بیروڕا

هۆکاری ئەو ڕق و کینە بەرامبەر بە بزاڤی خزمەت چییە؟

بەخامەی: فیکرەت کەپڵان

 

ئەو مرۆڤە باشانەی بە فیدارکاری و لێبڕانەوە کەوتوونەتە ڕێ بۆ ئەوەی مرۆڤەکان بتوانن خودی خۆیان بدۆزنەوە و بە ئاسوودەی خۆشەویستی شاد ببنەوە، ئەمڕۆ خواستێک هەیە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی کۆمەڵکوژییەکەوە کە پێشتر هاوشێوەی لە مێژوودا نەبینراوە لەناو ببرێن.

ئەو موشریک و بێباوەڕانەی لە پێغەمبەری خودا (دروودی خوای لەسەر بێت) تێنەدەگەیشتن وایان دەزانی ئەو هەر وا بۆ خۆشی ڕەوانە کرا. لەبەر ئەوە ڕۆژێک عوتبەی کوڕی ڕەبیعە کە یەکێک بوو لە کەسە خاوەن دەسەڵاتەکانی ناو قورەیش بە گرووپێک لە موشریکەکانی وت:

“ئەی قورەیشییەکان! ئەگەر بچم بۆ لای موحەمەد و قسەی لەگەڵ بکەم و هەندێک پێشنیاری بخەمە بەردەم چۆن دەبێت؟ ئومێد هەیە کە هەندێک لەو پێشنیارانە پەسەند بکات، و ئێمەش خواستەکانی جێبەجێ دەکەین. بەو شێوەیەش ڕەنگە واز لەو کارانە بهێنێت کە بەرامبەر بە ئێمە دەیکات.”

کاتێک بیرۆکەکەی پەسەند کرا، عوتبە خێرا خۆی گەیاندە لای پێغەمبەری سەروەرمان (دروودی خوای لەسەر بێت) کە لەو کاتەدا بە تەنها لە مەسجید ئەلحەرامدا بوو، و بەم شێوەیە دەستی بە قسە کرد:

“ئەگەر تۆ لە ڕێگەی ئەم بانگەوازەتەوە ئامانجت بەدەستهێنانی ماڵ و سەروەرت و سامان بێت وەرە با ماڵ و سەروەتمان لەگەڵ تۆدا دابەش بکەین، و تۆ ببە بە دەوڵەمەندترینی هەموومان. ئەگەر بە شوێن شان و شکۆوە بیت وەرە تۆ دەکەین بە سەردانی خۆمان. یاخود نەخێر ئەمە خراپەیەک بێت و ڕووی لە تۆ کردبێت هەموو سەروەت و سامانی خۆمان بەخت دەکەین و واز ناهێنین تا تۆ لەو خراپەیە ڕزگار نەکەین.”

وە دواتریش هەمان ئەو پێشنیارانەیان لەسەر شێوازی جیاواز خستەڕوو، بەڵام بەردەوام هەمان وەڵامیان دەست دەکەوتەوە کە بریتییبوو لە:

“سوێند بە خودا ئەگەر خۆر بخەنە ناو دەستی ڕاستم و مانگ بخەنە نێو دەستی چەپمەوە، من هەر واز لەم ئایین و لەم بانگەوازە ناهێنم. یان خودا خۆی ئەم ئایینە سەردەخات، یاخود من لەم ڕێگەیەدا گیانم بەخت دەکەم.”

لە دوای ئەوەش پەنایان بۆ هەر جۆرە ستەم و ئەشکەنجەیەک بردبێت نەیانتوانی پێغەمبەری سەروەرمان (دروودی خوای لەسەر بێت) و هاوەڵە بەڕێزەکانی لەو ڕێگەیەی هەڵیانبژاردبوو پاشگەز بکەنەوە. لە سەردەمی پێغەمبەری خودا (دروودی خوای لەسەر بێت) ئایینی ئیسلام بە مەکە و مەدینە و حیجاز و ناوچەکانی چواردەوردا بڵاوبووەوە و خەڵکی لەو تاریکستانەی تێیدا بوون ڕزگار کران و بەرەو دونیای ڕووناکی بانگهێشت کران.

لە سەردەمی حەزرەتی ئەبوبەکر و حەزرەتی عومەردا (خودا لێیان ڕازی بێت) لە ماوەیەکی زۆر کەمدا چەندین فەتحی بێ هاوتا ئەنجام دران و وڵاتانی سوریا و عێراق و ئێران و میسر بە خۆشەویستی و لێبوردەیی ئایینی ئیسلام شاد بوون.

بەڵام… ئەو بەرەوپێشچوونە گەورانەی لە ماوەیەکی کەمدا ئایینی ئیسلام پێی گەیشت بە تەواوی دوژمنانی هەراسان کردبوو. بە دڵنیاییەوە ناچار بوون کارێک بکەن بۆ ئەوەی بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلام بەو شێوە خێرا و درەوشاوەیە ڕابگرن. بە درێژایی مێژوو کۆمەڵێک مرۆڤ هەبوون کە لەسەر شێوازی جیاواز دەرکەوتوون و ڕق و کینەی خۆیان بەرامبەر بە ئایینی ئیسلام دەرخستووە. ئەو جۆرە مرۆڤانە لەو سەردەمەدا کۆبوونەوە و دوای چەندین گفتوگۆی دوور و درێژ بڕیاریاندا ئیبن سەبەء لە مەدینە بخەنە سەر تەختی شانۆکە. عەبدوڵای کوڕی سەبەء کەسێک بوو کە زۆر باش دەیزانی کاریگەری لەسەر مرۆڤەکان درووست بکات.

ئیبن سەبەء بەرنامە وێرانکارییەکەی لەسەر دوو بنەمای سەرەکی بنیاد نا. یەکەمییان بریتیی بوو لە درووست کردنی دووبەرەکی جیاوازی لە نێوان موسوڵماناندا بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە ڕێگری لە زیاتر بەرەو پێشچوونی ئیسلام بکات، و دووەمیان بریتیی بوو لە زیادکردنی شتی خورافیات و هەڵبەستراو بۆ سەر بیروباوەڕی ئیسلام بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە بە شێوەیەک جیاوازی فیکری لە نێو موسوڵماناندا درووست بکات کە تا ڕۆژی قیامەت بەردەوام بێت. زۆر بە چڕی کاری لەسەر ئەوە دەکرد گیانی یەکبوون و پەیوەندییە مەعنەوییەکانی وەک خۆشەویستی و برایەتی لە نێوان موسوڵماناندا نەهێڵێت.

ئیبن سەبەء لە ئامانجی یەکەمیدا کە بریتی بوو لە درووست کردنی جەنگ و فیتنە لە نێوان موسوڵماناندا بە تەواوی سەرکەوتوو بوو. چونکە ئامانجی سەرەکی ئەو بریتی بوو لە تێکەڵ کردنی بابەتی پڕوپووچ و خورافیات بۆ ئایینی ئیسلام بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە پاکی خودی ئیسلام بشێوێنێت. دەیویست بێمتمانەیی درووست بکات. یاخود بە واتای ئەمڕۆ، دەیویست بزاڤێکی وەک خزمەت کە بە سەرانسەری جیهاندا بڵاو بووەتەوە بێ ئەرزش بکات و ڕێگری بکات لە بڵاوبوونەوەی زیاتری و شکاندنی ئەو وێنا جوانەی لە لای مرۆڤەکان بۆ بزاڤی خزمەت درووست بووە.

ئامانجی ئەو بریتیی بوو لە دۆزینەوەی کۆمەڵێک مرۆڤی بێ ئەرزش و بەرژەوەندخواز بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ئەوانەوە فیتنەیەک لە نێو موسوڵماناندا درووست بکات کە تا ڕۆژی دوایی بەردەوام بێت. ئیبن سەبەء لە ڕێگەی خراپ بەکارهێنانی خۆشەویستی بۆ ‘ئەهلی بەیت’ دەستی بە کارەکانی کرد. وەک یەکێک لە سەرسەختترین لایەنگرانی ئەهلی بەیت خۆی دەردەخست. ئەوە لە کاتێکدا کە خۆی لە بنەڕەتدا حاخامێکی گەورەی جولەکەکان بوو، و چاوە نابیناکان ئەو ڕۆژە و ئێستا نەیاندەبینی. ئەو هەر لە سەرەتاوە بانگەشەی ئەوەی بە چواردەوردا بڵاو دەکردەوە کە خیلافەت مافی حەزرەتی عەلی بووە و بە ناحەق لێی زەوت کراوە.

مەدائین شوێنێکی زۆر لەبار بوو بۆ ئەوەی ئیبن سەبەء بتوانێت بە ئاسانی بیرۆکە چەوتەکانی خۆی تێدا بڵاو بکاتەوە. ئیبن سەبەء لەوێ بە تێپەڕبوونی کات لەگەڵ ئەو خەواریجانەدا گفتوگۆی دەکرد کە لە حەزرەتی عەلی یاخی ببوون و ئیبنی ئەوفای سەرکردەیانی دۆزییەوە. کاتێک ئیبن سەبەء بۆی دەرکەوت کە ئیبنی ئەوفا دەیەوێت جوڵانەوەیەک لە دژی حەزرەتی عەلی درووست بکات پێی وت: “تۆ ناتوانیت بە جوڵانەوەیەکی لەو شێوەیە بەسەر حەزرەتی عەلیدا سەربکەویت، تەنها ئێوە شکست دەهێنن”. کاتێک ئیبنی ئەوفا پرسیاری دەربارەی بیرۆکەکەی ئیبن سەبەء کرد ئەویش لە وڵامدا پێی وت: “بە سێ فیدائی (ئەمڕۆش بە گەمەی کودەتایەک) دەتوانی ئەو کارە تەواو بکەیت”.

لە دوای ئەو گفتوگۆیە هەردووکیان هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی کە دەبێت حەزرەتی عەلی و حەزرەتی مەعاویە و حەزرەتی عەمری کوڕی عاص بکوژرێن. بۆ ئەو مەبەستەش سێ بکوژیان خستەڕێ. بڕیار وابوو ئەو سێ هاوەڵە لە نوێژی بەیانی ڕۆژی ١٧ ی ڕەمەزاندا لە کاتی نوێژ کردندا بکوژرێن. حەزرەتی مەعاویە و عەمری کوڕی عاص لەو هەوڵی کوشتنە ڕزگاریان بوو، بەڵام بکوژێک بە ناوی ئیبن مولجەم توانی بە شمشێرێکی ژەهراوی حەزرەتی عەلی بریندار بکات کە دواتر بووە هۆی شەهید بوونی حەزرەتی عەلی.

ئیبن سەبەء دوای ئەوەی ئیبن مولجەمی بە مەبەستی کوشتنی حەزرەتی عەلی بەڕێکرد، لە لایەکی کەسێكی بە ناوی ئیبن مەیمون لەگەڵ چەند پیاوێکی بەرەو کوفە نارد. ئیبن مەیمون لەوێ چەند خورافیاتێکی وەک “عەلی نەمردووە، بەڵکو بەرز کراوەتەوە بۆ ئاسمانەکان. ئێستا ئەو لە سەروو هەورەکانەوەیە. پێش ئەوەی کات زۆر درەنگ بێت دەگەڕێتەوە و بە شمشێرەکەی دادپەروەری دابەش دەکات بە هەموو جیهاندا…” بڵاو دەکردەوە.

ئیبن سەبەء لەگەڵ هاوڕێ نزیکەکەی پێکەوە پلانی ئەو چالاکییە خیانەتانەیان ئامادەکرد کە لە ئێران ئەنجامیان دەدا و پلانەکانیان خستە بواری جێبەجێ کردنەوە. ئەو بارودۆخە کۆمەڵایەتییەی لەو ڕۆژگارەشدا هەبوو زۆر لەبار بوو بۆ ئەوەی پلانەکانی ئەوان بە باشی جێبەجێ بکرێت.

یەکێک لەو فاکتەرە سەرەکییانەی کە وایکرد بیرۆکە خراپەکانی ئیبن سەبەء بە خێرایی لە ئێراندا جێگیر ببێت بارودۆخی دەروونی و کۆمەڵایەتی خەڵکەکەی بوو. لە جیهانی ناوەوەی ئەواندا لە بری عەقڵ هەستەکانیان حوکمی دەکرد. دڵەکانیان لە بری حەقیقەتەکان بە ڕووی ئەفسانە و خورافیاتەکاندا کراوە بوو. نەیاندەتوانی ڕووداوەکان بە پێی گونجان لەگەڵ عەقڵ و لۆژیک شی بکەنەوە.

لە لایەکی دیکەوە خەڵکی ئەو ناوچانە بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەو ڕق و کینەیان لە دڵ دەرنەدەچوو کە شانازی چەندین سەدەیان لەناوبرابوو، هەرچەندە ئەوەیان دەرنەدەخست بەڵام بەو هۆیەوە لە ناخی خۆیاندا ئایینی ئیسلامیان پێ قبوڵ نەدەکرا. بۆچی ئەم کارە بە عەرەبەکان سپێردراوە؟ یاخود بە شێوازی دەربڕینی ئەمڕۆ بۆچی بزاڤی خزمەت …بۆچی؟

ئیبن سەبەء زۆر بە باشی توانی هەموو ئەو فاکتەرانە هەڵبسەنگێنێت. هاوڕێکانی کۆکردەوە و پێی وتن:

“ئێمە ئێستا دەستمان کردووە بە جەنگە ڕاستەقینەکە. باش بزانن کە ئەمە دەستپێکی جەنگێکە لە نێوان موسوڵمانەکاندا کە تا ڕۆژی دوایی بەردەوام دەبێت. ئێستا ئێمە دەچین عەلی تەقدیس دەکەین و وا لە خەڵکیش دەکەین ئەو تەقدیس بکەن. بە پێی شوێن ئەو لە خودا نزیک دەکەینەوە و بە شوێن ئەو دەکەین بە پێغەمبەر، بە پێی هەندێک شوێنیش دەڵێین خیلافەت حەقی عەلی بوو بەڵام ئەبوبەکر و عومەر و عوسمان بە زۆر ئەو حەقەیان لێ زەوت کردبوو.”

ئیبن سەبەء و هاوڕێکانی دوای ئەوەی ئەو بڕیارەیان دا، ئەرکی بڵاوکردنەوەی ئەو بیرۆکەیەیان بە پیاوەکانی چواردەوری خۆیان ڕاسپارد. ئەوان دەستیان کرد بە هاندانی خەڵکی و دەیانوت: “خیلافەت مافی عەلی بووە. عەلی و کوڕەکان شایستەی وەرگرتنی خیلافەتن. ئەو مافە لەوان زەوت کراوە. هەر سێ خەلیفەکە بە تایبەت عومەر بە زەوت کردنی ئەو مافە دژی خواستی خودا وەستاونەتەوە… بۆ ملکەچی بۆ خواستی خودا پێویستە لایەنگری عەلی بکەین”. کاتێک ئەو قسانەیان لە ناو خەڵکیدا بە شتێکی گونجاو زانرا زیاتر ئەو بابەتەیان بەرەو پێش برد.

لە کاتی کۆچی دوایی حەزرەتی عەلیدا ئیبن سەبەء دەیوت “ئەو کەسەی مرد عەلی نەبوو بەڵکو شەیتانێک بوو کە چوو بووە سەر شێوەی ئەو. عەلی ئێستا لە ئاسمانەکاندایە و لەسەر هەورەکان تەختی خۆی دامەزراندووە” و هەوڵی دەدا لەو ڕێگەیەوە عەقیدەی خەڵکی تێک بدات. بەو شێوەیە شیعییەت کە سەرەتا لە میسر لە ڕێگەی تۆوی مەزهەبی سەبەئییەوە چێنرا و دواتر لە ئێران گەشەی کرد و دەستی بە فراوان بوون کرد.

سەرەڕای هەموو فیتنەکان ئایینی ئیسلام لە هەموو سەردەمێکدا بە شێوازێکی گونجاو لەگەڵ بنچینە سەرەکییەکانی خۆی بە شێوەیەکی زۆر بەهێز پیشان درا. بە تایبەت لە سەردەمی سەلجوقییەکان و عوسمانییەکاندا بە درێژایی چەندین سەدە زۆر بە جوانی خزمەتی ئایین کرا. شارستانییەت گەیەندرا بە مرۆڤەکان.

وە ئێستا سەردەمێک هاتووەتە پێش کە پێغەمبەر سەروەرمان (دروودی خوای لەسەر بێت) لە بارەیەوە دەفەرموێت: “ئیسلام بە غەریبی دەستی پێکرد و ڕۆژێک دێت وەک ئەو کاتەی دەستی پێکرد بە سەردەمێکی غەریبیدا دەڕوات…!” (موسلیم ئیمان / ٢٣٢ – ترمذی ئیمان / ١٣)

“… لەو سەردەمەدا کە هەمووان سەرقاڵی خراپەکاری و تێکدانن، موژدە بێت بۆ ئەو غەریبانەی سەرقاڵی هەڵمەتی چاکەخوازی و چاککردنەوەی ئەو شتانەن کە ئەوانی دیکە وێرانیان کردووە”.

یەکێک لەو کەسە غەریبانە مامۆستا سەعیدی نورسی (بەدیعوزەمان) ە و یەکێکی دیکەشیان مامۆستا فەتحوڵا گولەن (خواجە ئەفەندی) ڕابەری گەورەی ئەم ڕۆژگارەمانە.

ئەگەرچی لە سەردەمی بەدیعوزەماندا چەندین زانا و کەسایەتی گەورەی وەک: ئیسماعیل حەقی، موستەفا سەبری ئەفەندی، مەهمەت ئاکیف ئێرسۆی، عەبدولحاکیم ئارڤاسی، عومەر نەسوحی بیلمەن، ئەحمەد حەمدی ئاکسەنی، سولەیمان حیلمی توناهان، ئێلمالیلی موحەمەد حەمدی و چەندین کەسایەتی دیکە لەو سەدەیەدا پێگەیشتوون بەڵام…

“لەم سەردەمەدا پیشەکان و مەشرەبەکابن و تەریقەتەکان کە خاوەنی حەقیقەتن و زۆر بەهێزن و ملیۆنان فیداکاریان هەیە بە ڕواڵەت وا دەردەکەوێت کە لە بەرامبەر شەپۆلی ترسناکی گومڕاییدا تووشی شکست بووبن… لەبەر ئەوە لە ئێستا پێویستمان بە ئەنجامدانی کارێک هەیە کە بەهێزتر بێت لە کارەکانی ڕابردوو بۆ ئەوەی بتوانین بەرەو پێش بڕۆین… ئەو کارە ڕاستەوخۆ لە لایەن حەقیقەتەکانی قورئانی پیرۆزەوە ئەنجام دەدرێت کە وەک موعجیزەیەک وایە لەم سەردەمەی ئێستادا پێمان بەخشرابێت”

بەدیعوزەمان لەبەر ئەوەی زانستی سەردەم و زانستە مەعنەوییەکانی کرد بە یەک و بەو ڕێگەچارەیە ڕێگەیەکی پیشانی مرۆڤایەتی دا، و ڕێگەیەکی خزمەتی گونجاوی بۆ ئەم چەرخەمان خستەڕوو، کەسێکی جیاواز بوو لە هەموو کەسانی پیش خۆی و بە دڵنیاییەوە دەبوو وەک پێشڕەو تەماشا بکرێت.

سەرەتا ئیمانیۆل کاراسو ویستی بەدیعوزەمان واز لە بانگەوازەکەی خۆی بهێنێت. بۆ ئەو مەبەستە بانگهێشتی کرد بۆ سەلانیک و کۆبوونەوەیەکی نهێنی لەگەڵیدا ئەنجامدا و چەندین پیشنیاری گەورەی خستە بەردەم، بەڵام بەدیعوزەمان هەرگیز قەناعەتی بەو شتانە نەکرد.

دواتر لە ئەنقەرە و لە ئەستەمبوڵ و لە پەرلەمان چەندین پلە و پۆستی گرنگ و پارە و بەرتیلی بۆ پێشنیار کرا. پێیان دەوت ‘تەنها حەقت بەسەر ئیمانی میللەتەوە نەبێت تۆ دەکەین بە تاجی سەرمان!’. بەڵام ئەو مرۆڤە گەورەیە هاوشێوەی پێغەمبەری سەروەرمان (دروودی خوای لەسەر بێت) خۆی یەکلا کردبووەوە و بڕیاری دابوو گیانی خۆی لەو پێناوەدە بەخت بکات. ئەو پێگەیاندنی چوار پێنج تەلەبەی لە ئەشکەوتێکدا لە چیای ئەرەک هەڵبژارد. بەڵام بە لای نەیارانی ئیسلامەوە، هەرچەندە لە ئەشکەوتێکیشدا بێت لەسەر چیایەکی دوورە دەست هێشتا مەدیعوزەمان بە بیروبۆچوونەکانی و ئەو شێوازەی خستبوویەڕوو بۆ خزمەتکردنی ئایینی ئیسلام زۆر مەترسیدارتر بوو لەو زانایانەی لە ناو ئەستەمبوڵدا بوون و لەبەر ئەوە بە دڵنیاییەوە دەبوو لەناو ببرێت.

لەبەر ئەوە دیسان تۆمەتی بۆ هەڵبەستراو بە یاخیبوونەکەی شێخ سەعیدی پیران تۆمەتبار کرا لە ئەشکەتەکەی سەر چیای ئەرەک دەرهێنرا و لەگەڵ ئەفسەرێکی باڵا و ١٠ سەرباز ڕەوانەی بارلا کرا. دوور خرایەوە بۆ شوێنێک کە هیچ کەسێک پێیدا نەڕوات و کەس نەزانێت بۆ ئەوەی لەبیر بچێتەوە و بۆ خۆی لەوێ سەر بنێتەوە. بەڵام تەواو بە پێچەوانەوە بەدیعوزەمان لەوێش هەر لە ئەرکەکەی خۆی بەردەوام بوو.

کاتێک بەو شێوەیە بەدیعوزەمانیان بۆ لەناو نەبرا، ئەمجارەیان هەوڵیان دا ئەو وەک تیرۆریست و وەک سەرکردەیەکی یاخی و لادەر بناسێنن کە دەیەوێت ئاسایشی وڵات تێک بدات. ئەوەش هەر سەری نەگرت. دوژمنە نهێنییەکان ئایینی ئیسلام دیسان بە بەتاڵی ڕانەوەستان. هێشتا تۆڵەی خۆیان لەو کەسانە نەسەندبووەوە کە پارێزگارییان لە نوورەکان دەکرد. لەبەر ئەوە لە شاری ئیسپارتا و ناوچەکانی چواردەوری پڕوپاگەندەی ئەوەیان بڵاودەکردەوە کە گوایە “بەدیعوزەمان و تەلەبەکانی لە سێدارە دەدرێن” بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە خەڵکی بوورێژێنن. دەیانویست وەک ئەوەی لە ناوچەی مەنەمەن ئەنجامیاندا و خەڵکێکی زۆریان بەو هۆیەوە سزادا، خەڵکی ئیسپارتاش بووروژێنن و کاتێک پارێزگاری لە بەدیعوزەمان دەکەن سزایان بدەن و ئازاریان پێ بگەیەنن. بەڵام بە هۆی هەڵوێستی هەمیشەیی ئەرێنی بەدیعوزەمانەوە نەیانتوانی لەو کارەشدا سەرکەوتوو ببن.

مامۆستا سەعیدی نورسی و تەلەبە ڕاستگۆ و دڵسۆزەکانی بەو ستەم و ئەشکەنجانە بە تاقیکردنەوەیەکی سەختدا تێپەڕین. چەندین تەلەبەی بەدیعوزەمان وەک حافز عەلی و بیناشی عاسم و چەندانی دیکە لەو ڕێگەیەدا شەهید بوون. ئەو زانا گەورەیەی ئەم سەدەیەمان هێندە ئازار و ناڕەحەتی سەختی بینی کە بڵێت: “تەواوی تەمەنم لە مەیدانەکانی جەنگ، و زیندانەکانی دیلی، و دادگاکانی مەملەکەت و گرتووخانەکانی مەملەکەتدا تێپەڕی. هیچ ئازار و ناڕەحەتییەک نەماوە کە نەمچەشتبێت. لە مەیدانی جەنگدا چەندین مامەڵەی دڕندانەم بینیوە. وەک سەرسەرییەک شار بە شاری لە ئاوارەیی و دەربەدەریدا بووم. لە نێو زیندانەکانی مەملەکەتدا بۆ ماوەی چەندین مانگ تێکەڵ بوونی خەڵکیم لێ قەدەغە کرا. چەندین جار ژەهرخوارد کراوم. ڕووبەڕووی چەندین سوکایەتی جۆراوجۆر بوومەتەوە. کاتی وا هەبووە کە هەزار جار خۆزگەم بە مەرگ خواستووە لە بری ژیان. ئەگەر ئایینەکەم خۆکوشتنی لە قەدەغە نەکردبام ڕەنگە ئێستا ئەم سەعیدە لە ژێر خاکدا ڕزیبایە”. سەرەڕای هەموو ئەو ئازار و ناڕەحەتییانە ئەو هیچ کاتێک ملی بۆ ناحەقی شۆڕ نەکرد و تا دوایین هەناسەی تەمەنی بە دەنگی بەرز هەمیشە هاواری بۆ حەقیقەت دەکرد.

ئەو کەسانەی نەیانتوانی لە ڕێگەی ستەم و ئەشکەنجەوە بەدیعوزەمان ڕابگرن کاتێک ئەو کۆچی دوایی کرد پێیان وابوو ئیتر ئەو کارە تەواو دەبێت و هیچ کەسێکی دیکە شێوازێکی نوێ بۆ خزمەتکردنی ئایین ناخاتەڕوو. تەنانەت بێرنانرد لویس لە ساڵانی ١٩٥٠ دا چووە تورکیا و زۆر بە وردی لێکۆڵینەوەی بۆ ئەو جوڵانەوەیە ئەنجامدا و وتی لە دوای کۆچی دوایی بەدیعوزەمان ئیتر تەلەبەکانی ناتوانن ئەم جوڵانەوەیە بەرەو پێشتر ببەن. بەڵام ئەو نەیدەزانی کە خودای گەورە لە قەدەردا داینابوو کە گەنجێکی خوێنگەرم کە لەو ڕۆژگارەدا هیچ دیار نەبوو بە جۆش و خرۆشێکی نوێوە خزمەت بەم ئایینە دەکات. جگە لەوە خودای گەورە کە خۆی خاوەنی ئەو کارەیە لە هەموو چەرخ و سەردەمێکدا لە ڕێگەی کەسانی ڕاستگۆ و لێبڕاوەوە ئەو بەها باڵایانە سەردەخات.

کاتێکیش کاتی خۆی هات خودای گەورە لە ڕێگەیەکی تەواو جیاوازەوە دەرگای بە ڕووی خزمەتێکدا کردەوە کە بە تەواوی جیهاندا بڵاودەبووەوە. ئەو خزمەتانەی بە نییەتێکی پاک و دڵسۆزانەوە دەستیان پێکرد بە شێوەیەکی زۆر خێرا و ئاسان بە تەواوی دونیادا بڵاوبووەوە. ئەوەش ویستێکی خودای پەروەردگارە و هیچ گومانێکی تێدا نییە. خودای گەورە مرۆڤەکانی ناو خزمەتی لە پێگەیەکی گرنگدا دانا. هەتا ئەمڕۆ خزمەت چووبێتە هەر شوێنێکەوە دەنگێکی پڕ لە جۆش و خرۆشی لەو شوێنەدا درووست کردووە. لەو شوێنانەی پێی گەیشتوون پەیوەندییەکی سرووشتی و پێشوازی کردنێکی سرووشتی درووست کردووە. ئەوە بەخششێکی زۆر گەورەیە و لەودیو موحەبەتەوە، چونکە خاوەنی ڕاستەقینەوەی ئەم خزمەتە خودای گەورەیە. گڕی ئەم مۆمە لە ئەشکەوتی حیرائەوە دەستی پێکردووە و تا ڕەزامەندی خودای گەورەی لەسەر نەبێت هیچ کەسێک ناتوانێت بیکوژێنێتەوە.

لەبەر ئەوە، تا بەخششەکانی خودای گەورە بۆ بزاڤی خزمەت لە سەرانسەری دونیا بەردەوام بێت، دوژمنانی خودا و پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) بەو کارە ناڕەحەت دەبن و هیچ کات واز لە پلانەکانیان ناهێنن بۆ پیسکردنی ئەو خزمەتە پاک و بێگەردانە. قابیلەکان، فیرعەونەکان، ئەبرەهەکان، دارونەدوەکان، ئەبوجەهلەکان، عەبدوڵای کوڕی سەبەئەکان و کەسانی هاوشێوەیان بە بەردەوامی لە دژی کەسە باشەکان دەوەستنەوە.

پێغەمبەران و شوێنکەوتووانیان هەموویان لە لایەن قەومەکانیان یاخود هەندێک لە دوژمنانیانەوە ڕەت کراونەتەوە و سوکایەتییان پێکراوە و پەراوێز خراون و ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و ستەم لێکردن بوونەتەوە و ئاوارە و دەربەدەر کراون، و یاخود شەهید کراون. ئەو ڕێگەی حەقەی بەرەو بەهەشت دەڕوات بە گوێرەی خۆی هەندێک ئازار و ناڕەحەتی هەیە.

ئەو مرۆڤە باشانەی بە فیدارکاری و لێبڕانەوە کەوتوونەتە ڕێ بۆ ئەوەی مرۆڤەکان بتوانن خودی خۆیان بدۆزنەوە و بە ئاسوودەی خۆشەویستی شاد ببنەوە، ئەمڕۆ خواستێک هەیە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی کۆمەڵکوژییەکەوە کە پێشتر هاوشێوەی لە مێژوودا نەبینراوە لەناو ببرێن.

چونکە ناچاربوون بە دڵنیاییەوە ئەم خزمەتە لەناو ببن کە لە سەرانسەری زەویدا بێ ئەوەی ببنە دادەستی هیچ هێز و جوڵانەوەیەک، ئایینی ئیسلامیان ژیاندەوە وەک ئەوەی پێغەمبەری سەروەرمان (دروودی خوای لەسەر بێت) پێی ڕاگەیاندبووین.

لە کاتێکدا کەسانێکی تێزی ‘پێکدادانی شارستانییەتەکان’ یان دەنووسی، دەبوو ئەو قارەمانانە لەناو ببرێن کە خەباتیان دەکرد لە پێناو ئاشتی و ڕێکەوتن لەسەر بەها هاوبەشەکان. دەبوو ئەو کەسانەی بانهێشتی خەڵکیان دەکرد بۆ قبوڵکردنی یەکتر و بەرەوپێشچوون و نوێبوونەوە، وە بانگهێشتی خەڵکییان دەکرد کۆبوونەوە لە چواردەوری ئاشتی و لێبوردەیی و یەکتر قبوڵ کردن، بە تەواوی بسڕدرێنەوە و وەک تیرۆریست لە جیهاندا لە قەڵەم بدرێن.

لەبەر ئەوە هەر کارێک لەدەستیان هات کردیان بۆ ئەوەی بزاڤی خزمەت بێ ئەرزش بکەن و ئەو متمانەی بە بزاڤەکە هەیە بڕوخێنن، کەسانێکی ناو بزاڤەکە وەک تاوانبار پیشان بدەن یاخود خاڵە لاوازەکانی بزاڤەکە ئاشکرا بکەن. بۆ ئەو مەبەستە پەنایان بۆ چەندین ڕێگەی ناشرین برد. پێشنیاری بەرتیل و پلە و پۆست و پارە و ڤێلایان بۆ دەکردن. چەندین دۆسییەی درۆیان بۆ هەڵبەستن. بەڵام زۆر سوپاس بۆ خودا کە سەرەڕای هەموو ئەو هەوڵانە نەیانتوانی تەنانەت یەک مرۆڤ بەچۆکدا بهێنن. بێویژدانانە هێرشیان کردە سەر دامەزراوەکانی بزاڤی خزمەت و وێرانیان کردن. چەندین خوێندنگەی ناواز کە لە تەواوبووندا بوون بێ هیچ گوێدانە یاسایەک داخران. دەستیان کرد بە بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە بۆ ئەوەی خێزانەکان منداڵەکانیان لە خوێندنگە و پەیمانگاکانی بزاڤی خزمەت دەربهێنن. هێرشیان کردە سەر تەلەڤیزیۆن و ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی بزاڤی خزمەت. فشاریان لەسەر ئەو کۆمپانیایانە دادەنا کە ڕیکلامیان پێ دەدان. لە لایەکی دیکەشەوە میدیای سەر بە خۆیان ژیاندەوە بۆ ناشرین کردنی بزاڤی خزمەت و هاوسۆزانی و دامەزراوەکانی. بەڵام هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت بە هۆی هەڵوێستە ئەرێنییەکانیانەوە بارودۆخەکەیان نەشێواند. لە ڕێگە یاساییەکانەوە بە شوێن دەستکەوتنی مافەکانی خۆیاندا ڕۆشتن. هەموو ئەو شتانەیان هەواڵەی دەرگای خودای گەورە کرد و لە ڕێگەی خزمەتەکەی خۆیان بەردەوام بوون.

ئامانجی ئەوان بریتی بوو لە هاندانی هاوسۆزانی بزاڤی خزمەت بۆ ئەوەی بڕژێنە سەر شەقامەکان و دواتر بەو هۆیەوە لە پێش چاوی جیهان وەک تیرۆریست لە قەڵەم بدرێن. بەڵام کاتێک لەوەدا سەرکەوتوو نەبوون شانۆییەکی زۆر ترسنۆکانەیان ئەنجامدا. شانۆیی کودەتایەکی دەستکردیان ئەنجامدا. بەو هۆیەوە خوێنی ژمارەیەکی زۆر کەسی بێتاوانیان ڕژاند، و وڵاتیان بەرەو کەناری چاڵێکی گەورە برد.

بەڵام، کێ چ خراپەکارییەک دەکات با بیکات، چ پلانێک دادەڕێژێت با بیکات، پەنا بۆ جۆرە بێویژدانییەک دەبات با بیبات، بە ویست و پشتیوانی خودای گەورە ئەو خزمەتانەی لە لایەن کۆمەڵە کەسانێکی فیداکار و لێبڕاوەوە نوێنەرایەتی دەکرێت بۆ بلاوکردنەوەی خۆشەویستی بە سەرانسەری جیهاندا بە فوو لێکردن ناکوژێتەوە و بە تەواوی ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن.

چونکە لەم بزاڤەدا هیچ کەسێک و هیچ هێزێک تەنها یەک سەنتی نییە. ئەو بزاڤ و جوڵانەوانەی سەر بە لایەنێکن بە دڵنیاییەوە ڕۆژێک تێدەکەون و لەناو دەچن. دونیای داهاتوو لە لایەن بێلایەنەکانەوە بنیاد دەنرێت. ئەم غەریبانەی کە تاکە سەرمایەیان بریتییە لە ڕاستگۆیی و دڵسۆزییان دەبنە هۆکارێک بۆ گۆڕێنی جیهان. ئەم داستانە داستانی ئەو کەسانەیە کە بە شوێن حەزرەتی موحەمەد (دروودی خوای لەسەر بێت) ڕادەکەن کە لە پێناو گۆڕینی جیهاندا ڕەوانە کرابوو… ئەو نمونەی فیداکارییەکە کە نمونەی کەمە لە دونیادا…

خولاسەی کەلام، ئەو تاقیکردنەوە سەختەی ئەمڕۆ بزاڤی خزمەت پێیدا تێدەپەڕێت، وەک ئەوەی گومان دەبرێت ناڕەحەتییەک نییە بە هۆی شەڕکردن لەسەر بەرژەوەندییەکان درووست بووبێت. بەڵکو ئەوە کۆمەڵکوژییەکە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ڕابردوویەکی خراپ و بە دەستی ئەو کەسانەی ئەنجام دەدرێت کە ئەمڕۆ بە دیندار دەردەکەون لە بنەڕەتدا دوژمنی ئایینی ئیسلامن.

ئەگەر ئەمڕۆ سەرەڕای هەموو ئەو خراپەکارییانە خزمەت هەر بەردەوام بێت، ئەو تەنها بە هێز و دەسەڵاتی خودای گەورە ئەنجام دەدرێت. ئەو هێز و دەسەڵاتێکە کە تەنها بە ویستی ئەو مێرولەیەک دەتوانێت لووتی فیلێک لێ بکاتەوە. لەبەر ئەوە پێویستە بە هیچ شێوەیەک تووشی ڕووخان نەبین!… خودای گەورە خۆی خاوەنی ئەم کارەیە.

دەمەوێت بە ئامۆژگارییەکی ڕابەرەکەمان کە ڕێگە پیشاندەرمانە کۆتایی بە قسەکانم بهێنم:

“دەمەوێت یەکەم و کۆتا ئامۆژگاری بەو نەوەیە بڵێم کە چاوەڕوانی ڕزگار کردنی جیهانیان لێ دەکەین: بە ڕێز و بە شکۆ بن. خۆتان مەدەن دەست هیچ هێز و لایەنێکی دیاریکراو. تەنانەت ئەگەر بۆ باسکردنی حاڵ و کێشەی خۆتان سەردانی ئەوانیش بکەن دیسان هەر بە شێوەیەکی موستەغنی مامەڵە بکەن. مەچنە ژێر هەڕەشە و فشاری کەسانی دیکەوە. هیچ کەسێک ناتوانێت ئێمە وەک ئامێر و داردەست بەکار بهێنێت. هیچ هێزێکی دەرەکی ناتوانێت ڕۆڵەکانی ئەم میللەتە بۆ بەدەستهێنانی مەرامە تایبەتەکانی خۆی بەکار بهێنێت و بییانکات بە داردەستی خۆی. چونکە ئەم بزاڤە قەرز و منەتی هیچ کەسێکی لەسەر نییە.”

 

http://www.shaber3.com/hizmet-e-olan-kinin-sebebi-ne-haberi/1330358/

51 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە