بیروڕاگۆشەی م.فتحوڵڵا گولەنهەواڵ

هەوڵدان بۆ تەنیا کردنی مامۆستا!

تارق بوراک بەشی ٢٦

 

 

 

 

هەندێک لەوانەی وەک کەسانێکی دیندار ناسراو بوون، هەوڵی ئەوەیاندا سوود لە زیندانی کردنی مامۆستا ببینن و بە تەنیا بیهێڵنەوە.

ئەو شتە نوێیانەی مامۆستا باسی لێوەیان دەکرد و ئەو بوارانەی خزمەت کە مامۆستا خستبوویە بەردەمی هەموو لایەک، هەندێک لایەنی نیگەران کردبوو.

 

ناوەندی ئەو شوێنەی هەوڵی تەنیا کردنی مامۆستایان دەدا، یاخود هەوڵی ئەوەیان دەدا دڵی زویر بکەن و بیگەڕێننەوە بۆ ئێرزروم، لە ئیستەنبولەوە دەستی پێدەکرد و هەتا ئیزمیر دەستیان دەڕۆشت.

مامۆستا کاتێک باسی ئەو ڕۆژە سەختانەی ئیزمیر دەکات دەڵێت:

” ڕۆژێک نەبوو بابەتێکی وەها نەیەتە پێشەوە، کە مرۆڤ نەخاتە گریان. هەندێک جار خەفەتێکی وەها لێیدەدام، کاتژمێر ٣ ی شەو، دەچوومە دەرەوە و بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک بە پێ دەڕۆشتم”.

 

لەو کاتەی مامۆستا لە زیندانی بادەملی دەمێنێتەوە، ڕامیز ئەفەندی باوکی سەردانی دەکات. لە ماوەی ئەو مانگەی کە باوکی لە ئیزمیر دەمێنێتەوە، مامۆستا ٣ جار دەبردرێتە بەردەم دادگا. کاتێک مامۆستا ئازاد نەکرا، باوکی بە ناچاری و بە شێوەیەکی ماتومەلول دەگەڕێتەوە بۆ ئێرزروم.

مامۆستا بەم شێوەیە باسی ئەو ڕۆژانە دەکات:

یەکەم سەردانی باوکم بۆ زیندان، بە نیسبەت منەوە هیجران و حەسرەت بوو. زۆر گریام. لە دیوێکی تەلبەندەکەدا وەستابووم و باوکیشم لەودیوەوە وەستابوو. تەنانەت نەمدەتوانی دەستی ماچ بکەم، پرسیم باوکە چۆنی؟ دایکم چۆنە؟

– دایکت ڕۆشتەوە بۆ گوندەکەمان.

-بۆچی؟ چی بووە؟

– ئەنوەر زۆر نەخۆشە.

کاتێک ئەمەی وت، یەکسەر بوو بە دوو کەرتەوە، ئیتر تێگەشتم لەوەی مامم مردووە. باوکم دەستی بە گریان کرد و منیش زۆر گریام.

 

مامە ئەنوەرم زۆر خۆش دەویست، ٨ ساڵ لە باوکم بچوکتر بوو. کاتێک وەفاتی کرد، تەمەنی هێشتا ٦٠ ساڵ نەدەبوو. زۆر پیر نەبوو، بەڵام بە هۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە گیانی لە دەستدا.

 

پاش ئەوەی لە زیندان ئازاد کرام، گەڕامەوە گوندەکەمان و، بەسەرهاتێکی مامم لە دایکمەوە بیست.

ئەو کاتەی هەواڵی زیندانی کردنی من دەبیسترێت، مامم بە هەڵەداوان دێتە ماڵەوە وهەواڵی زیندانی کردنم بە دایکم دەدات” حاجیان دەستگیر کردووە”، پاشان بە خەم و دەردەوە دەڕوات، ئیدی دوای ئەوە نەخۆش دەکەوێت و وەفات دەکات.

ئەو ڕۆژە کاتێک گەڕامەوە بۆ قاوشی زیندان، هێشتا هەر دەگریام، یەکە یەکەی هاوڕێکان هاتن و دڵنەواییان دەدامەوە. هیچ کاتێک حاڵی ئەو ڕۆژەی باوکم لە یاد ناکەم، هیچ کاتێک لەبەرچاوم ون نابێت”.

“بۆ تۆ دەگریم”

هەروەها مامۆستا عەبدولقادریش لە زیندان سەردانی کردم. ئەویش لە پشتی تەلبەندی زیندانەوە فرمێسکی بە چاودا دەهاتە خوارەوە. منیش وتم ئەوە بۆ دەگری؟

لە وەڵامدا وتی ” بۆ تۆ دەگریم”، ئیدی بە تەواوی دەستی لە خۆی بەردا. کاتێک لە زیندان ئازاد کرام، نەمتوانی چاوم پێی بکەوێت، یەکەم جار چوومە ئێرزروم، پاش یەک دوو ڕۆژ لە گەڕانەوەم، لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا ئاگری تیبەردەبێت و بەو شێوەیە گیان لە دەست دەدات.

دوا چاوپێکەوتنی نێوانمان، ئەو کاتە بوو کە لە زیندان هاتە سەردانم. ئەو سەردانەشی یەکێک بوو لە هیجرانە گەورەکانی من.

براکەشم بە ناوی مەسیح ئەفەندی، چەند جارێک سەردانی کردم.

سعودی ڕەشاد بەگیش، کە لەو کاتەدا پەڕلەمانتار بوو، ئەویش سەردانی کردم. نزایەکم بۆ نوسی هەتا هەمیشە بیخوێنێتەوە، پاش دوو مانگ لە سەردانەکەی ئەو، لە زیندان ڕزگارم بوو.

 

“ئازاد بوون…”

ئەو مرۆڤە بێ گوناحانەی لەگەڵ مامۆستادا کەلەپچەیان لە دەست کرا و زیندانی کران، لە پاش ٥-٦ مانگ لە زیندانی کردنیان، یەکە بە یەکە هەموویان ئازاد کران.

مامۆستا لەگەڵ هەموو چوونێکی بۆ دادگا، کەلەپچەی یەک دووانێک لە هاوڕێکانی دەکرایەوە و ئەویش لەگەڵ یەک دوو کەسی تردا، دیسان دەگەڕایەوە بۆ مەدرەسەی یوسفی.

“بێگومان دڵمان بە ئازاد بوونی ئەوانە خۆش دەبوو کە ڕزگاریان دەبوو.    بەڵام تا دێت لە ڕۆحماندا ئازاری تەنیاییەکی تاڵ تاڵ و شنەبایەکی غەریبی هەڵیدەکرد”.

لە کۆتایدا پاش ڕزگار بوونی هەموو لایەک، مامۆستا گەڕایەوە خاڵی سەرەتا. یەکەم جار مامۆستا و موستەفا بیرلیکیان دەستگیر کردبوو، ئێستاش تەنیا هەردووکیان پێکەوە لە زیندان مابوون.

مامۆستا سەبارەت بە هۆکاری ئازاد نەکردنیان دەڵێت” بڕیار بوو هەموومان ئازاد بکرێین، بەڵام لەبەر ئەوەی هەڵەیەکی مێژوویی لەو شێوەیە، لە سەرەوە پێیان کرابوو،  ترسی ئەوەیان هەبوو کە نەتوانن حسابی هەڵەیەکی گەورەی لەو شێوەیە بدەن، هەربۆیە یەکە بە یەکە ئازادیان دەکردین. ئەو هەڵە گەورەیەی لەلایەن هەندێکەوە بەرامبەر ئێمە کرابوو، لەلایەن کەسانێکی ترەوە قەرەبوو دەکرایەوە، لەم نێوەندەشدا دەترسان توشی گرفت ببن، هەربۆیە هێواش و لەسەر خۆ، بە شێوەیەک کەوا سەرنج ڕانەکێشێت، ئازادیان دەکردین”.

ڕۆژەکان دیسان وەک مانگیان لێهاتبوو، کات بە هیچ شێوەیەک تێنەدەپەڕی. چاوپێکەوتن بە کەسانی دەرەوە و سەردان کردنیان، هەتا بڵێیت سەخت کرابوو. چونکە لەگەڵ کەسانێکدا دەماینەوە کە بە تۆپ و تانک، هەوڵی کودەتایان بەسەر دەوڵەتدا دابوو. لە هەمان هەلومەرجدا ژیانمان بەسەر دەبرد.

ئەگەرچی کاتێک بیرمان لەو بەڵێنانە دەکردەوە کە قورئان و ئیمان پێیدابووین، یان لەو کاتانەی بیرمان لە مەدرەسەی یوسفی دەکردەوە و باسی بەهەشت و بینینی جوانی الله مان دەکرد، دڵی خۆمان دەدایەوە، بەڵام دیسان دەکەوتینە ژێر کاریگەری بۆشاییەکانی لایەنی مرۆییمان و ئارەزوی ڕزگاری لەو شوێنە دایدەگرتین”.

 

“لە مانگی حەوتەمی زیندانی کردنماندا، بۆ دواجار بردیانینە بەردەم دادگا. پارێزەرەکەمان بە شێوەیەکی پڕ هیوا، دیسان داوای ئازادکردنی ئێمەی کردەوە، کە ٣ مانگ بوو بە شێوەیەکی بەردەوام، هەمان داوای دووبارە دەکردەوە. لەو کاتەدا لە پڕێکدا شتێک ڕوویدا، کە پێشتر هاوشێوەیمان نەدیبوو.

 

ئەو داواکاری گشتیەی هەتا ئەو ڕۆژە ٥٠ جار بە بێ ئەوەی وەڕز و بێ تاقەت ببێت، بە دەستەی دادگای دەوت” بڕیاری درێژکردنەوەی دەستبەسەرکردنیان بدەن”، بە دەستەی دادگای وت” خۆ ئێوە کەسانێکی وەهاتان ئازاد کرد، هیچی تیا نەمایەوە -مەبەستی لە پارێزەر بەکر بوو- با ئەمانەش ئازاد بکرێن”. هەم زۆر سەرمان سوڕما، هەم دڵمان خۆش بوو.

لە ڕاستیدا چاوەڕوانی خۆشمان لەم دانیشتنەی دادگا بە هەمان شێوە بوو. هەر بەم هۆیەوە، ناتوانم خۆم بگرم و باسی شتێکی زۆر سەیر نەکەم.

دوو خەو…

کاتێک چووینە زیندان، بە خۆشیەکی نیوە ناچڵەوە چووینە ژوورەوە. کاتێک هاتینیشە دەرەوە، هەر بە هەمان شێوە بوو.

لەو کاتەی ڕووداوە یەک لە دوا یەکەکانی ١٢ ی ئازار ڕوویان دەدا، لەو کاتەی ڕووداوەکان تەمومژاویتر دەبوون و کەشێکی تۆقێنەرتریان دروست دەکرد، لە خەوێکی ڕاستگۆیانەدا – خودا خۆی زاناترە- چاوم بە حەزرەتی ساحێب قڕان (بەدیعوزەمان) کەوت، جبەیەکی ڕەشی لەبەردایە و لەبەردەم دەرگای زیندان وەستاوە و یەکە بە یەکە فڕێی دەداینە شوێنێکەوە کەوا لە قەڵا دەچوو.

 

هەروەها ماوەیەکی کەم بەر لە ئازاد بوونمان، لە خەوێکی تردا لە لوتکەیەکی بەرز بووین کە مرۆڤ نەیدەتوانی لێی بێتە خوارەوە. بەڵام بە شێوەیەکی زۆر دڵنیا و لەسەرو چاوەڕوانکراوەوە، لەو لوتکەیەوە دەخلیسکاین و بەرەو کەعبە دەڕۆشتین”.

 

“ئازاد کردنی مامۆستا”

سەر لە ئێوارە دیسان گەڕاینەوە بۆ کۆشکی سپیەکە(زیندان). هەموو جارێک ئەوەی چاوی پێمان دەکەوت، دەهاتنە بەردەممان و دەیانوت: خودا یارمەتیتان بدات.

لەوە دەچێت بە هۆی زەردەخەنەی سەر ڕوومانەوە خۆمان ئاشکرا کردبێت، ئەم جارەیان هەموو کەسێک بە شێوەیەکی جیاواز پێشوازی لێکردین. ئیدی نازانم هەتا گەشتینە قاوشەکەی خۆمان، چەند کەس هات و پیرۆزباییان لێکردین. لەوەش دەچێت لە خۆشیاندا گوێمان لە زۆربەیان نەبووبێت.

 

هەندێک لە کەلوپەلەکانمان لە زیندان بەجێهێشت، بێگومان قادر کایمازیشمان فەرامۆش نەکرد و هەندێ شتمان بۆ ئەویش بەجێهێشت.

کاتێک لە زیندان چووینە دەرەوە، کاک سادق هاتبوو هەتا لەگەڵ خۆی بمانبات. هەتا چووینە ناو تەکسیەکەوە هەستم بە شتێک نەکرد، بەڵام کاتێک پێکەوە سواری تەکسیەکە بووین، ئەوەم بیر کەوتەوە کە شوێنێکم نیە بۆی بڕۆم و، لە دوای منیش خاوەن ماڵەکە، شتەکانی فڕێ دابوومە دەرەوە و، لەو کاتەدا نەمدەزانی لە کوێن. ئیدی بە خۆمم وت “ئێستا چی بکەم؟”، بەم شێوەیە کەمێک دڵم لە خۆم داما.

هەتا ئەو ساتە ماڵی موستەفا بیرلیک هەمیشە بۆ من ئاوەڵا بوو، بەڵام لە دوای ئەو هەموو هیجران و حەسرەتە، باشتر بوو کەوا بە تەنیا لەگەڵ ماڵ و منداڵەکەی بەجێی بهێڵم.

ئیدی یان ئەوەی کەس ئەقڵی پێنەشکابوو، یاخود بە هۆی فەرامۆشیەوە بوو، ئەو ڕۆژە کەس پێشوازی لە مامۆستا ناکات و ناچن بە دەمیەوە. ئەوانەی لەو کاتەی خوێندکاری خۆی بوون، تەنانەت بەشداریان لە دانیشتنەکانی هۆڵی دادگاش نەدەکرد.

” هاوڕێ خوێندکارەکان نەدەهاتن بۆ دانیشتنەکانی دادگا. یاخود کەم دەهاتن. لەوە دەچێت چاوپێکەوتنیان لەگەڵ من، بە شتێکی مەترسیدار زانیبێت. واتە بە هۆی نیگەرانی و ترسەوە بوو. یاخود بە هۆی ئەوەوە بوو کە نەیاندەزانی ڕێز چیە. لەوە دەچێت ئەمە هێشتا گرێ بێت لە دڵی هەندێکیاندا. لەوە دەچێت هەندێکیشیان وتبێتیان: ئیدی کاری مامۆستا فنیش بووە. ئیدی ناتوانێت لەمەودوا هیچ شتێک بکات.

دەتوانین بەم شێوەیە بابەتەکە کورت بکەینەوە:

هەندێک لە هاوڕێکانمان، هەر لە کۆنەوە لە ژێر کاریگەری هەندێک لایەن بوون.

لەواندا بیروڕای “ئابرا”کانیان باڵادەست بوو. ئەوان هەرچیەکیان بووتایە، هەر ئەوە دەبوو. بابەتی زیندانی کردنی ئێمەیان، بە سەرئەنجامی کار و گوناحەکانمان ئەژمار دەکرد. پێیان دەوتن ” الله زلـلەی خۆی لێدان” و بەم شێوەیە باسی ئێمەیان بۆ دەکردن.

هەندێک لەوانیش قسەکانیان و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئێمە، بە هەستێکی قوڵی مرۆڤانەوە ئەنجام دەدا. ئەگینا هیچیان بە ناوی داوا و باوەڕ بە داواکەمانەوە ئەنجام نەدەدران”.

کێشەکانی مامۆستا تەنیا لەگەڵ کاربەدەستانی سوپادا نەبوو کە زیندانیان کردبوو. بەڵکو هەندێک لەوانەی کە بە کەسانی دینداریش ناسراو بوون، هەوڵیاندا سوود لە زیندانی کردنی مامۆستا ببینن و، بە تەنیا بیهێڵنەوە.

ئەو شتە نوێنایە مامۆستا باسی لێوەیان دەکرد و ئەو بوارانەی خزمەت کە مامۆستا دەیخستە بەردەم کۆمەڵگای تورکیا، هەندێک لایەنی نیگەران کردبوو.

 

 

 

“ئەو ڕۆژانەی تەنیایی وەک ژەهر قومی لێدەدرا”

مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن، لە بەرواری ٣ ی ئایاری ١٩٧١ دەستبەسەر کرا و لە بەرواری ٩ ی تشرینی دووهەمی ١٩٧١ ئازاد کرا. لە بەرواری ١١ ی تشرینی دووهەم، بە مەبەستی دەست بەکاربوون، یەکەم داوای خۆی پێشکەشی سەرۆکایەتی کاروباری ئاینی کرد. بە هۆی باری نائاسایی وڵاتەوە، یەکسەر وەڵامی ئەرێنی وەرنەگرت، هەربۆیە ماوەیەک ڕۆشتە شاری ئێرزروم.

وەک خۆی دەڵێت” لە پاش ماوەیەک پشوودان، وەک چۆن پێش ٦ ساڵ بە هەندێک هەستی سەیر و نامۆی دڵتەنگیەوە، لەگەڵ چەند جانتایەکی بچوک ڕووم لە ئیزمیر کرد و میوانداری کردین، دیسان جانتا بچوکەکانم کۆکردەوە و بە هەستێکی دڵشکاوانەوە وتم ” هیچ یارێک وەک دایک نیە” و دیسان ڕووم کردەوە ئێرزروم. باوکی ڕەحمەتیم چەند مانگێک لە ئیزمیر مابوویەوە،  بەشداری لە دانیشتنەکانی دادگادا دەکرد و کاتێک زانی ئەم چیرۆکە درۆیینانە تەواو بوونیان بۆ نیە، وەڕز دەبێت و دەگەڕێتەوە ئێرزروم”.

 

مامۆستا سەبارەت بە یادەوەریەکانی ئەو سەردەمەی دەڵێت:” پاش ماوەیەک مانەوە لە ئێرزروم، دیسان گەڕامەوە ئیزمیر و لە مزگەوتی سەلەپچیئۆغلو دەستم کرد بە وتاردان. لەو کاتەی من دەستبەسەر کرابووم، هاوڕێکانم کەلوپەلی ماڵەکەمیان گواستبوویەوە بۆ خانوویەک لە ناوچەی سادقبەگ. کاتێک لە ئێرزروم گەڕامەوە بە پەلە ماڵێکمان لە ناوچەی مەکتوپچو بە کرێ گرت. نزیکەی ساڵێک لەو ماڵە ژیانم بەسەر برد.

دەتوانم بڵێم  ڕۆژانی سەرەتای مانەوەم لەو ماڵەوە، تەنیایی چەشنی قومدان لە ژەهر بوو، بە بۆنەی ترس و تەگبیرەوە هاوڕێکانم نەیاندەتوانی زۆر یارمەتیم بدەن، لەوە دەچێت زۆرێک لەوان هێشتا ئەو ترسەی باڵی بەسەردا کێشابوون بەری نەدابێتن، هەندێک لەوانیش پێیان وابوو کە پێویست دەکات بە تەگبیرەوە! هەنگاو هەڵبگرن. تەنانەت گەر کەمێکیش بێت، لە ناخی هەندێکیاندا هەندێک گرێ هەبوو،  کەسانێک پێیان وەهابوو کە کاری من تەواو بووە و، سەبارەت بەو شوێنەی کە دەبوو منی تێدا دابنێنن، لە گومان و دوودڵیدا بوون. هەندێک لە هاوڕێکانی تریشم، وازیان لە خەڵکی ئیزمیر نەدەهێنا و وردە وردە هەڵمەتی پڕوپاگەندەیان لە دژم پەرە پێدەدا. لە ڕاستیشدا کۆمەڵێک لە هاوڕێکانم هەر لە سەرەتاوە لە دژی ئەم کارە بوون و، ئەوەی بەسەرمان هات لە ئیزمیر، بە شەپازلەی قەدەر ئەژماریان دەکرد، کە وەک ئاگاداریەک سەبارەت بە هەڵەبوونی ڕێگاکەمان و تاوانباریمان لێماندرابێت.

 

لە راستیدا من هەمیشە هەوڵی لە بیرکردنی ئەو شتانەم داوە کە لە دۆست، هاوڕێ، براکانمەوە بەرامبەرم کراوە. بەڵام هەندێک جار، هەندێک شت خۆیان دەدەنەوە بە دیواری هەستیاری مرۆڤدا، شتانێک کەوا ٢٥ ساڵە هەوڵی لەبیرکردنیان دەدەیت، دیسان خۆیانت بە بیر دەهێننەوە. ئیدی دوای ئەوەش دیسان هەوڵی لە یاد کردن و لێبوردنیان دەدەمەوە.

وابزانم سەختترینی ئەم بابەتەش لێرەدایە، هەوڵدان بۆ دووبارە لە بیرچوونەوە و لێبوردن. هەمیشە لە نزاکانمدا لە خودا دەپاڕامەوە و دەموت” خودایە ئەم شتانەم لە بیر ببەوە”. بەڵام لەوە دەچێت لەبیرنەچوونەوەشیان بە تەواوی حیکمەتێکی ئیلاهی تێدا بێت، ئەویش بریتیە لەوەی هەر جاریک بە بیرتدا هاتەوە، هەوڵی لەبیرچوونەوە و لێخۆسبوونیان بدەیت، بەم هۆیەوە پاداشتی خودات دەست بکەوێت. من گەر بەسەرهاتی ئەو شتانەی بەسەرم هاتووە، بگێڕمەوە، ئەنسیکلۆپیدیایەکی گەورەی لێدەردەچێت. بەڵام ئەمانە هیچ سوودێکی نیە، نوسینی کتێبی غەیبەت، بۆ هیچ کەسێک قازانجێکی نیە.

 بەڵام کاتێک وتارەکان دەستی پێکردەوە، ئەو ساردیەی کەوتبوویە نێوانمان وردە وردە بەرەو ڕەوانەوە دەڕۆشت. کەسانێکیش کە هەست و هزریان بەلای کەسانی تردا دەیڕوانی، بە چەشنی جاری جاران دەستیان کردەوە بەوەی بەشداری وتارەکان بکەن. بەڵام تەواوی ئەم هاتووچۆیەی ئەنجام دەدرا، تەنیا لە ڕوانگەی ڕەهەندی مرۆڤانەوە ئەنجام دەدرا و بە شعوری هەستان بە ئەرک و کاری داواکەمانەوە ئەنجام نەدەدران. لە ڕاستیشدا نەدەکرا بە شێوەیەکی تر ئەمە ئەنجام بدەن، چونکە کاریگەریەکی خراپ، بە تەواوی هێزیەوە برەوی بە خۆی دەدا. گەرچی ئەمە ڕاستیش نەبێت، لەوە دەچێت هەندێک بڵێن ئەمە بە هۆی ئابراکانەوە بووە، بە شێوەیەک لە شێوەکان کەشوهەوای باری دەرونی هەموو لایەک، کاریگەری بەسەر هزر و بیرکردنەوەی ئەوانەشەوە دانابوو. جگە لەوان کەسانێکیش هەبوون کە لە ئیجتیهادێکی هەڵەدا بوون، خزمەتکارانێکیش هەبوون کە بە ناوی خۆیانەوە قسەیان بەوان دەکرد! واتە گەر بە ناسکترین شێوە گوزارشت لەمە بکەین، ئەمە بە واتای خۆنەناسین دێت. تەنانەت دەشێت ئەمە بە سوکایەتی و ئیهانەتیش ئەژمار بکرێت. کاتێک ئەمە کەشوهەوای گشتی بوو، باسکردنی هیچ شتێک بۆ خەڵک، کاری نەکردە بوو. کاتێک لە مەکتوبچو دەمامەوە، توشی تراڤمایەکی بەهێزی سەرئێشە بووم، سەقفی تەوالێتەکە زۆر نزم بوو، کاتێک چوومە ژوورەوە سەرم بە شێوەیەک پێیدا کێشا، گەر سەقفەکە لەوانە بووایە کە دەشێت بشکێت، ئەوا لەتوپەت دەبوو. لەو کاتەدا ئەمەم بە ڕاڤەی ڕووداوەکانی ئەو سەردەمە لێکدایەوە. لە دوای ئەم تراڤمایەوە چەندین ڕۆژ نەخۆش کەوتم. بە شێوەیەک بوو بەردەوام هێڵنجم دەهات. لەو سەردەمەدا کاک سەباحەدین ئەتەڵای لەگەڵمدا دەمایەوە و قەت بە تەنیا جێینەدەهێشتم و بە باشی ئاگای لێمبوو. دکتۆر ئەحمەدیش پێیڕاگەیاندم کەوا پیویستە تا ماوەیەک لەگەڵ کەسدا نەدوێم. ئیدی نەیاندەهێشت چاوم بە کەس بکەوێت. هەندێک لە هاوڕێ نزیکەکانیشم لە کاتی سەردانیکردنمدا گەڕێنرابوونەوە و نەیانهێشتبوو بێنە ژوورەوە و چاویان پێمبکەوێت. بێگومان من ئاگام لەمە نەبوو. بەهۆی پێداگری کاک زەفەرەوە، یەک دوو شەو لە ماڵەکەی ئەوانیش لە ناوچەی زەیتونبورنو مامەوە. لەوێش وەڕز بووم، کەشوهەوای ئەوێش دڵتەنگکەرانە و بە شێوەیەک نەبوو کە ئارامی و دڵنیایی بداتە مرۆڤ.

بە هۆی ئەو تراڤمایەی توشم بوو لە ناخمەوە توشی ناڕەحەتیەکی زۆر گەورە و “ئەنگواس[1]”  بووم. شەوێکیان بلیتم بڕی و بەرەو بورسا کەوتمە ڕێ، ئیدی نازانم کێم لە بورسا بە مێشکدا هاتبوو، بەڵام لە ڕێگا بڕیارم گۆڕی و چوومەوە ئاکهیسار. کە چووم کتێبی فەرمودە سەحیحەکانی ئیمامی ترمزیشم لەگەڵ خۆم بردبوو. لە ماوەی ئەو هەفتەیەی لەوێ مامەوە بە هەموویدا چوومەوە و تەواوم کرد. ئەوەی لێرەدا جێگەی داخ بوو، لەو ماوەیەی کە لەوێش بووم، هیچ کام لە هاوڕێکانم لە ئەحواڵیان نەپرسیم، تەنانەت هێندە خەمی منیان بوو!، ئەو هاوڕێیانەشی لەگەڵیاندا دەمامەوە، لە کاتی چوون و دیارنەمانمدا بۆ تەنیا جارێکیش بە پێویستیان نەزانی بپرسن کەوا لە کوێم و بۆچی دیارنەماوم. ئەمە لە کاتێکدایە، نەک مرۆڤێک بەڵکو پشیلەی ناو ماڵیش ئەو ماوە زۆرە ون بووبێت، هەر بە دوایدا دەگەڕێن و سۆراغێکی دەپرسن. شوێنێکیشم نەبوو بۆی بڕۆم، بە ناچاری گەڕامەوە ماڵەکەی ناوچەی مەکتوبچوو”.

مامۆستا هەمیشە بە ڕۆحێکەوە ژیاوە کە پشتی بە کەس نەبەستووە لە بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستیەکانی  و ، هەربۆیە لەو ماوەیەی لە ئیزمیر بووە، توشی ناڕەحەتی زۆر بووە و خۆی لەم بارەیەوە دەڵێت:

” لەو کاتەی لە ئیزمیر دەژیام، زۆر دژواربوو ژیانم. هەموو کتێبەکانم کردە تورەکەیەکەوە و فرۆشتم بە کتێب فرۆشێک. هەرچیەک زۆر پێوستم بوو لە کتێبەکان، جیام کردەوە و ئەوانی ترم هەمووی فرۆشت. هەندێک کتێبی وەک مێژووی فەلسەفە و ئینسایکلۆپیدیای فەلسەفەم جیاکردبوویەوە. هەندێک لە هاوڕێکانم مەراقی ئەوەی دەیگرتن کە هێڵم بە ژێر چیدا هێناوە و بەو هۆیەوە هەندێک لەو کتێبانەیان کڕییەوە، ئێستا دەڵێم خۆزگە نەمفرۆشتنایە، (لەم کاتەدا چاوەکانی پڕ دەبن لە فرمێسک)؛ بەڵام دەبێت دانیش بەوەدا بنێم کە زۆر ناچار بووم، بۆیە فرۆشتمن. من سەردەمانێکی ژیانم بە گوێرەی ئەوەی لە جزدانەکەمدا هەبوو ژیاوم. بە خۆم دەوت: دەتوانم لەم تەمەنەدا چەندین ساڵ بەیانیان بە خواردنی چۆرەکێک ڕۆژ بکەمەوە، بەڵام ناتوانم دەست لە کەس پان بکەمەوە…

 سەرەڕای ئەوەی بەم شێوەیەش دەژیام، سەردەمانێکی وەهام بەسەردا هات کە ناچاری فرۆشتنی کتێبەکانمم ببم. سەبارەت بە مەراقی خۆم بۆ کتێب، با شتێکی تریشتان عەرز بکەم،  بە هۆی کودەتاکەی ١٢ ی ئازاری ١٩٧١، ٦ مانگێک لە زیندان بووم. من لەو کاتەدا وتاربێژی مزگەوت بووم، وامزانی موچەکەم پێنادەن لەبەر ئەوەی لە زیندان بووم، بەڵام کە هاتمە دەرەوە لە زیندان، موچەی ٦ مانگیان پێدام، هێندە دڵم خۆش بوو مەپرسە، بە خۆمم وت من چی لەم هەموو پارەیە بکەم!، هەربۆیە ڕۆشتم و بەو پارەیە، وابزانم ٦ هەزار لیرە بوو، هەر هەموویم لە کڕینی کتێبدا خەرج کرد”.

مامۆستا لە بەرواری ٢٣ ی شوباتی ١٩٧٢، دەستی بە هاتوچۆی ناوچەی ئێدرەمیت کرد.

“ئیدی دەستم کرد بەوەی لە ماڵەکەی ناوچەی مەکتوبچوەوە هاتوچۆی ناوچەی ئێدرەمیت بکەم. گەرچی ئەم هاتوچۆیەش بۆ خۆی کارێکی سەخت بوو. هەم هۆکارەکانی هاتوچۆ ڕێکوپێک نەبوون، هەم هیچ کام لە هاوڕێکانم ئۆتۆمبیلیان نەبوو.  لەو ماوەیەی سەردانی ئێدرەمیتم دەکرد، بەردەوام لە ڕێگەی هۆکارەکانی هاتوچۆی گشتیەوە دەهاتم و دەچووم. لەوە دەچێت یەک دوو جار بە ئۆتۆمبیلی تایبەت هاتبێتم و ڕۆشتبێتم.

دۆستان تەنانەت گەر گوڵیشت تێبگرن بریندارت دەکەن، بەڵام من زۆر جار لە جیاتی گوڵ بە پیک بەسەریاندا کێشاوم. لەم حاڵەدا بەردەوام ناچاری ئەوە بووم کە ئازار و ناسۆری ناخم بخۆمەوە. هەربۆیە زەردەخەنە دەکەیت و لە ناخیشتەوە خوێن و زوخاو هەڵدەقوڵێت. یاخود دەبێت شەربەتی شیرین دەرخواردی ئەوانە بدەیت کە زوخاوت پێ دەڕێژن. ئەمانە هێندەی ئەوەی بە دەم دەوترێن کارێکی ئاسان نیە، بەڵام دەبوو لەبەر ئەو داوایەی لەسەر شانامانە بەرگەی هەموو ئەمانە بگرین”. ئەوانەی ئێمەش لە ناو خۆیاندا خەریکی ڕاوێژ بوون و بڕیارگەلێکیان دەردەکرد. درێژەیان بە بۆشاییەکەی دوای ١٢ ی ئازار دەدا، تەنانەت جارێکیان پێیان وتم:” هاوڕێکانی ئێمە خەریکی ڕاوێژکردنن، گەر حەز دەکەن ئێوەش دەتوانن بەشداری بکەن” ئەم قسەیە لەلای من زۆر لە زیندان سەختتر بوو”…

حاڵی هەندێک کەسی تریش کە لە شوێنی ترەوە هاتبوون، چەشنی کەسانێک بوون کە دەیانەوێت خواردنێک لە ئاگر دەربێنن و بیخۆن. هەرکەسێک هەڵدەستا و دەهاتە ئیزمیر، کۆمەڵێکی پێش خۆی دەخست و دەیبردن. ئەو شتە خراپانەی لێوەیان باس دەکردن، تەنانەت هاوڕێ نزیکەکانی ئەو کەسانەشی دەلەرزاند. پێموایە زۆرێک لەوان سەبارەت بە من ئیماژی ” پیاوێکی تیاچووە کە هیچی پێناکرێت و دەبێت سەری خۆی بنێتەوە و بڕوات” لەلای  زۆر کەس دروست کردبوو. هاوڕێکانیش لە بەرامبەر ئەم جۆرە قسانەدا، هەندێکیان چەشنی کا دەبوون بە دەم لافاوی هەموو شەپۆلێکی تازەوە”…

بێگومان لە کۆمەڵگایەکدا کە هێندە شەپۆلی جیاواز جیاوازی تێدا بەرز ببێتەوە، فەراهەمکردنی سەقامگیری کاری نەکردە بوو، بە تایبەت شاندان بە شانی یەکەوە لەگەڵ ئەم جۆرە کەسانە شتێک نەبوو جێگەی باس بێت. چونکە دیارنەبوو هەریەک لەو کەسانەی شانت بە شانیانەوە داوە کەی دەخلیسکێت و کە خلیسکاش چی کارێک ئەنجام دەدات. چاوپێکەوتنم لەگەڵ تاکە بە تاکەی هاوڕێکان تا ڕادەیەک سوودی هەبوو، دواتر لە نێو خۆماندا هزرێکی ڕاوێژکارانەمان لە نێوان خۆماندا پێکهێنا. یەکەم چاوپێکەوتنی جددی کە بڕیاری ئەوەماندا هەمیشە ڕاوێژی یەکتری بکەین، لە ماڵی کاک حوسەین ئەنجامماندا. ماڵی ئەویش لە شوقەی براکەی بوو. هەریەک لە کاک ئیسماعیل و کاک حوسەین و کاک عەلی، کە ئەم چاوپێکەوتنەیان ڕێکخست، وای لە من کردووە  هەمیشە بە چاکە یادیان بکەمەوە و ئەم جوامێریەی ئەوان، وای  لە من و ئەوانەی وەک من بیریان دەکردەوە، بووە جێگەی ئەوەی هەمیشە بە چاکە یاد بکرێنەوە.

یەکێک لە دەرەوە کە سەیری دەکرد، لەوە دەچێت تێبینی بکردایە کە خزمەت بە قۆناغێکی دژواردا تێدەپەڕێت. کێش دەزانێت لەوە دەچێت ئەمە ژانی لە دایکبوونی پێکهاتەیەکی نوێ بوو بێت. گەرچی من لە تەواوی ئەم ڕووداوانەدا هەموو کاتێک دەبووم بە دوو کەرتەوە. بۆ نمونە کاتێک لەگەڵ هاوڕێکاندا کۆ دەبووینەوە، هەندێک لەوان تا ڕادەی ئەوەی چاو لە یەکتری دابگرن، بە کاری نا بەرپرسیارانە هەڵدەستان. بێگومان لە کەشوهەوایەکی وەها ناجددیدا نەدەتوانرا باسی کێشە جددیەکانی جیهان بکەین و منیش هەڵدەستام و دانیشتنەکەم جێدەهێشت.

دەتوانم ئەوە بڵێم کەوا لە منداڵیمەوە بە شێوەیەکی هەستیارانە بەرامبەر نوێژەکانم ژیان بەڕێ دەکەم. هەرچیەک بووبێتە هۆیان زیان لێدان لە نوێژ، تا پێمکراوە خۆم لێی بە دوور گرتەوە و لە دەستی هەڵهاتووم. وەک چۆن بایەخم بە دەستنوێژەکانم دەدا و بە دیقەتەوە لێم دەڕوانی، لە هەمان کاتدا دیقەتی هەموو شتێکم دەدا کەوا دەیخۆم و دەیخۆمەوە. سەرەڕای هەموو ئەمانە، هەمیشە کەسانێکی ترم پێش دەخست لە کاتی ئیمامەت کردندا. بێگومان دڵیشم ئەوەی قبوڵ نەدەکرد لە دوای هەموو کەسێکیشەوە نوێژ بکەم. هەندێک لەوان لە دەستنوێژ و هەندێک لە بابەتی خواردن و خواردنەوەیدا وەک پێویست بە دیقەت نەبوو. منیش خۆم لە هەموو شتێکی گوماناوی بە دوور دەگرت. هەر بۆیە هەرکەسێک بە شیاوم بزانیایە لەو ڕووانەوە ڕێگەم پێدەدا پێشنوێژی بکات. تەنانەت ئەمەش وای لە هاوڕێکانی ترم دەکرد توشی ئیرەیی بردن ببن. ئیدی هەندێکیان بۆ ئەوەی لە ئیمامەتدا پێشی بخەم، سەیری ناوچاویان دەکردم. ئەمەش منی زۆر نیگەران کردبوو.

ڕۆژێکیش کاک موستەفا سەبارەت بەم بابەتە پێی وتم:” کەسە گەورەکان هەمیشە خۆیان پێشنوێژیان دەکرد و گەر حاڵەتێکی پێویست نەبووایە ئەم یاسایەیان نەدەشکاند، بۆ ئێوەش هەمان شت جێبەجێ ناکەن؟’.

لە ڕاستیدا منیش جگە لەمە چارەیەکی ترم نەمابوو، ئەمەش هەندێکی هاوڕێی تر نیگەران دەکرد. ئیدی بە هەر هۆیەک بێت ئەمەیان پێ قبوڵ نەدەکرا. تەنانەت وای لێهاتبوو پێش ئەوە من لە ژوورەکەم بچمە دەرەوە – من سونەتەکانم لە ژووری خۆم دەکرد – قامەتیان دەکرد و کەسێکی تریان بۆ ئیمامەت پێش دەخست. گەر ئەو کەسەی پێشیان دەخست لە ڕوی زوهد و تەقواوە کەسێکی شیاو نەبووایە، ئەوا منی زۆر نیگەران دەکرد. ئەم جۆرە کارە نامۆیانە، منیان توشی نیگەرانیەکی لە ڕادەبەدەر کرد. لە تاو ترسی ئەوەی بە تایبەت لەگەڵیاندا دانیشم و باسی هەندێک شتیان لەگەڵدا بکەم و لەمەشەوە فیتنە دروست ببێت، هەڵدەلەرزیم.

هەروەها ئەوانەی جارانیش وازیان نەدەهێنا، هەندێکیان دەهاتن و چاویان بە هەندێک لە هاوڕێکانمان دەکەوت. چاویشیان بە هەریەکێک لەوان دەکەوت، بەرامبەر ئێمە توشی لێڵی و سەرلێشێوانیان دەکردن.

هەروەها لە نێوەند ئەم کەین و بەینەدا، هاوڕێی بە ئەمەک و بە وەفا کەم نەبوو. سەرەڕای هەموو شتێک، تەنانەت گەر کەمێکیش بێت هەندێک لە هاوڕێکان جیابوونەوە. خۆ گەر بە پەلە فریای هەندێکیان بکەوتینایە و هەر ئەو شەوەی جیا دەبوویەوە بمانگێڕایەتەوە ئەوا نەدەڕۆشت، مەگەرنا تا ماوەیەکی زۆر ساردوسڕی لە نێوانمان دروست دەبوو. بەڵام سوپاسی خودا دەکەم، ئێستا هەموو هاوڕێکانمان لەسەر هەمان ڕێچکەن.

 

بردن و جیاکردنەوەی هەندێک لە هاوڕێکانمان، لەو سەردەمەدا بوو کە خزمەت لە ئیزمیر جێگای خۆی گرتبوو. لەو ڕۆژانەی بە ئیهانەت کردن بە خزمەتی ئیمانی و قورئانی تۆمەتبار دەکراین، وەک ئەوەی دڕکەزی(کاکتوس) قوت بدەین، تاڵاوی ناسۆریمان دەچەشت. بەڵام جگە لە ئارامگری چیمان لە دەست دەهات؟ هەربۆیە نهێنیەکانمان لە نێوەندی چوار دیوار هێشتەوە و نەمانکردە دەر.

دیسان ڕۆژێکیان گەورەکان لە نێو خۆیاندا بڕیاریانداوە و پاشان هاتنە لای من و وتیان ” ئێمە لە نێو خۆماندا ڕاوێژمان کردووە و گەر تۆ چەند کەسێکی تریش دەخوازن دەتوانن بێن و قسەمان سەبارەت بە فڵان و فیسار بابەت لەگەڵدا بکەن”، ئەو کەسانەشی ناویان برد هەموویان لە دەرەوەی خزمەت بوون، ئیدی لەو کاتەدا ئارامم نەماوە و قسەی توندم کرد، پێموایە هێندەی بیرم مابێت وتم:

” بۆ خاتری خودا قسە بکەن! ئێوە چیتان فیدای ڕێگای بەدیعوزەمان کردووە! کام شۆرەت و زانایی و پلە و پایەتان فیدای ڕێگەی ئەو کرد هەتا ببنە خوێندکاری ئەو. بە پێچەوانەوە لەم ڕێگەیە بوونە خاوەنی شەرەف و خرانە سەر شان، ئێستا وەک ئەوەی تەنیا ئێوە خاوەنی قسە و مامەڵە بن، دێن و دەڵێن فڵان و فیسار شت دەکەین. ئەمە یەکەم و کۆتا قسەم بوو بەرامبەر ئەو کەسانەی بە درێژایی ژیانم ڕێزم لێگرتبوون. خۆزگە ئەم قسانەشم بەرامبەر نەکردنایە و دڵی کەسیانم زویر نەکردایە.

بێگومان بەم قسانەم هیچ لە ئەسڵی بابەتەکە نەگۆڕا، هەموو کەس بە گوێرەی خۆی دەڕۆشت بەڕێوە و  بە ناوی خزمەتەوە غەیبەت دەکرا و ئیجتیهادە هەڵەکان، یەک بە دوای یەکدا دەهاتن. هەروەها بۆ سوکایەتی کردن بە کەسانێکی تر، لە لێکچواندن و نمونە هێنانەوەکانیاندا ڕەچاوی هیچ چوارچێوەیەکی شەرعیان نەدەکرد و ئیزمیر بەم شێوەیە بەردەوام بوو لەسەر ڕێچکەی خۆی. هەندێک جاریش دەموت چۆن ئەم مرۆڤە کە زیاتر لە هاوڕێ نزیکەکانم جوان و پڕ ئیخلاسترن، ڕەچاوی ئەم تایبەتمەندیانە ناکەن و نایبینن. هەندێک جاریش دەموت ئەمە کەفارەتی هەندێک لەو گوناحانەیە کە کردوومە و لەم ڕێگەیەوە دڵنەوایی خۆمم دەدایەوە. هەندێک جاریش بە خۆمم دەوت: تۆ نەبوویت بە خۆتت دەوت گەر هەموو دونیا بە شێوەیەکی ڕێکخراو هێرشم بۆ بهێنن من هەر لە خزمەتی خۆم بەردەوام دەبم، ئیدی بۆ بەرگەی شتێکی بچوکی لەو شێوەیەش ناگریت؟!

لە ڕێگەی ئەم جۆرە بیرکردنەوانە پێداچوونەوەم بە خۆمدا دەکرد و هەمیشە دەموت خەمێکی ناو دڵ لە کێشە گەورە دەرەکیە شاخئاساکان سەختترە و منیش لە ژێریاندا دەمناڵاند.

سەرەڕای هەموو ئەمانە من هەر دەچمە ئێدرەمیت و هاتوچۆی دەکەم، نیەتی ئەوەم هەبوو کە بەردەوامی بدەم بە وتارەکانی ئەوێم. بەڵام من دەمویست لەگەڵ هاوڕێ تایبەتەکانمدا دابنیشم و باسی بابەتە ئیمانی و قورئانیەکان بکەم. بەڵام لە کەسیانەوە وەڵامێکی ئەرێنیم وەرنەگرت، دەبوو کەمێک زیاتر چاوەڕێ بکەم…

 

 

 

[1] بریتیە لە حالەتێکی دەرونی کە مرۆڤ بە هۆیەوە توشی گرژ بوونی ماسولکەکانی سەر سنگ و دڵی دەبێت

94 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە