گۆشەی م.فتحوڵڵا گولەن

لە دوای ڕیباکۆڤی ڕۆژهەڵاتناس و ڕووناکبیری ڕووسی…

 

ڕۆستیسلاڤ ڕیباکۆڤ، شارەزای توێژینەوەکان سەبارەت بە ڕۆژهەڵات و بە ناوبانگ لەسەر ئاستی ئاستی جیهان و یەکێک لە زانا گرنگەکانی ئەکادیمیای زانستەکانی ڕووسیا کۆچی دوایی کرد.

ڕیباکۆڤ لە مانگی ئابی ڕابردوودا و لە تەمەنی ٨١ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. ڕیباکۆڤ لە نێوان ساڵی ١٩٩٤ بۆ ٢٠٠٩ وەک بەڕێوەبەری ئینستیوتی توێژینەوەکان سەبارەت بە ڕۆژهەڵات لە ئەکادیمیای زانستەکانی ڕووسیا کاری کردووە. چەندین توێژینەوەی ئەکادیمی لەسەر وڵاتانی ڕۆژهەڵات وەک هندستان، پاکستان، و بەنگلادیش هەیە و لە دوای خۆی دەیان کتێب و سەدان وتار و توێژینەوەی بە نرخی بۆ دونیای زانست بەجێهێشتووە. چەندین توێژینەوەی وردی سەبارەت بە کێشە مێژووییەکان و کاریگەری کەلتورەکان و گرنگی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی ئەنجام داوە.

ڕیباکۆڤ لە ساڵی ١٩٦٦ ەوە توێژینەوەکانی لەسەر کەلتوری ڕۆژهەڵات و بە تایبەت لەسەر هندستان چر کردووەتەوە و بە وردی لێکۆڵینەوەی لە بزووتنەوەکەی غاندی کردووە، وە لە نزیکەوە چاودێری پێشهاتە کۆمەڵایەتییەکانی تورکیای کردووە و چەندین کاری هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی تورکیادا ئەنجامداوە. لەو کاتانەی (دامەزراوەی ڕۆژنامەنووسان و نووسەران) لە شاری ئەستەمبوڵ بەردەوامبوون لە کار و چالاکییەکانی، ڕیباکۆڤ چەندین جار بە ناوی تورکیاوە لە چالاکییەکاندا بەشدار بووە. بە وتەکانی کە دەیوت “لە سایەی چالاکییەکانی دامەزراوەی ڕۆژنامەنووسان و نووسەراندا دەستەواژەی دیالۆگ بووە بە کلیلێک بۆ چارەسەر کردنی هەموو کێشەکان. مرۆڤەکان لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا دەستیان کردووە بەوەی لە ڕێگەی دیالۆگەوە کێشەکانیان چارەسەر بکەن”، جەختی لەسەر گرنگی دیالۆگ دەکردەوە لە چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکانی ئەم ڕۆژگارەماندا.

“زۆر بە ئومێدم سەبارەت بە داهاتوو”

ڕیباکۆڤی ڕۆژهەڵاتناسی بەناوبانگ لە بەهاری ساڵی ٢٠١٥ چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی جیهان ئەنجامدا و وتی “ئەگەر ئێمە وەک تاک و کۆمەڵگا و حکومەت کێشەکانمان بەردەوام بێت و ئێمە چیتر نەتوانین کێشەکان چارەسەر بکەین، ئەوکات تەنها یەک شت هەیە ئەنجام بدرێت؛ سەرلەنوێ بیرکردنەوە، سەرلەنوێ فێربوون، گەڕان بە دوای ڕێگەی نوێدا… بەڵام هەرگیز تەسلیم نەبوون بۆ کیشەکان… کاتێک بیر دەکەینەوە دەبێت گەورە بیر بکەینەوە، لە ئاسۆیەکی گشتگیردا بیر لە خۆجێی و جیهانییەکان بکەینەوە… لە کاتی بیرکردنەوەشدا پێویستە لە خەیاڵدا ڕۆنەچین بیر لەو شتانە بکەینەوە کە دەکرێت مرۆڤ پێیان بگات… هەموو ئەوانە لە ناو ئەوانەوە دەردەکەون کە بە شوێنیدا دەگەڕێن. بۆ ئەو کەسانەش کە ناگەڕێن بە داخەوە هیچ ڕستەیەکی ئەرێنی نییە کە بوترێت…”

ڕیباکۆڤ لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە لێکچوون لە نێوان ماهاتما غاندی سەرکردەی ئەفسانەیی هندستان و مامۆستا فەتحوڵا گولەن لە چارەسەرکردنی کێشە هەرە گەورەکانی جیهان بە بێ کوشتن و خوێن ڕشتن و بڵاوکردنەوەی ڕق و کینە، و وتی “غاندی ڕابەرایەتی چەندین سوپای دەکرد کە لە ملیۆنان کەس پێکهاتبوون. ئەوانە سوپای ئاشتی و دژی خوێنڕشتن بوون. بەڵام گولەن لە مەودایەکی دیکەدا وەستاوە. ئەوانە پەروەردەخوازن. دەیانەوێت نەوەیەکی نوێ پێ بگەیەنن. لە ئەڵمانیا، لە ژاپۆن، لە هندستان، لە بولگاریا و لە هەموو وڵاتە جیاوازەکانی جیهان. پێداگرنین لەسەر ئەوەی دەمارگیری بۆ تورکیا هەبێت. خاوەنی کەلتورێکن کە دەتوانن لەگەڵ مرۆڤەکان لە میللەتانی دیکە و ئایینەکانی دیکەدا بژین. دەتوانن باشی و خراپی لە یەک جیابکەنەوە. دزی ناکەن و کەس ناکوژن و شەڕ ناکەن. لە سەدەی بیست و یەکدا مۆدێلێکی نوێی مرۆڤ دێتە ئاراوە.”

فەتحوڵا گولەن باخەوانێکە

ڕیباکۆڤ دەربارەی مامۆستا فەتحوڵا گولەن دەڵێت “لانی کەم هێندەی غاندی پێشەوایە بۆ خەڵکی” و بەم شێوەیە بەراوردی نێوان گولەن و غاندی دەکات:

“گولەن باخەوانێکە کە مرۆڤێکی نوێ و کەلتورێکی نوێ پێدەگەیەنێت. لە کاتێکدا سەرکردەکانی دیکە بە ماهاتما غاندیشەوە هەوڵیانداوە لە ڕێگەی شۆڕشەوە گۆڕانکاری ئەنجام بدەن. زیاتر ئەو کارەشیان لە ڕێگەی مانگرتن، خۆپیشاندان، کۆبوونەوەی جەماوەری، و شەڕ و پێکدادان و ئەو جۆرە ڕێگایانەوە ئەنجام داوە. بەڵام گولەن لە ڕێگەیەکی زۆر جیاوازەوە گۆڕانکاری دەکات. لە ڕێگەی پەروەردەوە بە هێواشی و بە ئارامگرییەکی زۆرەوە خزمەت بە مرۆڤایەتی دەکات. تۆوی چاکە دەچێنێت و چاوەڕێی پێگەیشتنی دەکات. تەنانەت ئەو کارە بە جۆرێکە کە هەندێک جار پێگەیشتنی میوە و بەروبوومەکەشی نابینیت. بەڵام هەندێک جاری دیکە گوڵەکان پێدەگەن و هەمووان سوودی لێ وەردەگرن. باخەوان خۆی قسە ناکات بەڵکو باخی گوڵەکانی بە ناوی ئەوەوە قسە دەکەن…”

“فەتحوڵا گولەن باخەوانێکە. من زۆر سەرسام بووم بە سیما و ڕووخساری ئەو کەسانەی لەو باخچەیەدا پێگەیشتن. ئەوان کاندیدن بۆ ئەوەی بە تێگەیشتنییان بۆ دیالۆگ و پەروەردە و یەکتر قبوڵ کردن ببنە دەرمانێک بۆ ئەم دونیا پڕ لە قەیرانەی تێیدا دەژین. زۆر بە ئومێدم سەبارەت بە داهاتوو. ئەگەر منیش ئەو ڕۆژانە نەبینم ئەوا نەوەی داهاتوو ئەو ڕۆژە جوانانە دەبینن. بزاڤی خزمەت ئەو ڕێگەیە دەکاتەوە.”

“گولەن نەوەیەکی مۆدێرنی پێگەیاندووە کە بە سیمایەکی پاک و بێگەردەوە پڕن لە بەها باڵاکان و دەیانەوێت خزمەت بە مرۆڤایەتی بکەن. من تەماشای ئەو پەیوەندییە ناکەم کە گولەن لەگەڵ قورئان و ئایینی ئیسلامدا هەیەتی. من لە هەموو شت زیاتر گرنگی بەو کەسانە دەدەم کە لە دوای ئەوەوە دەڕۆن. پێویستە نەوەیەکی نوێ پێبگەیەندرێت بۆ ئەوەی بتوانرێت لە ئاشتیدا بژین. پەروەردەکردنی مرۆڤ و فێرکردنی ئەوەی کە چۆن فێر ببێت. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا بە ئاسانی دەتوانرێت لە ڕێگەی کۆمپیوتەر و ئینتەرنێتەوە زانیاری بەدەست بهێندرێت، بەڵام پیشاندانی باشی و خراپی و پارێزگاری کردن لە بەها باڵاکان کارێکی ئاسان نییە. گولەن کارێکی جێبەجێ کرد کە بە مێشکی ئێمەدا نەدەهات. مرۆڤی مۆدێرن پیدەگەیەندرێت. ئەوە دەبێتە ڕووناکییەک بۆ ئەم جیهانە کە بەدەست شەڕ و پێکدادانەکانەوە ماندوو بووە…”

“بە درێژایی مێژوو هەموو کاتێک کەسە باشەکان ڕووبەڕووی ناڕەحەتی زۆر بوونەتەوە و هەموو کاتێک کەسانێک دەیانەوێت ئەو ڕووناکییانە بکوژێننەوە کە لە نێو تاریکیدا هەڵکراون. ئەو هێرشانەش کە دەکرێنە سەر گولەن درێژەی ئەو هەوڵانەیە. ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن کە گولەن هەوڵی داوە دەسەڵات بەدەست بهێنێت جێی گاڵتەجاڕییە. بە ڕای من ئەو دەنگۆیانە پێناسەی ئەو کەسانەی دەکات کە دژی ئەو قسە دەکەن نەک خودی گولەن. بەردەوام میراتگرانی غاندی بوونەتە جێی ئومێد بۆ هەموو جیهان. ڕەنگە نەبوونی گولەن بە کەسێکی سیاسەتمەدار ئەو جیابکاتەوە لە کەسانی دیکە. لەو دونیایەی گولەن لە خەیاڵیدایە و لە فەلەسەفەی ئەودا و لە ناو ئەو مرۆڤانەی ئەو پێیان دەگەیەنێت هیچ شوێنێک بۆ شەڕ نییە. لە گولەندا هەوڵی دەستبەسەردا گرتن نییە، بەڵکو هەوڵدان بۆ درووستکردنی پردی پەیوەندی بوونی هەیە.”

ڕیباکۆڤ زۆر بە توندی ناڕەزایی دەربڕی لە بەرامبەر تۆمەتبار کردنی مامۆستا فەتحوڵا گولەن بە دۆسییەی تیرۆر و وتی “گولەن یەکەم کەس بوو کە لە نێو موسوڵمانان ناڕەزایی دەربڕی لە دژی هێرشە تیرۆریستییەکان. گولەن پەیامبەری ئاشتییە. ئەو بەردەوام وتوویەتی ‘ناکرێت موسوڵمان تیرۆریست بێت و ناکرێت تیرۆریست موسوڵمان بێت’. کەسانێک دەیانەوێت ئەو تۆمەتبار بکەن و تۆمەتباری دەکەن. ئاخۆ دەکرێت خراپترین تۆمەت کە بتوانرێت ئاراستەی ئەو بکرێت چ تۆمەتێکە؟ تیرۆر. ئاخۆ دەکرێت بە چی دیکە تۆمەتباری بکەن؟ ئاخۆ دەتوانن بڵێن ئەو قومار دەکات؟ لەبەر ئەوەی کە تیرۆر دۆسییەیەکی جدییە ئەوەیان هەڵبژارد بۆ تۆمەتبار کردنی. تۆمەتبارکردنی کەسێکی کاریگەری وەک گولەن بە بێ هەبوونی هیچ بەڵگەیەک تەنها بۆ ئەوەیە کە ئەو لەکەدار بکەن. ئەو جۆرە تۆمەتانە ناتوانیت پێچەوانەکەی بسەلمێنیت، چون دەتوانیت پێچەوانەی شتێک بسەلمێنیت کە خۆی لە بنەڕەتدا نەبێت؟ ئەوان نیشانەیەکی پرسیار درووست دەکەن و لێدەگەڕێن. ئیتر کۆمەڵگا لەو ڕوانگەیەوە تەماشا دەکات.”

http://www.samanyoluhaber.com/orientalist-rus-aydin-ribakov-un-ardindan-haberi/1334140/

33 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە