هەواڵ

دایکانی شەمە ئەمجارەیان لە پێناو ڕفێندراوەکانی ئەمساڵ دەچنە سەر شەقامەکان

 

دایکان و کەسوکاری ئەو کەسانەی لە ساڵانی نەوەدەکاندا فڕێندران و لەو کاتەوە تا ئێستا بێسەروشوێنن، بەردەوام لە ساڵانی پیش ٢٠٠٠ وە بە شێوەیەکی بەردەوام هەموو ڕۆژانێکی شەمە دەچنە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن و داوای زانیاری دەربارەی ڕۆڵەکانیان لە حکومەتی تورکیا دەکەن. دایکانی شەمە ئەمڕۆ لە هەفتەی ٧٤٥ هەمیندا جارێکی تر هاتنەوە سەر شەقامەکان بەڵام ئەمجارەیان لە پێناو ڕۆڵە بێسەروشوێنەکانی خۆیاندا نا، بەڵکو لە پێناو ئەو کەسانەی لەم چەند مانگەی دواییدا لە لایەن “ئوتومبێلە ڕەشەکان”ـەوە ڕفێندران. دایکانی شەمە ئەمجارەیان لە پێناو گۆکهان تورکمەن، یاسین ئوگان، ئۆزگور کایا، ئەرکان ئرماک، موستەفا یڵماز و سالم زەیبەک دەچنە سەر شەقامەکان و دەڵێن “ئەم کەسانە لە کوێن؟ لە چ بارودۆخێکدان؟ وەڵامی پرسیارەکانمان بدەنەوە!”

دایکانی شەمە درووشمی ئەم هەفتەیەیان بریتییە لە “ئێوەش بانگهێشت دەکەین بۆ ئەوەی یاوەریمان بکەن کاتێک دەڵێین ‘یاسا بۆ هەمووان و دادپەروەری بۆ هەمووان’.”

دایکانی شەمە ئەمڕۆ لە پێناو ئەو کەسە چەوساوە و ستەملێکراوانە و کەسوکارەکانیان کاتژمێر ١٢ لە مەیدانی گالاتاسارای لە شاری ئەستەمبوڵ گردبوونەوە.

 

 

داواکارییەکانی دایکانی شەمە لە هەفتەی ٧٤٥ هەمیندا بریتییە لە:

“لە هەفتەی ٧٤٥ هەمیندا بە وتنی گۆکهان تورکمەن، یاسین ئوگان، ئۆزگور کایا، ئەرکان ئرماک، موستەفا یڵماز و سالم زەیبەک لە کوێن؟ وڵامی پرسیارەکانمان بدەنەوە! گردبوونەوەکەمان ئەنجام دەدەین. ئێوەش بانگهێشت دەکەین بۆ ئەوەی یاوەریمان بکەن کاتێک دەڵێین ‘یاسا بۆ هەمووان و دادپەروەری بۆ هەمووان’. ئێمە وەک خانەوادەی ئەو کەسانەی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کران و وەک داکۆکیکاران لە مافەکانی مرۆڤ زۆر هەست بە نیگەرانی دەکەین لە بەرامبەر دیاردەی ڕفاندنی ئەو کەسانەدا کە زۆربەشیان لە شاری ئەنقەرەی پایتەختی تورکیادا ڕفێندراون. ئەو کەسانەی ڕفێندراون بریتیین لە گۆکهان تورکمەن، یاسین ئوگان، ئۆزگور کایا، ئەرکان ئرماک، موستەفا یڵماز و سالم زەیبەک لە بەرواری ٧ بۆ ٢٠ شوبات ڕفێدراون و سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی کەسوکار و خانەوادەکانیان هیچ هەواڵێک لە بارەیانەوە نازاندرێت. ئێمە لە هەفتەی ٧٤٥ هەمیندا داوا لە هەموو بەرپرسانی حکومەتی تورکیا دەکەین لە پێش هەمووشیانەوە وەزیری داد و وەزیری ناوخۆی تورکیا کە “یاساکان بە شێوەیەکی یەکسان و دادپەروەرانە بەسەر هەموواندا جێبەجێ بکرێت. لێکۆڵینەوەیەکی ورد بکرێت دەربارەی ئەو کەسە ڕفێندراوانە و ئەرکی خۆتان لە بەرامبەر یاسا و خانەوادەی ئەو کەسانەدا جێبەجێ بکەن’.”

فاتمە بەتول زەیبەک، کە هاوسەرەکەی بە بەرچاوییەوە ڕفێندرا: ئێستا باشتر لە بارودۆخی دایکانی شەمە تێدەگەم

فاتمە بەتول زەیبەک هاوسەری سالم زەیبەک کە هاوسەرەکەی بە بەرچاوی خۆی و منداڵەکانییەوە ڕفێندرا، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی میزۆپۆتامیا وتی: “کاتێک دایکانی شەمە دەستیان بە خۆپیشاندان و چالاکییەکانیان کرد من هێشتا منداڵ بووم. دواتر بیستمان کە ڕۆڵەکانی ئەو دایکانە لە زینداندا گیانیان لەدەستداوە. ئێستا بە هۆی ئەو ڕووداوانەی بەسەر خۆمدا هاتووە زۆر باشتر لە بارودۆخی دایکانی شەمە تێدەگەم کە لە چ هەستێکدا دەژین.”

 

 

http://www.tr724.com/cumartesi-anneleri-bu-sefer-siyah-transporter-magdurlari-icin-galatasaray-meydaninda/

74 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە