بیروڕاهەواڵ

لە ڕێگەی کێ دەڕۆن؟ بڕیار بدەن…

پ.د. عوسمان شاهین

 

 

چەند بابەتێک کەوا لە ماوەی ڕابردوودا باسمان کردن، بە شێوەیەکی زۆر ناوازە لەلایەن مامۆستا م.فەتحوڵڵا گولەن، لە بەشی گۆزەی شکاوی ماڵپەڕی هەرکولنامەدا ئاماژەی پێکراوە، بەشە گرنگەکانی لە نێوان جووت کەوانەی بچوکدا دەخەمە بەر دیدی خوێنەران.

مامۆستا سەبارەت بە پرسیاری چۆنیەتی پەیوەندی لەگەڵ مرۆڤەکاندا دەڵێت” بەڵێ، کەسێکی ئیماندار لە پاڵ پەیوەندیەکانی بە جەنابی حەقەوە، پێویستە مامەڵەی لەگەڵ مرۆڤەکانی چواردەوریشی بە ئاڕاستەی فەرمانەکانی دین بێت و هەنگاو هەڵگرتن بەو ئاڕاستەیەدا، وەک حاڵی سروشتی خۆی لێبێت. گەر کەمێک بابەتەکە بکەینەوە، بۆ نمونە گەر مرۆڤێک بهێنینە پێش چاومان کە بێ ئەوەی سەیری کەسایەتی مرۆڤەکان بکات، بە خۆشەویستیەوە باوەش بۆ هەموو کەسێک بگرێتەوە، گەشت بە هەرکەسێک زەردەخەنەی بەسەردا ببارێنێت و، دەستی یارمەتی بۆ کەسانی لێقەوماو درێژ بکات، بەخشندەی و میهرەبانی بەسەر چواردەوری خۆیدا ببارێنێت، بەڵام گەر ئەم جۆرە کارانەی وەک قوڵایی سروشت و حاڵی کەسایەتی خۆی لێنەکردبێت، گەر ڕۆژێک توشی مامەڵەیەکی خراپی چاوەڕوان نەکراو ببێتەوە، دەشێت بێ ئەوەی ئاگای لە خۆی بێت، مامەڵەیەکی ڕەق و دڵشكێنەرانەی لێ بەدی بکەیت.

کەسێکی لەم شێوەیە لە کاتی ڕووبەڕوو بوونەوەی بە مامەڵەیەکی خراپ، لە جیاتی ئەوەی بە شێوەیەکی گونجاو لەگەڵ کەسایەتی ئیمانداردا ڕەفتار بکات، لەبەر ئەوەی کاردانەوەکەی حەواڵەی ئیرادەی خۆی دەکات، خۆی توشی زۆر ناڕەحەتی دەکات و هەندێک جاریش ناتوانێت ڕزگاری ببێت لەوەی فەڵتەیەک نەدات.

ئەم زیکزاک و پێچاوپێچەی لە مامەڵە و کردارەکانیدا بەدی دەکرێت، وای لێدەکات کە متمانە و باوەڕی لەلای چواردەورەکەی زیانی بەر بکەوێت. ئێمە وەک کەسانێکی ئیماندار، گەر بمانەوێت متمانە و باوەڕ بە چواردەورەکەمان ببەخشین،  دەبێت عیبادەتەکانمان و خۆ پاراستن لە حەرام و ڕەچاوکردنی تایبەتمەندیەکانی شیوازی مامەڵەکردنمان ، وەک ڕەهەندێکی سروشتی خۆمانی لێهاتبێت”.

 

لە بەرامبەر ئەو زوڵمە ناڕەوایانەی لە ناوخۆ و دەرەوە ئەنجام دەدرێت، هەرگیز کەمترین سازش لەسەر کەسایەتی خۆمان نەکەین.

 

“سەرەڕای هەموو شتێک، بە گوێرەی سەختی ڕووداوەکان، دەشێت لە کەسایەتی مرۆڤەکاندا، قڵیش و تێکشکان دروست ببێت.

ئەم تێکشکانە کە لە کەسایەتی مرۆڤەکاندا دروست دەبێت، پێدەچێت هەندێک جار بە هۆی کەموکورتی لە هەوڵ و کۆششی ئەو کەسە لە بابەتە دینیەکاندا سەرچاوەی گرتبێت و ، هەندێک جاریش دەشێت بە هۆی بوختان و سوکایەتی پێکردنی بێ ئینسافانەی بێ پەروای کەسانێکی ترەوە بێت، کە بەو هۆیەوە پێیان بە دەماریدا نابێت و چیدی توانای بەرگە گرتنی نەمابێت.

ئیدی مرۆڤ لە جۆرە حاڵەتانەدا بە بێ ئەوەی ئاگای لە خۆی بێت، دەشێت بچێتە کەشوهەوایەکی نەرێنیەوە. لەوە دەچێت دەماقاڵە و مناقەشە دروست ببێت و دڵەکان بشکێنێت.

بەڵام ئەوەی پیویستە لەبیری نەکەین ئەوەیە، هەرچیەک ببێت با ببێت، کاتێک کاردانەوەیەکمان پشاندا کە بە گوێرەی کەسایەتی خۆمان نەبوو، ئیدی متمانە و جێگە باوەڕبوونی خۆمان لەکەدار دەکەین.

هەر لەم ڕوانگەیەشەوەیە، کەسی ئیمانداری ڕاستەقینە، تەنانەت لە بەردەم قێزەونترین دەستدرێژی و هێرشی کەسی بەرامبەریشدا، نابێت هیچ سازشێک لەسەر کەسایەتی خۆی بکات.

تەنانەت گەر وەڵامیش بداتەوە، لە چوارچێوە ئیماندارێکدا وەڵام دەداتەوە، کە تیمسالی ئەدەب و ئاکاری بەرز بێت”.

قارەمانەکانی خۆ ڕاگری کە خاوەنی کەسایەتیەکی باڵان، نابێت بە هیچ شێوەیەک توشی تێکشکانی کەسایەتیان ببن، متمانەی توشی لەرزین بکات و ڕێگە بۆ هەڵەی گەورەتر خۆش بکات!..

لە ڕاستیدا قورئانی کەریم، سەبارەت بەوانەی هێرشیان دەکرێتە سەر دەفەرموێت” گەر هێرشتان کرایە سەر ئەوا بە ڕادەی هێرشەکەی دەکرێتە سەرتان وەڵام بدەنەوە”، بەم شێوەیە مۆڵەتی وەڵامدانەوەی کەسانی هێرشکەری داوە.

 

لە پاڵ ئەمەشدا جەنابی حەق سەبارەت بەو کەسانەی خاوەنی کەسایەتیەکی بەرزن دەفەرموێت” گەر ئارامگری پشان بدەن و دان بە خۆتاندا بگرن، ئەوا بزانن کە ئارامگری لە بۆ ئێوە باشترە”.

 

چونکە مرۆڤ گەر تەنانەت یەک جار توشی تێکشکانی کەسایەتی ببێت، هەم متمانەی لەلایەن دوێنراوەکانی توشی لەقین دەبێت، هەم دەرگا بە ڕووی ئەنجامدانی هەڵەی تردا ئاوەڵا دەکات.

کەسێکیش کەوا قڵیشێکی لەم شێوەیە لە کەسایەتی خۆیدا دروست بکات، دەشێت لە شوێنی زۆر چاوەڕوان نەکراودا توشی فەڵتە ببێت.

لەم ڕوانگەیەشەوە، بە هەر بارودۆخێکدا تێپەڕین، پێویستە کەسایەتی خۆمان بپارێزین و نەهێڵین توشی تێکشکان و کوناودەر بوون ببێت.

بە تایبەت ئەو ڕۆحە خۆبەخشانەی کە دڵیان بە خزمەتی ئیمان و قورئان بەخشیوە، پێویستە لە هەموو شوێنێکدا ئاسۆی خۆشەویستی و لێبوردەیی خۆیان بپارێزن.

تەنانەت لە کاتی ڕووبەڕوو بوونەوەیان لەگەڵ سوکترینی هێرش و پەلامارەکان، پێویستە ڕێگە و ئاڕاستەی خۆیان نەگۆڕن”.

ئەی باشە کەسی موسوڵمان لە بەردەم هەموو خراپەکاریەکاندا هەر بێدەنگی هەڵببژێرێت و هیچ کاتێک هەڵوێستێک بۆ ڕێگری کردن لە کاری خراپە دەرنەبڕێت؟!

 

مامۆستا لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت” زۆر جار کاتێک بەم شێوەیە لە بابەتەکان نزیک دەبینەوە، یەکسەر ئەو پرسیارە بە مێشکی زۆر کەسدا دێت، کە دەڵێت: ئەی باشە کەسی ئیماندار دەبێت هەمیشە بێدەنگ بێت و بۆ ڕێگری لە خراپە هیچ هەڵوێستێکی نەبێت؟

پێش هەموو شتێک، دەبێت ئەوە بزانرێت کە کەسی ئیماندار، لە جیاتی بەرەنگاربوونەوەی کەسەکان، بەرەنگاری سیفاتە خراپەکان دەبێتەوە.

دەبێت کاردانەوەکانی بە ئاڕاستەی بەرەنگاربوونەوەی جەهالەت، ئیلحاد، دوو ڕووی،  گومڕایی بێت، کە بەها مەعنەویەکانی مرۆڤ دەکوژن و پەرێشانی دەکەن”.

مامۆستا سەرەڕای ئەوەی بە شێوەیەکی بەردەوام و بە بەڵگەوە پێداگیری لەسەر حەقیقەتی ” کەسی ئیماندار لە جیاتی بەرەنگاربوونەوەی کەسەکان، بەرەنگاری سیفاتە خراپەکان دەبێتەوە” دەکات، بەڵام کەسانێک کەوا بانگەشەی خۆشەویستی مامۆستا دەکەن و دووپاتی وابەستە بوونی خۆیان بە ڕێگاکەیەوە دەکەنەوە، بەڵام شیوازێک لە ڕەفتاری پەرچەکردار(رد فعل) بەرامبەر ئەو کەسانە ئەنجام دەدەن کە پێیان وایە لە زومرەی زاڵمانن و، پەنا بۆ ڕێگاگەلێک دەبەن، کە بە پێچەوانەی ئەم دەستورە پێغەمبەریانەوەیە.

 

گەر تۆ خۆت بە پابەندی کەسێک دەزانیت، پێویستە بە گوێرەی شاسوارەکەت ملی ڕێگا بگریت.

حەزرەتی ئوستادیش سەبارەت بە پێویستی چۆنیەتی تێگەشتن لەو ئایەتەی قورئانی کەریم کە دەفەرموێت ” ئەی مرۆڤەکان گەر دەتانەوێت الله خۆشی بوێن، ئەوا گوێڕایەڵی فەرمانەکانی من ببن هەتا الله خۆشی بوێن”، دەفەرموێت:

گەر ئیمانتان بە الله هەبێت، ئەوا بێگومان خۆشتان دەوێت. مادام الله تان خۆش دەوێت، دەبێت بەو شێوەیە بن کە ئەو خۆشی بوێن. بۆ ئەمەش پێویستە لەسەر شێوەی ئەو زاتە بڕۆین کە الله خۆشی دەوێت. بۆ ئەوەی لەو زاتەش بچین، پێویستە شوێنکەوتەی ئەو بین. هەرکاتێک بوونە شوێنکەوتەی ئەو، الله ئێوەشی خۆش دەوێت”.

واتە گەر بتانەوێت بە خۆشەویستی الله بگەن، پێویستە ببنە شوێنکەوتەی پێغەمبەری خودا و پەیرەوی لە سونەتە شیرینەکانی بکەین.

با لەم بابەتەشدا جارێکی تر ئاماژە بە گوزارشتە ناوازەکانی مامۆستا بکەین کە دەڵێت:

“ئەمە کەسایەتی ئێمەیە. کەسایەتی کەسی موسوڵمان بەم شێوەیە. کەسایەتی کەسێک کەوا پابەندی پێغەمبەری خودا بێت، دەبێت بەم شێوەیە بێت. گەر بووبیتە بەندی شتێک، ئەوەی لەسەر شانی بەندەیە، ئەوەیە بە گوێرەی شاسوارەکەی بڕوات. ئەو لە کام ڕێگاوە بڕوات و بە کام ئاڕاستەدا ملی ڕێگەی گرتبێت، پێویستە لەو جودا نەبێتەوە. چونکە جودا بوونەوە لەو ، فەلاکەت بەسەر مرۆڤدا دەهێنێت، پەنا بە خودا…”.

ئەو پێغەمبەرەی کە بانگەشەی شوێنکەوتنی دەکەین و نوێنەرەکانی ئەو لە سەردەمی ئێستاماندا کە بریتیە لە ئوستاد بەدیعوزەمان و جەنابی مامۆستا، چییان کردووە و ئێمەش چی دەکەین؟

 

ئەمە چۆن لێکدژیەکی سەر سوڕهێنە؟

بە تایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی ئینتەرنێت، بە ئاشکرا ئەمە بە چاوی خۆمان ئەم شێوازە لە مامەڵە دەبینین و لە جیاتی بەرەنگاربوونەوەی سیفاتەکان، ڕاستەوخۆ هێرشکردن سەر کەسەکان و ناوبردنیان بەدی دەکەین.

هەربۆیە خوێندنەوەی ئەو چوار بابەتەی پێشوو، لە ڕوانگەی یادخستنەوەی ئەم بابەتە سوودی دەبێت.

لەو چوار نوسینەدا ئاماژەمان بە هۆکارەکانی دوور کەوتنەوە لە ڕێگە و ئسلوبی پێغەمبەر، هەروەها ئەو مەترسیانەی بە هۆی ناوبردنی مرۆڤەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەکەوێتەوە، لەگەڵ پێویستی و داخوازی چۆنیەتی شوێنکەوتنی ڕێگەی پێغەمبەر کراوە.

ئایا بە گوێرەی  سیفاتی مرۆڤێکی ویژدان تاریک هەڵسوکەوت دەکەین، یاخود بە گوێرەی سیفاتی ئیماندارێکی ڕاستەقینە؟

بە گوزارشتێکی تر:

کەسی ئیماندار، چەشنی ئەو کەسەی منداڵەکەی لە کەناری کەندەڵانێکدا دەبینێت کە خەریکە بکەوێتە خوارەوە، چۆن ترس و خەمی کەوتنە خوارەوەی منداڵەکەی دایدەگرێت، پیویستە لە بەرامبەر ئەو مرۆڤانەی کە خاوەنی سیفاتی خراپن هەمان ترس و نیگەرانی پشان بدات و، لە ڕێگەی ئامۆژگاری و ئاگادارکردنەوەکانیەوە ڕێگەیان پێ پشان بدات.

سەرداریشمان؛ نمونەی ئەمە لە یەکێک لە فەرمودەکاندا بە نواندنێک پشانداوە و دەفەرموێت:

” حاڵی من وەک حاڵی ئەو پیاوە وەهایە کە لە چواردەوری ئاگرێک وەستاوە و هەوڵی دوور خستنەوەی پەپولە و باڵندەکان دەدات کە دەیانەوێت خۆیان بخەنە ناویەوە، من دەستم بە دامێنیانەوە دەگرم هەتا نەکەونە ناو ئاگرەکەوە، بەڵام ئەوان خۆیان ڕادەپسکێنن و بە زۆر خۆیان دەخەنە ناو ئاگرەکەوە”.

بەڵێ ئیمانداری ڕاستەقینە تیمسالی رەحمەت و شەفەقەتە. ئێوەش وەک نوێنەرانی ڕەحمەت و شەفەقەت لەسەر ڕووی زەوی، گەر کەسێکتان بینی کە ملی ڕێگەی دۆزەخی گرتووە، ئایا دەڵێن ” گیانی من مادام دەتەوێت بچیتە دۆزەخەوە، فەرموو خۆت بخەرە ناوی”، یاخود چەشنی سەردارمان، ئەوەی لە دەستت بێت ئەنجامی دەدەیت هەتا لەو بارودۆخە نەرێنیە دووری بخەیتەوە؟!

یەکێک لەمانە حاڵی مرۆڤێکی ویژدان ڕەشە و حاڵی دووهەمیان تایبەت بە سیفاتی ئیمانداری ڕاستەقینەیە.

“وەک چۆن ڕێگری لە سیفاتی خراپە لەبەر خاتری الله کارێکی گرنگە، بە ناوی مرۆڤایەتیشەوە کارێکی زۆر گرنگە، پەروەردگارم لەو کەسانەمان بگێڕێت، کە لە بەرامبەر خراپترین ڕووداوەکانیشدا مامەڵەی مرۆڤە خاوەن کەسایەتیە بەرزەکان پێ پشان بدات، کە ڕەفتاری ئیمانداری ڕاستەقینەیان وەک کرۆکی ناخیان لێکردووە”.

 

کاتێک بەم چاوە سەیری ڕەفتار و هەنگاوەکانی مامۆستا دەکەین کە لە بەرامبەر ڕووداوەکانی ئەم دوایانەدا پشانی داوە، ئەوا دەبینین کە ملیم بە ملیم لە دوای شاسوارەکەی خۆیەوە ڕۆشتووە،  هەروەها لە پەیڕەوکردنی سونەتی جوانی پێغەمبەری خودادا، لە بەکارهێنانی ئسلوب و میتۆدەکانیدا هەرگیز سازشی نەکردووە.

پشتیوان بە خودا لە نوسینەکانی داهاتوودا بە شێوەیەکی درێژتر باس لە تێڕوانینەکانی مامۆستا دەکەین کە پەیوەندیان بە هەمان بابەتەوە هەیە.

 

 

113 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە