بیروڕاجیهانی

ئاشنابوونی مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن بە پەیامەکانی نوور

بەخامەی: تاریق بوراک

 

مامۆستا فەتحوڵڵا گولەن (خواجە ئەفەندی) لەو سەردەمەی لە شاری ئەرزڕوم دەیخوێند، هەندێک شتی نەرێنی لە ئیمامی مزگەوتی مورات پاشا بیستبوو دەربارەی مەهمەت شەرگیلی خەیات کە حەزی بە هەڵسوکەوتەکانی دەکرد و ناوبەناو سەردانی دەکرد. ئیمامەکە پێی وتبوو:

  • ئەمانە جەماعەتی نوورن، ئەمانە قورئان ناخوێننەوە. لە بری ئەوە بەرهەمەکانی سەعیدی کوردی دەخوێننەوە.

خواجە ئەفەندی بەو وتانە زۆر ناڕەحەت ببوو. لە مێشکی خۆیدا وای دانبوو ڕۆژێک لە شوێنێکدا مەهمەت شەرگیل ڕابگرێت و لێی بپرسێت “بۆچی ئێوە قورئانی پیرۆز ناخوێنن و هەندێک کتێبی دیکەتان لە جێگەی ئەو داناوە؟” چونکە خواجە ئەفەندی بەردەوام قورئانی پیرۆز و سونەتەکانی سەروەرمانی (دروودی خودای لەسەر بێت) بە بنچینەی هەموو شتەکان دادەنا و بە عەشقێکی بێ کۆتاییەوە بە قورئانی پیرۆزەوە بەسترابووەوە. بە گوێرەی ئەو نەخوێندنەوەی قورئان گەورەترین تاوان بوو. بە هۆی ئەو شتە نەرێنیانەی دەربارەی مەهمەت شەرگیل پێی وترابوو، دەیویست بچێت بۆ لای و لەو بارەیەوە پرسیاری لێ بکات. لە لایەکی دیکەشەوە مەهمەت شەرگیل ئەوی زۆر خۆشدەویست و شەو و ڕۆژ لە خودای گەورە دەپاڕایەوە و دەیوت: “ئەی پەروەردگار، ناسینی پەیامەکانی نوور بکە بە نسیبی ئەو گەنجە!”

چوونە دەرەوەی خواجە ئەفەندی بۆ دەرەوەی ئەرزڕوم لە مانگی ڕەمەزاندا بە مەبەستی وتار پیشکەشکردن، بووە هۆکاری بەرەو پێشبردنی ئەو بە ئاراستەیەکی ئەرێنییانە. ئەو کاتەی خواجە ئەفەندی لە ئارتۆڤا بوو، لە حەوشەی مزگەوت صوحبەتیان دەکرد. کاتێک بابەتی داهاتووی تورکیا کرایەوە، کەسێک کە شەپقەیەکی لەسەردا بوو، وتی:

  • تورکیا لە بارودۆخێکدایە کە دەکرێت ببێتە دەرکردەی وڵاتانی ناوچەکە. گەنجەکان لە چواردەوری سەعید نورسی کۆبوونەتەوە. شانسی خراپی موسوڵمانان دەگۆڕێت! ئەوەی ئێمە بە دوایدا دەگەڕاین لەودا هەیە.

خواجە ئەفەندی لە بەرامبەر ئەو وتانەدا سەری سوڕمابوو. ئەو پیاوە شەپقە بەسەر تەواو پێچەوانەی هەموو ئەو شتانەی دەوت کە هەتا ئەمڕۆ دەربارەی سەعید نورسی بیستبووی. لە مێشکی خۆیدا بە خۆی وت: ‘کەواتە ئەم پیاوەی لەبەرچاوی من بە خراپە باسکراوە زاتێکی گەورەیە کە خزمەتی بە ئایینی ئیسلام کردووە، کەواتە شتی هەڵەیان بە من وتووە’.

  • ئەو کەسە شەپقە بەسەرە تەماشای کەسانی چواردەوری خۆی کرد و وتی: ئایا کتێبەکانی سەعید نورسیتان خوێندووەتەوە؟
  • ئەوانیش لە وەڵامدا وتیان نەخێر.
  • دووبارە لێی پرسین: ئەگەر من کتێبەکانی ئەوتان بۆ بهێنم دەیخوێننەوە؟
  • ئەو کەسانەی لەوێ بوون وتیان بەڵێ دەیخوێنینەوە.

خواجە ئەفەندی کە هەتا ئەو ساتە بە شێوەیەکی نەرێنییانە دەربارەی مەهمەت شەرگیل بیری دەکردەوە، ڕاستەوخۆ نامەیەکی بۆ نووسی و داوای لێکرد کتێبەکانی مامۆستا سەعیدی نورسی بۆ بنێرێت. مەهمەت شەرگیل کۆمەڵێک کتێبی زۆری بۆ نارد. خواجە ئەفەندی ڕاستەخۆ ئەو کتێبانەی دابەش نەکرد کە پێی گەیشتبوو. پێی وابوو کارێکی ڕاست نابێت ئەگەر ئەو کتێبانە بەسەر خەڵکیدا دابەش بکات لە کاتێکدا خۆی هیچ یەکێک لەوانەی نەخوێندووەتەوە و نازانێت چ جۆر فیکرێکی لەخۆگرتووە. ڕاستەوخۆ یەک دوو کتێبی خوێندەوە. پەیامەکان کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر درووست دەکرد. بە دڵنیاییەوە دەبوو ئەو کتێبانە بخوێنێتەوە و هانی کەسانی دیکەش بدات بۆ ئەوەی بیخوێننەوە.

خواجە ئەفەندی یەکەم جار بەو شێوەیە ئاشنایەتی لەگەڵ بەرهەمەکانی مامۆستا سەعدی نورسی (بەدیعوزەمان) پەیداکرد. کە گەڕایەوە بۆ ئەرزڕوم ڕاستەوخۆ کتێبەکانی بەدیعوزەمانی بە باوکیشی ناساند. سەرەتا خواجە ئەفەندی پەیامی عەسای موسایدا بە باوکی بۆ ئەوەی بیخوێنێتەوە، و بەم شێوەیە هەڵسەنگاندنی باوکی بۆ ئەو بەرهەمە دەگێڕێتەوە:

“لە بابەتی حەقیقەتەکانی ئیمان و قورئان من شەرەفی ئەوەم پێبڕا نیو هەنگاو پێش باوکم ئەو ڕاستییانە بناسم. بەڵام جگە لەوەی ئەو نیو هەنگاوەی بڕی، پێنج هەنگاوی دیکەش پێشکەوت. ئەو یادەوەرییەکی زۆر بەهێزی هەبوو. دواتر کاتێک دوای چەند ڕۆژێک چاومان بە یەک کەوت ‘پەیامی ئیقتصاد’ ی لەبەر دەخوێندەوە. لەو ساڵانەدا لە ناو پەیامی عەسای موسادا پەیامی ئیقتیصاد هەبوو. دواتر ڕێک ئەم شتانەی بە من وت:

‘ئای خاکمان بەسەر! ئێمە هەتا ئێستا دەمانوت ئەم ڕێگایە و ئەو ڕێگایە، بەڵام بێ هودە سوڕاوینەتەوە، تومەز ئەمە ڕێگەکە بووە’. بەو قسەیەی هەم گەورەیی پەیامەکانی دەرخست و هەم تەلەبایەتی بۆ پەیامەکانی نوور قبوڵ کرد کە لە ڕێگەی منداڵەکەیەوە ناسیبووی کە لە پێگەی تەلەبەی خۆیدا بووە. ئەو قبوڵ کردنە ڕووداوێکی زۆر قورس بوو. بەڵێ، لەبەر ئەوە بەردەوام بە ستایشەوە یادی باوکم دەکەمەوە.”

ئەو وتانەی ڕامیز ئەفەندی مزگێنیدەرێکی گەورە بوو دەربارەی ژیانی داهاتووی خواجە ئەفەندی. خواجە ئەفەندی پێهاتەیەکی تۆکمەی پێکهێنا لە تێکەڵکردنی ئەو هەڵوێستەی هاوەڵە بەڕێزەکانی پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) لەگەڵ ئەو بیروبۆچوونانەی لە پەیامەکانی نوورەوە وەری گرتبوو. ئەو بیروبۆچوونە نوێیانە ڕەهەندێکی نوێ و ڕەنگێکی نوێی بەخشی بە وتارەکانی دواتری.

 

جیابوونەوەی ڕامیز ئەفەندی لە گوندی ئاڵڤار

لە دوای کۆچی دوایی ئیمامی ئاڵڤارەوە لە گوندەکە چەند کێشە و لێکتێنەگەیشتنێک دەربارەی بابەتی ئیمامەتی هاتە ئاراوە. مامۆستا ڕامیز قبوڵ نەکردنی خۆی پێ هەزم نەکرا و بەو هۆیەوە بڕیاریدا گوندەکە بەجێ بهێڵێت و بەرەو گوندی ئۆرتوزو بڕوات. خواجە ئەفەندی بەم شێوەیە ئەو ڕووداوە دەگێڕێتەوە:

“جیابوونەوەی باوکم لە ئاڵڤار کە بە لەبەر خاتری ئیمامی ئاڵڤار بێدەنگییان هەڵبژاردبوو، شتێکی زۆر قورس بوو لەسەر دەروونی من. باوکم تازە ببووە ئیمام. دووبارە گەڕانەوەی بۆ گوندەکە و سەرقاڵبوونی بە ڕەنجبەرییەوە شتێکی شیاو نەبوو. بە ناچاری ڕوشتە گوندێکی بچووک بە ناوی ئۆرتوزو و لەوێ بووە ئیمام. دواتریش لە ئەرزڕوم نیشتەجێ بوو. نەمدەتوانی ئەو تاقیکردنەوە و غەریبایەتی و قبوڵ نەکردنەوەی باوکم لە دڵم دەربکەم. ئەو لە کاتێکدا بوو کە باوکم هەموو خەڵکی ئاڵڤاری خۆشدەویست. حەمید ئاغا هاوەڵزاوای سەیفەدین ئەفەندی یەکێک بوو لە دەوڵەمەندە دیارەکانی گوندەکە. تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی قوڕگ بووبوو، و قوڕگی کون بووبوو. بۆرییەکی لە زیو درووستکراو لە قوڕگیدا هەبوو، هەتا دەستی لەسەر ئەوە دانەنایە نەیدەتوانی قسە بکات. مرۆڤێکی زۆر پێگەیشتوو و تێگەیشتوو بوو. لەو کاتەی ڕۆژێک ئیمامێک دەبینێت بە ناو گوندەکەدا دەڕوات و کۆچ دەکات، هەر لە خۆیەوە دەست دەکات بە گریان. باوکیشم پێی وت ‘کاکە بۆچی دەگری؟’ ئەویش لە وەڵامدا وتی ‘ڕامیز ئەفەندی، دیمەنێکی وام هاتە پێشچاو کە ڕۆژێک لە ڕۆژان تۆش ڕووبەرووی شتێکی لەو شێوەیە دەبیتەوە’. باوکم هەموو جارێکی بە هەستێکی بەرزەوە یادی ئەو مرۆڤە ئەهلی کەرامەتەی دەکردەوە. باوکم لەگەڵ هەموو خەڵکی گوندەکەدا پەیوەندی پچڕاندبوو. هیچ شتێکی ئەوتۆشمان لەبەردەستدا نەمابوو. لە نێو ئەو هەموو منداڵەدا تەنها دەیتوانی پارەی نانێک بدات بە من، و منیش ئەوەی وەک خەرجی بەکاردەهێنا. ڕۆژگارێکی پڕ لە کێشە و ناڕەحەتیمان بەسەر برد.”

 

ئاشنابوونی خواجە ئەفەندی بە پەیامەکانی نوور

خواجە ئەفەندی لەو ساڵانەدا کە لە ئەرزڕوم دەیخوێند بەشداری لە صوحبەتێکی موزەفەر ئارسلاندا کرد کە لە لای مامۆستا سەعیدی نورسییەوە هاتبوو، و لە نزیکەوە پەیامەکانی نووری ناسی. موزەفەر ئارسلان یەکێک بوو لە تەلەبەکانی مامۆستا سەعید و لە ژیانێکی صەحابە ئاسادا دەژیا، سادەیی و دڵسۆزی و ڕاستگۆیی لە ژیانیدا ڕەنگی دابووەوە. پاشان لە ڕۆژانی دواتریشدا بە تامەزرۆییەکەی زۆرەوە لە بەشداریکردن لەو صوحبەتانەدا بەردەوامبوو.

“مامۆستایەک کە پێیان دەوت کرکنجی هۆجا بە من و سەلاحەدین و حاتەمی وت ‘کەسێک لە لای مامۆستا سەعیدی نورسییەوە هاتووە بۆ ئێرە، ئێوارە صوحبەتێک دەکات، با بڕۆین بۆ ئەوێ’. ئێمە یەکسەر داواکەیمان پەسەندکرد. چونکە ئەوە یەکەم جار کەسێک کە لە مامۆستا سەعید مابێتەوە بێتە ئەو شوێنە و بیبینین. ئەوە ڕووداوێک زۆر گەورە و سەرنجڕاکێش بوو بۆ ئێمە.

چووینە دوکانی خەیاتییەکەی مەهمەت شەرگیل. ئەو شوێنە لە جێگەی دوو بەڕەی ڕاخستن کەمێک گەورەتر بوو. هەندێک لەو کەسانەی شەوی یەکەم یاخود شەوی دووەم لەوێ مانەوە و ناوەکانیانم لە خەیاڵدا ماوە بریتییە لە مەهمەت شەڤکەت ئەیگی، ئەسات کەشافئۆغڵو و عوسمان دەمیرجی. سەڤکەت ئەیگی لە کەرتی سەربازیدا خزمەتی دەکرد. ئەسات کەشافئۆغڵوش لە کەرتی سەربازیدا بوو بەڵام پلەی بەرزتر بوو. بەدیعوزەمان بە موزەفەر ئارسلانی وتبوو ‘بڕۆ سەردانێکی ناوچەکانی ناوەڕاست بکە و وەرەوە’. ئەویش هاتبوو بۆ ئەوەی شارەکانی سیڤاس و ئەرزینجان و ئەرزڕوم بگەڕێت. هەتا ١٥ ڕۆژ لە ئەرزڕوم مایەوە. شەوی یەکەم هەجەماتی سیتە’ی بۆ خوێندینەوە. ڕۆژی دواتر تیشکی پێنجەمی بۆ خوێندینەوە. هەندێک لەو فەقێیانەی لەگەڵ ئێمە هاتبوونە ئەوێ، ناڕەزاییان بەرامبەر بەو لێکدانەوانەی ئەوێ دەربڕی و جارێکی دیکە نەهاتنەوە. بەڵام ئەو شتانەی باس دەکرا منی زۆر سەرسام کردبوو. بە تایبەت ئەو ژیانە سادەیی و ڕاستگۆیی و دڵسۆزییە صەحابە ئاسایەی موزەفەر ئارسلان زۆر کاریگەری لەسەر من درووست کردبوو. من هەر خۆم مرۆڤێکی شەیدای هاوەڵان بووم. کاتێک ئەوم بینی یەکسەر وتم ئەو مرۆڤانەم دۆزییەوە کە بو شوێنیاندا دەگەڕام و جارێکی دیکە بیرم لە جیابوونەوە نەکردەوە.

پانتۆڵەکەی موزەفەر ئارسلان هەردوو سەر ئەژنۆکەی پینەکراو بوو. چاکەتەکەشی هەر بەو شێوەیە بوو. بە دڵنیاییەوە ئەو سادەییەی ئەو دەبوونە ئیلهامی کۆمەڵێک هەستی زۆر جیاوازتر. جگە لەو لە پەرستشەکاندا زۆر قوڵ دەبووەوە. بەجێگەیاندنی نوێژەکانی و پاڕانەوەکانی لە لای من تەواو بە شتێکی جیاواز دەردەکەوت. لە نێو ئەو کەسانەی هاتوچۆی وانەکانیان دەکرد دوکاندارێک هەبوو بە ناوی زەکی ئەفەندی. زۆر حەزم بە پاڕانەوەکانی ئەویش دەکرد. زۆر تامەزرۆبووم بۆ ئەو پاڕانەوانەی ئەو کە لە ناخەوە بوو.

چەندین کەسی وەک مامۆستا عوسمان و سادی ئەفەندی زۆر هەوڵیاندا بۆ ئەوەی من پاشگەز بکەنەوە. بە تایبەت مامۆستا عوسمان چونکە یەکێکبووم لە خوێندکارە زیرەکەکانی ئەو و زۆر پشتم بە زانیارییەکانی ئەو دەبەست. بەڵام ئەو قسانەی لە دژی پەیامەکانی نوور دەیانکرد هیچ کاریگەرییەکی لەسەر من درووست نەکردبوو. بە درێژایی ئەو ماوەیەی موزەفەر ئارسلان لەوێ بوو، هەموو ڕۆژێک سەردانم دەکرد. پێشتریش بۆ پێشوازی لێکردنی ٥ کەس چووبووینە وێستگەی شەمەندەفەر. مەهمەت شەرگیل، زەکی ئەفەندی، کرکنجی هۆجا، حاتەم و من.

نازانم چەندێک کات تێپەڕی؛ بەڵام پێم وایە کاتێک زۆر کەم بوو. لە بەدیعوزەمانەوە نامەیەک بۆ ئەرزڕوم هاتبوو. لە یادم نەماوە نامەکە بۆ کی نووسرابوو؟ بەدیعوزەمان لەو نامەیەدا مەبەستی کێ بووە؟ بەڵام چەند ناوێکی تێدا بوو کە سەلامی بۆ ناردبوون. لە کۆتاییدا سەلامی لە فەتحوڵڵا و حاتەمیش دەکرد. من کاتێک بیستم ناوەکەم یاد کراوە وامزانی پێیەکانم لەسەر زەوی نەماوە، هێندە دڵم خۆشبوو. زۆر کەم جاری تر لە ژیانمدا هەبووە کە بەو شێوەیە دڵم خۆش بووبێت. لە ئێستادا ناشزانم ئەو نامەیە لە لای کێیە و لە کوێیە. بەڵام ئەوە بەس بوو بۆ من. هیچ کاتێک واز لە چوون بۆ صوحبەتەکان نەهێنا.

لە لای ئێمە لە ئەرزڕوم ١٠٠١ خەتم دەخوێندرا. بۆ هەر خەتمێک کە دەکرا نزایەک دەخوێنرا و لە کۆتایشدا بە گشتی نزایەک دەخوێنرا. کاتی خوێندنی نزای گشتی لەو ساڵەدا کەوتە ڕێکەوتی شەوی “لەیلة الرغائب” (شەوی یەکەم هەینی مانگی ڕەجەبە). خۆمان ئامادەکرد و چووینە مزگەوتی لالا پاشا. لەو شەو پیرۆزانەدا دۆزینەوەی شوێن لەناو مزگەوتدا کارێک قورس بو. هەموو کەسێک لەسەر پشتی کەسەکەی بەردەمی سوجدەی دەبرد، هێندە قەرەباڵخ دەبوو ناو مزگەوتەکە. من چوومە ناو (مەغفیلی هومایون) (شوێنێکی تایبەتە لە سەردەمی عوسمانییەکان درووست دەکرا و لە کاتی جەژنەکان و شەوە پیرۆزەکاندا دەکرایەوە). لە دوای نوێژ ئارەزوو و تامەزرۆییەک لە ناخمدا درووستبوو کە باس ناکرێت. بە کوڵ دەپاڕامەوە و دەموت: ‘خودایە! لێت دەپاڕێمەوە منیش بخەیتە ڕیزی ئەو هاوڕێیانەوە. دەمەوێت ببمە یەکێک لەوان. با لەگەڵ ئەو خزمەتەدا ئاوێتە ببم. با مرۆڤێک نەبم لە دەرەوە بم و هاتوچۆیان بکەم. با خۆم بۆ ئەم خزمەتە وەقف بکەم..’

ئەو شەوە هەتا بەیانی پاڕامەوە. لە تەواوی ژیانمدا یان یەک جار یان دوو جاری دیکە توانیومە بەو شێوەیە بە کوڵ بپاڕێمەوە. دەگریام و دەڵاڵامەوە، هەتا بەیانی فرمێسکم ڕشت. ئەو ڕۆژە تەنها ئەم داواکارییەم لە پەروەردگار هەبوو…

پێش نوێژی بەیانی سادق ئەفەندی وتارێکی خوێندەوە. ئەویش وتارێکی زۆر پڕ هەستی خوێندەوە کە زۆربەی جار هەر بەو شێوەیە بوو. کاتێک دەیوت سەروەرمان زمانی بە لێویدا دەهێنا، هێندە شەیدای پێغەمبەربوو (دروودی خوای لەسەر بێت). وتارەکانی ئەو زۆر کاریگەری لەسەر من درووست دەکرد. لە کاتی وتارەکانیدا بەردەوام دەگریام. دیسان زۆر بە کوڵ هەتا ڕادەی لەهۆشخۆچوون هەمان نزام دووبارە کردەوە. لە دوای نزای خەتمەکە لە مزگەوت چوومە دەرەوە. ڕێک لە بەردەم مزگەوتەکەدا مامۆستا حاتەم بە شوێن مندا دەگەڕا. هەر کە منی بینی بە ڕاکردن هات بۆ لام. پێی وتم “ئەمشەو لە خەونمدا بەدیعوزەمانم بینی. پەیامەکەی “ژیانە مێژووییەکە” ی بۆ تۆ ناردبوو. جگە لەوە گۆزەیەک گوێزی بۆ تۆ ناردبوو.”

من هەتا ئێستاش سەرم سوڕماوە کە لەو کاتەدا چۆن توانیم بە پێوە خۆم ڕابگرم. فرمێسکە بە کووڵەکانی ئێوارەم، ئێستا لە خۆشیدا من دەخاتە گریان. هەوڵم دەدا پارێزگاری لە هەستەکانم بکەم. لەو کاتەدا قسەکانی ئیمامی ئاڵڤارم دووبارە کردەوە: ‘ئەم بەندەیە شایستەی ئەو شتە گەورەیە نییە، بۆچی ئەو لوتفە گەورەیە بە من بەخشراوە’. گوێز لەو خەوندا بە گەشتکردن لێکدەدرێتەوە. کاتێک سەلامەکەی دوو سێ مانگ پێشتر و حاڵی ئەم ئێوارەیەم و خونەکەی حاتەم هەموو کۆبووەوە، ئیتر هەستم دەکرد لەگەڵ ئەو هاوڕێیانەدا ئاوێتەی یەکبووین. نازانم ئەوان چۆن قبوڵی دەکەن، بەڵام من هەمیشە خۆم بە یەکێک لە ڕیزی ئەواندا بینیوە.”

مامۆستا حاتەم بەم شێوەیە خەونەکەی دەگێڕێتەوە:

“لەو شەوە پیرۆزەدا دوای ئەوەی بۆ ماوەیەک شەونوێژم کرد هەر لە شوێنی خۆمدا خەوم لێکەوتبوو. گۆزەیەکی پێدام کە ناوەکەی پڕ بوو لە گوێز. پێی وتم ئەمە بدە بە فەتحوڵڵا”

کرکنجی هۆجا کە یەکێکە لە هاوڕێ نزیکەکانی خواجە ئەفەندی، بەم شێوەیە باس لە خواجە ئەفەندی دەکات:

“خواجە ئەفەندی لە تەمەنی لاویدا شەیدای گەڕان بوو بە شوێن زانست و حیکمەتدا. کەسێکی ڕاستگۆ و لەسەرخۆ و بە عیفەت بوو. بە سۆز و میهرەبان بوو. هەر قسەیەکی شاکارێکی پاراو و ڕەوانبێژی بوو. خواجە ئەفەندی هەنگاوێکی لە پێش ئێمەوە هەڵنا. لە ڕێگەی ئەو خزمەتانەی لە دەرەوە کردی شکۆی میلەتەکەمانی لە دەرەوەش بەرز کردەوە. ئەو توانی ببێتە هۆی سەلمێنەری ئەو وتەی بەدیعوزەمان کە دەڵێت ‘بە تەواوی قەناعەتی خۆمەوە دەتوانم بڵێم، لە داهاتوویەکی نزیکدا، ئەم نیشتیمانە، ئەم میللەتە و ئەم حکومەتەی لەم مەملەکەتەدایە، لە بەرامبەر جیهانی ئیسلامی و هەموو دونیادا زۆر بە توندی پێویستی بە بەرهەمەکانی هاوشێوەی پەیامەکانی نوور دەبێت، بە پابەندبوون بەوانەوە دەتوانێت پارێزگاری لە ناوبانگ و شکۆ و مێژووی خۆی بکات’. هیچ کات خۆشی و لەزەتەکانی دونیا نەیانتوانی ئەو لەخشتەبەرن. زۆر تامەزرۆی پەرستشەکان بوو، شوان نوێژی شونوێژی بەجێدەگەیاند و دەچووە سوجدەوە و نزا بۆ ئەم میللەتە دەکرد. دەپاڕایەوە بۆ ئەو گەنجانەی کەوتبوونە ناو گێژاوی گومڕایی و بێئاگاییەوە، و ئایین و بەها بەرزەکانیان لەدەستدابوو، و زۆر بە دڵسۆزی و ڕاستگۆییەوە نزای ڕزگاربوونی بۆ دەکردن. بڵاوکردنەوە و گەیاندنی ئایینی ئیسلامی بە فەرز هەژمار دەکرد و هەوڵی دەدا ئەوە بگەیەنێت. سەرکەوتووش بوو لەو هەوڵەیدا. سەرەڕای هەموو ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەری، ئەو بە ئارامگری و خۆڕاگرییەوە، بە بێ هیچ کاردانەوەیەکی خراپ لەسەر بانگەوازەکەی خۆی بەردەوامە. باوەڕی بەوە هەیە کە ڕۆژێک دادپەروەری بەسەر ستەمکاریدا و حەق بەسەر ناحەقدا سەردەکەوێت. تەنانەت هیچ کاتێک بە چاوێکی دوژمنانە تەماشای ئەو کەسانەی نەکردووە کە لە دژی وەستاونەتەوە. بووەتە هۆی پێگەیاندن سەدان و هەزاران گەنج بە عیرفان و فەزیلەتەوە. ئەو ئەرکە قورسە بووە هۆکاری ئەوەی هەر لە تەمەنی گەنجییەوە تاڵە مووەکانی هەڵبوەرێت.”

 

سەرچاوە: http://www.shaber3.com/hocaefendi-nin-risale-i-nur-lara-vurulmasi-tarik-burak-yazdi-haberi/1322461/

176 جار بینراوە 1 جار ئەمرۆ بینراوە

لێدوانەکان

لێدوان

زیاتر نیشاندە