بیروڕاگۆشەی م.فتحوڵڵا گولەنهەواڵ

“ڕێگەی فریونەخواردن و نەکەوتنە ناو لە دەستدانی ژیانی ئاخیرەت” (گۆزەی شکاو) م. فەتحوڵڵا گولەن

م. فەتحوڵڵا گولەن

 

پرسیار: لە سورەتی “الکهف” دا هاتووە:”تۆ پێیان بڵێ، ئایا هەواڵیان سەبارەت بەو کەسانە پێبدەین، کە لە ڕووی کردەوەکانیانەوە، لە گەورەترین دۆڕاوەکانی ڕۆژی قیامەتن؟ ئەوان ئەو کەسانەن کە تەواوی هەوڵ و کۆششی دونیایان بە فیڕۆ دەڕوات، ئەمە لە کاتێدایە پێیان وەهایە کە کرداری چاکە ئەنجام دەدەن”، لێرە سەرەڕای ئەوەی لە بازنەیەکی چاکەکاریدا خۆمان دەبینینەوە، بۆ ئەوەی لەم کەسانە نەبین کە لە ڕۆژی دوایدا دۆڕاون، لە ژیانی دینیمان و ئەو خزمەتانەی لە پێناو ڕێگەی خودا ئەنجامی دەدەین، پێویستە سەرنج لە چی بدەین؟!

 

وەڵام: پێشەکی با کەمێک لەسەر ئەو ئایەیتە بوەستین کە لە پرسیارەکەدا ئاماژەی پێکراوە. سەرەتا ئایەتە بە وێژەی “قل” واتە “بڵێ” دەست پێدەکات.

ئەمەش ئاماژەیە بەوەی ئەو کەسانەی دوێنراوی ئەم ئایەتەن، لە شوێنێکی دوورتر وەستاون، لەو کەسەی کە دەبێت ئەم قسانەیان پێ بڵێت. واتە ئەم وێژەیە وەک چۆن ئاماژە نیە بە پەسن و ستایشی ئەوانەی دەیکات بە دوێندراوی خۆی، لە هەمان کاتدا ئاماژەیە بەو نێوانە دوورەی لە نێوان کەسەکان و ئەو خاڵەیە کە پێویستە تێیدا بوەستن.

لە بەشێکی تری ئایەتەکە کەریمەکەدا هاتووە” هَلْ نُنَبِّئُكُمْ بِالْأَخْسَرِينَ أَعْمَالًا”، “ئایا پێتان بڵێین کێن ئەوانەی لە ڕووی کردارەکانیانەوە گەورەترن دۆڕاوەکانی ژیانی ئاخیرەتن؟”، لێرەدا کاتێک وێژەی ” أَعْمَالًا” بەکار دەهێندرێت، لەبەر ئەوەی لەسەر شێوازی کۆ”جمع” هاتووە، ئیدی لە عیبادەت و گویڕایەڵیەوە هەتا مامەڵەی ژیانی ڕۆژانە، لەوێشەوە بۆ ئاکار و تەواوی هەڵسوکەوتەکانی ژیانمان دەگرێتەوە.

لێرەدا ئەم وێژەیە بیری فەرمودەیەکی سەردارمان دەخاتەوە کە دەفەرموێت ” اَلْإِيمَانُ بِضْعٌ وَسَبْعُونَ شُعْبَةً”، واتە : ئیمان زیاتر لە ٧٠ پۆلی هەیە…

(بخاری، ایمان، مسلم، ایمان).

بەڵێ ئەوەی لەم حەدیسەدا ئاماژەی پێداوە، تەواوی پۆلەکانی ئیمانی لە خۆی گرتووە.

 

وێژەی بِالْأَخْسَرِينَ کە لە ئایەتەکەدا هاتووە، وەک زانراوە ئەمە لە زمانی عەرەبیدا ئیسمی تەفزیلە، واتە ئەو کەسەی کە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە. یاخود بە تەواوی واتا لە کەسانی زەرەرەومەندە. ئەو کەسەی تەواوی کارەکانی لە زیاندایە و لە ناو زیاندا خێمە و هەواری خۆی لێداوە.

الَّذِينَ ضَلَّ سَعْيُهُمْ فِي الْحَيَاةِ الدُّنْيَا، واتە ئەم کەسانە تەواوی ئەو کارانەی لە ژیانی دونیادا ئەنجامی دەدەن، تەواوی ڕەنج و کۆششیان، هەر هەمووی بە فیڕۆ دەچێت؛ هیچ سوودێکی بۆ خۆیان نابێت.

لەگەڵ ئەمەشدا ئەم کەسانە وا دەزانن کاری چاکە ئەنجام دەدەن: وَهُمْ يَحْسَبُونَ أَنَّهُمْ يُحْسِنُونَ صُنْعًا…

ئەو تایبەتمەندیانەی لەم دوو ئایەتەدا ئاماژەی  پێکراوە، هەموو کەسێک بە گوێرەی ئاستی خۆی، گوزارشت لە واتای جیاواز دەکات.

بۆ نمونە بە نیسبەت ئەو کەسانەی لە کوفر و هاوبەشیداناندان بۆ خودا، گوزارشت لە:

ئەوان بە ناوی ژیانی دونیاوە، پێیان وەهایە لە ناو خۆشی و خۆشگوزەرانیدان. پێیان وەهایە بە گوێرەی خۆیان کەموکورتی مرۆڤەکانی تریان پڕ کردۆتەوە و، ژیانێکی جوانتریان بۆ فەراهەم و ئامادە کردوون.

بەڵام ئەوان کاتێک ئەم کارانە ئەنجام دەدەن، بابەتی ئیمان هێنان بە الله، بەجێهێنانی ئەو عیبادەتانەی کە ئیسلام فەرمانی پێکردوون، باڵادەست کردنی ئاکاری جوان لە نێوان مرۆڤەکان، لە هەموو شوێنێکدا هەڵگری ئاڵای خۆشەویستی بیت کە بنەمای ئەفراندنی هەموو دروستکراوەکانە، تەواوی مرۆڤایەتی و تەنانەت تەواوی بوون بە شەفقەتەوە لە ئامێز بگریت، چەندین تایبەتمەندی تری وەک ئەمانە، کە گرنگترینن و ڕۆڵی شادەماریانەیان هەیە، فەرامۆش دەکەن.

 

تەواوی ئەم خاڵانەی سەرەوە نادیدە دەگرن و تەنیا خۆیان بە کۆمەڵێک بابەتی ماددی و دونیایی خەریک دەکەن و، دڵی خۆشیان بەم شتانە دەدەنەوە.

تەنانەت وا دەزانن ئەو کارانەی ئەنجامی دەدەن، زۆر گرنگن!

ئەگەرچی ئەوان لەبەر ئەوەی گوێڕایەڵی فەرمان و قەدەغەکراوەکانی الله نین و، نوێنەرایەتی ئەو جوانیانە ناکەن کە ئیسلام ئامۆژگاریمانی پێدەکات، لە ناو دۆڕاوی و خەسارەومەندیەکی زۆر گەورەدان.

بە تێبینی ئەوەی ئەو کارانەی ئەنجامی دەدەن زۆر گرنگە، تەنیا خۆیان فریو دەدەن. چونکە تەواوی ئەو کرانەی ئەنجامی دەدەن، لە ژیانی ئاخیرەتدا هیچ سوود و قازانجێکی بۆ خۆیان نابێت.

ڕوویەکی تری ئەم ئایەتەش لەو کەسە ئیماندارانەیە کە بە شێوەیەک لە شێوەکان، خۆیان لە گوناح و سەرکەشی ڕزگار نەکردووە و، هەمیشە دەچنە ناو گوناح و دێنە دەرەوە و ژیانیان بەم شێوەیە بەڕێ دەکەن. بۆ نمونە ئەم کەسانە بە ناوی بەندایەتی خوداوە، تەنیا نوێژی هەینی ئەنجام دەدەن و پێیان وەهایە بەم هۆیەوە ڕزگاریان دەبێت.

ئەگەرچی نابێت هیچ کردەوەیەک کە لە ڕێگەی الله ئەنجام بدرێت بە بچوک بزانین، تەنانەت هەڵگرتنی کەسێک لەسەر ڕێگاکەت کە بە ئۆتۆمبیلەکەت بەلادای دەدەیت، لەوە دەچێت هەندێک جار لەلای الله، بە کارێکی زۆر گەورە ئەژمار بکرێت. خۆ گەر ئەم کارەش یەکێک بێت لە دروشمە گرنگەکانی دین کە نوێژی هەینیە، کەس مافی ئەوەی نیە بە بچوک بیبینێت. بەڵام گەر کەسێک بێت و ئەم کارەی بە پێوانە چەوتەکانی خۆی هەڵبسەنگێنێت و پێی وەهابێت ڕزگاری ژیانی ئاخیرەت تەنیا بەمە فەراهەم دەبێت، پێودانگەکانی الله نادیدە بگرێت، ئەمە بەو واتایە دێت کە ئەو کەسە خۆی فریو داوە.

 

هەربۆیە گەر کافران لەناو جەرگەی خەسارەومەندیدا خێمەی خۆیان هەڵدابێت، کەسێکی لەم شێوەیەش ئەگەری ئەوەی هەیە لە نێو جەرگەی گومڕایدا خێمەی خۆی هەڵدابێت.

***

وەک لە پرسیارەکەشدا ئاماژەی پێکراوە، بێگومان ئەم ئایەتە لایەنێکی تریشی هەیە کە بەسەر هاوسۆزانی خزمەت، ئەوانەی بەرکردنەوەی کەلیمەی الله یان کردووە بە بیرۆکەی ژیانیان، دەڕوانێت. گەر ئەوانیش وابەستەی بنەماکانی دین نەمێننەوە و، لە ژێر سایەی ڕابەرایەتی قورئان و سونەتدا  ملی ڕێگە نەگرن و، ئامانجی سەرەکی خۆیان لەبیر بکەن، بێ ئەوەی ئاگایان لە خۆیان بێت، دەشێت لەم ڕێگە ڕاستە لا بدەن و خۆیان توشی زیان و خەسارەمەندیەکی لەو شێوەیە بکەن.

بۆ نمونە ئەم مرۆڤانە کە خوێندنگە، ناوەندی کەلتوری، بەشە ناوخۆیی، ناوەندی دیالۆگ دەکەنەوە و، لە ڕێگەی هیجرەتەوە نیشتیمانی خۆیان بەجێدەهێڵن، دەشێت بناغە و دەستپێکی  تێکۆشان ” لە پێناو بەرزکردنەوەی ناوی الله” یان بەجێگەیاندبێت. ئەم خزمەتانەی ئەنجام دەدرێن، باسکردنی حەق و حەقیقەت بۆ مرۆڤەکان، توڕدانی ئەو بەربەستانەی لە نێوان دڵی مرۆڤەکان و گەشتنیان بە الله هەیە، خۆشەویستکردنی الله لەلای مرۆڤەکان و فەراهەم کردنی خۆشەویستی ئەوانیش لەلایەن خوداوە، ئەو هەوڵ و کۆششانەی لەم پێناوەدا ئەنجام دەدرێت، دەشێت دەستپێکی ئەم ئامانجە بەدیبهێنن.

ئەو کار و کردەوانەی بە ناوی خزمەتەوە ئەنجام دەدرێن و، ئەو دامودەزگایانەی لەم پێناوەدا بونیاد نراون، بەناوی تێکۆشانێکی (مجاهدة) لەم شێوەیە، ئامرازێکی زۆر گرنگن. لێرەدا گرنگ ئەوەیە ئەم ئامرازانە زۆر بە باشی هەڵبسەنگێندرێن و لە ڕێگەی ئەوانەوە ئامانجی سەرەکی خۆیان، بپێکێنرێت.

خۆ گەر ئەم ڕاستیە لەبیر بکرێت یاخود فەرامۆشی بکەین، ئیدی دەست دەکەین بەوەی بە ناوی خزمەت و پڕۆژەکانەوە گوزارشت لە خۆمان بکەین، دوای ئارەزوی چەپڵە بۆ لێدران دەکەوین، دەچینە ناو تێبینی “بوونە کەسێک کە بە پەنجە ئاماژەی بۆ بکرێت”، سەرکەوتنەکانمان بە پەسن و ستایشی خەڵکەوە دەبەستینەوە، ئیدی ئەو کاتە، پەنا بە خودا، بێ ئەوەی ئاگامان لە خۆمان بێت، توشی دۆڕانی دونیا و ئاخیرەت دەبین و تەواوی ئەو خزمەتانەی ئەنجامی دەدەین، بە بای دەدەین.

 

لەم بابەتەدا بۆ ئەوەی ئاڕاستەی ڕێگە ڕاستەکە لە دەست نەدەین:

دەشێت الله ئێوەی لە کاری زۆر گرنگدا بەکارهێنابیت. یاخود واژۆتان لەسەر زۆر سەرکەوتنی گەورە کردبێت، کە زۆر لەسەرو ئایدیاڵی کەسانی پێش خۆشتانەوە بێت. دەبێت تەنانەت لە بەردەم ئەگەرێکی لەو شێوەیەشدا بڵێن” ئەگەر کەسانێکی تر لە شوێنی ئێمە بوونایە، ئەم کارەیان زۆر زیاتر لەمەی ئێستا دەبردە پێشەوە. چی بکەین، هێز و توانای ئێمە هەر هێندەیە. لەبەر ئەوەی شوێنی مرۆڤە باشەکانمان داگیر کردووە و سێبەرمان لێگرتوون، لەبەر ئەوەی نەمانتوانیوە زەردەخەنە بخەینە سەر ڕووی هەموو مرۆڤایەتی، الله لە کەموکورتیەکانمان خۆش بێت”.

ئەگەر واز لەم جۆرە تێبینیانە بهێنین و، لە بەرامبەر ئەو سەرکەوتنانەی بەدەست هاتوون، توشی غرور و خۆ بە گەورە زانین ببین، لە پاداشتی کارەکانیشمان چاوەڕێی چەپڵە و ستایشی دونیایی ببین، ئیدی ئەو کاتە لە تافی بردنەوەدا توشی دۆڕان دەبین.

لایەنێکی تریش هەیە کە گومڕایی و خەسارەومەندی تەواویان ئەژمار دەکەین و بە سیفەتێکی کوفر/خراپەکاری لە قەڵەمی دەدەین و لەو بابەتەشدا هیچ گومانێکمان نیە؛ بریتیە لەوەی پۆست و پلەو پایەکان بۆ بەرژەوەندی شەخسی خۆمان بەکار بهێنین، لە ڕێگەی ئەوانەوە چەرخی بەرژەوەندیەکانمان بسوڕێنینەوە، ئەو کردێدی ئیعتیبارەی لە پێناو ڕێگەی خودادا بەدەست هاتووە، لە ڕێگەی خۆ دەوڵەمەند کردندا بەکاربهێنرێت، لە ڕێگەی ئەو ئیمکانانەی بەدەست هاتووە، بیر لەوە بکاتەوە وەک پادشاکان بژی و، بە دوای ڤیلا و ئۆتۆمبیلی گرانبەهادا خەریکە ڕاکە ڕاک بێت، گەر بەم شێوەیە بوو، ئیدی پەنا بە خودا، داخڵی ئەو گروپە دەبیت کە الله بە گەورەیی خۆی لە ئایەتەکەدا باسی کردووە و، لە کاتێکدا بیر لەوە دەکاتەوە کەوا کاری جوان ئەنجام دەدا، توشی دۆڕانی ژیانی ئاخیرەت دەبێت.

 

بە هەمان شێوە گەر کەسانێک بە نیازی پاراستنی یەکانەکی ڕۆحیەت ، فەراهەم کردنی یاسا و ڕێسا، دوو قات کردنی ئەو خزمەتانەی ئەنجام دەدرێن، ملی ڕێگە بگرن، دەشێت بیر لەوە بکەنەوە کەوا کاری جوانیان ئەنجام داوە. خۆ گەر ئەوانیش لە ڕێگەی مامەڵەی ڕەقەوە ڕاست و چەپی خۆیان بشکێنن و لەو نێوەندەدا دڵێک نەمابێت نەیشکێنن، هەلی ئەوەش بە کەس نەدەن کە هەڵەکانیان پێ بڵێت، کەسانێکی لەم شێوەیەش گەرچی وا هەست دەکەن کەوا چاکە لەگەڵ گەلەکەیان دەکەن، بەڵام لە ڕاستیدا بە سیفەتەکانی کوفر/خراپەکاری سیفەتدار بوون و، لەناو جەرگەی خەسارەومەندیدا خێمەیان هەڵداوە.

کەسانێک کەوا پێیان وایە کاری چاکە دەکەن، پاداشتی ئەم کارە چاکانەشیان دەڕژێتە حەوزی ژیانی ئاخیرەتەوە و هەموویان ڕەوانەی ژیانی ئەو دونیا دەکات، گەر ڕیا و خۆ دەرخستن تێکەڵی کارەکانی بکات، هەروەها تێکەڵی بەرژەوەندیەکانی خۆیانی بکات و لەم ڕێگەیەوە دونیای بەرژەوەندیەکانی خۆیی پێکەوە بنێت، پوچەڵبوونەوەی کارەکانی و ڕۆشتنی بۆ ئەو دونیا وەک کەسێکی موفلیس، بەڕاستی چارەڕەشیەکی زۆر گەورەیە!

 

هەربۆیە ڕێگەی ڕزگاری لە تەواوی ئەمانەی باسمان کرد، بریتیە لەوەی هەموو کارەکانمان بە شێوەیەکی پڕ ئیخلاس و دڵسۆزانە ئەنجام بدەین.

گەر مرۆڤەکان متمانەیان بە ئێوە کردبێت و، لە ڕێگەی ئیمکانەکانیانەوە یارمەتی ئێوەیان دابێت و، ئێوەش بە چواردەوری هەموو دونیادا بڵاو بووبێتنەوە و هەندێک کاروچالاکی ئەنجام بدەن، پێویستە تەواوی ئەم کارانە لەبەر ڕەزامەندی الله ئەنجام بدرێن و هیچ بەرژەوەندیەکی دونیاییان تێکەڵ نەکرێت.

بێگومان هەڵدەستن بەوەی خوێندنگە، زانکۆ، کۆرس، ناوەندی کەلتوری و دیالۆگ بکەنەوە.

بەڵام تەواوی ئەمانە، تەنیا و تەنیا بە ئاڕاستە و لە پێناوی بیرۆکە باڵاکەتان بەکاری دەهێنن. لە ڕێگەی ئەمانەوە هزر و هەستەکانی خۆتان بە کەسانی تر دەگەیەنن. لە ڕێگەی هەڵسەنگاندنی ئەم ئامرازانەوە، ئیلهامەکانی ناو دڵتان، لە سینەی کەسانی تردا هەڵدەڕێژن. ئاگایی کەسانی تریش لە بەهاکانی خۆتان، فەراهەم دەکەن.

لە هەمان کاتدا، لە پێناو کامڵترینی خۆتاندا، گەر شتانێکی جوان لە کەسانی ترەوە ببینن، ئەوا ئەو جوانیانەش لەوان وەردەگرن و زیاتر  خۆتان پێدەگەن. ئەمانە ئەرکەکانی ئێوەن. بەڵام لەبەر ئەوەی ڕۆحی کارەکانیان بریتیە لە ئیخلاس و سەمیمیەت، کاتێک تەواوی ئەم کارانە بەجێدەگەیەنن، خۆتان چاوەڕێی هیچ بەرامبەرێکی ماددی و مەعنەوی ناکەن. بە تەواوی بە هەستی لەخۆبوردویی و خۆبەخشیەوە هەنگاو هەڵدەگرن.

بە کورتی: ئەوانەی خۆیان بۆ خزمەتی مرۆڤەکان تەرخان کردووە، لە هەر بوارێکدا خزمەتیان پێبکرێت، پێویستە لە ڕێگەی پێغەمبەرانەوە بڕۆن و یەک گەردیلە چاوەڕوانییان لەو کارەشیان نەبێت.

 

گەر شاخەکان لە بن دەربهێنن و ئاڕاستەی سوڕانەوەی گۆی زەوی بگۆڕن، شکڵێکی جیاواز بە کۆمەڵەی خۆر بدەن، گەر خۆیان بە تەمای هەندێک پاداشتی ماددی و مەعنەوی کردبێت، تەواوی کارەکان بە بەلاش دەڕوات و هیچ سوودێکیان پێناگەیەنێت.

ئەمە بناغەی کارەکانی ئێمەیە. گەر کەسانێک مەیلی چوونە دەرەوەی ئەم بازنەیەیان هەبێت، ئەوا پێویستە جارێکی تر چاو بە خۆیاندا بخشێننەوە. بە پێچەوانەوە، لەو شوێنەی کە دەڵێن “بردمانەوە” خۆیان توشی دۆڕان دەکەن!

 

 

108 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە