بیروڕاهەواڵ

زاڵمان و قارەمانەکان

ئێرکان چپڵاک

 

 

مرۆڤایەتی بە درێژایی مێژوو، هەمیشە ناچار بووە بەوەی کە بە گوێرەی کەسایەتی خۆی، لایەنێک هەڵبژێرێت.

هەربۆیە مێژوو لایەنگرانی فیرعەون و ئەبوجەهلی بە زاڵم، لایەنگرانی موسا و نەجاشی پاشای حەبەشستانیشی بە قارەمان تۆمار کردووە.

لایەنگرانی غاندی بۆ هندستانێکی سەربەخۆ بە قارەمان و، لایەنگرانی عەلی جیناهی کە لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان پشتگیری مانەوەی ئینگلیزیان دەکرد، بە خائین ناو دەبات.

هیتلەر کەوا ملیۆنان مرۆڤی کوشتووە بە دیکتاتۆر، نیکۆلاس ویڵتۆنیش کە تەواوی سەروەت و سامانی خۆی بەخشی هەتا ژیانی ٦٦٩ جولەکە لە ژێر دەستی هیتلەر ڕزگار بکات، بە قارەمان ناو دەبات.

بە لەعنەتەوە باسی زاڵمێتی هەندێک لە سربیەکان دەکات، کە لە کاتی جەنگی بۆسنەدا دەستیان لە بینەقاقای دراوسێ موسوڵمانەکانیان توند دەکرد، لە هەمان کاتدا وەک داستانی قارەمانێتی باس لە هەڵوێستی جوامێرانەی میلیان مارکۆڤیچ دەکات، کە فەرماندەیەکی سوپای سربیەکان بوو. ناوبراو لە بەرامبەر سوپای وڵاتەکەی وەستایەوە و وتی “ئەم کارەی ئێوە دەیکەن زوڵمە” و ئێستاش گۆڕی لە نێوان گۆڕستانی موسوڵماناندا بە ڕێزەوە سەردان دەکرێت.

وەک چۆن خەڵکی تورکیاش دەنیز گێچمیش کە لە تەمەنی ٢٥ ساڵیدا لە سێدارە درا، لەگەڵ موحسین یازیجیئۆغلو کە چەندین ساڵ لە زیندان مایەوە بە قارەمان ناو دەبات و کەنان ئێڤرەنی کودەتاچی ئەو کاتەش وەک خائین یاد دەکاتەوە، بە هەمان شێوە زاڵمان و قارەمانەکانی ئەمڕۆش لە یەک جیا دەکاتەوە.

لە مانگی ڕەمەزاندا سەردانی سەلانیکم کرد و،  دوو قارەمانی وڵاتی یۆنانم ناسی، کە سیاسیەکانمان هەمیشە بە دوژمنی ئەزەلی تورکیا ناوی ئەو وڵاتە دەبەن.

لەوێ چاوم بە کەسانێکی بێ گوناح و مەغدور کەوت کە لە لایەن دایک و باوک و براکانیانەوە پشتیان تێکراوە، بەڵام لەلایەن خەڵکی یۆنان کە لە تورکیادا بە “یۆنانی گاور” ناو دەبردرێت، دایک و باوکایەتی و برایەتیان لەگەڵدا دەکرێت.

چونکە خەڵکی یۆنان هەر بە دەموچاویاندا لە مەعسومیەتی ئەو مرۆڤانە تێگەشتبوون کە لە وڵاتی خۆیان بە تیرۆرست ناویان دەبەن و مافی ژیانیان پێ ڕەوا نابینن.

هیچ کەسێکیش ئەم هاوڵاتیانەی یۆنانی بەو دوو قارەمانە نەناساندووە و هانی ئەوەی نەدوان کە یارمەتیان بدەن، تەنیا خۆیان ماوەیەک چاودێریان کردون و پاشان گوێیان لە دەنگی دڵیان گرتووە و خۆیان پێناساندبوون. دواتر وەک ئەوەی دۆستی چەندین ساڵە بن، لە نێوان دڵەکانیاندا پردگەلێک دروست بووە.

 

دایکی مام نیکۆسیش یەکێکە لەو هاوڵاتیانەی کە وەختی خۆی بە گۆڕینەوە لە تورکیاوە بەرو یۆنان ڕاگوێزراوە.

مام نیکۆسی تەمەن ٧٤ ساڵ یەکێکە لەو قارەمانانەی کە مێژوو تۆماری دەکات.

سەرەڕای ئەوەی تەمەنێکی زۆری هەیە، بەڵام زۆرینەی تەمەنی لەگەڵ کەسانی لێقەوماودا بەسەر دەبات.

پێداویستیەکانی نەخۆشخانەکەیان، ئەوراقی کاروبارە فەرمیەکانیان، چارەسەرکردنی کێشەی زمان و خوێندنگەی منداڵەکانیان، هەمووی لەلایەن مام نیکۆسەوە ئەنجام دەدرێت.

لەو کۆرسەی کە خۆی خاوەنێتی، بە بێ بەرامبەر وانەی ئینگلیزی بە منداڵە تورکەکان دەڵێتەوە. ئیدی وەک باوک و مام و خاڵی منداڵەکانی لێهاتووە. هەربۆیە کاتێک منداڵەکان چاویان بەو دەکەوێت، باوەش بە قاچیدا دەکەن. مام نیکۆس تەواوی ئەم کارانەی بە هۆی هەستی ئیمپاتی(خۆ خستنە شوێنی بەرامبەر) ئەنجام دەدات.

دایکی خۆی یەکێکە لەو خانمانەی لە کاتی یەکەم ڕاگواستنی ڕۆمەکاندا بەرەو یۆنان ڕەوانە کراوە. ئەگەرچی لەو سەردەمەدا تەنیا تەمەنی ٣ ساڵ بووە، بەڵام دایکی هەتا ئەو ساتەی گیانی لە دەستداوە، باسی خەمی ئەو ڕۆژگارەی بۆ کردووە.

دایکی هەمیشە خۆی بە تورک زانیوە و بە هیوای ئەوەی ڕۆژێک بگەڕێتەوە بۆ نیشتیمانەکەی، زمانی تورکی فیری ئەو کوڕەی کردووە کە هیچی سەبارەت بە تورکیا نەزانیوە.

نیکۆسیش کە هەتا مۆخی سەر ئێسقانی هەستی بە بێ نیشتیمانی دایکی کردووە و، تەواوی دەرگاکانی دڵی بۆ ئەم مرۆڤە لێقەوماوانە کردۆتەوە.

یەکێکی تریش لەو شتانەی هانی مام نیکۆس دەدات ئەم کارە بکات، پێی وایە یارمەتیدانی ئەو تورکانەی کە چەشنی دایکی لە نیشتیمانی خۆیان دەرکراون، دەبێتە هۆی ئەوەی ڕۆحی دایکی شاد بکات.

کە قسە دەکات ڕاستگۆیی لە چاوەکانیەوە دەخوێندرێتەوە، کاتێک هیوای باشە بۆ یەکێک دەخوازێت چاوەکانی پڕ دەبن لە فرمێسک و کاتێک نزا دەکات بە شێوەیەکی فیتری دەست دەخاتە سەر دڵی… هەر بژی ئەو مام نیکۆسەی کە خاوەنی دڵی ئاڵتونیە لەلای تورکەکانی یۆنانستان.

 

ڤاسۆ خانمی تەمەن ٦٣ ساڵیش یەکێکە لەو قارەمانانەی کە مێژوو تۆماریان دەکات.

ئەویش ژیانی خۆی بۆ ئەو مرۆڤانە تەرخان کردووە کە دایک و باوک و هاوڕێکانیان و دراوسێکانیان، بە دەمیانەوە نەچوون و خۆیان نەکردوە بە خاوەنیان.

 

زۆرێک لە هاوڵاتیانی ناو کەمپەکە بە “ڤاسۆ ئابڵا” ناوی دەبەن کە بە واتای خوشکی گەورە دێت.

ڤاسۆ ئابڵا ئێستا خوشکی گەورەی ئەو مرۆڤانەیە کە تەواوی یادگاریە جوانەکانی خۆیان لە جانتاکەی پشتیاندا هەڵگرتووە و، بە لەبەرچاوگرتنی مەرگ خۆیان لە ئاوی ساردی ڕووباری مەریچ داوە و بەرەو یۆنان هەڵهاتوون.

ئەو ئێستا دایک و خوشکی هەموویانە. بۆتە دراوسێی ئەو مرۆڤانەی کە لەلایەن دراوسێکانیانەوە هەواڵیان لەسەر دراوە.

ئەو باوەڕی بە ڕاستگۆیی، مەعسومیەت و مەغدوریەتی ئەو مرۆڤانە کردووە و، لە هەمان کاتدا چاوی بە ڕوشنایی ناو دەموچاویان و بێگەردی و حەسرەتی دڵیشیان کەوتووە.

 

هەربۆیە چەشنی مام نیکۆس بە شتێک هەستاوە کە هیچ کەس لە تورکیادا ئەنجامی نەداوە، ئەویش بریتیە لە ئێمپاتی.

ڤاسۆ ئابڵا یەکێکە لەو هاوڵاتیە ڕومانەی کە لە ساڵی ١٩٦٤ پێیان وتووە” لە ماوەی ١٢ کاتژمێردا دەبێت تورکیا بەجێبهێڵن و جگە لە ٢٠ کیلۆ قورسایش بۆتان نیە هیچ شتێکی تر لەگەڵ خۆتاندا ببەن”.

ڤاسۆ ئابڵا لەو کاتەدا تەمەنی تەنیا ٨ ساڵان بووە، هەربۆیە حەسرەتی ئەو بۆ نیشتیمانەکەی تەڕ و تازەیە.

هەر لەبەر ئەمەشە دروستکردنی ئێمپاتی لەگەڵ ئەو مرۆڤانەی کە تەواوی ڕابردووی خۆیان لە جانتاکەی پشتیاندا هەڵگرتووە و لە ماوەی ١٢ تا ١٤ کاتژمێردا تورکیایان بەجێهێشتووە، بە نیسبەت ڤاسۆ ئابڵاوە کارێکی زۆر سەخت نەبووە.

 

بە تورکیە جوانەکەی خۆی بەردەوام قسەیان لەگەڵدا دەکات و بەردەوام بە دەم پێداوسیتیەکانیانەوە ڕادەکات.

هەرکاتێک باسی ئەوانیش دەکات چاوەکانی پڕ دەبن لە فرمێسک.

” ئەم مرۆڤانە یادەوەریەکانی منداڵی منیان هەڵگرتووە. بێگەردی ناو دەموچاویان و هیواکانی ناو چاوەکانیان، چەشنی دایک و باوکەکانی ساڵانی ١٩٦٤. منداڵەکانیان چەشنی ئەو کاتەی منداڵی من، ئاگایان لە هیچ شتێک نیە. یارمەتیدانی ئەوان سوکنایی بۆ ڕۆحی من دەهێنێت. ئەگەرچی خاوەنی نەتەوە و دینی جیاوازیش بین، بەڵام یارمەتیدانی ئەوان ئەرکێکی مرۆڤانەیە و هەر ئەمەش دەتوانێت بمانکات بە مرۆڤێکی باشتر”.

هەربۆیە لە ڕێگەی ئەو کارە مرۆڤانەی ئەنجامی دەدا، نزای خێری سەدان کەسی دەست کەوتووە.

 کاتێک چاوم بە ڤاسۆ ئابڵا کەوت و لە نزیکەوە ناسیم، پێم وت : دەتوانم باوەشتان پێدا بکەم؟، وتی لەبەرچی؟

-لەبەر ئەوەی یارمەتی ئەم مرۆڤانە دەدەیت.

چاوەکانی پڕ بوون لە فرمێسک و وتی: خۆزگە زیاترم لە دەست بهاتایە هەتا زیاتریان بۆ بکەم.

خودایە نمونەی ئەم جۆرە مرۆڤانە زیاتر بکەیت.

وا دیارە هەتا ئەو ڕۆژەی مرۆڤایەتی دەمێنێت، تەنیا جۆغرافیای زاڵم و مەزڵومەکان دەگۆڕێت.

بەڵام هەڵویستی مرۆڤەکان گۆڕانکاری بەسەردا نایەت. هەندێکیان لایەنگری زاڵمان و هەندێکی تریش لایەنگری مەزڵومان دەکەن. بەم شێوەیە ئەوە دیاری دەکات کە لە پاش خۆی چۆنی یادی بکەنەوە.

 

هەر لەم ڕوانگەیەشەوە، خاوەنی دڵێکی وەها گەورەیە، هەرچی یارمەتیەک کەوا پێشکەشی ئەو مرۆڤانەی دەکات، بە کەم دێتە پێش چاوی و هیوای زیاتر دەخوازێت.

هەربۆیە هەریەک لە مام نیکۆس و ڤاسۆ ئابڵا، دەبنە یەکێک لەو قارەمانانەی بە درێژایی مێژوو وەک پشتیوانی مەزڵومان یاد دەکرێنەوە.

 

 

 

 

 

73 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە