جیهانی

دەوڵەت هاوسەرەکانی ئێمەی ڕفاندووە

 

ئەو خانمانەی لە ماوەی ڕابردوودا هاوسەرەکانیان لەلایەن چەند ئۆتۆمبیلێکی ترانسپۆرتەی ڕەشەوە ڕفێندرا، باس لە هەوڵەکانی خۆیان بۆ ڕزگارکردنی هاوسەرەکانیان دەکەن.

ڕێکخراوە مەدەنیە نێودەوڵەتی و ناوخۆیەکانی تورکیاش باس لە ڕفاندنی هاوڵاتیانی تورکیا دەکەن لەلایەن دەزگای هەواڵگری و کەسوکارەکانیشیان دەرگایەک نەماوە سەری پێدا نەکەن.

کاربەدەستانی دەوڵەت بە فاتمە بەتول زەیبەکیان وتووە “هاوسەرەکەت لە دەستی دەوڵەتدایە”،  بە سومەییە یڵمازیشیان وتووە “هاوسەرەکەت وازی لێهێناویت و ڕایکردووە”.

ئێستا ئەم دوو خانمە دەپرسن” دەوڵەت کەوا بەرپرسە لە پاراستنی سەلامەتی گیانی هاوڵاتیان، هاوسەرەکانی ئێمەی ڕفاندووە، ئەمە چۆن دەوڵەتێکی یاسایە؟”.

بە گوێرەی هەواڵێکی بورجو یڵدرم لە ڕۆژنامەی ئێڤرەنسەل،  فاتمە بەتول زەیبەک کە دەکاتە هاوسەری سالم زەیبەک، باس لەوە دەکات کە هاوسەرەکەی لە بەرواری ١٩ ی شوباتی ئەمساڵەوە ڕفێندراوە.

ناوبراو پەیوەندی بە تەواوی دامودەزگاکانی ناوخۆی تورکیا و دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا و نەتەوەیەکگرتوەکان کردووە.

 

فاتمە لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت” هەموو خێزانەکە خەومان لێ حەرام بووە. هاوسەرەکەم لەبەرچاوی خۆم و منداڵەکانم ڕفێندرا. لە کاتێکدا بە ئۆتۆمبیلەکەی خۆمان دەڕۆشتین، ئۆتۆمبیلێکی تر شکاندیەوە سەرمان و ڕێگەی پێدەگرتین. لەبەر ئەوەی ئۆتۆمبیلەکە هیچ ژمارەیەک و لۆگۆیەکی فەرمی پێوە نەبوو، هەوڵماندا نەوەستین. ئێمەش لەم کاتەدا خۆمان کێشا بە ئۆتۆمبیلێکدا و ئەوانیش لەو کاتەدا دەستیان بە تەقەکردن کرد. ئێستا زۆر نیگەرانی باری ژیان و تەندروستی مێردەکەمم”.

زەیبەک باس لەوەش دەکات کە ئەو کەسانەی هاوسەرەکەیان ڕفاندووە پۆلیسی مەدەنی بوون و یەکێک لەوان ناسنامەی خۆی پشانداوە.

“من و منداڵەکانیان هەتا ماڵەوە گەیاند و، لە ڕێگا ڕێگەیان بە هاوسەرەکەم دا هەتا بە تەلەفۆن قسەم لەگەڵدا بکات، هاوسەرەکەم پێی وتم: ئێوە بڕۆنە ئەنقەرە، لەسەر ژیانی ئاسایی خۆتان بەردەوام بن. منیش هەستم کرد کە بەرەو چارەنوسێکی نادیار دەچێت و لێمپرسی “تۆ باشیت؟”، ئەویش کەمێک وەستا و وتی: باشم… منیش یەکسەر چوومە بنکەی پۆلیسی ئەسەنتەپە و باسی ڕووداوەکەم بۆ کردن. لە وەڵامدا وتیان “هاوسەرەکەت لە دەستی دەوڵەتدایە، با ماوەی دەستگیر کردنەکەی تەواو بێت، خۆیان شوێنەکەیت پێ ڕادەگەیەنن”. پاشان منیان ناردەوە بۆ ماڵەوە”.

“متمانەمان لە دەستداوە”

فاتمە باس لەوە دەکات کە پەیوەندی بە داواکاری گشتی و دادگای دەستوری، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کردووە، پاشان دەڵێت” ماوەی چەند مانگێکە منداڵەکانم بە شێوەیەکی بەردەوام دەڵێن: دایە تۆ خەمی چیتە، مەگەر پۆلیسەکان مرۆڤی باش نین، ئەوان هیچ لە باوکمان ناکەن. ئێستا من و منداڵەکانم بە شێوەیەک متمانەمان لە دەستداوە، هەر مەپرسە. لە حاڵێکداین کەوا لە ڕووی ماددی و مەعنەویەوە زۆر پەرێشان بووین. پێویستە نەخۆش نەکەوین هەتا بە دوای بەدواداچونەکانماندا بڕۆین. پێویستە خۆمان بە باشی دەربخەین هەتا منداڵەکان خەفەت نەخۆن. چاوم بەردەوام لەسەر دەرگا و زەنگی دەرگاکەیە”.

 

فاتمە باس لە دوورخستنەوەی لە کارەکەی دەکات و دەڵێت” لەگەڵ دایکمان “مانتی”مان دروست کرد و فرۆشتمان، لەلای بەرگدروویەک کارم کرد، ڕێکلامی چاپکراوم بەسەر خەڵکدا دابەش دەکرد، ئێستاش بە هۆی پاڵپشتی خانەوادەکەمەوە دەتوانین بژین”.

لە پاش ٣٣ ڕۆژ لە هەوڵدان، فاتمە بە شێوەیەکی فەرمی بڕیاری گەڕان بە دوای هاوسەرەکەی بە کاربەدەستان قبوڵ دەکات ” سەرەتا وتیان ئەمە کاری فەتۆیە، شەو کاتژمیر ١ هاتنە سەر مالەکەم و سەیری ژێر جێگای منداڵەکانیان کرد کە لە خەودا بوون. سەرەڕای ئەوەی هەموو بەڵگەیەکمان پێیە، کامێرای چاودێری وێنەکانی تۆمار کردووە، کاتێک داوای بڕیاری گەڕان بە دوای هاوسەرەکەمدا دەکەم، هەموویان خۆیان بێدەنگ دەکەن”.

“ئەم دەوڵەتەی ئێمە هێندە بێ دەسەڵاتە؟”

فاتمە لە درێژەی قسەکانیدا باس لەوە دەکات کە وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی داد هەتا ئێستا هیچ لێدوانێکیان سەبارەت بە چارەنوسی هاوڵاتیە ڕفێندراوەکان نەداوە و پاشان دەڵێت” چاوەڕێی ئەوە دەکەم کە کاربەدەستان خۆیان بخەنە شوێنی ئێمە، ئایا ئەم دەوڵەتەی ئێمە هێندە بێ دەسەڵاتە؟ ئایا هێندە لاوازە کە نەتوانێت هاوڵاتیە ڕفێندراوەکانی خۆی بدۆزێتەوە؟”.

پێش جەژن بۆ ئەوەی ڕێکارەکانم بە هۆی پشوەوە دوا نەکەوێت، سەردانی پەڕلەمانم کرد و قسەم لەگەڵ ٧٠ پەڕلەمانتار کرد. ئەوانەشی لە ژوورەکانی خۆیان نەبوون، نوسخەیەکی دۆسیەی سکاڵاکەم خستە ژێر دەرگاکانیانەوە. ئیدی نازانم لەمە زیاتر دەبێت چی بکەم. دەزگا فەرمیەکان پێمان دەڵێن بڕۆینە ماڵەوە و چاوەڕی بکەین. چۆنی چاوەڕێی کەسێکی نادیار بکەم هەتا ماوەیەکی نادیار؟ هەموو لایەک باس لە ئەشکەنجەدانی هاوڵاتیان دەکەن. داوا لە هەموو بەرپرسان دەکەم و بە هیواوە چاوەڕێی وەڵامێکیان دەکەم”.

 

“وتیان هاوسەرەکەت دەستی لێهەڵگرتویت و بەجێیهێشتوویت”

سومەییە یڵمازیش کە هاوسەری موستەفا یڵمازە، باس لەوە دەکات کە پێشتر کارمەندی زانکۆی حاجیتەپە بووە و بە فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران لە کارەکەی دوور خراوەتەوە. پاشان هاوسەرەکەی چەند مانگێک لە زیندان دەبێت و، لە بەرواری ١٩ ی شوبات دیسان دیار نامێنێتەوە دەڕفێندرێت.

سومەییە باس لەوە دەکات کە هاوسەرەکەی لە دوای چوونە دەرەوە لە ماڵەوە، لەلایەن چەند کەسێکەوە کە لە پێش دەرگاکەی چاوەڕێیان کردووە و پێش نیو کاتژمێرێک هاتوون، ڕفێندراوە.

سومەییە دەڵێت” پۆلیسەکان بەردەوام پێمدەڵێن هاوسەرەکەت وازی لێهێناویت و ڕایکردووە”.

سومەییە دوای ئەوەی هەموو هەوڵەکانی لەگەڵ پۆلیس بێ هودە دەبێت، خۆی بە دوای هۆکاری پشت دیارنەمانی هاوسەرەکەیدا دەگەڕێت و لە کامێراکانی چاودێریەوە گرتەیەکی ڤیدیۆیی تایبەت بە هاوسەرەکەی دەدۆزیتەوە.

بە گوێرەی گرتە ڤیدیۆیەکە، دوو کەس لە نزیک ماڵەکەی خۆی پەلاماری دەدەن و دەکێشن بەناو سکیدا، پاشان تورەکەیەکی لەسەر دەکەن و دەیخەنە ناو ئۆتۆمبیلێکی ترانسپۆرتەری ڕەشەوە.

پاشان کەسێک هەندێک لە جلەکانی هاوسەرەکەم لەبەر دەکات و وا پشان دەدات کە خودی هاوسەرەکەمە و سواری پاسێک دەبێت.

کاتێک گرتە ڤیدیۆیەکانی خۆمم بردە بنکەی پۆلیس، لە وەڵامدا پێیان وتم” ڕاستە لەم گرتە ڤیدیۆیەدا هاوسەرەکەت ڕفێندراوە، بەڵام دواتر بەرەڵایان کردووە و سواری پاس بووە و ڕۆشتووە. کاتێک وێنەی ئەو کەسانەم پشاندان کە سەیری کامێرای چاودێری دەکەن، لە وەڵامدا وتیان ئەوە دزە و، پاشان هیچ قسەیەکی تریان نەکرد. هەر دەڵێن چاوەڕێ بکە، ئەوە ٤ مانگە من چاوەڕێم، لەوە زیاتر چۆن بەرگە بگرم، کچێکی تەمەن ١ ساڵم هەیە”.

 

سومەیە لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت” تەنانەت وەڵامی پرسیاری کۆمیسیۆنی سەر بە نەتەوەیەکگگرتوەکانیش نادەنەوە. لە ماوەی ڕابردوودا کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان نامەیەک ئاڕاستەی وەزارەتی دادی تورکیا دەکات و پرسیاری دیارنەمانی هاوڵاتیەکانی لێدەکات.

بە گوێرەی زانیاریەکانی سومەیە، وەزارەتی دادی تورکیا هەتا ئێستا وەڵامی نەتەوەیەکگرتوەکانیشی نەداوەتەوە.

 

 

 

358 جار بینراوە 4 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە