بیروڕاگۆشەی م.فتحوڵڵا گولەن

ئەو ڕێگەی خزمەتەی لە کەستانەپازاری بونیاد نرا

بە خامەی مامۆستا تارق بوراک

 

مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن (خواجە ئەفەندی) دوای ئەوەی نێردرا بۆ شاری ئیزمیر ئەرکەکەی تەنها دەربارەی ناوچەی کەستانەپازاری نەبوو. لەبەر ئەوەی بڕوانامەی وتاربێژی بەدەستهێنابوو، بەڕێوەبەرایەتی ئەوقاف لە هەمان کاتدا مۆڵەتێکی گشتی بۆ وتاربێژی بەو بەخشی بوو. بەو شێوەیەش جگە لە بەڕێوەبردنی خولی قورئانی پیرۆز لە ناوچەی کەستانەپازاری سەردانی زۆرێک لە ناوچەکانی دیکەی شاری ئیزمیر و ناوچەکانی دەوروبەری دەکرد و وتار و سیمیناری پێشکەش دەکرد و لەگەڵ خەڵکی گفتوگۆی دەکرد. خواجە ئەفەندی بەم شێوەیە باس لەو ڕۆژگارە دەکات:

“لەو سەردەمەدا مۆڵەتێکی نیمچە فەرمییان بەخشی بە من بۆ ئەوەی لە هەموو ناوچەکانی سەر دەریای ئیجە وتار بۆ خەڵکی بخوێنمەوە. یەک دوو جار سەردانی ئەنتاڵیام کرد. بەڵام بە هۆی ئەوەی کەسێکی نەناسراو بووم و لە بنەڕەتی کارەکەشدا خەڵکی ئەو ناوچانە لە وتار و ئامۆژگارییەوە دوور بوون و لێی بێئاگابوون، ناتوانم بڵێم وتار و ئامۆژگارییەکانم لەوێ سوودێکی ئەوتۆی هەبووە. خودا بۆ خۆی باشتر دەیزانێت…

لەو ڕۆژگارەدا لە شارەکانی ئیزمیر و ئایدن و ناوچەکانی دەوروبەریان مامۆستا تاهیر ناسرابوو و خەڵکیش گرنگییان پێ دەدا. یەکەم ساڵ کە چووم بۆ ئیزمیر سەردانی شاری ئایدنیشم کرد و تەنانەت بۆ ماوەی سێ چوار ڕۆژ لەوێ مامەوە و وتارم پێشکەش کرد. بەڵام لەوێش هیچ لێتێگەیشتنێکی ئەوتۆم نەبینی. پێم وابێت ئەوان داخراو بوون لە بەرامبەر شێوازی قسەکردنی ئێمە و بیروبۆچوونەکانی ئێمە.

ناوچەکانی ئۆدەمیش و تیرێ کەمێک جیاوازتر بوون. چەند جارێک بە مەبەستی وتاردان سەردانی تیرێم کرد. هاوڕێیانی ئەو ناوچەیە بەردەوام دەهاتن. بەڵام کەسی تر هەبوون کە خۆیان بە هەموو شتێک دەزانی. بۆ نمونە لە دوای وتارەکان دادەنیشتین و صوحبەتمان دەکرد. لە کاتێکدا من دەربارەی حەقیقەتەکانی ئیمان و قورئان قسەم بۆ دەکردن، یەکێک لەو کەسانەی لەوێ دانیشتبوو وتی ‘تۆ واز لەوانە بێنە، باسی صەحابەکانمان بۆ بکە، ئێمە ئەو شتانە دەزانین’. نە ئەو کاتە و نە دواتریش لەگەڵ ئەو هاوڕێیانەدا گفتوگۆی لەو شێوەیەم نەکردەوە.

چەند جارێکیش چووم بۆ ناوچەی سالیهلی. بەڵام زیاتر دەچووم بۆ ناوچەی تورگوتلو لەبەر ئەوەی ئەوێ نزیکتر بوو. سەردانی شاری دەنیزلیشم کرد. لەو کاتەدا نا بەڵام دواتر سەردانی شاری ئیسپارتاشم کرد. ئەو ساڵە و ساڵی دواتریش سەرەڕای زستان و سەرما سەردانی چەند شوێنێکی دووری وەک سیماڤ و گەدیز و چەند شوێنێکی دیکەم کرد و وتارم پێشکەش کرد.

لە لایەکی دیکەشەوە لە ناو شاری ئیزمیردا لە دوو سێ شوێن وتارم پێشکەش دەکرد. خۆی لە خۆیدا هەموو ڕۆژانێکی هەینی لە مزگەوتی کەستانەپازاری وتارم پێشکەش دەکرد. هەوڵم دەدا هەموو وتارەکانی دیکە جگە لەوە لە ڕۆژانی شەمە و یەکشەممەدا جێ بکەمەوە. بۆم دەرکەوت کە جەستەم بەهێزە و دەمتوانی بەرگەی ئەوە بگرم. بۆ نمونە شەمە دەچووم لە شوێنێکی وتارم پێشكەش دەکرد. شەوم لە ڕێگەدا بەسەر دەبرد و ڕۆژی دواتر لە شوێنێکی تر وتارم پێشکەش دەکرد و بێ هیچ پشوودانێک ئێوارەی ئەو ڕۆژەشم لە ڕێگەدا بەسەر دەبرد. جگە لەوە بەیانی ڕۆژی دواتریش وانەم بە تەلەبەکان دەوتەوە و ئامادەم دەکردن. بەرنامەیەکی بەو شێوەیە چڕوپڕم هەبوو.

سەرەتا لە ڕێگەی گواستنەوە گشتییەکانەوە هاتوچۆم دەکرد. دواتر لەگەڵ یوسف پێکمەزجی و کۆسە مەحمود یەکترمان ناسی. ئەوانیش ئوتومبێلیان نەبوو، بەڵام ئەوان ئوتومبێلیان بە کرێ دەگرت و پێکەوە دەچووین بۆ ئەو شوێنانەی دەبوو بۆی بڕۆین.

کاک عەلی ڕەزا گوڤەن کۆسە مەحمودی هێنا و پێی ناساندین. ئامانجی ئەو بریتی بوو لە دابینکردنی هاوکاری بۆ کەستانەپازاری. کاتێک دوو سێ ساڵ بەو شێوەیە تێپەڕی، ژمارەمان زیادی کرد و بە سێ بۆ چوار تاکسی دەچووین بۆ شوێنێک و بە کۆمەڵ دەچووین بۆ شوێنان…

 

تەلەبەکانی نوور

کاک موستەفا بیرلیک یەکەم کەس بوو کە پاڵپشتی لە من دەکرد و بە هەموو شێوەیەک یارمەتی دەدام. کاک یوسف پێکمەزجی وەک کەسێک لە دەرەوە، و وەک تاکێک لە جەماعەتی مزگەوت هاموشۆی دەکردم. کەسێکی زۆر دڵسۆز و ڕاستگۆ بوو. لە دوای هەموو قسەکردنێک بە گریانەوە باوەشی پێدا دەکردم و ناوچاوانی ماچ دەکردم.

کاک سامی و مەهمەد مەتین و حوسەین چاغدریش سەردانی منیان دەکرد. کاک سامی بۆ ماوەیەکی کەم لە بەشە ناوخۆییەک لە گوزەلیا سەرپەرشتی خوێندکارەکانی دەکرد. ئەوانە کۆمەڵێک تەلەبەی کۆنی پەیامەکانی نوور بوون و کۆمەڵێک لێبڕاو بوون کە لە ناخی دڵیانەوە خۆیان بۆ خزمەتی ئیمان تەرخان کردبوو.

لەو ڕۆژانەی سەرەتادا کە تازە چووبوومە شاری ئیزمیر کاک سونگوریش هاتبوو. بە منی وت ‘فەتحوڵڵای برام، لێرە هیچ خانوویەکمان نییە. با خانوویەک بکەینەوە. ئیزمیر شارێکی گەورەیە'”.

لەو ڕۆژگارەی خواجە ئەفەندی لە شاری ئیزمیر بوو، ڕووداوێکی گەورە هاتە ئاراوە کە هەموو جیهانی هەژاند. جەنگی شەش ڕۆژە (١٩٦٧)

لە بەرەبەیانی ٥ حوزەیرانی ساڵی ١٩٦٧ دا فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو گورزێکی کوشندەیان لە هێزی ئاسمانی وڵاتە عەرەبییەکان وەشاند و بە تەواوی پەکیان خستن، لە کۆتایی ڕۆژی دووەمدا زیاتر لە ٤٥٠ فڕۆکە تەنانەت پێش ئەوەی دەرفەتی هەڵفڕینیان هەبێت تێکشکێندران و لەکارخران. لەو جەنگەدا وڵاتانی عەرەبی بە تەواوی تووشی شکست بوون و نزیکەی ٢١ هەزار سەربازییان لەدەستدا، ئەوە لە کاتێکدا کە ئیسرائیل تەنها ٧٠٠ سەربازییان لەدەستدا.

“سەرەتاکان…”

خواجە ئەفەندی لە ئیزمیر زیاتر لە ماڵی کاک موستەفا بیرلیک ڕۆژانی شەمە و سێشەممە صوحبەتێکی پێشکەش دەکرد. دواتر دەستیکرد بە سەردانکردنی ماڵی کۆسە مەحمودیش. هەموو ناوچەکانی سەر دەریای ئیجە دەگەڕا لە پێناو ئەوەی هەوڵ بدات ڕێگری لەو هەڵسوکەوت و قسانە بکات کە دەبوونە هۆی جیاکاری و دووبەرەکی لە نێوان کۆمەڵی موسوڵماناندا. زۆر بە نەرمونیانی ئامۆژگاری دەکرد و پێشنیاری دەکرد و هەوڵی دەدا لەگەڵ هەموواندا نێوان باش بێت. لە دوای ماوەیەکی دیاری کراو قازانجی ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانەشی بینی. لەو کاتانەدا ئیزمیر لە ڕووی توانای تەلەبەکانییەوە لە بارودۆخێکی زۆر لاوازدا بوو.

بۆ یەکەم جار، لە ساڵی دواتر نزیکە پێنج بۆ دە خوێندکاری ناردە ژوورەکەی مەهمەت مەتین. خواجە ئەفەندی لە یادەورییەکانیدا لەو بارەیەوە دەڵێت:

“ئەوێ ژوورێکی بچووک بوو. تەنانەت دواتریش چووم بۆ بینینی ئەو ژوورە. دوای ئەوەی تەلەبەکانم نارد بە دوایاندا ڕۆشتم بۆ ئەوەی بزانم چی دەبێ و چی نابێ. ئەو دیمەنەی کە بینیم زۆر دڵی منی خۆش کرد. وتم ‘الحمدالله” و سوپاسی پەروەردگارم کرد. لەگەڵ ئەو تەلەبانەدا وانەکان دەستیان پێکرد. تەلەبەکان هەموویان هەر ئەو تەلەبانە بوون کە کەستانەپازاری دەیانخوێند. ئەو سەردەمە هیچ کەسێک تەسبیحاتی نەدەزانی. بیرم لەوە دەکردەوە کە چی بکەم بۆ ئەوەی فێری تەسبیحاتیان بکەم. لە مێشکمدا هەمیشە بیرم لەوە دەکردەوە. ئەوە لە مێشکمدا ببوو بە گرێ.

یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکان ئەوە بوو کە ئەوان لەسەر یاسا و ڕێکوپێکییەک ڕانبهێنین. هەندێک جاری وا هەبوو کە لە پێناو ئەوەی تەلەبەکان فێری یاسا و ڕێکوپێکی ببن و لەسەر زیکر و ویردەکان ڕابێن، گڵۆپەکانی مزگەوتەکەم دەکوژاندەوە و خەتمم دەکرد. دەمویست ئەوان لە ڕووی ڕۆحییەوە نەرم ببن و ڕابێن…

(ئارام بگره ‌و خۆت ڕابگره له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سانه‌دا که خواپه‌رستی ده‌که‌ن و یادی په‌روه‌ردگاریان ویردی سه‌رزاریانه له به‌ره‌به‌یان و ده‌مه‌و ئێواراندا، مه‌به‌ستیانه‌ و ده‌یانه‌وێت که ئه‌و زاته له خۆیان ڕازی بکه‌ن، ڕوو له‌وان وه‌رمه‌گێڕه‌و (ڕوو مه‌که دنیاپه‌رستان و ده‌وڵه‌مه‌ندان) له‌کاتێکدا تۆ زینه‌ت و ڕازاوه‌یی ژیانی دنیات بوێت و به‌گوێی ئه‌وجۆره که‌سه مه‌که که دڵیمان غافڵ کردووه له یادی خۆمان (به‌هۆی دنیاپه‌رستیه‌وه‌) شوێنی ئاره‌زووی خۆی که‌وتووه‌و هه‌رچی کاروباری هه‌یه بێ سه‌رو بنه‌و له سنوور ده‌رچووه‌.) (سورەتی کهف – ئایەتی ٢٨)

کاتێک هەندێک تەلەبەی تایبەتم دەبینی جیام دەکردنەوە و بە جیا لە بەشێکی مزگەوتەکەدا کتێبی تایبەتیم پێ دەخوێندنەوە. بەڵام کاتێک کەسانێک نیاز خراپ ئەوەیان وەک شتێکی خراپ تەماشا دەکرد وازم لەو کارە هێنا. دەمویست ئەم بانگەوازە بە بێ دەنگی و بێ ئەوەی هیچ زیانێکی پێ بگات لە ڕێگەی خۆی بەردەوام بێت.

لە وەرزی هاوینی ساڵی ١٩٦٨ دا کەمپێکی کتێب خوێندنەوەمان کرد. لە قۆناغی پێش ئەنجامدانی کەمپەکەشدا چوار تەلەبەم ناردبووە شاری ئێدیرنە.

بۆ ئەوەی خەوم لێ نەکەوێت…

وانەی (تهذیب الأخلاق) م دەوتەوە. منداڵەکان زۆر بە کوڵ دەگریان. ڕۆژێکیان  کاتێک بە ناو ژوورەکانی بەشە ناوخۆییەکەدا دەگەڕام کاک خەلیل مەزیکم بینی. ملی خۆی بە قەنەفەکەوە بەستبووەوە. لێم پرسی ئەوە چی دەکەیت، ئەویش لە وەڵامدا وتی “بیر لەو شتانە دەکەمەوە کە دوێنێ باستان کرد. بۆ ئەوەی خەوم لێ نەکەوێت بەم شێوەیە خۆم بەستووەتەوە”. ئەو تەلەبەیەکی زۆر باش بوو. ئیبراهیم کۆجابییکیش یەکێکی تر بوو لەو جۆرە تەلەبانە. ئەو دووانە هەردووکیان قۆناغی ئامادەکارییان دەخوێند.

هاوشێوەی ئەو دووانە عەبدوڵا ئایماز و مەهمەت بینیجی هەبوون، ئەو چوار کەسەم نارد بۆ ئێدیرنە. مۆڵەتم لە ڕێکخراوەکە وەرگرتبوو. خەرجییشیان پێدان. دەموت “ئەمانە با بڕۆن ئەستەمبوڵ و ئێدیرنە ببینن. هەم چاو و دڵیان دەکرێتەوە، هەم ئاسۆیان فراوانتر دەبێت.”

هێشتا پێنج ڕۆژ تێپەڕیبوو بەسەر ڕۆشتنی ئەواندا کە گومانێک لە ناخمدا درووست ببوو. وەسوەسەم سەبارەت بەوە بۆ درووست بوو کە ئەوان نازانن من بۆچی ئەوانم ناردووە و مەبەست و نییەتی من لە ناردنی ئەواندا چییە بووە. لە دڵی خۆمدا دەموت، ئێمە دەمانەوێت ئەمانە هان بدەین و گەرمیان بکەین، بەڵام بە هۆی ئەم گەشتەوە لە هەموو شتێک سارد نەبنەوە. لەبەر ئەوەی منیش یەکسەر مۆڵەتم وەرگرت و بەڕێکەوتم بۆ ئێدیرنە.

باشبوو کە ڕۆشتم. ئەوەی لێی دەترسام بەسەرمدا هات. کەسیان لە دڵەوە ئاگایان لە بابەتەکە نەبووبوو. ماوەیەک لە ئێدیرنە و ماوەیەک لە ئەستەمبوڵ مانەوە.

لە ئەستەمبوڵ کاک زوبەیر هەبوو. ئەوان شوێن مانەوەیان لە لایەن خۆیان بۆ دابین کردن. پێم وابێت سێ چوار ڕۆژ لەوێ مانەوە. وە ئەوەش شتێکی زۆر سوودبەخش بوو بۆ ئەوان. بارودۆخی خەلیل مەزیک و مەهمەد بینیجی باش بوو. عەبدوڵا ئایماز لەو ساڵانەدا ڕێکوپێکتر و زیاتر جێی ئومێد بوو. مەهمەد بینیجی کەمێک بە تۆپی پێوە سەرقاڵ بوو. کاک ئیبراهیم و کاک خەلیل لە ڕووی تەمەنەوە بچووکتر بوون. ئەو گەشتە ئەوانی لەسەر بابەتە گرنگەکانمان گەرم تر کردەوە. خۆی لە خۆیدا ئەوان تۆوی ئەو کارە لە ناخیاندا هەبوو.”

یادەوەرییەکانی ئیزمیر

مەحمود ساریئۆغڵو بەم شێوەیە یادەوەرییەکانی ئەو ڕۆژگارە دەگێڕێتەوە:

“کاتێک خواجە ئەفەندی هات بۆ کەستانەپازاری یەکترمان ناسی. هەر لە سەرەتاوە هەستم بە خۆشەویستییەکی بێپایان کرد بۆ بەڕێزیان. بە پێی ئەوەی لە یادم مابێت یەکەم جار لە دوکانی ئێمە یەکمان ناسی. لە دوای ئەوەشەوە هەوڵم دەدا بە تەنها ئەو بەجێ نەهێڵم.

شەوان دەچووین بۆ صوحبەت و کاتە درەنگەکانی شەو دەگەڕاینەوە. زۆربەی جار صوحبەتەکانمان تا نزیک بەرەبەیانی دەخایاند. لە دوای نوێژی بەیانی نانمان دەخوارد. دواتر ئەو بە مەبەستی وانە وتنەوە دەچووە دەرەوە و ژوورەکە بەسەر مندا بەجێ دەما. کاتژمێر نۆ و نیو بۆ دە دەهاتەوە و منی خەبەر دەکردەوە و منیش دەچووم بۆ سەر کار.

بەردەوام ڕۆژەکانمان بەو شێوەیە تێدەپەڕی. تا کارێکی زۆر پێویست نەهاتایەتە پێش خواجە ئەفەندیم جێنەدەهێشت. کاک ئاتف ئەگەمەن کە خەڵکی سوڵتانهیسار بوو ڕۆڵێکی گەورەی لەوەدا هەبوو. چونکە ئەو کەسەی زۆر بە پێداگرییەوە داوای لە من دەکرد کە بەو شێوەیە هەڵسوکەوت بکەم ئەو بوو.

خواجە ئەفەندی لەو سەردەمەدا بڵاوکراوەکانی لایەنە چەپەکانی زۆر دەخوێندەوە. سەرەتا مێشکم ئەو جۆرە هەڵسوکەوتەی قبوڵ نەدەکرد و بە سەرسامییەوە تەماشام دەکرد و تەنانەت هەندێک جار تووڕەش دەبووم. بەڵام دواتر کاتێک بیری چەپڕەوی بوو بە مۆدە و خەڵکی دەستیان بە پرسیار کرد دەربارەی ئەو بیروبۆچوونە، خواجە ئەفەندی بە شێوەیەکی زۆر باش و پڕاوپڕ وەڵامی پرسیارەکانی دەدایەوە و ئەوکات تێگەیشتم کە بۆچی ئەو بڵاوکراوانەی دەخوێندەوە. شەوێکیان خوێندکارێکی زانکۆ بە ناوی تورگوت هات بۆ لامان و تا نزیکی بەرەبەیان لەگەڵ خواجە ئەفەندی گفتوگۆی دەکرد. ئەو پرسیاری دەکرد و خواجە ئەفەندی وەڵامی دەدایەوە. لە یادمە کە ئەوە شەوە ڕێک نۆزدە جار چام لێنایەوە.”

کاک جاهید ئێردۆغانی ڕەحمەتی بەم شێوەیە ئەو ڕۆژگارەمان بۆ باس دەکات:

“لە شاری چیغلی کارگەیەکی بەرهەمهێنانی خوێم هەبوو. چەند مامۆستایەکی وەک تاهیر بویوککۆروکچو و یاشار توناگور هەبوون کە لەو ڕۆژگارەدا بەناوبانگ بوون، منیش وتارەکانی ئەوانم تۆمار دەکرد و لە ناوچەکانی دەوروبەر لێم دەدایەوە بۆ ئەوەی خەڵکی سوودی لێ وەربگرن و بە گوێرەی خۆم خزمەتێکم پێشکەش دەکرد. بە تایبەت وتارەکانی مامۆستا یاشار توناگور زیاتر جۆش و خرۆشی بە من دەبەخشی. لەبەر ئەوە هەوڵم دەدا وتارەکانی مامۆستا یاشار تا ئەو شوێنەی دەستم پێی دەگات بڵاو بکەمەوە.

ڕۆژێک مامۆستا یاشار گوازرایەوە بۆ ئەنقەرە و لەوێ دامەزرا. بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی ئەو کەسەمان دەکرد کە شوێنی ئەو دەگرێتەوە. بەڵام لەبەر ئەوەی من هەموو وتاربێژەکانی ئەو سەردەمەم دەناسی پێم وانەبوو ئەو کەسەی دێت بتوانێت شوێنی مامۆستا یاشار پڕ بکاتەوە. بەڵام لەو کاتەدا خواجە ئەفەندی هات. ڕۆشتم بۆ ئەوەی گوێی لێ بگرم. تەبعەن بە پێویستم نەزانی ئامێری تۆمارکردنەکەم لەگەڵ خۆمدا ببەم. بەڵام کاتێک ئەو ڕۆژە گوێم لە وتارەکەی خواجە ئەفەندی گرت پەشیمانییەک دایگرتم. لە دڵی خۆمدا دەموت خۆزگە ئەم وتارەم تۆمار بکردایە. وتارەکە کۆتایی هات و منیش کۆتاییم هات. ئەو کاریگەرترین وتار بوو کە لە ژیانمدا گوێم لێ بووبێت. لەو ڕۆژەدا بڕیارمدا هیچ یەکێک لە وتارەکانی ئەم مامۆستا نوێیە لەدەست نەدەم و هەوڵ بدەم هەمووی تۆمار بکەم. سوپاسی پەروەردگارم دەکەم کە منی سەرکەوتوو کرد لەو بڕیارەمدا. من ئەوەم بە یەکەم ئەرکی خۆم دادەنا و بە ویستی پەروەردگار تا ئەمڕۆ هەروا هێناومەوە. بە نیازیشم تا کۆتایی تەمەنم هەر هەمان ئەرکی خۆم بەجێ بگەیەنم. خودا یارمەتیم بدات و سەرکەوتووم بکات.

خواجە ئەفەندی هیچ کات ڕازی نەدەبوو وتارەکانی تۆمار بکەین. هیچ کات ڕازی نەبوو بەڵام ئێمە زۆر پێداگریمان دەکرد. ڕازی نەبوونی ئەومان پشتگوێ دەخست. سەرکەوتوو بووین لەوەی وتار و صوحبەتەکانی ئەو تۆمار بکەین. ئیمام غەزالی وتەیەکی هەیە دەڵێت “هەندێک جار گوێڕایەڵی نەکردنی فەرمان لە ئەدەبەوەیە”. ئێمەش بەو ڕێگەیەدا ڕۆشتین.

لەو بابەتەدا مامۆستا یاشار زۆر لێبوردە و بەخشندە بوو. تەنانەت ڕۆژێکیان پێم وت “مامۆستا، من تا ئەو کاتەی کاسێتەکە هەڵدەگێڕمەوە دەست بە تۆمار دەکەمەوە هەندێک کاتی پێدەچێت و لەو ماوەیەدا ناتوانم ئەو قسانە تۆمار بکەم کە دەیکەیت. لەو کاتەی شریتەکە کۆتایی دێت، ئەگەر من ئاماژەیەکت بۆ بکەم دەتوانی بۆ ماوەی بوەستیت تا کاسێتەکە دەگۆڕم؟” و ئەویش لە وەڵامدا وتی “بەڵی دەوەستم، هەرکات کارەکەت تەواو بوو هەواڵم پێ بدە”. ئەو وەڵامەی زۆر دڵی خۆش کردم. بەڵام هیچ کات بوێری ئەوەم نەبوو داوایەکی لەو شێوەیە لە خواجە ئەفەندی بکەم. لەبەر ئەو هۆکارەش بەردەوام لەو کاتانەی کاسێتەکەم دەگۆڕی هەندێک لە ڕستەکانیم لەدەست دەچوو.

کاک ئەحمەد فەیزی ڕەحمەتی زۆر حەزی لە وتار نەبوو. بە هیچ شێوەیەک نەمتوانی نە وتارەکانی مامۆستا یاشار و نە وتارەکانی مامۆستا تاهیری پێ گوێ لێ بگرم. خۆی لە خۆیدا ئەو کەسێکی زانا بوو. پێم وابێت هەفتەی سێیەمی خواجە ئەفەندی بوو لە شاری ئیزمیر. من بەڕێوە بووم دەچووم بۆ وتارەکەی خواجە ئەفەندی کاتێک لە ڕێگە کاک ئەحمەد فەیزیم بینی. لێی پرسیم بۆ کوێ دەچی و منیش پێم وت دەچم بۆ گوێ گرتن لە وتار. پێم وت ‘با پێکەوە بڕۆین’، بەڵام قبوڵی نەکرد. پێداگریم کرد. منی زۆر دڵخۆش کرد، بە هۆی ئەوەی زۆر پێداگریم کرد داواکەی پەسەند کردم و لەگەڵمدا هات. وتاری هەینی کۆتایی هات و نوێژی هەینی بەجێگەیەندرا و خەریک بوو مزگەوت جۆڵ دەبوو. منیش کەلوپەلەکانم کۆدەکردەوە. تەماشام کرد خواجە ئەفەندی دانیشتووە، کاک ئەحمەد فەیزیش چەند ڕیزێک لە دوای ئەوەوە دانیشتبوو. کاتێک خواجە ئەفەندی هەستایە سەرپێ یەکسەر کاک ئەحمەدیش هەستا و ڕۆشت بۆ لای و تەوقەی لەگەڵدا کرد. نازانم لە ناو خۆیاندا باسی چییان کرد؛ بەڵام تاکە شتێک کە بیزانم ئەوەیە کە کاک ئەحمەد فەیزی بەو هاتنەی بۆ ئەو وتارە زۆر خۆشحاڵ بوو. چونکە کەمێک دواتر هات بۆ لام و وتی “تۆ لەسەر حەق بوویت ئەمەیان لەوانی دیکە ناچێت”. پێش ئەوەی بچین بۆ مزگەوت من ئەو ڕستەیەم پێووتبوو، بەڵام دوای وتارەکە ئەویش هاتبووە سەر ئەو قەناعەتە.”

خەلیل مەزیم بەم شێوەیە باس لە یادەوەرییەکانی ئەو سەردەمە دەکات:

من لە ساڵی ١٩٦٥دا هاتم بۆ کەستانەپازاری. لە بەهاری ساڵی ١٩٦٦دا خواجە ئەفەندیش هات. هەموو تەلەبەکان بە ترس و گومانەوە تەماشای خواجە ئەفەندییان دەکرد، لەبەر ئەوەی زۆر گەنج بوو. بەڵام سەرەڕای ئەوەی گەنج بوو هەیبەت و ویقاری مامۆستایەکی ٦٠ بۆ ٧٠ ساڵانی هەبوو. ڕێزی خۆی ڕادەگرت و خەڵکیش ڕێزیان لێ دەگرت.

مامۆستا ئیبراهیم کڵچ ئیمامی ئەوکاتی مزگەوتی کەستانەپازاری بە منی وت ‘من لەم مامۆستا نوێیەدا هەست بە شتێک دەکەم، نامەیەکیشم بەدەست گەیشتووە کە باس لەو دەکات’. مامۆستا یاشار توناگور ئەو نامەیەی بۆ مامۆستا ئیبراهیم کڵچ ناردبوو. لە نامەکەدا نووسیبووی ‘مامۆستایەکی واتان بۆ دەنێرم کە سەرتان بسوڕمێ، ئەو پیاوە سەحابەی ئەم سەردەمەیە’. مامۆستا ئیبراهیم هەم بە هۆی نووسینەکانی ناو ئەو نامەیەوە و هەم بە هۆی ئەو زانیارییانەی دەربارەی تەقوای خواجە ئەفەندی بەدەستیهێنابوو، هەستی بە گەوهەرە کردبوو کە لە ناخی خواجە ئەفەندیدا هەبوو، بۆیە هێدی هێدی ئامۆژگاری ئێمەی دەکرد بۆ ئەوەی لە خواجە ئەفەندیمان نزیک بکاتەوە. بە دڵنیاییەوە بە هۆی ئەوەی ئێمە هێشتا منداڵ بووین زۆر درکمان بە گرنگی بابەتەکە نەدەکرد.

ئێمە زۆر گوێمان پێ نەدا، بەڵام دوای ماوەیەک کاتێک خواجە ئەفەندی دەستی کرد بە وتنەوەی وانەی تهزیب الأخلاق بە ئێمە، زۆر لە لامان خۆشەویست بوو و دواتر زۆر گرنگیمان پێدەدا. خواجە ئەفەندی باسی چەندین بابەتی جۆراوجۆری بۆ دەکردین. کاتێکیش باسی ئەو بابەتانەی بۆ دەکردین بە زۆری نمونەی لە ژیانی هاوەڵە بەڕێزەکانی سەروەرمان (دروودی خوای لەسەر بێت) باس دەکرد. کاتێک باسی ئەوانی دەکرد بە جۆرێک دەگریا کە خەریک بوو لە هۆش خۆی دەچێ. تەلەبەکانیش دەستیان بە گریان دەکرد. لە ماوەیەکی کەمدا خواجە ئەفەندی توانی هەم لە لای تەلەبەکان و هەم لە لای نوێژخوێنانی ناوچەکە خۆی قبوڵ بکات. تەنانەت مامۆستاکانی پێش خۆی کە لە تەمەندا زۆر لەو گەورەتر بوون و ماوەیەکی زۆر پێش ئەو هاتبوونە کەستانەپازاری ڕێزێکی تایبەتیان لەو دەگرت.

مەهمەت بینیجی بەم شێوەیە یادەوەرییەکانی ئەو سەردەمە دەگێڕێتەوە:

لە ساڵی خوێندنی ١٩٦١ بۆ ١٩٦٢ ڕۆشتم بۆ کەستانەپازاری. کاتێک خواجە ئەفەندی هات خوێندنی ناوەندیم تەواو کردبوو. دوای ئەوەی خواجە ئەفەندی هات کەشی کەستانەپازاری کەمێک گۆڕانی بەسەردا هات. پێشتر وامان دەزانی تەنها وەک مامۆستایەکی ئایینی پێدەگەیەندرێین. زۆر بە قووڵی هەستی ئیسلامی کاری پێنەدەکرا. بەڵام کاتێک خواجە ئەفەندی هات بارودۆخەکە گۆڕانی بەسەردا هات. هەم خەڵکەکە و هەم تەلەبەکان گرنگیدانیان بە یەکدی زیادی کرد.

برایەتی بنیاد نرا. ڕەنگە خواجە ئەفەندی وەک مامۆستاکانی تر زۆر فشاری لەسەر درووست نەکردبین بەڵام دەسەڵاتی لە هەموویان زیاتر بوو لەسەرمان. دەسەڵاتەکەی پشتی بە خۆشەویستی دەبەست. خواجە ئەفەندیمان زۆر خۆشدەویست. جیاوازی تەمەنمان لەگەڵ خواجە ئەفەندی وەک مامۆستاکانی دیکەمان زۆر نەبوو. لەبەر ئەوە لەگەڵ خواجە ئەفەندی وەک برا وابووین و بە برا گەورەی خۆمان داماننابوو. بە ڕاستی خواجە ئەفەندی زۆر خۆشدەویسترا لە لایەن خەڵکییەوە. ماوە ماوە لەگەڵ ئێمە کۆدەبووەوە و صوحبەتی بۆ دەکردین و پێکەوە دەچووین بۆ صوحبەتەکانی دیکەی ناو شاری ئیزمیر.

من نوێنەری تەلەبەکان بووم، لەبەر ئەوە پەیوەندییەکانم لەگەڵ خواجە ئەفەندیدا توندوتۆڵتر بوو. خواجە ئەفەندیش ئەو گروپە هاوڕێیەی ئێمە زیاتر خۆشدەویست. کەسانی زیاتر خاوەن ئیمان و ئەهلی تەسەوف لە نێو ئێمەدا هەبوو. ئێمە کەمێک زیاتر کۆمەڵایەتی بووین. دووگۆڵیمان دەکرد و هەڵدەهاتین و دەچووین بۆ سینەما. بەشداریمان لە هەموو چالاکییەکانی دیکەشدا دەکرد. لە وانەکانیشماندا زۆر باش بووین. لەبەر ئەوە خواجە ئەفەندی ئەو گروپەی ئێمەی زۆر خۆشدەویست.

خواجە ئەفەندی هیچ کات لەو خواردنانەی نەدەخوارد کە بۆ تەلەبەکان ئامادە دەکران. ئەگەر هەر ناچاربوایە بیخوا پارەی ئەو ژەمە خواردنەی دادەنا. زۆربەی جار لە دەرەوە خواردنی دەهێنا و هەر ئەوەی دەخوارد.

خواجە ئەفەندی لەو سەردەمەدا با بڵێین نزیکەی ١٠٠ هەزار لیرەی وەردەگرت، لەو پارەیە ٣٠ بۆ ٤٠ هەزار لیرەی هەڵدەگرت و بەو پارەیەی کە دەمایەوە دەیدا بە من بۆ ئەوەی بەسەر ئەو هاوڕێیانەدا دابەشی بکەم کە پێویستیان پێی بوو. ئەو کارە بە درێژایی ئەو سێ ساڵە بەردەوام بوو کە من نوێنەرانی تەلەبەکانی دیکەی گرووپەکەمان بووم.

حەبیب گۆرون بەم شێوەیە باس لەو سەردەمە دەکات:

کاتێک لە ساڵی ١٩٦٦ بە مەبەستی بوون بە مامۆستای وتنەوەی قورئانی پیرۆز سەردانی کەستانەپازاریم کرد، مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن وەک بەڕێوەبەری بەشە ناوخۆیی کەستانەپازاری ئەرکی خۆی جێبەجێ دەکرد. وە هەروەها ئەرکی ئەو وتاربێژی بوو. وانەی بە خوێندکارەکان دەوتەوە و لە نزیکەوە لەگەڵ ئێمەش پەیوەندی هەبوو. یەکترمان دەبینی و گفتوگۆمان دەکرد.

کاتێک لە ساڵی ١٩٦٨ خواجە ئەفەندی بە مەبەستی بەجێهێنانی فەریزەی حەج بەڕێکەوت، عەلی ڕەزا گوڤەن کە سەرۆکی ڕێکخراوەکەمان بوو، داوای لە من کرد تا ئەو کاتەی خواجە ئەفەندی لە حەج دەگەڕێتەوە من لە ژوورەکەی ئەودا بمێنمەوە و ئاگام لە تەلەبەکانیش بێت. منیش ئەوەم پەسەند کرد. ئەو شەوە بڕیارم دابوو لە ژوورەکەی خواجە ئەفەندیدا بمێنمەوە. بەڵام کاتێک چوومە ژوورەوە بینیم جگە لە پێخەفێکی هیچ شتێکی دیکەی تێدا نییە. پاڵکەوتم بەڵام بە هۆی سەرماوە خەوم لێنەکەوت. دۆشەکێک ڕاخرابوو، سەرینێکیش لە ژێر سەرمدا بوو، تەنها یەک بەتانیشم پێوە بوو. تا نزیکی بەرەبەیان بە دەم سەرماوە هەر بیرم لەو دەکردەوە کە ئەم پیاوە چۆن سەرمای نابێت، چۆن خەوی لێدەکەوێت، چۆن ئەم ماوە زۆرە توانیویەتی لێرەدا بمێنێتەوە؟ لە ناخی دڵمەوە ستایشی ئەوم کرد بە هۆی ئەو هەوڵ و ماندوو بوونەوە زۆرەیەوە و هەر لەو کاتەدا بڕوای تەواوم بەوە هەبوو کە ئەو دەتوانێت خزمەتێکی گەورە بەجێبگەیەنێت. هەر ئەوکات تێگەیشتم کە ئەو کۆمەڵێک کاری زۆر گەورە ئەنجام دەدات. ئەو نیعمەتێکی خودای پەروەردگارە و خودا ئەو نیعمەتە بە هەموو کەسێک نابەخشێت.

کاتێک ڕۆژ بووەوە چەند تەلەبەیەکی نزیکی ئەوم بانگ کرد و ژوورەکەم پیشاندان و وتم “تەماشا بکەن لەم ژوورەی خواجە ئەفەندی تێیدا دەمێنێتەوە جگە لە پێخەفێک هیچ شتێکی دیکەی تێدا نییە”. ئەو تەلەبانە زۆر دڵسۆزی خواجە ئەفەندی بوون و لە بەرامبەر ئەو دۆخەدا سەریان سوڕما. من لە مانەوە لەو ژوورەدا بەردەوام بووم، بەڵام بەتانیم هێنا و بەو شێوەیە مامەوە.

خواجە ئەفەندی چاوەڕوانی هیچ پاداشتێکی زیادەی نەدەکرد لە بەرامبەر ئەو خزمەتەی کە دەیکرد. ئەوەندەی من بزانم بەشێکی زۆری مووچەکەشی جیادەکردەوە بۆ ئەو تەلەبانەی پێویستییان پێی بوو. ڕۆژێکیان تەلەبەیەک بە هۆی ئەوەی پێڵاوەکەی کون بوو قاچەی تەڕ ببوو. خواجە ئەفەندیش لەبەر ئەوەی هێندە پارەی نەبوو کە پێڵاوێکی نوێی بۆ بكڕێت دەگریا. منیش کە ئەوەم بینی زۆر دڵم پڕ بوو.

خواجە ئەفەندی وەک ئەوەی خۆی لەو خواردنەی نەدەخوارد کە بۆ تەلەبەکان دەهات، بە هەمان شێوە دەیویست مامۆستاکانی دیکەش لەو خواردنە نەخۆن. ڕۆژێک منی بانگ کرد و وتی ‘من دەمەوێت ببمە نمونەیە بۆ مامۆستا هاوڕێیانەی دیکەمان، ئێوەش پشتیوانیم لێ بکەن’. بەڵام نەدەکرا ئەو کارە جێبەجێ بکرێت. ئەو پارەیەی وەرم دەگرت بەشێکی زۆری بۆ کرێی خانوو دەڕۆشت لەبەر ئەوە نەمدەتوانی لە دەرەوە نان بخۆم.

لەگەڵ خواجە ئەفەندی لە ساڵی ١٩٦٦ وە تا ساڵی ١٩٧٠ پێکەوە بووین. هەموو هەڵسوکەوتێکی ئەو کاریگەری لەسەر من درووست دەکرد. خودای گەورە بەجێگەیاندنی خزمەتێکی گەورەی بە نسیبی ئەو کردبوو. ئێمە نەمانتوانی وەک ئەو ئەو خزمەتەی دەبوو بمانکردایە بیکەین. لە سەردەمی دواتردا خواجە ئەفەندی چەندین خزمەتی زۆر گەورەتری بەجێگەیاند. خودا لە ئەو ڕازی بێت. خودای گەورە هەموو ئەو خێر و چاکانە قبوڵ بکات کە ئەو ئەنجامی داون.

161 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە