بیروڕاهەواڵوتاری هەفتانەی م.فەحوڵڵا گولەن

ژن، خزمەت، ئاوێتە بوون و دروستکردنی شورا بە ڕووی توانەوەدا

ژن، خزمەت، ئاوێتە بوون و دروستکردنی شورا بە ڕووی توانەوەدا وتاری هەفتانە ۲٦.۰٨.۲۰۱۹

 

 

لە ڕوانگەی ئەو هەلومەرج و بارودۆخەی پێیدا تێدەپەڕین، پێموایە بابەتەکە پێویستی بە هەڵمەتێکی سەرتاسەری هەیە و پێویستە بابەتەکە بەو شێوەیە هەڵبسەنگێنین، ژن، پیاو، گەنج و پیر، هەموو کەس پێویستە ئەو کارە بکات کە دەتوانێت ئەنجامی بدات.

 

گەر لە ڕوانگەی دیسپلینە سەرەکیەکانی دینەکەمانەوە سەیری ئەم بابەتە بکەین، ئەگەرچی لە عەسری سەعادەتدا خزمەتکردنی ژن و پیاو کەمێک بەردەمی کراوە بوو، کاتێک پیاوانی حەدیس دەخوێنینەوە، ئەوا یەک دونیا لە پیاوانی حەدیس، نزیکەی ٥ هەزار حەدیسیان لە دایکە عائیشەمانەوە ڕیوایەت کردوە.

 

ئەوانەش شتانێکن کە ڕیوایەت کراون، شتانێکیش هەیە کەوا ناگێڕدرێنەوە، شتانێک کەوا بە سەحیحیان زانیوە، لێیان وەرگرتووە.

لە هەر ٩ کتێبەکەی حەدیسدا، ئاماژە بە وتەکانی ئەو دراوە کە لە سەردارمانەوە ڕیوایەتیان کردووە.

 

کۆمەڵەی ژنان دایکان و خوشکانمان و دایکانی ئێمە لەو ڕۆژگارەدا، پێم وایە هێندەی پیاوان خزمەتیان بە ڕێگەی پێغەمبەری خودا کردووە.

بەڵام بابەتەکە لە پاش ماوەیەک لە شیرازەی خۆی دەرچووە و، لە سەردەمێکی دیاریکراویشدا ئەقڵی میلیشیایی کۆنتڕۆڵی بابەتەکەی کردووە و، بەم شێوەیە کۆمەڵەی ژنانیان لە ماڵەکان توند کردووە، بە تەواوی لە ژیانیان دابڕیون.

زۆر بە دەگمەن کەسانێک هەبوون کەوا هاتونەتە مەیدانەوە، وەک حورەم سوڵتان و کۆسەم سوڵتان تەنانەت لە دەوڵەتی عوسمانیشدا…

بەڵام من سەیری ئەمەوی و عەباسیەکانیشم کردووە، هەر زیاتر پیاوان لە مەیداندا بوون.

 

ژنان هەندێک حاڵەتی تایبەتی خۆیان هەیە، هەربۆیە پێویستە بە شێوەیەکی سنوردار چاوەڕمانیمان لەوان هەبێت، پێویستە ئەوەی لە پیاوان چاوەڕی دەکرێت، لەوان چاوەڕیی نەکەین، پێویستە هێندەی هێز و توانایان ئەرک و بەرپرسیارێتیان هەبێت.

هەروەها بابەتی ئەوەی هەموو ڕۆژەکان – بە شێوەیەک لە شێوەکان – ئامادەیی ئەوەیان تێدا بێت کە چالاک بن، ئەمانە بابەتگەلێکی جیاوازن.

دەبێت ئەم تایبەتمەندیانە وەک واقعێکی بەردەممان بیابینین و ڕەچاویان بکەین، بەڵام جگە لەم حاڵەتانە، چەشنی سەردەمی خاوەنی کۆتا پەیام، ئەوانیش لە بوارە جیاوازەکانی ژیاندا ڕۆڵیان هەبێت، بەڵام هەتا ئێستا بەم شێوەیە نەکراوە.

 لە سەردەمی دامەزراندنی کۆماری تورکیاشدا، ژنانیان خستە سەر تەختەی شانۆ و لە هەموو بابەتێکدا ڕۆڵی ئەکتەری لاوەکیان پێ بینی و – بمبورن کە ئەمانە دەڵێم – ژنانیان لە بابەتی پێ هەڵخلیسکاندن و لە خشتە بردنی کەسانی تر بەکارهێنا – داوای لێبوردن لە هەموو خوشکان دەکەم- واتە ژنانیان تەنیا لە بۆ پاڵپێوەنانی مرۆڤەکان بۆ ناو سەرگەردانی بەکارهێنا.

 لە سەردەمی مەشروطیەتەوە ئەم شێوازە لە مامەڵەی هەڵە دەستی پێکرد و لە سەردەمی کۆماریشدا بەردەوامی هەبوو.

هەتا بینەقاقا لەسەر ئەمە مامەڵەیان بەردەوام بوون.

بەڵام ژنان گەر لە بازنەی شەرعدا بێنە مەیدانەوە، بەو مەرجەی پابەندی توندوتۆڵمان هەبێت بە ڕێساکانی خۆمانەوە، بەردەوامیدان بەم جۆرە مامەڵەیەش، پێم وایە یەکێکە لە داخوازەکانی هەلومەرج و بارودۆخی ڕۆژگاری ئەمڕۆمان…

هەر لەم ڕوانگەیەشەوە بوو کە من باسی هەڵمەتێکی سەرتاسەریم کرد، پێویست بە هەڵمەتێکی گشتگیرە بە ژن و پیاوەوە…

وەک چۆن هاوسەری ئەبو سوفیان لە جەنگی یەرموکدا لە پاڵ هاوسەرەکەیدا شمشێری هەڵگرتووە و لە بەرامبەر دوژمن دەجەنگێت، پێویستە بە هەمان لۆجیک و فەلسەفە، ژن و پیاو پێکەوە دوای ئەم کارە بکەون.

لێرەدا ناچیزانە ئەم شتانە دەڵێم، ئەگەرچی حەدی من نیە و ئەوان لە من باشتر دەیزانن، لە چوارچێوەی هزر و هەستەکانی خۆمدا گوزارشت لەمانە دەکەم…

 

بابەتی دووهەم، پێویستە لەم بابەتەشدا نەکەوینە ناو هەڵەوە، لە ڕووی هەڵەی شێواز و ئسلوبمانەوە، مرۆڤەکان تەوەلا نەکەین. کاتێک دەڵێین ” با پێکەوە کۆ بینەوە و ڕێگەی الله و پێغەمبەری خودا لەلای خەڵک خۆشەویست بکەین”،  لەم بابەتەشدا لە ڕووی هەڵەی ئسلوبمانەوە مرۆڤەکان تەوەلا نەکەین و، هەربۆیە بێگومان پێویست بەوە هەیە بابەتەکان بە پاڵاوگەی پێداچوونەوە و ڕاوێژدا تێپەڕێندرێن.

گەر بە پێودانگی هەڵسەنگاندنێکی لەو شێوەیەدا تێنەپەڕێت و هەرکەس لەلای خۆیەوە قسەیەک بکات، لەوە دەچێت لەو نێوەندەدا زۆر دڵشکان ڕوو بدات.

خۆ گەر نان خواردنیش ئسلوبی خۆی هەبێت، سەرەتا شۆربا و زەڵاتە بێت و پاشان خواردنەکانی تر بێت و ئینجا چۆرەک و پاقلاوە و شیرینیەکان بێن، ئیدی لە بابەتێکی زۆر جددی وەک خۆشەویستکردنی الله و پێغەمبەرەکەی، یاخود ئەوەی ئیرەییان پێببردرێت، لایەنی کەم بۆ ئەوەی لە دونیای خۆماندا، گەر بە ئاڕاستەی ئەوەی شاباڵی پێبگرین و بمانەوێت لەم بابەتەدا شتێک بکەین، بێگومان پێویست بەوە دەکات، کە بابەتەکە ئەمانەت و ڕادەستی ئەقڵی دەستە جەمعی بکەین.

چونکە ئەگەر هەیە لەم بابەتەدا بکەوینە ناو هەڵەوە، وەک چۆن ئەوەی بچیتە بەردەم دادوەرێکی نابینا و بڵێیت” ئەی دادوەری کوێر”، دەشێت بەم شێوەیە لەم بابەتەدا بکەوینە ناو هەڵەوە…

بۆ نمونە ئێستا دەردی ئێمە چیە؟

وەک سەردارمان دەفەرموێت:

حَبِّبُوا اللهَ إِلَى عِبَادِهِ يُحْبِبْكُمُ اللهُ

واتە :الله لەلای مرۆڤەکان خۆشەویست بکەن، هەتا الله ش ئێوەی خۆش بوێت.

 

ئەگەر چی ڕیوایەتێکی لەم شێوەیە نیە بەڵام با منیش بڵێم:

حَبِّبُوا رَسُولَ اللهِ إِلَى أُمَّتِهِ وإِلَى اْلإِنْسَانِيَّةِ، يُحْبِبْكُمُ الرَّسُولُ

پێغەمبەری خودا لەلایە ئومەتەکەیی و مرۆڤایەتی خۆشەویست بکەن، هەتا ئەویش ئێوەی خۆش بوێت.

دەتوانن ئەمەش بڵێن.

بەڵێ ئەم بابەتە ڕاستە و، بناغەیەکی سەرەکیە، پێویستە ئەم کارە ئەنجام بدەین، ئەمە ئەرکی هەموو کەسێکە، بەرپرسیارێتیەکە لەسەر شانی هەموو لایەک، ئەگەرچی هێز و توانا،      ئەقڵ و لۆجیک و هەڵسەنگاندن،   ئاستی تایبەتی هەرکەسێک، لە ڕووی چالاکییان لە ژیاندا ئاستی جیاوازی هەیە، بەڵام لە بناغەدا بابەتەکە بە نیسبەت هەموو کەسێکەوە هەمان شتە.

بە نیسبەت کۆمەڵەی ژنان لە دایکان و خوشکانیشمانەوە، هەمان شتە، بە نیسبەت پیاوانیشەوە هەمان شتە.

ئیدی پێویستە سەردارمان خۆشەویست بکەین، بۆ نمونە کاتێک دەگەن بە یەکێک لە مەسیحی، یەهودی، یاخود دەگەن بە بودیست و براهمانیست و کۆنفیچیوسێک، گەر یەکسەر باسی سەردارمانی بۆ بکەن، دەشێت لە سەرەتاوە شێوازێک لە کاردانەوە دروست بکات.

ئیدی دەڵێت لەبەر چی بودا و براهمان نەبێت، لەبەرچی ئوپانیشاد نەبێت؟

هەربۆیە پێویستە بیر لەم بابەتەش بکەنەوە، دەمەوێت لە کەوانەیەکدا قسەیەک بکەم:

سەردارمان کاتێک لە سەرەتادا لە مەککە دەستی کرد بە بانگەوازی پەیامەکەی، کاتێک بە کۆڵانەکاندا دەگەڕا، دەگەشت بە هەرکەسێک پێی دەفەرموو:

 

قُولُوا لاَ إِلَهَ إِلاَّ اللهُ، تُفْلِحُوا

واتە: بڵێن جگە لە الله هیچ پەرستراوێکی شایستەی تر و ویستراوێکی راستەقینە نیە، دەگەن بە ڕزگاری…

سەیرکەن لە سەرەتادا یەکسەر ناوی خۆی نەدەوت، ئەمە لە کاتێکدایە کاتێک دەڵێین :

لاَ إِلَهَ إِلاَّ اللهُ، یەکسەر بە دوایدا مُحَمَّدٌ رَسُولُ اللهِ دێت.

لە حەدیسێکدا هاتووە کەوا بە  ڕیوایەتێکی لاواز ئەژمار دەکرێت، حەزرەتی ئادەم لەبەر شەرمی ئەو هەڵەیەی ئەنجامیدا ماوەی ٤٠ ساڵ سەری هەڵنەبڕی، ئەویش بریتی بوو لە پێ هەڵنوتینێک، زەمینەکەی بەردەمی بەفری گرتبوو، ئەویش لە کاتی هەنگاو هەڵناندا دیقەتی نەدا و هەڵخلیسکا، ئەمەش هەڵەی ئیجتیهادە، هەربۆیە پێی هەڵنوتی، بەڵام بۆ ماوەی ٤٠ ساڵ لە شەرماندا سەری بۆ ئاسمان هەڵنەبڕی، هەمیشە دەیوت:

 

 

رَبَّنَا ظَلَمْنَا أَنْفُسَنَا وَإِنْ لَمْ تَغْفِرْ لَنَا وَتَرْحَمْنَا لَنَكُونَنَّ مِنَ الْخَاسِرِينَ

 

واتە پەروەردگارا من و حەوا زوڵممان لە خۆمان کرد، گەر رەحمان پێنەکەیت و لێمان خۆش نەبیت، ئەوا لە کەسانی دۆڕاو و زەرەرەومەند دەبین، بەم شێوەیە پاڕایەوە.

 

پاش ماوەیەک بە ئەقڵیدا هات کاتێک لە بەهەشت دوور خرایەوە، لەوێدا چاوی بەو شتە کەوتبوو، ئیدی فەرموی:

پەروەردگارا لەبەر خاتری حەزرەتی محمد رەحم بە منیش بکە و لێم خۆش ببە، جەنابی حەقیش لێی دەپرسێت تۆ لە کوێ ناوی حەزرەتی محمد دەزانی؟

لە وەڵامدا دەفەرموێت:

کاتێک لە بەهەشت جیا بوومەوە، سەیری دەرگای بەهەشتم کرد، لەوێ بینیم…

دەرگای بەهەشت کە چەشنی دەرگای قەڵایە، ئەو دەرگایەی بۆ پێغەمبەرە گەورەکان ئاوەڵایە، چەشنی ئەو تابلۆیانەی بە بەردەم دەرگاکاندا هەڵدەواسرێت، دەبینێت نوسراوە:

لاَ إِلَهَ إِلاَّ اللهُ، مُحَمَّدٌ رَسُولُ اللهِ

سەیری ئەوە دەکات کە دوو ناو لە پاڵ یەکدان، دەڵێت ئیدی لەوە تێگەشتم کە لەلای الله هیچ کەسێکی تر هێندەی ئەو نرخی نیە، هەربۆیە ئەوم کرد بە تکاکار هەتا لێم خۆش ببێت.

بە ناوی داوای لێبوردنەکەیەوە، پێویستی بەوە دەکرد کە قافیەیەک بۆ پاڕانەوە و لاڵانەوەکانی دابنێت، ئەویش کاتێک ئەو قافیەی دانا، ئیدی بەر ئەو ڕەحمەت و لێخۆشبوونەوە فراوانەی پەروەردگاری کەوت.

ئەمانەم هەمووی لە کەوانەیەکدا وت.

بەڵێ ئەم مرۆڤە گەورەیە، ماوەی ١٣ ساڵ بە موشریکانی مەککەی وت :

 

قُولُوا لاَ إِلَهَ إِلاَّ اللهُ، تُفْلِحُوا

 

بەڵام لێرەشدا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆش بێت هەر ئاماژە بە پێغەمبەرایەتی خۆی دەکات…

دەشێت یەکێک بڵێت تۆ کێیت هەتا ئەمە بڵێێت؟ بە کام ڕێپێدراوی دەڵێێت:

ئەمە بڵێن ڕزگار دەبن و مرۆڤەکان دەچنە بەهەشتەوە.

گەر تۆ فەرمانبەردارێکی ئاسمانی نەبیت، ناتوانیت قسەیەکی لەو شێوەیە بکەیت.

ئەگەرچی بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئەمە دەڵێت، بەڵام لەو ڕۆژەشدا چەشنی ئەمڕۆ چەند تیمسالێکی ئەنانیەت بوونیان هەبوو، وەک چۆن هەریەک لەمڕۆدا بۆ خۆی تیمسالێکی ئەنانیەتە، یاخود تیمسالی ئێگۆ و ئێگۆ سەنتەریە، بتپەرستانی ئەو ڕۆژگارەش، لاتچیەکان، عوزاچیەکان، ئیسافچیەکان، نائیلەچیەکان، هەریەکەیان بۆ خۆیان بتێک بوون و حەزیان بەوە دەکرد هەموو کەسێک هەر ئەوان بپەرستێت، چەشنی چەند کەسێکی ڕۆژگاری ئەمڕۆمان، وەک دەڵێن:

گەر دەستی لێبدەیت عیبادەتە، ئیدی ئەویش لە خۆشیاندا خەریکە دەبورێتەوە، دەڵێت من تۆ دەپەرستم، ئەویش لە خۆشیاندا دەبورێتەوە، دەڵێن بەقەرە و مەقەرە، ئەمیش لە خۆشیاندا بۆیان دەبورێتەوە.

ناڕەزایی بەرامبەر هیچ کامیان دەرنابڕێت، ئەمەش بریتیە لەوەی لە بەرامبەر ئەنانیەتدا خۆت بدۆڕێنیت.

بدۆڕێییت بە نەفس و هەوا و ئارەزوت.

ئەوانەی لەو ڕۆژگارەشدا بە هەوا و هەوەسی خۆیان دۆڕابوون دەیانوت:

سەیرکەن نەوە هەتیوەکەی عبدالمطلب، کە دایک و باوکی نیە، هەستاوە و بە ئێمە دەڵێت کەوا پێغەمبەری خودایە، وتەبێژی ئاسمانم، من هەرچیەک بڵێم دەبێت گوێڕایەڵی بکەن… وایان دەوت…

بەڵێ ئەمەش ئوسلوبە…

لەم بابەتەدا بابەتی سەرەکی چیە؟

لاَ إِلَهَ إِلاَّ اللهُ، مُحَمَّدٌ رَسُولُ اللهِ

 

ئەمە وەک کلیلی بابەتەکەیە، ئەمە کلیلی چوونە ناوەوەی بابەتەکەیە، ئەو گرێ کوێرانەی ناکرێنەوە، لە ڕێگەی ئەم کلیلەوە دەکرێنەوە.

هەروەها کاتێک مرۆڤێک بەرەو ئەو دونیا دەڕوات، بە پشتیوانی خودا لە ڕێگەی وتنەوەی ئەمەوە ڕزگاری دەبێت، گەر بەم کلیلەوە بڕواتە ناو گۆڕەکەی، لەوە دەچێت مونکەر و نەکیریش تەنیا وەک ئەرکی خۆیان لێی بپرسن :

مَنْ رَبُّكَ، وَمَنْ نَبِيُّكَ؟

 

 ئەویش چاک دەزانێت کەوا چۆن وەڵامیان دەداتەوە.

بەڵام پێغەمبەری خودا لە سەرەتادا، یەکێک لە ددانە گرنگەکانی ئەو کلیلەی پێنەدەوتن، لە کاتێکدا ئەو کلیلە دوو ددانی هەیە،  لاَ إِلَهَ إِلاَّ اللهُ، مُحَمَّدٌ رَسُولُ اللهِ

 

بیری لەوە دەکردەوە کە دەشێت ئەمە قسەیە ئەنانیەتی ئەوان بجوڵێنێت و بەو هۆیەوە ئاماژەی پێنەدەدا.

هەربۆیە کاتێک لە ڕوانگەی ئسلوبەوە هەڵەتان دەکرد، دەشێت ببنە هۆی ئەوەی ناحەزی(ئەنتیپاتی) لێبکەوێتەوە.

دیسان با بە نمونەیەکی بچوک بابەتەکە ڕوون بکەمەوە:

هەمیشە کتێک لێپرسینەوە لەگەڵ خودی خۆمدا دەکەم، دەڵێم خۆزگە لە ڕابردوودا فڵان و فیسار شتمان بکردایە، ئەمانەمان ئەنجام نەدا و ئیدراکی ئێمە هێندەی ئاسۆی ئەم کارانە نەبوو.

هەربۆیە هەندێک هەڵەمان ئەنجام داوە و، ئەو مرۆڤانەی بەرامبەرمان ناحەز بوون، کارەکانی ئێمەیان پێ هەزم نەکرا، ئیدی بەو شێوەی زاڵمانە، خائینانە، دۆڕاوانە شاڵاویان بۆ هێناین.

هێندەی هەموو دونیا مرۆڤەکانیان توشی زوڵم کرد، غەدریان لێکردن و پەراوێزیان خستن. ئەو چینە دەستەبژێرەی کە تورکیا لە ماوەی ٥٠ ساڵی ڕابردوودا بەدەستی هێنابوو بە تەواوی لە ناوچوو، خۆیان دا بە دەم تاڤگەی جەهالەتەوە، ئێستا بەو شێوەیەیان لێهاتووە.

 -با نەڵێم ئێسقان- چونکە ئەوانیش لە کۆتایدا هەر  مرۆڤن! دەڵێم گەر پاروویەک هەنگوین و قەیماغیشمان بۆ ئەوان فڕێ بدایە، کاتێک ئەمەش دەڵێم، ئێوە لە قسەکانم تێدەگەن کە زیاتر مەبەستم لە چیە.

دامودەزگایەکی زۆر لەو نێوەندەدا هەبوو، وەک بەخششێک بمانوتایە فەرموو ئەم کار و ئامانجەش بۆ ئێوە بێت،   چەشنی پاشاکان کە هەندێک جار بەخشش بەسەر ئەو مرۆڤانەشدا دابەش دەکەن کە شیاوێتییان نیە، وەک منداڵ پەنایان بۆ دەبەن و، لە نزای “القلوب الضارعة” و ئەم گوزارەیە هەیە، ئیدی لەوێدا بێ ئەوەی جیاوازی لە نێوان چاک و خراپدا بکرێت، شتێک بەسەر هەموو کەسێکدا دابەش دەکەن، دەڵێم تۆ بڵێیت شتێکی وەهامان بکردایە دەبوو یاخود نا؟…

بەڵام هاوڕێکانم دەڵێن : هەرگیز قەناعەتیان بە شتێکی لەو شێوەیە نەدەکرد، چونکە بە تەواوی فکریان لەسەر خۆ چڕ کردۆتەوە، ئەمەش لە خۆشویستنی نەفسیانەوە دێت، بە شێوەیەکی وەها نەفسی خۆیان دەپەرستن، هەرگیز بەرگەی ئەوە ناگرن جگە لە خۆیان، ڕوو کردن لە کەسانی تر بوونی هەبێت.

هەربۆیە لە نێو حەسودی و ناحەزیدا هەنگاو هەڵدەگرن، حەسودی و ناحەزیش نەخۆشیەکی وەها گەورەیە، ئوستادیش ئاماژەی بەم بابەتە کردووە و دەڵێت:

کەسی حەسود لە پێش هەموو کەسێکدا خۆی دەسوتێنێت!

 حەسەنی بەسەریش دەفەرموێت:

من هیچ کاتێک زاڵمێکی وەک حەسودم نەدیوە کە لە مەزڵوم دەچێت!

دەڵێت زاڵمێکم نەدیوە کەوا لە مەزڵوم بچێت، جگە لە حەسود.

چونکە لە سەرەتادا زوڵم لە خۆی دەکات!

ئیدی ئارامی لەلا هەڵدەگرێت.

یاخود بە دەربڕینێکی تر:

حەسودی نەخۆشیەکی وەها گەورەیە، لەلای دەرونناسان و نەخۆشخانەکانیش چارەسەری بۆ نیە!

تەداوی ناکرێت!

ئیدی گەر مرۆڤەکان حاڵەتێکی ڕۆحی لەم شێوەیان هەبێت، پێم وایە هەرچیەکیان پێیبدە، ئیللا وەک دەهۆڵی ڕەمەزان هەر دەڵێت “من” و هیچ کاتێک دەنگی دەهۆڵییان ناگۆڕێت بە دەنگی نەی!

هەمیشە هەر دەنگی “گوم، گوم” یان لێوە دەبیستیت!

 ئەمە بیرکردنەوەی گشتی هاوڕێکانمە، بەڵام من دیسان خۆم ناگرم گەر لێپرسینەوە لە خودی خۆم نەکەم، ئیدی هەرکەسێک بە ناوی کەسە نزیکەکانی خۆیەوە لێرەدا ناسۆری دەچێژێت، بە ناوی دایک و باوک و کەسە نزیکەکانیەوە.

بەڵام ئەم فەقیرە ئەگەرچی بە شێوەیەک لە شێوەکان حەقێکی لەو شێوەیەشی نیە، بەڵام هەموو دونیا لە ڕوانگەی شوێنی ئەنجامدانی کارەکانەوە، ڕووی بابەتەکان لە ئێوە دەکەن، بۆ نمونە بە ئێوە دەڵێن تیرۆرست، ئیدی هەرکەسێک بە شێوەیەک لە شێوەکان پەیوەندی بە ئێوەوە هەبوو بێت، قۆڵبەستیان دەکەن و دەیانبەن، سزای زیندانی هەتا هەتایی بەسەر شتانێکدا دەسەپێنن، کە هەرگیز ئەو سزایە نایانگرێتەوە.

بەم شێوەیە بوو، کەسانی زۆر قەدر گران و دەستەبژێر، لە نێو ئەم گێرمەوکێشەیەدان.

ئیدی کاتێک من بیر لە تەواوی ئەمانە دەکەمەوە،  ناتوانم لە خۆم ببورم…

ئیدی نزیکەی نیوەی کاتەکانی ڕۆژم، مێشکم سەرقاڵە بە بیرکردنەوە لەم بابەتانە…

ئەمانەش بە ناوی سکاڵاوە ناڵێم، هەندێک ڕۆژ هەیە کەوا هیچ خەوم لێناکەوێت.

لە ناو جێگاکەمدا دەتلێمەوە و سەرینەکەم دەخەمە پشتەوە و هەوڵی ئەوە دەدەم بە دانیشتنەوە خەوم لێبکەویت، شەکرۆکەیەک دەخەمە ناو دەممەوە و هەوڵ دەدەم لە ڕێگەی ئەوەوە خەوم لێبکەوێت، بەڵام بە شێوەیەک لە شێوەکان ناتوانم ئەمانە لە مێشکم دەربکەم.

کاتێک ئەمانەم لە مێشکم بۆ ناکرێتە دەرەوە، ئەمجارەیان لە ڕێگەی قسەکردن لەگەڵ ناخی خۆمدا، دەست دەکەم بەوەی وەڵامی پرسیارەکانی ناو مێشکم بدەمەوە،  هەمیشە هەر بیر لەو شتانە دەکەمەوە…

 

ئیدی ئەم پرسیاریان دەمکوت دەکەم و دەچمە سەر پرسیارێکی تر، ئیدی خۆم بە شتی ناپیوستەوە خەریک دەکەم، کاتی خۆم بە فیڕۆ دەدەم، بەم شێوەیە خەوم لێدەزڕێت، ئیدی ئەو کارانەی دەبێت ئەنجامیان بدەم، ناتوانم ئەنجامیان بدەم.

ماوەی دوو مانگە چەندین جار پێنوسەکەم دەگرم بە دەستمەوە و کۆمەڵێک کاغەزی ڕەشنوس دەخەمە بەردەمم، بەڵام  هەتا ئێستا نەمتوانیوە دوو دێڕ وتار بنوسم، ئیدی بیر لەمە بکەنەوە.

 ئیدی ئەمانە لەوە دەچێت بە هۆی لاوازی و نەداری و بێ هێزی و ناڕەزاییم بەرامبەر ئەم چارەنوسەوە بێت،  جەنابی حەق لەبەر خاتری ئێوە لێم خۆش بێت.

ئیدی لە کاتێکی ئاوەهادا، کاتێک بیرم لە خۆڕاگری پێغەمبەری خودا کردەوە، دەستم لە خۆم شۆرد!

وتم ئەی پێغەمبەری خودا خۆ من وەک تۆ نیم و ناتوانم هەمان شت بکەم، تۆ بە تایبەت لە ژێر چاودێری جەنابی حەقدا بوویت، هەمیشە لە لایەن خۆیەوە پاڵپشتیت لێدەکرا، ورەی پێ دەدایتەوە و ئەوەی پێڕادەگەیانیت کەوا لە پشتی تۆیە.

لە سوڵتانیەتی سەور پێی ڕاگەیانیت کە :

لاَ تَحْزَنْ إِنَّ اللهَ مَعَنَا

 

هەر بۆیە بە حەزرەتی ئەبوبەکری فەرموو:

دۆستم خەفەت مەخۆ الله لەگەڵ ئێمەیە.

فَأَنْزَلَ اللهُ سَكِينَتَهُ عَلَيْهِ وَأَيَّدَهُ بِجُنُودٍ لَمْ تَرَوْهَا

 

 ئیدی لەوێدا زۆر هەستم جوڵا و وتم” ئەی پێغەمبەری خودا خۆ من تۆ نیم کە بەرگەی ئەم هەموو شتانە بگرم”.

 هەر لەم ڕوانگەیەوە پێویست بەوە دەکات پێگە و لاوازی و کۆڵەواری خۆشم بزانم، ئیدی لەم ژیانە چەندە بتوانین بەرگە بگرین، پێویستە بەرگەی بگرین.

پێویستە توشی دەستەوسانی نەبین، بۆ گوزارشت کردن لە حاڵی ئێستامان، پێویستە لە ئارامگریەکی چالاکانەدا بین، بۆ نمونە فڵان و فیسار زوڵمیان کردووە و خراپەیان ئەنجامداوە، تۆش هیچ مەڵێ و دەستەوسان بوەستە، نەخێر بەو شێوەیە نابێت.

دەبێت لەو کاتەدا بپرسیت:

من ئێستا لەم پێگەیەدام و بە گوێرەی ئەو پێگەیەی تێیدام، پێویستە فڵان شت بکەم… بە پشتیوانی خودا ئەوەی ئێوەش ئەنجامی دەدەن هەر هەمان شتە،  ئیدی بە گەنج و پیاوان و ژنانەوە، یاخود ئەوانەی ئێوە بە دایکانی خۆتان ناویان دەبەن، هەموو پێکەوە ئەم کارە ئەنجام دەدەن.

ڕۆژێک کاتێک ئەم شتانەی حاڵێکی سروشتی وەردەگرن، وەک چۆن سەردەمانێک لە سایەی ئەو هیممەتانەوە خوێندنگە و زانکۆ و کۆرسی ئامادەکاری پێش چوونە زانکۆ کرایەوە، وەک چۆن ئەم کارانە لەلایەن برا گەورە و خوشکە گەورەکانی ئەم مرۆڤانەوە ئەنجام درا، لەو باوەڕەدام ئەم کارانەی ئەمڕۆش، دارای ئەوەن لە داهاتوودا شتی گەورەتر بهێننە دی.

بابەتی ئەوەی لە حاڵی ئێستادا بە هەر چواردەوری دونیادا پرژێندراون، لە ڕاستیدا ئەم بابەتە هەم یەکێکە لە داخوازیەکانی سەردارمان و لە هەمان کاتدا بە ناوی بەدیهێنانی ئەو ئامانجە میسالیەی خستویەتە بەردەممان، هەنگاوێکی زۆر گرنگە.

هەربۆیە خودا بەم هۆیەوە ئێوەی پەرش  و بڵاو کردەوە، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە لە ئسلوب و شێوازی مامەڵەدا نەکەونە ناو هەڵەوە و ئەو شتانەی پێویستە بە مرۆڤەکانی بگەیەنن، پێیان بگەیەنن و ئەم پێگەیەی ئێستاتان لەو ڕوانگەیەوە هەڵبسەنگێنن.

ئێستا هەموو کەس ئێوەی بیستووە، ئەمە هەلێکە بۆتان ڕەخساوە، هەربۆیە پێویستە ناوی جەلیلی محمدی و ناوە شەریفەکانی تری، وەک خۆی ئاماژەشی پێداوە، لە هەر چوار دەوری دونیا وەک ئاڵا بشەکێتەوە.

بەڵێ پێویستە مرۆڤ خۆی فڕێ بداتە ناو ئامانجێکی میسالی لەو شێوەیە.

ئیدی بێگومان الله ئەو دەگەیەنێت بە دەریا.

ئیدی ئەویش لە دەریادا ڕێگەی خۆی دەدۆزێتەوە و دەبێت بە هەڵم و دەچێتە ئاسمان، پاشان لەسەر شێوازی دڵۆپەی سالب و موجەب دێنەوە پاڵ یەکتر، دیسان دەبنەوە بە دڵۆپەی باران و بەسەر ناخی زەویدا دەبارێن، بە هانای مرۆڤەکانی ترەوە دەچن، بە هانای درەخت و گژوگیاکانەوە دەچن، دیسان دەبنەوە تاڤگە و دەڕژێنەوە ناو دەریاکان.

جاران لە زاراوەی پزیشکیدا دەستەواژەی بازنەی تێکچوو(دائرة الفاسدة) هەبوو، ئێستا زاراوەی بازنەی نەزۆک هەیە، ئێمەش لە بەرامبەر ئەم دەستەواژەیەدا، “بازنەی چاکەکار”ی بەکار دەهێنین، یاخود “بازنەی هەڵهێنەر”…

بەڵێ ببنە هۆکاری شتێکی لەم شێوەیە، بە پشتیوانی و چاودێری خودا…

دەشێت لە بەرامبەر هەندێک حاڵەتی زەروریدا، بڵێین ” با کەمێکی تر دان بە خۆماندا بگرین و زیاتر لەسەر ئەم بابەتە بوەستین، سەیری فەلسەفەی سیرە بکەین، جارێکی تر چاومان بە ژیانی جوانی سەردارماندا بخشێنینەوە،  جارێکی تر سەر لە نوێ سەیری پەیامەکانی نور بکەینەوە”؛  کە ئەویش لەلایەن وتەبێژی سەدەوە نوسراوە.

یەکێکە لەو مرۆڤانەی کە دەردەکانی ئەم سەدەیەی بە باشی دیاری کردووە.

 

دەشێت لەو جۆرە حاڵەتانەدا هەست بە پێویستی چاوخشاندنەوە بەو جۆرە بابەتانەدا بکەن و، بەرپرسیارێتیەکان وا لە نەوەی نوێ دەکەن، لەو بابەتانەدا ئاڕاستەی قوڵ بوونەوەیان بکات و ناچاریان دەکات.

ئیدی خۆیان بە ناچاری کارێکی لەو شێوەیە دەکەن…

 

 من خۆم ئەمەم بەسەر هات لە سەردەمێکدا کەوا هزری کۆمۆنیستی لە تورکیادا ڕەواجی هەبوو.

ئێوەش شاهیدی ئەو قسانەم بوون کە لەسەر مینبەری مزگەوتەکانەوە ئەنجامم دەدا، هەندێک لە گەنجانی بێ دەستنوێژ دەهاتنە مزگەوت و هەمیشە ئەو جۆرە پرسیارانەیان لە من دەکرد، ئیدی ئەوانەی ئاماژەم پێدا، هەمیشە ئەو وەڵامانە بوو کە بە شێوەیەکی ئیرتیجالی وەڵامم دەدانەوە…

 

ئێستاش پێویستە بپرسین، کێشەی مرۆڤەکانی ئەمڕۆ چییە؟ دەردەکانیان چییە؟ ئیدی بە شێوەیەکی ماقوڵ کە نەیانترسێنێت و تەوەلایان نەکات، لە بابەتی دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەکدا هزرمان بخەینە گەڕ.

بێگومان لە پاڵ ئەوانەی ئاماژەم پێدا، سەیری ئەو مرۆڤانەی ئەمڕۆش دەکەین کە لە بابەتی چۆنیەتی چارەسەری ئەو کێشانەدا قسەیان کردووە…

 

 

 

 

لە ڕاستیشدا هەلومەرج و بارودۆخەکان، وا لە مرۆڤەکان دەکات شیاوێتی بۆ ئەو کارە پەیدا بکەن کە دەبێت ئەنجامی بدەن.

لەوە دەچێت هەندێک پێویستی بەوە هەبێت لە دواوە پاڵێکی پێوە بنێیت هەتا ئەو کارانە ئەنجام بدات.

بۆ نمونە شیاوێتی هەیە، جبەخانەیەکی پڕی هەیە، لە هەموو بابەتێکدا ما شاء الله ی لێکراوە، زۆر بە ئاسانیش دەتوانێت مەبەستی خۆی بگەیەنێت، واتە چەشنی فیردەوسی هەر شتێک دەڵێیت مرۆڤەکان لە بەردەمیدا دەبورێنەوە، گەر لە مرۆڤدا شیاوێتیەکی لەم شێوەیە هەبێت، پێویستە لە دواوە پاڵیان پێوە بنرێت هەتا لە شتی ئەرێنیدا بەکاری بهێنێت.

 

دونیا پێویستی بەوە هەیە کە ئەم دەنگ و هەناسەیەی خزمەت ببیستێت.

چونکە سەردەمانێکە کەسانێکی وەها هەن کە موسوڵمانان وەک تیرۆرست دەبینن، بەڵام ئێستا ئەو مرۆڤانەی کە لە شوێنە جیاوازەکانی دونیا نوێنەرایەتی موسوڵمانێتی و چارەنوسی موسوڵمانێتی دەکەن، راستەوخۆ بەوانیشیان وت ئەمانەش تیرۆرستن. واتە بە موسوڵمانی راستەقینەشیان وت تیرۆرست.

بۆ ئەوەی بیسەلمێنرێت کە ئەم قسەیە وەها نیە و دینێکە زۆر لەسەرو هیومانیزم و مرۆڤایەتیەوە و دینێکی ئاسمانی گرنگە، پێویستە ئەمانەیان بۆ باس بکرێت. هەروەها باسی ئەوەیان بۆ بکرێت مرۆڤەکان بە بیروڕای ئازادانەی خۆیان ئەم ڕێگەیان هەڵبژاردووە و، بە هەڵبژاردەی خۆیان ئەو ژیانە دەژین کە دەیانەوێت تێیدا بژین، هەموو هەر هێندەیە و بەس.

واتە بە بیروڕای ئازادانەی خۆیان، بە تێبینی ئەوەی دادپەروەری فەراهەم ببێت، بە مەبەستی ئەوەی ئازادیەکان فەراهەم بکەن، ئەم کارانە ئەنجام دەدەن، هەربۆیە پێویستە سیستەمەکە بە گوێرەی ئەمە ڕێک بخرێت و لەم بابەتەدا یۆتۆپیایەک دروست بکرێت.

لەم بابەتەشدا یەکێک لەو بابەتانەی هەر لە سەرەتاوە توشمان دەبێت چۆنیەتی ئاوێتە بوونە(
Integration) لەو کۆمەڵگایانەی تێیدا دەژین، گەر لە وڵاتانەی تێیدا دەژین، لە ڕووی سەر و قژ و ڕیش و سمێڵ و ئەو جلوبەرگانەی لەبەری دەکەین، جیاوازیەک دروست بکەین، ئەو شتانەی لە ڕوانگەی دینەوە پێویستە ئەنجامی بدەن هەر دەبێت ئەنجامی بدەن، چەشنی ئەوەی ئێستا هاونیشتیمانەکانمان ئەنجامی دەدەن، یان ئەوەی ئێوە ئەنجامی دەدەن…

 

بەڵام بۆ نمونە ئەم جلانەی من، گەر لێرە یاخود لە شوێنێکی وەک ئێرە کە پەرستگابێت، بە لایانەوە ئاسایی دەبێت، بەڵام گەر لە ناو ژیانی ئاسایشدا هەر بە هەمان شێوە بسوڕێیتەوە، لەوە دەچێت پێیان هەزم نەکرێت.

هەربۆیە پێویستە ئەو شتانەی کە زیاتر وردەکارین، خۆمان پێوەیان سەرقاڵ نەکەین، چونکە ئەم جارەیان لە ڕووی شێواز  و ئوسلوبەوە توشی دۆڕاوی دەبین.

 

هەربۆیە چۆنیەتی ئاوێتە بوون زۆر گرنگە، هەرکەسێک خاوەنی ئەقڵە لە ژن، پیاو، نەوەی نوێ، بە گەنج و پیرەوە، دەبێت لە بابەتی ئاوێتە بوون لەو کۆمەڵگایانەی تێیدا دەژین، هیچ کەموکورتیەک پشان نەدان.

پێویستە لە سەرەتادا بڵێن ئەمانەش یەکێکن لە ئێمە؛ کە دواتر قسەتان کرد بڵێن: خۆ ئێوە لە ئێمەش جیاوازن.

بەڵام لەلایەکی ترەوە، کاتێک بەم شێوەیە لە کەسەکانی تر نزیک دەبینەوە، لەوە دەچێت مار و دوپشکی  “توانەوە” – Assimilation – سەردەرکات.

 

پێموایە ئەمەش زیاتر کاریگەری لەسەر ئەو نەوەی نوێ و گەنجانە دادەنێت کە گوێڕایەڵی هەوا و ئارەزوی نەفسیان دەکەن.

یەکێک لەو کەسایەتیە ئەکادیمیانەی ئێرە کە خەڵکی ئەمەریکایە، سەرداریشمان دەناسێت سەڵات و سەلامی خودای لەسەر بێت، هێندەی ئەوەی لێمان بپاڕێتەوە دەیوت:

مامۆستا بۆ خاتری خودا مادام هاتونەتە ئێرە، هەرچیەکتان کردووە هەرگیز لە نێو ئەم کۆمەڵگایەدا نەتوێنەوە، خۆتان چۆنن هەر بەو شێوەیە بمێننەوە!

 

وانیە؟

 

بە پاڕانەوە داوای ئەمەی دەکرد، هاوڕێیانی منیش شاهیدی قسەکانی ئەو بوون.

پاشان وتی”ئەوانەی تر کە لە وڵاتی ئێوەوە هاتبوون، بە شوێنە جیاوازەکاندا بڵاو بوونەوە، لەبەر ئەوەی سیستەمی بەرگریان لاواز بوو، بەرگەیان نەگرت و خۆیان دا بە دەم ئەو تاڤگەیەوە و جارێکی تریش هەلی ئەوەیان بۆ نەڕەخسا کە بێنە کەنار و لێی بێنە دەرەوە”.

 

وەک ئەوەی لێمان بپاڕێتەوە، داوای ئەم شتانەی لە ئێمە کرد.

 

یەکەم بابەت کە ئاماژەمان پێدا بریتی بوو لە ئاوێتە بوون، دووەم بابەت پێویستە لە بەرامبەر توانەوە شوراگەلێک دروست بکەین.

تەنیا چارەی ئەمەش بریتیە لەوەی کەسانێکی لێوەشاوە، ئایدیالیست و  خاوەن جبەخانە، خۆ تەرخانکەر لەم بابەتەدا ئاڕاستە بکرێن و دابمەزرێن.

گەر لەو شوێن و وڵاتەی ئێمە کەسانێکی لەو شێوەیە نەبن، لە شوێن و وڵاتی ترەوە بیانهێنین، کەسانێکی خاوەن لێوەشاوەیەتی و جبەخانەی پڕ، پێویستە ئەم کارانەیان پێ ئەنجام بدرێت.

لە پاڵ هەموو ئەمانەشدا کاتێک دێینە لای یەکتر، پێویستە دەست بکەین بە سوحبەتی جانان.

خۆزگە ئەوەی من خۆشم دەویست

خۆشیان دەویست هەموو خەڵکی جیهان

 

وەک ئەوەی شاعیر وتوویەتی: با هەمیشە گفتوگۆکانمان سەبارەت بە سوحبەتی جانان بێت.

 

واتە بە الله و پێغەمبەر دەست بە قسەکانمان بکەین، لە ڕوانگەی دینەکەمانەوە دەست بە قسەکانمان بکەین، مرۆڤەکان بەرەو ئەو بابەتە ئاراستە بکەین.

واتە وایان لێبکەین کە لە ناخیانەوە خۆزگەی پێ بخوازن، ئارەزوی بکەن، هەموویان تامەزرۆ بکەین، خۆزگە هەموویان دەگەشتنە ئەم ئاسۆیەی کاتێک باسی فەتحی ئیستەنبول دەکەیت بڵێن:

ئینجا ئەم کارە لاوەکیە چیە! ئەوەی لە ڕاستیدا گرنگە ئەوەیە ئیمان بە سەردارمان و جەنابی حەق لە دڵەکاندا زیندوو بکەینەوە. ئەمەیە زیندوو بوونەوەی ڕاستەقینە”، وەک چۆن ئوستاد نەجیب فازڵ دەستەواژەی زیندووبوونەوەی پاش مەرگی بەکار دەهێنا.(بعث بعد الموت)…

هەربۆیە پێویستە تەواوی بابەتە دونیایەکان وەک بابەتێکی لاوەکی لێبکەین…

 

 

 

 

بە شێوەیەکی وەها لەودا چڕ ببینەوە، هەر بە ڕاستی تەواوی دڵمان بەوەوە ببەستینەوە.

سەرداریشمان دەفەرموێت:

چەشنی ئەوەی ئێوە چێژ لە ئارەزووە جەستەییەکانتان دەبەن، من لە بەرامبەر عیبادەت و ڕوو کردنە پەروەردگارم تام و چێژ وەردەگرم!

 

واتە پێویستە ئەم کارە وەک بەشێک لە سروشتی خۆمانی لێبێت، وەک بەشێک لە سروشتی مرۆڤ و وەک ڕەهەند و قوڵاییەکی ئەنەتۆمی مەعنەوی مرۆڤی لێبێت.

 ئەنەتۆمی مەعنەوی مرۆڤ چیە؟

بریتیە لە دڵ، ویژدان و هەست و هەستیاریەکانی، ئیرادە، شعور و ئیدراکی…

ئەمانە لە پاڵ پێکهاتەی ماددیماندا بوونیان هەیە.

هەربۆیە پێویستە ئەم بابەتە وەک بەشێک لە قوڵایی ئەم پێکهاتەیەمان بکەین، گەر بە زاراوەی ئەمڕۆ گوزارشتی لێبکەین ئەگەرچی ئەو شێوازە گونجاویش نیە، بەڵام لەبەر ئەوەی زاراوەیەکی گونجاوترم نەدۆزیەوە، دەشێت بڵێین:

هەمیشە لە ژێر تێچەنینەدا جوڵە بکەین.

واتە چیدی سەیری بەڵگەکان نەکەین، بەو شێوەیە لە قوڵایی سروشت و ناخماندا شوێنی گرتبێت.

بۆ نمونە کاتێک کاتی نوێژ نزیک بۆتەوە، بێ ئەوەی گوێی لە بانگی محمدی بێت، پێویستە بە شێوەیەک لە شێوەکان دڵ و گوێمان هەر لەسەر مزگەوت بێت، دەبێت بڵێین:

خۆزگە کاتەکەی دەهات و بە سوجدەدا دەکەوتین، جارێکی تر ناخم بۆ پەروەردگارم هەڵبڕێژمەوە، پێویستە بابەتەکە بەو شێوەیەی لێبێت.

 ئەمەش شتێک نیە لە پڕێکدا وات لێبێت، گەر ببنە داواکار و خوازیاری بابەتەکە، وەک لە زمانی عەرەبیدا دەڵێن:

مَنْ طَلَبَ وَجَدَّ، وَجَدَ

 

واتە گەر مرۆڤ دوای شتێک بکەوێت و بە جددی بە دواداچوونی بۆ بکات، بێ هیچ گومانێک بەو شتە دەگات.

هەروەها پەندێکی پێشینانی تری عەرەبی هەیە کە دەڵێت:

 

مَنْ جَالَ، نَالَ

 

واتە گەر مرۆڤێک خۆی بخاتە ناو عەوداڵیەوە، دوای شتێک بکەوێت، چەشنی زەوی کە هەردەم بە چواردەوری خۆردا دەسوڕێتەوە، گەر بە چواردەوری ئەو ئامانجە میسالیەی خۆیدا بخولێتەوە، بێگومان ڕۆژێک دەگات بەو شتەی خەیاڵی دەکات.

 

بە پشتیوانی و چاودێری خودا.

 هەر بۆیە پێویستە کاتەکانی پشوو، بە نیسبەت نەوەی نوێ و گەنجانەوە بە ژن، پیاو، کوڕ و کچەوە گەر بەو شێوەیە هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین ئیتر توشی دۆڕان نابین.

بە پشتیوانی و کۆمەکی خودا.

واتە لەلایەک ئاوێتەی ئەو کۆمەڵگایانە دەبین، لەلایەکی ترەوە لە ڕێگەی ئەو شورایانەی دروستمان کردووە، ڕێگری دەکەین لەوەی خلیسکان بەرەو زەمینەکانی تر ڕوو بدات.

بە پشتیوانی و چاودێری خودا.

بەڵام پێموایە بێ ئەوەی وچانێک بدەین، یەکسەر دەست بەم کارانە بکەین.

تەنانەت لە خراپترین کاتەکاندا، لەو کاتانەی کە کودەتا ڕووی دەدا، هاوڕێکانیشمان ئەمە دەزانن، بە ناوی ئەوەی هاوڕێکانمان بهێنینەوە سەر خۆیان، یاخود ئەوەی ورەیان پێبدەین، هەمیشە بە ڕێکخستنی چەند کەمپێک هەڵدەستاین.

پاشان سەربازەکان دەیاندا بەسەر ئەو کەمپانەا، بەڵام سوپا لەو کاتەدا وەک ئەوانەی ئێستا بێ ئینساف نەبوون، دەیاندا بەسەر کەمپەکەدا و لەگەڵ خۆیاندا دەیانبردی و هەندێک قسەیان لێدەپرسیت و پاشان ئازادیان دەکردیت.

لەوە دەچێت هەندێک جاریش یەک دوو مانگ لە زیندان بمێنیتەوە.

لەو کاتەدا وەک ئێستا زیندانی هەتا هەتایی نەبوو.

پێموایە لەو سەردەمە پڕ مەترسیەشدا ژمارەی ئەم جۆرە کەمپانە ڕوویان لە زیاد بوون کرد، پاشان بە هەموو تورکیادا بڵاو بوویەوە، پاشان شێوازێکی مۆدێرنانەی وەرگرت و لە هۆتێل و میوانخانەکاندا ئەنجام دەدرا.

ئیدی کێ دەزانێت ئەم شتانە بە نیسبەت داهاتوەوە بەڵێنی چیمان پێدەدەن، لە ئێستاوە مومکین نیە کەوا دیاری بکەین.

کەسانێک کەوا لێرە بەم شێوەیە خۆیان تەیار کردبێت و پێگەشتبن، سیستەمی بەرگریشیان پێش کەوتبێت، ئیدی هەموو لاشەی بەرامبەر هەموو میکرۆبێک بەرگری پەیدا دەکات.

کاتێک میکرۆبێک خۆی فڕی بداتە ناو لاشەمانەوە، خۆی توشی مەترسی دەکات.

بە شێوەیەکی لێدێت وەک ئەوەی بەردەوام حەبی ئەنتیبیۆتیک وەربگرێت، بە پشتیوانی خودا.

ئەو نەوانەی لێرە پێدەگەن بەو شێوەیە خاوەن بەرگری دەبن.

ئێوە ئەمە بە چاوی خۆتان دەبینن ئەگەرچی ئێمە دەڕۆن بۆ ئەو لا، بەڵام کە هاتن لێتان دەپرسم کە چۆنی بووە.

 

جەنابی حەق لەبەرخاتری ئێوە لێم خۆش بێت و لەو دونیاش پێکەوە کۆمان بکاتەوە.

ئەمانەم وت بۆ ئەوەی نەوەی خۆمان لێرە بپارێزین، قسەکانم درێژ کردەوە و سەرم ئێشاندن، گەردنم ئازاد بکەن.

بە ناوی خوشک و برایانی ئەو شوێنانەی لێوەی هاتووین، سوپاسی ئێوە دەکەین کە لێرە ئێمەتان قبوڵ کرد.

ئەو کاتانەی لێرەدا بەسەرمان برد، بە ناوی خزمەتی ئیمانی و قورئانی، بەرچاوی ڕوون کردینەوە، قسەکردنی ئێوە لەگەڵ ئێمە، گەرموگوڕیەکی  زیاتری بە ئێمە بەخشی، بە ناوی ئەو خزمەتەی خۆشمان دەوێت و دڵمان پێیداوە، بیروراکانمان ئاڵوگۆڕ کرد. گفتوگۆ، وتار، بەرهەمەکانتان لەم سەردەمە سەختەدا هێزی مەعنەوی و دڵانی ئێمەی ڕۆشن کردەوە.

سوپاسی پەروەردگار دەکەین کە لەمڕۆدا هەموومان پێکەوەین. الله تا ئەبەد لە ئێوە و ئەو کەسانە ڕازی بێت کە لەم کارەدا ڕەنج و ئەمەکیان بە خەرج داوە.

پەروەردگارم ئێوەمان لێنەستێنێت و، نزای خێر بۆ تەندروستیتان دەکەین و، خوشکانیشت موحتاجی نزای ئێوەن.

زۆر سوپاستان دەکەم، خودا لێتان ڕازی بێت، جەنابی حەق بە هۆی ویژدان و راستگۆیی ناختانەوە پایەدارتان بکات، بتانکاتە هۆکاری خزمەتی زۆر گرنگ. هەر یەکێک لە خزمەتەکانتان بکات بە هەزار بە پشتیوانی خودا…

 

 

 

 

 

95 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە