بیروڕاگۆشەی م.فتحوڵڵا گولەنهەواڵ

دەستکەوتەکانی ئیمان و هیوا!

گۆزەی شکاو

 

پرسیار:  هەندێکی ڕووداوی دڵتەزێن و بێ ئینسافی چەند ساڵی ڕابردوو، بووەتە هۆی ئەوەی دڵانی ئیماندار بە ڕەشبینی و بێ هیواییەوە سەیری داهاتوو بکەن، بیروڕای ئێوە سەبارەت بە داهاتوو چیە؟

وەڵام: لەبەر ئەوەی داهاتوو تەنیا لەلایەن الله وە دەزانرێت، لەم بابەتەدا باسکردن لە هەر پێشبینیەک، پێویستە وەک گوزارشت لە هەستی شەخسی و قەناعەتی خودی تەماشای بکرێت.

ئەگەرنا کەسی ئیماندار، کاری بەسەر بانگەشەکردن و کەهانەتەوە نیە. هەربۆیە گەر ئێمە لە چەند ڕووداوێکی مێژوویی و ڕووداوەکانی ئەمڕۆوە بکەوینە ڕێ و سەبارەت بە داهاتوو چەند پێشبینیەک بکەین، ئەوا ئەمانە هیچ کاتێک زانیاریگەلێکی قەتعی و بابەتیانە نیە.

پێش هەموو شتێک، لە بیرنەکردنی ئەم تایبەتمەندیە لەم بابەتەدا سوودی دەبێت.

پاش ئەم وەبیرهێنانەوە کورتە، دەبێت ئەوە بڵێم کە من هیچ کاتێک بە ڕەشبینیەوە لە داهاتووی تورکیا و خزمەتم نەڕوانیوە. لەو سەردەمەی کە تەنیا ٤ تا٥ کەسیشم لەگەڵدا بوو، هەمیشە ئەم هیوایەم بە زیندوویی هێشتۆتەوە. دەشێت هەندێک جار تەنگژە و بێسەروبەرەیی ڕووبدات. دەشێت ئیماندارانی ڕاستەقینە، توشی مامەڵەی زاڵمانەی هەندێک لە زۆرداران ببن. دەشێت لە ژێر زنجیری تایەی زوڵم و زۆردا بپلیشێنەوە. بەڵام گەر وەک عاکیف دەڵێت، ئیمانتان بە الله هێنابێت و باوەشتان بە هەوڵ و کۆششدا کردبێت و وابەستەی دانست و حیکمەت بوو بێتن، ئەوا پێویست ناکات نیگەرانی ڕووتان تێبکات و بکەونە ناو بێ هیواییەوە.

 

چونکە گەر ئێوە بکەونە ناو نیگەرانی، دەست بکەن بەوەی بترسن و هیواکانتان لە دەست بدەن، ئەمە وا لەو کەسانەش دەکات کە لەگەڵ ئێوەدا ملی ڕێگەیان گرتووە، بشڵەژێن و هزریان بکەوێتە ناو پەرتەوازەیی و ڕوو لە گومان و  دوودڵی بکەن.

 

دواتر خلیسکان و هەڵوەرینیش ڕوو دەدات.

ئەو تایبەتمەندیەی بە نیسبەت کەسی ئیماندارەوە گرنگە، بریتیە لەوەی ئەو ڕێگایەی گرتوویەتە بەر و ئەو ئامانجەی بەرەو ڕووی دەڕوات، ڕاست و دروست بێت.

گەر ئێوەش هەوڵی ئەوە بدەن کە زاتی ئولوهیەت بە شێوەیەکی ڕاست و دروست بە هەموو دونیا بگەیەنن، لە ڕێگەی پەروەردە و لێبوردەییەوە هەوڵی فەراهەمکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە هەموو دونیادا بدەن و، تەواوی ئەو خزمەتانەشی ئەنجامی دەدەن، بە ڕەزامەندی الله وە بیبەستنەوە، ئەوا ئێوە لەسەر ڕێگای ڕاستن. ئەمەش مرۆڤ دەباتە بەهەشت و ڕێگایەکە دەیگەیەنێت بە پلەکانی لێ ڕازیبوون و ڕەزامەندی(رضا) و (رضوان) خودا. ئیدی دوای ئەمانە چی ڕوودەدەن، شتانێکن کەوا پێویست ناکات خۆتانی پێوە خەریک بکەن.

چونکە گەر ئێوە هەر لە سەرەتاوە بەم نیەت و مەبەستەوە هەوڵی کۆششی خۆتان دەست پێکردبێت، واتای ئەوەیە ئێوە براوەن.

جگە لەمانە، بابەتی ئەوەی ئەم ئامانجە میسالیەی ئێوە بێتە دی و، ئەو خزمەتانەی ئەنجامی دەدەن بەری میوەی خۆیان بدەن، کارێکە کەوا پەیوەندی بە جەنابی حەقەوە هەیە.

هەندێک جار خودای گەورە، ئیحسانی گەورە بە نسیبی ئەو هەوڵ و کۆششانە دەکات کە لە پێناو بەرزکردنەوەی وشەی الله دەدرێن. هەندێک جاریش بە هۆی هەندێک حیکمەتەوە کە ئێمە نایزانین، ئەو خزمەتانەی ئەنجامی دەدەین، ناگەن بەو شوێنەی کە ئێمە ئارەزوی دەکەین.

لە حاڵی یەکەمدا، بابەتی ئەوەی کەسانی ئیماندار ئەو سەرکەوتنانەی بەدەستیان هێناوە، بە هی خۆیان بزانن و خۆیان بکەن بە خاوەنی، چەندە کارێکی هەڵە بێت؛ لە حاڵی دووهەمیشدا گەر کەوتنە ناو ڕەشبینی و بێ هیواییەوە، بە هەمان شێوە کارێکی هەڵەیە.

چونکە ئەوەی لەسەر شانی ئێمەیە، بریتیە لەوەی لە بابەتی بەدیهێنانی ئەو ئامانجە میسالیەی شوێنی کەوتووین، ڕەچاوی گرتنەبەری ئامراز و هۆکارەکان بکەین. بەدیهێنانی سەرئەنجامەکانیش، کارێکی تایبەتە بە الله؛ نە کەسی تر.

لەلایەکی ترەوە بێ هیوایی، وەک حەزرەتی پیریش(بەدیعوزەمان) ئاماژەی پێداوە، لەمپەرێکی گەورەیە لەبەردەم گەشتن بە ئاماجە گەورەکان.

مەهمەت عاکیفیش سەبارەت بە گەورەیی بەڵای نائومێدی وتوویەتی:

نائومێدی زەلکاوێکی وەهایە گەر تێیکەوتیت دەخنکێیت

هەمیشە باوەش بە هیواکانتدا بکە هەرچی دەبێت با ببێت

ئەوەی ژیا، هەر بە عەزم و هیواوە ژیاوە

کەسی بێ هیوا، ویژدان و ڕۆحیشی دەبەستێت”.

 

 ڕەشبینینی داهاتوو، هەر بە ڕاستی داهاتووشمان ڕەش دەکات و ئەو ڕێگایانەمان لێدەگرێت کە بەرەو کامڵێتی دەچن.

 

بەڵێ، لە ڕێگەی مژدەی زۆر ئایەت و حەدیسەوە باوەڕمان بەوە هەیە کە داهاتوو ڕۆشن دەبێت. ئەو بەڵا و موسیبەتانەی دێشنە سەر ڕێگامان، کۆمەڵێک ڕەشەبا و گێژەڵوکەی کاتین، کە دەمانگەیەنن بەو داهاتووە ڕۆشنە.

لەم ڕوانگەیەشەوە گەر یەئجوج و مەئجوج سەر زەوی داگیر بکەن، هەموو شتێک تارومار و خاپور بکەن، هیچ شتێک بەجێنەهێڵن کە نەیشکێنن و نەیڕوخێنن، بە پشتیوانی خودا باوەڕمان بەوە هەیە و دەبێت باوەڕیشمان بەوە هەبێت، کە لە داهاتوودا نۆژەنیان دەکەینەوە و چاکسازیان تێدا ئەنجام دەدەین.

بۆ ئەوەی بە پێوە بوەستین و، بەردەوام بین لە ڕۆشتنی سەر ڕێگاکەمان و بەم شێوەیە ڕەزامەندی الله بەدەستبهێنین، بوونی ئیمان و هیوایەکی لەم شێوەیە، سەرچاوەیەکی گرنگی هێزی ئێمەیە.

 

یەکێک لە هاوەڵان، کاتێک موسوڵمان بوونی ئەبو سوفیان دەبینێت لە کاتی فەتحی مەککەدا، ساتێک بیر لە سەرەتای کارەکە دەکاتەوە، واتە ئەو ساتەی پێغەمبەر لەگەڵ ژن و منداڵێک و کۆیلەیەک دەست بە بانگەوازەکەی دەکات، پاشان کاتێک بیر لەو خاڵە ناوازە و قەشەنگەی کۆتایی دەکات کە ئیسلامی پێگەشتووە، خۆی پێناگیرێت و گوزارشت لە سەرسوڕمانی خۆی دەکات.

هەر بە ڕاستیش پێغەمبەری خودا و ژمارەیەکی زۆر لە هاوەڵانی لاواز و هەژار، لە ماوەیەکی زۆر کەمدا سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێنا.

گومانیش لەوەدا نیە ئەوەی لە پشت ئەم سەرکەوتنەوە بوو – واتە لە ڕوانگەی هۆکارەکانەوە – گرنگترین دینامیکەکانی  پشت لە ئیمان، هیوا و عەزم و خۆڕاگری پێکهاتبوو.

ئەوان لەو ڕێگایەی بەسەریدا دەڕۆشتن، زۆر بە تەواوی باوەڕیان پێی هێنابوو، لە بەرامبەر ئەو بەڵا و موسیبەتانەی توشیان دەبوو، هیچ کاتێک توشی بێ هیوایی نەبوون و بێ وچان وەرگرتن، بەردەوام بوون لە ڕۆشتن لەو ڕێگا ڕاستەی خۆیان و، لە پێناو گەیاندنی ئەو داوایەی باوەڕیان پێهێناوە بە کەسانی تر، هەموو هەلێکی بەردەمیان هەڵسەنگاندووە و، هەمیشە وابەستەی مەفکورە باڵاکەیان ژیاون. سەرئەنجام الله ئەوانی توشی بێ هیوایی نەکرد.

دەشێت ڕێبوارانی ڕێگەی پێغەمبەر، هەموو کاتێک توشی هەندێک بەڵا و موسیبەت ببن.

هەندێک لە تاغوتان کەوا جگە لە خۆیان و بەرژەوەندیەکانیان بیر لە کەسی تر ناکەنەوە، بیانخەنە ژێر فشار و زوڵمەوە و بیانپلیشێننەوە.

بەڵام ئەو هێزە ڕێکخراو و، تۆپ و تانک و تەیارەی کەسانی تر پشتیان پێ بەستووە، لە بەرامبەر سەرچاوەی ئەو هێزەی ئەوان پشتیان پێی بەستووە، زۆر توڕەهاتە.

ئەم هێرشە دەرەکی و دەستدرێژیانەی دەکرێتە سەریان، زۆر ئەستەمە کەسانێک کەوا دڵیان بە داوایەک داوە، لەو ڕێگایە دوور بخاتەوە و وازیان پێ بهێنێت لەو خزمەتەی دەستیان پێی کردووە.

ئەمەش تەنیا پێویستی بەوە هەیە کە هەماهەنگی نێوەخۆ پارێزگاری لێبکرێت، شعوری یەکێتی و پێکەوە بوون، بە زیندووی بهێڵدرێتەوە. ڕێگەی ئەمەش تەنیا ئەوەیە لە نێوەخۆدا نەکەوینە ناو گێژاوی پەرتەوازە بوون و تێکچوونەوە.

هەربۆیە گەر لەم بابەتەدا پێویست بە نیگەرانیەک بکات، ئەوا پێویستە سەبارەت بە خۆمان بێت.

لەم بابەتەدا قسەیەکی بەدیعوزەمان دەگێڕنەوە کە گوایە وتوویەتی” گەر پێم بڵێن تەواوی هێزەکانی ڕوسیا بەرەو هێرشکردنە سەر ئێوە دێن، ئەوا قاچم دەخەمە سەر قاچم و دەڵێم زوبەیر قاوەیەکم بۆ بهێنە هەتا بیخۆمەوە. بەڵام گەر یەکێک بێت و بڵێت، هاوڕێیان لە نێو خۆیاندا کێشە و قڵیشیان تێکەوتووە، ئیدی ئەو کاتە تەنیا چوونە ناو ژوورەکەم و گریانم بۆ دەمێنێتەوە”…

 

هەربۆیە گەر ئێمە بەرامبەر شتێک پێویستمان بە نیگەرانی هەبێت، ئەوا پێویستە سەبارەت بە لە دەستدانی دامەزراوی خۆمان بێت.

پێویستە بەردەوام لێپرسینەوە لەگەڵ خۆماندا بکەین و بڵێین” ئایا هەوڵی  پێویست بۆ فەراهەمکردنی مافی دراوسێکەمان ئەنجام داوە یاخود نا؟ ئایا لەو خزمەتانەی ئەنجامی دەدەین، ڕۆحی خۆبەخشی و شایستەیی و فیداکاریمان وەک پێویست پشانداوە یاخود نا؟”.

گەر لەم بابەتانەدا کەموکورتیەکانمان هەبێت، پێویستە هەوڵی قەرەبوکردنەوەی ئەو بابەتانە بدەین. ئەو بابەتە سەرەکیەی لە پێش هەموو شتێکدا پەیوەندی بە ئێمە هەیە، بریتیە لەم شتانەی ئاماژەمان پێدا. جگە لەمانە، ئەو ڕووداوە ناخهەژێنانەی ڕوو دەدەن، شتانێکی ڕاگوزەر و تێپەڕن. پێویست بەوە ناکات زۆر بایەخ بەو بابەتانە بدەین.

بەڵام پەنا بە خودا، گەر گورگ خۆی بکات بە پێستی مەڕدا و، پاشان شادەمارەکانمان بقرتێنێت و خوێنمان بخواتەوە، ئیدی ئەو کاتە پێویستە دابنیشین و بۆ حاڵی خۆمان بگرین.

ئەگەرچی ئێمەش هەندێک جار ئەو کایەی کە پێویستە سەرنجمانی تێدا چڕ بکەینەوە، لە بیر دەکەین و خۆمان بە شتانی ناو ڕۆژێڤەوە سەرقاڵ دەکەین، هەربۆیە لە ئێمەدا شیوازێک لە پەرتوبڵاوی دروست دەکات. هەروەها حەزرەتی پیریش فەرموویەتی” ئێمە تەنیا دوو دەستمان هەیە بۆ خزمەت، گەر سەد دەستمان هەبووایە، ئینجا پێ ڕادەگەشتین”.

هەربۆیە ئەو ئەرکەی لەسەرشانی دڵانی ئیماندارە، پێویستە تەواوی هیمەتی خۆیان لەو خزمەتانەدا چڕ بکەنەوە، کە دەبێت ئەنجام بدرێن. دەبێت لەم بابەتەدا کەموکورتی نەنوێنن و ڕێگە نەدەن بەوەی ئیهانەت لە ئەرکی سەرشانیان بکەن.

چونکە وەک چۆن ئێمەش لە پڕکردنەوەی ئەو بۆشایی و کەموکورتی و فەرامۆشیانەی کەسانی پێش خۆمان ئەنجامیانداوە توشی ناڕەحەتی دەبین، نەوەی دوای ئێمەش لە پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەی ئێمە بەجێیدەهێڵین، زۆر ناڕەحەت دەبێت. هەربۆیە ئەگەر هەیە لە بارەی ئێمەوە بڵێن” خودا بەو شێوەیەیان لەگەڵدا بکات کە شایەنی خۆیانە”.

تەنیا ڕێگەی ئەوەی نەوەکانی دوای خۆمان بە شێوەیەکی جوان یادمان بکەنەوە، بریتیە لەوەی ئەو ئەرکانەی لەسەرشانمانە، بێ کەموکورتی و کێشە ئەنجام بدەین. گەر ئێمە لەم بابەتەدا ئەوەی لەسەرشانمانە ئەنجامی بدەین، ئەوانیش لە دوامان دەڵێن” ئەگەرچی ئەوان هەردوو پێشیان لە یەک کەوشدا گیر بووبێت، بێ وچان  و چنگ لەسەر شان ئەرکی خۆیانیان ئەنجامداوە، خودا لە هەموویان ڕازی بێت”.

دەبێت بێ هیچ گومانێک باوەڕمان بەوە هەبێت، گەر بە ئیمان و هیوایەکی ڕاست و دروستەوە بەردەوام بین لەسەر ڕێگاکەمان و ئەو ئەرکانەی لەسەر شانمانە حەقی ڕاستەقینەی خۆیان پێبدەین، خوداش ئەوانە تەنیا ناهێڵێتەوە کە باوەڕیان پێیەتی. چونکە هەرخۆی لە یەکێک لە ڕوونکردنەوە باڵاکانیدا دەفەرموێت” وَلَا تَهِنُوا وَلَا تَحْزَنُوا وَأَنْتُمُ الْأَعْلَوْنَ إِنْ كُنْتُمْ مُؤْمِنِينَ”

وەک لەم ئایەتەشدا ئاماژەی پێدراوە، الله کەسانی ئیمانداری هەر لە سەرەتاوە بە براوە ئەژمار کردووە. کەسانێک کەوا هەر لە سەرەتاوە بارگاوی بن بە سەرکەوتنێکی لەو شێوەیە و، لە ژیانی کردەیشدا بە عەزم و خۆراگریەوە بەردەوامی بدەن بە ڕۆشتن لەسەر ئەو ڕێگایە، ئەوا لە کۆتایدا هەر سەرکەوتوون بەدەست دەهێنن. بە هەمان شێوە سەردارمان کاتێک لەگەڵ حەزرەتی ئەبوبەکردا دەچنە ناو سوڵتانیەتی سەورە، پێی دەفەرموێت” لَا تَحْزَنْ إِنَّ اللَّهَ مَعَنَا”. واتە خەفەت مەخۆ الله لەگەڵ ئێمەیە.

هەربۆیە گەر لەم بابەتەدا الله لەگەڵ ئێمە بێت، ئیدی پێویست بە خەم و تاسە و ترس ناکات. ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە هەمیشە لە هەست، هزر، “اذعان” و رەزامەندیماندا، لە چوارچێوەی “لەگەڵ خودا بوون” دا بین.

خۆ گەر ئەمە فەراهەم بکرێت، الله بە ڕووتێکردن وەڵامی ڕووتێکردنێکی لەو شێوەیە دەداتەوە و، لەبەرامبەر تێبینیەکی لەگەڵدا بوونی لەو شێوەیە، بە تەنیا جێتان ناهێڵێت و لەگەڵتاندا دەبێت.

 

“پێویستە لە گومانی باش بەرامبەر الله دەست هەڵنەگرین”

لەلایەکی ترەوە سەبارەت بە بەڵا و موسیبەتانەی بەرۆکی هەوو لایەکی گرتووە، پێویستە لە ڕوانگەی شەخسی خۆمان و ئەو کایەیەی ئێمەی لێ بەرپرس بووین، هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین.

واتە پێویستە ئامادەیی ئەوەی تێدا بێت بڵیت” ئێستا هەژێندراین و ڕاتەکێندراین و ڕاچڵەکین، ئەمە هۆی بە هۆی ئێمەوە بوو. ئەگەر هەیە لە ڕووی پەیوەندیمان بە جەنابی حەقەوە، هەڵە و کەموکورتیمان پشاندابێت”.

واتە لە ڕوانگەی پاراستنی گومانی باشمان بە جەنابی حەقەوە، زۆر گرنگە بەم شێوەیە هەڵسەنگاندن بۆ باتەکان بکەین. چونکە هەمووشمان لەوە دڵنیاین، کە جەنابی  حەق هێندەی یەک گەردیلە زوڵم لە بەندەکانی خۆی ناکات.

هەروەها کاتێک هەڵسەنگاندن بۆ ڕووداوەکان دەکەین، پێویستە گۆشەنیگای دروست بۆ تێڕوانین لێی بدۆزینەوە و، خوێندنەوەی پلانی پشتەوەی ڕووداوەکان زۆر گرنگە. زۆر جار ئەو شتانەی بە نیسبەت ئێمەوە وەک شەڕ دەردەکەون ، خێری گەورەیان تێدایە.

بۆ نمونە جەنابی حەق ئەم جۆرە ڕووداوانە دەکات بە کەفارەتی گوناحەکانمان و بەم شێوەیە پاکمان دەکاتەوە لێیان. یاخود بەم هۆیەوە ڕاماندەچەنێت و چاومان دەکاتەوە و وامان لێدەکات باشتر ڕووداوەکان بخوێنینەوە، بەم شێوەیە دەمانگەیەنێتە تەوحید و بە تەواوی ڕوومان ئاڕاستەی خۆی دەکات.

الله هەندێک جار بە مەبەستی بەئاگاهێنانەوە و خەبەرکردنەوەی ئەوانەی لە غەفڵەت و سەرلێشێواویدان، نوکە دەرزیەکان لێدەدا و گەر بەمەش بە ئاگا نەهاتنەوە، نوکە شوزنێکیان پێدا دەکات؛ خۆ گەر هەر ئەوەش بەس نەبوو، ئەمجارەیان بە نوکە ڕمێک ئاگاداریان دەکاتەوە!

هەندێک جاریش بە شتی زۆر لەوە سەختتر، ئاگادارییان پێدەدات. هەریەک لەمانەش شەپازلەیەکی میهرەبانییەوە و لێیدەدرێت.

ئێمەش گەر لە ڕوانگەی ڕووکەشی ئەو ڕووداوانە هەڵسەنگاندنیان بۆ بکەین، لەوە دەچێت بە شێوەیەکی نەرێنی لێکی بدەینەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە الله بە بۆنەی ئەو ڕووداوانەوە چاومان دەکاتەوە و ژیانی ئاخیرەتمان لە تیاچوون ڕزگار دەکات.

خۆ گەر ئەم بابەتە زیاتر ڕوون بکەینەوە، کەسانێک کەوا ئیماندارن و دەستیان لە خۆیان بەرداوە و ئەوەیان فەرامۆش کردووە کە خۆیان بۆ ڕێگەی الله تەرخان کردووە و شوێنی بەرژەوەندی خۆیان دەکەون، خودا لە ڕێگەی هەندێک ئازار و بەڵا و موسیبەتی ڕووکەشەوە دەیانهەژێنێت. بەم شێوەیە ئەوان ئاڕاستەی ئەرکی ڕاستەقینەی خۆیان دەکاتەوە. واتە هەریەک لەم ڕووداوانە، ئاگاداریەکە بۆ ئەو کەسانەی لە ڕووی ژیانی دڵەوە کەوتونەتە ناو پەرشوبڵاویەوە.

کەسی ئیماندار لە کاتی بومەلەرزە، تۆفان، لافاو، وشکە ساڵی، یاخود لەو کاتانەی توشی زوڵم و غەدری هەندێک لەو کەسانە دەبێت کە وابەستەی هەستی دوژمنایەتی خۆیانن، پێویستە وەک هۆشداریەکی جەنابی حەق لێیان تێبگات و وانەی پێویستیان لێ دەربهێنێت.

لە ڕاستیشدا کاتێک الله سزای ئەم جۆرە هەڵە و کەموورتیانەیان بۆ ئەو دونیا بەجێناهێڵێت و هەر لەم دونیا پاکیان دەکاتەوە، نیعمەتێکی گەورەی بە نسیب کردوون.

هەربۆیە ئەوەی لەسەر کەسی ئیماندارە ئەوەیە، ئەم جۆرە هۆشداریدان و ئاگادارکردنەوانە وەک بەخشش و دەستکەوت ببینێت و،  هەوڵی چاکسازی لە خۆیدا بدات و مامەڵە و هەڵسوکەوتیان ڕێکوپێک بکەنەوە.

 

پێویستە بەم شێوەیە بیر بکاتەوە” ئێمە لەم قوڕە چەقی بووین، ئەو زاتەی پەروەردەمان دەکات و ڕێنموییمان دەکات، گوێی گرتین و لەو قوڕەی دەرهێناین و ئاگاداری کردینەوە لەوەی جارێکی تر نەچینە ناو ئەو قوڕەوە”.

سەرداریشمان دەفەرموێت:

عَجَبًا لِأَمْرِ الْمُؤْمِنِ، إِنَّ أَمْرَهُ كُلَّهُ خَيْرٌ، وَلَيْسَ ذَاكَ لِأَحَدٍ إِلَّا لِلْمُؤْمِنِ، إِنْ أَصَابَتْهُ سَرَّاءُ شَكَرَ فَكَانَ خَيْرًا لَهُ، وَإِنْ أَصَابَتْهُ ضَرَّاءُ صَبَرَ فَكَانَ خَيْرًا لَهُ

 

بە ڕاستی حاڵی کەسی ئیماندار جێگەی سەرسوڕمانە، چونکە هەموو حاڵێکی هەر خێری تێدایە، ئەم حاڵەش تەنیا تایبەتمەندە بە کەسی ئیماندار و کەسانی دەرەوەی ئیماندار ناگرێتەوە. بۆ نمونە نیعمەتێکی خودای بە نسیب دەبێت و بە هۆیەوە سوپاسی دەکات، ئەمەی بە خێر بۆ دەگەڕێتەوە، یاخود توشی ناڕەحەتیەک دەبێت و ئارامگری لەسەر پشان دەدات، دیسان توشی خێر دەبێتەوە.

 بەم شێوەیە ئاماژە بەو بەڵا و موسیبەتانە دەکات کە بە خێر بەسەر کەسی ئیمانداردا دەشکێتەوە.

 

هەربۆیە کەسی ئیماندار، ئینجا ئیتر هەندێک سەرکەوتن بەدەستبهێنێت یاخود توشی هەندێک ناڕەحەتی ببێت، لە هەموو حاڵەکاندا، ڕێگەی قازانجکردن بە نیسبەت ئەوەوە کراوەیە. هەربۆیە دۆڕاوی و زیان بە نیسبەت کەسی ئیماندارەوە جێگەی باس نیە.

تەنیا مەرجی ئەمەش ئەوەیە، لە بەرامبەر هەموو ڕووداوەکاندا، پارێزگاری لە “هەڵوێستی ئیماندارانە” ی خۆی بکات.

ئەوانەی توشی دۆڕاوی دەبن، ئەهلی گومڕایی، ئەهلی دووڕووەکان، ئەهلی زاڵمان و کافرانن.

گەر ئەوان بە سەرکەوتنە ڕووکەشەکانی دونیایان فریو بخۆن و بۆ ئەم مەبەستەش چەندین فێڵ و تەڵەکە ئەنجام بدەن، لەم دونیا و لەو دونیاش لە ناسۆری ڕزگاریان نابێت و توشی دۆڕانی یەک لە دوا یەک دەبن.

 

72 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە