بیروڕا

خۆڕاگری ئیماندارانە لە بەرامبەر بوختاندا

بەخامەی: ڕەشید هایلاماز

 

هەلمورجەکان هەرچۆنێک بێت پێویستە هەڵوێستی ئیماندار بەردەوام هەڵوێستێکی ئیماندارانە بێت. بێ هیچ گومانێک لە بەرامبەر درۆ و بوختانەکانیشدا.

قورئانی پیرۆز لە بەرامبەر ئەو نامەردانەی بوختانیان بۆ دایکی موسوڵمانان هەڵبەست و بێ شەرمانە ئەو بوختانەیان بڵاوکردەوە، دەفەرموێت: “ئەی ئیمانداران! کاتێک ئەو بوختانە دەبیستن، پێویست نەبوو ئێوە وەک پیاوان و ژنانی ئیماندار گومانی باش بە یەکدی بەرن و بڵێن ‘حاشا! ئەوە جگە لە بوختانێکی ڕوون و ئاشکرا هیچ شتێکی دیکە نییە؟'” ، لە حاڵەتی هاوشێوەدا پێوستە مرۆڤی ئیماندار بە شێوەیەکی جیاواز لە بابەتە بڕوانێت.

بێگومان، لەو ڕۆژەدا کۆمەڵێک ئیمانداری زۆر هەبوو کە ئەو جۆرە هەڵوێستەیان هەبوو.

لە دوای ئەو ڕووداوە ناخۆشە کە یەک مانگی ڕەمەزانی لێ تاڵ کرد، پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) پرسیاری لە هەندێک لە هاوەڵەکانی کرد سەبارەت بەوەی ئەوان بیر لە چی دەکەنەوە و دەشیویست لە چاوی ئەوانەوە تەماشای بارودۆخەکە بکات.

حەزرەتی ئوسامە کە یەکێک بوو لە هاوەڵە خۆشەویستەکانی پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) وتی “ئەی پێغەمبەری خودا (دروودی خوای لەسەر بێت) عائیشە ئەهلی تۆیە و ئێمەش تا ئێستا جگە لە خێر هیچ شتێکی دیکەمان لێ نەبیستووە، بە دڵنیاییەوە ئەوانە هەمووی درۆ و بوختانی هەڵبەستراون!”

حەزرەتی بەریرەش هەڵوێستی لەو بارەیەوە ڕوون بوو:

  • سوێند بەو خودایەی تۆی ڕەوانە کردووە من جگە لە خێر هیچ شتێکی دیکە لە بارەی ئەوەوە نازانم؛ تا ئێستا هێندەی گەردیلەیەک شتی خراپم سەبارەت بەو نەبینەوە کە ببێتە هۆی لەکەدارکردنی ئەو. تەنها شتێک دەیزانم ئەوەیە کە ڕۆژێکیان هەندێک هەویرم لە لای دانابوو بۆ ئەوەی پارێزگاری لێ بکات، لای خۆی داینابوو بەڵام لەو کاتەی خەوی لێ کەوتبوو مەڕێک خواردبووی! سوێند بە خودا عائیشە وەک پوختەترین ئاڵتون پاک و بێگەردە!”

دواتر دایکمان حەزرەتی زەینەب بنت جەحش وتی:

  • ئەی پێغەمبەری خودا (دروودی خوای لەسەر بێت) من دەمەوێت گوێیەکانم بپارێزم لە بەرامبەر شتێک کە نەمبینبێت و نەمبیستبێت! هەتا ئیستا من جگە لە خێر هیچ شتێکی دیکە دەربارەی عائیشە نازانم!”

لەو ڕۆژەدا حەزرەتی عومەریش هەڵوێستێکی بە گوێرەی خۆی هەبوو، و وتی:

  • ئەی پێغەمبەری خودا (دروودی خوای لەسەر بێت) حاشا ئەمە درۆ و بوختانێکی زۆر گەورەیە. بە دڵنیاییەوە دەزانم کە ئەمە یەکێکە لە درۆکانی دووڕووەکان. ئێمە دەزانین کە خودای گەورە تەنانەت ئێوە لە پێوەدانی مێشیش دەپارێزێت، جا ئەو خودایەی ئێوە لە پیسی مێشێک بپارێزێت ئایا خانەوادەکەتان لە پیسییەکی لەو شێوەیە ناپارێزێت؟”

حەزرەتی عەلیش هەمان هەڵوێستی هەبوو و وتی:

  • جارێکیان تۆ لەو کاتەی پێشنوێژیت بۆ ئێمە دەکرد لە ناو نوێژەکەدا پێڵاوەکانت داکەند. ئێمەش کاتێک ئەوەمان لە تۆ بینی ئێمە پێڵاوەکانمان داکەند. دوای تەواوبوونی نوێژ هۆکاری ئەوەمان لێ پرسیت و تۆش فەرمووت لە کاتی نوێژدا جوبرەئیل هەواڵی پێدام کە پیسییەک بە پێڵاوەکانمەوە هەیە و لەبەر ئەوە منیش پێڵاوەکانم داکەند. ئەو خودایەی تۆی لە پیسییەکی بچووک بە پێڵاوەکانتەوە ئاگادار کردووەتەوە، ئەگەر شتێک هەبێت بە دڵنیاییەوە ئاگادارت دەکاتەوە و بێ هیچ گومانێک ئەوکات جوبرەئیل دەهات و هەواڵی لەو بارەیەوە پێ دەدایت.

وە نمونەیەکی دیکە لەو بارەیەوە لە گفتوگۆی نێوان خێزانێکدا:

ئەبو ئەیووبی ئەنساری ڕۆشتەوە بۆ ماڵەوە و خێزانەکەی لێی پرسی:

  • ئایا تۆش ئەو شتانەت بیستووە کە دەربارەی عائیشە دەوترێت؟

  • بیستوومە بەڵام ئەوانە هەمووی درۆیە! هەم من شتێکی دیکە بە تۆ بڵێم ئەی دایکی ئەیووب! لە بەر خاتری خودا پێم بڵێ ئایا تۆ شتێکی لەو شێوەیە دەکەیت؟

  • سوێند بە خودا هەرگیز شتێکی لەو شێوەیە ناکەم!

  • لەبیرت نەچێت کە عائیشە کەسێکی لە تۆ باشترە!

  • ڕاستە: ئەگەر من لە شوێنی عائیشە بوومایە هەرگیز خیانەتم لە پێغەمبەری خودا (دروودی خوای لەسەر بێت) نەدەکرد؛ ئەمە لە کاتێکدا کە عائیشە لە من باشتر داوێنپاکترە!

ئەو کۆمەڵەی وانەیان لە قورئانی پیرۆز وەردەگرت و خۆیان بە خوێندکاری پێغەمبەری خودا (دروودی خوای لەسەر بێت) دادەنا هەڵوێستیان بەو جۆرە بوو.

 

ئەی ئەمڕۆ؟

بارودۆخمان ناخهەژێنە.

ئەوە لە کاتێکدا کە خودای گەورە فەرموویەتی “ئەگەر ئێوە ئیماندارن خودای گەورە فەرمانتان پێدەکات کە خۆتان لە دووبارەبوونەوەی شتێکی لەو جۆرە بپارێزن”.

باشە ئەو کەسانەی خۆیان داوەتە بەر ئەو شەپۆلە گوێیان لە کێ گرتووە وا خۆیان لە گێژاوی ئەو بوختان و درۆیانەدا ون کردووە.

وەک لە قورئانی پیرۆزدا ئاماژەی بۆ کراوە “بە بێ ئەوەی هیچ زانیارییەکیان دەربارەی ڕاستی بابەتەکە هەبێت هەمان وتەکانیان دووبارە کردەوە!”

لەگەڵ ئەوەشدا “ئەو کارەیان بە شتێکی بچووک دانا کە لە لای خودای گەورە زۆر گەورەیە، و وایانزانی شتێکی بێ نرخە.”

هەم لە بەرامبەر ئەو گێژەڵووکەیەی ڕووی لەو کەسانە کرد کە جگە لە بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خودای گەورە هیچ ئامانجێکی دیکەیان نییە، چەند موسوڵمان توانییان بڵێن “ئێمە ناتوانین بوختانی لەو شێوەیە بهێنینە سەر زوبانمان، شتانێکی لەو شێوەیە لە ئێمە ناوەشێتەوە. حاشا! ئەو بوختانێکی زۆر گەورە و زۆر ناشرینە.”

شتێک کە نەبووبێت ناکرێت بەڵگەی هەبێت تا بتوانیت شاهێد بهێنیت! ئەگەر هێندەی یەک گەردیلە بەڵگە هەبووایە زەوی و ئاسمانییان دەهەژاند و قەناعەتییان بە هەموو جیهان دەکرد لەو بارەیەوە.

تەواو بە پێچەوانەوە، ئەو شتانەی ئەوان وەک بەڵگەنامە ئامادەیان کردووە بووەتە ئەستۆپاکییەک بۆ هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت.

“بە گوێرەی ئەوەی شاهێدیان نەهێناوە، لە لای خودا درۆزنەکان وەک خۆیان تۆمار دەکرێن”

ئەوانەی لە مێژووی دوێنێدا بە شوێن “درۆ” دا ڕایاندەکرد، لەو قۆناغەی تێیدا دەژیان لە بەرامبەر درۆ و بوختانەکانیان دیار نەمان، هەڵوێستێکیان پیشاندا کە لەبیر بچێتەوە.

بێ هیچ گومانێک ئەگەر گوێیان لە قورئانی پیرۆز و پێغەمبەری خودا (دروودی خوای لەسەر بێت) و هاوەڵە بەڕێزەکان بگرتایە، بەو شێوەیە تووشی سەرلێشێوان نەدەبوون، و ئەو گومڕاییە مێژووییە دووبارە نەدەبووەوە.

مێژوو شاهێدە کە دیسان دووبارەیان کردەوە!

هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە ئەو کاتەی بارودۆخەکە هێور دەبێتەوە کەسانێک وەک “درۆزنی ڕاستەقینە” لە مێژوودا تۆمار دەکرێن!

با دیسان بچینەوە خزمەت قورئانی پیرۆز کە دەفەرموێت:

“ئێوە وا مەزانن کە ئەو بوختانە شتێکی خراپە سەبارەت بە ئێوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەوە دەبێت بە مایەی خێر بۆ ئێوە!”

 

https://www.tr724.com/iftira-karsisinda-mumince-durus/

28 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە