بیروڕاهەواڵ

یەکێک لە داهێنەکانی نەوەی نوێی دەوڵەتی شاراوە:

ترانسپۆرتەری ڕەش

 

 

ئەحمەد داوتئۆغلو سەرۆک وەزیرانی پێشووی تورکیا، لە کاتی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٥، هەڕەشەی ئەوەی لە هاوڵاتیانی تورکیا کرد، گەر ئاکەپە هەڵنەبژێرنەوە، ئەوا جارێکی تر لادا سپیەکان دەست بە ڕفاندنی هاوڵاتیان دەکەنەوە.

داوتئۆغلو لێرەدا ئاماژەی بە ساڵانی ١٩٩٠ دەکرد، کە تێیدا دەوڵەتی شاراوە لە ڕێگەی لادایەکی سپیەوە هاوڵاتیانی بە رەگەز کوردی دەڕفاند.

هەڕەشەکەی داوتئۆغلو زۆری بەسەرا تێنەپەڕی، دوای یەک ساڵ، لادا سپیەکان خۆیان گۆڕی بە ترانسپۆرتە ڕەشەکان و دیسان دەرکەوتنەوە.

ئەم جارەیان دەوڵەتی شاراوە، کەسانی نزیک لە بزاڤی خزمەتیان بە ئامانج گرتبوو.

نیگار کەیا، یەکێک لە کەسوکاری ئۆزگور کەیا کە لە مانگی شوباتی ٢٠١٨ ڕفێندراوە ” ئەویان لە ئێمە برد، بەڵام لە هەمان کاتدا ئێمەشیان لە ئێمە بردووە، واتە چیدی ئێمەش لە ژیاندا نەماوین”.

 

بە زۆر ڕفاندنی هاوڵاتیان، تەنیا تاوانێک نیە بەرامبەر کەسی ڕفێندراو ئەنجام درابێت، لە هەمان کاتدا تاوانێکە بەرامبەر کەسوکارەکەی ئەنجامدراوە و بە تاوانی دەرحەق بە مرۆڤایەتی ئەژمار دەکرێت.

هەربۆیە یاسا نێودەوڵەتیەکان، تەنیا کەسی ڕفێندراو بە قوربانی تاوانەکە ئەژمار ناکەن و لە هەمان کاتدا کەسوکارەکەشی بە قوربانی ئەژمار دەکەن.

بە زۆر ڕفاندن، وا لە کەسوکارەکەی دەکات بەردەوام لە نێوان هیوا و ڕەشبینیدا بێت و بچێت و ئەمەش بۆ خۆی ئەشکەنجەیەکی دەرونیە.

 

ڕفاندنی هاوڵاتیان کە لە دوای ساڵی ٢٠١٦ جارێکی تر دەستی پێکردەوە، لە دوای ئەو بەروارەوە، بە شێوەیەکی بەردەوام ڕوو لە زیاد بوون دەکات.

 

گۆکهان تورکمەن، ئۆزگور کەیا، ئێرکان ئیرماک، موستەفا یڵماز، سالم زەیبەک، دوا قوربانیەکانی دەستی ترانسپۆرتەرە رەشەکەن.

ئەگەرچی وێنەکان لەمڕۆدا گیراون، بەڵام هیچ جیاوازیەکی لەگەڵ وێنەکانی ساڵی ١٩٩٠ نیە.

 

خێزانەکانیان سکاڵایان تۆمار کردووە و، لە ڕێگەی گرتەی ڤیدیۆیی کامێراکانی چاودێریەوە، بە دەستی خۆیان هەموو بەڵگەیەکی پێویستیان لەسەر چۆنیەتی ڕفاندنیان هاوڵاتیەکان و ژمارەی ئۆتۆمبیلەکان، خستۆتە بەردەم کاربەدەستانی دەوڵەت.  بەڵام هەتا ئێستا هەنگاوێکی جددیان هەڵنەگرتووە.

ئیدی نازانرێت ئەم هاوڵاتیانە لە کوێن و لە ژیاندا ماون یاخود مردوون.

دەسەڵاتیش بە هەموو شێوەیەک گوێی بە ڕووی هاواری کەسوکارەکانیاندا داخستووە. وەڵامی ئەو پرسیارە ناداتەوە کەوا ئەم کەسانە چییان بەسەر هاتووە. هەربۆیە لێپرسینەوەیەکی جددی بۆ دۆزینەوەی هاوڵاتیەکان ئەنجام نادرێت.

نکوڵی کردنی دەزگا فەرمیەکان لەم ڕووداوانە، وەک بەشێکی دانەبڕاوی تاوانەکەی لێهاتووە. بابەتی ئەوەی کەسە ڕفێنەرەکان خۆیان بە “پۆلیس” یان “میت” ناساندووە بە هاوڵاتیەکان، وا لە دەزگا پەیوەندیدارەکان دەکات، کە خۆیان لە قەرەی بابەتەکە نەدەن. دەسەڵات لە ڕێگەی فەرامۆشکردنی ڕێکارە فەرمیەکان بۆ دەستگیرکردنی هاوڵاتیان، نایەوێت ڕووبەڕووی کارتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ ببێتەوە، کە دەمێکە لەکەداری کردووە.

 

دەنگۆی ئەوە لە ئارادایە، کە هاوڵاتیە ڕفێندراوەکان، برابێتن بۆ کێڵگەی ئەشکەنجەدانی  سەر بە دەزگای میت، کە لە هەمان کاتدا بە سەرۆکایەتی چالاکیە تایبەتەکان ناو دەبرێت.

 

لە ڕێگەی گێرانەوەی ژمارەیەکی زۆری ئەو هاوڵاتیانەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا بردراون بۆ ئەو کێڵگەیە، لەم ناوەندەدا ئەشکەنجەی هاوڵاتیان دەدرێت، هەتا دان بنێنن بە کۆمەڵێک تاواندا کە ئەنجامیان نەداوە.

یاسا نێودەوڵەتیەکانی تایبەت بە مافی مرۆڤ،  ڕفاندنی هاوڵاتیان لەلایەن کاربەدەستانی دەوڵەت، بێ وەڵام هێشتنەوەی پرسیارگەلێکی وەک “هاوڵاتیەکە لە کوێیە و لە چی حاڵێکدایە”، بەم شێوەیە بێ بەش کردنی هاوڵاتیان لە ئازادیەکانیان بە ” بە زۆر ونکردن” ناو دەبات.

 

هۆکاری ئەم تاوانەش ئەوەیە کە دەسەڵات دەیەوێت کەسانی ئۆپۆزسیۆن دەمکوت بکات و کۆمەڵگاش بترسێنێت.

لە سەردەمی هیتلەر و ستالینیشدا بە هەمان شێوە هاوڵاتیانیان دەڕفاند.

هەمان ڕێچکە لە ساڵانی ١٩٧٠ لە ئەمەریکای لاتین گیرایە بەر و، هەروەها لە نێوان ساڵانی ١٩٨٠ هەتا دەگاتە ١٩٩٠، وڵاتانی مەحکوم بە یەکێک لە دیکتاتۆرەکان لە ئاسیا و ئەفەریقا، هەمان کاریان بەرامبەر هاوڵاتیانی خۆیان ئەنجامدا، کە بە ئۆپۆزسیۆنی خۆیان دەزانی.

 

تورکیا لە بابەتی ڕفاندنی هاوڵاتیاندا پێشینەیەکی زەبەلاحی هەیە. لەگەڵ کوەدتاکەی ١٢ ی ئەیلولی ١٩٨٠، ڕفاندنی هاوڵاتیان دەستی پێکردووە و، لەگەڵ ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لە ساڵی ١٩٩٠، بە شێوەیەکی سیستەماتیکی پەیڕەوی لێدەکرێت.

 

دەوڵەتیش لەبەر ئەوەی چاک دەزانێت ئەو کەسانەی بە ڕفاندنی هاوڵاتیان هەڵدەستن سەر بە بیرۆکراسی و دەزگاکانی دەوڵەتن، لە بابەتی سزادانی کەسانی تاوانباردا، گوێی خۆی کەڕ کردووە.

 

بە گوێڕەی ڕێنوسی دادگای سزا نێودەوڵەتیەکان کە لە ڕۆما واژۆی لەسەر کراوە، هەر هەوڵێک بۆ ڕفاندنی هاوڵاتیان و بە زۆر ونکردنیان، تاوانێکە دەرحەق بە مرۆڤایەتی ئەنجامدراوە و لەم بابەتەدا بەسەرچوونی کات بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای تاوانەکە، بوونی نیە.

نەتەوەیەکگرتوەکانیش لە ساڵی ١٩٩٢، یاسای تایبەت بە “بە زۆر ونکردنی  هاوڵاتیان” ی قبوڵ کردووە و، هەندێک لە ماددەکانی ئەم یاسایە بەم شێوەیەیە:

یەکەم: بە زۆر ونکردنی هاوڵاتیان، تاوانێکە دەرحەق بە مرۆڤایەتی ئەنجام دراوە.

بە زۆر ونکردنی هاوڵاتیان، وا لە هاوڵاتیان دەکات کە لە دەرەوەی پارێزگاری یاساکان ببن و ئازاری گەورە بە قوربانیەکە و کەسوکاری دەگەیەنێت.

ماددەی دووهەم: هیچ دەوڵەتێک نابێت ڕێگە بدات بەوەی هاوڵاتیانی بە زۆر ون بکرێن و چاوپۆشی لێبکات. دەوڵەتان دەبێت هەموو ڕێکارێکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ ڕێگری لە بە زۆر ونکردنی هاوڵاتیان بگرنە بەر و لەم بابەتەدا هەماهەنگی لەگەڵ نەتەوەیەکگرتوەکانیش دەکەن.

 

ماددەی سێهەم: هەموو دەوڵەتێک لە چوارچێوەی خاکی ژێر دەسەڵاتەکەیدا، بۆ ڕێگری لە بە زۆر ونکردنی هاوڵاتیان، هەموو ڕێکارێکی یاسایی، ئیداری، دادگایی دەگرێتە بەر.

 

” هەروەها یاسای تایبەت بە “بەزۆر ونکردنی هاوڵاتیان” کە لە ساڵی ٢٠٠٦ قبوڵ کراوە دەڵێت” نابێت هیچ هاوڵاتیەک ڕووبەرووی کرداری زۆر ون بکرێتەوە. بوونی جەنگی کردەکی، هەڕەشەی جەنگ، ناسەقامگیری باری سیاسی وڵات، یاخود هەر حاڵەتێکی نائاسایی ناو وڵات، نابێت بکرێتە پاساوی “بە زۆر ونکردنی هاوڵاتیان” و لەم بابەتەدا ناتوانرێت هیچ پاساوێک وەک ئاراوتە(الاستثناء) پشان بدرێت”.

هەروەها بە گوێرەی بڕیاری دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا کە لە ساڵی ٢٠٠١ دەرکراوە، سەبارەت بە ئسولی دەستپێکردنی چۆنیەتی لێپرسینەوە لە ڕوودانی بە زۆر ونکردنی هاوڵاتیان دەڵێت” کاتێک دەزگا فەرمانیەکان هەواڵیان لەسەر مافی ژیانی هاوڵاتیەک پێدەگات، یەکەم :پێویستە دەستبەجێ ڕێکاری پێویست دەست پێبکەن، دووەم: لێکۆڵەرەوەی بێلایەن دەست بەکار بکرێت، سێهەم تەواوی زانیاری و بەڵگە و وردەکاریەکانی ئەو ڕووداوە، بە ئسولی خۆی کۆ بکرێتەوە. چوارەم بە شێوەیەکی ماقول لێکۆڵینەوەکە بڕواتە پێش و بە شێوەیەکی خێرا ئەنجام دەست بخرێت. پێنجەم: لێپرسینەوە و بە دواداچوونی ڕووداوەکان پێویستە بە شێوەیەکی شەفافانە لەبەردەم رای گشتی ئەنجام بدرێت”.

 

هەربۆیە ئەو کەسانەی هەتا ئێستا دیار نین و کەس نازانێت لە کوێن، بە سیفاتێک کەوا دەستگیر نەکراون و لە هیچ شوێنێک وەک دەستبەسەرکراو ناویان بوونی نیە، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی بە شێوەیەکی نایاسایی لە مافی ئازادی و ژیانیان بێ بەش کراون.

هەربۆیە بکەرانی ئەم ڕووداوانە، لەو ڕۆژەی ئەم کارەیان ئەنجامداوە هەتا ئێستا، بە شێوەیەکی بەردەوام تاوان ئەنجام دەدەن.

لەوە دەچێت ئەو کەسانەی بەم جۆرە کارانە هەڵدەستن، پێیان وەهابێت لە داهاتوودا بە هیچ شێوەیەک ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی و سزا نابنەوە.

بەڵام شایەتی کەسوکارەکانیان و گرتەی ڤیدیۆیی کاتی ڕفاندنی هاوڵاتیەکان، ئەوە پشان دەدات کە ئەم جۆرە کەسانە، لەم بابەتەدا بە هەڵەدا چووبێتن.

 

68 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە