسیار: گەر یەکێک لەو تایبەتمەندیە پێویستانەی کە دەبێت لە بابەتی پەروەردەدا پشان بدرێت، بریتی بێت لە پشاندانی نمونەیەکی باڵا(ڕۆڵ مۆدێل)، پێویستە هاوەڵانی سەردارمان لە تەوەری ئەم پێویستیەدا چۆنی پشان بدرێن؟

 

وەڵام: هاوەڵە بەڕێزەکان، لەبەر ئەوەی گوێیان لە سەردارمان گرتووە و، لە حزوری ئەودا بە بۆیەی ئەو بۆیە کراون و لە فڵچەی بۆیەی ئەوەوە شکڵیان وەرگرتبوو، تایبەتمەندیەکی جیاوازیان وەرگرتبوو.

ئەوان لەبەر ئەوەی نوێنەری دینێکی کامڵیان بینیبوو، کە خۆیشی مرۆڤی کامڵە، ئیسلامیان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە سەرچاوە بێگەرد و بێخەوشەکەیەوە وەرگرتبوو.

هەربۆیە بە باشی لە قورئان و سونەت تێگەشتبوون، ئاگاییان بەرامبەر ئامانجی ئیلاهی پەیدا کردبوو، تەواوی ژیانیشیان بە ئاڕاستەی ڕەزامەندی ئیلاهی خستبوویە گەڕ.

هەر بەم هۆیەشەوەیە سەردارمان لە زۆرێک لە حەدیسە شەریفەکانیدا، ئاماژەی بە پێگەی نایاب و ئاراوتەی هاوەڵانی بەڕیزی داوە و، لە پاڵ سونەتی خۆیدا ئاماژەی بە گرنگی شوێنکەوتنی ئەوانیش داوە.  چونکە ئەوان هەر بە ڕاستی کۆمەڵێک مرۆڤ بوون، کە پێویستە بە نمونە وەربگیرێن.

لەم ڕوانگەیەشەوە ناسینی هاوەڵە بەڕێزەکان لەلایەن مرۆڤەکانی ئەم سەردەمەوە زۆر گرنگە.

چونکە هەتا زیاتر بناسرێن زیاتر خۆشەویست دەبن و، هەتا زیاتر خۆش بویسترێن، زیاتر بە نمونە وەردەگیرێن و شێوازی ژیانیان پەسەند دەکرێت.

بوونە شوێنکەوتەی ئەوان و، ڕۆشتن لە دوایانەوە هەنگاو بە هەنگاو، دەبێتە هۆکاری ئەوەی بگەین بە کەناری سەلامەتی؛ دابڕانیش لەوان دەبێتە هۆی دابڕانی زۆر جددی. هەربۆیە شوێنپێهەڵگرتنی ڕێگەی ئەوان، بە ناوی شوێنکەوتنی پێغەمبەری خوداوە زۆر گرنگە و، شوێنکەوتنی پێغەمبەری خوداش بە واتای جێبەجێکردنی فەرمانەکانی الله دێت.

گەر مرۆڤەکان هاوەڵان بناسن و خۆشیان بوێن و دەست بکەن بەوەی شوێنکەوتەی ڕێگەی ئەوان بن، پاش ماوەیەک بە ئەخلاقی ئەوان ئەخلاقدار دەبن.

بە تێپەڕینی کاتیش خۆشەویستی هاوەڵان لە ناخی ئەواندا نەشونما دەکات و، پاشان خونچە و شکۆفە دەردەکات و باڵا دەگرێت، ئیدی ئەوانیش لە ڕوانگەی حاڵ و چۆنیەتی و هەڵسوکەوتیانەوە هەوڵی لێکچوون بە هاوەڵانی سەردارمان دەدەن. بێگومان مرۆڤێک کە بەم ڕادەیە پڕ بێت لە خۆشەویستی هاوەڵانی سەردارمان، بابەتی ئەوەی سەرداریشمانی خۆشنەوێت و بە عەشقی خوداشەوە ئاگر نەگرێت و نەسوتێت، جێگەی باس نیە.

 

لە ڕاستیشدا بابەتی ئەوەی مرۆڤێک هەست بە مرۆڤایەتی ڕاستەقینە بکات، وابەستەی ئەم خاڵانەی سەرەوەیە کە ئاماژەمان پێدا.

کەسێکیش کەوا لە دڵیدا خۆشەویستی الله، تابلۆی شانازی مرۆڤایەتی و نوێنەرە ڕاستەقینەکانی ئەو بوونی نەبێت، ئەستەمە بتوانێت  بەرەو ئاسۆی مرۆڤی کامڵ ملی ڕێگە بگرێت. ڕێگەی بەرز بوونەوە بەرەو مرۆڤی کامڵ، بە ڕێچکەی ئەخلاقدار بوون بە ئەخلاقی ئەوەوە، تێدەپەڕێت.

چونکە ئەخلاقی ئەو، ئەخلاقی قورئانی بوو.

 

“فەزیلەت و تایبەتمەندیەکانی هاوەڵە بەڕێزەکان”

لەلایەکی ترەوە گەر هاوەڵانی سەردارمان بە باشی نەناسرێن و، ئاگایی بەرامبەر ڕاڤە و شێوازی ئەوان بوونی نەبێت، ناشتوانرێت ئاگایی تەواو بەرامبەر ژیانی سەرداریشمان بوونی هەبێت. چونکە هاوەڵان وەک پردێکی بەردەبازن بۆ گەشتن بە ڕێگەی سەردارمان. تەنانەت دەتوانین بڵێین ئەوان بە ناوی گەشتن بە بینین و بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خوداشەوە، چەشنی پردێکن لەبەردەمی ئێمەدا.

بە بێ ناسینی ئەوان، زۆر ئەستەمە لە ژیانی سەردارمان و قورئان، سونەت و ئامانجەکانی دین تێبگەیت.

 

ئەگەر ئێمە لە ڕۆژگاری ئێستاماندا، بمانەوێت نمونەیەکی بەرچاو(ڕۆل مۆدێل) پشانی خەڵک و بە تایبەت گەنجانمان بدەین، هەتا لە پێش خۆیانەوە بیبینن و وەک نمونە وەریبگرن، ئەوا لە دوای سەردارمان، کەسانێک کەوا لە پێش هەموو لایەوەکەوە شایەنی ئەوە بن، بریتیە لە هاوەڵە بەڕێزەکانی سەردارمان.

 

هەربۆیە کاتێک باسی بابەتێک دەکەین و دەمانەوێت نمونەی بۆ بهێنینەوە، پێویستە بەردەوام ئاماژە بە ژیانی ئەوان بدەین و لەبەر چاوان دایانبنێین.

 

قورئانی کەریمیش بۆ ئاماژەدان بە حیکمەت و شێوازی ڕێنمویی پێغەمبەر، پشاندانی واقعی ئەو ڕێگایەی ئەو بەسەریدا ڕۆشتووە، دڵنەوایی کردنی لە بەرامبەر ئەو ناڕەحەتیانەی توشی دەبوو، لە زۆر شوێندا ئاماژەی بە چیرۆکەکانی ژیانی ئەو کردووە.

ئەگەرچی لە ڕووداوە دووبارەبووەکانی دەورانی مێژوودا مرۆڤایەتی بە زۆر قۆناغی جیاوازدا تێپەڕیوە، الله بە گەورەیی خۆی کە هەموو سەردەمەکان بە تایبەتمەندیەکانی خۆیانەوە دەزانێت، هەندێک لە ڕووداوەکانی پێغەمبەرانی پێشووی بۆ سەردارمان گێڕاوەتەوە کە خاوەنی مەقامی جەمعە. چونکە ئەو کاکڵەی ناوەڕۆک و پەندانەی لەو چیرۆکانەوە وەردەگیرێن، دەتوانێت ڕێنمویی مرۆڤی هەموو سەردمەکان بکات.

هەر بە هەمان شێوە، کاتێک ئێمەش باسی هەندێک بابەتی دینی و ئەخلاقی بۆ مرۆڤەکان دەکەین، دەبێت بە شێوەیەکی بەردەوام پارچەیەک لە ژیانی هاوەڵان پێشکەش بکەین.

لە ڕاستیشدا لەبەر ئەوەی ئەوان حەقیقەتەکانی ئیسلامیان وەک قوڵایی سروشتیان لێکردبوو، هەوڵی ئەوەشیان دەدا، هەر بابەتێکی دینی کەوا لە سەردارمان فێری بوو بوون، لە ژیانیاندا جێبەجێی بکەن،  لە پاش خۆیان ژیانێکیان جێهێشتووە کە شایەنی ئەوە بێت بە نمونە وەریبگرین.

بۆ نمونە کاتێک سەیری ژیانی حەزرەتی ئەبوبەکر دەکەین، لە ماوەی ئەو دوو ساڵ و نیوەی کە تێیدا خەلیفایەتی کردووە، بەسەر ١٠ ڕووداوی سەرکەشی و هەڵگەڕانەوەدا زاڵ بووە، کە هەریەک لەوان قەبارەی یەکێک لە گروپە تیرۆرستیەکانی ئەمڕۆی هەبووە.

لەم ماوە کورتەی خەلیفایەتیدا، سەرکەوتوو بووە لە ئەنجامدانی کاری زۆر گەورە. بەڵام سەرەڕای ئەوەی ئەم هەموو کارەی گەورەیەی ئەنجامداوە، کاتێک وەفاتی کرد، لە دوای خۆی هیچ سەروەت و سامانێک بەجێناهێڵێت.

بە شێوەیەک بووە تەنانەت ئەو موچەیەی بۆیان دیاری کردبوو، هەمووی خەرج نەدەکرد. لە بابەتی دیاری کردنی موچەکەشی وەک خەلیفە، ژیانی مرۆڤێکی ئاست مامناوەندی  وەک پێوەر وەرگرت و، ئەویش دوای ئەوەی پێداویستیەکانی خۆی لەو موچەیە دابین دەکرد، ئەوەی لێی دەمایەوە، دەیخستە ناو گۆزەیەکەوە پاشان وەسیەتی بۆ خەلیفەکەی دوای خۆی کرد، کە دیسان بیخاتەوە ناو گەنجینەی دەوڵەتەوە.

حەزرەتی عومەریش لە دوای وەفاتی حەزرەتی ئەبوبەکر، کاتێک گۆزەکە دەبینێت، دەست بە گریان دەکات و دەڵێت ” بە ڕاستی کارێکت کرد، کە چیدی ئیمکانی ئەوەمان نەبێت وەک تۆ ژیان بەسەر ببەین!”. ئەگەرچی ژیانی ئەویش لەگەڵ حەزرەتی ئەبوبەکردا جیاوازی نەبوو. ئەویش هەتا بڵێیت ژیانێکی سادە و خاکی و لەخۆبوردوویانەی بردە سەر.

 بۆ نمونە لە سەردەمێکدا کە وشکە ساڵی بووە، هەمان ئەو شتانەی خواردووە کە خەڵکی هەژار خواردوویانە و، لە ڕێگەی ژەنینی نان بە ڕۆنی زەیتوندا، سکی خۆی تێر کردووە. جارێکیشیان لە جیاتی ڕۆنی زەویتون، گۆشتی دەخەنە بەردەم و، ئەویش ئەوە دەپرسێت کە ئایا خەڵکیش توانای خواردنی شتێکی لەو شێوەیەیان هەیە یاخود نا، کاتێک بە نەخێر وەڵامی دەدەنەوە، ئەویش خواردنەکە دەگێڕێتەوە.

 

هەروەها کاتێک سەیری ژیانی موسعەبی کوڕی عومەیر دەکەین، بە هەمان شێوە ژیانێکی نمونەیی دەبینین کە پێویستە پەندی لێوەربگرین.

حەزرەتی موسعەب لە پێش ئەوەی موسوڵمان ببێت، هەتا بڵێی لە ژیانێکی پڕ ڕەفاهەتدا دەژی و هیچ ناڕەحەتیەکی نەبوو، لە دوای موسوڵمان بوونی، تەواوی ئەو ئیمکانیەت و نیعمەتانەی لەبەردەستیدا بوو، بە لەپی دەستی توڕدا و، هەتا ئەو کاتەی لە جەنگی ئوحوددا شەربەتی شەهادەتی نۆشی، بە ناوی دینەکەیەوە قارەمانێتی و فیداکاری گەورەی ئەنجامدا. هەربۆیە لە جەنگی ئوحوددا، لە پێناو بەرگری لە ژیانی پێغەمبەر، هەتا دوا هەناسەی ژیانی، وەک قەڵغانێک لە بەردەم تەواوی ئەو تیر و شمشێرانە وەستا کە ڕوویان لە سەردارمان دەکرد. بە شێوەیەک کەوا لە پاش مردنی کفنێکیش بۆ داپۆشینی لاشەکەی نەبێت، ئەم دونیایەی بەجێهێشت.

 

لەم ڕوانگەیەشەوە ژیانی هەر کام لە هاوەڵانی سەردارمان وەربگرین، تایبەتمەندی و فەزیڵەتێکی جیاواز بە خۆی تێدا بەدی دەکەین. چونکە ئەوان هێندەی ئەوەی دەستبەرداری ژیانیان ببن، خۆیان بە خاوەنی پەیامی ئیسلام کردووە و، بەرزکردنەوەی کەلیمەی الله یان وەک باڵاترین ئامانجی ژیانیان لێکردووە، لەم پێناوەشدا فیداکاریگەلێکی دەراسایان ئەنجامداوە. لە بەرامبەر ئەم فیداکاریانەشدا هیچ چاوەڕوانیەکیان نەبووە.  تەنیا ڕەزامەندی الله یان بە ئامانج گرتووە و، ژیانیان بە هەستێکی زۆر جددی خۆبەخشی و لە خۆبوردوویی بەسەر بردووە. لەم ڕوانگەیەشەوە هەریەکێک لەوان، بە نیسبەت ئومەتی دوای خۆیانەوە نمونەیەکی ڕاستەقینەن.

هەربۆیە ناساندنی ئەوان بە مرۆڤەکانی ئەم سەردەمە، بە شێوە فراوان و قوڵەکەی تایبەت بە خۆیان، پێویستیەکی حەتمیە؛ چونکە مرۆڤ ئەوەی دەیناسێت خۆشی دەوێت و، هەر شت و کەسێکیش کەوا نەیناسێت، پەیوەندی پێوەی نابێت.

ئەگەر مرۆڤەکانی ئەمڕۆ شێتانە الله یان خۆش نەوێت و کاتێک ناوی دەهێنن، ئێسقانی لوتیشیان نەسۆڵیتەوە، تەنیا هۆکاری ئەمە ئەوەیە کە وەک پێویست نەیانناسیوە.

 

بە هەمان شێوە گەر عەشق و پەیوەندیەکی جددیان بە سەردارمانەوە نەبێت و، کاتێک ناوی دەهێنن ئەژنۆیان بڕستی لێنەبڕێت و نەکەونە سەر ئەژنۆیان، بە هۆی ئەوەوەیە کە وەک پێویست نەیانناسیوە.

بە هەمان شێوە، گەر لە مرۆڤەکاندا هەستی لێکچوون بە حەزرەتی ئەبوبەکر و عومەر بوونی نەبێت، ئەوە بە هۆی ئەوەوەیە، کە شانوشکۆی ئەم هاوەڵە بەڕێزانەیان وەک پێویست نەناسیوە.

هەربۆیە ئەوەی پێویستە لێرەدا ئەنجام بدرێت ئەوەیە، بە شێوەیەک کەوا هەستی ئەوەی مرۆڤەکان وەهایان لێبێت بڵێن” پێویستە منیش وەک ئەوانم لێبێت”، شانوشکۆی گەورەی ئەم هاوەڵانەیان پێبانسرێت و لەلایان خۆشەویست بکرێت.

موسوڵمانانی ئەمڕۆ لەبەر ئەوەی هاوەڵانیان وەک پێویست نەناسیوە، ئەوەش نازانن کە پێویستە لە دوای کێوە بڕۆن.

هەروەها کاتێک باسی ژیانی هاوەڵە بەڕێزەکانی سەردارمان دەکەین لە پێناوی ئەم مەبەستەدا، ئەو ئسلوبەشی بەکاریدەهێنین گرنگیەکی زۆری هەیە. پێویستە وەک مرۆڤگەلێک باسیان نەکەین کەوا لە سەردەمێکی دیاریکراوی مێژوودا ژیابێتن و کۆتاییان پێهاتبێت. ئەگەرنا دوێنراوەکانی ئەو بابەتە، تەنیا بە قارەمانیەتیەکانی ئەوان دڵی خۆش دەبێت، بەڵام هەستی ئەوەی کە پێویستە لەوان بچێت و هەوڵی کۆششی بوونە  ئەوانی، تێدا دروست نابێت.

 

لەم ڕوانگەیەوە پێویستە هاوەڵان، هەمیشە وەک نمونەیەکی باڵا(ڕۆڵ مۆدێل) کە پێویستە لە ناخماندا بژین و وەک نمونە وەربگیرێن، پێشکەش بکرێن.

 

لەلایەکی ترەوە، ڕووداوە مێژوویەکان لە جیاتی ئەوەی بە شێوەیەکی کتومت خۆیان دووبارە بکەنەوە، بە شێوەیەکی ڕێژەییانە خۆیان دووبارە دەکەنەوە.

هەربۆیە کاتێک ژیانی هاوەڵە بەڕێزەکان دەخەینە بەر دیدە، بێگومان پێویستمان بەوە دەبێت کە هەلومەرجی ڕۆژگاری ئەمڕۆمان لەبەرچاو بگرین. بە دەربڕینێکی جیاواز، وەهایان لێنەکەین کە بڵێن” ژیانێکی لەو شێوەیە لە ئێستادا مومکین نیە” و، بۆ ئەوەی نەیانخەینە لێکدژیەکی لەم شێوەیە، لەبەرچاوگرتنی هەلومەرج و بارودۆخی ژیانی ئەمڕۆمان، گرنگیەکی حەتمی هەیە.

پێویستە مرۆڤەکان وەهایان لێبکرێت کە باوەڕیان بە ژیاندنەوەی ژیانی هاوەڵان هەبێت.

بۆ ئەمە مەبەستەش پێویستمان بە زانینی پلانی پشتەوە و فەلسەفەی سەرەکی  ژیانی سەردارمان و هاوەڵان، ژیانیان، دەبێت.

بە داخەوە هەتا ئێستا، وەک پێویست لەسەر فەلسەفەی ژیانی پێغەمبەر نەوەستاوین.

 

وەک چۆن حەزرەتی پیر لە بابەتی تەفسیر و ڕاڤەکردنی قورئانی کەریمدا، ئاماژە بە پێویستی ئەقڵی دەستە جەمعی دەکات،  پێشکەش کردنی ژیانی جوانی سەردارمان بە فەلسەفە و قوڵایی تایبەت بە خۆیەوە، بە شێوەیەک مرۆڤەکانی ئەمڕۆ بتوانن سوودی لێ ببینن و وەک ژیانێک بێتە پێش چاویان کە دارای ژیاندنەوەی هەبێت، پێویستمان بە هەمان ئەقڵی دەستە جەمعی دەبێت.

 

” هاوەڵان وەک نوێنەرانی بەستنەوەی ژیان بە ژیاندنی ئەوانی ترەوە”

 

باوکم عاشقی دوو شت بوو، عوسمانیەکان و هاوەڵانی سەردارمان. کاتێک لەلای ئەو ناوی هاوەڵانیان دەهێنا، چاوەکانی پڕ لە فرمێسک دەبوون و سەری دەسوڕما. هەربۆیە ژیانی منداڵی من بریتی بوو لە خوێندنەوەی ئەو کتێبانەی بە ڕێنوسی سەردەمی عوسمانیەکان نوسرابوون، کە باسی ژیانی هاوەڵانیان دەکرد. ئەگەرچی تەمەنی من ٧ تا ٨ ساڵانێک دەبوو، بەڵام ژیانی ئەوان لە قوڵایی ناخمەوە کاریگەری لەسەر دانابووم. ئیدی  وەک ئەوەی لەگەڵ ئەوان هەستابێتم و  دانیشتبێتم، کاریگەری لەسەر دانابووم، لەگەڵ زیاد بوونی تەمەنیشمدا، لەلایەکەوە حەیرانی من بەرامبەر ئەوان ڕووی لە زیاد بوون دەکرد و، لەلایەکی ترەوە هەمیشە چاوم لەسەر کەسانێک بوو، کە لەو سەردەمەی خۆمدا نوێنەرایەتی ژیانی ئەوان بکات. بەردەوام بە خۆمم دەوت” تۆ بڵێیت لەم سەردەمەدا کەسانێک هەبن کە نوێنەرایەتی ژیانی ئەوان بکەن؟”.

لە کۆتایدا، دوای ئەوەی لە حوجرە دەستم بە خوێندن کرد و یەکێک لە خوێندکارەکانی بەدیعوزەمان هاتە لامان، ئەوەی بە دوایدا دەگەڕام دۆزیمەوە!

حەزرەتی پیر، یەکێک لە خوێندکارەکانی خۆی بە ناوی موزەفەر ئاسڵانی بۆ ڕێنمویی ئەو شوێنەی ئێمە ناردبوو.

ئیدی هەموو هەستان و دانیشتنێکی ئەم زاتە، جلوبەرگ و هەڵسوکەوت و ڕەفتاری، زۆر کاریگەری لەسەر من دانابوو.

 

ئیدی بە خۆمم وت” کەواتە ژیانی هاوەڵان تەنیا لە نێو لاپەڕەی کتێبەکاندا نیە و، لەم سەردەمەشدا کەسانێک بوونیان هەیە کە نوێنەری ئەوان بن”.

لە ڕاستیدا ئەویش مرۆڤێکی سینە پڕ و چاو بە فرمێسک، بە تەواوی مرۆڤی عەشق و هەیەجان بوو. ئیدی لەو سەردەمەی لە ئێرزروم بوونی هەبوو، هیچ کام لە وتارەکانی ئەوم نەدەفەوتاند.

 

بەڵێ، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا لە پاڵ باسکردنی ژیانی هاوەڵان بۆ نەوەکانی ئەمڕۆ، بێگومان پێویست بە پشاندانی کەسانێکیش دەبێت  کە لە ژیانیاندا هاوشێوەی هاوەڵان بژین.

هەتا لە ڕێگەی ئەمەوە لەوە تێبگەن، کە ژیانی هاوەڵان لە سەردەمێکی دیاریکراوی مێژوودا قەتیس نەبووە و، کەسانێکی فیداکار و خەمخۆری کەسانی تر لە سەردەمی ئێستاشدا هەیە، کە بە هەمان شێوە خزمەتی دینەکەیان دەکەن.

گەر کۆمەڵێک مرۆڤی لەم شێوەیە کە نوێنەری ڕۆحی هاوەڵان بن، خۆیان پشانی نەوەی نوێ بدەن و، ئیلهامی ناو دڵیان بەسەر نەوەی نوێدا هەڵبڕێژن، بە پشتیوانی و کۆمەکی خودا، نەوەیەکی نوێی  چەشنی هاوەڵان دروست دەبێت.

هەربۆیە بە ناوەی ئەوەی نەوەیەکی لەم شێوەیە پێبگات، پێویست بە مرۆڤگەلێکی فیداکارە کە ژیانیان لە پێناو ژیاندنی کەسانی تردا تەرخان کردبێت.

ئەم کەسانەش دەبێت بە شێوەیەک فیداکار بن کە بڵێن ” گەر ژیانی من لە پێناوی ژیاندنی کەسانی تردا نەبێت، کەواتە ژیانم واتایەکی نیە” و بەم ڕێژەیە خۆیان بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی تەرخان کردبێت.

پێویستە ئەوان بە ناوی ئەوەی، کەسانێکی تر چەکەرە بکەن و باڵا بگرن، ببنە ئاو و بڕژێنە ژێریان، ببنە خاک و بە پیت و هێزی مەعنەوییان ئەوان لەسەر شانەکانیان هەڵبگرن، ببنە خۆر و سەرتابەخوار بەواندا بڕژێن.

بە کورتی پێویستە تەواوی ژیانیان بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی تەرخان بکەن.

خۆ گەر بەم شێوە ڕاستگۆیانە، فیداکاریەکی لەم شێوەیە پشان بدرێت، پێگەشتنی نەوەیەکی عاشق بە سەردار و هاوەڵانیشمان مومکین دەبێت.

 

 

 

 

 

 

 

85 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە