بیروڕاگۆشەی م.فتحوڵڵا گولەنهەواڵ

چەشتنی ئازار و ناسۆری بەردەوام!

تارق بوراک بەشی ٢٧

 

 

 

“تەنانەت ئەو گوڵانەی لەلایەن دۆستانەوە تێتدەگیرێت، خوێنێت لێ دەهێنن، بەڵام من زۆر جار لەلایەن دۆستانمەوە، بە پیک لەسەرم دەدرا. ئیدی لە حاڵێکی لەم شێوەیەدا ناچار بووم بەوەی ئازار و ناسۆریەکان لە ناخمدا بخۆمەوە. واتە لە ناخەوە خوێنت لێ دەچۆڕێت، بەڵام زەردەخە لەسەر لێوانت دەبینرێت. یاخود ئەوان زوخاوت پێ هەڵدەڕێژن، بەڵام تۆ دەبێت شەربەتیان پێشکەش بکەیت… ئەمانە شتانێکی هێندە ئاسان نین وەک ئەوەی بە زار دەوترێن. بەڵام لە پێناو داواکەماندا، پێویست بە بەرگەگرتنی تەواوی ئەم شتانە هەبوو”.

 

ساڵانی ئێدرەمیت(١٩٧٢-١٩٧٤)

مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن، بە هۆی کودەتاکەی ١٢ ی ئازاری ١٩٧١، لە بەرواری ٣ ی ئایاری ١٩٧١ دەستبەسەر کرا و، لە بەرواری ٩ ی تشرینی دووهەمی ١٩٧١  ئازاد کرا.

 

مامۆستا لە بەرواری ٦ ی کانونی یەکەمی ١٩٧١، بە شێوەیەکی فەرمی داوای گەڕانەوەی بۆ سەر کارەکەی کرد. هەرچەندە ئەوەیان پێڕاگەیاندبوو کە دەتوانێت دەست بە کارەکەی بکاتەوە، بەڵام لە بەرواری ١٧ ی کانونی دووهەمی ١٩٧٢، بە شێوەیەکی نەرێنی وەڵامی داواکەیان دایەوە و ئەوەیان پێ ڕاگەیاند کە تا بڕیاری دووهەم دەدرێتەوە، لە کارەکەی دوور خراوەتەوە.

 

هەروەها هەریەک لە مامۆستا شەعبان دوز و عوسمان کەراش، هەمان بڕیاریان بۆ هاتەوە.

دەسەڵاتی کودەتاچی ئەو کاتە لە ئیزمیر، فشاری خستبوویە سەر وەزارەتی کاروباری ئاینیی، کە هەر سێکیان لە ئیزمیر بگوازێتەوە و، سەرۆکایەتیش بە ناچاری ملی بۆ داواکەیان کەچ کردبوو.

ئیدی هەتا بڕیاری دووهەم لە بارەیانەوە دەردەچوو، دەبوو لە مزگەوتەکاندا وتار نەدەن.

لەو کاتەدا ئیبراهیم ئولڤی، لە بەشی خۆیەتی “ذاتیة” کاروباری ئاینی دەست بەکار بوو. داوای لە مامۆستا کرد کە سەردانی ئەنقەرە بکات. کاتێک مامۆستا چووە ئەنقەرە، ئیبراهیم ئولڤی ئەوەی پێڕادەگەینێت کە جگە لە ئیزمیر دەتوانێت لە هەر شوێنێکی تر دایبمەزرێنێت.

لەو کاتەشدا مامۆستا ئیسماعیل لە ئێدرەمیت بوو، مامۆستا بە هۆی ئەوەی کە پێی وابوو مامۆستا ئیسماعیل دەبێتە دڵخۆشکەری لە ئێدرەمیت، لە وەڵامدا وتی: لەوە دەچێت ئێدرەمیت باش بێت. بەم شێوەیە مامۆستا لە بەرواری ٢٣ ی شوباتی ١٩٧٢، لە ئێدرەمیت دامەزرێندرا.

مامۆستا سەبارەت بە یادەوەریەکانی ئەو سەردەمەی دەڵێت:

ئەگەرچی داوای ئەوەم کرد کە لە ئێدرەمیت دابمەزرێم، بەڵام نیەتی ڕۆشتنم بۆ ئەوێ نەبوو.

کاک ڕەمیز وەک موفتی ئێدرەمیت، هەروەها هەریەک لە عارف چاغانی ڕەحمەتی و حاکم نەجمەدین و چەند پیاوێکی خاوەن متمانە، هەتا ماڵەکەی ناوچەی مەکتوپچوو هاتن، داوای ئەوەیان لێکردم کە بچمە ئێدرەمیت و تەنانەت وەک ئەوەی بپاڕێنەوە بەو شێوەیە داوایان لێکردم، هەرگیز ئەو گەرموگوڕیەی ئەوان لە یاد ناکەم، وتیان ” چی دەبێت گەر بێیت بۆ ئێدرەمیت و لەوێش دەتوانیت خزمەت بکەیت”.

بەڵێ، ئەم داوا گەرموگوڕ و جددیەی ئەوان بە شێوەیەک نەبوو کە ڕەت بکرێتەوە.

سەرەڕای هەموو شتێک کاتێک ئەوەیان بینی کە دڵم پێوەی نیە، وتیان “چیە دەست لە کارەکەت دەکێشیتەوە؟”، منیش لە وەڵامدا وتم بەڵێ… چونکە چوونم بۆ ئێدرەمیت زۆر سەخت بوو، وەک ئێستا نەبوو کە ئامرازەکانی گواستنەوە لە بەردەستدا بێت.

هەروەها هیچ کام لە هاوڕێکانمان ئۆتۆمبیلی تایبەت بە خۆیان نەبوو.

جگە لەوەش، ئەو هاوڕێیانەی کە توانای خزمەت کردنیان هەبوو، هەموویان لە ئیزمیر بوون. پێویستی بەوە دەکرد ئەو کەسانەی لە ئیزمیر دەیانویست خزمەت بکەن، ئاڕاستە بکرێن. هەروەها  قورسایی ئەو ئەرکەش کە لەسەر شانی من بوو، پێویستی بەوە دەکرد زیاتر بیر لە ئیزمیر بکەمەوە. بەڵام سەرەڕای تەواوی ئەم تێبینیانە، نەمتوانی تکای هاوڕێیان بشکێنم و بە ناچاری لە ئیدرەمیت دەست بەکار بووم”…

مامۆستا دوو ساڵ لە ئێدرەمیت مایەوە. لەم کاتەدا هەریەک لە دەنیز گێچمیش، یوسف ئەسڵان و حوسەین ئینان، لە زیندانی مەدەنی جەبەجی لە ئەنقەرە، لە سێدارە دران.

هەروەها لە مانگی ئایاری ١٩٧٢، بولەنت ئەجەوید لە کۆنگرەی جەهەپەدا توانی بەسەر عیسمەت ئینۆنوو زاڵ ببێت و ببێتە سەرۆکی ئەو پارتە.

لەم کاتەشدا ڕۆژنامەکان مانشێتی ” لە پارتی شێفەوە بۆ پارتی خەڵک” یان بەکارهێنا. چونکە بەم شێوەیە، ٣٤ ساڵ سەرۆکایەتی ئینۆنوو بۆ پارتی جەهەپە کۆتایی هات. هەروەها لە هەڵبژاردنەکانی ١٩٧٣، دروشمەکانی “ئەجەویدی خەڵک” و “کوڕە ڕەشەکە” بە شێوەیەکی بەربڵاو دەنگی دابوویەوە.

ئەجەوید لە قسەکانیدا دەیوت” جەهەپە لە بەرامبەر بیروباوەڕی دینی خەڵک و وابەستەیی بە دینەکەیەوە، بەربەستێک نیە لەوەی لە ڕێگەی دیموکراتیەکان و دادپەروەری کۆمەڵایەتیەوە پەرە بە خۆیان بدەن، بە پێچەوانەوە، لەم بابەتەدا ئاسانکاریان بۆ دەکات”.

هەروەها وەک ئۆرهان بیرگیت، یەکێک لە وەزیرەکانی ئەجەویدیش ئاماژەی پێدەدا، ئەجەوید بۆ یەکەم جار، دیوارێکی ٥٠ ساڵەی نێوان جەهەپە و خەڵکی ڕوخاند.

ئەجەوید لە هەڵبژاردنەکانی ١٩٧٣، ٪٣٣ دەنگەکانی بەدەست هێنا و بەم شێوەیە وەک سەرۆک وەزیرانی تورکیا دەست بەکار بوو.

 

هەروەها لەم کاتەدا، دۆسیەکەی مامۆستا لە دادگا، لە بەرواری ٢٠ ی ئەیلولی ١٩٧٢ بە ئەنجام گەشت. مامۆستا بە گوێرەی بڕگەی چواری ماددەی ١٦٣ مەحکوم کرا. بە گوێرەی بڕیارەکە دەبوو مامۆستا ٣ ساڵ زیندانی بکرێت و بەرەو ناوچەی سینۆپ نەفی بکرێت و لە هەموو خزمەتێکی گشتیش بێ بەش بکرێت.

بەڵام دادپەروەری ئیلاهی جارێکی تر خۆی دەرخست و دادگای باڵای سەربازی، سزاکەی بە زۆر لە قەڵەمدا و لە بەرواری ٢٤ ی تشرینی یەکەمی ١٩٧٣، سزاکەی هەڵوەشاندەوە. کاتێک دادگایی مامۆستا بەم شێوەیە بەردەوامی هەبوو، هەریەک لە ئەجەوید و ئەربەکان کە پێکەوە حکومەتێکی هاوپەیمانێتیان دروست کردبوو، لە ١٨ ی ئایاری ١٩٧٤، لێبوردنی گشتیان دەرکرد.

بەم شێوەیە سزاکەی مامۆستاش وەک سزای هەموو حوکمدراوەکان، پوچەڵکرایەوە.

 

هەرچەندە بڕیارەکە لە بەرژەوەندی مامۆستاشدا بوو، بەڵام لەبەر ئەوەی زۆر تاوانباری تیرۆرستی گەورە بە هۆیەوە ئازاد دەکران، مامۆستا لە دژی بڕیارەکە بوو. هەربۆیە پەڕلەمانی تورکیا، لەم بڕیارەدا کەوتنە ناو هەڵەیەکی مێژوویی، کە لە داهاتوودا جارێکی تر تورکیایان دەخستە ناو باوەشی تیرۆرەوە.

مامۆستا نزیکەی ساڵێک لە ماڵەکەی مەکتوپچوو مایەوە، پاشان ماڵەکەی گواستەوە بۆ شوقەکانی کارداش کە لە گەڕەکی هەتای بوو.

 

مامۆستا بەم شێوەیە باسی ئەو ڕۆژگارە دەکات:

ئێمە کاتێک لە ئێدرەمیت لە پشووی وەرزی هاویندا بووین،      کاک ئیسماعیل چاوی بە کاک سەفوەت سەنیح کەوتبوو. بڕیاری ئەوەیان دابوو کە لە ماڵێکی گەورەتردا بمێنینەوە. کاک ئیسماعیل بە هۆی ئەو ئەرکەی لە کارشییەکا هەیبوو، لەگەڵ کاک نەفیع پەیوەندی هەبوو. کاک نەفی، خاوەنی بیناکەی دەزگای فەتوای کارشییەکا بوو. ئەو شوقەیەی ئێمەش لێی دەماینەوە، هی کاک نوری یەمیشچی بوو،  کە هاوەڵزاوای کاک نەفیع بوو. ئەو خانوەی کاک نەفیع لە ناوچەی کارشییەکا هەیبوو، بە شێوەیەک گەورە بوو، کە بەراورد نەدەکرا بەوەی خۆمان. ٣ ژوور و ساڵۆنێکی هەبوو، دەبوو بە هەزار لیرە بە کرێی بگرین، لە نێو خۆشماندا پارەکە دابەش بکەین.

بڕیار بوو کەوا کاک ئیسماعیل، سەفوەت سەنیح، م.چیفتلیکلی و من لەو ماڵەدا بمێنینەوە. کاک مەهمەت ئەتاڵایش جار جار سەردانی دەکردین. لە کاتەدا مەهمەت کوچوکیشمان هێنابوویە لای خۆمان. کاک خەلیل ئیبراهیم و ئەحمەد ئۆزەریش ماوەیەک لەلای ئێمە مانەوە. کەلوپەلەکانی ماڵەکەی مەکتوپچوشمان بۆ کاک ئایدن کۆیونجو بەجێهێشت. تەنانەت دۆڵابێکی گەورەم هەبوو، پەردەیەکی قەدیفەی سەوزم بەسەردا دەدا، لە کەمپەکانی سەردەمی کەستانەپازاریش هەر ئەو دۆڵابەم بەکار دەهێنا، کتێبەکانیشم هەر لەو دۆڵابەدا دادەنا، تەنانەت ئەویشم هەر لەو خانوەدا بەجێهێشت.

لەو کاتەی لە ئێدرەمیت دەمامەوە، هەمیشە سەردانی ئیزمیرم دەکرد. بەڵام لە کاتی ڕێکخستنی کەمپەکاندا، هەر لە ئێدرەمیت دەمامەوە. لە یەکەم ڕەمەزانی ساڵی ١٩٧٢ هەر لە ئێدرەمیت مامەوە. لە مزگەوتی کورشونلو دوو ژووری تێدا بوو، یەکێک لە ژوورەکانیان بۆ من تەرخان کرد بوو، کە دەمتوانی تێیدا بمێنمەوە و بۆ ئەو مەبەستەش فەرشێکیان تێدا ڕاخستبوو. بەڵام لەو ڕۆژگارەدا بە شێوەیەکی زۆر توند ئازاری گورچیلەم دەستی پێکردبوو. گورچیلەم بەردی تێدا بوو. هەندێک جار ئازارەکان هێندە سەخت بوون، خەریک بوو دەبوورامەوە.

تەنانەت جارێکیان حاجی کەمال و دکتۆر موستەفا ئاسوتای هاتن بۆ لام، لەو کاتەدا ئازارەکەم بۆ هاتەوە، هەموو گیانم عارەقی لێ دەچۆڕا، زۆر سەخت بوو بەو شێوەیە ئەرکەکەم تەواو بکەم، هەربۆیە پێش ئەوەی رەمەزان تەواو بکەم، مۆڵەتم وەرگرت و وازم لە کارەکەم هێنا. هەربۆیە بەردەوام لە ماڵەکەی ئیزمیرەوە دەهاتم و دەڕۆشتم. بەڵام هاتوچۆکەم زۆر سەخت بوو، چونکە لەو کاتەدا هەم ئامرازەکانی گواستنەوە بوونیان نەبوو، هەم هیچ کام لە هاوڕێکانم ئۆتۆمبیلی تایبەتیان نەبوو. هەربۆیە هەمیشە بە ئۆتۆمبیلی هێڵە گشتیەکان هاتوچۆم دەکرد، تەنیا یەک دوو جارێک نەبێت، بە ئۆتۆمبیلی تایبەت هاتوچۆم کرد.

“تەنانەت ئەو گوڵانەی لەلایەن دۆستانەوە تێتدەگیرێت، خوێنێت لێ دەهێنن، بەڵام من زۆر جار لەلایەن دۆستانمەوە، پیک لەسەرم دەدرا. ئیدی لە حاڵێکی لەم شێوەیەدا ناچار بووم بەوەی ئازار و ناسۆریەکان لە ناخمدا بخۆمەوە. واتە لە ناخەوە خوێنت لێ دەچۆڕێت، بەڵام زەردەخە لەسەر لێوانت دەبێت. یاخود ئەوان زوخاوت پێ هەڵدەڕێژن، بەڵام تۆ دەبێت شەربەتیان پێشکەش بکەیت… ئەمانە شتانێکی هێندە ئاسان نین وەک ئەوەی بە زار دەوترێن. بەڵام لە پێناو داواکەماندا، پێویست بە بەرگەگرتنی تەواوی ئەم شتانە هەبوو”.

ئەوانەی ئێمەش لە نێوان خۆیاندا ڕاوێژیان دەکرد و، بەردەوامیان بەو بۆشاییە دەدا کە لە دوای زیندانی کردنی من دروست بوو بوو.

تەنانەت جارێکیان بە منیان وت” ئێمە لەگەڵ برادەرانی خۆماندا ڕاوێژ دەکەین، ئەگەر ئێوەش دەخوازن بەشداری بکەن”. ئەمە زۆر زیاتر لە زیندانی کردنم ئازاری دام، بێگومان منیش بەشداریم نەکرد، بەڵام دواتر چاوم بە یەکە یەکەیان کەوت و هەموویان پەشیمانی خۆیان لەو کارەیان دەربڕی.

هەندێک لەو برادەرانەی تریش کە لە شوێنی ترەوە هاتبوون، وەک کەسێک ڕەفتاریان دەکرد، کە خواردن لەسەر ئاگر بڕفێنێت، ئیدی هەرکەسێکی لە ئیزمیر بە دڵ بووایە، دوای خۆی دەخست و بەرەو ئەو شوێنەی دەبرد کە خۆی دەیخوازێت.

لە ڕێگەی ئەو شتە نەرێنیانەی باسیان دەکرد، تەنانەت کاریگەریان لەسەر نزیکترین هاوڕێکانیش دادەنا.

پێم وایە لای زۆرێک لە هاوڕێکان، ئیماجی “پیاوێکە مەحکومە بە تیاچوون و ناتوانرێت هیچی لەگەڵدا بکرێت”، دروست کردبوو.

زۆرێک لە هاوڕێکانیش بە ناوی هزر و فکرەوە، بە هۆی ئەم شەپۆلەوە وەک پوش و کا بە هەر چواردەوردا بڵاو دەبوونەوە. بێگومان لەناو کۆمەڵێکدا کە هێندە شەپۆلی جیاوازی تێدا بێت، ناتوانرێت سەقامگیری فەراهەم بکرێت. هەروەها ئیمکانی ئەوە نەبوو کە لەگەڵ ئەم جۆرە کەسانەدا شان بدەیتە پاڵ شانی یەکتر، چونکە دیار نەبوو کەوا کەی پێی هەڵەدەخلیسکێت و کە پێشی هەڵخلیسکا بەرەو کوێ دەڕوات و چی دەکات.

چاوپێکەوتنم لەگەڵ یەکە بە یەکەی هاوڕێکانم سوودی زۆری هەبوو، دواتر لە ڕێگەی ڕاوێژەوە بیرێکی تایبەت بە خۆمان دۆزیەوە.

یەکەم چاوپێکەوتنمان لە ماڵی حوسەین کاپتن ئەنجامدا؛ تێیدا بڕیارمان لەسەر ئەوەدا، کە بە شێوەیەکی جددی پاڵپشتی یەکتری بکەین. ماڵی ئەویش لە شوقەکانی کاردێش بوو.

هەریەک لە کاک ئیسماعیل و مەهمەت عەلی شەنگوڵ و حوسەین کاپتان کە ڕێگەیان بۆ ئەم چاوپێکەوتنە خۆش کرد، هەرگیز لە یاد ناکەم و بە چاکە یادیان دەکەمەوە.

ئەم جوامێریەی ئەوان، لە من و تەواوی ئەو کەسانەی خاوەنی هەمان بیرکردنەوەن، یادێکی جوانیان بەجێهێشتووە.

دەتوانین بڵێین لەو کاتەدا بە ناوی خزمەتەوە، بە قۆناغێکی ناهەمواردا تێدەپەڕین. کێ دەزانێت لەوە دەچێت تەواوی ئەمانە ژانی لە دایک بوونی پێکهاتەیەکی نوێ بوو بێت. بەڵام هەرچیەک بێت، ئەم ڕووداوانە هەموو جارێک منیان دەکرد بە دوو کەرتەوە.

بۆ نمونە هەندێک جار کە بۆ ئەنجامدانی ڕاوێژ لە نێوان خۆماندا کۆ دەبووینەوە، هەندێک برا لە نێوان خۆیاندا چاویان لە یەک دادەگرت و بەم شێوەیە ڕەفتاری نابەرپرسانەیان ئەنجام دەدا. بێگومان لە کەشوهەوایەکی ناجددی بەم شێویەدا، ناتوانیت باسی گرنگترین بابەتەکانی دونیا بکەیت. منیش کاتێک ئەمانەم دەبینی، هەڵدەستام و مەجلیسەکەم بەجێدەهێشت.

لە منداڵیمەوە بەرامبەر نوێژەکانم زۆر هەستیارم، خۆم لە هەموو شتێک پاراستووە کەوا ببێتە هۆی ئەوەی لە نوێژ دوورم بخاتەوە. هێندەی ئەوەی دیقەتی نوێژ و دەستنوێژیشم دەدا، لە هەمان کاتدا دیقەتی خواردن و خواردنەوەکانیشم دەدا. سەرەڕای هەموو ئەمانە، هەمیشە کەسانێکی ترم لە ئیمامەتدا پێش دەخست. بە هەمان شێوە دڵیشم بەوە ڕازی نەدەبوو لە پشتی هەموو کەسێکیشەوە نوێژ بکەم.

هەندێک لە دەستنوێژ و هەندێک  دەشێت لە خواردن و خواردنەوەیدا کەم دیقەت بێت، هەروەها هەندێکیان لە بابەتە گوماناویەکاندا، وەک پێویست خاوەن دیقەت نەبوون. هەربۆیە منیش ئەو کەسانەم بۆ ئیمامەت پێش دەخت کە دڵم لێیان ڕازی بوو. بەڵام ئەمەش هەندێک لە برایانی توشی ئیرەیی بردن کردبوو. هەندێک لەوان بۆ ئەوەی پێشیان بخەم بۆ ئیمامەت، سەیری ناوچاویان دەکردم. ئەم حاڵەش بە تەواوی منی بێزار کردبوو.

ڕۆژێکیان موستەفا ئۆزجانیش سەبارەت بەم بابەتە وتی” بۆ خۆت پێش ناکەویت لە کاتی ئیمامەتدا، کەسە گەورەکان هەمیشە خۆیان ئیمامەت ئەنجام دەدەن، گەر حاڵەتی زەروری نەبێت ئەم یاسایە ناشکێنن، تۆش پیویستە وەک ئەوان بکەیت”. لە ڕاستیدا منیش جگە لە کارێکی لەو شێوەیە، چارەیەکی ترم نەمابوو.

بەڵام شتێکی لەم شێوەیەش هەندێک لە برادەرانی نیگەران دەکرد، بە هەر هۆیەک بێت، شتێکی لەو جۆرەیان پێ هەزم نەدەکرا.

تەنانەت هەندێک جار پێش ئەوەی من لە ژوورەکەم بێمە دەرەوە، چونکە من سونەتەکانم لە ژوورەکەی خۆم ئەنجام دەدا، خێرا قامەتیان دەکرد و کەسێکیان بۆ ئیمامەت پێش دەخست. خۆ ئەگەر ئەو کەسەی پێشیان دەخست، کەسێک بووایە کەوا لە ڕووی زوهد و تەقواوە بە دڵم نەبێت، ئەوا لە دڵەوە زۆر نیگەرانی دەکردم.

ئیدی ئەم جۆرە مامەڵانە لە مندا هەستیاریەکی زیاد لە ئاساییان دروست کردبوو. بابەتی ئەوەی هەموو ڕۆژێک لەگەڵ کۆمەڵێکدا دابنیشم و باسی هەندێک شتیان بۆ بکەم، پاشان کاتێک بیرم لەو فیتنانە دەکردەوە کە دەشێت لەم قسە کردنانەوە دروست ببێت، ئیدی  هەڵدەلەرزام بە لەرزین.

هەروەها برادەرانی کۆنیش دەستیان لێ هەڵنەگرتبووین، هەندێک جار دەهاتن و چاویان بە هەندێک لە برادەران دەکەوت و قسەیان لەگەڵ دەکردن.  هەندێک لەوانەی چاویشیان پێیان دەکەوت، بەرامبەر ئێمە توشی دڵ هەڵشێوان دەبوون.

هەروەها لەم نێوەندەدا ئەو هاوڕێیانەی بە وەفا بوون بەرامبەر ئێمە، ژمارەیان کەم نەبوو، بۆ نمونە هەریەک مەهمەت عەلی، موستەفا ئۆزجان و ئیسماعیل بیوک چەلەبی، هیچ کاتێک هەڵسوکەوتێکیان ئەنجام نەدا کەوا منی پێ زویر بکەن.

موستەفا ئۆزجان هەمیشە بەرامبەر من ڕاستگۆ و بە وەفا بوو. هەروەها هەندێک لەو هەواڵانەی لەلایەن ئەوەوە بۆمان دەهات، بە ناوی خزمەتەکەمانەوە زۆر گرنگ بوون. هەر ئەویش بووە هۆی ئەوەی کە باربارۆس بهێنمە لای خۆم.

ڕۆژێکیان هات و پێی وتم: یەکێک لەو هاوڕێ پاکانەی ئێرە، کە لە دواناوەندی نامیق کەمال دەخوێنێت، لەلای هەندێک کەس بینیومە، لەوە دەچێت سەری لێ تێکبدەن”.

منیش زانیم مەبەستی لەو کەسە پاکە، باربارۆسە، ئیدی بانگم کردە لای خۆم و وتم: تۆ لەلای من بمێنەرەوە و بۆ هیچ شوێنێک مەڕۆ.

ئیدی لەو ڕۆژەوە نەمهێشتووە لەلام بڕوات، مەگەر بە حاڵەتی زەروری نەبێت، یاخود ڕاستر وایە بڵێین خۆی نەڕۆشتووە…

هەروەها کەم نەبوو ژمارەی ئەو خوێندکارانەی لە ترسی ئەوەی سەریان لێ تێکنەدەن، هێنابوومە لای خۆم، بەڵام سەرەڕای هەموو شتێک، سەریان لە هەندێک کەس تێکدا.

هەندێک لەوانەی جیا دەبوونەوە گەر زوو فریایان بکەوتینایە، ئەوا زوو دەهاتنەوە سەر هێڵی خۆیان، مەگەرنا ماوەیەکی زۆر سارد و سڕی لە نێوانمان بەردەوامی دەبوو. بەڵام سوپاس بۆ خودا، ئێستا تەواوی هاوڕێیان لەسەر هەمان ڕێچکەن…

ئەو سەردەمە دابڕاندنی هەندێک خوێندکار لە خزمەت، لە ئیزمیردا بە خزمەت ئەژمار دەکرا لەلایەن هەندێک کەسەوە. لەو ڕۆژانەدا کە لەلایەن هەندێکەوە بە خیانەت کردن بەرامبەر خزمەتی قورئانی تۆمەتبار کرابووین، هەموو ڕۆژێک چەشنی ئەوەی دڕکە زی قوت بدەین، ناسۆرمان دەچەشت. بەڵام جگە لە ئارامگری هیچی ترمان لە دەست نەدەهات و بە ناچاری لە نێو چوار دیواری سینەماندا دەمانناشتن.

ڕۆژێکیان هاتنە لام و وتیان: ئێمە لە نێو خۆماندا ڕاوێژمان کردووە، گەر تۆ و – فڵان و فیساریش دەخوازن- ئەو کەسانەی ناویان بردن هەموویان کەسانێک بوون کەوا بە دوور لە خزمەتیان ئەژمار دەکردن، دەتوانین لەگەڵ ئێوەشدا دابنیشین و ڕاوێژتان پێبکەین. ئیدی لەو کاتەدا ئارام لەلا هەڵگیرا و زۆر بە توندی وەڵامم دانەوە.

تەنانەت بیری ئەوەم ماوە لە شوێنێکدا پێم وتن:

بۆ خاتری خودا قسە بکەن، ئێوە چیتان فیدای بەدیعوزەمان کردووە؟ کام عیزەت و ئیعتیبار و شان و شۆرەت و زانستان هەبوو، هەتا بیخەنە ژێر پێتانەوە و  بە فیدای بەدیعوزەمانی بکەن؟ بە پێچەوانەوە لە سایەی ئەوەوە ئیعتیبارتان پەیدا کرد و گەشتنە ئەو حاڵەی کە خەڵکی لەسەر شانی خۆیان داتانبنێنن. ئێستا وەک ئەوەی تەنیا ئێوە خاوەنی قسە بن، هاتوون و بە من دەڵێن کەوا فڵان و فیسار شت بکەم”.

کەسانێک کەوا بە درێژایی ژیانم بە ڕێزەوە قسەم لەگەڵدا کردوون، ئەمە توندترین قسە بووە کە لەگەڵمدا کردوون، خۆزگە هێندەی ئەم قسانەش دڵی ئەوانم زویر نەکردایە. ئیدی چی دەکەیت لەو کاتەی دیوارەکانی ئارامگری دەڕوخێن و منیش لەو کاتەدا هەستم بەوە کرد کە پێویستە قسەیەکی لەو شێوەیە بکەم. ئەوانەی لەگەڵمدا هاتن، پاڵپشتی قسەکانی منیان کرد و وتیان تۆ لەسەر حەقیت.

 

بێگومان کەشوهەوای گشتی هیچ گۆڕانکاریەکی بەسەردا نەهات، هەموو کەس بە گوێرەی خۆی خوێندنەوەی بۆ شتەکان دەکرد و بە ناوی خزمەتەوە غەیبەتی ئەم و ئەویان دەکرد و بەردەوامییان بە ئیجتیهادە هەڵەکانیان دەدا. هەروەها بۆ سوکایەتی بە هەندێک کەس، لە چاوی هیچ پێودانگێکی شەرعیان نەدەکرد و بەم شێوەیە گەڕەلاوژێیەک لە ئیزمیر دروست بوو بوو.

هەمیشە ئەوەم لە خۆم دەپرسی کە چۆن دەبێت کۆمەڵێک مرۆڤی پاکی لەم شێوەیە، لە هەندێک بابەتدا دیقەت لە کردار و گوتارەکانیان نەدەن و، ئیدی هەندێک جار ئەمەم بە کەفارەتی کەموکورتیەکانی پەیوەندی نێوان خۆم و پەروەردگار لێک دەدایەوە و، هەندێک جاریش سەرکۆنەی خۆمم دەکرد و دەموت: ئەی تۆ نەبوویت دەتوت گەر هەموو دونیاش سەرم بکاتە سەر، من هەر خەریکی خزمەتی خۆم دەبم، بەڵام ئێستا ئەوەتا بەرگەی بچوکترین فشارەکانیش ناگریت… هەندێک جاریش دەموت: هەندێک لە کێشە بچوکەکانی چواردەورت، زۆر سەختترە لەو کێشە گەورانەی هێندە شاخەکان دەبن و لە کەسانی دەرەوە بۆت ساز دەکرێن؛ بەم شێوەیە خەریکی ناڵینەوە بووم.

کاتیک تەواوی ئەمانە ڕوویان دەدا، من هەر بەردەوام بووم لەوەی بچمە ئێدرەمیت و بێمەوە و بەردەوام چاوم بە خوێندکارەکانیشم دەکەوت. بەڵام من خوازیاری ئەوە بووم لە بازنەیەکی تایبەتدا لەگەڵ هاوڕێکانم دابنیشم و باسی بابەتەکانی خزمەتی ئیمانی و قورئانی بکەم. لەم بابەتەدا لە هیچ کەسێکەوە وەڵامێکی ئەرێنیم وەرنەگرت، دەبوو ماوەیەکی تر چاوەڕێ بکەم.

“یەکەم هەلومەرجی ڕێکخراوی خزمەت”

یەکەم ساڵ بە بێ ئەوەی هیچ کێشەیەک لە نێوانماندا ڕوو بدات، بەڕێمان کرد. دەتوانم بڵێم کاک حاکمی ڕەحمەتی لەم نێوەندەدا دەستێکی باڵای هەبوو. کاتێک ئەو هاتە لای ئێمە، لە ڕێگەی دەستپێشخەریەکانی خۆیەوە، کاریگەری تەواوی شەپۆلە نەرێنیەکانی دەشکاند کە ڕوویان لە ئێمە دەکرد.

 

هەروەها لە دائیرەکانی دادگاش دەستی دەڕۆشت، خەڵکی ئێدرەمیتیش ئێمەیان وەک خۆمان ناسیبوو، هەربۆیە زۆر گوێیان بە چەواشەکاریەکان نە دەدا.

ئێمەیان ناسیبوو چونکە وتارەکانمان لە چواردیواری مزگەوتەکاندا سنوردار نەکردبوو.

هەر لە یەکەم ڕۆژەوە لە هۆڵێکی ئاهەنگ گێڕان، لەسەر شێوازی پرسیار و وەڵام، دانیشتنمان لەگەڵ هاوڵاتیان ئەنجامدا.

ئەگەر چی شیاوێتی کارێکی لەو شێوەیە سنوری ئێمەش تێدەپەڕێنێت، بەڵام کاتێک دەستبەجێ لەوێدا وەڵامی پرسیارەکانی خۆیان وەردەگرتەوە، چینی دەستەبژێری ئەو ناوچەیەش بەمە دڵخۆش بوون. پاشان بە شێوازی جیاواز بەردەوامیمان دا بەو جۆرە کۆڕانە، ئەوانەی نەیاندەتوانی زەحمەتی ئەوە بکێشن کە بێنە مزگەوتەکان، ئێمە دەچووینە لایان، بەم شێوەیە گوێیان لە شتانێک دەبوو بە ناوی دین و دیانەتەوە.

خۆزگە بە تەواوی شیاوێتی کارێکی لەو شێوەیەمان تێدا بووایە، خودا دەزانێت کە چەندە خزمەتێکی گەورە دەبوو. ئەم کۆڕانە کە لە دەرەوەی وتاری ناو مزگەوتەکان سازمان دەکرد، لە هەموو لایەکدا جۆش و خرۆشێکی بۆ پەیوەندی کردن دروست کردبوو.

یەکێکیان لە ڕۆژدا و یەکێکیان لە شەودا، هەفتانە دوو جار کۆڕمان دەبەست.

کەسانێکیش لە دەرەوە دەهاتن و دەڕۆشتن، هەندێک لە برادەرانی ئیزمیریش هیچ کام لە وتارەکانیان نەدەپەڕاند.

ئەمەش لە کاتێکدا بوو لە ئێدرەمیت، هێشتا هیچ شتێک بە ناوی ماڵ و بەشی ناوخۆیی بەرچاو نەدەکەوت.

بەڵام بە ناوی کەلتوری دینیەوە، ئەو کەمپانەی ڕێکمان دەخست، زۆر فەیز و بەرەکەتی هەبوو.

ئیدی زۆر هاوڕێشمان هەبوو کە بابەتەکانی ئێمەی دەزانی و دەیتوانی بۆ خەڵکی تریان باس بکات.

زۆرێک لەوان دەبوو لەگەڵ گەنجاندا کۆ ببنەوە و باسی ئەو شتانەیان بۆ بکەن کە پێویستە بیزانن.

هەندێک لەو برایانەی سەرپەرشتیاری ئەم گروپانەیان دەکرد، جار جار لەگەڵ ئێمەدا کۆ دەبوونەوە و باسی هەندێک شتیان دەکرد و پێکەوە ڕاوێژمان دەکرد.

دەتوانم ئەوە بڵێم کە بە ناوی ئیمان و قورئان و کەلتوری پەیامەکانی نورەوە، لەسەر ئاستی ئەکادیمی، چالاکی ئەنجام دەدرا.

 

ئەمە لە کاتێکدا بوو کە پێشتر توانای ئەوەمان نەبوو لەگەڵ سەرپەرشتیاری یەک دوو گروپی لەو شێوەیە پێکەوە دابنیشین و راوێژ بکەین، هەروەها کەسی شیاویش بۆ سەرپەرشتیاری گروپی لەو شێوەیەش بوونی نەبوو.

کەمپەکانی بوجا لە ڕووی ڕەسەنێتی و بابەتی ئەوەی کە یەکەم کەمپی ڕێکخراو بوو، هەروەها لە ڕووی کاریگەری دانان لەسەر ویژدانی بەشداربووان، بە شێوەیەک بوو کە ناکرێت لەگەڵ کەمپەکانی تردا بەراوردی بکەیت.

بەڵام لە ڕووی سوودگەیاندنەوە، کەمپەکانی ئێدرەمیت، هەمیشە چەند هەنگاوێک لە پێش کەمپەکانی ترەوە بووە.

هەروەها کەمپەکانی بوجا لە ڕووی ماددیەوە دەبوو لەم و لەو بپاڕێینەوە هەتا چەند شتێکمان بۆ بکەن و بە تاقی تەنیا مابوومەوە، بەڵام لە کەمپەکانی ئێدرەمیت هاوڵاتیان خۆیان  بە خاوەنی بابەتەکە دەزانی.

بە تایبەت هەریەک لە عارف چاغان و برازاکەی بە ناوی کاک عەبدوڵا، لایەنی زۆر خەرجی کەمپەکەیان لە ئەستۆ گرتبوو.

هەروەها لە گوندەکانەوە پەنیر، ماست، هێلکە و خواردنی تر دەهات و خەرجی خواردنی خوێندکارە هەژارەکانی ئەو کاتەیان لە ئەستۆ گرتبوو.

لە کەمپەکاندا جەوێکی ڕۆحانی بە تەواوی باڵی بەسەر هەموو لایەکدا کێشابوو. ئێستاش کاتێک گوێ لە کاسێتی تەسبیحاتەکانی ئەو ڕۆژگارە دەگرم، هەست و سۆزم دەبزوێت و ڕۆحم کەشوهەوایەکی تایبەت وەردەگرێت…

130 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە