بیروڕاهەواڵ

ئەو پردی دڵەی لە نێوان مەریچ و سیدنیدایە

ئەنەس جانسێڤەر

زوڵم دژی بەزەیی و سۆز و دادپەروەریە.

هەندێک ئەکتەری سەرەکی ئەم زوڵمەن، هەندێک بینەرە و هەندێکی تریش لەگەڵ ئەوەی بینەرێتی، لە هەمان کاتدا چەپڵەی بۆ دەکوتێت…

 

ئەو درامانەی لە بنکەی سەرەکی ئەم زوڵمە پێشکەش دەکرێت کە تورکیایە، خەریکە بە هەموو دونیادا بڵاو دەبێتەوە.

دەست لە هەرکەسێک بدەیت هەزار  ئاخ و داخی لێوە دێت. بە هۆی زوڵمی زاڵمێکەوە،  مرۆڤەکان بە تاقیکردنەوەگەلێکدا تێدەپەڕن، کە هەموو سنورەکانی بەرگەگرتنی تێپەڕاندووە، چەندین تراڤمای گەورەی هێناوەتە ئاراوە. پاکتاوێکی ڕەگەزی لەناوچەی ئەنەدۆڵو ئەنجام دەدرێت. هەندێکیش یەخەی خۆیان لە ژێر دەستی ئەم پاکتاوە رەگەزەیە دەردەهێنن و بەرەو کەنارە ئارامەکان هەڵدێن. هەندێکیش لە کاتی هەڵهاتنیاندا سەرکەوتوو نابن و ئەوانەشی سەرکەوتوو دەبن، لە نیشتیمانی غوربەت و لە کەمپی ئاوارەکاندا، ڕووبەڕووی هەزار دەرد و کولەمەرگی دەبنەوە. وەک ئەوەی ڕووبەڕووی هەزار و یەک بومەلەرزە بووبێتنەوە بە بارێکی سەختەدا تێدەپەڕن.

 

ماوەی ٣ ساڵە ناوەندی ئەم بومەلەرزەیە لە وڵاتێکی بەدبەختی وەک تورکیا دەدات، واتە لە نیشتیمانە بێ وەفاکەم دەدات…

یەکێکیش لەو ناوچانەی کە زیاتر لە هەموو شوێنێک کاریگەریەکی ئەم بومەلەرزەیە گرتوویەتیەوە، یەکێک لەو ناوچانەی زیاتر لە هەموو شوێنێک وردە بومەلەرزەکانی ئەم ناوەندە دەیگرێتەوە، بێ گومان جگە لە وڵاتی یۆنان هیچ شوێنێکی تر نیە.

پایتەختەکەشی ئەسینایە کە شارۆچکەی سەلانیکی ئەتاتورکی تێدایە.

ئاخ مەریچ … ئاخ مەریچ…

ڕووباری مەریچ و ڕۆخی ئەوروپا، ئەو شوێنەی کە زۆر جار باوەشێک بۆ سەرنشینانی دەگرێتەوە و جارێکی تر ناهێڵێت بێنەوە دەرەوە. ئەو مەریچەی دایکان، باوکان، منداڵان لە ئامێز دەگرێت و دەیانشارێتەوە.

ئەو زاڕۆکە داماوانەی کە نازانن چی لەم رووبارەدا دەگوزەرێت و هەوڵی تێگەشتنی دەدەن.

بۆ هەندێک ئەم ڕووبارە بووە ئەو خاڵەی کە خەم و ئازاری دونیایی تێدا کۆتایی هات، واتە خاڵی تێپەڕین بەرەو حەقیقەتی ژیانی ئەبەدیەت.

منداڵانی ناو دەریاچەی مەریچ و ئیجە، وەک ئەوەی قوربانی گولـلەی وێڵ بن، توشی نسیبی خۆیان بوون.

ئایلان کوردی، فەریدون مادەن، ئێمرا ئایدەمیر، ئۆرهان ئاسڵان، فرات سیمپیل و عەبدولقادر ئەنەس… ئەو منداڵانەی لە ناو سکی دایکیان یاخود باوەشی باوکیاندا بوونە موهاجیر و ئەو دڵە بچکۆلانەی ئەم ئازارە گەورانەیان چەشت…

 

وێنەی ئایلان کوردی کە بە دەم ئاوەوە لە کەناری دەریا کەوتووە… ئەو گیانە بچوکانەی بە دەم شەپۆلەوە دەڕۆن، ئەو لاشە بچوک و دەستە بچوکانەیان خۆیان بە لمی دەریا ناساند.

 ئایلان کوردی و باوکیشی لە دەستی زاڵمێکی تر، لە سوریاوە ڕایانکردبوو.

ئەو کاربەدەستانەی کاتێک دەزانن بۆیان بەڕێوە نابرێت و هار دەبن، وا لە گەنجان دەکەن لە دەستیان هەڵبێن.

ژیانگەلێکی زۆر ئەمانەتی دەستی قاچاغچیەکانی مرۆڤ کراوە و، مرۆڤگەلێکی زۆر بە هیواوە بە ڕووی ئاوی بێ بنی دەریادا دەڕۆن… ئەوانەی ئەم ئاوەش دەبڕن، چەندین ڕۆژ بێ ئەوەی بزانن بەرەو کوێ دەڕۆن، بە هەزار مەشەقەت، ملی ڕێگە دەگرن.

عەبدولقادر ئەنەسی تەمەن ١١ ساڵ، خەلیل مونیری تەمەن ٣ ساڵ، دایکی بە ناوی عائیشە و باوکی بە ناوی ئوغور…

خانەوادەی عەبدولرەزاق… گەشتە ناخهەژێن و جەرگ سوتێنەرەکەیان کە بە دەریاچەی مەریچدا ئەنجامیاندا.

 

دیسان دەریاچەی مەریچ، ئیبراهیم سەلیم دۆغانی تەمەن ٢ ساڵ و نیو، دایکی بە ناوی ئەسڵی،  باوکی بە ناوی فەخرەدین، گەشتەکەیان کە هەمووانی لە خەمدا نوقم کرد… دیسان ٣ گیان لە دەستدرا…

ئەمجارەیان ناونیشانەکە لە دەریاچەی ئیجەیە… تەواوی خانەوادەیەک لە ئاوە سارد و تاریکەکەی ئیجەدا گیانیان لە دەستدا. خانەوادەی مادەن کە ٥ کەس بوون.

 

با ناحەقیش بەرامبەر ئەم ڕووبارە نەکەین، زۆری تریشی لە ئامێز گرت و بەرەو ژیانی ئەولای بردن لەگەڵ خۆی…

ئەگەرچی لە هەمان کاتدا وەک ڕووباری هیوای لێهاتووە لە ناو دارستانێکی گەورەدا…

بۆ مرۆڤە ستەمدیدەکان، وەک دەرگایەکی لێهاتووە بەرەو ئازادی، دەرگایەک هێندەی ئاو ئازیز و خۆشەویستە دەریاچەی مەریچ…

بە کورتی ئاوە سارد و گیان سوتێنەرەکەی دەریاچەی مەریچ، جێگەی یادەوەری مرۆڤە بێ تاوانەکانە کە پێیدا تێپەڕین و بەوانەشەوە کە تێیدا نقوم بوون. هەروەها وەک ئەو پردی سیراتە وەهایە کە گیانی چەندین کەسی ڕزگار کرد.

ئێستا سەردەمی بوونە مەرهەمە بۆ دڵە بریندارەکان”

 

ئێستا کاتی ئەوەیە لە قسەوە بەرەو کردار بڕۆین… ئێستا کاتی بوونە مەرهەمە بۆ دڵ بریندارەکان. کاتی گوێڕادێرانە بۆ هاواری لێقەوماوان…

خۆ لەبیرمان نەکردوون وانیە؟ خاتوونێک هەبوو بە ناوی مامۆستا ئەسما… ئاوە هاربووکەی مەریچی بڕی، بەڵام بەرگەی ناڕەحەتیەکانی پاشتری نەگرت… دڵی لە لێدان کەوت و نەیتوانی بگات بەو هاوسەرەکەی، کە لە ئەڵمانیا چاوەڕێی دەکرد.

 

بەڵێ، پێویستە ببینە هەناسە بۆ مامۆستا ئەسماکان، مامۆستا خەلیل و مامۆستا عائیشەکان… ببینە هەناسە بۆ ئەمانەتەکانیان و چەندین مەزڵومی هاوشێوەی ئەوان. با ئاگر ئەو شوێنانە نەسوتێنێ کە تێیدا هەڵدەگیرسێت و با دەرگاکانیان تەنیا لەلایەن بای بەرەبەیانەوە نەکرێتەوە.

“لەگەڵ دوو دۆستی دڵ کەوتینە ڕێگا و سەردانی سەرنشینەکانی ڕۆژئاوای مەریچمان کرد”

 

با ئێمەش لە دەرگاکانیان بدەین و بڵێن ” وا ئێمەش هاتین”.

ئاگر لە هەرلایەکی ئەم دونیایە بکەوێتەوە، با سەرەتا ئێمە بسوتێنێت و بڵێین  دڵی ئێمەش لەو ئاگرەدا دەسوتێت. لەگەڵ دوو دۆست و دوو هاوڕێدا کەوتینە ڕێ. ڕێپێوانی ئێمە بەم شێوەیەیە. ئەمە نیەت و ئارەزوی ئێمە بوو. کاتێک دەکەویتە ڕێگا، ئیدی تۆش دەبیتە یەکێک لەوانەی بە کۆچبەر ناو دەبرێیت.

بەڵێ گەر ئیمکانمان هەبێت، با بکەوینە ڕێگا و نەڵێین دوورین یاخود نزیک. چونکە حەقی ئەوەمان نیە بڵێین مەریچ لە کوێ و ئوستورالیا لە کوێ. حەقێکی لەو شێوەیەمان نیە و نابێت شتێکی وەها بڵێین.

بەڵێ ئازار و خەمەکانیان بە شێوەیەکە کە جەرگ و هەناو دەپڕوکێنێت، بەڵام پێویستە لە نزیکەوە ئاگامان لە ئازارەکانیان بێت و بە بەشداری کردن لە خەم و ئازارەکانیان، هەوڵی کەمکردنەوەیان بدەین.

ئەمڕۆ ڕۆژی سەفەربەریە بە دەنگ، هەناسە، نزا و گوێگرتنمان لە هاواری کەسانی لێقەوماو.

بە خواردن، ئیمکان، دەست، زمان، پێنوسەکانمان، بە کورتی ڕۆژ ڕۆژی ئەوەیە بە هەموو ئیمکانێک کە هەمانە ببینە مەرهەمی دڵە بریندار و دەردەکان…

چونکە ئەمە سەردەمێکە؛ هەندێک باوک و دایکیش لە جیاتی ڕۆڵە ستەملێکراوەکانیان پشتی زاڵمەکانیان گرتووە.

هیوادارم ئەم نیەتە پاکەی هەمانە، هیچی ترمان تێکەڵ نەکردبێت. شکسپیر شاعیر و نوسەری درامی بەناوبانگی ئینگلیزەکان، بە ڕستەیەکی زۆر گرنگی پێناسەی ئەمڕۆ ڕۆژگارەی ئێستامان بۆ دەکات…

ئوستادی هەموو شاعیران، شکسپیر لە یەکێک لە وتەکانیدا دەڵێت” هاوڕێ لە کاتی ئازار و هاوبەش لە کاتی خەمدا، ناسۆری ڕۆحەکان سووکتر دەکات”.

هەتا مرۆڤایەتی ببمێنێت، دەریاچەی مەریچ وەک ئەو فاسیلەیە یاد دەکرێتەوە کە لە ناوەڕاستی  پاکتاوە ڕەگەزیەکەی ناوەندی ئەنەدۆڵو بوونی هەبوو.

دەریاچەی مەریچ ناوی ئەو دەریا بێ بنەیە، کە هەموو شیوەنێکی بەسەردا دەبارێنێت.

ئەوەی لەسەر شانی ئێمەیە ببینە برا و هاوڕێی ئەوانەی بە ئاوە دڕندە و هەورازە سەختەکاندا تێدەپەڕن و دەگەنە وڵاتی یۆنان. دەکرێت لە دوای ئەو قسەیەی شکسپیر لە شوێنی خۆمان ئۆقرە بگرین؟

پێویستە لە خەم و ئازارەکاندا ببینە برا و هاوڕێیان و هەوڵی کەمکردنەوەی ئازارەکانیان بدەین.

لەگەڵ کاک محمد و کاک مەحمود، لە ڕێگەی هێڵی ئاسمانی دوبەی، لەندەن، فرانکفۆرت، ئەسینا، لە دوای ٢٨ کاتژمێر و نیو دەگەینە ئەو شارە پیرە، کە لە داستانی ئەو کەسانەی ئێمەیان خەوت لێخستبوو، بە “وڵاتی دوژمن” ناودەبرێت.

ڕێبەرەکەمان باس لە کۆچی ٣ ملیۆن کەس دەکات. ئەم ژمارەیە تەنیا بە دەم ئاسانە.

پێویستە لێرەدا ئاماژە بە خاڵێکی تر بدەین:

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لانکەی ئەو کاربەدەستانەی کە ناتوانن وڵاتەکەیان بەرێوە ببەن. ئەو بەرپرسانەی کە بێ بەهرەیی و دوژمنایەتیان وەک ملوانکە لە ملیان کردووە و هەمیشە باس لە “دوژمنی دەرەکی” دەکەن.

ئەو بەرپرسانەی کە ناتوانن خەڵکی خۆیان دڵخۆش بکەن و دەست دەدەنە زوڵم، هەتا دێت زیاتر زوڵم ئەنجام دەدەن و بەم هۆیەوە خەڵک لە دەستیان هەڵدێن و بۆ خۆ قورتار کردن ڕوو لە ڕێگای مەرگ دەکەن..

ئەفغانستان، عێراق، ئێران، پاکستان، سوریە…

هەروەها هاوڵاتیانی ئەو گەلەی کە دوو دەوڵەتیان هەیە، تورکیا و ئازەربایجان.

پاشان هەریەک لە وڵاتانی ئەفەریقا کە کەمپی ئاوارەکانی دونیایان پڕ کردووە. ئەو کەسانەی لە کۆمەڵگا بێ چرە و داماو و بێ دەرمانەکانی دونیاوە هاتوون…

“قوربانیەکانی ڕەشبگیریەکە”

لە تورکیاوە هەزاران پەناهەندە هەیە کە لە چوارچێوەی باری نائاسایی وڵاتدا بە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران(KHK ) لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە و نانبڕاو کراون.

ئەمانە کەسانێکن سەر بە هەموو چین و توێژەکان و بوونەتە قوربانی ئەو ڕەشبگیریەی ئەنجام درا.

ئەمانە کەسانێکی پێگەشتووی خوێنەوار و خاوەن شیاو ێتین.

هەریەک لەوان چیرۆکێکی ناخهەژێن و دڵشکێن و خەمناکی تایبەت بە خۆیان هەیە.

کاتێک گوێیان بۆ ڕادەگریت، ئاخ و ناڵەت لێ بەرز دەبێتەوە.

ئیدی لەو کەسانە بیگرە کە باسی ناسۆریەکانی خۆیان دەکەن بە دەست نەبوونیەوە، هەتا دەگاتە ئەوانەی لە زیندان بە هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەکدا تێپەڕیون، یاخود ئەوانەی چەندین جار لە ئاوی دەریاچەی مەریچیان داوە و هەناسەی مەرگیان هەڵمژیوە.

بەڵێ گو ێمان  ڕاگرت، شاهیدی ئازارەکان بووین، چاومان بە دڵە پڕ ناسۆرەکان کەوت، جەرگ گەلێکی سو تاومان بینی.

بە هیوای ئەوەی ئەگەر کەم ێکیش ب ێت، لە ئازاری ئەوانەمان کەم کردب ێتەوە کە چاومان پێکەوت.

 

“وەک چوونی مێروولەیە بۆ حەج ئەوەی ئێ مە ئەنجامماندا”

بەڵێ ئەوەی ئێمە ئەنجامماندا چەشنی چوونی مێروولەیەکە بۆ حەج.

دەڵێن لە کاتی سوتاندنی حەزرەتی ئیبراهیمدا، مێروولەیەک قومێک ئاو بە دەمی دەگوازێتەوە هەتا ئاگرەکەی پێ بکوژێنێتەوە.

لە شوێنی خۆیەوە ناڵێت من مێرولەم و لاشەی بچوکی خۆی لە بیر دەکات و  بەردەوام هەوڵ دەدات.

بە کورتی پشتیوان بە خودا ئەم جۆرە کارانەی سەرئەنجامی گەورەی دەبێت.

“لە دوای خۆمەوە تاریکاییم دەبینی”

ئایدن ئیشلەر کەلە شاری ڤان لە دایک بووە و پاشان لە ئەگە گەورە بووە و کۆچی بەرەو ئیزمیر کردووە، یەکێک لەو هاوڵاتیانەی بە هۆی ئازارەکانیەوە تورکیای بەجێ هێشتووە.

نەیانهێشت هەناسەیەکی ئاسودەیی هەڵبمژێت و ئەویش بە ناچاری نیشتیمانی خۆی بەجێهێشت.

لە مەملەکەتی خۆیەوە تەنیا سازەکەی هێناوە و، لەگەڵ  وتنەوەی سرودی “باڵندەکان بفڕن بەرەو ئیزمیر” بە دەنگە سوتاو و ناخ هەژێنەکەی، گوزارشت لە  حەسرەتی خۆی دەکات بۆ مەملەکەتەی.

ئێستا زەمانە گۆڕاوە، ئەجنەبیەکان چەندین سەدەیان لە پێش ئێمەوە تێپەڕاندووە و، ئەنەدۆڵوی بەدبەختیش چەشنی ئەو دڕکوداڵەی دەسکەنە دەکرێت، بەردەوام ملی لە ژێر داسی زوڵمدایە.

نازم حیکمەت و جەم کەرەجاش چەندین ساڵ بە حەسرەتی ئەو نیشتیمانەوە ژیانیان بەسەر برد.

ئەگەرچی چەندین ساڵ تێپەڕی، بەڵام دیسان هیچ شتێک نەگۆڕاوە.

جەم کەرەجاش وەک ئەوانەی لەمڕۆدا بە حەسرەتەوە دەژین، بۆ ئەوەی حەسرەتی نیشتیمانەکەی بڕەوێنێتەوە، دێتە دورگەی کۆس و سەیری ڕووناکی گڵۆپەکانی بۆدروم دەکات.

وەک وتم هەریەکە و چیرۆکی تایبەت بە خۆی هەیە، چی کوردبێت یاخود تورک، سونی یان عەلەوی، ڕاستڕەو بێت یاخود چەپڕەو، ئیماندار و بێ ئیمان…

ئەو گەرمای تەموز و ئەو ئاگرەی هەموویانی سوتاندووە هەمان ئاگرە!

لەم خاکانەی ئێمەدا زوڵم هیچ کاتێک ناونیشانی نەپرسیوە، تەنیا ئەوەیە ناونیشانەکانی خۆی گۆڕیوە.

با کۆتا قسەم بەو نزایەی مامۆستا ئەسمای ڕەحمەتی بێت کە منداڵێکی بە کۆڵەوەیە و دوو منداڵیشی گرتووە بە دەستیەوە، لە گرتە ڤیدیۆیەکەدا دوای تێپەڕینی بە ئاوی دەریاچەی مەریچ، لە یۆنانەوە سەیری تورکیا دەکات و دەڵێت” پەروەردگارم یارمەتی تەواوی ئەوانە بدات کە دەیانوێت بێنە ئەمبەرەوە”.

هیوای منیش ئەوەیە مەریچ لەمەودوا هەمیشە بۆ ئازادی و جوانی و چاکە خوڕەی بێت.

کاتێک لە ئازاردا برا و لە ناسۆریدا هاوڕێ بین، ئازارەکانی چواردەوری مەریچ سوکتر دەبێت، بە ڕای ئێوەش وانیە؟

 

 

78 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە