بیروڕاگۆشەی م.فتحوڵڵا گولەنهەواڵ

عاشقی ڕاستگۆ (ناسینی مامۆستا لەلایەن گەنجانی زانکۆوە)

بەشی ٣٠

کاتێک مامۆستا لە بۆرنۆڤا دەستی بە وتاردان کرد، گەنجانی زانکۆ لە نزیکەوە مامۆستایان ناسی. ئەمەش بە نیسبەت مامۆستاوە شتێکی نوێ بوو، چونکە هەتا ئەو کاتە، لەسەر ئاستی زانکۆکان مامۆستا نەناسرابوو.

هەربۆیە  پەیامی وتارەکانی مامۆستا، لە بۆرنۆڤا بە شێوەیەکی خێراتر بە چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگادا بڵاو بوویەوە.

لە ڕێگەی ڕێنمویی مامۆستاوە، بۆ یەکەم جار لە مێژووی خزمەتدا، دەستەی مامۆستایان و یاریدەدەران و خوێندکارەکانی زانکۆی ئەگە، کۆرسی ئامادەکاری چوونە زانکۆیان  بۆ خوێندکارە زیرەکەکانی ناوچەی ئەگە کردەوە، کە توانای ماددیان لاواز بوو.

ئەم خزمەتە کە لە ساڵی ١٩٧٦ دەستی پێکرد، بە تەواوی بێ بەرامبەر بوو، ئەوانەی بەشدارییان لەم کارەدا کرد، هیچ کامیان لە بەرامبەر کارەکەیاندا قازانجێکی ماددیان وەرنەدەگرت.

 

ئەم چینەی زانکۆکانیش، چەشنی کاسپکارانی ئەو کاتە، فیداکاریەکی زۆر دەراسایان ئەنجامدا. ئەمانە یەکەم خشتی ئەو خزمەتە بوون، کە لە داهاتوودا دەبێت بە بابەتی داستانەکان.

پاشان هەریەک لەوان، ئامادەیی ئەوەیان تێدا بوو، چەشنی کرێکارێک جزمە لەبەر بکەن و لە دروستکردنی بەشی ناوخۆیی خوێندکاراندا بەشداری بکەن، یاخود بە تەنەکە لم و چیمەنتۆ بنێن بەسەر شانیانەوە و بیگوازنەوە، یاخود لە حەوشەی بەشە ناوخۆیەکەدا قوربانی بکەن و بەشی خوێندکارەکانی لێبدەن.

ئەم تابلۆیەش وای لە کاسپکار و ژن و پیاوی ناوچەی ئەگە کرد، لە بابەتی چوون بە دەم دامودەزگا پەروەردەیەکانەوە، قامچی لە عەزمیان بدرێت.

کەسانێک کەوا لەسەر عەرەبانە شتیان دەفرۆشت، دەهاتنە لای مامۆستا و دەیانوت” مامۆستا بیستومە ئێوە بە دوای شوێنێکدا دەگەڕێن هەتا خوێندکارەکانی تێدا دابنێن، بۆ ئەم مەبەستەش خۆتان پەرێشان کردووە، من لە ڕێگەی فرۆشتنی کولێرە بە قیمەوە، دوو خانوی بچوکم پێکەوە ناوە، تەنیا یەک دانەیان بۆ من بەسە، گەر مۆڵەت بدەن، با دووهەمیان بۆ خوێندکارەکانی ئێوە بێت”.

لەو کاتەدا کەسانێکی جوامێر و بەخشندەی بەم شێوەیە هەبوو. کەسێکی لەم شێوەیەی باسمان کرد، لە هەمان کاتدا هێندە دەست کورت بوو دەیوت” براکەم بە مامۆستا بڵێ هیچ پێڵاوێکی زیادەی هەیە کەوا کۆن بوو بێت و لە پێی نەکات؟ بە خودا هیچ پێڵاوێکم لە پێدا نەماوە و دڕاون”.

ئیدی بەم شێوەیە، سەرلەنوێ سەردەمی هاوەڵان دەستی پێکردبوویەوە و مرۆڤگەلێک کەوا ئامادەی فیداکردنی گیان و ماڵیان بوون، پەیدا بوو بوونەوە.

 

ئەو کاسپکارانەی هەتا دوێنێ بە فڕێدانی ٥-١٠ لیرە بۆ ناو ئەو تورکانەی پارەیان بۆ مزگەت کۆدەکردەوە، دڵیان خۆش دەبوو، ئێستا هەموو سەروەت و سامانی خۆیان دەبەخشی و، چەشنی هاوەڵانی سەرداریشمان پێیان وابوو هێشتا هیچیان ئەنجام نەداوە. چونکە بە چاوی خۆیان ئەوەیان بینی کە لەو دامودەزگا پەروەردەییانەی بە دەستی خۆیان دروستیان کردووە، چ جۆرە مرۆڤێکی لێ پەروەردە دەبێت…

 

ئیسماعیل گیوزەل کە یەکێکە لە کاسپکارەکانی ئەگە لەو سەردەمەدا، بەم شێوەیە باسی ئەو وەرچەرخانە دەکات کە لە ژیانیدا ڕوویداوە:

“گەر یەکێک بهاتایاتە بەردەم دەرگای دوکانەکەمان و، ٥ تا ٥٠ لیرەمان پێبدایە، ئەمەمان بە خێرێکی گەورە دەزانی، بەڵام مامۆستا هات و دەیوت” لەو بەشە ناوخۆییە ٢٠٠ خوێندکاری لێیە، گەر بیکەن بە هەزار خوێندکار و کەسانێکی سوودمەند بۆ ئەم وڵاتە پێبگەیەنن…” مامۆستا بەم شێوەیە باسی لە پاداشتی گەورەی ئەو کارە دەکرد”…

“داوای چاوپێکەوتن لەلایەن سەرکردە سیاسیەکانەوە”

مامۆستا بەم شێوەیە باسی داوای چاوپێکەوتنی کەسایەتیە سیاسیەکان دەکات:

” جارێکیان سولەیمان دەمیرەل داوای چاوپێکەوتنی کرد. ئەگەرچی زۆر بیرم نەماوە، بەڵام وابزانم لەو کاتەدا ساڵح ئۆزجان پەڕلەمانتار بوو. لەوە دەچێت ئەو لەم بابەتەدا پێشنیاری شتێکی لەو شێوەیەی کردبێت. لەو کاتەی لە ئەنقەرە بووم، بازرگانێک کە ئەویش ناوی ئۆزکان بوو، ناسیاوی ئێمە و لە هەمان کاتدا خزمی دەمیرەل بوو، هەواڵی ئەوەی بۆ هێنانین کە سولەیمان دەمیرەل دەیەوێت بمانبینێت. بەڵام بە گوێرەی هەلومەرجی ئەو کاتە، چاوپێکەوتنێکی لەو شێوەیەم ڕەت کردەوە. چونکە حسابی ئەوەم کردبوو، کە چاوپێکەوتنێکی لەو شێوەیە، دەبێتە بنێشتە خۆشەی سەر زاری ڕۆژنامەکان. لەو کاتەی دەمیرەل سەرۆک وەزیران بوو، یەک جار چاومان بە یەک کەوت. من لە مزگەوتی سوڵتان ئەحمەد وتاری هەینیم هەبوو. لەو کاتەدا دەمیرەلیش لە ئیستەنبول بوو، پێموایە لەو کاتەدا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران هەبوو. دەمیرەلیش بەو هۆیەوە هاتە مزگەت، هەتا نوێژی هەینی ئەنجام بدات. لەو کاتەدا چاغلەیانگیلی ڕەحمەتیشی لەگەڵدا بوو. لە دوای نوێژ پێکەوە تەوقەمان کرد و ڕۆشت”.

هەروەها یەکێک لەوانەی زۆر پێداگری لەسەر ئەوە دەکرد کە چاوی پێم بکەوێت، ئاڵپاسلان تورکێش بوو. ئەو کەسەی ئەم داوایەی ئەوی بۆ هێنابووم، کەسێکی وەها نەبوو کە بتوانم دڵی بشکێنم. لە هەمان کاتدا نامەیەکی تورکێشیشی بۆ هێنابووم، لە نامەکەدا زیاد لە حەدی خۆم، پەسن و ستیاشی منی تێدا کردبوو. بەڵام من دیسان نیەتی قبوڵکردنم نەبوو، خودا شایەتە بەم شتانە زۆر ناڕەحەت بووم، چەندین ڕۆژ خەوم لێ زڕا بوو. تەنانەت هێندە بێزار بووم وتم” خودایە گیانم بکێشە هەتا چاوم بە هیچ کەسێک لە سیاسیەکان نەکەوێت”. ئەگەرچی داواکردنەکەی ئەوان شتێکی ئاسایی بوو، بەڵام من دەمویست خۆمیان لێ بە دوور بگرم.

 

کاتێک کودەتا ڕوویدا، کاک تورکێشیان زیندانی کرد. لەو کاتەشدا دەستیان بە گەڕان بە دوای مندا کرد، بەم شێوەیە چاومان بە یەک نەکەوت، واتە مەسافەی من لەگەڵ کەسانی سیاسیدا، بە شێوەیەکی یەکسان بوو، بە شێوەیەکی زۆر توند، خۆم لە چاوپێکەوتنی کەسانی سیاسی بە دوور دەگرت.

 

ئێوە دەتوانن ئەمە وەک هەستێکی شەخسی خۆم لێک بدەنەوە، واتە دەشێت بیر لەوە بکەنەوە کە من خۆمم لەوان بە بچوکتر زانیوە و هەر بۆیە خۆم لێ بە دوور گرتوون، هەربۆیە لەم ڕوەوە گەر بەم شێوەیە بیر بکەنەوە، قسەیەک بۆ من نامێنێتەوە. بەڵام هەر لە زوەوە هەستێک بەسەر ڕۆحمدا باڵا دەست بوو، هەندێک جار ئەمەشم بەو برایانە دەوت کە تەکلیفی چاوپێکەوتنیان دەهێنا. پێم وایە کێشەیەک نیە گەر لێرەدا جارێکی تر دووبارەی بکەمەوە. هەمیشە بە خۆمم دەوت: ئەمانە کەسانێکی سیاسین، چاوپێکەوتن و قسەکانیان هەمیشە مەبەستێکی سیاسی لە پشتەوەیە، بۆ نمونە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێمەدا دادەنیشن و قسەیەک دەکەن، پاشان ڕۆژێک لە شوێنێکی تر قسەیەکی پێچەوانەی ئێمە دەکەن و ئەمەش لە ڕۆژنامەکاندا بڵاو دەبێتەوە، ئیدی لە حاڵێکی وەهادا ئەستەمە قسەکەیان بە درۆ بخەیتەوە. کەسانی سیاسی زۆر بە ئاسانی چینێکی کۆمەڵگا دەکەن بە گژ چینێکی تریدا. هەندێک جار ڕابەرانی جەماعەتێک و شوێنکەوتوانیان بە گژ یەکدا دەکەن. ئیدی نازانم ئەم مامەڵەیەی من دروست بووە یاخود نا، دیاریکردنی ئەمە لە ئێستاوە زووە، بزانین مەولا لە داهاتوودا چیمان پشان دەدات”.

“ناسینی خزمەت لەلایەن ساکیپ سەبانجی”

یەکەم ناسینی ساکیپ سەبانجی لەگەڵ خزمەتدا لە ساڵی ١٩٧٧ دا بوو. دوای ئەوەی لە چارەسەری نەخۆشیەکەی لە ئەمەریکا گەڕایەوە، حاجی کەمال ئێریمەز، لە ناوچەی کادیکیۆی شاری ئیستەنبول، چاوی پێی کەوت. سابانجی لەو کاتەی لە نەخۆشخانەیەکی ئەمەریکا دەبێت، قەشەیەک دێتە ژوورەوە و دەڵێت” ڕێگەم بدەن نزاتان بۆ بکەم”، ئەویش لە وەڵامدا دەڵیت” من خۆم موسوڵمانم، نزا بۆ خۆم دەکەم”.

سابانجی کاتێک گەڕایەوە بۆ تورکیا، ئەم باسەی بۆ زۆر کەس گێڕایەوە و لە ڕۆژنامەکاندا وەک مانشێتی لێهات.

حاجی کەمال ئێریمەز، لە میانەی ئەم سەردانەیدا، باس لەو کارانەی دەکات کە لە پێناو خزمەت کردن بە خوێندکارە هەژارەکانی ئیستەنبول ئەنجامی دابوو.

سەبانجی لە بەشێکی قسەکانیاندا دەڵێت” ئێمە وەقفێکمان دروست کردووە، دەرماڵەی ٣٠٠ خوێندکاری هەژار دابین دەکەین”.

کەمال ئێریمەزیش لە وەڵامدا دەڵێت” من هاوڕێیەکم هەیە، بە  تاقی تەنیا خۆی دەرماڵەی ٣٠٠ خوێندکاری دابین کردووە”.

سابانجیش سەری بە قسەکانی ئێریمەز سوڕ دەمێنێت و دەڵێت” بە ڕاستی ئێوە بەردێکی زیاترتان خستە سەر ئەو قەناعەتەی من، کە پێی وایە ئەم وڵاتە ناڕوخێت”.

 

سەردانی مامۆستا بۆ وڵاتانی ئەوروپا(١٩٧٧)

پێغەمبەری سەردارمان دەفەرموێت” ڕۆژێک دێت ناوی من دەگات بە هەر شوێنێک کەوا خۆری لێهەڵدێت و لێی ئاوا دەبێت”.

واتە فەرموویەتی، هەر شوێنێک کەوا شەو و ڕۆژی تێدا بێت و مرۆڤەکانی تێدا بژین، ناوی ئەوی پێدەگات.

ئەمە هەواڵێکی غەیبیە، ئاسۆیەکە پشانی موسوڵمانان دراوە و ئامانجێکی میسالیە خراوەتە بەردەمیان. مامۆستا فەتحوڵڵا گولەنیش کە هەمیشە بەم ئامانجە میسالیەوە سوتاوە، لە مانگی تشرینی دووهەمی ١٩٧٧، سەردانی هاوڵاتیانی تورکیای کرد لە وڵاتی ئەڵمانیا.

ئەو تابلۆیەی مامۆستا لەوێ بەدی کرد، بەداخەوە بە شێوەیەکی وەها نەبوو، دڵی مرۆڤی پێبکرێتەوە. زۆرێک لە تورکەکان لەو ماڵانە دەمانەوە کە تایبەت بوو بە شوێنی کارەکەیان و بە “خایم” ناو دەبرا. ئەمانەش کۆمەڵە ماڵێک بوون کە زیاتر زگورتیەکانی تێدا دەمایەوە. زۆرینەی ئەوانەی لەم شوێنانە ژیانیان بەسەر دەبرد، ژیانی مەعنەوی و کۆمەڵایەتیان پەرێشان بوو.

 

مامۆستا لە ڕێگەی ئەم گەشتەوە کە بۆ وڵاتانی ئەوروپا ئەنجامیدا، ئەوەی بەدی کرد کە ڕزگاری داهاتووی مرۆڤایەتی، بە تاقی تەنیا لە تورکیاوە دەست پێناکات. ئیدی لەوە تێگەشت کە بۆچی سەردارمان، ئاسۆی گەیاندنی ناوی خۆی، بە تەواوی ئەو شوێنانەوە بەستۆتەوە کە خۆری لێهەڵدێت و لێی ئاوا دەبێت .

مامۆستا لە بەرواری ٩ ی کانونی یەکەمی ١٩٧٧، لە بەرلین کۆنفرانسێکی سەبارەت بە ژیانی سەردارمان پێشكەش کرد.

مامۆستا لە بەشێکی قسەکانیدا وتی” ئەو هێندەی باڵە مێشێک بایەخی بە ژیانی دونیا نەدەدا. لە کاتێک دەیتوانی تەختی پاشایی بە فەرمانڕەوایان بدات و تاجیان لەسەر بکات، هەتا بڵێیت ژیانێکی زاهیدانە دەژیا و، وەک ئەوەی لە بەرامبەر ژیانی دونیادا نیەتی بەڕۆژوو بوونی لێهێنابێت، بە شێوەیەکی دەراسا ژیانێکی زاهیدانەی هەڵبژاردبوو، نەیدەخوارد و بە خەڵکی دەبەخشی، خۆی جلی تازەی لەبەرنەدەکرد و جلی بە خەڵک دەبەخشی، لە بەرامبەر یەک دڵۆپ نیعمەتی خودادا، سەدان جار هاواری حەمد و سەنای لی بەرز دەبوویەوە، هەمیشە بە هەستی منەتی پەروەردگارەوە، هەڵدەستا  و دادەنیشت”.

لە ڕووی مەعریفەت و موحیبەت و خەشیەتەوە، هەمیشە پێشڕەوی فریشتەکانیش بوو، لە دونیادا بوو بەڵام کەسێکی دونیایی نەبوو، ئەو هەمیشە لە ڕێگەی ئاخیرەتدا بوو. بەڵام بایەخی لە پێشینەی ئەو وابەستەی خودی ئاخیرەتیش نەبوو، چونکە ئەو هەمیشە دڵی وابەستەی پەروەردگاری بوو، چاوی هەمیشە لەسەر شاکارەکانی ئەو بوو، هەروەها چاوی لەسەر ناوەکانی بوو کە ڕەنگ و شێوە و شکڵی بە شاکارەکانی داوە.

 

دونیای گوندێکی سەر بە ئاخیرەت دەهاتە پێش چاوی. هەمیشە وەک کێڵگەیەک سەیری دونیای دەکرد، هەمیشە خەریکی چاندن و دەسکەنە کردنی بوو، ئەوەی دەستی دەکەوت هەمیشە بە ژیانی ئەولای دەبەستەوە. وەک چۆن ڕەشەبا تۆوەکان بە لای ڕاست و چەپدا بڵاو دەکاتەوە و ئەمانەتی دەستی نەشونمایان دەکات، ئەویش هەمیشە هەڵیدەکرد و تۆوەکانی بڵاو دەکردەوە، ئاگای لە هەژار و لێقەوماوان دەبوو، برسیەکانی تێر دەکرد و خۆیشی زۆر جار بە برسی سەری دەنایەوە. ئەو کاتەی وەک سوڵتانی هەردوو جیهان بە دیداری پەروەردگاری شاد بوویەوە، نە کۆشک و ڤێلا، نە سەروەت و سامانێکی بۆ کەسانی دوای خۆی جێهێشتبوو.  وەک خۆی ژیا و، وەک خۆی ئەم ژیانەی هەڵسەنگاند و، بە شێوەیەکی شایستە لەگەڵ خۆیدا ئەم ژیانەی بەجێهێشت. هێندەی ئەم دونیایە، نرخی بە دونیا بەخشی و، سەبارەت بە ژیانی ئەولای ئەولاکانیش، هێندەی نرخ و بەهای خۆی، گرنگی پێدا و بە گوێرەی ئەم پێودانگە هەڵسوکەوتی کرد”.

 

هەروەها لە بەرواری ١٢ ی کانونی یەکەمی ١٩٧٧، کۆنفرانسێکی تری لە  شاری میونخی ئەڵمانیا، لە ژێر ناوی “سیفاتەکانی نەوەیەکی ڕزگارکەر” پێشکەشی کرد. هەروەها لە شارەکانی هامبۆرگ، فرانکفۆرت، هانۆڤەر چەند کۆنفرانسێکی پێشکەش کرد.

هەروەها کاتێک هاوڵاتیانی تورکیا لە ئەڵمانیا ویستیان مێرسیدێسێکی مۆدێل نوێی بە دیاری پێبدەن، مامۆستا زۆر بە توندی ڕەتی کردەوە.

وەک خۆیشی دەڵێت” لەم سەردانەماندا بۆ وڵاتانی ئەوروپا، هێندەی نوکە دەرزیەکیش دیاریم قبوڵ نەکرد”.

 

لە کۆمەڵگایەکی لەو شێوەیەدا کە بناغە مەعنەویەکانی هەڵوەشابوو، خۆپاراستن کارێکی سەخت بوو. بەها ئاکاریەکان تەختی زەوی بوو بوون. مرۆڤەکان لە بەرامبەر ئەم دەردی تاعونە کە ژیانی ئەبەدییانی ژێراوژور دەکرد، دەیانتوانی کام ڕێگە چارەسەر بگرنە بەر؟

چەند ڕێگەچارەسەرێک کە ڕزیو، بۆگەن و لە کەڵک کەوتووە، نەیدەتوانی بە هانای ئەم خەڵکەوە بێت. بە تایبەت هاواری یەکێک لەو کرێکارانەی کە لە کۆمپانیای BMW کاری دەکرد و ناوی موحسین بوو، کاتێک هاواری لە مامۆستا کرد و وتی” مامۆستا فریامان بکەوە”. ئەم هاوارەی ئەو هاوڵاتیە زۆر لە دڵی مامۆستای دابوو. لە ڕاستیدا ئەمە هاواری هەموو لایەک بوو، لە دەمی ئەو هاوڵاتیەوە هاتە دەرەوە.

مامۆستا لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ ئەڵمانیا، چاوی بە ڕووداوی زۆر دڵهەژێن کەوت. دووبەرەکی کە وەک یەکێک لە نەخۆشیەکانی ئەم سەردەمەیە، لەو کاتەشدا لەناو کەسانی دینداری تاراوگە سەری هەڵدابوو.

بۆ نمونە ئەوانەی لە مزگەوتی فاتیح نوێژیان دەکرد، سەریان بە مزگەوتی مەولانادا نەدەکرد. بۆ نمونە یەکێک لەم دوو گروپە، داوایان لە مامۆستا دەکرد کە لای خۆیان وتاریان بۆ بدات و سەردانی مزگەوتەکەی تر نەکات. ئەمەش شێوازی مامۆستا نەبوو، هەربۆیە ئەو کۆنفرانسەی کەوا بڕیار بوو لە شاری کۆڵن پێشکەشی بکات، بەم هۆیەوە هەڵیوەشاندەوە. چونکە ڕۆژێک بەر لە بەرواری ئەنجامدانی کۆنفرانسەکە، هەردوو بەرەکە لەسەر ئەو بابەتە، لەگەڵ یەکتر بە شەر هاتبوون.

ئیدی مامۆستا پێی وا دەبێت کە لە هەلومەرجێکی لەو شێوەیەدا، هەرچیەک بڵێت سوودی نابێت.

لە ڕاستیدا مامۆستا نیازی ئەوەی هەبوو کە سەردانی هاوڵاتیانی تورکیای دانیشتووی وڵاتانی تری ئەوروپا بکات، بەڵام ڕوودانی ئەم شەڕە مامۆستای ناڕەحەت کرد و، پرۆگرامەکەی لە کورتی بڕیەوە.

هەرچەندە گەڕایەوە، بەڵام بە درێژایی ١٣ ساڵ، هاواری پڕ ناسۆری موحسینی کرێکاری لە ڕۆحی دەرنەکرد کە وتی “مامۆستا فریامان بکەوە”.

لە ڕاستیشدا نەیدەتوانی لە بەرامبەر ئەم بڵێسەی ئاگرەدا دەستەوسان بوەستێت، کە خەریک بوو  لەگەڵ خۆیدا نەوەیەکی دەبرد. هەربۆیە هەردەم بە ئازاری ئەم دەردەوە دەیناڵاند. بەم شێوەیە گوزارشتی لەم هەستانەی خۆی دەکرد:

پێغەمبەری خودا فەرمانی ئەوەی پێ کردووین کە ناوی بگەیەنین بە هەر شوێنێکی کە خۆری لێهەڵدێت و لێی ئاوا دەبێت. گەر موسوڵمانە یەکەمینەکان بە باشی ڕاڤەی ئیسلامیان نەکردایە، گەر بەو شێوەیەی ئێمەش لێی تێبگەین، بە ئێمەیان نەگەیاندایە، چۆنی دەمانتوانی لەمڕۆدا موسوڵمانێتی ئەنجام بدەین. ئەوان تەمەنی خۆیان، واتە تەمەنی سروشتی خۆیان تەواو کرد و بەرەو الله گەڕانەوە. لە کاتی ئەنجامدانی کارەکەی خۆیاندا ڕۆشتنەوە. ئیدی دەستاودەست هەتا ئێرە هاتووە، بەڵام بە داخەوە ناوی جەلیلی محمدی، هەتا ئێستا بە هەر شوێنێک نەگەشتووە کەوا خۆری لێ هەڵدێت و لێی ئاوا دەبێت.

لە وڵاتێکی وەک سیبیریا، کە لە وەرزی هاوینیشدا پلەی گەرما ٣٠ پلە لە ژێر سفرەوەیە و  لە زستاندا ٦٠ پلەی سەدی لە ژێر سفرەوەیە، ئێستا هەندێک لە براکانی ئێوە هەوڵی ڕۆشتن بۆ ئەو شوێنانە دەدەن و چەشنی ئەوەی لەسەر سەهۆڵ شتێک بنوسن، هەوڵی نوسینەوەی ناوی جەلیلی محمدی لەو شوێنانە دەدەن. یاخود هەوڵی ڕۆشتن دەدەن بۆ وڵاتی مەغۆلستانی جاران، ئیدی نازانم لە جەمسەری باشوری زەوی مرۆڤ هەیە یاخود نا؟

پێویستە هەتا ئەو شوێنانەش ناوی جەلیلی محمدی ببردرێت. واز لەم شوێنانەش بهێنن، هەتا ئەڵمانیا بڕۆن، هێندەی یەک دونیا بە شارەکانیدا بڕۆ، شاباڵ گرتنەوەی ڕۆحی ڕەوانی محمدی بە چاوەکانت نابینی. لە ئینگلتەراش هێندەی هەموو دونیا بگەڕێ، گوێت لە دەنگی بانگێک نابێت. لەوێش مزگەوتی لێیە، بەڵام وەک مزگەوتەکانی لای خۆمان نیە. ئیمامەکان لە شوێنی داخراودا بانگ دەدەن، دەنگیان ناگاتە کۆڵانەکان. لەو شوێنانە بە دەنگێکی زوڵاڵ لەسەر شەقامەکان نوێژ ناکرێت. بە ئاواز و بەستەکەی عیتری، سەڵات و سەلام لەسەر سەردارمان ناخوێندرێت. گوێت لە دەنگی کەسێک نیە بڵێت: الله اکبر.

هەربۆیە لەو کاتانەی لەوێ مامەوە، لە دڵی خۆمدا وتم” ئەی پێغەمبەری خودا زۆر بە کەمی لەم شوێنانە ناوت دەبیسترێت، لەوە دەچێت لەم شوێنانەدا زۆر هەست بە غەریبی بکەیت”.

تەنانەت هەتا ئەو شوێنانەش ناوی جەلیلی محمدی نەبراوە. ئیدی ئێمەین بێ وەفا، یاخود کەسانی نزیکی پێش ئێمە، یاخود مێژوو و مێژوونوسان بێ وەفان؟ نازانم کێ بێ وەفایە، بەڵام ئەوە دەزانم گەر بێ وەفایی جێگەی باس بوو، ئیدی بێ وەفایی دۆستان، زۆر خراپترە لە دوژمنایەتی دوژمنان!

هەربۆیە پێویستە ناوی جەلیلی محمدی بگەیەنین بە هەر شوێنێک کەوا خۆری لێ هەڵدێت و لێی ئاوا دەبێت. ئیدی ئەمە وەک فەرمانێک لە سەردارمانەوە وەردەگرن یاخود وەک ئامانجێکی میسالی، بە نیسبەت ئێوەوە ئاسۆ و ئامانجێکە کە دەبێت پێیبگەن. فەرمانی گەشتن بەو شوێنانەی بە ئومەتەکەی داوە.

گەر دەتانەوێت دەست بە شوێنێکەوە بگرن و هەستنەوە، پەرشوبڵاویتان بڕەوێننەوە و خۆتان کۆ بکەنەوە، دەبێت خۆتان بە خاوەنی ئەم کارە بکەن. هەوڵی ئەوە بدەن پەرتەوازەیی شیرازەی ئیسلام کۆ بکەنەوە،  هەتا الله ئێوەش لە پەرتەوازەیی ڕزگار بکات، هەتا یارمەتی خۆ کۆکردنەوە و هەستانەوەتان بدات. هەتا لە ڕێگەی ئەو حەقەی دەستیان پێوەی گرتووە بۆ هەستانەوە، ئێوەش هەستێنێتەوە و حەق بخاتە ئەو شوێنەی کە شایستەیەتی! هەتا ئەوانەی خاونی حەقن و هەوڵی چەسپاندنی ئەو حەقە دەدەن، هەستێنێت و بیانخاتە ئەو شوێنی حەقیانە پێی بگەن!

ئەمەش کارێکی دەستی پێکردووە، بە پشتیوانی خودا تەواوی بکەن. گەر ئێوە عەزمی تەواو کردنتان هەبێت، ئەوا الله لە زۆرکردن و  پاڵپشتی و تەواوکردنی ئەو کارەدا، یارمەتیدەرتان دەبێت.  

ئیدی مامۆستا بە هەرکەسێک دەگەشت، هانی بۆ ئەوە دەدا، کە خۆی بە خاوەنی ئەم کارە بکات.

 ئیدی لە کۆتایدا؛ الله لە ڕێگەی کردنەوە بەشی ناوخۆیی لە وڵاتانی ئەڵمانیا، بەلجیکا و هۆڵاندا، وەڵامی ئەم ناسۆرەی مامۆستای دایەوە. چونکە ئەوەی وەڵامی نزای کەسانی ناسۆریکێش دەداتەوە، هەر اللە یە نە کەسێکی تر.

هەروەها مامۆستا لە بەرواری ٢٤ ی تشرینی دوهەمی ١٩٩٠ بە هۆی پێداگری زۆری هاوڵاتاینی دانیشتووی وڵاتانی ئەوروپا، جارێکی تر سەردانی ئەو وڵاتانەی کردەوە. لە ڕێگەی فڕۆکەیەکەوە کە لە ئیستەنبولەوە هەستا، لە شاری ئەمستەردامی هۆڵاندا نیشتەوە. کاسێتی وتارەکانی مامۆستا لە ساڵانی ١٩٧٠، بە شێوەیەکی بەربڵاو، لە وڵاتانی ئەوروپا گوێی لێڕادەگیرا.

ئەمستەردام پایتاختی هۆڵاندایە و شارێکی کەنار دەریایە و لە ژێر ئاستی ئاوی دەریادایە. مامۆستا کە لەم کاتەدا بۆ سەردانی بەشێکی ناوخۆیی شاری ڕۆتەردام دەڕۆشت، سەبارەت بە شار و شارۆچکەکان ئەو وڵاتە وتی” زۆر بە جوانی دیزاینیان کردووە، هیچ سوێنێکی بۆشیان تێدا جێنەهێشتووە”.

مامۆستا نزیکەی هەفتەیەک لە هۆڵاندا مایەوە و، لەم بەشە ناوخۆییە چاوی بە تورکانی ئەو وڵاتە کەوت و قسەی لەگەڵدا کردن. هیممەتی هاوڵاتیانی ئەنەدۆڵو، لێرە دەستی بە میوەی گرتنی خۆی کردبوو، هەربۆیە بەشی ناوخۆیی لێدەکرایەوە و خوێندکاران تێیدا دەیانخوێند. ئیدی ئەو وڵاتانەی کە پێش ١٣ ساڵ سەردانی کردبوون و، تێیدا هەستی بە غەریبی سەردارمان کردبوو ، خەریک بوو ئەو هەستەی دەڕەویەوە.

ئیدی چاوەکانی چەشنی کانی، فرمێسکی سوپاسگوزاری پێدا هاتە خوارەوە. تورکانی هۆڵاندا هەتا ساڵی ١٩٨٥، زیاتر لەو کەسانە پێکدەهات کە بە هۆی ڕووداوە جیاوازەکانی تیرۆرەوە لە تورکیا هەڵهاتبوون و، پەنایان بۆ ئەو وڵاتە بردبوو.

سەرپەرشتیارانی وەقفی ئاکیازیلی کە هەموویان دەرچووی زانکۆکان بوون، بۆ یەکەم جار هاوڵاتیانی مزگەوتەکانیان کۆکردەوە و قسەیان لەگەڵ دامودەزگا فەرمیەکان کرد.

تەنانەت مافی ئەوەیان بەدەستهێنابوو، کە لە کاتێکی دیاریکراوی هەفتەدا، لەسەر تەلەڤیزیۆنەکانی ئەو کاتەوە، گوزارشت لە خۆیان بکەن.

بابەتی ئەوەی تورکانی هۆڵاندا بگەنە ئەو ئاستەی بەم شێوە ڕێکوپێکە بتوانن پەیوەندی لەگەڵ کاربەدەستانی هۆڵاندا بگرن، مامۆستای دڵخۆش کردبوو.

هەروەها بابەتێکی تر کەوا مامۆستا هەوڵی فەراهەمکردنی دەدا، بریتی بوو لەوەی هاوڵاتیانی تورکیای دانیشتووی هۆڵاندا، زیاتر لە ئیماژی “کرێکارێک”، پێگەیەکی تری کۆمەڵایەتی تایبەت بە خۆیان هەبێت. هەربۆیە کاتێک ویستیان لە چەند شوێنێکی ئەمستردام و رۆتەردام مزگەوتێک و بەشێکی ناوخۆیی بکەنەوە، پۆلیسی هۆڵاندا نوسراوێکی فەرمی بە دەرگای هاوڵاتیانی ئەو ناوچانەدا هەڵواسی و تێیدا نوسیبوویان” هیچ زیانێک لەم هاوڵاتایانەوە بە ئێوە ناگات”.

مامۆستا هەمیشە بە هاوڵاتیانی دانیشتووی هۆڵاندای دەوت” لێرە بمێننەوە ببن بە هاوڵاتی ئەم وڵاتانە، ئاگاشتان لە منداڵەکانتان بێت”.

چونکە تورکانی ئەڵمانیا و هۆڵاندا، لە ساڵانی ١٩٦٠ هاتبوونە ئەو وڵاتانە و لە کانەکانی خەڵوز و شوشە، هەروەها لەناو کەشتیەکاندا کاری سەختیان کردبوو. پارەیەکی زۆریان خڕ کردبوویەوە و بیریان لە گەڕانەوە بۆ تورکیا دەکرد.

لەو ڕۆژگارەدا هەندێک لە مەلاکانی دانیشتووی ئەو وڵاتانە، لە وتارەکانیاندا دەیانوت” ئێرە وڵاتی بێگانەیە، هەتا ساتێک زووتر بگەڕێنەوە بۆ تورکیا باشترە، تەنانەت گەر لە کلکی فڕۆکەکەشدا بێت، جەنازەکانتان ببەنەوە بۆ تورکیا”.

هەندێک لە خێزانەکان بەم هۆیەوە دەگەڕانەوە و منداڵەکانیشیان نەیاندەویست بگەڕێنەوە و لەوێ دەمانەوە. لەبەر ئەوەی تورکەکانی ئەو وڵاتانە، بە وڵاتی بێگانەیان ئەژمار دەکرد، هەرگیز بیریان لەوە نەدەکردەوە کە مافی هاوڵاتی بوون وەربگرن.

بەڵام ئەو پەیامەی مامۆستا لە ساڵانی ١٩٩٠ بە تورکەکانی ئەوروپای دا زۆر جیاواز بوو” هەوڵی ئەوە بدەن سوود لەو مافی هاوڵاتی بوونە وەربگرن کە وڵاتەکانتان پێتان دەدەن، هەوڵی ئەوە بدەن مافی هەڵبژاردن و خۆ هەڵبژاردن بەدەست بهێنن، منداڵەکانیشتان بنێرن بۆ زانکۆ”.

لەو کاتە تورکەکان منداڵەکانیان بۆ خوێندنگە پیشەییەکان دەنارد، هێشتا هزری “منداڵی کرێکار هەر کرێکاری لێدەردەچێت” بەسەر هاوڵاتیاندا زاڵ بوو. هەربۆیە باوکی بێ بڕوانامە، دەبووە خاوەنی منداڵێکی بڕوانامەدار و بەم شێوەیە درێژەیان بە ژیانیان دەدا. هەربۆیە هەتا سەرەتاکانی ساڵی ١٩٨٠، ژمارەی ئەو تورکانەی لە زانکۆکانی ئەڵمانیا خوێندوویانە، هێندەی بڵێین هەر نەبووە، کەم بووە.

هەروەها یەکێکی تر لەو پەیامانەی مامۆستا بە تورکانی وڵاتانی ئەوروپای دا، بریتی بوو لەوەی مرۆڤێکی ڕاست و دروستیان لێدەربچێت و، ئەو دەستورانەی موسوڵمانێتی دەیخوازێت، لە ژیانی ڕۆژانەیاندا ڕەنگ بداتەوە.

چونکە ئەو تورکانەی لە ساڵانی ١٩٦٢ دەهاتنە ئەڵمانیا، زۆر بەیان بە شێوەیەکی زگورتی، لەو بەشە ناوخۆیانە ژیانیان بەسەر دەبرد کە ٣٠٠ کەسی تێدا دەمایەوە و هەر کەسێکیان یەک ژووری تایبەت بە خۆی هەبوو. هەروەها بە هۆی ئەوەی زۆربەیان ئاستی خوێندەواریان نزم بوو، توشی ئەنجامدانی کۆمەڵێک تاوان دەبوون.

بۆ نمونە هەندێک لەوان بە مەبەستی سوود وەرگرتن لە یاسای “هەبوونی منداڵ”، هاوسەرگیری ساختەیان ئەنجام دەدا و ٤ تا ٥ منداڵیان دەکرد بە ناوی خۆیانەوە، هەروەها هەندێک لەوان لە جیاتی ئەوەی لە مزگەوتی کارگەکانیاندا نوێژ بکەن، بە بیانوی نوێژکردنەوە وازیان لە ئیش و کاری خۆیان دەهێنا و سەر خەویان دەشکاند، بەم هۆیەوە دەبوونە هۆی ئەوەی مزگەوتی ناو کارگەکان بە داخستن بدەن.

هەروەها هەندێک لەوان خۆیان بە کەمئەندام ناوزەند دەکرد و کاتێک موچەیان بۆ دەبڕدایەوە و دەگەڕانەوە بۆ تورکیا، ئەوە ئاشکرا دەبوو کە لەشیان ساغە و توانای کارکردنیان هەیە. هەروەها هەندێک لەو تورکانەی لەگەڵ خانمانی ئەڵمانیادا هاوسەرگیریان دەکرد، خێزانەکانیان لە تورکیا پەرتەوازە دەبوون و جیابوونەوە دەکەوتە نێوانیان.

ئەمەش لە کاتێکدایە موسوڵمان پێویستە لە هەموو شوێنێک هەر موسوڵمانانە ڕەفتار بکات و داخوازی دینەکەشی ئەوەیە لە هەموو هەلومەرجێکدا کەسێکی سەر ڕاست بێت.

دوای ئەوەی مامۆستا ئەم سەردانانەی بۆ ئەڵمانیا ئەنجامدا، سەردانی هەریەک لە دانیمارک، فەرەنسا و ئیتاڵیاش کرد.

مامۆستا لەو کاتەدا  بە چالاکی موسوڵمانەکانی دانیمارک خۆشحاڵ بوو، لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ پاریسیش، سەردانی مۆزەخانەی کاتدراڵی نۆترە دامی کرد.

مامۆستا لە بەرواری ١١ ی کانونی یەکەمی ١٩٩٠، بەشداری لە یەکەم گەشتی شەمەندەفەری خێرای ی فەرەنسا کرد، کە تازە لە نێوان پاریس و ستراسبۆرگدا کەوتبووە کار.

شەمەندەفەرە خێراکە کە یەکەم گەشتی خۆی لە نێوان پاریس و ستراسبۆرگدا ئەنجامدا، ڕێگایەکی ٥٠٠ کیلۆمەتری، بە دوو کاتژمێر و نیو ئەنجامدا. مامۆستا لە میانەی ئەم گەشتەیدا، هەڵەچنی یەکەم بەرگی کتێبی نوری نەمری کرد.

مامۆستا لە بەرواری ١٣ ی کانونی یەکەمی ١٩٩٠، لە پاریسەوە گەشتە ڕۆما، ڕۆژی دواتر نوێژی هەینی هەیبوو. مامۆستا لە مزگەوتی ڕۆما نوێژی هەینی ئەنجامدا، کە هێشتا دروستکردنی مزگەوتەکە بەردەوامی هەبوو.

سەرەڕای ئەوەی ئەم مزگەوتەی ڕۆما لە ڕێگەی کۆکردنەوەی یارمەتی لە تەواوی موسوڵمانانی دونیا دروست دەکرا، بەڵام وێنایەکی وەهایان دروست کردبوو، وەک ئەوەی مزگەوتەکە لەلایەن پاشای سعودیەوە دروست بکرێت، ناوی مزگەوتەکە دەبرا.

مامۆستا لە دوای ئەنجامدانی نوێژی هەینی، هەتا کاتی نوێژی عەسر لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی لەو مزگەوتە مانەوە.

لەوێدا هاوڵاتیەکی ئیتاڵی تازە موسوڵمان بووی بینی لەگەڵ پاکستانیەکدا لەسەر حەدیسێک مشتومڕیان دەکرد.

مامۆستا بەم دیمەنە زۆر خەفەت دەخوات و دەڵیت” هزری لە خۆڕازیبووانەی لەم شێوەیە سێبەر دەخاتە سەر موسوڵمانێتی و سیمای جوانی  موسوڵمانێتی لەکەدار دەکەن”.

مامۆستا لە دوای یەک ڕۆژ مانەوە لە ڕۆما، سەردانی ئینگلتەرای کرد و لەوێش ماوەی دوو ڕۆژ مایەوە. مامۆستا لە لەندەن بەشداری لە چالاکەی جۆراوجۆرەکانی هاوڵاتیانی ئەوێشی کرد و پاشان گەڕایەوە ئەمستردامی پایتەختی هۆڵاندا. بەم شێوەیە لە دوای گەشتێکی ٢٥ ڕۆژی، لە ١٩ ی کانونی یەکەمی ١٩٩٠، بە فڕۆکەیەک گەڕایەوە وڵاتی تورکیا.

 

64 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە