بیروڕاهەواڵ

ژیانی مامۆستا هەمیشە بەم قۆناغەدا تێپەڕیوە!

تارق بوراک بەشی ٢٥

 

ئەو قۆناغە سەختەی کە ئێستا هاوسۆزانی خزمەتی پێدا تێدەپەڕن، هەمیشە قەدەری ژیانی مامۆستا بووە…

دوێنێش قەدەری ژیانی وەهابوو، ئەمڕۆش هەر وەهایە…

 

دوای ئەوەی مامۆستا ماوەیەک لە زیندان بادەملی مایەوە، دواتر بۆ زیندانێکی سەربازی بە ناوی شیرینیەر گواسترایەوە.

ئێرە بینایەک بوو کە بۆیەی سپی کرابوو. هەربۆیە بە “کۆشکی سپی” ناوبانگی دەرکردبوو.

شوێنی هەوا گۆڕکێی زیندانەکەی یەک دوو قات لە ژێر سەرزەمینی بیناکەوە دانرابوو، هەربۆیە تەنیا نیوەڕوان کەمێک چاویان بە خۆر دەکەوت. خواردنیان لە دەرگاکانەوە بۆ دەخستنە ژوورەوە، تەوالێتەکەی هەر لە ژوورەوە بوو، زۆر بە پیسی بۆنی تەوالێتەکان دەهات و کێشەی ئاویشی هەبوو.

 

قادر کایماز، ئەندازیارێک، موستەفا بیرلیک و مامۆستا لە یەک قاوشدا، یاخود ڕاستترە بڵێین لە یەک ژووری بچوکدا دەمانەوە. لەبەر ئەوەی رەمەزان بوو، ڕۆژووشیان دەگرت. قادریش ڕۆژووی دەگرت.

چەپڕەوەکانی هاوڕێی لەبەر ئەم ڕۆژووگرتنەی وازیان لە هاوڕێیەتی کردنی هێنا.

کاتێک دەبرانە باخچەی زیندان، قادر دەچوو بۆ لایان، بەڵام ئەوان قسەیان لەگەڵدا نەدەکرد. لەبەر ئەوەی جگەرەی نەدەکێشا، تێگەشتن لەوەی کە ئەویش بەڕۆژووە.

 

مامۆستا بەم شێوەیە باسی یادەوەریەکانی ئەو ڕۆژەی خۆی دەکات.

“قادر کچێکی هاوڕێی هەبوو کە بە ڕەگەز یەهودی بوو. ڕۆژێک هات بۆ سەردانی، کاتێک زانی بەڕۆژووە، نەیهێشتبوو دەستی بگرێت. قادر ئەو ڕۆژە زۆر خەمی خوارد. هەربۆیە بەردەوام پێویستی بە دڵدانەوە هەبوو. پاش ئەوەی لە زیندان ئازاد کرام، یەک دوو جار چوومە سەردانی قادر، دیاریم بۆ دەبرد و، کاربەدەستانی ئەوێش لەبەر ئەوەی دەیانزانی بە چی نیەتێکەوە دەچم، ڕێگەیان لە سەردانی من نەدەگرت.

ئەگەرنا لەو کاتەدا وەک تاوانبارێکی گەورە تەماشای دەکرا. لەو سەردەمدا یاسای سوودمەند بوون لە پەشیمان بوونەوە بوونی نەبوو. بەڵام قادر بە هۆی ئەو پەشیمانیەی لە کارەکانیدا توشی بوو بوو، هەندێک پیلانی چەپڕەوەکانی لای داواکاری گشتی ئاشکرا کرد بوو.

بێگومان کاتێک ئێمە ئازاد کراین، ئەو لەگەڵ چەپڕەوەکانی تردا کاتی بەسەر دەبرد. پاشان نەمتوانی ئاگام لێی بێت، داوای ٢٥ ساڵ زیندانی بۆ کرا بوو.

 

لە نێوان هاوڕێیاندا چەپڕەوێکی تریشم ناسی، کە هەرگیز لەبیری ناکەم. لە پێش کودەتاکەی ١٢ ی ئازار، وەک بەرگدروو کاری کردبوو. ئێمە سەرەتا وامانزانی ڕاستڕەوە. هەمیشە سرودی دادالئۆغلوی دەوتەوە. مرۆڤێکی زۆر بە شعور بوو. کاتێک چەپەکان نیازی کودەتایان هەبوو، ئەو بەرپرسی ئەوە بوو، کە شانەی خوێندکاران و کەسە مەدەنیەکان ڕێکبخات. هەر بەم هۆیەشەوە دەستبەسەر کرابوو.

نیازی ئەوەیان هەبوو کە جلی سەربازی لەبەری خەڵکانی مەدەنی بکەن و بەم شێوەیە بەکاریان بهێنن.

بەڵام پێش ئەوەی ئەم کارە ئەنجام بدات، دەستیان بەسەر هەموو جلەکاندا گرتبوو. کەسێکی زۆر سوعبەتچی بوو. لە بەیانیەوە هەتا ئێوارە، گۆرانی دەوت و کەیفی خۆش بوو. بێگومان ئێمەش بە ناچاری لە قاوشەکەی خۆمانەوە گوێمان لێدەگرت.

بیرمە هەندێک جار هێندە سەرم دەئێشا، خەریک بوو سەرم دەتەقی.

چەپڕەوەکان لەوێ سوودیان لە نیعمەتەکانی دیموکراسی دەبینی و، ئێمەش نیقمەتەکانیمان بەرکەوتبوو.

وەک ئەدیبیش هەمیشە ئاماژەی پێدەدا، تەواوی ڕۆژئاوا پشتگیری لەوان دەکرد.

ئەدیب باسی لەوە دەکرد، کەوا ناوبراو خزمی سەمیح پاشایە.

ئیدی نازانم وەهابوو یاخود نا، بەڵام لە داواکەی خۆیدا کەسێکی خاوەن شعور و، لە بابەتە مرۆڤایەتیەکانیشدا، کەسێک بوو کەوا ڕێگەی زۆری بڕی بوو.

لاسایی هەموو کەسێکی دەکردەوە و هەموو کەسێکی دەخستە پێکەنین و، گەر ئەوەشی بەدی بکردایە کەوا دڵی کەسێکی زویر کردووە، یەکسەر داوای لێبوردنی لێدەکرد.

لە ڕاستیدا گەر کاربەدەستانی زیندان خاوەنی ئینساف بونایە و، ڕێگەیان بدایە ئێمە وەک پێویست هەندێک زانیاریان لەسەر دین پێبدەین، ئەگەری ئەوە هەبوو کە کارێکی پڕ سوود ئەنجام بدەین.

بۆ نمونە گەر دوان لە ئێمە و یەکێک لەوانیان لە یەک ژووردا دابنایە، ئەوا براکانی ئێمە کاریگەریان لەسەر ئەوانیش دادەنا و، بەم شێوەیە زیندانمان دەکرد بە مەدرەسەی یوسفی…

بەڵام چاوەڕێکردنی شتێکی لەم جۆرە لە کاربەدەستانی زیندانەوە، بێگومان جێگەی باس نەبوو.

لە ڕاستیشدا خۆیان بە بیانوی ئەوەی لە دەرەوەی زیندان نیازی کارێکی لەو شێوەیەمان هەبوو، ئێمە و ئەوانیان زیندانی کردبوو.

 

هەروەها زۆربەی چەپڕەوەکان پیاوی داواکەی خۆیان بوون، ئەستەم بوو کەوا دەست لە بیروبۆچوونی تایبەتی خۆیان هەڵبگرن.

قۆناغەکانی دادگایی کردنیشمان، باری دەرونی زۆر دەشێواندین. هەموو ڕۆژێک چاومان بە کارێگەلێکی نەشیاوی کۆمەڵێک مرۆڤ دەکەوت، دەمانبیست و بەم هۆیەوە لە شیرازەی خۆمان دەردەچووین.

هەروەها لەم قۆناغەدا یەک دەرزەن قارەمانی هەرزان بەها دروست بوو بوون، ئەمانە بە دوای دوو شتی تایبەت بە خۆیانەوە بوون:

نیازی ئەوەیان هەبوو لەم کەشوهەوا تەمومژاویەدا، ئەو برا موسوڵمانەیان لەکەدار بکەن کە ڕقیان لێیانە و، بەم شێوەیە مەحکومیان بکەن و تۆڵەی خۆیانیان لێ بستێننەوە.

 

دووهەم گروپیش، چەشنی ئەوەی هەندێک لە چەپرەوەکانیش ئەنجامیان دەدا، دانیان بە هەر تۆمەتێکدا دەنا کە ڕووبەڕوویان دەکرایەوە و دەیانویست لەم ڕێگەیەوە لە زیندان ئازاد ببن.

ئەم کارەی ئەوانیش کارتێکی دەدایە دەستی ئەو کەسانەی کە لە دژی ئێمە سەنگەریان گرتبوو، قسەکانی ئەوانیان لە دژی ئێمە بەکار دەهێنا. هەر بەو شێوەیەش بوو.

کاتێک قۆناغی دادگا دەستی پێکرد، هێندە  چواردەوری خۆمان، لە دەرەوەی زیندانیش هەواڵدەر(مخبیر) پەیدا بوو بوو، ئێستا ژمارە و ناوی هەموویانم بیر نەماوەو ناتوانم لێرەدا یادیان بکەمەوە.

لە ڕاستیشدا پەروەردەی ئیسلامی من بە شێوەیەکە، ڕێگە نادات کارێکی لەو شێوەیە بکەم.

هەموو کەس بە گوێرەی پێکهاتەی ڕۆح و کەسایەتی خۆی مامەڵە دەکات و، هەر بەو شێوەیەشیان کرد.

بەم شێوەیە لە دوای هەموو دانیشتنێکی دادگا، ئەم جۆرە کەسانە و قسەکانیان، کاریگەری لەسەر باری دەرونیمان دروست دەکرد و جەومانی تێک دەدا.

 

“بانگەشەنامە”

یەکەم دانیشتنی دادگا لە دوای ٢-٣ مانگ زیندانی بوونمان ساز کرا. لەبەردەم دادگا بانگەشەکانی داواکاری گشتیمان چاو پێکەوت و، بەم شێوەیە زانیمان کە بە چی هۆیەکەوە دەستبەسەریان کردووین!

 

بۆ نمونە لە دوای ئێمەوە، موستەفا ئاسوتایی و حوسەین چاغدر دەستبەسەر کران. بەڵام داواکاری گشتی ئەوانی بە گوێرەی ماددەی ١٤١ دەستبەسەر کردبوو.

وەها دیار بوو کە بابەتەکەیان زۆر بە جددی گرتبوو. سەرەڕای ئەوەی چەپرەوەکان بە چەکەوە دەستگیر کرابوون، بەڵام زیاتر تەنگیان بە ئێمە هەڵچنیبوو. بابەتەکانی ناو بانگەشەنامەکە، بە ئاشکرا ئەمەی پێوە دیار بوو.

عەلی ڕەزا حافزئۆغلوی داواکاری گشتی دۆسیەکەی ئێمە، بە هۆی کارەساتێکی هاتوچۆوە، ڕاپۆرتی وەرگرت و وازی لە دۆسیەکە هێنا.

هەربۆیە نورەدین سۆیەر دۆسیەکەی ئەوانیشی گرتبوویە دەست.

نورەدین سۆیەریش کارەکەی فراوانتر کرد و بابەتەکانی گەورەتر کرد.

بەم شێوەیە ڕاستگۆترین، وەفاکارترین و لە خۆبوردوترین ڕۆڵەکانی ئەم وڵاتە، وەک ئەوەی خائینی نیشتیمان و تاوانباری گەورە بن، لەبەردەم دادگاکاندا رەزیل، زەلیل و سەرکۆنە دەکران.

ئەوانەی لەو ڕۆژگارەدا نەیانتوانی ڕێگە بگرن بەم داوایە و نەیانتوانی بە فووەکانیان بیکوژێننەوە، ئەمڕۆ لە ڕێگەی زۆر مەترسیدارترەوە، هەوڵی ڕێگری لێکردنی دەدەن.

 

مێژوو ئەمڕۆش دیسان خۆی دووبارە دەکاتەوە. بەڵام ئەو زوڵمەی لە ئێستادا ئەنجام دەدرێت، لەلایەن کەسانێکەوە ئەنجام دەدرێت، کە بانگەشەی موسوڵمان بوونی خۆیان دەکەن.

 

لە ڕاستیدا چەشنی ڕۆژی ئەحزاب، ئەوانەی بە خۆیان دەڵێن ئیماندار و ئەوانەشی بێ ئیمانن، ئەمڕۆش پێکەوە هاوپەیمانیان پێک هێناوە و لە دژی پەیامەکەی پێغەمبەری خودا وەستاون.

 

مامۆستا بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت لە گیڕانەوەی بەسەرهاتەکانی ئەو ڕۆژگارەی:

دوای ئەوەی هەریەک لە موستەفا ئاسوتای و حوسەین چاغدر لە دوای ئێمە دەستبەسەر کران و، لە ڕێگەی ئەوانەوە زانیمان کەوا بە گوێرەی ماددەی ١٤١ ی سزاکان دادگایی دەکرێین، ئەوەمان بۆ دەرکەوت، کە ئەو کەسانەی دەیانەوێت سزای ئێمە بدەن، ڕازی نین بەو سزایانەی لە ماددەی ١٦٣ هاتووە و بە کافییان نەدەزانی.

 

بابەتی ئەوەی کە حەزیان بە چارەی ئێمە نەبێت و لەم بابەتەدا هۆکارەکانیان ڕەوا بێت یاخود نا، ئەوەیان گرنگ نیە، بەڵام لە ڕووی مافە دیموکراتیەکان و ئازادیەکانەوە، بە ئاشکرا ئەوە دیار بوو کە حسابی مرۆڤیان بۆ ئێمە نەدەکرد.

هەموو کەس پارێزەری بۆ خۆی دەگرت، منیش لەبەر ئەوەی پارەم نەبوو، لەو بابەتەدا نەمدەتوانی شتێک بڵێم.

پارێزەر یڵماز تاشکان یەکێک بوو لەو کەسانەی لایەنی مرۆڤایەتی زۆر بەرز بوو. هەریەک لە موستەفا بیرلیک و جاهید ئەفەندی بریکارنامەی خۆیان بەو سپاردبوو. تەکلیفی هەمان شتیشیان خستە بەردەمم، منیش ئەوەم پێڕاگەیاندن کەوا پارەم نیە. ئەویش ئەوەی پێڕاگەیاندنم کە بێ پارە دەتوانێت پارێزگاریم لێبکات و، پەیمانەکەی خۆیشی بە جوانترین شێوە بردە سەر.

هیچ کاتێک ناتوانم ئەم کارە مرۆڤانەیەی ئەو لە یاد بکەم.

یەکەم دانیشتنی دادگای ئێمە، لە هەموو ڕۆژنامەکاندا مانشێت بوو. ڕۆژنامەنوسان وێنەی زۆریان گرتین و گوێمان لە بانگەشەکانی داواکاری گشتی گرت. بەرواری داهاتووی دانیشتنی دادگایان دیاری کرد و، ئیدی بەردەوام خەریکی هاتوچۆی دادگا بووین. هەموو ڕۆژێک کارەکە گەورەتر دەبوو، هەندێکی مرۆڤی بێ گوناحی تریش کە لە دوور و نزیکەوە پەیوەندیان بەوانەوە نەبوو، بە هۆی هەندێک لەو کەسە سەر شێتانەی لە ڕابردوودا ئاماژم پێدان، خزێنرانە ناو ئەو زەلکاوەوە.

“باسکردنی بابەتەکان سەخت بوون”

بێگومان ئەوەی لەبارەی ئێمەوە وترابوو هەموو بوختان بوو. بەڵام ئەوەی گومانیشی تێدا نەبوو ئەوەبوو، کە ڕوونکردنەوەی ئەو بوختانانە، کارێکی هەروا ئاسان نەبوو.

تەنانەت کەسێکی وەک عیرفان ئاکچای ڕەحمەتی، کە جگە کە هاتن بۆ وتارەکانی من، پەیوەندی بە هیچی ترەوە نەبوو، خەریک بوو لە کەیسەکەی ئێمەیانەوە دەئاڵاند.

کەسێکی وەک مامۆستا یەشاریشیان لە بابەتەکەوە تێوەگلاندبوو، هەربۆیە ئەویش ماوەی چەندین مانگ لە زیندان مایەوە.

 

ئەوەی لە هەمووی بە ئازارتر بوو، بریتی بوو لەوەی کە هەندێک کەسی سەر بە کاروباری ئاینیی و کەستانەپازاری، هاتنە دادگا و لە دژی ئێمە شایەتیان دا. سەرەتا لە بەردەم داواکاری گشتی قسەیان لەسەر ئێمە کردبوو، پاشان هاتنە بەردەم دادگا و دانپێدانانەکانیان بە ڕووی ئێمەدا خوێندرایەوە.

زۆریان لە کاتی خوێندنەوەی دانپێدانانەکانیاندا شەرم دەیگرتن و تەریق دەبوونەوە، هەربۆیە هەندێک جار پەنایان بۆ تەئویلی قسەکانی خۆیان دەبرد.

هەروەها یەک دوو کەسی سەرشێتیش کە لەگەڵ کاربەدەستاندا دەستیان تێکەڵ کردبوو، لە دژی ئێمە شایەتیان دا.

 

جارێکیان چاوم بە ڕووداوێکی لەم شێوەیە کەوت:

من خەریک بوو خۆمم بۆ دەستنوێژ ئامادە دەکرد، بەرپرسی زیندانەکەش، دووانی لەوان لە سوچێکدا گرتبوو، قسەی بۆ دەکردن. بە گوێی خۆم گوێم لەم قسانەی بوو:” هەرچیەکتان لەسەر ئەوان دۆزیەوە، ئێمەی لێ ئاگادار بکەنەوە، هەتا لە دژیان بەکاریان بهێنین”.

واتە دوو گروپی دەرەکی و ناوەکی، بە شێوەیەکی بەردەوام کاریان لە دژی ئێمە دەکرد. پێیان وەهابوو گەر ئەم کارانە بکەن، لە زیندان ئازاد دەبن.

ئەمە لە کاتێکدا بوو، ئەوان یەکێک بوون لەوانەی قورسترین سزاکانیان بەسەردا سەپێندرا. گورز وەشاندنیان لە ئێمە، هیچ سوودێکی بۆ ئەوان تێدا نەبوو.

لەگەڵ هەموو چوونێکماندا بۆ دادگا، ئەمانە کێشەیەکی نوێیان بۆ ئێمە ساز دەکرد. ئیدیوەک کابوسی ئێمەیان لێهاتبوو. وازمان لە بەرەنگاربوونەوەی هەموو لایەک هێنابوو، خۆمان بە وەڵامدانەوە کۆمەڵێک شێت و شویرەوە، خەریک کردبوو.

 

 بە دوای ڕێگە چارەیەکدا دەگەڕاین. هەتا لە یەکێک لەو کێشانەی ئەوان ڕزگارمان دەبوو، فریای ئەوە نەدەکەوتین دڵمان خۆش ببێت، کێشەیەکی نوێیان بۆ ساز دەکردین.

ئێمە دەستەی دادگامان ڕەت کردەوە، پاشان دەستەیەکی لەوان توندتریان بۆ هێناین.

 

***

هەروەها چەپرەوەکانیش لە کاتی دادگایی کردنیاندا، قسەی ناخۆشیان بە دەستەی دادگایی کردنەکە دەوت.

 

تەنانەت ڕقیان بە ناوی کەیا ئاڵپکارتاڵ هەڵدەستا و بە “فاشیست” ناویان دەبرد. هەروەها کەسێکی وەک کەمال یاغجیئۆغلو – ئەگەرچی کەسێکی ڕێکوپێک بوو- لەگەڵ یاریدەدەرەکەی بە ناوی نەجاتی قەرەقوش، بە نیسبەت ئەوانەوە کەسانێکی فاشیست بوون. ئەوەی بە دەمایندا دەهات، پێیان دەوتن.

بەڵام کەسێکی وەک نورەدین سۆیەریان بە پیاوی مەرد و دەگمەن ناو دەبرد.

نورەدین سۆیەریش لە دادگا، زۆر بە توندی لە دژی ئێمە قسەی دەکرد.

بۆ نمونە جارێکیان بە بێ ئەوەی هیچ پەیوندیەکی بە باتەکەوە هەبێت، لە خۆیەوە بە مامۆستا سەعیدی نورسی وت” سەعیدە کورد” و پاشان بە کەسێکی “سوک” ناوی برد.

کاک بەکریش بە تەواوی غیرەتی مەدەنی خۆیەوە، هەستایە سەر پێ و وتی “خۆت سوکیت”.

کاتێک لە نێوان هەردولادا دەمەقاڵە دروست بوو، دەستەی دادگا هەردوولایان بێدەنگ کرد. بەڵام ئەم غیرەتە مەدەنیەی کاک بەکر، ئاهێکی بە بەری هەموومانەوە هێنایەوە.

 

‌”دنە دان”

لە راستیدا پێویستی بەوە دەکرد کە هەموومان چەشنی موستەفا بیرلیک وەڵامی بدەینەوە. چونکە دادگایی دەکراین، ئیدی هیچ مافێکی ئەوەی نەبوو کە قسە بە ئوستاد بەدیعوزەمان بڵێت.

ئێدی ڕۆژانە بە شێوەیەکی بەردەوام دەمەقاڵە لە نێوان ئێمە و ئەودا دروست دەبوو. ڕۆژێکیان مۆڵەتم لە دەستەی دادگا وەرگرت و وتم:

ئایا داواکاری گشتی لێرەدا بەرگری لە مافی گشتی دەکات، یاخود خۆی بە کەسێک دێتە پێش چاو، کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێمە تەرخان کرابێت. دەمەوێت ئەوە بپرسم: هۆی چیە ئەو چەپرەوانەی لەگەڵ ئێمەدا لە هەمان زیندان دەمێننەوە، هەموویان بە تۆمەتی تاوانی کۆمۆنیست بوون لە زیندانن، هیچ کامیان لە ئەندامانی دەستەی دادگا بە دڵ نیە، هەریەکێک لە ئەندامانی دادگا بە گەمژە، فاشیست، کەلـلەڕەق ناو دەبەن، بەڵام نورەدین سۆیەر بە پیاو مەرد ناو دەبەن. ئایا هیچ پەیوەندیەک لە نێوانیاندا هەیە، وەها بەم شێوەیە ناوی دەبەن؟”…

 

گوێکانی سور بوویەوە!

 

کاتێک من ئەمانەم وت، ئەندامانی دادگا لە شوێنی خۆیان وەستان، نورەدین سۆیەریش هەتا سەر گوێکانی سوور بوویەوە.

ئەم وەڵامدانەوەی من کە سنورەکانی تەربیەتی منی تێدەپەڕاند، شتێک نەبوو ناڕەحەتم نەکات، بەڵام هەموو شتێک لەسەرو ئاستی بەرگە گرتنەوە بوو. ئەگینا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆش حەزم بەوە نەدەکرد کە ئێمە وەک کەسانێکی نزیک لە دەستەی دادگاوە دەرکەوین. بەڵام پێم وابوو ئەم قسانەی من، دەستەی دادگای کەمێک بەرامبەر ئێمە نەرم کردەوە.

جارێکیان لە دادگا دەگەڕاینەوە، بەڵام سەرشێتەکان پێداگریان لەسەر ئەوە کرد، سواری ئەو ئۆتۆمبیلە نابن، کە کاک بەکر سواری دەبێت.

پاش ئەوەی بینیم ئۆتۆمبیلێکی جیاوازیان بۆ ئەوان هێنا، منیش لەگەڵ ئەوان سوار بووم. کاتێک لە رێگا دەیانبردینەوە بۆ زیندان و هەموومان کەلەپچەمان لە دەستدا، هەندێک قسەم بۆ کردن.

ویستم ئەوەیان تێبگەیەنم کە قسەکردنیان لە دژی ئێمە لە دادگادا، بە قازانجی ئەوان کۆتایی نایەت و  سەرنجیشیان بۆ ئەوە ڕابکێشم، کە ئەوان دادگایی ئێمە دەکەن لەبەر ئەوەی پێیان وەهایە ئێمە و ئەوانیش خاوەنی هەمان هزر و هەستین.

 

 پێم وتن کەوا بیر لەوە بکەنەوە، کە قسەکانیان خزمەت بە کێ دەکات.

ئیدی هەندێک هاتنەوە سەر خۆیان نەرم بوونەوە. یەکێکیشیان وتی” هەردوو ئوستاد لە خەودا پێکەوە بینراون، پێویستە هەردوولامان یەک بگرین”. منیش بە ناچاری گوێم لەم قسە بێ واتایانەیان دەگرت، بە هیوای ئەوەی لەو قسانەیان پەشیمان ببنەوە، کە لە دژی ئێمە کردبوویان. لەوێشدا کاتی ئەوەمان نەبوو، کە باسی بێ واتایی ئەو جۆرە شتانەیان بۆ بکەم.

من هێندەی لە دەستم دەهات، بە نەرمونیانی قسەم لەگەڵدا دەکردن، کاتێک لە قسەکانمان زیاتر چووینە پێشەوە، باسی کەسێکیان کرد بە ناوی خوسرەو، گوایە ئەهلی کەشف و کەراماتە، کەسێک بوو بەرماڵ و گۆرەوی، شتی لەو جۆرەی دەفرۆشت.

وتیان لە خەودا هەندێک لە ئەندامانی دەستەی دادگای لەسەر شکڵی ئاژەڵ بینیوە!

ئیدی لەوێدا تێگەشتن لەوەی هەڵەیان کردووە، دانیان بەوەدا نا کە قسەکردنیان لە دژی ئێمە، بە قازانجی خۆیشیان نیە.

بە تایبەت ئەو قسانەی سەبارەت بە کاک عیرفان کردبوویان، وتیان لە هەموو ئەو قسانەیان پەشیمان دەبنەوە. دوای ئەوەی بەڵێنێکی لەو شێوەیەم لێوەرگرتن،  کەمێک ئاسودە بووم.

پاشان ڕۆژی دواتر، وەک ئەوەی دوێنێ هیچ قسەیەکمان نەکردبێت، کاتێک دادگا لێی پرسین ئێستا چی دەڵێن؟ لە وەڵامدا وتیان: ئەو قسانەی بە ناوی ئێمەوە نوسراوە، پۆلیس بە ئەنقەست نوسیوێتی، بەڵام ئەو قسانەی لەسەر ئەمان کردوومانە، هەموویان ڕاستن”.

 

منیش لەو کاتەدا بە کاک بەکرم وت کە پێویستە شتێک بڵێین. دادوەریش کاتێک ئێمەی بینی، ڕووی کردە من و وتی” فەتحوڵڵا هەستە بڕۆ دواوە”. بەم شێوەیە منی ناردە ڕیزی سێهەم.

 

منیش لەوێوە دەستم هەڵبڕی و داوای مۆڵەتی قسەکردنم کرد. سەرەتا وەڵامیان نەدامەوە، بەڵام کاتێک پێداگریم کرد لەسەر ئەوەی کە هەر دەبێت قسە بکەم، مۆڵەتی قسە کردنیان پێدام.

 

هێندەی بیرم ماوە لەبەردەم دادگا وتم:

 

دەستەی دادگای بەڕێز! بەڕای من شوێنی ئەم هاوڕێیانە هۆڵی دادگا نیە، بەڵکو نزیکترین ناوەندی وەرگرتنی چارەنوسی دەروونیە. دوێنێ لە کەنار دەریا کە دەچووینەوە بۆ زیندان، باسی شتی زۆر سەیر و سەمەرەیان بۆ کردم. مۆڵەتم بدەن قسەکانی ئەوانتان بۆ بگێڕمەوە. ئەوان باس لەوە دەکەن، کە لە ڕەهەندێکی جیاواز لە ئێمەوە بابەتەکان دەبینن. داوای لێبوردن دەکەم، سەرەتا دەبێت بڵێم من ئێوە لەم قسانە بە دوور دەگرم، کە بۆتانی دەگێڕمەوە. ڕێزی ئێوە لەلای ئێمە شتێکی جێگیرە، بەڵام ئەم هاوڕێیانە، بەڕێز سوپاسالار وەک ئەسپ دێتە پێش چاویان، داواکاری گشتیش وەک کەمتیار دێتە پێش چاویان، بمبورن ئەمانە هیچیان بیرکردنەوە و شێوازی بینینی من نین و قسەی ئەوانە.

هەروەها جەنابی سەرۆکی دادگاش وەک گا دێتە پێش چاویان، کاتێک من ئەم قسانەم کرد، دەستەی دادگا ناڕەحەتی بەسەر سیمایانەوە دەرکەوت. نەیاندەزانی چی بڵێن و چۆن کاردانەوە پشان بدەن.

هەروەها دادوەر نەجاتیش بە شێوەیەکی پڕ هەیەجان، چاوەڕێی ئەوەی دەکرد کە ڕای ئەوان لەبارەی خۆیەوە ببیستێت. من دیسان پێشەکیەکەی ڕێز و حورمەتی خۆمم دەربڕی و ئینجا وتم:

لە بەندە ببورن، تەنیا من سەرلێشێواوی ئەوانتان بۆ دەگوازمەوە، ئەمانە یاریدەدەری دادوەریش بە “گوێدرێژ” دێتە پێش چاویان.

 

لەم کاتەدا کە ئەندامانی دەستەی دادگا و بەشداربووانی هۆڵی دادگا چاوەڕێی ئەوەیان دەکرد، کە بزانن کێی تریان بە چی شوبهاندووە، ترسێکی گەورە دایگرتم. ترسام لەوەی هەستن و بڵێن” ئەم قسانە هەموو درۆیە و مامۆستا خۆی ڕێکی خستووە”. ڕێک لەو کاتەدا یەکێک لە شێتەکان هەستا و وتی” گەورەم ئێمە دەتوانین تەواوی ئەو شتانەی دەیبینین، لە ڕێگەی ئایەتەکانی قورئانەوە بسەلمێنین”.

کاتێک شێتەکە ئەم قسەیەی کرد، دادوەر کەمال یاغجیئۆغلو بە دەنگە زوڵاڵەکەیەوە هاواری کرد بەسەریدا و وتی:

دانیشە پیاو، تۆ ئێمە بە ئاژەڵ بچوێنێت یاخود نا، چی گرنگیەکی دەبێت.

 

ئیدی دوای ئەمە، قورساییەکی گەورە لەسەر دڵ و دەرونم هەستا. تەواوی ترس و نیگەرانیەکانم ڕەوییەوە.

ئیدی ئێمە وامانزانی دەستەی دادگا لە دوای ئەم قسانە، کەمێک بە دانپێدانانەکانی ئەواندا دەچێتەوە و شتێک گۆڕانکاری تێدا دەکەن؛ بەڵام هەیهات…

 

“سیناریۆیەکی ناوازە”

 

هەروەها کەسێک بە ناوی مەنەمەنلی مەحمود، لە ناو هۆڵی دادگادا لە دژی ئێمە قسەی کرد.  سیناریۆیەکیان بۆ من و جاهید ئەفەندی و بەکر بەگ دروست کرد بوو، هێندە بە جوانی و وردی باسی لێوە دەکرد، تەنانەت خۆشم لە کاتی گوێ لێ گرتنیدا، سەرم سوڕما. تەنانەت گەر خودی خۆم دادوەر بوومایە، هیچ گومانم لەوە نەدەکرد کە قسەکانی درۆ بن. بێ ئەوەی هیچ دەموچاوی سوور ببێتەوە، یەک دەرزەن درۆی بەسەر یەکەوە کرد.

 

هێندەی بیرم مابێت وتی:

” ئەم سیانە بە شێوەیەک سەریان بە سەری یەکدا کردووە، هیچ کاتێک لە یەک جودا نابنەوە، من دەمێکە ئەمانە دەناسم. من بەردەوام سەردانی کەستانەپازاریم دەکرد. ئەم مامۆستایەش لەوێ بوو. ڕۆژێکیان بەکر بەگیش لەوێ بوو، ساڵی ١٩٦٣ بوو… پێکەوە ڕۆشتین بۆ کڕینی مستیلەی جۆری “عقیق”. لە بازاڕی زێڕەنگەرەکان، کاک موجاهیدیش مستیلەیەکی بۆ خانمەکەی کڕی. پاشان لەگەڵ بەکر بێرک ڕۆشتینە فڕۆکەخانەی چیغلی، هەتا لەوێوە ڕەوانەی بکەین. تەنانەت لە کارشی یەکا پێکەوە شەربەتمان خوارد. من پارەی شەربەتەکەم بۆدان. تەواوی قسەکانی لە هۆڵی دادگا تۆمار کرا. منیش دەستم هەڵبڕی وتم:

ئێستا من ناتوانم باسی ئەوە بکەم، کە کاک بەکر لە چی بەروارێکدا سەردانی کەستانەپازاری کردووە، بەڵام دەتوانم هەندێک بەروارتان پێبڵێم کە ناڕاستی ئەم قسانە ئاشکرا بکات.

باسی ساڵی ١٩٦٣ دەکات، لە کاتێکدا من دوای ساڵی ١٩٦٦ هاتوومەتە کەستانەپازاری. باس لە هاوسەرگیری کاک موجاهید دەکات لە ساڵی ١٩٦٣، لە کاتێکدا لە ساڵی ١٩٦٨ هاوسەرگیری کردووە. هەروەها باس لە فڕۆکەخانەی چیغلی دەکات لە ساڵی ١٩٦٣، ئەویش بە هەمان شێوە لە ساڵی ١٩٦٨ کراوەتەوە. تەنیا ئەم ٣ بەڵگەیە بەسە بۆ بە درۆخستنەوەی قسەکانی ئەم شەخسە. ئیدی خۆتان بە دوای قسەکانی تریدا بچن.

دووەم شت لێرەدا ئەوەیە: من چۆن ئەوە بسەلمێنم کە ئەم شتانەی ئەو باسیان دەکات، نەمکردووە؟ دەبوو هەموو ژیانی خۆم لە فیلمێکدا تۆمار بکەم و پشانی ئێوەی بدەم، هەتا باوەڕم پێبکەن. لە کاتێکدا دەبێت خاوەنی بانگەشە قسەکانی خۆی بسەلمێنێت. ئەویش ناتوانێت هیچ بەڵگەیەک لەسەر ڕاستی قسەکانی پشان بدات، سەلماندنی قسەکانی جێگەی باس نیە.

کاتێک من ئەمانەم وت، داواکاری گشتی هەستایە سەرپێ و وتی” لەوە دەچێت لە بەروارەکاندا توشی هەڵە بووبێت”. ئیدی زۆر ئاشکرا بوو کەوا لە پێشتر ڕێکەوتنیان لە نێواندا هەبوو. گەر تۆزێک وردتر بوونایە، دەیانتوانی بەروارەکانیش وەک خۆی ڕێک بخەن.

لە ڕاستیدا لە هەلومەرجی ئێستادا لەوە دەچێت کۆبوونەوەی ٣ کەس پێکەوە، بە تاوان ئەژمار نەکرێت. بەڵام لەو سەردەمەدا کۆبوونەوەیەکی لەم شێوەیە، تاوانێکی گەورە بوو.

هەربۆیە داواکاری گشتیش بە جددی ئەم بابەتەی گرتبوو، تەنانەت کەسێکی درۆزنی لەو شێوەیەی،  وەک شایەت هێنابوویە ناو هۆڵی دادگا.

تەنانەت هەندێک لە بەرپرسە پاکوبێگەردەکانی کەستانەپازاری کە ڕۆحێکی ئەولیائاسایانەیان هەبوو، لە دژی ئێمە قسەیان کرد. کاتێک شایەتی یەکێک لەو کەسانەیان لە بەردەم دادگا خوێندەوە، خۆیشی زۆری پێ ناخۆش بوو. تەنانەت بیرمە کە لەبەردەم دادگا وتی” من مەبەستم لەوە نەبوو، مەبەستم فڵان شت بوو”. دەستی کرد بە تەئویلکردنی قسەکانی خۆی، لەوە دەچێت زۆریان لێ کردبێتن هەتا قسەی لەو شێوەیە بکەن.

 

هەروەها کارمەندێکی کاروباری ئاینیشی زۆر بە قورسی قسەی لەسەر ئێمە کرد. منیش لە وەڵامدا ئیشارەتم بۆ داواکاری گشتی کرد و وتم” ئەم پیاوە لە دژی دینی من و تۆیە، ئاینی ئیسلام بە فکرێکی کۆنەپەرستانەی پێش ١٤ سەدە ناو دەبات. تۆش هاتوویت و یارمەتی ئەو دەدەیت”. بەڵام لە قسەکانی خۆی پەشیمان نەبوویەوە.

 

“بوختانێکی تر”

بانگبێژێکی مزگەوتەکان هەبوو، کە لە هەمان کاتدا قومارخانەیەکی بەڕێوە دەبرد. ئەویش لە دژی من قسەی کرد. گوایە ئەو کاتەی خوێندکارەکانی کەستانەپازاریم وەرگرتووە، ئەویشمان لەگەڵدا بووە. بە هیچ شێوەیەکیش شتی لەو شێوەیە ڕووی نەدابوو. بەڵام ئەو سوور بوو لەسەر ئەوەیە کە لەگەڵ ئێمەدا بووە.

بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە من تاقیکردنەوەی خوێندکارەکانم ئەنجام داوە و، لە خوێندکارێکم پرسیوە، کە ئایا ئەتاتورکی خۆش دەوێت یاخود نا؟ ئەویش لە وەڵامدا وتوویەتی: نەخێر…

پاشان منیش خوێندکارەکەم وەرنەگرتووە.

ئەویش دوای ئەمە ڕۆشتووە ئەم ڕووداوەی بۆ ئیمامی مزگەوتی قارەمانلەر گێڕاوەتەوە و، هەموویان پێکەوە لە دادگا شایەتیان لە دژی من دەدا.

یەکەم: من تاقیکردنەوەم بۆ وەرگرتنی خوێندکارەکان ئەنجام نەدەدا و دەستەیکی دیاریکراو ئەم کارەی دەکرد.

دووەم: من کەسێک نەبووم کەوا پرسیاری وەها منداڵە لە خوێندکارەکانم بکەم.

هەروەها لە هەموو ژیانمدا لەگەڵ ئەو کەسە قومارچیە دانەنیشتبووم، هەروەها لە نێوان هەمان دەستەدا، مەلای مزگەوتێک بوونی هەبوو کە بەسەر دزیەوە گیرابوو، هەموویان بێ ئەوەی دەموچاویان سوور ببێتەوە، لە دژی من قسەیان دەکرد.

هەروەها کەسێکی تریشیان هێنابوو، کە زانستە شەرعیەکانی تەواو کرد بوو. واتە تەنیا ئەوانەی لە نێو بازنەی فەساددا دەژیان، دژایەتیان نەدەکردین، کەسانی نزیک لە بیروباوەڕی ئێمەشیان هێنابوو هەتا دژایەتیمان بکەن.

زیاد لە ٢٠ جار چووینە دادگا و هاتینەوە، هەموو هەفتەیەک دانیشتنێکی دادگامان هەبوو. هەروەها دەستەیەکی سەر بە دەزگای هەواڵگری دەهاتن و فشاریان بۆ سەر دەستەی دادگا دروست دەکرد.

 

هەروەها یادەوەریەکی ترشیم هەیە کە هەرگیز لەبیری ناکەم:

جارێکیان ئەفسەرێکیان هێنا بۆ وتارەکانی ناوچەی بۆجا، شێوازی سەیرکردنی ئەفسەرەکە نەدەچوو بە دڵمدا. ئەو ڕۆژە بابەتێکم سەبارەت بە ڕێبەری خزمەت خوێندەوە. هەفتەی دووهەم هەمان ئەفسەریان هێنایەوە و منیش هەمان کتێبم بە خوێندکارەکان دەوتەوە. لە دادگا بۆمان دەرکەوت کە ئەفسەرەکە کارمەندی دەزگای هەواڵگری بوو.

***

ڕۆژێکیان لەگەڵ خۆیاندا کەلەپچەیان نەهێنابوو. لەبەر ئەوەی زۆر متمانەیان بە من بوو کەوا ڕاناکەم، تەنیا منیان بە بێ کەلەپچە دەبردە دادگا. کاتێک ئەو ئەفسەرە لەسەر پلیکانەکانی دادگا بە بێ کەلەپچە منی بینی، بە شلەژاوییەکەوە پرسی “مەگەر تۆیان ئازاد کردووە؟”.

منیش لە وەڵامدا وتم” پشتیوان بە خودا ئازادم دەکەن”.

 

ئیدی لە دادگا کەسێک نەبوو، قسەیەک لە بەرژەوەندی من بکات. تەنیا قسەکانی جاهید ئەفەندی و موستەفا بیرلیک لە دژی من نەبوون.

 

پاشان منداڵەکانی کەستانەپازاریان هێنا و لە ڕێگەی قسەی منداڵەکانەوە ئەوە ئاشکرا، کە هیچ کام لە بانگەشەکانی داواکاری گشتی ڕاست نیە.

هیچ کاتێک قسەی ئاقڵانەی ئەو منداڵانە لەبیر ناکەم.

یەکێکی تر لەوانەی لە بەردەم دادگا قسەیان کرد، ڕەفعەت حەڵواجیئۆغلو بوو. ئەویش سەر بە پارتی خەڵک بوو. کەسێکی خوێندەوار و خاوەن کەلتور بوو. بە شێوەیەکی زۆر جوان و باوەڕپێکەر قسەی دەکرد.

تەنانەت کاتێک دەستی بە قسە کردن کرد، کاک بەکر زۆر لەوە دەترسا، کە دەستەی دادگا بە شێوەیەکی نەرێنی کاریگەری لەسەر دابنێنن.

حەڵواجیئۆغلو لەبەردەم دادگا بەم شێوەیە قسەی کرد:

سەردانی کەمپەکەم کرد، هەموویان مێزەرێک لەسەریان و کەوایەکیان لەبەردا بوو. مێزەرەکانیان گوڵینکەیەکی درێژی پێوە بوو. بە ئاشکرا ئەوە دیار بوو، کە لەو شوێنە شتێکی نامۆ و سەیر ڕوو دەدات. هەر ئەو کاتەی کە وەک سەرپەرشتیاری کەستانەپازاری هەڵیان بژارد، لە یەکێک لە قسەکانی گومانم بۆ پەیدا بوو بوو. جارێکیان وتی” گەر من بێمە مەیدان، ئەوا لە جیاتی ویزە ویزی هەنگ، بە دەنگی گولـلە تۆپەوە دێم. ئیدی زانیم کە شتێکی لە ژێر سەردایە و دەیەوێت خوێندکارەکانیش بە گوێرەی بیروڕای خۆی ئاڕاستە بکات”.

پاش ئەوەی ئەم قسانەی کرد، لە هەمان کاتدا وتی “لە ڕاستیدا خۆشیشم دەوێت”.

منیش مۆڵەتی قسەکردنم وەرگرت و وتم:

من ماوەی ٥-٦ ساڵ لە کەستانەپازاری کارم کردووە. بەڵام سوێندتان بۆ دەخۆم کە لەو ماوەیەدا، هێندەی پەنجەکانی دەستم، لەگەڵ ئەم شەخسەدا قسەمان لە نێواندا نەبووە. ئەمەش هۆکارێکی زۆر جددی هەیە. ئەم پیاوە تا سەر ئێسقان ئەجەویدیە و لەبەر ئەوەی من لە سەردەمی دەمیرەلدا دامەزراوم، من بە کەسێکی سەر بە دەمیرەل دەزانێت. هەربۆیە لەو ڕۆژەوەی من هاتوومەتە ئێرە، خۆشی لە من نەهاتووە، گەر زۆر ناچار نەبووبێت، تەنانەت سڵاویشی لێنەکردووم.

ئەگەرنا تەنیا یەک جاریش قسەی تایبەتی لەگەڵ مندا نەکردووە، تەواوی قسەکانی دروستکراوی خۆیەتی”.

 

قسەکردنی من بەم شێوەیە، بە تەواوی جەوی تێکدا. هەماهەنگی نێوان قسەکانی بە تەواوی ژێراوژور بوو. ئیدی دەمی تەتەڵەی دەکرد و وتی” لە ڕاستیدا من نامەوێت شتێک لە دژی ئەم برادەرە بڵێم، تەنانەت باسی هەندێک لە فەزیڵەتەکانی ئەم برایەم بۆ داواکاری گشتی کرد، لە وەقفەکەی ئێمە، بە بێ ئەوەی یەک قوڕوش پارە وەربگرێت، کاری دەکرد. بەڵام داواکاری گشتی ئەمانەی نەنوسیوە. هەروەها وتم خاوەنی ڕەوشتێکی بەرزە، ئەمەشی نەنوسیووە”.

هەندێک لە بەرپرسەکانی تری کەستانەپازاریش هاتن، ئەوانیش بە هەمان شێوە، قسەکانیان لە دژی ئێمە بوو.

لە نێو هەموو ئەمانەدا، ئەفسەرێکی خانەنشین کراو هەبوو بە ناوی مەهمەت چەتەڵکەیا، کاتێک لێیان پرسی تۆ چۆن بیر دەکەیتەوە؟

لە شوێنی خۆی هەستا و ئەم کۆمەڵە قسەیەی کرد کە هەموومانی خستە گریان:

ئەو کەمپەی باسی دەکەین، هی ئێمە بوو. جەنابی مامۆستاش لەوێ کاری دەکرد. جگە لە ئیمام و بانگبێژ، کەسی تر مێزەری بەسەرەوە نەبوو. لەو کاتەیەی هاتە لای ئێمە، هەمیشە لە ژێر مینبەرەکەیدا دادەنیشتم. گوێم لە وتارەکانی دەگرت. ئێستاش داواکارم لە خودای گەورە، لە زیندان بێتە دەرەوە و بچێتەوە سەر هەمان مینبەر، دیسان دەچمەوە بنی مینبەرەکە و گوێی لێدەگرم”.

ئیدی ئەمە بە شایەتی حەق ناو دەبەن، یاخود بە هەڵوێستی سەربازێکی مەرد، من هەرگیز ئەم قسانەی مەهمەت چەتەڵکەیا لە یاد ناکەم. لەو ڕۆژەدا تەنیا هێندە بەرگری لە من دەکرا، ئەویش ئەوەی لە دەستی هات ئەنجامیدا.

هیوادارم ئەم تابلۆیە لەلایەن ڕۆحانیەکانیشەوە، بە ستایشەوە باس بکرێت. چونکە لەوێدا بابەتەکە بەرگری لە خودی من نەبوو، بەڵکو بەرگری بوو لەو بابەتانەی کە من بە هۆیانەوە بوو بووم بە گومانلێکراو!…

 

 

 

 

 

140 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە