بیروڕاگۆشەی م.فتحوڵڵا گولەنهەواڵ

ئاسۆیەکی فراوانتر لە مامۆستا و زانایەک!

بەشی ٢٩

مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن، لە ١٦ ی ئابی ١٩٧٤، دوا نوێژی هەینی لە ئێدرەمیت ئەنجامدا و ماڵئاوایی لە نوێژ خوێنان کرد.
لە شاری مانیسا دامەزرێندرابوو، دەبوو بەرەو ئەوێ بکەوێتە ڕێ. هەروەها لەبەر ئەوەی لەم کاتەدا هەواڵی نەخۆش کەوتنی باوکی پێگەشت، سەرەتا بەرەو ئێرزروم کەوتە ڕێ، مامۆستا خۆی بەم شێوەیە باسی ئەو ڕۆژگارە دەکات:
“لە شاری مانیسا دامەزرێندرابووم، بەڵام لەبەر ئەوەی هەواڵی نەخۆش کەوتی باوکم پێگەشت، پێش ئەوەی بەرەو شوێنی ئەرکەکەم بڕۆم، بەرەو ئێرزروم کەوتمە ڕێ. هەریەک لە کاک ئیلهان و دکتۆر قاحید و کاک موەفقم لەگەڵدا بوو. باوکم هێشتا بە پێوە بوو، لەسەر جێگا نەکەوتبوو. بەڵام ئەو پزیشکەی پشکنینی بۆ باوکم ئەنجامدا، ڕاشکاوانە نەخۆشیەکەی باوکمی پێوتم، توشی شێرپەنجە بوو بوو. پزیشکەکە پێی وتم” بە ڕای من گەر نەشتەرگەری بکەن یاخود نا، هیچ جیاوازیەکی نیە، تەنیا ٣ مانگی لە ژیاندا ماوە”. منیش یەک دوو حەپی ئازارم کڕی و دام بە باوکم. ئیدی کاتی بەجێگەیاندنی ئەرکەکەم هاتبوو. باسی ئەمەم بۆ باوکم کرد و دەستیم ماچ کرد و داوای مۆڵەتی ڕۆشتنم لێکرد. سەرەتا وتی مەڕۆ، پێنجشەممەی داهاتوو بڕۆ. پاشان داڵغە بردیەوە، وەستا و وەستا، پاشان وتی: بڕۆ، لێرە دوو چاو چاوەڕێتە لەوێ هەزاران”. ئیدی منیش گەڕامەوە بۆ ئیزمیر، لە دوای یەک هەفتە هەواڵی مردنی باوکمم پێگەشت. (باوکی مامۆستا لە ٢٠ ئەیلولی ١٩٧٤ لە سێهەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان، وەفات دەکات)…
ئەو شەوە لە ئیزمیرەوە بە پاس کەوتینە ڕێ، لەو کاتەدا هەریەک لە یوسف پێکمەزجی و کۆسە محمودیشم لەگەڵدا بوو. لە ئەنقەرەوە سواری فڕۆکە بووین و بۆ نوێژی نیوەڕۆ گەشتینە ئێرزروم. زۆر خەفەتم بەوە خوارد کە لە دوا ساتەکانی مەرگی باوکمدا ئامادەییم نەبوو. هەروەها بە کەرامەتی خۆی ئەوەی زانی کە دوای هەفتەیەک دەمرێت، کاتێک بیرم لەوە دەکردەوە کە ئەو قسەیەیم قبوڵ نەکرد، لە ناخمدا وەک برینێکی بە سوێی لێهاتبوو. چونکە باوکی وەها بە ئاسانی پەیدا ناکرێت. ئیدی ئەو ساڵە بە نیسبەت منەوە ساڵی ماتەمینی بوو.


(ساڵانی مانیسا- لە نێوان ساڵانی ١٩٧٤ بۆ ١٩٧٦)

مامۆستا لەگەڵ دەست بەکاربوونی لە مانیسا، بە داخەوە ئەو شەوق و هەیەجانەی چاوەڕێی دەکرد، نەیبینی. خەڵكی مانیسا بە ڕووی خزمەتێکی لەو شێوەیە زۆر داخراو بوون. هێندەی ئەوەی بڵێیت هیچ خۆیان تێنەدەگەیاند، پەیوەندی و گەرموگوڕییان نەبوو.
مامۆستا کاتێک باسی ئەمە دەکات دەڵیت:
ناتوانم باسی ئەوە بکەم کە مانیسا شتێکی زیادەی خستۆتە سەر من یاخود ئەو خزمەتەی دەستی پێکردبوو. هەموو شتێک وەک درێژکراوەیەکی جاران بەردەوامی هەبوو. وتار، چاوپێکەوتن، کەمپەکان… هەمیشە هەر وەک جاران بەردەوامییان هەبوو. لەوە دەچێت و چوون و هاتنم، زۆر لە ڕۆژانی ئێدرەمیت زیاتر بوو بێت. بەڵام هەڵەیە گەر ئەمە وەک خزمەتی مانیسا تەماشای بکەین. لە ڕاستیدا جەماعەت هەتا ئەو ڕۆژە، هەر بە چاودێری جەنابی حەق ڕووی لە زیاد بوون دەکرد.
لەلایەکی ترەوە، ئەوانەی دەیانویست سەردانی ئێدرەمیت بکەن و بە هۆکاری جیاواز نەیاندەتوانی ئەم کارە بکەن، بە تایبەت دوای ئەوەی مەسافەی نێوانمان کەمتر بوویەوە، ئیدی ئاسانتر دەیانتوانی بێن و بڕۆن. ئەمەش یەکێک بوو لەو تایبەتمەندیانەی کە ئارەزووی هاتنیان بۆ وتارەکان زیاتر کردبوو. بەڵام دەبێت دان بەوەدا بنێم کە لەو ڕۆژگارەدا مانیسا بەرامبەر خزمەت زۆر سارد بوو. هیچ پەیوەندی و گەرموگوڕیەکی بەرامبەر خزمەت نەبوو”.

لەوە دەچێت دواتر لە ڕێگەی هەوڵ و تەقەلای نەجدەت بەشاران و هەندێک لەو برایانەی خزمەتیان دەکرد، ئەم حاڵە کەمێک گۆڕانکاری بەسەردا هاتبێت، بەڵام لەو ڕۆژگارەدا مانیسا تەنیا لە ڕووی خزمەتی وەرزی هاوینەوە، بە یارمەتیدانی خزمەت هەڵدەستان. ئەمەش لە کاتێکدا بوو مانیسا خۆی شوێنێکی دیندار بوو.
بەڵام شوێنێکی وەک مانیسا، هەتا مێژوویەکی نزیک لە ئێستا، بە ناوی خزمەتی ئیمان و قورئانەوە، چالاکیەکی ئەوتۆی پشان نەدابوو. ئەگەرچی ئەمەش هۆکاری خۆی هەیە، بەڵام گەر باسی بکەم لەوە دەچێت هەندێک دڵمان لێ زویر ببێت و بشکێت”.

“ئێمە کاتی خۆ مەشغوڵکردنمان بەم شتانەوە نیە”
پایزی ساڵی ١٩٧٤ بوو، هەندێک لە کەسانی دیندار باسیان لەوە دەکرد کە پێویستە کەسانی دیندار لە ڕووی سیاسەتەوە پشتگیری سولەیمان دەمیرەل بکەن. بە گوێرەی تێڕوانینی مامۆستاش، خزمەت کردن بە دین، بە تەواوی لە دەرەوەی ژیانی سیاسەت فەراهەم دەبوو. لە یەکێک لەو ڕۆژانەدا، مەهمەت عەلی شەنگوڵ سەردانی مامۆستا دەکات، مامۆستا لەو کاتەدا بە نەخۆشیەوە لە ماڵەوە کەوتووە.

مامۆستا بە هاوڕێکەی دەڵێت کەوا لە دۆڵابەکەی پشتەوە، بە شێوەیەکی هەڕەمەکی یەکێک لە نامەکان دەربهێنێت و بیخوێنێتەوە. شەنگوڵیش بە قسەی مامۆستای کرد و یەکێک لە نامەکانی دەرهێنا و دەستی بە خوێندنەوەی کرد. نامەکە لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی سوکایەتی بە مامۆستا دەکرد بە هۆکاری ئەوەی پشتگیری لە سولەیمان دەمیرەل ناکات. مامۆستا لە وەڵامدا وتی “ئێمە کاتی خۆ مەشغوڵ کردنمان بەم جۆرە شتانەوە نیە” و تەواوی نامەکانی فڕێ دایە ناو سۆباکەوە و سوتاندنی.

حوکمەتەکانی بەرەی نەتەوەیی(٣١ ی ئازاری ١٩٧٥)

یەکەمین حکومەت کەوا لە مێژووی سیاسەتی تورکیادا دەشێت بە حکومەتی بەرەی نەتەوەییەکان ناوزەد بکرێت، لە بەرواری ٣١ ی ئازاری ١٩٧٥ دامەزرێندرا. ئیدی لە دوای ئەوە ناکۆکیەکانی ناوخۆی وڵات بە تەواوی ڕوویان لە زیاد بوون کرد و پاشان هەریەک لە دەمیرەل و بەرەی نەتەوەییەکان دوو حکومەتی جیاوازتریان پێکهێنا. لەم کاتەدا تورکیا ڕووی لە دوورگەی قوبرس و کرد(١٣ ی تشرینی دووهەمی ١٩٧٥) دەوڵەتی فیدڕاڵی قوبروسی ڕاگەیاند.
دەستکردنی مامۆستا بە کۆنفڕانسەکانی (١٩٧٥)

مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن، لە ساڵی ١٩٧٥ زنجیرە کۆنفرانسێکی لە ژێر ناوەکانی قورئان و زانست، داروینیزم، نەوەی ئاڵتونی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی و پێغەمبەرایەتی پێشکەش کرد. لە ساڵی ١٩٧٦ بە هەمان شێوە ئەم کۆنفرانسانە بەردەوامییان هەبوو، جگە لە شاری ئیزمیر لە هەریەک لە شارەکانی ئەنقەرە، چۆروم، ماڵاتیا، دیاربەکر، کۆنیا، ئەنتالیا ، ئایدن، جگە لە ٣ شاری تورکیا، سەردانی هەموو شارەکانی تورکیای کرد.
“کاتێک دێینە سەر باسی کۆنفڕانسەکان، ئەمە تەنیا بە هۆکاری پێویستی گواستنەوەی پەیامەکەمان بوو بۆ ئەو مرۆڤانەی کە نەیاندەتوانی سەردانی مزگەوتەکان بکەن. ئەگەرچی لە ڕێگەی وتاری ناو چایخانەکانەوە سەرەتای ئەم کارە هەر لە مێژەوە دەستی پێکردبوو. گەر بتەوێت کۆمەڵێک قسەی لەو شێوەیە تەنانەت لە چایخانەکانیش ئەنجام بدەیت، دیسان دەبێت بە گوێرەی یاساکانی ڕێپێوان و گردبوونەوە ئەنجامی بدەیت. کاتێک ئەوەمان بۆ دەرکەوت کەوا لە ڕێگەی هەمان مۆڵەتەوە دەتوانین ئەم کارە لە شوێنی گەورەتر ئەنجام بدەین، ئیدی ئەوەمان بە باش زانی لە چوارچێوەی کۆنفرانسدا ئەنجامی بدەین”.
مامۆستا یەکەم کۆنفرانسی لە کاتی ئەنجامدانی خزمەتی سەربازیدا ئەنجامدا، بابەتەکەی سەبارەت بە مەولانا بوو.
دووهەمین کۆنفرانسیشی لەو کاتەدا بوو کە لە کەستانەپازاری دەست بەکار بوو بوو. لە یەشیلئەدا بە شێوەیەکی بەردەوام هەموو هەفتەیەک زنجیرە کۆنفرانسی پێکەش دەکرد. هەفتەیەک کۆنفرانسی ئەنجام دەدا و هەفتەی داهاتوو، ڕەخنە و شرۆڤەی ئەو هەفتەیەی پێشوویان دەکرد. پاشان داوا لە مامۆستا کرا کەوا کۆنفرانسێک لەسەر قورئان پێشکەش بکات.

یەکەم وتاری مامۆستا لە ئیستەنبول:
یەکەم وتاری مامۆستا لە شاری ئیستەنبول، لە ساڵی ١٩٧٦ لە مزگەوتێک بوو بە ناوی دەرگاهی یەحیا ئەفەندی لە ناوچەی بێشکتاش. لەو مزگەوتە بچوکەدا نزیکەی ١٠٠ بۆ ١٥٠ کەس ئامادە بوو بوو. مامۆستا لە دوای ئەم وتارەی دیسان گەڕایەوە بۆ ئیزمیر و لە ناوچەی بۆرنۆڤا دامەزرێندرا.

ساڵانی بۆرنۆڤا لە ئیزمیر(١٩٧٦ – ١٩٨٠)

مامۆستا لە بەرواری ٢٨ ی ئەیلولی ١٩٧٦، لە ناوچەی بۆرنۆڤا دەست بەکار بوو. هەتا کودەتاکەی ١٢ ی ئەیلولی ١٩٨٠ لەسەر کارەکەی بەردەوامی هەبوو.
مامۆستا سەبارەت بەم قۆناغەی ژیانیشی دەڵێت” بۆرنۆڤاش بە ناوی خزمەتەوە هەر درێژکراوەی مانیسا بوو. لێرەش بەردەوام بووین لەسەر ئەوەی چەند زنجیرە باسێک لە وتارەکانماندا پێشکەش بکەین. هەروەها هەفتانە شەوێکمان بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان تەرخان کردبوو. لەم کاتەشدا من هەلی ئەوەم بۆ ڕەخسابوو کە بە لای ڕاست و چەپدا بڕۆم. بەردەوام لە شوێنە جیاوازەکانەوە بانگهێشتنامەم بۆ دەهات. هێندەی توانام هەبووایە، هەوڵی ئەوەم دەدا هیچ کام لەو بانگهێشتنامانە ڕەت نەکەمەوە. ئەمانەش بانگهێشتنامەی کۆنفرانس، وتار و ئامادە بوون بوو لە کرانەوەی هەر دامودەزگایەکی خێرخوازیدا. من هەوڵی ئەوەم دەدا بە تەواوی ئەمانە ڕابگەم. ئیدی لەبەر ئەوەی عەزم و توانای جەستەیشم دارای شتێکی وەهای بوو، هەمیشە هەلی بەشداریکردنم بۆ دەرەخسا. ڕۆژی وەها هەبوو لە ٣ شوێنی جیاواز وتارم دەدا. لە کاتی چوون و هاتنمدا بۆ ئەو شوێنانە، لە ئۆتۆمبیلەکەدا پشووم دەدا. ئێستا ناتوانم هەمان چالاکی ئەو ڕۆژگارە ئەنجام بدەمەوە. ئید ئەمە یان پەیوەندی بە تێکچوونی باری تەندروستیمەوە هەیە، یاخود پەیوەندیەکی ڕاستەوانەی لەگەڵ بەرەو ژوور چوونی تەمەنم هەیە. لەبەر ئەوەی قورسایی خزمەت لە ئیزمیر بوو، داوای دامەزراندنم لە ئیزمیر کرد. بەڵام لەبەر ئەوەی بۆرنۆڤاشیان لەسەر ئیزمیر ئەژمار دەکرد، لەوێ دایانمەزراندم. لەوە دەچێت سوودیشی هەبوو بێت، چونکە نزیک بوو لە زانکۆی بۆرنۆڤا، ئەمەش وای دەکرد کە خوێندکارەکانی زانکۆش لە وتارەکاندا بەشداری بکەن.

هەروەها لە ڕووی ئەو تەکلیفانەی کەوا من لە برادەرانم دەکرد، بە گوێرەی جاران، مەسافەیەکی باش بەرەو پێشەوە چوونی بە خۆیەوە بینی بوو. هەروەها ناحەزی هەندێک کەسیش هەر بەردەوامی هەبوو، بەڵام هێندە هەبوو نەرمونیانییان پشان دەدا و سەرنگەرێکی دژ بە ئێمەیان نەدەکردەوە، یاخود خۆیان بە ناچاری هەڵوێستێکی لەو شێوەیە دەزانی.
بەڵام زۆربەیان ئاسۆیان لە چوارچێوەی ئیزمیر نەدەچوویە دەرەوە. بۆ ئەوەی ئاسۆیان بە ڕووی تورکیا و ناوچەی ئەگەدا بکرێتەوە، دەبوو زۆر زەختیان لێبکرێت، هەر بەو شێوەیەش بوو”.
مامۆستا لەم قۆناغەدا بۆ تێپەڕاندنی بیری تەسکی هەندێک لا، بەردەوامی بە کۆنفرانسەکانی خۆیدا، کە لە ساڵی ١٩٧٥ دەستی پێکردبوو.
لە بەرواری ٨ ی کانونی یەکەمی ١٩٧٦، لە مامۆستاکانی زانکۆوە هەتا دەگاتە هەموو چینەکانی کۆمەڵگا، لەسەر هەموو ئاستەکان بەشداری لە کۆنفرانسی ” قورئان و زانستی مۆدێرن” کرا. هێندە خەڵک تامەزرۆی کۆنفرانسەکە بوون، ئاپۆڕەی خەڵک لە دەرەوەش ڕیزیان بەست بوو. مامۆستا لەم کۆنفرانسانەدا باسی لە تێڕوانینی قورئان دەکرد بۆ زانستە مۆدێرنەکان و لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت “بەڵام ئەمانە کۆششگەلێکی وەها نەبوون کەوا ڕەهەندێکی نوێ بە خزمەت ببەخشن”.
مامۆستا دەڵێت” ئەمانە قسەگەلێک بوون کەوا هەموو کەسێک دەتوانێت ئەنجامیان بدات. ڕێکخستنەکەی لە دەستی ئێمەدا نەبوو، کەسانێکی تر ڕێکیان دەخست و ئێمەش وەک قسەکەر بەشداریمان تێدا دەکرد”.

“بابەتی پەرەسەندن و کۆنفرانسێکی ڕاستەقینە”
یەکێک لە زنجیرە کۆنفرانسەکان بە ناوی داروینیزم بوو. لە شوێنی پێشەنگای ئیزمیر، ساڵۆنێکی ٥ هەزار کەسی بە کرێ گیرا بوو. لەم کۆنفرناسەشدا زۆر زیاتر لەوانەی لە ژوورەوە دانیشتبوون، هاوڵاتیان لە دەرەوە ڕیزیان بەست بوو. تەنانەت ئەو ڕۆژە شوێنی پێشنگاکە وەک رۆژی جەژنی لێهاتبوو. هەموو کەس نوێژی ئێوارەیان لەسەر چیمەنەکانی ئەو شوێنە ئەنجامدا. ئاستی بەشداربووان لەسەر هەموو چینەکان بوو. هەندێک بە مەراقی ئەوەی ئاخۆ باسی چی بکات هاتبوون و هەندێک هەر بە جددی بە مەبەستی زانیاری وەرگرتن لەسەر بابەتەکە هاتبوون. هەندێکیش ئامادە بوون لەو شوێنە، بە ئەرکی سەرشانی خۆیان دەزانی.
مامۆستا بەم شێوەیە باسی ئەو ڕووداوە دەکات:
ناوی “پەیوەندی نێوان ئەفراندن و داروینیزم” یاخود “نەبوونی پەیوەندی لە نێوان ئەفراندن و داروینیزم” لەلایەن ئێمەوە دانرابوو. سەرەتا دەبێت باسی ئەفراندن بکەین، بەڵام داروینزم تەنیا تیۆرەیەک بوو. من پێشتر لە وتارەکانی مزگەوتدا باسی ئەو بابەتەم کردبوو، لە کۆنفرانسەکەدا بە شێوەیەکی سەربەخۆ باسی ئەو بابەتەم کرد. ناتوانین ئەوە بڵێین کەوا باسی شتێکی جددیم کردووە. تەنیا ئامانجی من ئەوە بوو، لە ڕوانگەی حەقیقەتەکانی قورئانەوە، سەفسەتەی داروین تەختی زەوی بکەم. ئیدی من لەو بابەتەدا چەندە توانای کارێکی لەو شێوەیەم هەبوو، ئەمە بابەتێکە جێگەی باسە. بەڵام گومان لەوەدا نەبوو کە سەنگەری کەسانی ئیماندار، بەو هۆیەوە شێوازێک لە غیرەتیان پەیدا کردبوو. ئیدی دواتر زۆر کتێب نوسران و هەموویان بەڵگەکانی داروینیان تەختی زەوی کرد”.
لە کاتی گەنجێتیمدا دوای ئەوەی بیستم کەوا شێخول ئیسلام خەیروڵڵا ئەفەندیش باوەڕی بە تیۆریەکەی داروین هەبووە، دونیام بەسەردا ڕووخا.

دوای ئەوەی بیستم کە موفەسیرێکی گەورەی لەو شێوەیە وتوویەتی”گەر زانست ئەمە بسەلمێنێت، منیش ئایەتەکانی قورئان بە گوێرەی ئەو سەلماندنە راڤە دەکەم”، ئیدی بە تەواوی منی ڕوخاند.

هەر بەم هۆیەشەوە سەرەڕای ئەوەی بابەتی من نەبوو، لە هەمان کاتدا زانیاری زۆریشم لەسەر نەبوو، بەڵام ئەم بابەتەم گواستەوە سەر مینبەرەکان و هەوڵی ئەوەشمدا لە شوێنە جیاوازەکانی وڵات بە شێوازی جیاواز پێشکەشی بکەم.


ئەمەش کارێکی پێویست بوو بە نیسبەت ئەو گەنجانەی کەوتبوونە ناو چنگی کەسانێکی بێ ئیمان و بۆ ئەوەی لە ڕێگەی چەند هزرێکی هاوشێوەوە ژەهراوی نەبن، دەبوو ئەم کارە ئەنجام بدرێت. لەو سەردەمەدا وڵاتەکەمان لە ڕێگەی ئەو شۆکە جیاوازانەی لە ڕۆژئاواوە دەهات، توشی لەرزین بوو بوو. بە داخەوە ئەم شۆکانە، زانا ناودارەکانی ئەو کاتەی جیهانی ئیسلامیشی هێنابوویە لەرزە”.

بەم شێوەیە مامۆستا لە ڕێگەی کۆنفرانسی “داروینیزم و ئەفراندن”، کە دژی فەلسەفەی دینە لە بابەتی ئەفراندن و سەبارەت بە بوونی خودا گەمان دروست دەکات، تەحەدای ئەو کەسانەی کرد کە بەرگری لە تیۆرەکەی داروین دەکەن…

کۆنفرانسەکەی مامۆستا لە ئەنقەرە، لە هۆڵی سینەما ئاری بوو. هێندەی لە ژوورەوە خەڵک هەبوو، بە هەمان شێوە لە دەرەوەش خەڵکی لە ڕێگەی بڵنگۆکانەوە گوێیان لێگرتبوو. مامۆستا وەک ڕێزێک بۆ ئەو کەسانەی بەشدارییان لە کۆنفرانسەکەیدا دەکرد، بۆ ماوەی ٣ کاتژمێر بە پێوە دەوەستا و دانەدەنیشت.
لە ڕاستیدا مامۆستا هەر لە سەرەتای ساڵانی ١٩٧٠، لە وتارەکانی لە شاری ئیزمیر، باسی تیۆریەکەی داروینی دەکرد و، لەم بابەتەدا یەکەم کەس بوو کە لە وتاری نوێژی هەینیدا باسی شتێکی لەو جۆرە بکات.
لە ساڵی ١٩٧٦ بە شێوەیەکی جددی بە دواداچوونی بۆ یەکێک لە بابەتە هەر ئاڵۆزەکانی بایۆلۆجی کرد کە ئەویش بابەتی پەرەسەندنە و لەم بابەتەشدا چەند هۆکارێک ڕۆڵیان دەگێڕا.
چونکە لەو کاتەدا ڕاڤەی هەندێک ئایەتی قورئانیان بە لای دارویندا دەشکاندەوە. هەندێک دەهاتن و بەشێک لە قسەکانی ئیبراهیم حەققییان دەهێنا و دەیانوت ئەویش باوەڕی بە پەرەسەندن هەبوو.

هەروەها مامۆستا لە کاتی سەربازیدا ڕۆمانێک دەخوێنێتەوە و لەو ڕۆمانەشدا ئاماژە بەوە دەکات کە یەکێک لە شێخول ئیسلامەکانی عوسمانی بە ناوی خەیروڵڵا ئەفەندیش، باوەڕی بە پەرەسەندن هەبوو.
تەنانەت ڕۆشنبیرێکی ئیسلامی ئەو کاتەی وەک حوسەین جیسریش دەڵیت” ئەم بابەتە هێشتا بیردۆزە، بەڵام گەر لە داهاتوودا بسەلمێندرێت، ئەوا دەتوانین لە ڕێگەی ئایەتەکانی قورئانەوە ڕاڤەی بکەین”.

ئیدی کاتێک مامۆستا هەستی بەوە کرد کە کەسانێک لەسەر ئاستی خەیروڵڵا ئەفەندی و حەسەن جیسریش بەم شێوەیە چووبێتنە ژێر کاریگەری ئەو بابەتەوە، ئەوا پێویستە بە شێوەیەکی بە پەلە بابەتەکە لەبەردەم کۆمەڵانی خەڵکدا هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت.
داروینیزم و نیهلیزم(هیچگەرایی) سەردەمانێک بە شێوەیەکی وەها کۆمەڵگایان تەنی بوو، زۆرێک لە بیرمەند و ڕۆشنبیرەکانیش چەشنی پەپولە، بەرەو ئەو ئاگرە ملی ڕێگەیان گرت و خۆیان وێران کرد. تورکیا بەم شێوەیە بە سەردەمێکی تەمومژاویدا تێدەپەری.

لە ڕاستیدا بابەتی کۆنفرانسێکی لەو شێوەیە کەوا پێویستە لەلایەن شارەزایانی بیۆکیمیایی، گێنەتیک، پاشماوە بەردینەکانەوە بە هەماهەنگی ئامادەیی بۆ بکرێت، مامۆستا ناچار بوو بەوەی بە تاقی تەنیا ئامادەیی بۆ بکات. مامۆستا پرسیارە یەک لە دوا یەکەکانی سەبارەت بە تیۆرەکە ڕیز دەکرد.

گریمان یەکێک لە زیندەوران دەگۆڕێن بۆ زیندەوەرێکی تر، بەڵام ئایا تەمەنی کام لە زیندەواران بەشی گۆڕانکاریەکی لەو شێوەیە دەکات؟ یاخود ئەوانەی گۆڕانکاریان بەسەردا هاتووە، جیا لە جۆرەکانی تر، ملیۆنان ساڵ تەمەنیان هەبووە. لەبەرچی لەناو مەیمونەکاندا تەنیا یەک جۆریان پەرەسەندنی بەسەردا هات و ئەوانەی تر وەک خۆیان مانەوە؟ ئایا پەرەسەندنی ژنان بە کام شێوە بووە؟
بۆ نمونە داروین دەڵیت” مرۆڤ لە سەرەتادا چەشنی مەیمون کوڵکن بوو، بەڵام بە تێپەڕینی کات مووەکانی هەڵوەری و وەک ئەمڕۆیان لێهات”…

مامۆستاش لە بەرامبەر ئەم بانگەشەیەدا پرسیاری ئەوەی دەکرد کە بۆچی ژنان بەو شێوەیە نین و موویان پێوە نەماوە؟
هەرچەندە داروین لە وەڵامی ئەمەدا دەڵیت” ژنان بۆ ئەوەی سەرنج ڕاکێش بن پێویستیان بە گۆڕانکاریەکی لەو شێوەیە هەبوو”، بەڵام ئایا ئەمە دژی بیردۆزەکەی خۆی نیە؟…
داروین دەڵیت” سەری مرۆڤ لەبەر ئەوەی زۆر زەبری بەردەکەوت، پێویستی بەوە هەبوو کە مووەکانی پێوە بمێنێتەوە”، ئایا دیسان لە دژی بیردۆزەکەی خۆی نەوەستاوەتەوە؟

بەڵام ئایا ئەو زەبرانەی بەر لوت، ئەژنۆ، پێکانی مرۆڤ دەکەون کەمترە لەو زەبرانەی بەر سەری دەکەون و بەو شێوەیە مووەکانی هەڵوەریون؟
هەروەها مامۆستا بە شێوەیەکی ورد توێژینەوەی لەسەر ژیانی داروین کرد بوو.
مامۆستا هەمیشە قسەیەکی جەیمس جینس، زانای گەورەی بەریتانی دووبارە دەکردەوە کە دەڵێت” مرۆڤ زانستی دۆزیوەتەوە، فێری فەلەکناسی بووە، بە قوڵی دەتوانێت لە پێکهاتەی مرۆڤ بڕوانێت، ئیدی دوای ئەمانە چۆن باوەڕ بە خودا ناهێنێت، سەرم لێیان سوڕ دەمێنێت”.
هەربۆیە خودی داروینیش دان بەوەدا دەنێت کە دروستبوونی چاوی مرۆڤ لە ڕێگەی بیردۆزی پەرە سەندنەوە شرۆڤە ناکرێت و لە نامەیەکیدا بۆ یەکێک لە هاوڕێکانی دەڵێت” کاتێک بیر لە چاو دەکەمەوە، خەریکە مێشکم دەتەقێت”.
خۆ گەر داروین پێکهاتەی یەک خانەی مرۆڤی ببینیایە، هەمان شتی سەبارەت بە خانەکانی لەشی مرۆڤیش دەوت. چونکە لە لەشی مرۆڤدا زیاتر لە ٦٠ ترلیۆن خانە هەیە و هەندێک جار تێکچوونی یەک خانە، دەشێت ببێتە هۆکاری مەرگی مرۆڤ…

132 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە